[سڵاوێک لە مامۆستای سینەما یاسوجیرۆ ئۆزۆ]

ڕۆجەر ئیبێرت

لە ئینگلیزییەوە: زانا عوسمان

یاسوژیرۆ ئۆزۆ دەرهێنەرێکی یابانی بوو کە بەر لە ٣٠ ساڵ کۆچی دوایی کرد [ئەم وتارە ساڵی ١٩٩٣ بڵاوکراوەتەوە]. لە ساتی مردنیدا، ئۆزۆ لە دەرەوەی یابان دەرهێنەرێکی نەناسراو بوو، لە یابانیشدا ناوبانگێکی سنوورداری هەبوو. وەلێ گەر ئەمڕۆ ڕاپرسییەک لە نێوان ڕەخنەگرانی فیلمدا ئەنجام بدەین و لێیان بپرسین کە کێ گەردوونیترین و خۆشەویستترینی نێو هەموو دەرهێنەرەکانە، ئەوا یاسوژیرۆ ئۆزۆ لە لووتکە یان نزیکی لووتکەی لیستەکەدا خۆی دەبینێتەوە، لە پاڵ دەرهێنەرانی وەک جین ڕینوار، ئۆرسۆن وێڵس و ئەلفرێد هیچکۆکدا.

سەرەڕای ئەوەش ئۆزۆ وەک ئەو دەرهێنەرانەی تر باش نەناسراوە، ئەمەش ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە تەنها پاش مەرگی ئۆزۆ فیلمەکانی ئەو لە خۆرئاوادا ناسران. گەر هێشتا بە کارەکانی ئاشنا نیت، ئەوا ئێستا دەرفەتی ئەوەت هەیە تا بە هوونەرمەندێک ئاشنا ببیت کە ڕەنگە زۆر لە دڵتەوە نزیک ببێتەوە و ببێتە یەکێک لە پێوەرەکانت [بۆ هەڵسەنگاندنی فیلم]. چیرۆکەکانی ئۆزۆ هەموویان زۆر سادەن. ژنێکی لاو ئاگاداری باوکە بێوەپیاوەکەی دەبێت و باوکیشی دەخوازێت کچەکەی هاوسەرگیری بکات و ژیانی خۆیی هەبێت. دایکوباوکێکی بەتەمەن دەچنە دیداری منداڵەکانیان لە شارێکی گەورەدا و پێشوازییەکی بێسەروبەرەیان لێ دەکرێت. ڕابەری تیپێکی هوونەریی ئەکتەرانی گەڕۆک دەگەڕێتەوە شارۆچکە گچکەکەیان کە ساڵانێک پێشتر لەوێ منداڵێکی بووە. دوو کیژۆڵەی هەرزەکار پلان دادەنێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی دایکووباوکیان بۆ بەشوودانیان بە شێوازێکی نەریتیانە.

ئێمە وا ڕاهێنراوین بە زاراوەگەلی وەک “فیلمی بیانی” بیر بکەینەوە، وەک ئەوەی بەهاکانیشیان هێندەی زمانەکەیان نامۆ بێت. لەگەڵ ئۆزۆدا، بابەتەکە بەو چەشنە نییە. زستانی پێشوو زنجیرە وانەیەکم دەربارەی مەزنترین فیلمەکانی هەموو سەردەمەکان وتەوە، ئەو فیلمانەی هەموو دە ساڵ جارێک لەلایەن گۆڤاری (دیمەن و دەنگ)ەوە لە ڕاپرسییەکی نێودەوڵەتیدا هەڵدەبژێردرێن. یەکێک لەو فیلمانە “چیرۆکی تۆکیۆ”ی ئۆزۆ بوو. زۆرینەی خوێندکارانی پۆلەکە پێشتر فیلمی ئۆزۆیان نەبینیبوو، هەروەها تامەزرۆی بینینیشی نەبوون، هەر بۆیە بە گڕوتینی کاردانەوەکەیان سەرسام بووم. لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکانی چیرۆکی فیلمەکەی ئۆزۆدا، کە چیرۆکی ئەو ژن و پیاوە پیرەی دەگێڕایەوە سەردانی منداڵەکانیان دەکەن و بە شێوەیەکی دروست بەڵام بێسەروبەرە پێشوازیان لێ دەکرێت، سەرەتا بێدەنگییەکی سەرتاسەری لە نێو بینەرەکاندا باڵی کێشابوو، وەلێ وردە وردە دەنگی هەناسەیانم دەبیست. کاتێکیش فیلمەکە دوایی هات و گڵۆپەکان هەڵکران، ئەوە ڕوون بوو کە زۆرێک لە بینەرەکان بە ئەزموونێکی سۆزەکی تووندا تێپەڕیبوون. پاش چەند حەفتەیەک، کاتێک زنجیرە وانەکە دوایی هات، کۆدەنگی لەسەر ئەوە بوو کە هیچ کام لە “فیلمە مەزنەکان”ی دیکە لەڕووی کاریگەری سۆزەکییەوە نەدەگەیشتنەوە بەوەی ئۆزۆ.

