لە ئینگلیزییەوە: زریان حەمە
دەربارەی یاسوجیرۆ ئۆزو، لە کوێوە دەست پێ بکەین؟
فیلم دەبێتە ئیلهامبەخشی گەلێک حەز و ئازەروو، بەڵام خشتەی پشتەوەی مێژووی فیلم دەکرێت کەمێک دژوار بێت. بۆ هەرهەوادارێک کە عاشقی ئەکتەرێک، دەرهێنەرێک، یان ژانرێکە، کێشەی ئەوەى هەیە لە کوێوە دەست پێ بکات. هەندێ جار هەموو ئەوەی پێویستە پێشنیاری درووستە، تا بتخاتە سەر ڕێگەی درووست و لە ئاستی سەرەتاییەوە بەرەو ئاستی باڵا بڕۆیت.
بۆچی ڕەنگە ئاسان نەبێت؟
ئەو دوو فیلمە ژاپۆنییەی کە لە مەیدانەکەدا دیارترینن، فیلمی (حەوت سامورای، 1954)ی ئاکیرا کورۆساوا و (چیرۆکی تۆکیۆ، 1953)ی یاسوجیرۆ ئۆزون. بە هۆی ئەمەشەوە، زۆرینەی جار ڕەخنەگران و بینەران لە ڕۆژئاوا، فیلمە ژاپۆنییەکانی دواتریشیان هەر لە چاوی ئەم دوو فیلمە کاریگەرەی سەردەمی زێڕینی سینەماوە بینیوە، بۆ نموونە فیلمە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆی هیرۆکازو کۆریدا، زۆر جار وەک هاوشێوەی فیلمەکانی ئۆزو وەسف دەکرێن، بە هۆی ڕێکخستنى ناوخۆیی و لێکچوونی شێوازییەوە لە بەکارهێنانی پیڵۆشۆتدا، ڕێکخستی ئەو دیمەنانە لە نێوان وردەکارییەکاندا کە تایبەتمەندیی ئۆزو بوون. ئایدیای فیلمێکی ئۆزو وەک بۆشاییەکی گەرموگوڕ وایە کە هیچ شتێک ڕوو نادات. هەموو شتێک کەم تا زۆر لە یەک دەچن، هەروەها هەموو کەس تا بتوانن لەگەڵ یەکتردا باشن، سەرەڕای ئەوەش وەک ئەوەی کە هەندێ جار وای بۆ دەچین، بەرهەمە سینەماییەکەی هێندە هاوشێوە نین. ڕاستييهكهى واژووی ستایلەکەی دەستبەجێ دەناسرێتەوە، به هۆی دیمەنەکانی دانیشتن لەسەر بەرزایی، تەماشاکردنی ڕاستەوخۆی کاراکتەرەکان بۆ ناو کامێراکە، هەروەها ئەو نیشاندانە گاڵتەئامێزەی ڕووداوەکانی ژیان، ئەمەش تا بەشی دواتری هونەرەکەی پشتڕاست نەکرابووەوە. کارکردنی لە سەردەمی سینەمای بێدەنگدا کە تا ناوەڕاستی ساڵانى سی لە ژاپۆندا بەردەوام بوو.
ڕاستە کە بابەتی خێزانی، بە تایبەتيیش ڕۆڵی باوک، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی هونەرەکەیدا بووەتە جێگهی جەخت-لەسەرکردنەوەی ئۆزو. بە تایبەتيیش لە بارودۆخی پاش جەنگی ژاپۆندا کە کۆمەڵگه بە گۆڕانکارییەکی خێرا و لەپڕدا تێدهپهڕى. خەمێکی زۆر دەدۆزرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شادی و پێکەنین و هەستی گاڵتەئامێزی هاوشانی ئەو ڕاستییەی کە ژیان بەردەوامە، ئەو مەفهوومە سەرەکییەیە کە هەرکاتێک بیر لە ئۆزو دەکەینەوە بە مێشکماندا دێت.
