ئایا ئۆزۆ خاوە؟
نووسینی: جۆناسان ڕۆزەنباوم
وەرگێڕانی: شاهۆ عارف
پێمخۆشە سەرەتا بە نموونەی چەند دیمەنێک لە فیلمی لەدایکبووم، بەڵام… (١٩٣٢) دەست پێبکەم و باسی گرنگیە تایبەتەکەی ئەو فیلمە بکەم بۆ خۆم. لە ماوەی نمایشکردنی فیلمی ماڵدا[1] کە خاڵی جیاکەرەوە و هەڵگەڕانەوەی فیلمی (لەدایکبووم، بەڵام…)ە لە کۆمیدیەوە بۆ تراژیدی، هەروەها بەرلەوەی کە باوکە قەرەقۆزەکە لە بەرامبەر مودیرەکەیدا لە فیلمی ماڵدا دەرکەوێت، دوو کوڕە بچووکەکەی مشتومڕی ئەوەیان بوو کە ئەو کەرە کێویەی لەسەر سکرینەکە دیویانە هێڵە ڕەشەکانی لەسەر سپیەکانیەتی یان سپیەکانی لەسەر ڕەشەکانیەتی؟ ئەم بەزمە وایکرد بۆ ماوەیەک نمایشەکە بوەستێت. بە هەمان شێوەی ئەوە، ساڵانێکە مشتومڕێکی ناڕەوا و بێ سەروبەر و کەمتر بەریئانە دەربارەی ئۆزۆ بەردەوامی هەیە: ئایا ئەو ریالیستە یان فۆرمالیست؟ ئەوەی وادەکات کە ئەم جۆرە مشتومڕە ئیفلیج بێت ئەوەیە کە شکستی هێناوە لە بەهەند وەرگرتنی ئەو ڕاستیەی کە فۆرمە سینەماییەکان و فۆرمە کۆمەڵایەتیەکان لە دونیای ئۆزۆدا بەدیلی یەکترنین، بەڵکو بەپێچەوانەوە دووڕووی یەک دراون، هەر لەبەرئەوەیشە کە قسەکردن لەبارەی یەکێکیانەوە مەحاڵە بەبێ ئەوی دیکەیان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستیە وەکو چەقی ئەرگومێنتەکەم، هیوادارم ئاگادارم کردبێتنەوە کە ئەم وتارەم دەربارەی ئەم بابەتە دەبێت.
لەم ماوەیەدا نانی ئێوارەم لە چێشتخانەیەکی دڵخوازی چینی لە شیکاگۆ خوارد. بەڕێکەوت شاگردی چێشتخانەکە فیلمبینێکی سەرسەخت بوو. کاتێک کە خواردنەکانی بۆ هێنام، باسی حەماسەتی خۆی بۆکردم بۆ تسای مینگ لاینگ، و کاتێک وتم لەم ماوەیەدا لەبارەی یاسوجیرۆ ئۆزۆ وە لە تۆکیۆ قسەدەکەم، پێی وتم (شتێکی ئەوتۆ لەبارەی ئۆزۆوە نازانم، فیلمەکانی زۆر خاون.) ئەم نوسینەی خوارەوە هەوڵێکە بۆ وەڵامدانەوەی سەرنجەکەی.
یەکەم وەڵامی من ئەوەبوو کە ووتم زۆرێک لە فیلمە بێدەنگەکانی ئۆزۆ و بە تایبەت فیلمی لەدایکبووم، بەڵام… کە یەکێکە لە دڵخوازترین فیلمەکانم بەهیچ جۆرێک خاو نییە، و ئەوە نیشانەی لەقاڵبدانە کە کەلتوری فیلمی جیهانی لەمڕۆدا، سینەمای بێدەنگ زۆرجار دەخاتە دەرەوەی بایەخدانەوە. بەڵام دووەم وەڵامی من ئەوە بوو کە پرسیم مەبەستمان چییە کاتێک بە فیلمێک دەڵێیین خاو؟ سیفەتێک کە زۆرجار بێ قەدرییە بەتایبەت کاتێک لە بەرامبەر فیلمەکانی رۆبێرت بریسۆن، کارل درایەر، هو هسیاو هسین، عەباس کیاڕۆستەمی، ئێف.دەبلیو مۆرناو، ئۆزۆ، جاک ریڤێتێ، جەین ماری ستاراوب بەکاربێت، دانێلی هیولێت، ئەندرێ تارکۆڤسکی و جاک تاتیش لەنێو ئەوانەدان. بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە بەتایبەت لە پەیوەندیدا بە کەلتوری یابانیەوە قسە بکەم، پێمخۆشە دوو گریمانە بخمەڕوو.
