پێشەکییەک دەربارەی موزیکی مۆدێرن
لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش
(موزیک، یارییەکی ژمارەیيی شارەوەی ڕۆحمانە، هەرگیز نازانێت کە دەژمێررێت.)
گۆتفرید ویلهێلم ڤۆن لیبنیز
مێژووی موزیکی مۆدێرن لە سەرەتاکانی سەدەی بیستهمهوه دەست پێ دەکات، لە دەوروبەرى دهيهى يهكهمى سەدەی ڕابوردوودا، ئەو کاتەی خەڵکی بۆ یەکەمين جار وەکوو بازرگانی بیریان لە موزیک و فیلم کردەوە. سوپاسگوزارین بە لەدایکبوونی پیشەسازییەک کە بووە هۆکارێک بۆ دروستبوونی یەکەم تۆمارکردنی موزیکی کاونتريی سپیپێستەکان و جاز و بلووزی ڕەشپێستەکان.
ڕەگوڕیشە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی موزیکی مۆدێرن
بە دڵنییایەوە تەواوی سەدەی بیست تەرخان کرابوو بۆ گۆڕانکاريی قووڵ. چەندان شۆڕشی فيکری، ئەدەبی و کۆمەڵایەتی سهريان ههڵدا و تەواوی نائاگایيی کۆمەڵگهی ئەورووپاییان داگیر کرد. بنچینەی تەواوی ئەو شۆڕشانەش دەگەڕانەوە بۆ ئەو فەیلەسووفانەی لەو سەردەمەدا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕا: ئارسەر شۆپنهاوەر، کارل مارکس، جیاکۆمۆ لیۆپاردی و لە سەروو هەمووشیانەوە فردریک نیچە.
(بەبێ بوونی موزیک، ژیان هەڵەیەک دەبوو.)
فردریک نیچە
فەیلەسووفە ئەڵمانییەکە، یەکەم کەس بوو کە مردنێکی مسۆگەری دابونەریتيی ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەودا تەواوی هونەرمهندانى ڕۆژئاوایی کارکردنیان لە مۆدێلێکی پێشوەخت-درووستکراوی ئيستاتیكيى باڵادەست و باودا ڕەت کردەوە؛ ڕاستييهكهى مۆدێلە کۆنەکانی دابونەریتی ئەو کاتەیان ڕەت کردەوە. ئەمەش بوو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی لەو ساتەدا هەموو لقەکانی هونەری ئەبستراکت و لەنێویدا موزیکی ڕۆک و ئەتۆناڵ موزیک[1] بچەسپێت. جێگەی سەرسڕمانە کە لە یۆنانی کۆندا وشەی (موزیک) مانایەکی فراوانی هەبووە و بە واتای (ڕۆحيی-پیرۆز) بە کار هاتووە. تەنانەت واڵتەر فرێدریچ ئۆتۆ ئاماژەی بەوە داوە کە موزیک تەنها هەوڵێک نییە بۆ پەیوەندیکردن بە ڕۆحێکی پیرۆزەوه، بەڵکوو هەر له خۆیدا کردەیەکی ڕۆحیی پیرۆزە. موزیکی هاوچەرخ ئاوێنەیەکی ڕۆحییە کە لە ڕێگەیەوە گۆڕانکارییە ڕادیکاڵەکانی نێو کولتوور و کۆمەڵگە دەر دەکەون، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە لە هەمان کاتیشدا لە شێوەکاری، سینەما و ئەدەبیشدا دەبینرێنەوە.
بە هەمان شێوە و بە درێژایيی مێژووی موزیکی سەدەی بیستەم، لێکدابڕان لە نێوان موزیک و دابونەریتی باوی ئەو سەردەمەدا هەبووە. ئەو سەردەمە خاوەنی دوو ڕەوتی فيکريی گرنگ بووە: موزیکی میللی، کە پێشڕەوانی بریتی بوون لە گۆرانیبێژانی on-the-road و ئاڤانگاردەکان کە پێڕەوییان لە ڕەگە کولتوورییەکانی موزیکی کلاسیک دەکرد.
ئەگەر هەتا ساڵی ١٨٠٠ موزیکی کلاسیک ڕەوتێکی زاڵ بووبێت، ئەوا لە ئەزموون و چەمکە نوێيهکاندا بە تەواوەتی دەبێتە شتێکی لەبیرکراو و تۆز-لەسەرنيشتوو و موزیکی میللی باڵادەستيی خۆی بەسەر مەیدانەکەدا دەسەپێنێت. لە چەند سووچێکی مێژوودا ئەم دوو ڕەوتە جیاوازە بەر یەک دەکەون و چەند بەرهەمێکی زۆر جوان بە تێکەڵكردنی هەردوو دنیا موزیکییەکە دەخولقێنن.
