[یاسوجیرۆ ئۆزو؛ ژاپۆنیترین دەرهێنەری سینەما]

بابک صفری

و: سولی ئۆن

“گریمان بە هیچ جۆرێک بەختەوەر نین” لە فیلمی (بژوێنی پڕ شەپۆل)ەوە.

“تەنیا کڵێشەیەک کە لە دونیای هونەردا بڕوام پێیەتی تەفروتوناکردنی فیلمە هۆڵیودییەکانە. لە وێرانکردنی سینەمای ئەمریکیدا لە هیچ هەوڵ و کۆششێک درێغی ناکەم، تەنانەت ئەگەر ئەم کڵێشەیە بگۆڕێت بۆ کڵێشەی تووڕەکردنی هەمووان”. بابک صفری

لە دونیای درەوشاوە و نەمر و بێسنووری سینەمای ژاپۆندا، یاسوجیرۆ ئۆزو ناوێکی جیاواز و دیار و گەشاوەیە. فیلمسازێکە کە نوسینەکان و بونیادی بەرهەمەکانی لە تەواوی هەڵکەوتە و نابیغەکانی وڵاتەکەیشی جیاواز بووە. ئەو بێدەنگی و بەهێزییەی لە بەرهەمەکانی ئۆزودا دەبینرێت زۆر جیاوازترە لە بەرهەمەکانی دیکەی سینەمای ژاپۆن، کە ڕیتمی بینراوی و بیستراویی بزۆز و خێرا و بەبڕشی؛ تایبەتمەندی دیاری ئەوانە. ئۆزو بۆ سینەماکارانی ئەمریکی-هۆڵیودی ناوێکی نامۆیە، ئەوانەی بۆ بینینی فیلمەکانی هۆڵیود دەڕۆن ناتوانن لەگەڵ سینەمای سادە و مینیماڵی ئۆزودا پەیوەندی بگرن، چونکە پێکهاتەی زهنی ئەوان لەگەڵ وشەکانی ئۆزودا هێندەی زەوی و ئاسمان جیاوازە. پێکهاتە زهنییەکانی بینەرە هۆڵیودییەکان بریتییە لە: دراما، گێڕانەوە، توندوتیژیی، سێکس، شڵەژان، شوێنکەوتن و هەڵهاتن، ئەکشن، مەتەڵۆک و پاڵەوانییەتی. بەڵام سینەمای ئۆزو خوازەیەکی پوخت و بێ ڕتووشە؛ سینەمای تەنیایی، بۆشایی و بێدەنگییە. کامێرای ئۆزو هێمن و پڕ سرەوتە، ئاڵۆزی نابینێت و بینەر لە فیلمدا نغرۆ ناکات، بەڵکو پردێک لە نێوان بینەر و فیلمدا ڕۆدەنێت.

تێمای سەرەکی ئۆزو لە فیلمەکانیدا چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگەیە؛ واتە پەیوەستە بە خێزان و پرسە تایبەتەکانی پەیوەندی نێوان باوکان و فەرزەندانەوە. فیلمەکانی ئۆزو وێنەی چەقی خێزان و کولتوری ژاپۆنی و ستایلی نەریتی ژیانی ژاپۆن لە سەردەمی مۆدێرنەدا نیشاندەدات. لە بەرهەمەکانی ئەودا بەردەوام خێزانگەلێک هەن ڕووبەڕووی پرسە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە، کچانێک کە لەبەر باوکە تەنیاکانیان لە هاوسەرگیری بێبەش دەبن و لە بەرانبەردا باوکیش بەردەوام دەیەوێت تا ئەم لەخۆبوردووییەی کچەکەی بە خۆشەویستی و هۆگری تایبەت قەرەبوو بکاتەوە. پەیوەندییەکانی ئەندامانی خێزان، فەرزەندانێک کە ڕەنگە بەهۆی سەرقاڵی کاری سەرچاوەگرتوو لە دونیای پیشەسازییەوە بەخشینی خۆشەویستی بە دەوروبەرەکەیان و ئەندامانی دیکەش فەرامۆش بکەن، پرسگەلێکی لەم چەشنانە خەم و پەرۆشی بەرهەمەکانی ئۆزون. ئۆزو ستایشکارێکی پڕ جۆشوخرۆشی نەریتەکانی کۆمەڵگای ژاپۆنە. بەردەوام لە فیلمەکانیدا نیشانی دەدات کە چۆن لە کۆتاییدا خێزانەکان لە یەکتری جیا دەبنەوە و دوچاری تەنیایی و فەراغ دەبن. سینەمای ئۆزو سەرئەنجام سادە دەکەوێتەوە، فیگەری بەرهەمەکانی مرۆڤگەلێکی باشن، سەرباری سەرقاڵییەکانیان و هەندێکجار لەبیرکردنی یەکتریش، بە جۆرێکن کە ناکرێت سەبارەت بەوان ڕەشبین بین. ئۆزو هەستیارییەکان دوادەخات، لە هەستیارییە خاو و سەرپێییەکان تێدەپەڕێت و دەچێتە دەرونی مرۆڤەکانەوە و جیهانەکەیان نیشان دەدات.

