[نیتچە و ڤاگنەر و چەند سەرنجێک]

ڕۆجێر سکروتن/ بەشی سێیەم/کۆتایی

لە ئینگلیزییەوە: داڤان فاتیح

 

نیچە لە شێوازی هەڵسوکەوتی ڤاگنەردا، ئەو هەڵانەی تێبینیی کردووە کە ڤاگنەر لە بەرانبەر گوێگرەکەیدا ئەنجامی دەدات. پێی وایە ڕیتمە نەسرەوتەکانی نێو کارەکانی ڤاگنەر، نابنە پاڵنەر بۆ ئەوەی ئاوازەکە بە شێوەیەکی سروشتی و یەکسان جووڵە بکات. ڤاگنەر لە ڕێگەی ئاوازی میوزیکەکەیەوە، وەڵامی ‘ڕۆحی گوێگرەکە’ ناداتەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، نیچە بایەخ بە ‘هارمۆنی’ی نێو میوزیکەکانی ڤاگنەر نادات و بە کەم بەها باسیان دەکات. هاوکات کاری ‘Parsifal’ وەک نموونەیەک دەهێنێتەوە و وەها وەسفی دەکات، کە هارمۆنی تیایدا چەشنی پەتێکی  ناهاوسەنگ وایە و هەندێک شتی ناپەسەندیش لەسەری جموجۆڵی جیمناستیکی ئەنجام دەدرێت.

مەبەستی نیچە ئەوەیە کە ڕەوتی هارمۆنی لە کارەکانی ڤاگنەردا ڕەسەن نییە، بەڵکو تەنها بەکارهێنان و گواستنەوەی کۆمەڵە ژێیەکە لە مەودای نێوان تاڵەکانی میوزیکەکەیدا. هەروەک لە گۆڕانە ئینهاڕمۆنییەکاندا (ئینهاڕمۆنیک لە میوزیکدا دوو تۆنی جیاوازە، کە هەمان دەنگیان هەبێت) بەکار دێن. بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی تایبەتیی میوزیکی بخوڵقێنن، دواتر ئەمە لە کاری ‘Lieder’ی ئاوازدانەر شوبێرتدا ئاسایی کرایەوە و بە سادەیی بەکار هێنرا. نیچە پێی وایە بەکارهێنانی ‘Enharmonic’، ڕێگە لە دروستبوونی هاڕمۆنییەکی دروست دەگرێت، بەم هۆیەشەوە میوزیکەکە وەک دەریایەک خاو و هێواش دەبێتەوە، لەبری ئەوەی چەشنی ڕووبارێکى بەخوڕ، بەرەو پێش بڕوات.

لەبەر ئەوە میوزیکی ڤاگنەر لای نیچە لە هەرسێ لایەنی ‘میلۆدی، ڕیتم و هاڕمۆنی’ەوە شکستخواردووە. سەرچاوەی ئەم شکستەش دەگەڕێتەوە بۆ ڤاگنەر، چونکە میوزیکی بە شێوەیەکی نادروست بەکار هێناوە؛ بۆ ئەوە بووە تا سۆز و هەستەکانی ناو دیمەنەکان و کارەکتەرەکان زیادتر و گەورەتر بکات، کە لە بنەڕەتدا ئەم هەستانە لە کارەکتەرەکاندا بوونیان نییە.

بە شێوەیەکی ڕوونتر و ساناتر، کەموکوڕیی فۆڕمی میوزیک لە خەوش و ناباشیی ناوەڕۆکی کارەکەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە کاتێک ناوەڕۆک ساختە بێت، بە هەمان شێوە فۆڕمەکەش ساختە دەردەچێت.

