[ئۆزوی بێدەنگ-سێدرامای تاوانکای]

نووسین: مایکڵ کۆرسکی

لە ئینگلیزییەوە: ژیر دانا

 

ئاژاوەچییە باش و نەرمونیانەکان

مۆڕەی پیاوەکان لەژێر کڵاوە یابانیەکانیانەوە، نوکتە و گاڵتەی لەشفرۆشی ناو باڕەکان، چەتەی ماسکپۆش و هێرشەکانیان بۆ سەر بازرگانە بێئاگاکان. هیچ کام لەمانە لەناو فیلمەکانی یاسوجیرۆ ئۆزودا نابینرێن. ئۆزو کە خاوەنی نزیکەی ٥٠ فیلمە، بەوە ناسراوە کە کارەکانی پوختن و لە هەمان کاتیشدا، ورد و دووربینن. وە بەشی زۆریان باس لە بارودۆخی خێزانە یابانیەکان لە سەردەمی دوای جەنگدا دەکەن. بۆ نموونە لە فیلمەکانی کۆتایی بەهار ١٩٤٩ وە چیرۆکی تۆکیۆ ١٩٥٣.

 

لە سەرەتای سییەکانی تەمەنی و لە دەیەی یەکەمی کارکردنیدا، ئەو ببوو بە یەکێک لە دەرهێنەرە جێگیرەکانی ستۆدیۆی شۆچیکۆ و فیلمی بێدەنگی بۆ دروستدەکردن، لەسەر ژانرای جیاواز. لە فیلمەکانی ئەو سەردەمەیدا، سێ فیلمی لە ژانرای تاوان بووە لە دەوری ژیانی تاوانباردا دەسووڕانەوە. ئەو سێ فیلمە لەکاتێکدا دروستکران، کە یابان لەژێر کاریگەرییەکی گەورەی سینەمای ئەمریکادا بوو. ئەوەیش بەهۆی ئەو فیلمە ئەمریکیانەوە بوو کە لەناو یاباندا نماییش دەکران. بۆ نموونە فیلمەکانی ڕۆیشتن بەدڵخۆشیەوە ١٩٣٠، هاوژینەکەی ئەو شەوە ١٩٣٠، کچی تۆڕ ١٩٣٣. ئەم فیلمانە لەژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی ئەو ڕەوتەی سینەمادا بوون کە بە میلۆدرامای بەهێز و پیشاندانی تاوانی زۆر ناسرابوون و لە ئێستادا بە فیلمی نوار ناوزەند دەکرێن.

لەو سێ فیلمەی ئۆزودا بەپێچەوانەی فیلمەکانی دواتری، جووڵەیەکی زۆری کامێرا دەبینرێت. لەپاڵ سەرنج بۆ سەر شوێنی ڕووداوەکان (کە بەزۆری پیشاندانی ئەو دیوارانە دەگرێتەوە کە پۆستەری فیلمی ئەمریکیان پێوەیە). ئەم ناسەرەوانە لە فیلمەکانی دواتری ئۆزودا نابینرێن و لەواندا، جووڵەی کامێرا و مامەڵەکردن لەگەڵ شوێندا وردبوون و وریاییەکی زۆریان لەپشتەوەیە. بەڵام سەرەڕای ئەمانەیش، هێشتا گەرمی، گاڵتەئامێزی، لەگەڵ هەستیاریەکی زۆر بەرامبەر بە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان لەو سێ فیلمەدا بوونیان هەیە و وادەکەن کە ئەم سێ فیلمەیش، وەکو کاری ئۆزو بە زوویی بناسرێنەوە.

