[نیتچە و ڤاگنەر و چەند سەرنجێک]

ڕۆجێر سکروتن/ بەشی دووەم

لە ئینگلیزییەوە: داڤان فاتیح

 

نیچە یەکەمین فەیلەسووف نەبوو کە فیکرەی (تەندرووستی) لە چەقی دنیابینيی خۆیدا دابنێت، بەڵکوو فەیلەسووف (Ludwig Feuerbach)یش بەرگريی لە چەمکی (هەستیاريی تەندرووستی) لە کتێبێکیدا بە ناوی (Principles of the Philosophy of the Future) له‌ ساڵی ١٨٤٣دا کرد و ئەم کتێبە کاریگەرییەکی مەزنی کردە سەر ڤاگنەر. چەمکەکانی پووکانەوە و داڕزینی بەهای ئەخلاقيی لەناو ژیانی ڕۆشنبیرەکاندا دەر کەوتبوون لەو سەردەمەدا کاتێک نیچە کارە فەلسەفییە مەزنەکانی چاپ کردبوو، کتێبە ناودارەکەی دەروونپزیشک (Krafft-Ebing’s) بە ناوی (Psychopathia Sexualis) لە ساڵی ١٨٨٦دا بڵاو بووەوە و (Max Nordau)ی پزیشکیش لە نووسینێکی پوخت و کاریگەر و نایابیدا کە لە ساڵی ١٨٩٢دا بڵاو بووەوە، ڕوونی کردووەتەوە و بە سانایی نووسیویەتی کە ئەو فەترەیەی بە (fin-de-siècle) ناسراوە، ماوەی پووکانەوە و کاڵبوونەوەی بەهاکان بووە و نیچە و ڤاگنەر و زۆلا و باودەلێر و ئالان پۆو و چەند نموونەیەکی تریشی وەکوو کۆمەڵێک نیشانەی دەردی ڕزین و پووکانەوە دیاری کردووە. سەرەڕای ئەوەش، دەتوانرێ بوترێت نیچە یەکەمین بیرمەند بووە کە جیاوازیکردنی نێوان تەندرووستی و نەخۆشيی وەکوو خاڵێکی گرنگ دابنێت لە دۆخی داهێنانی هونەرمەندانەدا و ئەو مەترسییانەی لەم بوارەدا دەر دەکەون و ئەم جیاکردنەوەیە گرنگییەکی زۆری هەبوو بۆ نیچە خۆی، ئەمەش بە هۆی میتۆدی ڕەگەززانییەکەیەوە بوو.

ئەم میتۆدە پایە بنەڕەتییەکانی نیچە لەناو فەلسەفەدا جێگیر دەکات و بڕیاریان لێ دەدات، لەبەر ئەوە ئەگەر بڵێت کارێکی هونەری لە ڕووی ئەخلاقییەوە ناپەسەندە و نزمە، یاخۆ ئەگەر بڵێت ئەو کارە هونەرییە لە فۆرمێکی ژیانه‌وه‌ سەرچاوەی گرتووە کە بەهای ئەخلاقی لە ئاستێکی نزمدایە، ئەوا لە بنەڕەتدا هەردوو دەربڕینەکە هاوتان و وەکوو یەکن. بەو پێیەی لە کتێبەکەی خۆیدا باسی کردووە (The Birth of Tragedy) تراژیدیا لەوەدا چەمکێکی تەندرووستە کە ناڕوونی و  لێڵییەکی قووڵی تێدایە و لەوەشدا کە چ شتێک بە شێوەیەکی نائاگایانە بەرهەم دێت لە ناو هۆکارە عه‌قڵانییەکانی ئاگاییدا، لەبەر ئەوەی تەندرووستی واتا ژیان، ژیانیش تایبەتە بە جەستە و جەستەش تایبەتە بە کۆمەڵگە و کۆمەڵگەش تەنها لەو کاتەدا ڕاستە لەگەڵ سرووشتی ناخی خۆیدا کاتێک وەڵامی ئەو هێزە نائاگایانە دەداتەوە کە بە هۆیانەوه‌ بەرگە دەگرێت. لەناو ئەم سەما بەکۆمەڵەدا زیندەوەرە کۆمەڵخوازەکە دەژی و خۆی نوێ دەکاتەوە.