 

بێگومان نیچە بەئاگا بوو لەوەی میوزیکەکەی ڤاگنەر ڕەسەنە و کارەکانی زیرەکانەیە. ‘Georges Liebert’ لە توێژینەوەیەکدا ڕوونی کردووەتەوە ئەو پەیوەندییە خۆشەویستی و لە هەمان کاتدا ڕقاوییە دژوارەی نیچە بۆ ڤاگنەری هەبوو، لەڕاستیدا پەیوەندییەکی خۆشەویستی-ڕقاوی بوو بۆ خودی نیچە خۆی، بەتایبەتییش لەگەڵ ئەو بەشەی خۆیدا هەیبوو کە وەک ژەنیارێکی میوزیکی بوو. ‘Liebert’ ئەوەش ئاشکرا دەکات نیچە چەنێک خۆی فێڵی لە خودی خۆی کردووە، هەم لەو لایەنەوەی کە لە سەرەتای پەیوەندییەکەیاندا سەرسامی ڤاگنەر بوو، هەم لەو لایەنەی دواتریشەوە کە پەیوەندییەکەیان بە تەواوی لێکترازا و کۆتاییان بە پەیوەندیی نێوانیان هێنا. لەو کاتەدا نیچە بە ئاشکرا کاری ‘Parsifal’ی ڕەت کردەوە و بە کارێکی خراپ و کەمبەها و فێڵاوی لەقەڵەمی دەدا، لە لایەکی ترەوە نامەیەکی بۆ ‘Peter Gast’ ناردبوو و تیایدا زۆر سەرنجڕاکێشانە وەسفی یەکەمین بەشی ‘Parsifal’ کردبوو. هەروەها لە هەندێک تێبینیی خۆیدا کە بەر لە کتێبی ‘لەودیو خێر و شەڕەوە’ نووسیبوونی، وەها باسی دەکات کە هیچ کارێک هێندەی ئەم کارە میوزیکییەی ڤاگنەر (Parsifal)، ئایینی مەسیحییەت بە قووڵی لێک ناداتەوە، بەو خێراییە هەستی هاوخەمی و هاوسۆزی ناهێنێتە بوون. کاری ‘Parsifal’ بە وردی گوزارشت لە ڕوانگەی هەستیاری و بەسۆزیی لۆژیکی مەسیحییەت دەکات. هەروەها نیچە لە ڕوویەکی دیکەوە وەها ئەم کارە هەڵدەسەنگێنێت کە پێویستە بناسرێتەوە و وەک سەرکەوتنێکی هونەری تەماشا بکرێت.

 

وێڕای ئەمەش، ئەو هەڵانەی کە نیچە لە میوزیکی ڤاگنەردا درکی پێ دەکات، لە ڕاستیدا هەمان ئەو هەڵانەش لە کارە میوزیکییەکانی نیچە خۆیشیدا بوونی هەیە. کارە میوزیکییەکانی نیچە بڵاوکراونەتەوە و لە ئێستاشدا بە CD لەبەردەستدان.

لە کارە میوزیکییەکانی نیچەدا، بڕێک گۆرانیی سەرنجڕاکێش بوونیان هەیە، هەروەها لە کارە فانتازیا (جۆرە میوزیکێکە) کۆڕاڵی و ئۆرکستراییەکانیدا هەوڵی زۆر مەزن و کاریگەری داوە. کاری پیانۆیی زۆریشی هەیە، کە خاوەنی تایتڵی ڕۆمانتیکییانەن، وەک ‘Hymn to Friendship’. سەرەڕای ئەوەی کە نیچە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و بە خراپی ڤاگنەری وەک هونەرمەندێکی ئاسایی دەناساند، کە سەرکەوتنە کەمخایەنەکانی لە هەستی تەنهایی و گرینۆکییەوە سەرچاوەیان گرتووە و بەبێ نەخۆشبوون و ناڕەحەتبوون نەدەتوانرا بەدەست بهێنرێن، بەڵام لەڕاستیدا نیچە خۆیشی یەکێک بووە لەم هونەرمەندە ئاساییانە و ئەو سیفەتانە لە خۆیشیدا هەبووە کە داویتیە پاڵ ڤاگنەر.

ئەو کارە میوزیکییانەی کە نیچە دەیخواست بە هۆیانەوە لە یادی گوێگراندا بمێنێتەوە، تەنها کۆمەڵێک کاری میوزیکیی بێفۆڕمن، کە پێک دێن لە ئاوازی دەنگنزمی شێتگیرانە و خاوەنی پڕۆسەیەکی میوزیکی شێواون؛ کارە میوزیکییەکانی خاڵین لە لۆژیکی میلۆدییانە و هاڕمۆنییانە.

