[وێنەكێشەكەی سەردەمی میسڕی كۆن]

وێنە كێشەكەی سەردەمی میسڕی كۆن

لە ئینگلیزییەوە: زامۆ بەکر

وێنە نەخشێنراوەكانی سەر دیوارەكانی میسڕی كۆن، شێوەیەكی دڵفڕێن بە ڕابردوو دەبەخشێت. ئەركی سەرەكی وێنەكێشیش لەسەر گۆرەكان، پاراستنی گیانى مردووەكان بووە. بە گشتی زۆربەی هونەری كێشراوی سەر گۆڕەكان شوێنكەوتەی یاساگەلێكی نەگۆڕ بوون، كە هەموویان هەڵگری مانایەكی تایبەت بوون بۆ میسڕییەكان. گۆشەنیگا دەربارەی ڕووكەشە شێوە و ژیاننامەی هەر تاكێك لەو كاتەدا، بە یەكێك لە هەرە تایبەتییەكانی هونەری میسڕی دادەندرێت.  ئەمەش ئەو ڕاستییەمان وە یاد دێنێتەوە، كە میسڕییە كۆنەكان ژیانیان بە دوولاسرووشتی شوبهاندووە (ڕێبازی دوولا گری: دوو شتی سرووشتی دژ بە یەكدی): ژیان و مەرگ، لافا و وشكەساڵی، باشە و خراپە.

ئەم وێنە ئاوێتە ئاسایانەی كە تەواو لەسەر شێوەی بەشەكانی جەستەی مرۆڤ بوو، زۆر وردتر بوو لە شێوەی ڕاستەقینەی وەستاو و یارمەتیدەربوو بۆ ئەوەی ڕۆحەکە جەستەی بدۆزێتەوە.

گرنگی سایز (قەبارە)

دیمەنەكان و شێوە پەیكەرەكان، بە پێی سیستەمێك كێشراون كە لەسەر شێوەی شریتێك وەهایە، بەو ڕادەیەی كە لەگەڵ تەماشاكردنیدا، وەك زنجیرە فیلمێكی كارتۆنی، یاخود ڕۆمانێكی گرافیكی وە دیار دەكەوێت.

گۆشەنیگا و خاڵی داڕمان لەنێو هونەری میسڕیدا بەدی ناكرێت. كۆتا بەش بۆ تۆماركردن، بریتی بوو لە بەشی هێڵی نزیك لە زەوییەوە و قووڵایی ئەو هێڵە بە شێوە تێكەلآوەكان، یاخود شێوە كێشراوە لەسەر یەكدییەكان وە دیار دەكەوت. قەبارەی شێوەكان گرنگی پەیوەستداریی بە وێنەكەوە وە دیار دەخست. نیگاری خاوەن شكۆكان گەورەتر لە ژیان نەخشێنرابوون، تا هێمای هێزیان وەك خودایەك وە دیاربخات. بە شێوەیەكی گشتی خاوەن گۆڕەكان، وەك گرنگترین بەشی دیزایینەكە نەخشێنراوە  و لە بەرانبەردا هاوسەر و منداڵ و خزمەتكار و ئاژەڵەكان، بە بچووكتر كێشراون، تا ئەو گرنگییە بێ بەهایەی كە هەیانە دەری بخات.

تۆڕی سیستەمی بەیان ( لە داڕشتەی ختووت بەیانەوە هاتووە، كە بۆ خۆشنووسی و وێنەی ئەندازەیی بەكاردێت)

لەبەرگرتنەوەی دەقاودەقی شێوەكان، كارێك بوو كە گرنگی تایبەتی خۆی هەبوو. یەكێك لە ڕێگا دڵنیا بەخشەرەكان، بریتی بوو لە پەیڕەو كردنی تۆڕی سیستەمی بەیان؛ كۆمەڵێك هێڵن لەسەر باری درێژی و پانیین  لەسەر ڕووی دیوارە خاڵییەكان كێشراون. ئەمەش ڕێگا خۆشكەر بوو بۆ نەخشەسازە سەرەتاییەكە، تا زۆر بە وردی دیزایینەكە فراوانتر و لەبەرگرتنەوەی بێ دوودڵی بۆ ئەنجام بدات، تەنانەت سیستەمەكەش داببپۆشێــت.

پەتی لەنێو مرەكەبی سوور نراو، بە نێوەندی 2 دار فراوان بوون. پاشان نزیك و دژ بە دیوارەكان داكوترابوون، تا هێڵــــی ڕاستە و ڕاست دروست بكەن. هەندێك كات ئەم هێلآنەش دەكرێت لەسەر ڕووكاری دیوارە تەواو نەكراوەكان ببیندرێــــــــت.

پالێتی خودایی

گرنگی ڕەنگەکان لای میسڕییە كۆنەكان تەنها بە هۆی سەرنجڕاكێشی و جوانییانەوە نەبووە، بەڵكو لەبەر مانا هەستپێكراوەكەشی بووە. هەردوو ڕەنگە سارد و گەرمەكان بەكارهاتووە. بایەخدانی قووڵ و گرنگیپێدان بۆ هونەرەكەیان، وەك هێمایەك بووە بۆ خوداكانیان. میسڕییە كۆنەكان لەو بڕوایەدا بوون، كە ڕەنگێكی تایبەت تەنها ڕەمزێك نەبووە، بەڵكو پڕبووە لە هێزێك یاخود تایبەتمەندییەك، كە پەیوەستداربووە بە خودایەكی تایبەت.

