لە ئینگلیزییەوە: هێمن تاهیر
یەکێک لەو شتانەی رەخنەکاران لەبارەی ئۆزو لەسەری دەنوسن بریتییە لە ستایلەکەی، بەتایبەتیش لە پەیوەست بە ستایلی ئاسایی شێوەی هۆڵیودەوە. ئۆزو فیلمە ئەمریکاییەکانی زۆر لا پەسەند بوو، (بەتایبەت کۆمیدیا سەرەتاییەکانی ئێرنست لوبیتش لەگەڵ ستیزن کاین ی بەرهەمی وێلێس) ، پاشان لە فیلمە بەراییەکانی خۆیدا بە تەواوی شوێن ستایل و تەکنیکی هۆڵیود کەوتبوو. بەڵام لە فیلمەکانی دوایدا، پاش جەنگی دووەمی جیهان، بەتوندی کاردانەوەی دژی هۆڵیود هەبوو. کارێكی کرد، کە دەیڤد بۆردوێل وەک ئەلتەرناتیڤی سیستماتیک بۆ سینەمای بەردەوامی هۆڵیود وەسفی دەکات.
بیر لەو هونەرەی ژاپۆن بکەرەوە کە بینیوتە، ئەوپەڕی سادەیی و ئابورییانە، بۆشایی بەتاڵ، نیانی، ستیلسازی، بۆ وێنە ئەو تەختەدارەی ئامێزانی گەشەی هونەری هاوچەرخیان کردووە. ئێستا ئەم کارە چۆن ئەنجام دەدەیت لە سینەمادا، لە فۆڕمێکی ریالیستی هونەریدا، کە چاوی کامێرا تەواوی ئەو شتانە دەگوێزێتەوە کە دێنە بەردەمی؟ دیارە لە ڕێگەی ستایلی چیرۆکی تایبەت، شوێنی کامێراو، جوڵە، لەگەڵ دەستکاری و مۆنتاژەوە”
ستایلی دانسقەو ئێکزۆتیکی ئۆزو لە فیلمسازیدا، ناوەندێکی نائاسایی و نائابوری دروستکردووە، پێکدێ لە نەریتی بەها ژاپۆنییەکان و لەمەڕ سادەیی و ئابورییانە. لە ماوەی دوایی کارکردنیدا، پاش جەنگی دووەمی جیهان، ئەو دەمەی فیلمەکانی وەک شاکار تەماشا دەکران، ئەو هات پلان و چیرۆک گێڕانەوەی لە فیلمدا رەتکردەوە. بۆ نمونە لە بەرهەمی بەهاری درەنگوەختدا کەمترین چیرۆک هەیە،: باوکەکە دەیەوێت ژن بهێنێت بۆ ئەوەی کچە ۲۷ ساڵانەکەی شوو بکات، ئەوە تەواوی چیرۆکەکەیە. لە بەرهەمی سەرەتای هاوین خێزانەکە لەسەر مێردی داهاتووی کچەکەیان سازن، بەڵام کچە خۆی بژاردەیەکی تری هەیە. لە چیرۆکی تۆکیۆ دا، خێزانێکی بەساڵاچوو سەردانی مناڵە پێگەیشتووەکانیان دەکەن، کەچی ئەم سەردانە ئاکامی خراپی دەبێت. ئەم فیلمانە کورتبڕی تەواون. هیچ فڕکان فڕکانی ئۆتۆمبێل، شەڕە تەقە یان شەڕە شمشێری ساموڕای تێدا نیە.
ئەوی لەگەڵ ئۆزو باسی لێوە دەکرێت گێڕانەوەیە، شێوازی تایبەتی دواتریەتی. بۆئەوەی بەم شێوازە بگات، هات سیناریۆکانی پاش جەنگی دووەمی جیهانی نوسی، لەگەڵ هاوکاری دڵخوازیدا، کۆگۆ نۆدا، هاوزەمان سکێچ و سەرەنجی وردی لەسەر ئامادە کردو داڕشت. گەشتە ئەو جێیەی کە ئیتر دەیزانی چی دەوێت، پاشان کارەکانی جوان ڕونیدەکردەوە بۆ ئەکتەرو وێنەگرە هەمیشەییە سینەماییەکەی، یوهارو ئاتسوتا. خۆی شوێنی تەواوی ئەکتەرەکانی دیاری دەکرد، ، کامێراکانی دادەنا، پاشان دەستی بە وێنەگرتن دەکرد.