یەکەم گریمانەیان لە وتارێکی کورت و ئیستیفزازی کارل هینز ستۆکهاوسن ەوە دێت بەناوی “یابانی ڕێوڕەسمەکان” کە تیایدا سەرسوڕمانی خۆی بە فرەیی و هەمەجۆری فۆرمی ڕێوڕەسمە یابانیەکان دەربڕیوە—،شانۆی نوح، ئۆمیزوتۆری (ڤیستیڤاڵی لە ئاوهەڵکێشان)، زۆرانبازی سومۆ، هەروەها ڕێوڕەسمی چا خواردنەوە. ستۆکهاوسن دەربارەی کات لە کلتوری یابانیدا ئەم قسانەی کردبوو:
لە بەهەندوەرگرتنی کاتدا، ئەوروپیەکان بەتەواوی خاکین، ئەمەیش بەو مانایەی کە ئۆزۆ لە ئاستێکی مامناوەندی ئیمکانی خێراییدا جێگیربووە. ئاستێکی کەمتر بە بەراوورد بە کاردانەوەی ئەوپەڕی خێرایی یابانیەک کە ئەشێت لە ساتێکدا هەیبێت. هەروەها کاردانەوەیەکی ئەوپەڕی خاوتری هەیە [لە یابانیەک] لە دۆخەکانی تردا. بەڵام ئەو داماوە ئاستێکی مامناوەندی هەیە بە بەراوورد بە ئەوروپیەکان.
ستۆکهاوسن ئاماژەشی بەوە داوە کە ئەم جیاکەرەوەیە لەبەردەم مەترسی لەناوچوون یاخود لانی کەم سڕینەوەدایە لەلایەن پرۆسەی بە ڕۆژئاواییبوون و بە ئەمریکایبوونی یاباندا. ئەمە بابەتێکی هەستیارە هەر وەک لە ئارگومێنتە قایلکەرەکانی شوجیکۆ هاسومیەوە زانیومانە لە کتێبکەیدا لەسەر ئۆزۆ بەناوی (یاسوجیرۆ ئۆزۆ) کە کارەکانی ئۆزۆ هەتا ڕادەیەک وێنای کاریگەربوونی کلتوری یابانی دەکەن بە ئەمریکا. لەبەرئەوەی هاسومی رەخنەگرێکی یابانیە و گەڕاوە بۆ کاریگەری ئەمریکیەکان منیش رەخنەگرێکی ئەمریکیم دەگەڕێم بۆ ڕەگەزە یابانیەکان، ئێمە شتەکان بە کەمێک بایەخی جیاوازەوە دەبینین. هەرچۆنێک بێت، ئەمەوێت ئەوە پیشانبدەم—و ئەمەیش گریمانەی دووەمە- کە کاردانەوەی خێرا لە لای بینەری یابانی لە مومارەسەی فیلمسازی ئۆزۆدا ئاماژەی بۆکراوە و زۆرجار هاوتای ڕاوەستان بۆ ڕۆیشتنە. یاخود کاردانەوەی خاو کە هاوتای دانیشتندانە.
مەبەستم لەمە چییە؟ رەگەزەکانی فیلمی لەدایکبووم، بەڵام… کە من بە (خێرا) دەیەنناسێنم، واتە کۆی چەند گرتەیەکی وەستاوی لۆکەیشنەکان و خێرایی دیاریکراوی جوڵەکانی کامێرا—ئەکرێت ئاماژەبێت بۆ بینەرێک کە لەباری ڕاوەستاندایە یاخود بۆ بینەرێک کە لەباری ڕۆیشتندایە. کاتێک کامێرا دەجوڵێت و دوای کارەکتەرەکان دەکەوێت کە دەڕۆن، خێرایی کارەکتەرەکان و خێرایی چاوەڕوانکراوی بینەر لە سەیرکردنی ئەو دیمەنەنانەدا بەیەکتر دەگەن. هەروەها ئەو ڕەگەزانەی فیلمەکە کە من بە (خاو) دەیەنناسێنم بەگشتی ئەوکاتانە دەردەدەکەون کە کارەکتەرەکان لەباری دانیشتندان.