 

بە دڵنیاییەوە نیچە ئەم ڕاستییەی لە بارەی توانای میوزیکیی خۆیەوە زانیبوو، هەر لەبەر ئەمەش بوو ڕووی کردە ئەدەبیات و دەستی کرد بە نووسینی بابەتی فیکری و فەلسەفی. تەنانەت نیچە کتێبەکەی (زەردەشت وەها دووا)ی بە کارێکی میوزیکی دادەنرێت، بەو هیوایەی بتوانێت ئەگەر لە ڕێگەی خوازەشەوە بێت ئەوە بە دەست بهێنێت کە لەڕاستیدا نەیتوانیبوو دەستی بکەوێت. بە درێژایی پیشە ئەدەبییە تەنها و پڕ لە کێشەکەیشی، وەها دڵی خۆی دەدایەوە کە جیاواز لە ڕەخنەگرەکان، ئەم (نیچە) ڕۆحێکی میوزیکژەنی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی نهێنیی شاراوەی ناو شتەکان درک پێ بکات.

پەخشانەکەی هەوڵدانێک بوو، بۆ ئەوەی ڕاستییە دەرنەبڕدراوەکان بگەیەنێت و ئاشکرای بکات، ڕاستییەکانیش ئەو پێویستی و هیوا دێرینانەی ڕابردوون، کە خۆیان لە ناو میوزیکدا دەدۆزنەوە. ڕۆحی خوای مەی (دایەنایسیس) لە نیچە دوورکەوتەوە، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، وەک خۆی وابێت، هەروەها لە هێرشەکەشیدا بۆ سەر میوزیکی ڤاگنەر، دەیویست تۆڵەی ئەمە بکاتەوە.

 

بە بڕوای نیچە، میوزیکەکەی ڤاگنەر تەنها خۆی بۆ ئەو هەست و سۆزانە دەردەخات، کە میوزیکەکە دەری دەبڕێت. لەبەر ئەمەیە کە میوزیکە درامییەکانی لێک هەڵدەوەشێنەوە. کارەکتەرەکانی ناو کارەکانی، تەنها لە چەند ساتێکدا کارەکتەری ڕەسەنن، هەروەها تەنها لەو جووڵە و نواندنە ئاماژەییەدایە کە دەری دەخات، هونەرەکەی ڤاگنەر هونەری کەسێکی ئاهەنگگێڕ و نمایشکەری سەر شانۆیە.

بە گوێرەی نیچە، درامای ڕاستەقینە شانۆییانە نییە، هەر بە هۆی شارەزایی ڤاگنەرەوەیە لە شێوەزاری شانۆییدا، کە وای کردووە کارە درامییەکانی ئەو مانایە نەگەیەنن کە خۆی ئارەزووی دەکات.

ڤاگنەر نمایشکارێکە، هەموو شتێک کە دەیکات، لە پێناو دروستکردنی کاریگەری ئەنجامی دەدات، هەرچەندە هیچ ناوەڕۆکێکی دراماییانەش لە کارەکانیدا بوونی نییە، کە بەهۆیەوە ئەو کاریگەرییە پشتڕاست بکرێتەوە. لەبەر ئەمە وەسفکردنی ڤاگنەر وەک هونەرمەندێکی ئاسایی پارادۆکسییانە دیارە و تەنها لە چەند ساتێکی کەمدا، جادووی میوزیک لە کارەکانیدا دەردەکەوێت. سەرەڕای ئەمەیش، نیچە لە نامەیەکدا ڕەخنەگرتنەکەی پێچەوانە دەکاتەوە، تیایدا پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەندێک لەو ساتە جادووییانە، تەنها نمایشێکی شانۆیی نییە و بەس، بەڵکو تێگەیشتنێکی لیریکییانەی جوانە، بەبێ هیچ بەراوردکردنێک لە مێژووی میوزیکدا.