لەناو دەرهێنەرەکانی ستۆدیۆی شۆچیکۆدا، ئۆزو نزیکترین دەرهێنەربوو لە سینەمای ئەمریکی. بگرە هەندێکجار هەمان تێمای فیلمە ئەمریکیەکانی لەناو کارەکانی خۆیدا بەکارهێناوەتەوە. بۆ نموونە لە یەکێک لە فیلمە ونبووەکانی ساڵی ١٩٢٧ بەناوی شمشێری پەشیمانی، ئۆزو سوودی لە چیرۆکی فیلمێکی ئەمریکی وەرگرتبوو کە لەناو گۆڤارێکی سینەماییدا خوێندبوویەوە. چیرۆکەکەیش لەسەر تاوانبارێک بووە، کە پەشیمان دەبێتەوە لە تاوانەکانی. دوای ئەم فیلمە لە تێمای تاوان دادەبڕێت و هەتا دروستکردنی فیلمی ڕۆیشتن بە دڵخۆشیەوە ناگەڕێتەوە سەری. ئەم فیلمە کۆکراوەی ژانراکانی دراما، تاوان، سەرنجڕاکێشە و کەمێکیش لە کۆمیدیای لەخۆگرتووە و لەناویدا هەموو ژانراکان پێکەوەبەستراون. هەبوونی ژانرای کۆمیدیا و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئەم ژانرایانەی دیکەدا، چاوەڕوانکراوبووە لە ئۆزو. بەوپێیەی کە پێشتر لەژێر کاریگەری تادامۆتۆ ئۆکوبۆدا بووە، کە کۆمیدیکارێکی بەناوبانگ بووە و خۆیشی کاری کۆمیدی زۆر هەبووە.

ڕۆیشتن بەدڵخۆشیەوە فیلمێکە کە بە خێرایەکەی و تاقیکردنەوەی زۆر لە کامێرادا، لەگەڵ جووڵەی کەسایەتیەکان دەناسرێتەوە (کە جووڵەی رێکخراو و سەمائاسایان هەیە). یەکەم دیمەنی فیلمەکە دەبێت بە دەستپێکێکی نایاب و سەرنجڕاکێش و لە سەرەتادا، کامێرا دەجوڵێت و کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی وەستاو پیشان دەدات کە لە نزیک بەندەری کەشتیەکانەوە وەستاون. دواتر کە کامێرا دەوەستێت، کۆمەڵێک خەڵکی زۆر بەرەو هەمان ئەو شوێنە ڕادەکەن کە کامێراکەی لێوە هاتبوو. ئەم داینامیکە بەهێزە، هەر لە یەکەم دیمەنەوە دروستدەبێت.

لەم دیمەنەی سەرەتادا خەڵکەکە بە شوێن دزێکدا ڕادەکەن و دەیانەوێت بیگرن. ئەو دزە دەستە ڕاستی چەتەیەکە بەناوی کێنجی، کە بە کێنی چەقۆ ناسراوە. هەرچەندە ئەو نازناوە، کێنجی وەک کەسێکی ترسناک دەردەخات، بەڵام ئەو لەڕاستیدا کەسێکی نەرمە و زۆر بە قورسیش کەوتووەتە داوی خۆشەویستی کچێکەوە بەناوی یاسویی. کێنجی لە سەرەتادا وادەزانێت کە یاسویی کچێکی دەوڵەمەندە. چونکە لەکاتی کڕینی مستیلەیەکی ئەڵماسدا بینیبووی. بەڵام دواتر دەردەکەوێت کە یاسویی هەژارە و لەگەڵ دایکیدا دەژی. وە ئەو مستیلەیەشی، بۆ بەڕێوبەرەکەی کڕیوە نەک بۆ خۆی. بەڵام خۆشەویستیەکەی کێنجی هەر بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئاستی ئەوەی کە واز لە تاوانکاری بهێنێت و هەموو شتێک بکات بە قوربانی بۆ یاسویی. ئاشكرایە کە زۆربەی فیلمە تاوانکارییەکان گرینگیەکی زۆر بە لایەنە درامی فیلمەکە نادەن. بەڵام چیرۆک و کارەکتەرسازی لەم فیلمەی ئۆزودا، توانای مامەڵەکردنی ئەو دەردەخەن لە پیشاندانی دراما و چیرۆک گێڕانەوەدا. وە وێنە دوور و مامناوەندەکان، لەپاڵ شوێنکەوتنی بەردەوامی کامێرا بەدوای کەسایەتیەکان بەجۆرێک پەیوەندی نێوان کەسایەتیەکانمان بۆ دەردەخەن کە هیچ دایەلۆگێک توانای نەبێت بەو جۆرە ئەو پەیوەندیە دەربخات.