ڕوونە کە زۆرێک لە ئێمە کاتێک سەیری فیلم دەکەین کە لەباری دانیشتنداین. بەڵام هەر لەبەرئەوەی کە ئەم شتە ڕوونە مانای ئەوەنییە کە شایەنی ڕەنگدانەوە یاخود بینینەوە نییە—وە بینینەوەی ئەم بارەیش لەسەر سکرین دواجار بەشێوەیەک دەبێت کە زۆرجار ئێمە لەباری دانیشتنداین. لەگەڵ ئەوەیشدا ئیحساسی دەستکردی خێرایی کە خەسڵەتی بەرچاوی سینەمای بازرگانی و سینەمای ئەمریکیە بە تایبەت—خێرایی سەیارەکان و تەقینەوەکان وە ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێن (ئەکشن)، باسی ئەو خێراییەش ناکەین کە زۆرجار لە مۆنتاژی تەلەفیزیۆنیدا دیارە، هەموو ئەمانە پێکەوە وایان کردووە کە ئۆزۆ بە (موحافیزکار) و (کۆنەپارێز) ببینرێت لەبەراوردکردندا—هەوڵی ئەوەدەدەن کە نکوڵی لەو ڕاستیە بکرێت کە تێیدا ئێمە بە کردەیی دانیشتووین و سەیری فیلم ئەکەین، ئەو نەریتە لە سینەما دەرفەتی ئەوەمان لێدەسەنێت کە ئێمە خۆمان ببینینەوە لەسەر سکرین.
کەشفەکەی ئۆز؛ ئەوکاتەی سەیری فیلم دەکەین دانیشتووین، بەبۆچوونی من، ڕوویەکی ڕیشەیی ستایلەکەیەتی. وە ئەو ئاڵۆسکان و ئارێشە و دژواریەی کە دروستبووە یاخود زۆر ڕوونتر ئەو (خاو)یەی کە لە ستایلەکەیدایە لەو فاکتە بنچینەییەوە سەری دەرهێناوە. وەکو یاسایەکیش، کارەکتەرەکانی ئۆزۆ لەباری دانیشتندان کاتێک خواردن دەخۆن یان دەدوێن. لە فیلمی لەدایکبووم، بەڵام…، دوو کوڕە بچووکەکە کە کارەکتەری سەرەکین بەزۆری بەپێوە دەرەکەون، بەڵام لەسەرەتای فیلمەکەدا، کاتێک لەباری دانیشتندان کە خەریکی نانخواردنی بەیانین، کە پێڵاوەکانیان لەپێدەکەن بەرلەوەی ماڵ جێبهێڵن، کە بڕیاردەدەن نەچنەوە بۆ قوتابخانە و خواردنی نیوەڕۆیان لە کێڵگەکەدا بخۆن. هەروەها ئەوان لەباری دانیشتندان کاتێک کە لە پۆلدان لە ڕۆژەکانی دواتردا، کە سەیری فیلمی ماڵ دەکەن لە ماڵی مودیرەکەی باوکیاندا، وە دواتریش کە شەڕ لەگەڵ باوکیاندا دەکەن، کە مان لە خواردن دەگرن. هەموو ئەو ساتانە ئەکرێت بە ساتی بینینەوە یاخود ڕەنگدانەوەی ڕێژەیی پێناسەیان بکەین.
بەڵام ئەمە فیلمێکە کە تێیدا ڕەفتاری کۆمەڵایەتی و دۆخی کۆمەڵایەتی بەلایەنی کەمەوە بە ڕادەی ڕەنگدانەوە گرنگن، وەکێشەی خێرایی بەرچاوە بۆ ئەو سێ بارەی باسمان کرد. لە سەرەتای فیلمەکەدا، کاتێک کوڕەکان بڕیاردەدەن نەچنەوە بۆ قوتابخانە لە ترسی لێدان و دواتر خواردنی نیوەڕۆیان دەخۆن، یەکێک لە براکان بیری ئەوی تریان دەخاتەوە، (ئێمە ئەبوو ئەمڕۆ نمرەی نایاب بهێنین لە داڕشتندا.) هەر کەمێک دوای ئەوە هەردووکیان هەڵدەسنە سەرپێ بۆ ئەوەی خواردنەکەیان بەسەرپێوە تەواوبکەن، ئەم کردارە، کە لە زۆر فیلمی تریشدا هەیە، نیشانی دەدات کە ئامادەبوون بۆ ژیان پێویستی بە گۆڕان و جوڵە هەیە، ئەم دوو کردارەیش عادەتەن لەباری ڕاوەستاندا بە ئەنجامدەگەن.