 

هەروەک لە وتاری (Contra Wagner)دا نیچە دەڵێت: ”ژەنیارێک هەیە لە نێو هەموو ژەنیارەکاندا، شارەزایە لە دۆزینەوەی ئاوازی جیاواز لەنێو جیهانی ‘ڕۆحێکی خەمۆک و ئازارچەشتوودا’، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت زمان بکات بە بەری خەم و خەفەتدا. هیچ کەس ناتوانێت خۆی هاوتا بکات لەگەڵ ئەو ژەنیارەدا ، لەبەر ئەوەی ئەو ژەنیارە ڕەنگە جیاوازەکانی کۆتایی وەرزی پاییز لە ناخیدا هەیە، هەروەها بەختەوەرییەکی وەسفنەکراویشی لە بچووکترین خۆشیدا دۆزیوەتەوە. ئەو ئەزانێت دەنگ ببەخشێت بەو نیوەشەوانەی کە ڕۆح تیایدا بێدەنگ و خامۆشە، ئەو ساتەی کە هۆ و ئەنجام ون دەبێت و لە هەر چرکەیەکدا ئەگەری ئەوە هەیە، لە خۆوە شتێک ڕووبدات.

ئەو ژەنیارە لە قووڵایی خۆشبەختی مرۆڤەوە؛ بە شادییەوە جوانترین شت بەرهەم دەهێنێت، هەروەها لە لاوازترین دۆخی مرۆڤیشدا دەتوانێت باشترین بخوڵقێنێت، لەو دۆخەدا کە تاڵترین و ئازاربەخشترین هەست لەگەڵ شیرینترین و خۆشترین هەستدا ئاوێتە دەبێت. ئەو ژەنیارە ئاگادارە لە ماندووبوون و شەکەتبوونی ڕۆح، کە تیایدا ڕۆح ناتوانێت بازبدات و بفڕێت، تەنانەت ناتوانێت بە ڕێگاشدا بڕوات. شارەزایە لەوەی بە چاوێکی شەرمەوە تەماشای ئازارە شاراوەکان بکات، درک بەو دۆخە بکات کە تیایدا بە نائاسوودەیی تێگەیشتن دروست دەبێت، ئەو ساتەی کە بەبێ باسکردن و دانپیانانی نهێنییەکان دەگەین بە ساتی ماڵئاوایی.

بێگومان وەک ئۆرفیۆس(ژەنیار و شاعیر و پەیامبەرێکی ئەفسانەیی نێو ئایینە دێرینەکانی یۆنانی بوو) لە هەمووان مەزنترە، ئەو ژەنیارە کۆمەڵێک شتی بۆ جیهانی هونەر زیاد کردووە، کە تەنها خۆی توانیویەتی ئەو کارە بکات.

هەندێک شت کە وەک بابەتێک تەماشا دەکرا و نەتواندرا گوزارشتی لێ بکرێت؛ یاخود هیچ گرنگییەکی بۆ دونیای هونەر نەبێت. بۆ نموونە، (یاخیبوونێکی گاڵتەجاڕییانە)، تەنها ئەو کەسانە دەتوانن بگەن بەم دۆخە کە زۆر ئێش و ئازار دەچێژن، هەروەها هەندێک لایەنی ورد و درشتی ڕۆح کەشف دەکات، کە بەشێکە لە سروشتی خۆی.

بە دڵنیاییەوە ئەو ژەنیارە لێهاتوو و شارەزای وردترین و بچووکترین شتەکانە، بەڵام نایەوێت بەم شێوەیەش بێت!

 

ئەگەر ئەمانەی لێ دەربکەین، چی لێ دەمێنێتەوە! کارێکی گەورەی ساختە دەمێنێتەوە، کە باڵابوونە میوزیکییەکەی و کارەکتەرەکان و هەست و سۆزەکان، هەمووی درۆیینە دەردەچن. بەم چەشنەش کاری (Parsifal) لیری ڕزگاربوون بە شێوەیەکی هەڕەمەکییانە پێشکەش دەکات، ئەمەش کارێکی پیرۆزی گەمژانەیە. هیچ لەمانە بڕواپێکراو نین، چونکە لە دڵەوە نەوتراون، بەڵکو تەنها قسەیەکی گشتییە کە لە فەلسەفەی هیگڵەوە وەرگیراوە؛ دەربارەی تێگەیشتن و بەکاربردنی میوزیک وەک ئامێرێک، کە کار بۆ بیرۆکەکە دەکات. بەم هۆیە، هەموو ئەو شتانەی لە دۆخێکی خراپ و هەژارانەدا گەشە دەکەن. هەموو ئەو بیرە ساختانە لە بارەی چەمکی باڵابوون و تێپەڕاندن، هەموو ئەمانە خۆیان خزاندووەتە نێو هونەرەکەی ڤاگنەرەوە.

