[بۆمب و گوڵی خونچەکردوو؛ دوو لایەنە جیاوازەکەی فرێدریک شۆپان]

بۆمب و گوڵی خونچەکردوو؛ دوو لایەنە جیاوازەکەی فرێدریک شۆپان

لێهاتوو و بلیمەتی پیانۆژەنین، یاخود ئەو دروستکەر و داهێنەرەی نێو دونیای موزیک، کە چیتر کاریگەری نەماوە!

تۆم سێرڤس

لە ئینگلیزییەوە: داڤان فاتیح

 

هەرکەسێک لە فێربوونی وانەی پیانۆدا هەتاکوو قۆناغی ٣ یاخود ٤ ڕۆیشتبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە گەیشتووە بەوەی کە پارچەیەکی موزیکی “شۆپان” بژەنێت. بێ هیچ گومانێک، هیچ کتێبێکی فێربوونی ئامێری پیانۆ کامڵ نابێت، ئەگەر پارچەی “E minor Prelude”ی شۆپان لەخۆ نەگرێت. ئەم پارچەیە هەموو شتێکی تیادایە کە وا لە پیانۆژەنێکی سەرەتایی و کەمئەزموون بکات هەست بە تەکنیکەکانی خۆی بکات، بەهۆی ئەوەی ئەم پارچەیە کورتە؛ تێمپۆیەکی هێواشی قایلکەری هەیە و هەروەها ئەو بەشەی بۆ دەستی چەپ نووسراوە ئاسان و لەبار دەژەندرێت، ئەو بەشەیشی بۆ دەستی ڕاست نووسراوە خاوەنی میلۆدییەکی غەمگینە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کارە “E minor Prelude” بە شاکارێکی گەورەی موزیکی ناوزەد دەکرێت، کە لێوانلێوە لە دەربڕینی شیعری و نزمبوونەوەی میلۆدی و زیادبوونی هەست و سۆز. هەر ئەوەندەی کە توانیت شارەزای تەکنیکەکانی ئەم کارە موزیکییە ببیت، ئەوا دەتوانیت زۆر بە ئاسانی و بە سۆزێکی قووڵەوە پارچەکە بژەنیت، هەروەک پیانۆژەن “Liberace” دەیژەنی. ئەگەر ئەمە تاکە پارچەی موزیکی شۆپان بێت کە ژەنیبێتت، ئەوا لەوانەیە وەها وێنای بکەیت کە ئەم ئاوازدانەرە بەسۆز بووە و بەهۆی نەخۆشی “سییەکانەوە” ناڵاندوویەتی، بەڵام ئەمە نیشاندانێکی نەگونجاوی موزیکی سەردەمی ڕۆمانتیکە.

 

لە ڕاستیدا لایەنێکی مێژووی موزیک، بەم شێوەیە لە کارەکانی شۆپان دەڕوانێت. لە دواهەمین وێنەدا کە شۆپان تیای دەرکەوتووە، کە وێنەیەکی غەمگینانەیە و ماوەیەکی کەم بەر لە مردنی گیراوە؛ بێزاری لە دونیا و ژیان لە نێو چاوە لاوازەکانیدا زۆر بە ئاشکرا دەبیدنرێت. دەربڕینەکەی سەر ڕووخساری خەم و خەفەتی ناو ناخی دەخاتە ڕوو. بەپێی هەندێک بیروڕا لە بارەی ژیانی شۆپانەوە، پێیان وایە ئەم ئاوازدانەرە نوقمی ناو کێشە و نەهامەتییەکانی خۆی بووە، ناڕەحەت و نائاسوودە بوو لەگەڵ ئەم جیهانەدا. شۆپان ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر و لە ١ی مارسدا(هەندێکیش دەڵێن لە ٢٢ی فێبریوەریدا) لەدایکبوو. شۆپان لە ساڵی ١٨٣٠ و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، پۆڵەندای نیشتیمانی خۆی بەجێهێشت و هەرگیز نەیتوانی بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە. دوای ئەوەی لە هەمان ساڵدا “شۆڕشی نۆڤەمبەر” شکستی هێنا، لەوانەبوو شۆپان ئەگەر بگەڕایاتەوە بۆ وارشۆ(پایتەختی پۆڵەندا)، دەستبەسەر بکرایە. بەو پێیەی کە شۆپان ناسیۆنالیستێکی پۆڵەندی جيددی بوو، دواتر لە پاریس جێگیربوو. هەرچەندە نەیشیتوانی وەکو هونەرمەندێکی درەوشاوە سەرکەوتوو بێت، وەک چۆن “Franz Liszt”ی پیانۆژەن و ئاوازدانەر، لەو کاتەدا توانی بدرەوشێتەوە و سەرکەوتنی باش بەدەست بهێنێت. کاتێک شۆپان لە ساڵی ١٨٣٢پیانۆی دەژەنی لە هۆڵێکی بچووکی کۆنسێرتدا لە پاریس، گوێگرەکان شێتۆکانە کارەکەیان هەڵدەسەنگاند؛ دەیانگوت کە میلۆدییەکانی نەرم و ناسکن، هەروەها خاوەنی ئەندێشەیەکی مەزنیشە، بەڵام لەوەدا ڕەخنەیان لێ دەگرت کە خاوەنی ‘هێزی پیانۆژەنین’ نییە.