دیارە ئەو زانیارییەکانی زۆر بە ڕۆشنی دەگەیاند و بەش دەکرد. کاراکتەرەکان لە گفتوگۆی روداوەکاندا کە دەقەومێن یان پاشتر دێنە کایەوە، ئاماژەیان بۆ دەکرێت، بەڵام روداوەکان خۆیان نایەنە پێش. ئێمە هەرگیز نۆریکۆ نابینین کە دەبێت لە فیلمی بەهاری درەنگوەخت و سەرەتای هاویندا ژن بهێنێ. ئەم پچڕ پچڕییە زیاتر لە چیرۆکی تۆکیۆدا رەنگ دەداتەوە، لەوێ ئێمە نابینین خانەوادەکە سەردانی کوڕەکەیان لە ئۆساکا بکەن، ناشبینین دایکەکە نەخۆش بکەوێت. بەم چەشنە ئۆزو پەلکێشمان دەکات بۆ ناو روداوەکان تا راڤەی خۆمان بۆ کردارو هەڵسوکەوتەکان هەبێت. ئەو پتر سەرەنجی لەسەر ئەوەیە کە کارەکتەرەکان چۆن مامەڵە لەتەک روداو دەکەن نەک ڕوداوەکە خۆی. لێرەش دیسانەوە دژبەری کڵێشەی نوسراو دەوەستێتەوە.
وێنەگرتن؛ ستایلی ناساز و شازی ئۆزو سەرەنجی تەواوی رەخنەگران رادەکێشێ. ئەوی دەستبەجێ هەمووان تێبینی دەکەن، گۆشەی نزمی کامێراکەیەتی. ئۆزو سێپایەکی تایبەتی دروست کردبوو بۆ راگرتنی کامێرا، بەرزی لە زەوییەوە سێ پێ کەمتر بوو (واتە نزمتر لە گۆشەی بینینی کەسێک کە لەسەر کورسی دانیشتووە. واتە ئێمە لە خوارەوە بۆ سەرەوە لە ئەکتەرەکان دەڕوانین. داخۆ ئەو پەلکێشی ناو هەڵوێستی سەیری مناڵانەمان دەکات؟ داخۆ وامان لێدەکات تەواوی ژورو سەقفەکەی ببینین؟ یاخود ناچارمان دەکات ئێمە سەرەنجمان بکەوێتە سەر پێ و لاشەیان؟ هەرچۆنێک بێت ئێمە لەیەک ئاستدا نین لەتەک کارەکتەرەکان یان لەسەرەوەی ئەوان بین وەک ئەوەی لە فیلمسازی باوی هۆڵیود دا دەیبینین.
زۆرجار ئەو لە ماوەی مەشهەدێکدا کامێراکەی ناجوڵێنێ، هەر ئەوەندەی ئەو شوێنەی دەدۆزییەوە کە نیازی بوو ئیدی لێدەگەڕا، هیچ کەسیش بۆی نەبوو دەستی بۆ بەرێت. بەم چەشنە لە ستایلی جێگیر، ئەو دەگەڕێتەوە سەر شێوازی کۆنی فیلمسازی (بەتایبەتی ژاپۆن)، وەک ئەو دەمەی ئەکتەرەکان دیمەنێکیان دەنواند وەک ئەوەی لەسەر شانۆ بن و لە پێشدەم کامێرایەکی چەسپاو و جێگیردا نمایش بکەن. (لە خۆراوا ئێمە بیرمان لە سینەما وەک لە دڕێژبوونەوەو کشانی وێنە دەکردەوە. لە ژاپۆن خەڵک بیری لە سینەما وەک لە درێژبوونەوەی دراما دەکردەوە). وەختێک کە کاراکتەر یان شەمەندەفەر دەجوڵێ، وێنەی بەدەم جوڵانەوە لێدەگرێ، وەک ئەوەی لە سواری دوچەرخەدا لە فیلمی بەهاری درەنگوەختدا دەیبینین. بەڵام خێرایی جوڵانی کامێراکە یەکسان دەکاتەوە لەگەڵ خێرایی کارەکتەر بۆ ئەوەی کەمترین شەپۆل و لەرینەوە دەربکەوێت. بەڵام ئۆزو بە دەگمەن سود لە وێنەی پانۆراما، یان زنجیرە دیمەنی مۆنتاژکراو دەبینێ.