لەم بابەتەدا تەوسێک هەیە، چوونکە بۆ ساڵانێکی زۆر ئۆزۆ لەلایەن دەسەڵاتدارانی سینەمای یابانییەوە وەک سینەمایەکی “زیاد لە پێویست یابانی” تەماشا دەکرا تا بۆ بینەرانی خۆرئاوایی شیانی تێگەیشتن بێت. یەکێک لە مەزنترین پسپۆڕانی فیلمی یابانی دۆناڵد ڕیچای-ی ئەمریکییە کە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لە تۆکیۆ ژیاوە. کاتێک لە ساڵی ١٩٦٢ دا پێشنیاری دانانی بەرنامەیەکی تایبەت بە فیلمەکانی ئۆزۆ لە فیستیڤاڵی ڤینیسیا دەکات، تەنانەت لەلاین بڵاوکارەکانی فیلمەکانی ئۆزۆشەوە سارد دەکرێتەوە، کە لەوە دەترسان فیلمەکان لە چاوی بینەرانی نا-یابانیدا باش نەکەوێتەوە. بە بۆچوونی ئەوان، سەرکەوتنی دەرهێنەرانی وەک ئاکیرا کۆرۆساوا لە وڵاتانی دەرەوەی یاباندا دەکرا ڕوون بکرێتەوە، چوونکە فیلمەکانی ئەو زیاتر بەڕۆژئاواییبوو بوون؛ بۆ نموونە، چیرۆکی سامووراکانی زۆر بە ئاسانی لەلایەن هەوادارانی فیلمی وێسترنەوە وەردەگیران.

ڕیچای لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو، فیلمەکانی ئۆزۆش لە فیستیڤاڵی ڤینیسدا لە پێشوازییەکی پڕجۆشوخرۆشدا چەپڵەڕێزان کران. ساڵێک پاشتر ئۆزۆ دەمرێت. دواین فیلمی بریتی بوو لە “دوانیوەڕۆیەکی پایز (١٩٦٢)”. وەک زۆرینەی فیلمەکانی دیکەی، ئەمیش درامایەکی نێوخۆیی بوو دەربارەی هەندێک گۆڕانی بچووک و هەستگەلی قووڵی لەچاڵنراو لەلایەن کەسانێکەوە کە پێکەوە دەژین و باش یەکتری دەناسن. ئۆزۆ لە ساڵی ١٩٠٣ دا لە تۆکیۆ لەدایک دەبێت و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا لە پیشەسازی فیلمدا دەست بە کار دەکات، ئەویش پاش سەرنەکەوتنی لە بواری خوێندندا (ئۆزۆ خوێندکارێکی ناڕێکوپێک بووە). یەکەمین فیلمی وەک دەرهێنەر لە ساڵی ١٩٢٧ دا بوو، لە ماوەی نێوان ئەو ساڵە و ساتی مردنیدا ٥٤ فیلمێکی دروست کرد، کە زۆرینەیان دەربارەی بابەتگەلی ژیانی نێوخۆیی بوون.