باشترین شوێن بۆ دەستپێکردن
فیلمی بەیانی باش 1959
هەرچەندە وا سەرنجڕاکێشە کە ڕاستەوخۆ لە (چیرۆکی تۆکیۆ)وە دەست پێ بکرێت، بەڵام سەرەتایەکی باشتر و ئاسانتر فیلمە شادمانە ڕەنگاوڕەنگە کۆمیدییەکەی کنسومەریزمی ئۆزویە بە ناوی بەیانی باشهوه (1959.) لێرەدا وەک هەمیشە ئۆزو کەرەستەی کۆن بۆ بابەتی هاوچەرخ بە کار دەهێنێتەوە. لەم بارەشدا دووبارە داهێنانەوەی کۆمیدیا بێدەنگەکەی ساڵی 1932 بە ناوی (لەدایکبووم، بەڵام…) کە دوو برای بچووک مان لە خواردن دەگرن، بە هۆی ناڕەزاییانەوە، دوای ئەوەی بۆیان دەر دەکەوێت، باوکیان، كه هێندە بە پیرۆزیان دەزانی، تەنها خزمەتکارێکە. ئەو دوو کوڕەی کە ڕۆڵی سەرەکی لە (بەیانی باش)ـدا دەبینن، لە هەمان کاتدا له مرۆڤ یاخی دەبن بە مانگرتنیان لە قسەکردن بە هۆی ئەوەی دایکوباوکیان نایانەوێت تەلەفزیۆنیان بۆ بکڕن.
یەکێک لە جوانترین نیشاندانەکانی ژیانی خێزانی هاوچەرخ و ڕەخنەیەکی نەرم دەربارەی ئەوەی کە چۆن کنسومەریزم دەستی بەسەر کۆمەڵدا دەگرت، (بەیانی باش) جەوهەری ئەو شتەیە کە پێی دەوترێت فیلمێکی ئۆزوییانە.
دواتر سەیری چی بکەین؟
شوێنێکی ڕوون و ئاشکرا تا لێوەی بەردەوام بیت، ڤێرژنە ئۆرجیناڵەکەی (لە دایک بووم، بەڵام…)ـه. یەکێک لە بەناوبانگترین فیلمە سەرەتاییەکانى، باس لە هەمان گۆڕانکارییە خێزانییەکان دەکات، بەڵام بە زیادکردنی هەندێک شت کە دوو کوڕە گەنجەکە لە کاتێکدا مان لە خواردن دەگرن، کە قەیرانی خواردن بوو.
خێزانەکانی ناو فیلمەکانی ئۆزو زۆر جار خۆیان لەژێر سۆز و دلۆڤانيی ڕۆژگاردا دەبیننەوە. باوکی ناو فیلمی (چیرۆکی تۆکیۆ) لەپێناو هاوکارێکیدا ڕادەبێت کە نادادپەروەرانە لە کار دەر کراوە تا کۆمپانیاکە ناچار نەبێت مووچەی خانەنشینيی پێ بدات. لەو پڕۆسەیەشدا کارەکەی لە دەست دەدات. باوکی ناو فیلمی (مەیخانەکەی تۆکیۆ) تێدەکۆشێت تا دوو کوڕە بچووکەکەی بژیێنێت. بەم هۆیەشەوە لەپێناو دۆزینەوەی کاردا لەمسەر تا ئەوسەری وڵات دەگەڕێت، بەڵام هەروەک باوکی ناو فیلمی (چیرۆکی تلیاکە سەرئاوکەوتووەکان) لە کۆتايیدا بە هۆی کرداری توندەوە لە خانەوادەکەی دەر دەکرێت، تا دایکە بێهاوژینەکەی بپارێزێت.