هەموو کات لێنزی ٥٠ ملم بەکاردەهێنا، ئەم هاوێنەیە گۆشەی نیشاندانی فراوانترە بەراورد بە کاری دەرهێنەرەکانی تر. پاشان هەرگیز کەڵکی لە لێنزی تەلەفزیۆنی وەرنەدەگرت، بۆ ئەوەی باکگراوند بسڕێتەوە یان لابەرێت لەکاتی نزیککردنەوەدا.
کەش و هەواوی ژاپۆن تەڕو شێدارە وەک لە ئینگلیز، بەڵام (هاسومی شێگیهیکۆ دەڵێت ) ئۆزو حەزی بە خۆرەتاو و ڕۆژی روناک بوو، ( بەپێچەوانەی تەمومژی میزۆگۆچی و باو بارانی کورۆساوا) ئامانجی سەرەکی ئەوەبوو کە نزیکببێتەوە لە خۆرەتاوی ناحەزی چلەی هاوین، (یان ئەشێت بێژین رووناکی سەر شانۆ) . زۆر جار کاراکتەرەکان دەڵێن چەند ئاوهەوایەکی خۆش و بێوێنە بووە. کاراکتەرەکان دەڵێی لە بەر خۆری رۆژی روناکدان، هەموویان رووناك و گەش دیارن، وەک یەک روناکییان لەسەرە. ئەوان لە پێشچاوی ئێمەدان و هیچ شتێک پەنهان و شاراوە نییە. لە فیلمی چیرۆکی تۆکیۆدا کەش و هەوا جیاوازەو جیادەبێتەوە، چونکە کاراکتەرەکان زۆرجار گاڵتە و کەیف دەکەن، وەک ئەوەی کاتی جیاواز نیشان بدەن، کاتی بایۆلۆژی، وەک لێدانی دڵ دەگۆڕێت.
ئۆزو پێشێلی یاسای پلەی ۱۸٠ بۆ وێنەگرتنی دایەلۆگی دوو کەس دەکات. لەبری کێشانی هێڵێک لەنێوان گفتوگۆکاران کە نابێت ببەزێندرێت، سەری قسەکەری بەرزتر وێنەگرتووە. هەڵبەت بەتەنگ ئەوەوە نەبووە کە ئاستی روانینیان وەک یەک بێت لە دیمەنی گفتوگۆدا. ئەم دوو تەکنیکە سەرەنجی ئێمە بۆ سەر کەسێتی مرۆیی تاک کێش دەکەن و هەڵسوکەوت نەختێ لەتەوەر پەڕیوە.
زۆربەی دەرهێنەرەکان وێنەی دوو گفتوگۆکار وەها دەگرن کە روخسایان ڕوبەڕوی یەکترە. کەچی ئۆزو لەتەنیشت یەکەوە دایان دەنیشێنێ، بەجۆرێک کە زیاتر لە هارمۆنیدا بن نەوەک روبەڕوبوونەوە. بەمجۆرە فۆرمێکی تەرکیبی دەستدەکەوێت، دوو سێگۆشە لە تەنیشت یەکەوەن دیمەنێکی سروشتییە وەک دوو چیا بەتەنیشت یەکەوە دەکەوێتەوە.
پاشان رەنەگران دەڵێن ئۆزو پانتای ۳٦٠ لەبری ۱۸٠ بەکاردێنێ. ئەمە لە وێنەی بەدوای یەکدا هاتوودا کاراتەرەکان تێکەڵ دەکات، لە دیمەنێکدا کاراکتەر لە لای چەپی وێنەیەو لە وێنەی دواتر لە لای راست. ئۆزو شوێنی کامێراکەی گۆڕیوە بۆ ئەولای ژورەکە تا تەواوی ژورەکە لە دیمەنەکەدا نیشان بدات. دەرهێنەری تر بەدەوام نیوەی ژورەکەی بەکاردەهێنا، و هەمان شوێنی لە دیمەنەکەدا بە کارەکتەرەکە دەدا، یان چەپ یان ڕاست، واتە لەبەرێکی ئەو هێڵە نەبینراوەی بۆ کاراکتەرەکان دەکێشرێت، ئۆزو پانتاییکەمان نیشان دەدا تا ئێمە تێبگەین کە لە پانتاییەکدا دەژین گەلێ بەرفراوانترە لە چاوی کامێرا.