 

دزێک لە شەودا

دوای سەرکەوتنەکەی ڕۆیشتن بە دڵخۆشیەوە، ئۆزو بەردەوام بوو لە دروستکردنی فیلمی هاوشێوە، واتا کۆمیدیای ڕاستەوخۆ. دەرنەچووم، بەڵام.. ١٩٣٠ فیلمێکی دیکەی هاوشێوەی ئۆزوە. لەم فیلمەدا ئەکتەری بەناوبانگ چیشو ڕیو بۆ یەکەمینجار لە فیلمێکی ئۆزودا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. چیرۆکەکەیشی لەسەر خوێندکارێکی زانکۆیە. دوای ئەو فیلمە ڕاستەوخۆ و لە هەمان ساڵدا فیلمێکی دیکەی دروستکرد کە زیاتر بەرەو دیوێکی تاریک دەچوو وەک لە کۆمیدیاکەی پێشتر. ئەو فیلمەیش هاوژینەکەی ئەو شەوە بوو. چیرۆکەکەیشی دەربارەی پیاوێک دەبێت کە ناچار بە ئەنجامدانی کاری ترسناک و خراپ دەبێت. ئەم فیلمەیان لە چاو فیلمە تاوانیەکەی پیشتریدا، تاریکیەکی زیاتری پێوەدەبینرێت. چیرۆکی فیلمەکەیش لەلایەن سینارستەکەی ئۆزوەوە، لە چیرۆکی نووسەرێکی ئەمریکی بەناوی ئۆسکار شیسگڵەوە وەرگیراوە و کراوە بە سیناریۆی فیلمەکە. هەرچەندە سەرەتای فیلمەکە سەرەتایەکی تاریکە و بەباشی دەچێتە قاڵبی نوارەوە، بەڵام دواتر تێما درامیەکان دەردەکەون بەتایبەت تێمای خێزان، ئەو تێمایەی کە دواتر بۆ هەمیشە لەگەڵ ئۆزودا دەمێنێتەوە.

 

لە فیلمی هاوژینەکەی ئەو شەوەدا، ئۆزو هەر لە دیمەنەکانی سەرەتادا بینەر دەخاتە ناو شەوێکی تاریکەوە. سەرەتا پاسەوانێک دەبینین کە خەریکی چاودێریکردنی چەند ئامێرێکە. دواتریش دزێک بەناوی شوجیەوە دەبینین کە خەریکی دزیکردنە لە یەکێک لە نووسینگەکانی ئەو ناوچەیە. ئەو ڕووناکیەی کە بەکارهێنراوە لەم سەرەتایەدا، ڕاستەوخۆ ئەو هەستە بە بینەر دەبەخشێت کە سەیری فیلمێکی کلاسیک و باوی تاوانکاری دەکات. ئۆزو دیمەنی سێبەری تاوانبارەکەیشی بەکارهێناوە کە چۆن بە هێواشی بەلای شووشەکاندا دەڕوات. ئەم جۆرە دیمەنە زۆر باو بووە لە فیلمە تاوانکارییەکانی ئەو کاتەدا. دواتر شوجی بە خۆی و پارەیەکی زۆرەوە دەچێتەوە سەر شەقامەکە و دەیەوێت شوێنەکە جێبهێڵیت. بەڵام لەناکاو ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس ئامادەدەبن. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە شوجی لەو جۆرە تاوانبارانە نییە کە توانایەکی زۆری ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی تری هەبێت. ئەو کەسێکی هەژارە کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بەردەوام لە هەوڵی پەیداکردنی پارەی دکتۆرن، بۆ کچە نەخۆشەکەیان. کچەکەیان ئەوەندە نەخۆشە، کە پێناچێت ژیانی لە شەوی دزیکردنەکە زیاتر بڕبکات. باوکەکە خۆی لە پۆلیسەکان ڕزگاردەکات و دواتر لە کابینەیەکی تەلەفۆندا، دەچێت قسە لەگەڵ دکتۆری کچەکەی دەکات. لەو کاتەدا زنجیرە دیمەنێکی شوجی دەبینین کە چۆن لە شەرمدا ڕووخساری خۆی دەشارێتەوە بە دەستەکانی.

 