پاڵەوانی تراژیدی بە هۆی ئەوەی هەڵەیەکی کردووە کە ئاگایيی خۆی هۆکار بووە، لەم سەمایە دەکرێتە دەرەوە و پێویستە باجی ئەم هەڵەیەی بدات. لێرەوە دەتوانین بڵێین دژیەکییە ڕاستەقینەکەی نێوان (Dionysus) و (Apollo) وا خۆی دەر دەخات، کە یەکێکیان (Dionysus) گەشەکردنێکی بێ فۆرم و بێ یاسای نائاگاییانەی ژیانی دەوێت و ئەوەی دیکەش (Apollo) گرنگيی بە پرەنسیپی دیاریکردن و ناسینەوەی تاک دەدات کە ئەمەش لە بەرگریکردنیدا بۆ ژیان خۆی دەسەلمێنێت. ئەم چەمکە شۆپنهاوەرییانە (تایبەتن بە فەیلەسووف شۆپنهاوەر) کە بۆ ئەوە بە کار دێن خوێنەر لە مەترسيی ڕۆحی ڕووناکەوەبووی ئەپۆڵۆنی (Apollonian) ئاگادار بکەنەوە، کە ئەم ڕۆحە لە دەرەوەی ژیانی بە کۆمەڵی کولتووردا دەمێنێتەوە. لە دۆخێکی تەنیا و فیکری و ڕەخنەییدا خۆی دەهێڵێتەوە. ئەمە بۆ نیچە سەرچاوەی سەرەکيی نزمبوونەوەی ئاستی ئەخلاقییە. تراژیدیا جەخت لە چەمکی گۆڕانی بەردەوام دەکاتەوە، کە تێیدا ژیانی مرۆڤ بە بەردەوامی لە ڕێگەی نەفیکردنی (بانگەشەکانی تاکایەتی)يه‌وە نوێ دەبێتەوە. نیچە دوايين وشەکانی (Isolde) دەهێنێتەوە کە لە سەرەمەرگدا دەیکردن.

لووتکەی (چێژ و خۆشبەختی) لە لای (Isolde) لە ڕەتکردنەوەی (خود)ی تاکدا خۆی دەبینێتەوە، ئەو خودەی کە بە بەردەوامی لە گۆڕان و بوون بە شتی جیاوازدا خۆی دەبینێتەوە، بە هەموو شوێنێکی جیهاندا دەگەڕێت. ڕاستييه‌كه‌ى ئەمە هاوتایە لەگەڵ ئەو (ویست)ـە بێ ئاڕاستە و ئارامگرەی شۆپنهاوەر باسی لێوە دەکات.

نیچە هەروەک چۆن پشتی کردە ڤاگنەر، بە هەمان شێوە لە دواتریشدا هەمان شتی لەگەڵ شۆپنهاوەردا کرد. هەندێک بیرۆکەی گرنگ و بایەخدار هەبوون کە لە کتێبی (لە دایکبوونی تراژیدیادا) بە کورتی باسی لێوە کردوون، بەو مەبەستەی کە دواتر لەو کارەکانەیدا بە وردی و دوورودرێژی باسیان بکات کە تایبەت بە میوزیک دەیاننووسێت. بە لای نیچەوە سەرەکیترین دیاردە لە میوزیکدا بریتییە لە سەما و سەماش لە ڕێگەی ڕیتمەکانەوە ڕێک خراوە و دێتە بوون.
سەما دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیشە، ئێمە لەناو خۆماندا لەگەڵ یەکتردا سەما دەکەین، بە زۆری بە گرووپ سەما دەکەین، کە واتە میوزیک بەشێکە لە کۆمەڵێکی ئاڵۆز، کە هۆز یاخۆ گرووپێکن پێکەوە دەجووڵێن بە هۆی ئەوەی گوێیان لە دەنگێکی میوزیکی دەبێت کە گرنگییەکەی لە عه‌قڵانیەت قووڵترە. سەرەکیترین فۆرمی ئەم جووڵانەوەیە-بەکۆمەڵە (سەماکردن) ئەوەی نەریتە ئایینییەکانە و تراژیدیاش لە نەریتە ئایینییەکانەوە درووست بووە. نیچە پشتڕاستی دەکاتەوە کە هونەری تراژیدیا بووە هۆی دواخستنی لەناوچوونی ئەفسانە یۆنانییەکان، ئەوەش لە ڕێگەی بەردەوامیدان بە نەریتەکانی (Dionysian) کە میوزیک و سەما ڕۆڵێکی گرنگیان تێیدا هەبوو.

ئەو بیرۆکانە زیاتر وەکوو پێشنیارکردنێک لە کتێبی (لەدایکبوونی تراژیدیادا) هاتوون وەک لەوەی بە دوورودرێژی باسی لێوە بکرێت و بە قووڵی ڕوونکردنەوە له‌باره‌يانه‌وه‌ بدات، بەڵام ئەم بیرۆکانە گرنگن بۆ تێگەیشتن لەو ناکۆکی و مشتومڕەی نێوان نیچە و ڤاگنەر. شتێکی دیکەش هاوشانی ئەمە گرنگ بێت، چەمکی (تێگەیشتن لە هونەر)ە کە هەردووکیان بڵاویان کردووەتەوە و قسەیان لەبارەیەوە کردووە و هەردووکیان ئەم چەمکەیان لە فەلسەفەی هیگڵەوە بۆ ماوەتەوە. هونەر بە لای نیچە و ڤاگنەرەوە بەرزترین و مەزنترین چالاکيی مرۆڤە، بێ گومان بەرزترە لە زانست و تەنانەت لە ئایینیش مەزنترە. بە دڵنیاییەوە بە پێی نیچە و ڤاگنەر، چارەنووسی هونەر ئەوەیە کە دەبێت لە ڕێگەی سیمبوڵەکانەوە حەقیقەتی مرۆڤ ڕزگار بکەین، ئەو حەقیقەتەی ئایین دەیشارێتەوە، ئەو ڕاستییەی دەربارەی ئێمەی مرۆڤە. ئەم حەقیقەتە ئەوە نییە کە ئایین بە بەردەوامی پێمان دەڵێت، بەڵکوو حەقیقەتەکە ئەو مانایەیە کە ئایین هەیەتی. (ئەمە ئەو بابەتە بوو کە دواتر ڤاگنەر لە وتارێکدا بە ناوی هونەر و ئایینه‌وه‌ بە کاری هێنا.)
هەردوو بیرمەند (نیچە و ڤاگنەر) ڕوویان کردە میوزیک وەکوو هۆیەکی پوختەکردنەوەی (گۆڕانی ڕۆحی) کە ئامانجی سەرەکيی هەموو هونەرمەندێکە. هەروەک نیچە خۆیشی دەڵێت: (تەنها میوزیک هاوشانی هەموو جیهان دەتوانێت ئەو بیرۆکەیەمان بۆ ڕوون بکاتەوە كه‌ مەبەست لەو بەهانەیە چییە کە بە جیهان دراوە. بەهانەکەش ئەوەیە کە جیهان دیاردەیەکی جوانە.)