بە گشتی، لەکاتێکدا هۆڵیود بێئاگات دەکات لە کامێرا، ئۆزو سەرت لێدەشێوێی بەوەی یاسا بەرکارەکان تێکدەشکێنێ. هاوکات نەجوڵانی کامێراکەی سەر دەکێشێ بۆ سڕینەوەیەکی بوزی خودی دەرهێنەر.
بژارکردن و پیاچوونەوە: ئۆزو بەشێوەی ئاسایی دیمەنەکان نابڕێت لە یەکێکەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوی تر. باکی بەوە نییە لە کاتی نواندندا دیمەنەکە ببڕێت. کاراکتەرەکان لە دیمەن دەچنە دەرێ و دێنە ناوەوە، بەجۆرێک چاوی کامێرا یان پێشتر یان پاشتر ئەو جێیە پیشان دەدا کە لێیەوە پەیدا دەبن، ئەمە یەکێکە لەو ڕێگایانەی ئۆزۆ دەستنیشانی دەکات کەئێمە دەبێت تا چەند ببینین. ( وەک زۆرێک لەکورتبڕییە نادیارەکانی تری).
بە رەتکردنەوەی توانەوە (دوای فیلمە بەراییەکانی) کۆششی زۆری کرد تا ڕێگایەک بدۆزێتەوە بینەر لە دیمەنێک دەربهێنێت و بیهاوێتە ناو دیمەنێکی تر. هات لە بری بڕینی راستەوخۆی دیمەن، بە پیلۆ شۆت یان پانتایی نێوانگیر وەک پێکەوە بەستن و گواستنەوە دیمەنەکان پێکەوە گرێ بدات. ئەم وێنانە دیمەنی ژیانی ئێستا، یان دیمەنی سروشتین لە فیلمەکاندا و وەک مەشهەدێکی جوان و پشووبەخش شوێنی خۆیان دەکەنەوە. وەک سەرەنجێکی ورد لەسەر نمایشەکە ئەرک دەنوێنن. زۆرجار ئاماژەن بۆ شوێنی ڕوداوەکە، وەک ئەوەی لە قەڵای ئۆساکا و باخچەی بەناوبانگی ریۆوان ژی لە کیۆتۆ دەیبینین. لە فیلمەکانی پاش جەنگی دووەمی جیهان، ئەم دیمەنانە دەگۆڕێن بۆ وێنەی سروشت، (بەچەشنێک کە ئاماژە بە گۆڕانی کات و تێپەڕین و ڕۆشتنی نەوەکان دەکەن)، یانیش دیمەنی توخمە نەریتییەکانی ژاپۆنە، (ئامانج لێی پیشاندانی نەبوونی متمانەی فیلمەکەیە بە مۆدێرنە)، یان ئەشێت لولویەک بێت کە دوکوڵی لێ بەرز دەبێتەوە، یاخود دامەزراوەیەکی پیشەسازی بێت، دیسانەوە پێشنیازی پرۆگرێس بکات کە کۆڵێ پرسیاری لەسەرە.