بەشی زۆری ڕووداوەکانی دواتر، لەناو ماڵێکدا ڕوودەدەن. زۆربەی ئەو ڕووداوانە دەکەونە کۆتایی هەمان شەو و بەیانی ڕۆژی دواتر، کە تیایدا شوجی و هاوسەرەکەی بەجۆرێک هەوڵی ئەوە دەدەن لەو لێکۆڵەرە ڕزگاریان ببێت، کە خەریکە ئاشکرایان دەکات. ئەو سنوورداربوونەی کات و شوێن لەناو فیلمەکەدا، هەستێکی شانۆییانە بە بینەر دەبەخشێت هاوشان لەگەڵ جووڵەیەکی سینەمایی. ئۆزو دواتر لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم فیلمە ئەوەی ڕاگەیاند کە بەردەوام لە قەلەقیدا بووە بەهۆی بچووکی سێتەکەیەوە و ئەو ماوەیە، نەیتوانیوە بەباشی بخەوێت نەهۆی قەلەقیەکەیەوە. ئەم سنوورداربوونی شوێن و قەلەقیەی خۆی، دواتر ئێستاتیکایەکی بێهاوتایان لێدروستبوو. ئێستاتیکایەک کە سەرەڕای قەلەقی، هێز و متمانە و توانایەکی تایبەتیان بە ئۆزو بەخشی. هەموو ئەمانەیش دواتر بوون بە واژووی سینەماکەی و ئۆزویان وەک مامۆستای بەکارهێنانی سێتی بچووک و سنووردار ناساند. شایەنی باسە کە لەم فیلمەدا بچووکی سێتەکە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە جووڵەی بەردەوام بە کامێراکەی نەکات. سەرەڕای بچووکی ئاپارتمانتەکەی شوجی، ئەو ‌هێشتا دەتوانێت بەجۆرێک دیمەنەکان پیشان بدات، کە هەستی بینینی کەسێکی شپرزە و تاوانبار پیشانی بینەر بدات.

 

فیلمی هاوژینەکەی ئەو شەوە ئاگاییەکی کۆمەڵایەتی لەخۆیدا هەڵگرتووە کە نەک تەنها لە فیلمە سەرەتاییەکانی ئۆزودا، بەڵکو لە زۆرینەی فیلمە یابانیەکانی ساڵانی سییەکاندا هەبووە. بە هەمان شیوەی هونەر و ئەدەبی یابان، سینەمایش لەو کاتەدا توانیویەتی دەرخەرێکی ڕاستەقینەی دۆخی مرۆڤەکانی یابانی ئەو سەردەمە بێت، بەتایبەت لە ڕووی قەیرانی ئابووریەوە. ئەو دۆخەی کە لە بەشی زۆری جیهاندا بەهەمان شێوە بووە و بە خەمۆکیە گەورەکە ناسراوە. بەشی زۆری فیلمەکانی ئەو کاتەی ئۆزو، بەهەمان شێوە بوون. لە نموونەی ئەو فیلمانەیش: ژیانی فەرمانبەرێکی نووسینگە ١٩٢٩، بەختی لەدەستچوو ١٩٣٠، کۆرسی تۆکیۆ ١٩٣١. لەوانەیە زۆربەی ئەم فیلمانە تاوانبارێکی لەخۆی گرتبێت و چیرۆکەکە زۆربەی لەسەر ئەو بێت. بەڵام تێمای ڕاستەقینەکەیان بریتیە لە هاوسۆزی خەڵک لەگەڵ یەکتری.

 

کۆتا کار

ئەگەر بینەرێكی ڕۆژئاوایی سەیری هاوژینەکەی ئەو شەوەی بکردایە، ئەوا بەبێ گومان پۆستەرەکانی کلارا بۆو، جۆن کرۆفۆرد و واڵتەر هیوستنیان دەناسیەوە، کە بە دیوارەکاندا هەڵواسرابوون. لە فیلمی کچی تۆڕدا کە لە ساڵی ١٩٣٣ دروستیکرد، ئەم دەرخستنی کاریگەرییە ئەمریکیە زیاتر دەبینرێت. پۆستەری فیلمی پاڵەوانی واڵەس بیری، لەگەڵ فلایەری جاک دیمپسی بە دەرگای یانەیەکی بۆکسێنەوە هەڵواسراون. لەگەڵ چەندین پۆستەری دیکە لە سێتینگەکانی تری فیلمەکەدا. ئەم وردەکاریە لە دەرخستنی کاریگەری ئەمریکا بەسەر یابانەوە ڕێکەوت نەبووە، بەڵکوو بەڵگەی ئەو خۆشەویستیە زۆرەی ئۆزوە کە بۆ کولتوور و سینەمای ئەمریکا هەیبووە. پیشاندانی ئەو خۆشەویستیە بەو ئاشکراییەوە، کارێک نییە کە لە ئۆزو چاوەڕوانکراوبێت. بەتایبەت کە لە فیلمەکانی دواتریدا بەتەواوەتی خۆی لەم جۆرە پیشاندانانە دووردەخاتەوە. لەم فیلمەدا جگە لە دیکۆری سێتەکان، لەڕووی جووڵەی کامێرایشەوە جۆرێک لە زیادەڕەوی هەیە کە لە کارەکانی دواتری ئۆزودا نابینرێن.