لەدایکبوونی جاز و بلووز
بلووز و موزیکی ڕەشپێستە ئەفریک-ئەمەریکاییەکان ڕۆڵێکی زۆر گرنگییان لە بڵاوکردنەوەی باشترین فۆرمی موزیکی میللیدا گێڕاوە. بۆ ماوەیەکی زۆر ڕەشپێشتەکان هونەرەکەی خۆیانيان تەرخان کردبوو بۆ بابەتە ئايینییەکان، لەبەر ئەوەی کریستانییەتی بە زۆر له لایەن خاوەن-کۆیلەکانەوە بەسەر ڕەشپێشتەکاندا سەپێنرابوو، بۆیە گۆرانیبێژەکانی ئەو کاتەی کەنیسەکان دەبنە یەکەم مۆدێلی گۆرانیگوتن لە هونەری جازدا، بە هەمان شێوە دەبنە سەرەتایەک بۆ درووستبوونی ڕیفەکان[2] و شێوەیەک لە ڕێکخستن لە ئاوازی موزیکی جازدا.
لەو ناوچانەی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئیسپانیا و فەڕەنسادا بوون، ناوچەگەلێک لە چەندان کولتووری جیاواز، زیاتر گونجاو بوو بۆ کارە هونەرییەکانی ئەو کەسانەی بۆ کاری کۆیلەیی هێنرابوونە ئەو ناوچانە، بۆ نموونە لە ناوچەیەکی وەکوو نیوئۆرلیانسدا بە هۆی بەرەنگاریی کولتووریی کۆنی ئەفریكايى و باندە فەڕەنساییەکانەوە جاز لە دایک دەبێت.
بە داخەوە سەرەڕای ئەوەی کە کۆیلەیی قەدەغە کرابوو، لێ لە یاساکانی پێدانی ڕەگەزنامەدا هێشتا جیاکاری و ڕەگەزپەرستیيهكى زۆر بەرانبەر بە ڕەشپێستەکان دەکرا و ئەمەش وای کرد گرووپێک لە ئەفریك-ئەمهریکاییەکان لەنێو خۆیاندا زياتر یەکگرتوو بن و پاڵپشتیی یەکدی بکەن. ئەمەش ئەو کاتە بوو کە نەوەیەک لە موزیسیانە ئەفریك-ئەمهریکاییەکان لە دایک بوون و بوونە هۆکارێک بۆ درووستبوونی شێوە و ڕەوتێکی نوێ لە مێژووی موزیکدا بە ناوی (ستایلی بلووز)هوه.
هەروەکوو ئەوەی کە دەتوانیت وێنای بکەیت، لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی لەو شێوەیەدا زۆر سەخت دەبێت ڕەشپێستەکان هونەرەکەی خۆیان ئازادانە بەرجەستە بکەن، بۆیە گرووپێک لە موزیسییانە سپیپێستەکان یەکەم تۆماری موزیکیی هونەری جاز، تۆمار دەکەن کە گرووپێک دەبن بە ناوی Original Dixieland Jazz Band، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٠دا یەکەم هونەرمەندی ڕەشپێست بۆ یەکەم جار لە مێژوودا بە فەرمی کارە هونەرەییەکەی خۆی تۆمار دەکات، ئەویش هونەرمەند مامی سمیس بوو بە کاری with Crazy Blues.
دەربارەی مامی سمیس Mamie Smith
لە دەوروبەری بیستەکانی سەدەی ڕابوردوودا تەنها لە ئەمهریکا بەرهەمەکەی مامی ساڵانە زیاد لە ١٠٠ ملیۆن کۆپيی لێ دەفرۆشرا. ئەم سەرکەوتنە وای کرد چەندان کۆمپانیای گەورە هەوڵی کارکردنی لەگەڵدا بدەن. هونەری میللی هۆکارێکی بەهێز بوو بۆ زیاتر بەناوبانگبوونی مامی سمیس، هەروەها کارکردنی ئەو لە کولتوورە جیاوازەکاندا بە هەمان شێوە ناوێکی دیاری پێ بەخشیبوو.
لە کاتێکدا ئەمهریکا لانکەی پەیدابوونی ئەم هونەرە بوو، لە هەمان ساتدا لە ئەورووپاش بزاڤه کولتوورییەکانی ئاڤانگاردەکان گۆڕانکاریی گەورەیان خولقاند؛ بزاڤێك بە سەرکردایەتيی سچۆینبێرگ و ستراڤینسکی کە تەواوی یاساکانی ئاوازدانانی کلاسیکيى ئاوەژوو کردهوه.
[1] Atonal music
[2] Riff: بەشێکە لە ئاوازی موزیکی جاز کە موزیکژەن یان گۆرانیبێژ چەندان جار بە مەبەستی پێناساندنی ئاوازەکە دووبارەی دەکاتەوە.