جەی ئی لیوبەرینگ
لە ئینگلیزییەوە: پۆلان نیاز
٢ی مانگی حەوتی ١٨٧٧ لە کالوی ئەڵمانیا لەدایک بووە
٩ی مانگی هەشتی ١٩٦٢ لە مۆنتاگنۆلای سویسرا مردووە
ڕۆماننووس و شاعیرێکی ئەڵمانییە، لە ساڵی ١٩٤٦ وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات بوو. بابەتی سەرەکیی کارەکانی لە بارەی ئەرک و ڕەنجی تاکەوەیە لەپێناو دەرچوون لە قاڵبی شارستانیبوون، تاوەکو شوناس و ڕۆحییەتێکی بنچینەیی بۆ خۆی بدۆزێتەوە.
هێسە لە شارەکانی کالو و بازڵ گەورە بووە، پێشتر لە کۆپنهاگن ماوەیەکی کەم خوێندی، بە ئامۆژگاریی باوکی لە ساڵی ١٨٩١ چووە کەنیسەی ماولبرۆن. هەرچەندە خوێندکارێکی جیدی بوو کەچی نەیتوانی خۆی بگونجێنێت، نەگەیشتە ساڵێکیش ئەوێی بەجێ هێشت. لە ڕوونکردنەوەکەیدا گوتی “فێرخوازێکی باش بووم، لە لاتینی باش بووم، هەرچەندە لە وانەی یۆنانیدا تەنها پەسەند بووم، بەڵام گوێڕایەڵ نەبووم، زۆریش گران بوو بۆم لە پەروەردەیەکی وەها لاوازدا خۆم بگونجێنم، کار لەسەر داگیرکردن و ڕووخاندنی کەسایەتیی تاکەکان بکات.”
هێسە دەیویست ببێتە شاعیر، لە جێهێشتنی کەنیسەوە، ڕووی لە کارگەیەکی دروستکردنی کاتژمێر لە کالو کرد، دواتریش لە کتێبخانەی توبینگن شاگرد بوو. لە کتێبی ‘1906 Beneath the Wheel’ دژایەتیی پەروەردەدانی لەبەرکردن و لاساییکەرەوە دەکات، تێیدا باس لە خوێندکارێکی تێکۆشەر دەکات کە خەریکە بەرەو ڕووخان و وێرانکردنی ئاستی مەعریفی دەبەن.
لە ساڵی ١٨٩٩ هێسە کۆکراوەی کۆمەڵە شیعرێکی وەکو یەکەمین کتێبی خۆی بڵاو کردەوە. تاوەکو ساڵی ١٩٠٤ بە کاری کتێبفرۆشی خەریک بوو، لەوە بەدوا نووسەرێکی سەربەخۆ بوو و یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی ‘Peter camenzind ‘ نووسی، کە دەربارەی نووسەرێکی شکستخواردووە. ئەو ڕۆمانە فرۆشی باشی هەبوو، لە دوای ئەوە هێسە گەڕایەوە بۆ بیرۆکەی گەڕانی هونەرمەند بەدوای مانادا، لە هەردوو ڕۆمانی ‘Gertrud ‘ و ‘Rosshalde’. گەشتێکی هێسە بۆ هیندستان دواتر لە ڕۆمانێکی تریدا بە ناوی ‘سیدهارتا’ ڕەنگ دەداتەوە، ڕۆمانێکی شاعیرانەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بودا، دەربارەی گەڕان بۆ گەیشتن بە ڕووناکی.
لە ماوەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا هێسە لە سویسرای بێلایەن دەژیا، ڕەخنەی لە سەربازیخوازی و نەتەوەخوازی دەگرت، لە ڕۆژنامەیەکیش بۆ دیلەکانی جەنگی ئەڵمان کاری دەکرد. لە ساڵی ١٩١٩ بووە نیشتەجێی هەمیشەیی سویسرا و لە ساڵی ١٩٢٣ مافی هاوڵاتیبوونی وەرگرت و لە مۆنتاگنۆلا ژیانی بەسەر برد.
قووڵبوونەوەی قەیرانی دەروونی وای لە هێسە کرد، لەگەڵ بەردەستێکی کاڕڵ یۆنگدا، جەی بی لانگ، ڕوو بکاتە شیکاری دەروونی. بۆیە لە ڕۆمانی دەیمیاندا کاریگەریی ئەوەی پێوە دیارە، ڕۆمانەکە شیکارییەکە دەربارەی بەدەستهێنانی هۆشیاری لە لایەن هەرزەکارێکی بێئاگاوە. ئەم ڕۆمانە لە ئەڵمانیا کاریگەریی بڵاوی هەبوو و نووسەرەکەی بەناوبانگ کرد. کارەکانی دواتری هێسە سەرسامی ئەو بەو چەمکانە پشان دەدات کە یۆنگ بەکاری هێناون، ناوەکی و دەرەکی، نائاگایی بەکۆمەڵ، ئایدیاڵیزم و سیمبولەکان. دیارە دوانییەتی دەروونیی مرۆڤیش سەرنجی هێسەی ڕاکێشاوە.
ڕۆمانی گورگی پێدەشتەکان کە لە ساڵی ١٩٢٧ نووسیویەتی، لە ڕێی چیرۆکی پیاوێکی تەمەنناوەندەوە باس لە دژیەکی قەبولیەتی بۆرژوازی و ناسینی ڕۆحییەت دەکات.
لە ساڵی ١٩٣٠ ڕۆمانی نەرسیسەس و گۆڵدمەند دەنووسێت، باس لەوە دەکات ڕۆشنبیرییەک ناواخنەکەی باوەڕی ئایینی جێگیر بێت، دژە بەو هەستە هونەرییەی خۆی بۆ دۆزینەوەی خۆی دەگەڕێت.
کۆتا و درێژترین ڕۆمانی هێسە، یاریی تۆپە شوشەییەکان، باس لە سەدەی بیستوسێ دەکات، تێیدا هێسە، لە ڕووی فیگەرێکی ڕۆشنبیرییەوە دوالیزمی تەئەمول و ژیانی چالاک دەخاتە ڕوو.
دوای ئەم ڕۆمانانە تەنها نامە و چیرۆک و وتاری بڵاو دەکردەوە.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، ناوبانگی هێسە لەناو خوێنەرە ئەڵمانەکان زۆر زیادی کرد هەرچەندە لە ساڵەکانی دوای ١٩٥٠ کاڵ بووبووەوە. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٧٠، هەوڵی ئەو بۆ خودناسی و باسکردنی تەسەوفی ڕۆژهەڵاتی، ئەوی گۆڕیبوو بۆ فیگەرێکی ئایینی لە چاوی گەنجە زمان-ئینگلیزەکاندا، ئەم کارانەشی دواتر جەماوەرێکی جیهانیی بۆ پەیدا کردبوو.