 

توانای ئۆزو بۆ ناساندنی تەواوی جیهانی ناو فیلمەکە، تەنها لە دیمەنەکانی ناو سەرەتادا، توانایەکی ناوازەیە. سەرەتای فیلمەکە بە پیشاندانی کاتژمێر و هاتنی فەرمانبەراکان دەستپێدەکات. دواتر بەناو شوێنی کارەکەیاندا دەگەڕێت و نووسەرەکان پیشاندەدات کە چۆن خەریکی ئامێری تایپکردنن و کڵاوەکانیشیان لەولایانەوە هەڵواسراون. بەڵام ئەم دیمەنە وەک خۆی نامێنێتەوە و لەناکاو ئۆزو هەموو شتێکت لەبەرچاودا دەگۆڕێت، وەک بڵێیت دیمەنەکانی سەرەتا تەڵەیەک بوون بۆ هەڵخەڵەتاندنی بینەر. چونکە دوای بینینی فەرمانبەرە ئاساییەکان، دەچینە جیهانێکی پشت ئەم جیهانە ئاساییەوە و سکرتێرەیەک دەبینین بەناوی تۆکیکۆوە کە دواتر دەردەکەوێت چەتەیە و کارەکانی خۆی بە شاردراوەیی دەکات. ئەو ئەکتەرەی ڕۆڵی تۆکیکۆ دەبینێت کینۆیۆ تاناکایە، کە دواتر لە بەشی زۆری فیلمەکانی کێنجی میزوگوچیدا دەردەکەوێت. تۆکیکۆ هاوکاری چەتەیەکی دیکەیە بەناوی جۆجی، کە لەناو یانەکانی بۆکسێندا کات بەسەردەبات. جۆجی دواتر کەسێک دەناسێت بەناوی هیرۆشیەوە، کە دەبێت بە هاوکاری. بەشی زۆری چیرۆکەکە لەسەر ئەوەیە کە چۆن جۆجی بەهۆی داوایەکی خوشکەکەی هیرۆشیەوە، ژیانی خۆی و هیرۆشیش دەگۆڕێت.

 

فیلمی کچی تۆڕ بوێرییەکی زۆری تێدا بەکارهاتووە لە بەکارهێنانی تەکنیکدا. فیلمەکە بڕێکی زۆر لە دیمەنی چاوەڕواننەکراو، مۆنتاژکردنی ڕیتمی، گۆڕانی دیمەن لە منداڵێکەوە بۆ زللەلێدان لە مۆسیقاری ناو یانەیەکی شەوانەی تێدایە. هەروەها دووبارەکردنەوەی تەکنیکێکی تایبەتی جۆزێف ڤۆن ستیرنبێرگ لە بەکارهێنانی ڕووناکی و سێبەردا. هەموو ئەمانە یارمەتیەکی باشی بینەر دەدەن کە بەباشی کەسایەتیەکان بناسن و لە ناخ و دەروونیان تێبگەن.

 

 

لە فیلمەکەدا جیاکردنەوەیەکی ڕەها بۆ چەمکەکانی چاکە و خراپە نەکراوە. تەنانەت تۆکیکۆی حەسودیش تەواوی کارەکانی کاردانەوەن بۆ ئەوەی کە خەریکە خۆشەویستەکەی لەدەستدەچێت، نەک ئەوەی کە وەک کەسێکی تەواو خراپ دەربکەوێت. ئۆزو ئەم کەسایەتیە گەنجانە، بە هەمان گرینگیپێدانی دایک و کوڕەکان، باوک و کچەکان پیشان دەدات کە لە فیلمەکانی دواتریدا دەردەکەون. لە کۆتا دیمەنیشدا، دەروازەیەک پیشانی بینەر دەدات کە بەرەو ژیانێکی باشتر دەڕوات. ڕووناکی لە پەنجەرەی ئەپارتمانتێکەوە دێتە ژوورەوە و بەجۆرێک پێمان دەڵێت، کە داهاتوو ژیانێکی باشتری بۆمان داناوە.

 

سەرچاوە:

https://www.criterion.com/current/posts/3532-eclipse-series-42-silent-ozu-three-crime-dramas

 

 

Leave a comment