پیاچوونەوەی ئۆزو زیاتر لە ژاپۆنی بوونیەوە دێت. ئەو پیلۆ شۆتانەی کە ئێمە چاوەڕێی دەرکەوتنیمان نەدەکرد، دەردەکەون. فیلمەکانی ئەو هەندێ ورەکاری بۆ ئاشکرا کردین کە وا دەردەکەون گرنگ نەبن، وەک هەنگاو، گوڵدان، سەمون و نان، رێگای درێژی ئاسنی بەرەو تۆکیۆ، ئێمە چاوەڕوانی ئەمانەمان نەدەکرد. بەپێچەوانەوە ئەو دیمەنانەی ئێمە چاوەڕێی دەرکەوتنیان بووین، دەرناکەون. لە فیلمی پایزی درەنگوەختدا، نۆریکۆ لەتەک هاوڕێیەکی دەچن بۆ پێشانگای هونەری، بەڵام ئێمە ئەو پێشانگا هەرگیز نابینین. ئۆزو دەرفەتی پەیوەندی رۆمانسی لەتەک باوکی هاوکارە لێکۆڵیارەکەی دەسازێنێ، بەڵام هەڵیدەوەشێنێتەوە. لە هەموو شتێک گرنگتر ئەوەیە کە تەواوی فیلمەکە بە دەوری هاوسەرگیری نۆریکۆدا دەخولێتەوە، کەچی ئێمە هەرگیز ئەو هاوسەرە نابینین، ( هەر ئەوەندەمان پێدەگوترێت کە لە گرەی کوپەر دەچێت). لە فیلمی سەرەتای هاوین ئێمە ئەو پیاوە نابینین کە خانەوادەکەی نۆریکۆ دەخوازن کچەکەیان شووی پێبکات، ئێمە نابینین چی لەنێوان نۆریکۆ و هاوسەرە بژاردەکەی خۆیدا ڕوودەدات بەرلەوەی کچەکە رەزامەندی لەسەر شوکردن پێی دەرببڕێت. ئێمە نابینین کە کەسێک دەستنیشانکراوە بۆ ئاکیتا ی دوور. ئێمە نابینین کە خانەوادەکە سەردانی كوڕەکەیان دەکەن، نابینین کە دایکی نەخۆش دەکەوێت.
ستایلی ئۆزو بریتییە لە گواستنەوەی نامۆیی بۆ ناو خۆراوا_ بریتییە لە لابردن و دانانی نیگارکێشی ژاپۆن. ستایلەکەی ڕێخۆشدەکات بۆ بەلاڕێدا بردن و ئاراستە تێکدان، لێرە (شتێکی نوێ) لەبابەتی رەخنەگرە فۆرمالیستەکانی رووسیا بە دنیادێت. ئەم تازەگەرییە سەرەنجی ژاپۆنی و خۆراواییەکان کێش دەکات.
زۆرجار رەخنەگران باس لە ئۆزو وەک گالتەبازێک دەکەن کە گەمەو فێڵ لەتەک بینەری خۆیدا دەکات. دیارە لە هونەری ژاپۆنیدا گەلێ لەڕێلادانی تریش ئامادەگی هەیە. ئەم بابەتە پەیوەستە بە زێن بودیزم ەوە، وەک ئەو قوتابییەی بە ڕێگەی هەڵەدا براوە. لە فیلمی بەهاری درەنگوەخت دا ئۆزو لەمبارەیەوە گاڵتەیەک دەکات، کاتێک دۆستەکەی پرۆفیسۆر دێت تەواوی ئاراستەکان تێکەڵ و پێکەڵ دەکات و دەشێوێنێ. لە سەرەتای هاوینی دا، کوڕە گەنجەکە چاوەڕوانی شەمەندەفەری بارهەڵگرە، کەچی سەبەتە سەمون دێتە بەرەستی. لە چیرۆکی ژاپۆندا دایک و باوک چاوەڕوانی ژوری نوستنن بۆ پشوودان کەچی لەوێ بۆنەو هەراو زەنایە.
مشتومڕی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە ئۆزو چەندە لەژێر کاریگەری زێن بودیزم و نەریت دا بووە. ئەمە بابەتێکی روونە، هەرچەند سێ چەمکی بودیزم دەكەونە ناو فیلمەکانی دواترییەوە.
میو بە مانای پانتایی بۆش دێت، پانتایی نێوان شتەکان، زۆرجار کامێراکەی ئۆزو وادەردەکەوێت فۆکەسی لەسەر هیچ نییە، (لەو مەودایەی چاوی کامێرا دەکەوێتە سەری وردترین شت دەگوازێتەوە) . میو ئەو کاراکتەرەیە کە بەتەواوی لە سەر گۆڕەکەی ئۆزو وەسفکراوە. مو ئەو بۆشاییە کە بەشتێک پڕکراوەتەوە، ئۆزو زۆرجار وێنەی ژورێکی چۆڵ پیشان دەدات، پاشان کاراکتەرێک دێتە ناوی، یان ئەو ئێرە وەها نیشان دەدا کە کەسێک تازەبەجێی هێشتووە. ئەو پانتاییانەی دەچنە چوارچێوەی مو شوێنی نواندن و نمایشن، شوێنی رودانی گفتوگۆو ئەو نواندانەن کە شاکارەکانی ئۆزو بنیاد دەنێن.
