ئامادەکار: مەجید قەنبەری
وەرگێڕانی: بیلال نەسرین
نازانم چۆن گەیشتمە ئێرە. تێنەگەیشتم، وەک هەمیشە. ئێستاش کە خەریکم بۆ ئێوە دەنووسم، دەبینم کە زیهنم ڕەوتی ڕووداوەکانی لەبیر نەماوە. ڕەنگە هەمووشت لە کابوسێکەوە دەستپێبکات. یان لە دوپاتکردنەوە و وتنەوەی بەردەوامی وشەگەلێک لە مێشکە ماندووەکەی منەوە. وشەگەلی وەک ((عەشقی یاساغ))، یان ((ساتگەلی نەگەڕاوە و لەدەستچوو)) و …
بەڵام ئەمە کابوسێکی ئاسایی نەبوو، کابوسێکبوو کە هەموو ڕۆژێک دووبارە دەبووەوە. ئەمێستا کە لێرەم بەهۆی دەرمانگەلێکەوە کە پزیشکەکەم بۆی دیاری کردووم، وەک بڵێی هەموو کابوس و فشار و وشە دووبارەکان و ڕووداوەکان، لەگەڵ مێشک و ئەقڵم پێكڕا ئاسەواریان نەما. بەڵام من هەوڵدەدەم بە بیری خۆمی بهێنمەوە، ئەگەر ئەم پەنجەرانە بوار بدەن. جارێ ئێرە ژووری بێ پەنجەرەی تیادا نییە خۆ ئەگەر وا نەبایە تا ئێستە ژوورەکەمیان گۆڕیبوو.
ئەگەر ناچار نەبام بۆ ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەم هەر ڕۆژ لە ماڵ بچەمە دەرەوە، یان ئەگەر شوێنی کارەکەم ئەوەندە دوور نەبایە، ڕەنگە ئەم کابوسە بەبێ وەرگرتنی داودەرمان یان چاودێری کردن کۆتایی پێ هاتبا و دووبارە نەبوایەتەوە.
هەموو ڕۆژێک دەبێت بە درێژایی دوو ڕێگای تولانی شۆفێری بکەم. ڕێگای تولانیی یەکەم، دە کیلۆمەتر بەرەو ڕۆژئاوا، ڕێگای دووەمیش، دە کیلۆمەتر بە ئاڕاستەی باشوور. ئێستا ئیتر بە دەقیقی دەزانم لە سەرەتای ڕێگای یەکەمەوە تاوەکو کۆتایی ڕێگای دووم، دەبێت لە ژێر چەند پردی پیادەڕەوەوە تێپەڕم. چەندین جار ئەوانەم ژماردووە. هەژدە پرد.
((ساتگەلی نەگەڕاوە))، ((ساتگەلی نەگەڕاوە))… بەردەوام دووبارە دەبنەوە. وشەگەلێک کە مێشکی منیان وەک خۆیان لێکردووە، لە زەرفێک دەچێت وەک بڵێی مێشکی شلی منیان تێ ڕشتووە. لە کوێوە دێت؟ لە کتێبەکانەوە؟ لە زانستگاوە؟ دەشێت لە گەڕانێکی فیزیایی یان ماتماتیکی یان یەکێک لە وانەکانی زانستە مرۆییەکان سەری هەڵدابێ؟ ئەمێستا ئیتر هەر لە یادم نەماوە کە لە چ بوارێکدا خوێندوومە، خۆ ئەگەر پێم خستبێتە زانستگاوە.