کامێرای ئۆزو بەردەوام جێگیر و وەستاوە، لە زۆرینەی فیلمەکانیدا جوڵەی کامێرا بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێت، شوێن فرتوفێڵ و گێرمەوکێشە ناکەوێت و بە قورساییەکی تایبەتەوە ڕەفتار و ئاداب و کردەوەی سەنگینی خێزانە ژاپۆنییەکان نیشاندەدات. ئۆزو وەک پارێزەری نەریت و ڕیتواڵەکانی ژاپۆن باسی دەکرێت و بە ژاپۆنی ترین دەرهێنەری دەزانن.

چیرۆک و فیلمەکانی ئۆزو زۆر سادە و ساکارن. ئەو چیرۆکانەی بایەخ بە کێشەی ئەندامانی خێزان دەدات، سیکوێنس”Sequence”ـەکانی درێژ و تولانین و کامێراش بە جۆرێک جێگیر دەکرێت کە دەتوانرێت فیگەرەکان بە شێوازێک ببینرێن وەک ئەوەی لەسەر لباد دانیشتبن. ڕازاندنەوەی دیمەنەکان سادەن و باسی دیکۆری گەورە لە گۆڕێ نییە، هەستەکان نابزوێنرێن و شوێنی تەسویرکردن خاوێنە. ئۆزو لە کۆتایی هەر سیکوێنسێکدا گۆشەی یەکێک لە ژوورەکانی ماڵ نیشان دەدات کە هیچکام لە ئەکتەرەکانی فیلمەکە لەوێدا حزوریان نییە و بە میوزیکێکی تایبەت فەراغ و تەنیایی بۆ ئێمە قوڵ دەکەنەوە و سیکوێنسەکە لەگەڵ نیشاندانی دیاردەیەکی پیشەسازی وەک دوکەڵکێشی ماڵەکان یان کارخانەکان یان هەرشتێکی دیکەی هاوشێوەی ئەمانە پەیوەست دەبێت بە سیکوێنسی دواترەوە. وەک بڵێی ئۆزو وا بیردەکاتەوە کە پیشەسازی هۆکاری ئەم تەنیایی و فەراغەیە. توخمەکانی ستایل لە بەرهەمەکانیدا هاوشێوەی تێماکانیان لەسەر جۆرێک لە فەراغ دامەزراوە. هیچ گێرمەوکێشە و شڵەژانێک لە ئارادا نییە، پلۆت”گەڵاڵە”ی چیرۆکەکە سادەیە، بڕیار نییە کە ڕوداوێکی تایبەت بمانهەژێنێت، لە فیلمەکەدا نغرۆ نابین، تەنیا لەگەڵ چیرۆکێکی سادە ڕووبەڕوو دەبینەوە، بەڵام لەم سادەییەدا دەکەوینە بیرکردنەوەوە. ئۆزو پێی وابوو کە چیرۆکە دراماتیکییەکان دەبێت وەلاوەبنرێن، چونکە هیچ شتێکیان بۆ سینەما پێنییە. بە بۆچوونی ئەو کەسێک کە هەوڵ دەدات لە ڕێگای فیلمەوە کردەیەکی دراماتیکییانە ئەنجام بدات، لە کەسێک دەچێت کە دەکۆشێت مشار لە جیاتی چەکوش بەکار بهێنێت. ئەگەر هونەری دراما ڕێگر نەبێت، سینەما میدیایەکی سەرسامکەر دەبێت.