لەو ساڵانەدا کە ئۆزۆ سەرقاڵی فێربوونی پیشەکەی بوو، پیشەسازی فیلمی یابانی لە جیهاندا بێهاوتا بوو، لەو ڕووەوە کە نەریتی تایبەت بە خۆیی هەبوو بۆ فرەیمینگ و ڕێکخستنی گرتەی فیلمەکان. بەشەکەی تری جیهان لەسەر هەندێک نەریت ڕێک کەوتبوون. بۆ نموونە،  کاتێک ئێمە گرتەی کلۆزئەپی دوو کەس دەبینین و تێیدا یەکێکیان بە ئاڕاستەی لای چەپی شاشەکە سەیر دەکات و ئەوی تریان بەرەو لای ڕاست، بەوە ئێمە وا گرتەکان لێک دەدەینەوە کە دوو کارەکتەرەکە سەیری یەکتر دەکەن.

لە سەرەتای سینەمای یابانیدا، ئەم نەریتی هێڵی چاوە یەکتر بڕە پەیڕەو نەدەکرا، هەرچەندە هەموو دەرهێنەرە یابانییەکانی تر لە کۆتاییدا چوونە سەر نەریتی ڕێکخستنی ڕۆژئاوایی، ئۆزۆ هەرگیز ئەوەی نەکرد. لە کاتی گفتوگۆدا، کارەکتەرەکانی بەزۆری وا دەردەکەون کە تەماشای یەکتر نەکەن (ئەمە تایبەتمەندییەکی یابانییانە، بەوپێیەی ئەوان خۆیان لەوە بەدوور دەگرن ڕاستەوخۆ لەچاوی یەک بڕوانن). بە زۆری، کارەکتەرەکان لە کاتی قسەکردندا لە تەنیشت یەکدا دەوەستن و هەردووکیان سەیری خاڵێکی دوور دەکەن.

تایبەتمەندییەکی تری ئۆزۆ جێگیرکردنی کامێرایە. لە زۆرینەی فیلمەکاندا کامێرا لە ئاستی چاوی کەسێکدایە کە بەپێوە وەستاوە. بەڵام ئۆزۆ بەگشتی کامێرا لە ئاستی چاوی کەسێکدا دادەنێت کە بە چیچکانەوە لەسەر زەوی لە شێوەجەستەیەکی نەریتیی یابانیدا دانیشتووە. ئەو وای دەبینێ کە کەسێکی یابانی لە ڕوانگەی ئەم شێوە دانیشتنەوە جیهان دەبینێت. ئۆزۆ هەندێک تایبەتمەندی جیاکەرەوەی تری هەیە کە وا دەکات فیلمەکانی هەستێکی تایبەت و جیاکەرەوەیان هەبێت. بەگشتی ئۆزۆ پێش ئەوەی کارەکتەرەکان بێتە ناو فرەیمەکەوە دەست بە گرتەیەک دەکات، یان گرتەکە بەردەوام دەبێت پاش ئەوەی کارەکتەرەکان فرەیمەکە جێ دەهێڵن. ئەمەش وامان لێ دەکات هەستێکی تایبەتمان هەبێت بە شوێن و کات و ئەو بێدەنگییەی دەوری کردارەکان دەدات. ئەمەش سەربەخۆیی دەرهێنەر لە کارەکتەرەکان ڕادەگەیەنێت؛ پێویست ناکات بۆ هەموو شوێنێک شوێن کارەکتەرەکان بکەوێت، بەڵام دەتوانێت پێشبینیان بکات، یان لەدوایانەوە بمێنێتەوە. لە هەر فیلمێکی ئۆزۆدا، کردارەکە بە شتێک کۆتایی پێ دەهێنرێت کە پێی دەوترێت “گرتەی پاڵپشت (pillow shots)”، کە بریتییە لە گرتەی وردەکارییەکی دەرەکی، وەک شوێنەواری دووکەڵ، کاخەز، یان درەخت و هەورەکان. ئەمەش هاوکارە تا دەست بەسەر ڕیتمی فیلمەکەدا بگرێت، هەروەها ئیلهامی ئەم گرتانەش “وشەی پاڵپشت (pillow words)”ە لە شیعری یابانیدا کە بۆ هەمان مەبەست بەکار دێن.