جگە لەوە، لە بنەڕەتی ململانێکەی نێوان ڤاگنەر و نیچەدا بابەتێکی دیکەش هەیە. هەردووکیان باوەڕیان وا بوو کە جیهانی مرۆڤ پێویستی بە بەهانە و بیانوو هەیە. وا بیریان دەکردەوە کە ئەو بەهانەیەی ئایین خوڵقاندبووی پووچ و بەتاڵ بوو (ئەمەیان لە ڕوانگەی ڤاگنەرەوە) و نیچە باوەڕی وا بوو کە بەهانەکەی ئایین زیانبەخش و مەترسیدارە، بەڵام هەردووکیان بڕوایان وا بوو کە ئەو پێویستییە ئایینییە سیفەتێکە کە دەروونی مرۆڤ (بە مەبەست) لە خۆیدا درووستی کردووە و ئەم خەسڵەتە هەمیشە بە دوای قایلبوونەوەیە. ئەم قایلبوونە لەناو هونەردا دەدۆزرێتەوە، کە دەتوانێت شوێنی ئایین بگرێتەوە و هەروەها بەهانەیەکی (جوان)یش بە جیهان دەبەخشێت (بەهانەی ئەوەی کە جیهان دیاردەیەکی جوانە) و بۆ نیچە هیچ بەهانەیەکی تر مومکین نییە، لەبەر ئەوە تراژیدیا وەکوو پێویستییەک دەر دەکەوێت، کە تێیدا لە ڕێگه‌ی جوانییە هونەرییەکانەوە زاڵبوون بەسەر ترس و تۆقیندا بەرهەم دێت. جیاوازی لە نێوان فیکری نیچە و ڤاگنەردا سەبارەت بەم بابەتە لەم خاڵەدا درووست دەبێت. بە لای نیچەوە ئەو بەهانەیەی جیهان کە دەڵێت (جیهان دیاردەیەکی جوانه‌) جەخت لە ژیاندۆستی و تەندرووستی دەکاتەوە و لە دژی (ڕەتکردنەوە) و (نەخۆشی) دەوەستێتەوە. ئەم بەهانەیەی نیچە باسی دەکات، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دژی ئەو بەهانەیە دەوەستێتەوە کە ئایینی مەسیحی خوڵقاندوویەتی، کە ئەمیان دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستی لاوازی و نیانی و بەزەیی و کۆمەڵێک بەهای دیکە کە (ژیان ڕەت دەکەنەوە) و لە دژی ئەو بەهایانە دەوەستنەوە کە (بەرگری لە ژیان دەکەن و دووپاتی دەکەنەوە،) هەمان ئەو بەهایانەی کە داهاتووی مرۆڤایه‌تی لەسەری بەندە و نیچەش وەکوو زەنگێکی ئاگادارکردنەوە ئەم بابەتەی ڕوون کردووەتەوە. هەروەک خۆیشی لە کتێبی (ژینالۆژیای ئەخلاقدا) دەڵێت، (نە بەدڕەفتارەکان و نە ئەوانەشی وەکوو دڕندەیەکن لە ئازاردانی ئەوانی تردا مەترسیدارن، بەڵکوو لاوازەکان گەورەترین مەترسین بۆ سەر مرۆڤایەتی!)

بە لای ڤاگنەرەوە، بە پێچەوانەوە بەهانەی دیاردەی جوانيی جیهان لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە توانی خۆمان لەپێناو دوورکەوتنەوە و وازهێنان لە دنیادا زیاد بکەین. بە لای ئەوەوە هونەر پشتڕاستکردنەوە و بەرگریکردن نییە لە ژیان، بەڵکوو دەربازبوونە لێی و بیرۆکەی دەربازبوون مۆتیڤێکە کە بەردەوام لە کارە میوزیکییە درامییەکانیدا ئاماده‌يه‌ و خۆی دەر دەخاتەوە. بە لای ڤاگنەرەوە میوزیکە درامییەکانی، بەها بنچینەییەکانی تراژیدیای گریکی دەهێڵنەوە و ڕێگە بە فەوتاندنیان نادەن.