باوکی ناو فیلمی (هاوژینی شەوەکە) لە هەمان بارودۆخدا خۆی دەدۆزێتەوە. کاتێک دزییەک دهكات تا بتوانێت پارەی دوکتۆر بۆ منداڵە نەخۆشەکەی دابین بکات. ئەمە یەکێکە لە فیلمە بێدەنگە تاوانکارییە درامییەکان کە بینەرێکی کەمی هەبووە، بە شێوەیەکە کە پاڵپشتيی کردارەکانی پاڵەوانی فیلمەکە ناکات، بەڵام وەک پیاوێکی باش نیشانی دەدات کە لە دژی کۆمەڵگەیەکی نادادپەروەر تێدەکۆشێت.
بەناوبانگترین باوک لە فیلمەکانی ئۆزودا ئەو پیاوە بێهاوژینەیە کە لە لایەن ئەستێرەی هەمیشەیيی خۆی (چیشو ڕیو)هوه لە فیلمی (کۆتایيی بەهار، 1949)دا بەرجەستە دەکرێت. خەمگینانە پاککردنی سێوێک لەدوای ئەوەی کە بە تەنیا به جێ هێڵراوە، پاش هاوسەرگیريی کچەکەی، یەکێک لە درێژترین ئیمەیجەکانی دەرهێنەرەکەيه.
لە فیلمی (سەرەتای هاوین، 1951)دا نۆریکۆیەکی دی نکۆڵيی لە پەسەندکردنی هاوسەرگیرییەکی بەزۆر دەکات، بەڵام لەم بارەدا بە هۆی ئەوەوەیە کە کەوتووەتە داوی خۆشەویستيی پیاوە بێهاوژینەکەی دهراوسێیانهوه و سنوورشکێنانە دەخوازێت بڕیار لەسەر داهاتووی خۆشەویستییەکەی بدات.
کۆتا دانە نۆریکۆی (چیرۆکی تۆکیۆ)یە، لێکۆڵینەوەیەک لە لێکهەڵوەشاندنەوەی یەکەکانی خێزان لە سەردەمی پاش جەنگ و زۆر جار وەک یەکێک لە شاکارەکانی ئۆزو تەماشادە دهکرێت. ئەم جارەیان ئەو خانمێکی بێهاوژینی ڕۆژگاری جەنگە کە بە تەنها دەیەوێت شان بداتە بەر خەمی خزمە بەتەمەنەکانی خێزانێک.
لە کوێوە دەست پێ نەکرێت؟
ئەو وێنەیەی ئۆزو کە لە دراماکانی کۆتاييدا دەستمان دەکەوێت، لە (گوڵی ئیکویناکس، 1958)ـهوه بۆ (ئێوارەیەکی پاییز، 1962) بە گشتی شادمانن، بەڵام ڕوانگەی توندوتیژيی خێزانی هەندێ جار دیوێکی تاریک نیشان دەدات. سەرەڕای کۆتاییە هیوابەخشەکەشی فیلمی (مریشکێک لە ڕەشەبادا، 1948) دیمەنی شۆکهێنەر دەربارەی توندوتیژيی خێزانی نیشان دەدات. بە هەمان شێوەی هاوسەرگیرییە خەمگینەکەی فیلمی (خوشکەکانی مونێکاتا،1950)
(ژنی تۆکیۆ، 1933) تاریکتر ڕۆ دەچێت، کاتێک پاڵەوانە خوێندکارەکە بۆی دەر دەکەوێت کە خوشکەکەی لە کاری سێکسییەوە تێوە گلاوە تا خەرجيی خوێندنەکەی ئەو دابین بکات، ئەمەش ڕووداوگەلێکی تراژیديی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
سەرەڕای ئەمانەش، لە هەرشوێنێکەوە دەست بە تەماشاکردنی فیلمەکانی ئۆزو بکەیت، جیهانێک لە ژیری و جوانی دەدۆزێتەوە کە دەبێتە جێگەی سەرسڕمانی هەرکەسێک کە دەست بە بینینی فیلمەکانی ئۆزو بکات.