نیچە بە ورد و درشتی باسی ئەم ڕەخنەیە ناکات، بەڵام ئاشکرایە کە باوەڕی وایە نەک ئەوەی ئەم بابەتانەی ڤاگنەر بە کارەکتەرەکانی خۆی داوە بەشی ئەوە ناکەن کە مەبەستە شاراوە و میتافیزیکییەکە بگەیەنن، بەڵکو ئەستەمە خودی کارەکتەرەکان خۆیشیان بگەن بەو مەبەستە، سەرباری ئەمەش نائەخلاقییانەیە ئەگەر بيشیانەوێت بەو مەبەستە بگەن.

لە بارەی ئارەزووکردنی چەمکی زگاربوونیشەوە، نیچە پێی وایە ئەم چەمکە نەخۆشییە، چونکە ئەمە ڕەتکردنەوەی ژیان و تەندروستییە لەبەر خاتری پاکێتییەکی ڕۆحی ساختە و درۆیینە. هەرچەندە نیچە بە ئاشکرا باسیشی ناکات، بەڵام پێم وایە نیچە بیری ڕزگاربوونەکەی ڤاگنەر وەک دەستەواژەیەکی زۆر دووبارەبووەوە لە قەڵەمبدات، وەک بیرۆکەیەک کە زۆر بەکارهاتووە و دووبارە بووەتەوە، وە لە کارە درامییەکانی دواتردا بەکارهێنراوەتەوە تەنها لەبەر ئەوەی کارەکتەرەکان ویست و سەربەستییەکی وەهایان نییە، تا وەک بتوانن تراژیدیایەکی ڕەسەن بەرهەم بهێنن، بەڵکو لە بری ئەوە پەنایان بردووەتە بەر بژاردەی دووەم کە بیری ڕزگاربوونە.

بەم شێوەیە، بەهۆی ئەوەی کە نیچە سەرنجێکی گاڵتەخوازییانەی لەسەر ڤاگنەر هەبوو، سەرەتا کۆمەڵگەی ئەڵمانی، بە تایبەت ئەوانەی لایەنگری ڤاگنەر بوون، تاجەگوڵینەکیان خستە سەر گۆڕی ڤاگنەر، کە لەسەری نووسرابوو: ”ڕزگاربوون بۆ ڕزگارکەرەکە”، بەڵام دوای سەرنجە گاڵتەخوازییەکەی نیچە، تاجەگوڵینەیەکی دیکەیان دانا، کە لەسەری نووسرابوو: ”ڕزگاربوون لە ڕزگارکەرەکە” ئیدی خەڵکەکە حەسانەوە.

 

من لە وەڵامدانەوەی ئەو تاوانبارکردنانەدا تەنها ئەمە دەڵێم: ئەوەی کە نیچە داکۆکی لە ژیان دەکرد و لایەنگیری بوو، لە لایەکەوە باشترین بەهانە بوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ژینە دەردەدار و پڕ ناڕەحەتییەی کە ژیان ناچاری کردبوو بیگوزەرێنێت، لە لایەکی دیکەشەوە خراپترین جۆری خۆبەدەستەوەدان بوو، بۆ هەموو ئەو شتانەی لە سروشتی مرۆڤدا ڕووخێنەرترینن. ئەگەر بەزەیی هاتنەوە بە لاوازەکاندا ڕەفتارێکی نائەخلاقی بێت، ئەگەر قوربانیکردن دووبارە کارێکی نائەخلاقی بێت،  ئەگەر زیادبوونی ئارەزووی سێکسی دیسانەوە نائەخلاقی بێت،  هەروەها ڕەتکردنەوەی هێز بۆ خۆشەویستی و ڕەتکردنەوەی فیزی ئاسمانی بۆ بەزەیی پیاداهاتنەوەی مرۆڤ نائەخلاقی بێت، ئەوا بەردەوام بە لەسەر ئەو ڕەوتە نائەخلاقییە. وە ئەگەر تەندروستی تەنها لە ژیانێکدا بەدەست بێت کە لەودیوی خێر و شەڕەوە بێت، کە تیایدا بەزەیی پیادا هاتنەوە و ڕەتکردنەوە هیچ گرنگییەکيان نەبێت، ئەوا خۆت لە تەندروستی دوور بخەرەوە.