بۆ ئەوەی ئەم خاڵە زیاتر زەق بکاتەوە، فیلمەکە کەت دەکات بۆ کوڕەکانی تر لە حەوشەی قوتابخانە کە بەپێوە وەستاون و خەریکی (پشوودەن-وریابن)ن، شوێنی ڕێنماییەکانی مامۆستاکەیان دەکەون لەسەر شێوازی سەربازی دەڕۆن. کامێراکە وەستاوە لە کاتی زۆربەی ئەم چالاکیانەدا، بەڵام کاتێک کوڕەکان بە گورجوگۆڵی دەست بە ڕۆیشتن دەکەن و کامێراکە لەڕاستەوە بۆ چەپ جێدەهێڵن، کامێرا دەست بە جوڵە دەکات و بە ئاڕاستەی پێچەوانە لە چەپەوە بۆ ڕاست بەخێرایی دەجوڵێت. پاشان کەتێکی تر دەبینین بۆ دیمەنێکی تر کە جوڵە-تراک-ێکی خێرایی ترە لە چەپەوە بۆ ڕاست، لە ئۆفیسێکدا کە باوکی کوڕەکان کاری لێدەکات. لەو دیمەنەدا کامێرا بەهەمان خێرایی ڕیزی کرێکارەکان تێپەڕدەکات، هەندێکیان دانیشتوون، هەندێکیان بەپێوەن. کرێکارەکان باوێشک دەدەن کاتێک کامێراکە دەگاتە سەریان، تەنیا یەک دانەیان نەبێت، کامێرا بە ئاڕاستەی پێچەوانە بۆی دەگەڕێتەوە و دەوەستێت و چاوەڕێی دەکات ئەویش باوێشک بدات. کاتێک دەیدات، کامێرا هەمان جوڵەی خێرای لە چەپەوە بۆ ڕاست دەست پێدەکاتەوە و کرێکارەکانی تریش تێدەپەڕێنێت کە هەموویان وەکو ڕەمزێک باوێشک دەدەن. ئەمە ئەکرێت چرکەساتێکی مۆدێرنی جیاوازبێت لە سینەمای ئۆزۆدا لەبەرئەوەی تیایدا پێگەی خۆی وەکو دەرهێنەرێک یەکساندەکاتەوە بە هێزی حکومەت—بەتایبەت، لەڕێگەی هێزی قوتابخانە و ئۆفیسەوە کە دوو زۆنی فەرمانڕەوی و دەسەڵاتن لە فیلمەکەدا، جیاواز لە زۆنی نادیاری کێڵگە (کە لەلایەن کوڕەکانەوە بەڕێوەدەبرێت) وە ماڵ (کە لەلایەن باوکەوە بەڕێوەدەبرێت). لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە لە کێڵگەکە و لە ماڵدایە ناکۆکیەکانی فیلمەکە دروستدەبن نەک لە قوتابخانە و ئۆفیسدا کە یاساکانی رەفتارکردن زۆرتر ڕەق و قەتعین. وە لە ڕێگەی دروستکردنی هاوتەریبی لەسەر بنەمای خێرایی و جوڵە لەنێوان قوتابخانە و ئۆفیسدا، وە جەختکردنەوەی کۆمیدیانە لەسەر ئەو شوێنانەی کە تێیدا تاکەکان شکست دێنن لە پەیڕەوکردندا، ئۆزۆ دۆخێکی ترمان پێدەبەخشێت کە تیایدا ناکۆکیەکان سەردەردێنن. سەرەڕای ئەوەیش، لەڕێگەی دروستکردنی هاوتەریبی زەق لەنێوان دەسەڵاتی ئەزموونکراوی کامێراکەی و دەسەڵاتی ئەزموونکراوی قوتابخانە و ئۆفیس، ئۆزو زۆر بەڕوونی جەخت لە پەیوەندی گرنگی فۆرمە سینەماییەکان و فۆرمە کۆمەڵایەتیەکان دەکاتەوە. پەیوەندیەک کە هەڵگری مانایەکی زۆرە بە درێژایی سینەماکەی.