دەتوانین بڵێین ئەمە تەنها وێنەیەک نییە کە پڕۆسەیەکی ئەخلاقی نیشانی بینەران و بیسەران بدات. بەڵکوو ئەمە لە خۆیدا جێبەجێکردنی پڕۆسەکەیە لەکاتی نمایشدا کاتێک بە هۆیەوە ڕوانەرەکە تا ڕادەیەک وەکوو بەشداربوویەک دەر دەکەوێ لەم کارەدا وەکوو چۆن لە نەریتێکی ئایینیدا بەم شێوازەیە، هەر لەبەر ئەمەشە کاتێک فیکرەی (دەربازبوون) لەسەر ستەیجەکە نمایش دەکرێت و نیشان دەدرێت، بە هەمان شێوە لەنێو دەروونی بینەرەکەشدا فیکرەی (دەربازبوون) جێگه‌ی خۆی دەکاتەوە و دەست بەکار دەبێت. ئەم شێوازەی پەیڕەوکردنی (هونەر) بایەخدارتر بوو و زیاتر بەرەوپێش چوو لەگەڵ گەشەکردنی توانی هونەريی ڤاگنەر خۆیدا، هەتا ئەو ڕادەیەی کە کارە میوزیکییەکەی بە ناوی (Parsifal) وەکوو فێستیڤاڵێکی بە پیرۆزکردنی ستەیجی نمایش ناوی دەر کرد، واتە چەشنی بۆنەیەکی ئایینی وا بوو و ڤاگنەر هەوڵی دا نمایشی کاری (Parsifal) تەرخان بکات بۆ گۆڕەپانی پیرۆزی شارۆچکەی (Bayreuth). بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەم کارە هونەرییە ئەو کەسە دەپارێزێت و ڕزگاری دەکات ئەگەر لەنێو کەشی بەسۆز و پڕهەستی ناو میوزیکەکەدا خۆی بهێڵێتەوە. کەسی بینەر یاخۆ بیسەری ئەم کارە دەچێتە ناواخنی میوزیکە درامییەکەوە و لە لایەن میوزیکەکەوە هەست و سۆزی دووبارە ڕێک دەخرێتەوە، هەروەکوو چۆن نەریتێکی ئایینی کار لەسەر هەست و سۆزی کەسی بەشداربوو لەو نەریتەدا دەکات. برسیبوونی سوارچاکەکانی (Grail) و ویستی بەشداریکردنیان لە ژەمی پیرۆزی (eucharistic)دا -دوايين ژەمی پەیامبەر عیسا لەگەڵ هاوەڵەکانیدا- سیمبولی ئەو هەستی برسيێتییەیە کە لەناو ناخ و وجوودی هەمووماندا هەیە، کە داوای گۆڕانێکی ڕۆحیمان لێ دەکات و ئەم گۆڕانە ڕۆحییەش تەنها هونەر دەتوانێت پێمانی ببەخشێت.

ئەم گۆڕانە ئازادمان دەکات لە وابەستەبوون بەم جیهانەوە و چیدی ناهێڵێت کۆیلەی ئەم دنیایە بین و هێز و ئارامیمان پێ دەبەخشێت هه‌تا دەست لەم دنیایە بەر بدەین. هەروەها ئەگەر ئەو ڕێگه‌یە بگرینە بەر کە (Tristan, Isolde, Parsifal and Hans Sachs) گرتیانە بەر، ئەوا بۆمان دەر دەکەوێ کە هەوا و هەوەس هەرچەندە وا دیارە بانگهێشتی ژیانمان بکەن، بەڵام ڕاستييه‌كه‌ى ئەم هەوا و ئارەزووانە پێمان دەڵێن دەست لەم دنیایە بەر بدەین، ئەم ئارەزووانە سووتانێکی قووڵن لە ڕۆحماندا کە ئاگادارمان دەکەنەوە لەوەی ئێمە سەر بەم جیهانە نین.