 

بەڵام با ئەم قسانە بەس بن. ڕاستییەک لە قسەکەی نیچەدا هەیە کە دەڵێت، کارەکتەرەکانی ڤاگنەر هەموو کات بە گوێرەی ئەو بارە میتافیزیکی و ئەخلاقییە ڕەفتار ناکەن کە ڤاگنەر دەیخاتە ئەستۆی کارەکتەرەکانی. تەنها جاروبار کارەکتەری (Siegfried) گوزارشت لەو ڕاستییە تراژیدییە دەکات لەبارەی ئازادی مرۆڤەوە، بە تایبەت ئەو کاتەی بە تەنها لە دارستانێکدایە و ڕووبەڕووی کەرکەدەنەکان دەبێتەوە، وە بەهۆی نەبوونی ئاگاییەوە دەمرێت. ئێمە هەر شتێک بڵێین گرنگ نییە، لەبەر ئەوەی بە دڵنیاییەوە کارەکتەری (Siegfried) گەنجێکی تەواوی نموونەیی نییە، وە نیچە ستایشی وێنەی ئەم کارەکتەرە دەکات لە ڤاگنەر خۆیدا. دەربارەی کاری (Parsifal)یش، کارەکتەری پارسیفڵ تەنها لەو ساتەدا هەست دەکات مرۆڤێکی زیندووە، کە وەک فریودەرێک ڕووبەڕووی کارەکتەر (Kundry) دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، هەندێک کارەکتەری دیکەش هەن، کە خەتەرناک و قایلکەرن وەک کارەکتەری (Kundry)ی ڤاگنەر. لە سەردەمی گریکەکانەوە تا ئێستا هیچ کارەکتەرێک نییە کە بەراورد بکرێت بە وێنەی کارەکتەری (Wotan)ی ڤاگنەر، جگە لە هەندێک کارەکتەری نووسەران (چاڕڵز دیکنس و ڤیکتۆر هۆگۆ)، هیچ کارەکتەرێکی دی نییە کە بگونجێت، یاخود نزیک بێت لە هەردوو کارەکتەری (Alberich) و (Mime)ی ڤاگنەر.

 

هەوڵدانی نیچە بۆ ئەوەی میوزیک لە ڕوانگەیەکی ئەخلاقییەوە بخوێنێتەوە، لە ڕوویەکی فەلسەفییەوە تا ڕادەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە، بەو واتایەی کە نیچە بەو شێوەیەی لێی گەیشتووە، شکستی ئەخلاقی ببەستێتەوە بە شکستی فۆڕمی میوزیکی لە کارە درامییەکاندا. ئەو دیدگایەی کە بووە سروشێکی گەورە بۆ نیچە تا وەک کتێبی (لەدایکبوونی تراژیدیا) بنووسێت، هەمیشە بایەخدار و گرنگە.