جیاواز لە فیلمی لەدایکبووم، بەڵام…، ئەتوانین فیلمی چیرۆکی تۆکیۆ (١٩٥٣) بە دروستی وەکو فیلمی خاو بناسێنین. نەک لەبەرئەوەی ئۆزۆ ستراکتۆرێکی فۆرمی دەرەکی بەسەر کەرەستەکانیدا دەسەپێنێت بەڵکو لەبەرئەوەی کارەکتەرە سەرەکیەکانی کە جێگەی بایەخی ئەوبوون، پیرێژن و پیرەمێردێک بوون کە جوڵە و هەڵسوکەوتیان خاو بووبووەوە، کە زۆرجار لە باری دانیشتندا دەیان بینین و کەمجار بەپێوەن. تا ڕادەیەکیش جوڵە خێراکانیان لەگەڵ منداڵەکانیاندایە لە تۆکیۆ، ئەو منداڵانەی کە زۆر سەرقاڵن بە ژیانیانەوە و زۆربەی کاتەکانیان بە خۆیانەوە دەبەنە سەر نەک لەگەڵ دایکوباوکیان. بەڵام بەگشتی فیلمەکە زیاتر بۆ خێراکردنی جوڵەی دایکوباوکەکەیە نەوەک جوڵەی نەوەکانیان. لەوە گرنگتر، ڕەگەزێکی فیلمەکە کە پەیوەندی بە خێراییەوە هەیە –شەمەندەفەرەکانە کە دایکوباوکەکە دەگوازێتەوە لە ئۆنامیچیەوە بۆ تۆکیۆ، لە تۆکیۆوە بۆ ئاتامی و پاشان دەگەڕێتەوە، لە تۆکیۆوە بۆ ئۆساکا و پاشان لە ئۆساکەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئۆنامیچی—ئەمانە هیچ کامیان نابینین. ئەو شەمەندەفەرانەی کە لە جوڵەدان زۆرجار واهەستیان پێدەکەین وەکو پێکهاتەیەکی دیمەنی سروشتی بن کە ئەرکیان زیاتر لە نۆتەی میوزیکی دەچێت، بەهەمان شێوە ئەو بەلەمە گەڕۆکانەی کە لەکەناری ئۆنامیچیدا بوون، یان هاتوچۆی پەپولەکان بە گڵۆپەکەوە لە کاتێکدا دایکەکە خەریکە دەمرێت؛ ئەمانە پێکەوە جوڵە و خێرایی بەرجەستەدەکەن زیندووێتی دەدەن بەو تەمی مردنەی کە دەوری داون.
حاڵەتی هەرە جیاواز ئەوەیە کاتێک شەمەنەفەرێک لەباری ڕۆیشتندا نۆریکۆی بووکیانی هەڵگرتووە و لە تۆکیۆوە بەرەو ئۆنامیچی دەگەڕێتەوە نزیک بە کۆتایی فیلمەکە- شەمەنەفەرێک لەڕووی دەرەوە لە دوو گرتەدا دەبینین بەر لەوەی نۆریکۆ ببینین لە گرتەی سێیەمدا کە دانیشتووە و لە سەعاتەکەی خەسوی وردئەبێتەوە کە خەزووری وەکو یادگاریەک پێی بەخشی. کات ڕۆڵێکی گرنگی لە چیرۆکی تۆکیۆدا هەیە. تەنیا بۆمان ڕووناکاتەوە کە بۆچی چرکەی سەعات کۆتا شتە کە ئێمە لە ساوندتراکەکەدا گوێمان لێی دەبێت، بەڵکو پێیشمان دەڵێت بۆچی خێرایی شەمەندەفەر و ئەو سەعاتە دیاریە بۆ ساتێک زەقدەبنەوە بەر لە کۆتایی فیلمەکە. ئەگەر خێرایی لە فیلمی لەدایکبووم، بەڵام… زۆرجار بەسترابێتەوە بە دژواری و بێچاریەوە لەبەرئەوەیە کە دژی خاوبوونەوەیە کە بەستراوەتەوە بە ڕەنگدانەوە و ناسینەوەوە، خێرایی لە چیرۆکی تۆکیۆدا بەستراوەتەوە بە هیواوە لە پەیوەندیدا بە فیگەری نۆریکۆوە. ئەمەیش تەنیا کاتێک کە پێمان وابێت نۆریکۆ نوێنەرایەتی ئەگەرەکانی گۆڕان دەکات لە پەیوەندیدا بە داهاتووەوە.