فیکرەکەی  ڤاگنەر دەربارەی (دەربازبوون) تا ڕادەیەکی زۆر نزیکە لەگەڵ ئەو باوەڕەی لە مەسیحیەتدا هەیە و ئەوەش بەشێک بوو لە بلیمەتيی ڤاگنەر بۆ ئەوەی درک بەوە بکات کە هەموو شێوەکانی (ڕزگاربوون) پێویستيان بە قوربانیدان هەیە. هەمان ئەو قوربانیدانەی لە تراژیدیای گریکدا هەیە و هەروەها لە مەسیحیەتیشدا جێبەجێ کراوە کە قوربانیدان بە مرۆڤ تێیدا باس کراوە. پێویستە مرۆڤ ببێت بە قوربانی ئەگەر بە ڕاستی بمانەوێت مرۆڤ بگات بە باڵایی، لەبەر  ئەوەی بەم شێوەیە دەتوانین خۆمان لەو ناکۆکی و جاڕزییە ئازاد بکەین کە کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتی تووشی هاتووە. ئەو قوربانیدان و بەخشینە خودی ژیانە، هەم لە ڕووی قوربانیدانی خواستنی هەوەس و ئارەزووەکانەوە وەک لە دوو کارە میوزیکییەکەی ڤاگنەردا (Sachs, Parsifal) هاتووە و هەم لە ڕووی هەستکردن بە شێوازی ژیانی کەسی قوربانیدەره‌وه‌. ئەم فیکرەیە دوو مانا دەبەخشێت، مانایەکی ئایینی و مانایەکی سیکیولاری، هەروەکوو لە دوو کارەکەیدا (Parsifal) و (The Mastersingers) هاتووە و ئاشکرایە و لە لایەن مێژووزانەوە (René Girard) بە شێوازێکی بلیمەتانە گەشە بەم فیکرەیە دراوە و بەرەو پێشی بردووە. دیدگای ڤاگنەر لەبارەی جێبەجێکردنی بیرۆکەی (ڕزگاربوون/دەربازبوون) لە ڕێگه‌ی قوربانیدانەوە، هەم تیۆريیەکە لە کۆمەڵگه‌ی مرۆڤایەتیدا و هەم ئامۆژگارییەکی ئەخلاقیيشە. لەبارەی ئامۆژگارییە ئەخلاقییەکەوە دەتوانین بڵێین جێبەجێ کراوە و لەناو (هونەر)دا تاقی کراوەتەوە نەک لە (ژیانی ڕاستەقینە)دا و لە ڕێگه‌ی ئەو جیهانە خەیاڵییەوەی کە هونەر بۆمانی دەخوڵقێنێت. هەروەها ئەم پڕۆسەیە یارمەتيی ته‌ماشاكه‌رى کارە درامییەکە دەدات هه‌تا بەناو قوربانیدانێکی ڕۆحیدا تێپەڕێت و ئەزموونی بکات کە لە ژیانی واقیعيدا ناتوانێت ئەزموونی بکات و ئەگەر بينه‌ره‌كه‌ توانی بەم پڕۆسەیەدا گوزەر بکات، ئەو کاته‌ خودی ژیان دواييى دێت. ئەم ڕوانینە لەبارەی فیکرەی ڕزگاربوونەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان لەنێو ئاییندا بوونی هەبوو. لە کاری (Parsifal)دا هونەر دەبێتە جێگرەوەی ئایین و شێوازەکانی فیکرەی (دەربازبوون) دەگرێتە خۆی و پڕیان دەکات لە ژیانێکی ئێستاتیکیانە.

بە لای نیچەوە سەرتاپای فیکرەی (ڕزگاربوون) وەکوو ئەوەی باس کراوە، ڕەتکردنەوەی ژیانە و هەروەها ئاماژەکردنە بە کۆمەڵێک بەهای نائەخلاقی لەنێو کۆمەڵگەدا. لە سێیەمین وتاری کتێبی (ژینالۆژیای ئەخلاق)دا کە تێیدا بیرۆکەی (نەویستنی خێروخۆشيی دنیا) ڕەت دەکاتەوە و لە دژی دەوەستێتەوە، لەم وتارەیدا گاڵتە بە کارە میوزیکییەکەی ڤاگنەر (Parsifal) دەکات. نیچە لەم بارەیەوە بیر دەکاتەوە کە ئەگەر بێ و ڤاگنەر ویستبێتی ئەم کارە وەکوو شانۆییەکی ئەفسانەیی بێت یان چەشنی ئەنجامێکی سەروسرووشت بۆ کارەکەی پێشووتری (The Ring) نووسیبێتی، واتا نیچە پێی وایە ئەم کارەی ڤاگنەر بە شێوازێکی سەروئاسایی و ئەفسانەیی نووسراوە. سەرەڕای ئەمەش، نیچە لە کتێبی (کەیسی ڤاگنەر)دا ڕوونی دەکاتەوە کە پاڵەوانی کارەکانی ڤاگنەر بەهای ئەخلاقيی زۆر نزم لە کارەکتەریياندا بوونی هەیە، کە نیچە لە دواتردا دەڵێت ئەو کارەکتەرەی ڤاگنەر لە بنەڕەتدا پاڵەوان نییە، بەڵکوو کەسێکی بەد و خراپ بووە. هەروەها نیچە دەیەوێت ئەو کارەساتە ئێستاتیکییە نیشان بدات کە درووست دەبێت، بە تایبەت لەو کاتەدا کە کارەکتەرێکی لەو چەشنەی ڤاگنەر دەبێتە چەقی کارە میوزیکییە درامییەکە. ئامانجی کتێبەکە (کەیسی ڤاگنەر) ئەوەیە کە ئەو دیدگا ئەخلاقییەی ڤاگنەر ڕەت بکاتەوە و هەروەها پێشنیاری ئەوەش دەکات هەوڵدان بۆ بنیادنانی دیدگایەکی لەو چەشنە لە کارێکی هونەریدا دەبێتەوە هۆی دروستبوونی میوزیکێک کە لە بنەڕەتدا خراپە. هەڵە ئەخلاقییەکانی ئەم دیدگایە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک هەڵەی ئێستاتیکی لەناو میوزیکەکەدا و لە هەمان کاتدا ئەگەر گوێگر بە قووڵی خۆی خەریک بکات بە میوزیکەکەوە، ئەوا ڕۆحی گوێگرەکە پیس و خراپ دەبێت، بە هۆی ئەوەی کە دەروونی گوێگرەکە دەخرێتە مەترسییەوە لەبەر ئەوەی خۆی داوە بە دەستەوە لە بەرانبەر نموونەیەکی هونەريی خراپبوودا.