لە بەرهەمەکانی دیکەی فیلمسازە گەورەکانی ژاپۆندا وەک؛ ماساکی کۆبایاشی، کینجی میزۆگۆجی، ئاکیرا کۆروساوا یان هیرۆشی تیشیگاهارا، ڕیتمێکی خێرا و بەهێز دەبینین. بۆ نموونە لە بەرهەمەکانی کۆبایاشیدا مۆسیقا بە بەهێزی و جوانی تەواوە لە خزمەتی ئامادەکردنی فیلمەکەدایە و خۆیشی جوانی دەخوڵقێنێت، فلاشباگەکان، توخمی دیار و بەهێز و گێرانەوەی ناوازە تایبەتمەندی بەرهەمەکانێتی. کۆبایاشی بە کلۆزئەپی زۆر جوانییەکی بەرچاو لە زیهنی بینەردا دەخاتەبەرچاو. یان لە بەرهەمەکانی میزۆگۆجیدا دیمەنگەلێکی بەرز و دراماتیکی و ئەزموونگەراییەکی ئێجگار بەهێز هەیە. بەڵام فیلمەکانی ئۆزو هیچکام لەم نیشانانەی تێدا نییە. ڕیتمی بەرهەمەکانی ئەو زۆر سست و خاون و کامێرا چەندین کاتژمێر لە گۆشەیەکدا دەمێنێتەوە. ئەوەی فیلمەکە دەباتەپێش سیکوێنسە درێژەکانە، کە زۆربەی جار ئەو دیمەنانە دەگرێت کە کەسانێک لە دەوری مێزێکی نانخواردنی بەیانیانی تایبەت بە کولتوری ژاپۆنی دانیشتوون، گفتوگۆیەکی تولانی و درێژ بەدەم خواردنەوەی مەشروباتەوە کۆی سیکوێنسەکە لەخۆ دەگرێت. میوزیکی فیلم زیاتر لەو دیمەنانەدا بەکاردەهێنرێت کە تەنیایەکی دیار و بەرچاو بۆ بینەر نمایش دەکرێت، وەک کۆتایی ئەو سیکوێنسانەی کە چەند چرکەیەک کامێرا گۆشەیەکی چۆڵی ماڵ دەردەخات. کامێرا زۆرینەی کات لەسەر لباد وەستێنراوە وەک ئەوەی بیەوێت پێمان بڵێت ئێمەش وەک ژاپۆنییەکان دابنیشین و تەماشا بکەین. ڕاوەستانی تەسویر، تا ڕادەی دەرچوونی ئەکتەرەکانیش لە دیمەن و بینینی شتەکانی دیکە، یەکێکی ترە لە تایبەتمەندییەکانی سینەمای ئۆزو. بە دەربڕینێکی تر، مرۆڤەکان بە تەنیشتی شتەکانەوە دەبینرێن و ئەوە تەنیا مرۆڤ نییە کە بەهای هەیە، بەڵکو شتەکانیش لە فیلمەکانی ئۆزودا بە ئەندازەی کەسایەتییەکان نرخ و بەهایان هەیە. لە سینەمای پشتبەستوو بە گرتە و دیمەندا، ئۆزو تەواوی گرێبەست و سنوربەندییەکانی تێکشکاندووە.