چیرۆکی تۆکیۆ بە گوێرەی شیکاری چەندێتی دەیڤد بۆردوێڵ، کە لە پەراوێزی کتێبەکەیەوە (ئۆز و سینەمای شیعری) خستوویەتە ڕوو، لەوانەیە خاوترین فیلمی ئۆزۆ نەبێت. ئێمە لە خشتەکەی بۆردوێڵەوە تێگەیشتووین کە ١٣٧١ گرتە لە فیلمی لەدایکبووم، بەڵام…دا هەیە و ٨٧٦ گرتەیش لە چیرۆکی تۆکیۆدا، لەگەڵ ئەوەیشدا فیلمی باوکێک هەبوو کە من کەمتر پێی ئاشنام، یەکێکە لە فیلمە درێژەکانی ئۆزۆ کە کەمترین ژمارەی گرتەی تێدایە؛ ٣٥٣ گرتە. جیا لەوەش، تێکڕای درێژی گرتەیەک لە فیلمی لەدایکبووم، بەڵام… چوار چرکەیە و لە چیرۆکی تۆکیۆدا زیاتر لە ١٠.٢ چرکەیە، لە کاتێکدا تێکڕای درێژی هەر گرتەیەک لە باوکێک هەبوو دا ١٤.٨ چرکەیە. من گومانم هەیە کە دەتوانین هەتا چ ئەندازەیەک گشتاندن بکەین لەڕێگەی ئەم شیکاریە چەندێتیانەوە، لە کاتێکدا کە جیاوازی لەنێوان فیلمی بێدەنگ و دەنگداردا نەکردووە، لە کاتێکدا کە بوونی تایتڵی ناوبەند[2] لە پێکهاتەی گرتەدا دەستکاری هەستەکانمان دەکات. بەڵام ئەکرێت لانی کەم لە هەوڵەکەی بۆردوێڵەوە ئەوەمان چنگ بکەوێت کە چیرۆکی تۆکیۆ فیلمێکی نموونەیی کۆتاییەکانی بیرکردنەوەی ئۆزۆیە بەبێ ئەوەی بە زەروورەت کۆتاسنوری هونەرەکەی بێت.
هەر لە هەمان کاتدا، فیلمی بەیانی باش (١٩٥٩)، یەکێکی ترە لە فیلمە کۆتاییەکانی ئۆزۆ، کە تیایدا دەستکاری ئەو یاسایانە دەکات کە هەتا ئەوکاتە لەبارەی خێراییەوە لە فیلمەکانیدا ئیشی کردووە. ئەم فیلمە ٨١٩ گرتەیە و تێکڕای درێژی هەر گرتەیەک حەوت چرکەیە، وەک دەردەکەوێت خاوترە لە فیلمی لەدایکبووم، بەڵام… و خێراترە لە فیلمی چیرۆکی تۆکیۆ. بەڵام لەڕاستیدا مۆنتاژ و میزانیسینی ئۆزۆ لە فیلمی بەیانی باش دا ناتوانرێت هەمان ئەو ئاستە مامناوەندەی خێرایی بێت کە ستۆکهاوسن وەسفیکردووە. ئاستێک کە ئەو پێیوایە بینەری یابانی کەمتر ئاسودەن لەگەڵی.
ئەگەر، بە گشتی قسەبکەین، ئەتوانین بڵێین فیلمی لەدایکبووم، بەڵام… خێرایە و چیرۆکی تۆکیۆیش خاوە، ناتوانین بەیانی باش بەهیچ کامیان پێناسە بکەین. فیلمێک کە زیاتر دەربارەی پێکەوەبوون و تێکەڵاوبوونە نەوەک جیابوونەوە و دابڕان، لەراستیدا یەکێکە لە ئاڵۆزترین فیلمەکانی ئۆزۆ لە ڕووی ریتم و خێراییەوە. لە زۆربەی دیمەنەکاندا کارەکتەرەکان دەبینین لە باری دانیشتن و ڕاوەستاندا، زۆرێک لە گرتە جێگیرەکانی شوێنەکان کەسانێکیش پیشاندەدات کە تێدەپەڕن. بە ڕێژەیەکی کەم ئەکشنی زیاتر لەم فیلمەدا هەیە بەبەراوورد بە چیرۆکی تۆکیۆ، وە کۆی جوڵەکان لە کارەکتەرێکەوە بۆ کارەکتەرێکی دیکە لە دیمەنێکەوە بۆ دیمەنێکی تر بەخێرایی تێدەپەڕێت. لەگەڵ ئەوەی کە ناتوانم لەبارەی کۆمیدیای یابانی لە پەنجاکاندا قسە بکەم، بەڵام وێنای ئەوە دەکەم کەهەندێک لێکچوونی لەگەڵ کۆمیدیای ئەمریکی لەهەمان سەردەمدا هەیە. ئەگەر ڕاستبم، وای بۆدەچم کە ئۆزۆ بە ئاگاییەوە لەو فۆرمەی خواستووە، کە ئەمەیش بەو مانایە دێت تەلەفیزیۆن نەک هەر سەنتەری پلۆتی بەیانی باشە بەڵکو ستراکچەری گێڕانەوەیشیەتی.