بانگەشەیەکی لەم چەشنە بەرپرسیاريێتییەکی مەزن دەخاتە سەر ئەو کەسەی کە قسەکەی کردووە و عادیلانەیە ئەگەر بڵێین نیچە خۆی لەو بەرپرسیاريێتییە لا نادات و لە ئەستۆی خۆيی دەگرێت. نیچە لەوەدا سەرکەوتوو نابێت کە نیشانمانی بدات فەلسەفەی (ڕزگاربوون)ـه‌کەی ڤاگنەر یان لە خۆیدا بەهایەکی نزمی هەیه‌، یان لە ڕووی ئێستاتیکییەوە تێکدەر و ڕووخێنەرە. هەروەها ناتوانێت ئەوەش بسەلمێنێت کە چۆن دیدگای ئەخلاقی لە فۆرمی میوزیکیدا خۆی دەر دەخات و چۆن میوزیک دەبێتە هۆی ورووژاندنی هەستی هاوخەميی (ڕەنگە ئەم هەستی هاوخەمییە خراپ بێت) گوێگرەکە. ئەو باوەڕەی کە گوایە میوزیک خاوەنی ئاکار و توانێکی شاراوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتوون و ئەو باوەڕەی کە پێویستە کارە هونەرییەکان لەسەر بنەمای زیندوویەتی کارەکە هەڵبسەنگێنرێت. ئەم باوەڕە لە سەردەمی ئێستاماندا گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نادرێت و بە بنەمایەکی ئاسایی لێی دەڕوانرێت، هەرچەندە ئەم باوەڕەی دووەمیان پێویستی بە لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەیەکی فەلسەفی هەیە، بەڵام وەها دەر دەکەوێت کە نیچە ئەو ڕوونکردنەوە و لێکدانەوە بنچینەییە نەدات.

هێرشە فیکرییەکەی نیچە بۆ سەر ڤاگنەر لە سێ بەش پێک دێت؛ لە یەکەمیاندا، نیچە بەوە تاوانباری دەکات کە ڤاگنەر و ئەو جیهانەیشی کە ڤاگنەر بەشێکە لێی خاوەنی بەهای ئەخلاقی لاوازن، هەروەها نیچە تێگەیشتنی گەلی ئەڵمانی لەبارەی ئەم بابەتەوە خەتابار دەکات. لە بەشێکی دیکەدا نیچە بە توندی هێرش دەکاتە سەر ئەو گوزارشت و دەستەواژانەی کە ڤاگنەر بۆ (هونەرەکەی خۆی) دەیانخوڵقێنێت. بە لای ڤاگنەر خۆیەوە، کارە میوزیکییەکەی بە ناوی (Gesamtkunstwerk) پێک هاتووە لە سەرکێشییەکی میوزیکی بە دەربڕینێکی نوێ و تازەگەرییانە، ئەمەش بۆ ئەوەی قووڵاییەکانی بارودۆخی مرۆڤ بپشکنێت لە ڕێگەی (میلۆدییە بێکۆتاییەکەوه‌) لەگەڵ ئەو شتانەدا دەدوێت کە ناخودئاگا و شاراوەن. نیچە لە دژی ئەم دەستەواژە و گوزارشتانەی ڤاگنەر دەوەستێتەوە و ڤاگنەریش وەکوو هونەرمەندێکی بچووک و لاواز لە قەڵەم دەدا، لەبەر ئەوەی تەکنیکە میوزیکییەکانی لە توانياندا نییە گەشەکردنێکی ڕاستەقینە لە میوزیکەکەدا بهێننە کایەوە، هەروەها هەموو ئەوەی دەیکه‌ن تەنها فێڵێکی متمانەبەخۆبوونە، لێکچواندنێکی درۆیینەیە بە میوزیکی ڕاستەقینە و کارەکانی لە دوو سەرچاوەی حەقیقی میوزیک خاڵین کە ئەو دوانەش (ڕیتم و سەما)ن. لە کۆتاییدا نیچە مشتومڕی ئەوە دەکات کە پاڵەوانی لە ڤاگنەردا شتێکی درۆیینە و ساختەیە. نیچە پێی وایە پێویستە کارەکتەرەکانی ئۆپێرا و کارەکانی دیکەیشی ماسکەکانیان لا ببرێن و بەرگە ئەفسانەییەکان لە بەریان داماڵرێت و بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو ستایلە بۆرژوازییانەیەی کە کارەکتەرەکان بە هۆیەوە کراونەتە قارەمانێکی ئەفسانەیی. میوزیکە جدییەکەی ڤاگنەر دەرفەتی (ڕزگاربوون) بە کارەکتەرانی نابەخشێت، لەبەر ئەوەی میوزیکەکەی تا ڕادەیەک ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە کە کارەکتەرەکان کۆمەڵێک نەخۆشيی ڕەتکراوەی کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەیەمن. کارە درامییەکانی ڤاگنەر جۆرێکن لە تەقلیدکردنەوەی کارە ڕەسەنەکان، کە تێیدا هەست و سۆزی پاڵەوانانه‌ و کارە چاکەکان لە لووتکەی کارە درامییەکەدا خۆیان ئاشکرا دەکەن، وەکوو کۆمەڵێک سۆزی لاواز و بێهێز وەهان، بەڵام لەو کاتەدا بە هۆی تەقینەوە میوزیکییەکەوە لە لووتکەی کارەكه‌دا هەست و سۆزەکانیش زیاد دەکەن و دەگەنە ئاستێکی مەزن. هەردوو پەیمانی (ڕزگاربوون) و (بەرەوباڵاچوون) کە میوزیکەکە دەیدات، پشت بە تەکنیکی تەقلیدکردنەوە دەبەستن کە لە میوزیکە درامییەکەدا پێڕەو کراوە و ڕاستییەک هەیە کە ئەم پەیمانانە لە لایەن زۆر کەسەوە بە جددی تەماشا دەکرێن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كه‌ ئەو کولتوورە سرووشتێکی لاساییکردنەوەی ساختەیی و بەهای ئەخلاقيی نزمی هەیە.