لە ئەنجامدا، دەكرا هێزێكی مەزن لەنێو ئەو دروستكراوەدا لە دایك ببێت، ئەگەر بێت و بە شێوازێكی پڕ مانا بڕەنگێندرێت.

بۆیەكان بەكاردەهات بۆ دروستكردنی ڕەگی جیاواز، كە بە شێوەیەكی سەرەكی لە كانزا و سەرچاوە سرووشتییەكانی نێو میسڕ و دەوروبەری دروست دەكران. كانزاكان لەنێو تێكەڵكەرێكی بەردییندا دەهاڕدران و لەنێو مەنجەڵدا تێكەڵ بە ئاو و ماددەی لكێنەرى وەك: شیلاوی دار یان سپێنەی هێلكە.

ئەو بۆیاخانەی كە بەم شێوەیە دروست دەكران ناونرابوو ” تێمپرا.”

سەرچاوە و مانای ڕەگەكان

* سپی: لە كاربۆناتی كالیسیۆم، یان كبریداتی كالیسیۆم (گەچ)، ڕێكوپێكییەك لەنێوانیاندا دروست دەكرا. هەروەها “كالسیت” كە بە (مەڕمەڕی میسڕی) ناودەرا، بەكار دەهات.

* زەرد: لە ژەنگ وە بەرهەم دەهات، لە كاتێكدا ڕەنگی زەردی ئاڵتوونی بریقەدار، لە “كبریتۆزی زەرنیخی” دروست دەكرا. زەردی پەڕییویش، لە “جاروسیت” دروست دەكرا. ڕەنگی زەرد لە نەخشاندانی مێیینە بەكار دەهات، لە كاتێكدا زەردی ئاڵتوونی و ئاڵتوونی بۆ پیشاندانی جەستەی خوداكان و خۆر بەكار دەهات.  بە تایبەت “ڕاع” (خودای خۆر)، ئاڵتوون وەك كانزایەكی خودایی تەماشا دەكرا، چونكە هەرگیز تێك نەدەچوو.

* زیویی: لە میسڕ زۆر دەگمەن بوو، لەوەش بوو كە لە ئاڵتوون بەنرختر بێت. وەها تەماشا دەكرا كە ئێسكی خوداكانی لێ دروست بووبێت.

* شین: لە “ئازۆرایت” (كاربۆناتی مس) درووست دەكرا، وەك نیشانەیەك بۆ ئاسمانەكان، گژوگیا، گەنجێتی، ئاو و ڕووباری نیل، بەكاردەهات. ئەو ڕەنگەی بە ڕەنگی شینی میسڕی دروستكرا، لە بەرزكردنەوەی پلەی گەرمی كووارتز و كاربۆن-هایدرۆكسیدی مسی هاڕادرا و كاربۆناتی كالیسیۆم، بەرهەم دەهێندرا. هەتا ڕێژەكە وردتر بووایە، ڕەنگە شینەكە جوانتر وە بەرهەم دەهات.

* سەوز: لە مس یاخود كاربۆن-هایدرۆكسیدی مسی هاڕدراو دروست دەكرا، كە بۆ ئۆسیرایس و ژیانی ئەبەدیەت و سەركەوتن و قیامەت بەكار دەهات. هەروەها هێمای نوێبوونەوە و بەپیتی بوو، بۆیە ئەم ڕەنگە بۆ خودا “حاسۆر” پیرۆز بوو. بۆ نیشاندانی جەستەی نێفسیس بەكار دەهات، كە خوداى زیندووبوونەوە بوو.

* سوور: لە گڵە سوورە دروست دەكرا، بە هامان شێوەی ڕەگی زەرد. گڵە سوورە كۆمەڵێ ڕەنگ دەدات بە دەستەوە، هەر لە زەردەوە تا سوور و بەرەو قاوەیی تۆخ. كە بەندبوو لەسەر ئەو ڕێژە ئاوەی تێیدا بەكار دەهات. هەندێك جار ئۆكسیدی ئاسن بەكار دەهات. لە سەردەمی دەوڵەتی نوێ دا، ڕیلگار بەكاردەهات بۆ ڕەنگی سوور، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات بەرەو زەرد دەشكایەوە. ڕەنگی سوور بۆ ڕەنگكردنی جەستەی نێریینە،پاشان نواندنی خۆر، خراپەكاری، هێز، خوێن و هێزی ژیان بەكار دەهات.

* ڕەش: لە سوتوو یان خەڵووز وە بەرهەم دەهات، ئەم ڕەنگەش نیشاندەری ناوێكی كۆنی میسڕی بوو، بە نێوی “كێمێت” یاخود ” خاكی ڕەش،” ئەو خاكە بە پیتەی كە دەوری نیلی داوە. وەك هێمای جیهانی ژێرەوە و ئۆسێرایسش بەكار دەهات.

Leave a comment