میوزیک شێوەزارێکی وێناکاری و خەیاڵکردن نییە. هەموو هەوڵدانێک بۆ ئەوەی ڕێکخستنی میوزیک تێکەڵ بە ڕێکخستنی زمان بکرێت، هەوڵدانێکی شکستخواردووە و هیچ سوودێکی نییە. ئێمە کاتێک لە میوزیک تێ دەگەین کە لەگەڵیدا دەجوڵێین. ئەوەیشی لێی تێدەگەین بیرکردنەوەیەک نییە، بەڵکو جۆرێک لە هاوسۆزییە کە میوزیک دەمانخاتە ناویەوە. هەر وەک چۆن قەشەیەک بە هۆی ئاماژە و جووڵەکانیەوە تێکەڵ بە نەریتە ئایینییەکەیمان دەکات. سەماکردن فۆڕمی سەرەکیی ئەم جموجۆڵە بە کۆمەڵەیە، هەروەها سەماکردن لە نەریتی ئایینییشدا بوونی هەیە. ئەگەر خراپییەک لە میوزیکی ڤاگنەردا هەبێت، ئەوا دەبێت کێشەکە لە جووڵە میوزیکییەکەدا ببێت. نیچە لەم بارەدا ڕاستە، هەروەها دروستە ئەگەر نیچە پرسیار بکات لە بارەی ڕێکخستنی ڕیتمی میلۆدی و هارمۆنی لەناو میوزیکی ڤاگنەردا. ئەمە چ جۆرە مرۆڤێکە، کە گوێگر بانگهێشت دەکرێت تا وەک لەم میوزیکەدا لەگەڵیدا بجووڵێت و سەما بکات؟ لە خۆبەدەستەوەدانمدا بۆ ئەم جووڵەیە، خۆیشم بەدەستەوە دەدەم بۆ ئەو شتەی کە لە ناخمدا هەیە و لەڕاستیدا پێویست بکات خۆمی لێ دووربخەمەوە؟ یاخود وەک ئەوەی ڤاگنەر دەیەوێت باوەڕم پێ بهێنێت دەچمە نێو جێگەیەکی پیرۆزەوە، کە تیایدا وەڵامدانەوەی سۆزدارییانەی من بۆ میوزیکەکە کاردەکاتە سەر نەخشەی هەست و سۆزەکانم؟ ئەتوانم لە ڕێگەی ئەم میوزیکەوە قوربانیکردن بە خود و ڕەتکردنەوەی ژیان بەدەست بهێنم، کە بە هۆیەوە بتوانم بگەم بەو ئاشتی و خامۆشییەی، کە گریکەکان لە کارە تراژیدییەکاندا بە دوایدا وێڵ بوون؟ بەڵام ئێمەی خەڵکی مۆدێرنە پێویستە لە فۆڕمێکی نوێی هونەریدا بە دوایدا بگەڕێین؟ بەرهەمە هونەرییەکانی داهاتوو بەهۆی باشتر کارکردن و پێشکەشکردنی ئەوەی مەبەستییانە، نەوەک تەنها لە ڕێگای بەدرۆخستنەوەی ئایینەوە، دەتوانن شوێنی ئایین بگرنەوە؟

 

ڤاگنەر پێی وابوو لەسەری پێویستە شێوازی جووڵەکردنی میوزیک نوێ بکاتەوە. سەرەڕای ئەمەش، میلۆدییە بێکۆتاییەکانی کۆمەڵێک ئامرازی دووبارەبووەوە نەبوون وەکو ئەوەی نیچە باسی لێوە دەکرد. هەروەها میوزیکەکەشی ئەوەی نیشان نەدەدا کە ڕیتمەکان تیایدا تێک بشکێن و لە ناو بچن. بەکارهێنانی (نۆتەی سێیینە) وەک مۆتیڤێکی سەرنجڕاکێشان لە سەرەتای کاری (Tristan) و (Isolde) باشترین نموونەیە لە میوزیکدا، کە ڕیتمێکی (Syncopate)”لە میوزیکدا بریتییە لەوەی ڕیتمێکت هەبێت کە نۆتە بەهێزەکان تیایدا توند و بەرز نین، بەرهەم بهێنێت، ئەمەش لە بچووکترین یەکەی ڕیتمیەوە دروست بووە، کە (Accent)ی میوزیکەکە بە ناو هەموو کارەکەدا بڵاودەکاتەوە. ئەنجامەکە تێکشکانی ڕیتمی نییە، بەڵکو ڕیتم تیایدا بێ کۆتاییهاتن یەکخراوە. جووڵە هاڕمۆنییەکەیشی بە هەمان شێوە، هێڵێکی دوورودرێژی گۆڕانی (Enharmonic)ی نییە، بەڵکو نموونەیەکی تەواوی گۆڕانە، لە کلیلێکی میوزیکییەوە بۆ کلیلێکی دی؛ بەبێ کۆتایی پێ هێنان. هەروەها میلۆدییەکەش بە پێی هەمان ڕێسا دەجوڵێت، بە شێوەیەک کە دەچێتە نێو یادگەی هەموو کەسێکی میوزیکییەوە.