چ جۆرە ساتگەلێکن ئەم ساتگەلە لەدەستچووانە! دەشێت شتێک بێت وەک سیگارێک کە دەکێشرێت و کۆتایی دێت، یان دڵۆپە فرمێسکێک کە دەڕژێت و بە گۆنادا جۆگەلە دەبەستێ. یان وەک کچۆڵەیەکی سەرگەردان لە شەقامێکی تاریکدا کە لە پردێکی بەرزی پیادەڕەوانەوە بەردەبێتەوە بۆ سەر قیرێکی سارد و زبری ڕێگاکە، وەک بڵێی بۆ سەر جۆرێک لە پووشوپەڵاشی چەند ڕۆژە بەربێتەوە، ماچێکی خوێنین دەکات. یاخود وەک پێکهاتەکانی مێشکێک کە لە لێک جیادەبنەوە و خانە لووس و لینجەکانی شوشەی پێشەوی ئۆتۆمبێلەکەت دابپۆشێت. خانەگەلێک کە هەر یەکێکیان سندوقی تایبەتی یادگارییەکی شەخسییە و با جوڵەی سڕەرەوی شووشەی ئۆتۆمبێلەکەی تۆ، یەک یەک یادەوەرییە تۆمارکراوەکان بێ ئاسەوار دەبن و دەسڕێنەوە. بێگومان ئەمە شتێکە وەک ساتگەلی لەدەستچوو.
لە خۆم دەپرسم ((حەسرەت)) و ((نۆستالژیا)) ناکرێت چەمکگەلێک بن لە توێژینەوەی فیزیکیدا؟ ئەفسووس نەگەڕاوە بە مانای دووبارەنەبووەوە نایەت، خۆزگە وا دەبوو. ئەوکات دەکرا ئومێد لەسەر ئەوە بینا کرابا کە پاش هەژدەیەمین پردی ئەم کابوسە شوومە کۆتایی هاتبا. تا چەند خولەکێکی دیکە پەرستار داودەرمانەکانم دێنیت و من دووبارە دەڵێم کە ژوورێکی بێ پەنجەرەم دەوێت. ئەو دەڵێت ئێرە ژووری بێ پەنجەرەی تیادا نییە، دەتوانیت پەردەکان لابدەیت. وەک بڵێی نابینێت کە پەردەکان لادراون، ساڵەهای ساڵە کە پەردەکان لادراون وەلێ دەتوانێت بەر بە چ شتێک بگرێت!؟ بەر بە خوێن و هاوار، یان بەر بە کابوسەکان. ساتگەلی نەگەڕاوە وەک هەمیشە درێژەی دەبێت و بەرەو ژوورەکەم ڕێگا تەی دەکات. مێشکم پڕ پڕبووە لەو ساتانە، پڕ لە یاد و حەسرەت. بێشک ئەمڕۆ هارا و زەنا دەنێمەوە و هاوار بەسەر پەرستارەکەدا دەکەم کە من پەنجەرەم ناوێت، ئاخر بە چ زمانێک قسە بکەم، چیتر نامەوێت هیچ شتێک ببینم یان ببیستم.
دواتر تاراکە هێواش هێواش وەک بڵێی سەما دەکات دێتە خوارەوە، بۆ دواوە و پێشەوە دەڕوات، لۆچ و ڕاست دەبێتەوە و لە کۆتاییدا جەستەی هاڕدراو دەکەوێتە سەر زەویەکە و تاراکە دادەپۆشێت و ئارام دەگرێت. من لە ئۆتۆمبێلەکەم کە خانەکانی مێشکی کچەکە شووشەی پێشەوەی لێڵ کردووە، دێمە دەرەوە. بە واقوڕماوییەوە تەماشای ئەو بوونەوەرە دەکەم کە سەروسیمای گۆڕاوە و تێکشکاوە. لە ژێر تارا ڕەشەکەیەوە خوێنێکی زۆر وروژم دەکات و لە کون و کەلەبەرەکانی قیرە ڕەشەکەی ڕێگا تولانییەکەوە جوگەلە دەبەستێت.
کابوس ئا ئەمەیە. هەتا ئێستا کە لێرەم لەم شێتخانەیە، لەم زیندانە، لە نێوان زنجیرەکانی ژوورەکانی دیکە، ژوورگەلێک لەگەڵ پەنجەرەی چوار تاق. ” لەم زنجیرکراوانە تیایاندایە کەسانێک کە لە کابوسەکانیاندا هەر شەوێک ژنێک لە ترسی مردن لە ناخەوە هاوار دەکات”.