لە ڕووی تەکنیکی دەرهێنان و جۆری گێڕانەوەیشەوە “یاسوجیرۆ ئۆزو” ستایل و ڕێبازی تایبەتی خۆی هەیە. گێڕانەوەکان زیاتر بە شێوازی هێڵی و سادە بەرەوپێش دەبرێن و لە قۆناغی هونەری وێنەگرتنیشدا هەواڵێک لەبارەی شوێنگۆڕکێی لە ڕادەبەدەری کامێرا و پێدانی میزانسنە ئاڵۆزەکانی ئەو کارەشەوە لە ئارادا نییە. زیاتر دیمەن و گرتەکان جێگیرن و لە ماوەیەکی زەمەنی تا ڕادەیەک درێژدا گیراون. بە دەگمەن سودیشی لە شوێنگۆڕکێی ئەکتەرەکان و شتەکان وەرگرتووە. سەرباری ئەمانەیش فیلمەکانی ئەو هێندە ئەفسوناوی و هەژێنەرن کە هێشتا لە وێناکردن بەدەرن. تەسویری بەرهەمەکانی لە قوڵایی پانتاییەکی تەواو ڕوون و ڕۆشندان و ڕۆڵی ئەکتەرەکان لە باشترین فۆڕمی گونجاودا ئامادەکراون. لە چەند فیلمێکدا کە بە شێوەی هەمەڕەنگ وێنەگیراون، دەرهێنەر بە شێوازێکی ناوازە لەسەر یەک ڕەنگ؛ بۆ نمونە سور جەختێکی تایبەتی کردووەتەوە.

لە فیلمەکانی ئۆزودا بە دەگمەن دیمەنگەلێکی درشت و زبر دەبینین، کامێرا لە خزمەتی دەربڕینی هەست و سۆزدا نییە. هەروەها لە ڕاگەیشتن بە پرسە لاوەکی و ناپێویستەکانیش دوور دەکەوێتەوە. ئۆزوش بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک برسۆن سینەما بە نیشاندەری شتە زەرورەکان دەزانێت. گرنگترین و شاکاری ئۆزو ڕەنگە فیلمی داستانی تۆکیۆ بێت کە لە ساڵی ١٩٥٣دا بەرهەمی هێناوە. فیلمێک کە باسی دایک و باوکێک دەکات کە بۆ بینینی منداڵەکانیان دەڕۆن بۆ تۆکیۆ، کە لەو شارەدا بوون بە مرۆڤی پیشەسازی، بەڵام سەرقاڵییەکانی دونیای پێشەسازی مۆدێرن دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم دایک و باوکە نەتوانن لە خۆشەویستی منداڵەکانیان بەرخووداربن. لە فیلمەکانی دیکەی ئەو دەتوانین ئاماژە بە  دوابەهار ١٩٤٩ و بەیانیت باش ١٩٥٩ و دوانیوەڕۆیەکی پایزیی ١٩٦٣ بکەین.

زۆر جوان لە فیلمی دوانیوەڕۆیەکی پایزییدا دەڵێت: “تەنیاین، مرۆڤ هەمیشە تەنیایە” وەک دواهەمین قسەی هیرایاما لەم فیلمەدا کە دواهەمین ڕستەیە لە بەرهەمەکانی ئۆزودا؛ “سەرئەنجام تەنیاکەوتم“، تەنیایی ڕازی سینەمای ئۆزووە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

http://1tl6g6dxwnqcomwsgpi601uaqvtv.vxqkz88idtz5hah3t7offskekuzzpzpbhdydvqd4yducyid1ogesk.space/index.php?url=http%3A%2F%2F1tl6g6dxwnqcomwsgpi601uaqvtv.vxqkz88idtz5hah3t7offskekuzzpzpbhdydvqd4yducyid1ogesk.space%2FFilm%2FMajerajouei%2FBlood.Diamond.2006%2FBlood%2520Diamond%2520%282006%29%2520BluRay%2520720p.mkv&vtt=http://1tl6g6dxwnqcomwsgpi601uaqvtv.vxqkz88idtz5hah3t7offskekuzzpzpbhdydvqd4yducyid1ogesk.space/subtitle/Blood.Diamond.2006.1080p.BrRip_.vtt&site_url=https://topmoviez.site/%d8%af%d8%a7%d9%86%d9%84%d9%88%d8%af-%d9%81

Leave a comment