نیچە لە کتێبی (کەیسی ڤاگنەر)دا دەڵێت: (هونەرەکەی ڤاگنەر خراپە. هەموو ئەو کێشانەی لە کارەکانیدا نیشانی دەدات کۆمەڵێک کێشەی شێتگیرانەن. سرووشتە هەژێنەرەکەی ڤاگنەر خۆی کار دەکاتە سەر هەستیارییە لە ڕادەبەدەر وورووژێنەرەکەی، ئارەزووەکەی خۆی کە هەمیشە بە دوای جۆشوخرۆشی بەهێزەوەیە، نائارامییەکەی کە کردوویەتی بە بەشێک لە پرەنسیپەکانی کارەکتەری خۆی، هەروەها هەڵبژاردنی پاڵەوانەکانی. هەموو ئەمانە وەکوو جۆرەکانی فیسیۆلۆژی تەماشا بکەن. هەمووی پێکەوە گوزارشت لە ناسنامەیەکی نەخۆشی دەکەن کە هیچ گومانێک قبووڵ ناكه‌ن. دەتوانین بڵێین بە دەقیقی لەبەر ئەوەیە کە هیچ شتێک لەم نەخۆشییە مۆدێرنتر نییە، لەم دۆخە جۆشوخرۆشییەی میکانیزمە شڵەژاوەکەی ئەم ئاوازدانەرەدا ڤاگنەر باشترین هونەرمەندی مۆدێرنەیە.)