نووسیم “کابوس”. ئایا کابوس بوو یان خەیاڵ؟ لەیادم نییە. نووسیم “ژنێک”. ژنبوو یان کچ؟ دەستنیشانکردنی ئەمە ئیتر ئەرکی دکتۆرەکانە. بەڵام “هاوار”. پێموانییە هاوار، ساتگەلی نەگەڕاوە بێت. بێگومان هاوار ڕێی تێدەچێت بگەڕێتەوە، قەڵسبوونم دوای قسەکردن بە تەلەفوون یان تەنانەت دیواریش. تکایە لێرەدا شاملۆ مەهێنە ناو بابەتەکەوە. نا، نامەوێت باوەڕ بەوە بهێنم کە ئەو “دیوارە گەورەیە لە کۆتایی ئاسمانی خاڵییەوە کەوتۆتە خوارەوە”.
هاوار کوشندە نییە، بەپێچەوانەوە من و تۆش دەمرین، هەموو دەمرین. هەر ئاوا بە سادەیی. زۆر سەیرە کە هەموان دەتوانن ئاوا بە سانایی بژین و بمرن. وەلێ بۆچی کەسانێک نەتوانن و خۆیان هەڵدەدەنە خوارەوە بۆ سەر قیری ڕێگا تولانییەکە و بەم کارەشیان کەسانی وەک من ڕەوانەی ئێرە دەکەن.
لە ژێر پردی یەکەم یان دووەم بوو کە بەتەواوی دڵ و ڕێخۆڵەم هاتە دەمم. “هێڵنج” دەشێت یەکێک لەو قۆناغانە بێت کە دەبوو لە دوای خۆمەوە جێی بهێڵم. پێوابێت “نیتچە” لە شوێنێکدا گوزارشتی لەم بۆچونە کردووە. بەڵام ئەوەی کە “هێڵنج” قۆناغێکبوو لە ڕەوتی باڵابوون و هەڵکشانی ڕۆحی یان نابووتبوونی ڕۆحی، لەیادم نییە.
چەند شەو دەبێت کە نەخەوتووم؟ یان چەند ڕۆژ دەبێت کە هیچم نەخواردووە؟ لەیادم نییە. لەوانەیە بەقەد گشت پردەکانی هەموو ڕێگا تولانییەکان. هەژدە شەو، هەشسەد شەو، هەشسەدهەزار شەو.
بەقورسی هەنگاو دەنێت. بە پردی پیادەڕەوان دەگات. بە پلیکانەکاندا سەردەکەوێ. هەمان ئەو پێڵاوانەی لەپێدایە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە دوودڵییەوە هەڵیبژاردبوو و کڕیبووی. بەقووڵی هەناسە دەدات. سییەکانی پڕ دەکات و خاڵییان دەکاتەوە. هەست بە دڵی دەکات کە بە تووندی سینەی دەکوتێ. بە کۆتا پلە دەگات. سەرەتا قاچی چەپی و دواتریش قاچی ڕاستی لەسەر ڕووی ئاسنی پەرژینە ئاسۆییەکە دەترازێنێ و دواتر داوێنی تاراکەی بە تووندی دەگرێت و خۆی هەڵدەدا. دەفڕێت. لە شەقەی باڵ دەدا…
با مەسەلەی ئازادی و زەرووری یان بە واتای ناچاری و ئیختیاری بمێنێت. ئاخر هەمیشە ئیمکانی ئەوە هەیە پردە تولانییەکە تێپەڕێنێت و لە پلەکانی ئەولاوە بێتە خوارەوە و بگەڕێتەوە سەر ژیانی. بەڵام ئایا بەڕاستی ئەمە ئیمکانی هەیە؟
کێشەکە ئا لێرەدایە کە پلەکانی لاکەی دیکە، بە شوێنێکی دوورت ناگەیەنێت. تەنانەت خودی پرد، پردێکە لە نێوان ئێرە و هەر ئێرە. ئەوسەری پرد، ئەوسەری دنیا نییە، کە ئەگەر هەبایە هێشتا جیاوازییەکی ئەوتۆی نەدەبوو. لە پلەکانی ئەولاکەی پردەکەوە، دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ ژیان بەڵام بۆ هەمان ژیان، نەک جۆرێکی دیکە لە ژیان. “پرد” لە فریوێک زیاتر نییە. کابوس ئا ئەمەیە. ساتگەلی نەگەڕاوە کە بۆ یەک ساتیش بەرۆکم بەرنادەن شتێکی لەم جۆرەن.