سەرباری چەندین تێمای هاوبەشیان، فیلمەکانی لەدایکبووم، بەڵام... و بەیانی باش بەتەواوەتی جیاوازن. بونیادنراون لەسەر جۆرێک لە فۆرم و چوونیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوان کێبەرکێی تڕلێدانی کوڕەکانی قوتابخانە، گفتوگۆی کورتی ژن و پیاوەکە، و سڵاوکردنی نێوان دراوسێکان، و تەرکیزخستنە سەرئەوەی کە پێی دەڵێین تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی ڕۆژانە، بەیانی باش خێرایی و خاوێتی بەچەند شێوە پێکەوەگرێدەدات—نەک تەنیا لەبەر کۆی بەردەوامی گێرانەوە بەڵکو لەبەر چەندین دیتەیڵی تری جیاجیا، وەکو وێنەی برا بچووکەکە کە یاری هێلا هوپ دەکات، وادەکات کە هەستێتە سەرپێ و لەجێی خۆی بوەستێت و لەهەمان کاتدا کەمەری بەخێرایی بابدات.
دەرئەنجامێک کە لەوەوە دەستمان بکەوێت ئەوەیە کە خێرایی ڕێژەییە— لەچەندین جێگەی تریشدا پێکەوەبوون و ڕێژەییبوون سەنتەری ستایل و بابەتن لەلای ئۆزۆ. هەر لەبەر ئەو هۆکارەیە ناتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە بەیەک ڕێگا: (ئایا ئۆزۆ خاوە؟) پرسیارەکە لەوە فراوانتر و هەمەلایەن ترە کە بە ئاسانی وەڵامبدرێتەوە. لەڕاستیشدا، ئەوە بەشێکە لە ئەرکی هەموو هونەرمەندێکی مەزن کە ئەو پرسیارانە بتوێنێتەوە، یاخود لانی کەم بیان گۆڕێت بۆ پرسیاری تر. ئەوەی لە کۆتاییدا گرنگە ئەوە نییە کە ئۆزۆ چەند خاو یان خێرایە بەڵکو ئەوەیە کە ئێمە چەند خاو یان خێرا لەگەڵیداین.
سەرچاوە:
کتێبی Essential Cinema On the Necessity of Film Canons
پەڕەی ١٤٦-١٥١
نووسینی Jonathan Rosenbaum
The Johns Hopkins University Press
2715 North Charles Street Baltimore, Maryland 21218-4363
isbn 0-8018-7840-3 (alk. paper)
[1] فیلمی ماڵەوە: جۆرە فیلم یاخود ڤیدیۆیەکی کورت بوو کە لەڕێیەوە چالاکیەکانی خێزان، گەشت و بۆنە تایبەتەکانی تۆماردەکرا و دواتر لەڕێگەی سکرینێکەوە لەناو ماڵدا نمایشدەکرا. ئەم جۆرە ڤیدیۆیە مێژووەکەی بۆ بەر لە پەیدابوونی تەلەفیزیۆن دەگەڕێتەوە.
[2] تایتڵی ناوبەند: بەو تایتڵ یاخود تێکستە دەوترێت کە لە سینەمای بێدەنگ و فیلمی بێدەنگدا لەنێوان دوو دیمەن یاخود گرتەدا دادەنرا. هەندێکجار ڕوونکردنەوەی چیرۆکەکە بوو، یان گفتوگۆی کارەکتەرەکان بوون.