ماتەمی شتەکان. ئەمە چەمکێکە ئاڵاوە لە گشت هونەری ژاپۆنییەوە، هەڵبەت بایەخی گرنگی هەیە لە بەرهەمەکانی ئۆزوـشدا. دیارە ئەم بڕگەیە وەک ماتەمی شتەکان یان گوزەری شتەکان واتا دەکرێت. دۆنالد ریچی شارەزایەکی بەرهەمەکانی ئۆزو و فیلمی ژاپۆنییە، چەمکەکە بەم چەشنە روندەکاتەوە: ئآستبوونەوە لەتەک شتەکان و ئاسودەبوون بەم ئاشتبوونەوەیە لەتەک شتەکان، دۆزینەوەی دروستی لەوەدا کە شتەکان بۆچی بەوجۆرەن. تیۆریستی ئەدەبی سەدەی هەژدەهەمی ژاپۆن ، مۆتۆری نۆریناگا پێشنیاری چەمکێکی فراوانتر دەکا: ئەویش هەستیاری قوڵە لە ئاست پێودانگە سۆزیارییەکانی هەبوون خۆیدا، لەئاست مرۆڤ، زیندوو لەگەڵ بێگیاندا.
نمونە لە فیلمی سەرەتای هاویندا بریتییە لە؛ رامانی باوکەکە لە هەورەکان لەکاتێکدا چاوەڕوانە شەمەندەفەرەکەیە، یان چاوەڕێیە بۆ دواجار لە خانەوادەکەی داببڕێت، لە وێنەکان ، لە ماڵئاواییەکان، لە قەبوڵکردنی لەسەرخۆ. دایک و باوکەکە دەڵێن (ئێمە خۆشبەختبووین). دواین دایەلۆگی نێوان کچەکە کیۆکۆ لەگەڵ زڕخوشکەکەی نۆریکۆ بەم چەشنەیە (ژیان نائومێدکەر نییە مەگەر؟ کیۆکۆ ئەم پرسیارە دەکات. نۆریکۆ وەڵامدەداتەوە، زەردەخەنەیەکی خوار لەسەر لێویەتی، ئەرێ هەروایە. لە بەهاری درەنگوەختدا، رازیبوونی باوک و کچەکە لەسەر هاوسەرگیری دەبێتە مایەی بەدیهاتنی بیرۆکەکە،. چیرۆکی تۆکیۆ بیرۆکەکە ئاڵۆز دەکات، باوکەکە لە دواین ساڵەکانی تەنهاییدا ملکەچ دەردەکەوێت، مناڵانی تۆکیۆ بێئاگان لەو چارەنوسەی هەموومان ڕووبەڕووی دەبینەوە.
من ڕەخنەم لەبارەی ئۆزو خوێندۆتەوە دەڵێ (ستایل مانایە). تەوا دڵنیا نیم ئەمە مانای چی. من پێموایە ستایلەکەی بەجوانی لەگەڵ دوبارەکردنەوەی بابەتەکان دەگونجێ، ناکۆکی نێوان نەریتی ژاپۆن و مۆدێرنەی بە ماشین کراو، (ئەو شەمەندەفەرانە)، ئازاری ئەو پەیامەی نەوەیەک بۆ نەوەی دواتری دەگوازێتەوە، کاتیبوونی تەواوی شتەکان، نائامادەگی و لەکیسدانی قوڵای ئەزمونی مرۆڤ تا ئێمە هەوڵبدەین روبەڕوی ئەو شتانە ببینەوە کە پێکەنین و گاڵتەو گەپیان تێدایە، سەرمەد و جوانن. جوانی وەک ئەوەی کە ئێمە لە فیلمەکانی یاسیژیرۆ ئۆزو دا دەیبینین.