ئەگەر تەنها چەند چرکەیەک زووتر بگەشتبام یان ڕۆژێک بگەم، لەوانەیە بلوایە یان بلوێ کارێک بکرێت و لەم کابوسە ئەبەدییە گۆڕانکارییەک بێتە دی. بەڵام ئێستا ئیتر بە هیچ ڕێگایەک ناتوانرێت کچەکە بگەڕێندرێتەوە بۆ لوتکەی پردەکە و لەم کارە ژێوار بکرێتەوە. حەتا ناشکرێت بە زەبری کۆڵەمست و پێلەقە لە ئۆتۆمبێلی پۆلیس بئاخنرێ تا لەگەڵ خۆیانی ببەن و دووبارە بیهێننەوە جۆشوخرۆش و موشتاقی ژیانی بکەنەوە. بەڵام ((ساتگەلی لەدەستچوو)) ڕۆژ دوای ڕۆژ دووبارە دەبێتەوە، لە ژێر پردی یەکەم، ژێر پردی دووەم و…
نازانم بۆچی کەس هیچ ناکات. بۆچی ئەم پردانە وێران ناکەن. دەشێت هەر خاپوورکردنی پردەکانی سەر ڕێگا تولانییەکانی تر بێت کە ئەویان(کچەکە) هێنابێتە ئێرە، سەر ڕێگاکەی من. من نازانم سوودی ئەم پردانە لە چیدایە. لەوانەشە هەر ئەم بیرکردنەوە لە ئەمسەر و ئەوسەری پرد ئێمەی تووشی هەڵە کردبێ، و لەڕاستیدا هەمووشتێک تەنها لە مەودای پلەکانی بەرزبوون و نزمبوونی دوو لای پرددایە کە دەستپێدەکات و دەشێت ئەم فراوانی ڕێگایە و بەرزی پردە بێ پەیوەندی نەبێت.
ئێستا ئیتر زۆر بەباشی دەزانم بۆچی لێرەم. وا هەستەکەم ئەگەر لەبری ئەم هەموو داودەرمانە تەنها یەک ژووری بێ پەنجەرە و بێ دەرگایان بە من دابا، زۆر زووتر باش دەبووم و ئامادەدەبووم بۆ کۆمەڵگای ئادەمییە سالمەکان بگەڕێمەوە!
تێبینی: ئەوەی کە دەیخوێننەوە نامەیەکە لەو نامانەی کە لە پەرتووکی(نامە هایی از تیمارستان) هاتووە. ئەم نامانە لەلایەن چەن بیمارێکی دەروونییەوە نووسراون. نامەکان لەلایەن دەروونناسێکەوە کە لە شێتخانەیەکدا کار دەکات، بۆ ئامادەکاری پەرتووکەکە(مجید قنبری) نێردراون. ئامادەکاری پەرتووکەکە بەبێ هیچ دەستکاری و گۆڕانکارییەک نامەکانی نووسیوەتەوە و ئامادەی کردوون بۆ چاپ.
سەرچاوە:
_ نامه هایی از تیمارستان، مجید قنبری.
تابلۆی بابەتەکە: The Sleep of Reason Produces Monsters (c.1797) by Francisco Goya