ئۆزۆ بەخۆشحاڵییەوە دەخوازێت کە لەڕووی بینینەوە “سنوورەکە ببەزێنێت”-شتێک لای دەرهێنەرانی خۆرئاوایی تابۆیە. ئەمەش بەو مانایە دێت کە پاش ئەوەی ئۆزۆ خاڵێکی ڕوانین بۆ دیمەنێک دادەنێت، بەلایەوە ئاساییە بە گۆشەی ١٨٠ پلە کامێرا بسوڕێنێتەوە بێ ئەوەی هیچ گرتەیەکی ناوبەینمان بداتێ تا ئاڕاستەمان بکات، بۆ ئەوەی ئەو کارەکتەرانەی کە لای چەپ بوون بچنە لای ڕاستەوە و بە پێچەوانەشەوە. بۆ هاوکاریکردنمان لە خوێندنەوەی ئەم گرتانەدا، ئۆزۆ بەگشتی شتێک دەخاتە بەشی پێشەوە (کترییەکی سووری بچووکی بەرچاو تایبەتە بە ئۆزۆ)، بەم جۆرە لە گرتە پێچەوانەکاندا لەڕێگای بینینی شتەکە لە لاکەی تری شاشەکەدا، ئێمە تێدەگەین لەڕووی بینینەوە چی ڕووی داوە.

ئەم کەرەستانەی پەیوەست بە بینینەوە زۆر بە وردی پێکەوە چنراون تا وا لە فیلمی ئۆزۆ بکەن لە فیلمەکانی تر جیاواز بێت. کاتبەندی، پێکەوەنان و تەکنیکەکان شێوازێکی تایبەت چێ دەکەن، هەربۆیە کاتێک دەچینە نێو فیلمێکی نوێی ئۆزۆوە، ئێمە هەر زوو تێبینی دەکەین کە ئێمە لە دەستی دەرهێنەرێکداین کە بە ڕێگای تایبەتی خۆیدا دەڕوات.

بەڵام گەر ئۆزۆ لەڕووی ستایلەوە دژەباو بێت، چیرۆکەکانی سادە و ڕوون ئینسانین. ئۆزۆ بەردەوام لەگەڵ هەمان ئەکتەراندا کار دەکات، زۆرجاریش گێڕانەوەی جیاوازی هەمان چیرۆک دروست دەکاتەوە. ئاماژە بەردەوامەکان بە وەرزەکان-بەهار، پایز-ڕەنگدانەوەی قۆناغيکانی ژیانی کارەکتەری سەرەکین. زۆرینەی فیلمەکانی ڕەش و سپین و چەند فیلمێکی ڕەنگداریشی هەیە.

خۆشویستنی فیلم بەبێ خۆشویستنی ئۆزۆ ڕێی تێ ناچێ. کاتێک تەماشای فیلمێکی دەکەم، سەرسامم بە ئامادەیی ئەو لە پشتی هەموو دێڕێکەوە، لە پشتی هەموو جووڵەیەکەوە. هەروەک شکسپیر، ئۆزۆش لە ڕێگای کارەکتەرەکانییەوە هەناسە دەدات، کاتێک سەیری چەند فیلمێکی دەکەیت، وا هەست دەکەیت کە دەبێت ناسیبێتت. ئەوەی نامۆ دەردەکەوێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەردەمانێک فیلمەکانی وا دەبینرا وەک ئەوەی زیاد لە پێویست یابانی بێن تا لە خۆرئاوا نمایش بکرێن، ئەوەیە کە وا هەست دەکەیت کارەکتەرەکانیت ناسیوە، هەر وەک ئەوەی هەندێکیانت بە درێژایی هەموو ژیانت ناسیبێت.

Leave a comment