ئەمە هونەری میوزیکییە لە بەرزترین دۆخدا. بەکارهێنانی ئەم جووڵەکردنە سێ-ڕەهەندییە بەبێ کۆتایی پێ هێنان، بۆ ئەوەیە کە دۆخی هۆشی مرۆڤ بگوازێتەوە لە ناخیدا، وە هەموو ئەمەش بەبێ بەکارهێنانی هیچ وشەیەک!

 

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، پێویستە وەڵامی پرسیارەکانی نیچە بدرێتەوە. چ شتێک ئەم توانستە میوزیکییە باڵایە وەها دەردەخات، کە توانستێکی ئەخلاقيش بێت، یاخود بڵێین دەربڕینی ژیانی پاک و بێ خەوشی مرۆڤ بێت؛ بۆ لای خۆی بانگهێشتمان بکات و شایانی ئەوە بێت کە هاوسۆزی خۆمانی پێ ببەخشین؟

خراپی کوالیتی کارەکانی ڤاگنەر لەوەوە وەردەگرین، کە نیچە دەیباتەوە سەر بابەتی بەهای نائەخلاقی. واتە ئەوەی نیچە باسی دەکات دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی خراپبوونی کوالیتییەکەی، بەبێ ئەوەی مشتومڕ لەسەر ئەو بەها گرنگە بکەین کە کارە درامییەکانی ڤاگنەر بانگەشەی بۆ دەکەن. ئەم کارانە ساختە نین؛ بەڵام پێویستیش نین، بەڵکو تەنها ستایلێکە لە ژیانی مۆدێرنە، کە هیچمان فێر ناکات. دەشێت ئەمە حوکمدانێکی میانڕەوانەی فیکری نیچە بێت لەم سەردەمەدا، بەڵام ئێمەش گەیشتووین بەو خاڵەی کە پێمان وایە پێویستە ئەو بەرپرسیارێتییەی نیچە وەلا بندرێت. بە ڕای خۆم، ئەو بانگەشەیەی کە نیچە بۆ ژیان دەیکات، هەڵخەڵەتێنەرانەترە لەو فەلسەفەی دەربازبوونە مەسیحییەی  ڤاگنەر لێوەی دەدوێت. ئەو بەرگریکردنەی کە نیچە لە فیکرەکانی خۆی دەکات، کاتێک دەڵێت ڕیتمەکانی سنووردارن و ئاوازەکانی زوو هەستیان پێ دەکرێت. ئەم قسانە زۆر ناهۆشیارانەن و بە باشی هۆکارەکە ڕوون ناکەنەوە. ئەی باشە ئەگەر نیچە لەم سەردەمەدا بژیایە و گوێی لە (Lady Gaga) و (Meshuggah)  و (EDM) ببوایە چ کاردانەوەیەکی دەبوو! یاخود چی دەگوت؛ کاتێک فیلمێکی کولتووری ببینیایە کە لە ڕێگەی (Special Effect)ەوە دەستکاری دەکرێت و کۆمەڵێک گۆڕانکاری زۆر پڕوپوچی تیادا ئەنجام دەدرێت! یاخود ئەو فیلمانەی توندوتیژی لە ڕادەبەدەری تیادایە، بەبێ ئەوەی گرنگی بدەن بە لایەنی ئەخلاقی و هەست و سۆز؟ هەر بەڕاست ئەوکات نیچە بۆچوونی دەگۆڕا و دەوەستا لەوەی سیفەتی بەهای نائەخلاقی بداتە پاڵ ڤاگنەر و کارە میوزیکییەکانی! یان دەیتوانی هەست بەوە بکات، کە کۆمەڵێک فۆڕمی جیاوازی ژیان هەن کە بڕێک لە بەهای نائەخلاقی بە چاک و گونجاو دەزانن؛ تا وەک تیایاندا ڕەنگبداتەوە؟

 

 

Leave a comment