نیچە لەوە بەئاگایە بۆ ئەوەی ئەم قسانەی پشتڕاست بکاتەوە، ئەوا پێویستە شتێک لەبارەی میوزیکەکەی ڤاگنەرەوە بڵێت، دەربارەی ئەوەی ئەو میوزیکە چی پێشکەش دەکات و چۆن پێشکەشی دەکات. هێرشەکەی بۆ سەر میوزیکەکەی ڤاگنەر سێ ڕەهەندی گرتەوە؛ لە ڕووی میلۆدی، ڕیتم و هارمۆنییەوە، بەو شێوەیەی کە ڤاگنەر ئەم سێ ڕەهەندە لە میوزیکەکەیدا بە کار دەهێنێت. نیچە پێی وایە کە میلۆدییە بێکۆتاییەکەی ڤاگنەر، نائامادەگيی سرووشی میلۆدییانە دەشارێتەوە (واتا ئەو ڕاستییە دەشارێتەوە کە سرووشی ڕاستەقینە لە کارەکانیدا بوونی نییە.) نیچە ئاماژە بەوەش دەکات کە جۆرە ترسێک لە میلۆدی لە ڤاگنەردا هەیە، بێ گومان ترس لەو میلۆدییە سەرنجڕاکێشانەی کە نیچە لە ئۆپێرای (Carmen)ی ئاوازدانەر (Georges Bizet)دا دەیبینێتەوە. نیچە ئەمە دەبەستێتەوە بەوەی کە کارە فەڕەنسییەکە (Carmen) لێهاتووانە و مەزنە، بەڵام لە بەرانبەردا کارە ئەڵمانییەکە (مەبەست لەوانەی ڤاگنەر) دەنگ و ئاوازی زۆر بەرزن. ئەمە لێرەدا تێزێکی کتێبی (لەدایکبوونی تراژیدیا) پێچەوانە دەکاتەوە کە تێیدا ئەفسانە ئەڵمانییەکانی بە جیهانێکی تەندرووست ناوزەد کردووە، بەڵام لە بەرانبەردا ئاشکرایی شارستانیەتی فەڕەنسی بە ناتەندرووست باس کردووە. فەیلەسووفی ئەڵمانی (Johann Gottfried Herder) جیاوازيی نێوان کولتوور و شارستانیەتی ناساند و لەو کاتەدا ئەم بابەتە بە هۆی ئەم فەیلەسووفەوە ناودار بوو. لە ڕوانگەی نیچەوە، میلۆديی ڕاستەقینە میلۆدییەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ چێژ بە گوێگر دەبەخشێت و دەستبەجێ ویستی سەما لە گوێگردا دەخوڵقێنێت. جگە لە ئۆپێرای (Carmen)، نیچە نموونەیەکی دیکە نازانێت کە خاوەنی میلۆدییەکی ڕەسەن بێت. بەڵام دەتوانین هاوڕا بین لەوەدا کە ئەو بەشەی ئۆپێراکە بە ناوی (Habanera) جۆرێکی دیکەیە لەو بەشەی ئۆپێرای (The Mastersingers) بە ناوی (Prize Song) ی ڤاگنەره‌وه‌. ئەو بەشە کورتەی (هابانێرا) بە بەردەوامی لە ڕووی ئاوازەوە گەشە دەکات و دواتر لە نیوەیدا بە کۆتاییەک دەگات کە لە بنەڕەتدا کۆتایيی پارچە میوزیکەکە نییە و تەنها وەستانێکی کاتییە و دواتر دووبارە دەست پێ دەکاتەوە وەکوو گەشەکردنێکی نەبڕاوەی میوزیکی، پاشان نۆرەی (دوايين کۆرس) دێت. نیچە مۆتیڤه‌ سەرەکییەکەی ناو کارەکانی ڤاگنەر بە کەمبەها ناوزەد دەکات و بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕییانە بەراوردی دەکات بە چیلکەی ددان-پاککردنەوە. هەروەها نیچە پڕۆسەی میوزیکی ڤاگنەر دەبەستێتەوە بە (داڕووخانی لایەنی ڕیتمی)ییەوە و پێی وایە ڕیتمەکانی بەرەو لەناوچوون دەچن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ستایشی ڤاگنەر دەکات کە توانیویەتی ببێتە هۆکاری سەرهەڵدانی (خوێندنی ڕیتمەکان) وەکوو بابەتێکی ئەکادیمی. لە وتاری (Contra Wagner)دا کە لە ساڵی ١٨٨٨ لە شاری تورین بەشەکانی وتارەکە کۆ کرایەوە، نیچە ڕەخنەکەی لەبارەی ڤاگنەرەوە قووڵتر دەکاتەوە و بەو شێوەیەی نیچە خۆی لێی گەیشتووە، پارچە میوزیکی (میلۆديی ناکۆتا)ی ڤاگنەر وەکوو لێکهەڵوەشانه‌وه‌يێکی ڕیتمی لە میوزیکی ڤاگنەردا باس دەکات، هەروەها دەڵێت ئەم پارچە میوزیکە لە توانيدا نییە بتخاتە سەماکردن. نیچە لە ڕێگەی چیرۆکێکی وێنەییەوە ئەم بابەتە لە کتێبی (کەیسی ڤاگنەر)دا ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: (کەسێک بە پیاسەکردن دەچێتە ناو زەریایەکەوە، وردە وردە توانی بەسەر هەنگاونان و جێگیرکردنی پێیەکانیدا نامێنێت و لە کۆتاییدا بە تەواوی خۆی بە دەستەوە دەدات و لەگەڵ گشت ئاوەکەدا ئاوێتە دەبێت؛ تاکە پارێزگارییەکیش بتوانێت بە کاری بهێنێت مەلەکردنە.) لە میوزیکەکانی کۆنتردا، ئەوەی پێویست بوو گوێگر لەکاتی گوێگرتن لە میوزیکی جیددیدا بیکات، یاخود میوزیکی نەرم و لەسەرخۆ، یان میوزیکی هەستەکيی بەهێز، میوزیکی خێراتر و هێواشتر، تەنها سەماکردن بوو. مامەڵەی پێویست بۆ ئەمە بەردەوامیدانە بە بەشە هاوسەنگەکانی (کات) و (هێز) لە میوزیکدا، هەروەها پێویستی بە (بەئاگابوون)ـی بەردەوامی ڕۆحی گوێگر هەیە. جادووی هەموو میوزیکێکی باش پشتی بەو دۆخە ئارام و هێمنە قاییمە کە بە هۆی (ئاگایی و شەوق و تاسەی میوزیکی)یەوە درووست دەبێت. ڤاگنەر جووڵانەوەیەکی جیاوازتری دەویست. ڤاگنەر چیدی گرنگی بە گریمانەی لەپێشینەیی فیسیۆلۆژيی میوزیکی پێشتر (سەردەمی کۆن) نەدا و به‌ لاوه‌ی نا. بەم شێوەیەش لەم جۆرە میوزیکەدا چیدی پیاسەکردن و سەماکردن نامێنێت، بەڵکوو نوقمبوون و مەلەکردن لەم چەشنەدا بوونی هەیە.

 

Leave a comment