 

ئەم بیرۆکەیە بوو کە کۆمەڵێک ڕوانینی جیاوازی لەبارەی کارەکانی شۆپانەوە بە دوای خۆیدا هێنا، بەوەی کە موزیکەکەی شۆپان وەکوو وێنەیەکی بچووککراوەیە و چەشنی خەونێک وایە، هەروەها کۆمەڵێک کواڵیتی تیایە کە پەیوەستە بە پرسی ژن و مێینە. بەڵام کارەکانی “فڕانز لیزت،” پڕن لە بەهرەی هونەرمەندانەی نایاب و پەرۆشی هونەرخوازی مەزن، کە لیزت بەم چەشنە ببووە خاوەنی ستایڵێکی تایبەتی خۆی لە موزیکی ڕۆمانتیکدا. لەگەڵ ئەوەشدا وا دەردەکەوێت کە واقیعی ژیانی شۆپان ئەو ڕوانینە پشتڕاست بکاتەوە، کە کارەکانی ئەم ئاوازدانەر مەزن و قارەمانانە نین. چونکە لەبری ئەوەی کۆمەڵێک کۆنسێرتی بێشومار ساز بکات و کارە موزیکییەکانی لەو کۆنسێرتە گشتییانەوە بخاتە ڕوو، بژێوی ژیانی خۆی لە ڕێگای گوتنەوەی وانەی موزیکی بە خاوەنکار و شازادە خاتوونەکان پەیدا دەکرد. بەم شێوەیەش هەتا دوو دەیەی کۆتاییەکانی تەمەنی، ژمارەیەکی کەم کۆنسێرتی ئەنجامدا. شۆپان زۆر تامەزرۆ بوو بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پۆڵەندا. پەیوەندییەکی ئاڵۆز و ناڕێکی لەگەڵ نووسەر “George Sand” دا بەست، وە کۆتا ساڵەکانی تەمەنی لە دۆخێکی خراپ و نەخۆشیدا بەسەربرد. ئەو ماوە کەمەی کە لە مایۆرکا مایەوە و ئەو گەشتانەی بۆ بەڕیتانیا ئەنجامی دا بە مەبەستی سازکردنی کۆنسێرت، هیچ کام لەمانە نەبوونە هۆی دۆخەکەی ئارام بکەنەوە، سەرئەنجام لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا و بە نەخۆشی سیل کۆچی دوایی کرد.

 

بیرۆکەی ئەوەی کە گوایە شۆپان ژەنیارێک و ئاوازدانەرێکی کەم توانا بووە، هەتا ئێستاش بەربڵاوە لەو بیرکردنەوانەی دەربارەی شۆپان ئەنجام دەدرێن، هەروەها لە کاتی ژەندنی کارەکانیشیدا ئەم فیکرەیە بوونی هەیە. شۆپان تەنها ژمارەیەکی کەم سۆناتا و کۆنشێرتۆی نایاب و سەرنجڕاکێشی نووسیوە. زۆرینەی کارە موزیکییەکانی دیکەی تەنها بۆ پیانۆ نووسراون، فۆڕمە موزیکییەکانی وەک “Etudes, Nocturnes, Mazurkas” کە شۆپان تا ڕادەیەک کردبوونی بە ستایڵی موزیکی خۆی.

 

بەڵام شۆپان دیوێکی دیکەیشی هەیە. شۆپان لە پۆڵەندا وەکو پاڵەوانێکی نەتەوەیی تەماشا دەکرێت. ”دڵ”ی شۆپان لە شوێنێکی تایبەتدا هەڵگیراوە؛ لە کەنیسەی “Holy Cross” لە وارسۆ.

وەک شۆپان خۆی وەسیەتی کردبوو، خوشکەکەی ”دڵ”ی شۆپانی لە شووشەیەکی کۆنیاکدا هەڵگرت. ئەو شۆپانەی کە پۆڵەندییەکان ستایشی دەکەن، جیاوازە لەو شۆپانەی لاواز و بێهێزەی کە لە پاریس ناسرابوو. لە پۆڵەندا وەکو پیانۆژەنێکی لێهاتوو و ئاوازدانەرێکی یاخیگەر باسی دەکەن، هەروەها چەشنی سیمبولێکی ناسنامەی نەتەوەیی ناوزەدی دەکەن کە لە نێو پارچە موزیکییەکانی خۆیدا ڕەنگ دەداتەوە، وەکوو کارە موزیکییە سەرکەوتووەکەی بە ناوی “Revolutionary Etude،” یاخود دوو پیانۆ کۆنشێرتۆیەکەی کە لە وارسۆ ژەنی، بەرلەوەی پۆڵەندا بە یەکجارەکی جێبهێڵێت.

 

لە پۆڵەندا پێنج ساڵ جارێک کێبڕکێیەکی موزیکی هەیە بە ناوی “Warsaw International Chopin Competition” کە بووە هۆی دەستبەکاربوونی چەند ژەنیارێکی ناوداری وەک: (Vladimir Ashkenazy, Martha Argerich, Maurizio Pollini, Krystian Zimerman,) و چەند پیانۆژەنێکی دیکەش.

دیوە سادە و کراوەکەی شۆپان کە لە پۆڵەندا پێی ناسراوە، بە زۆری وەکوو ئەو ئاوازدانەر و پیانۆژەنە گەنجە وایە کە کاریگەری لەسەر “Robert Schumann” هەبوو. کاتێک ڕۆبێرت شومان لە ساڵی ١٨٣١ پێداچوونەوەی بۆ کاری “Op 2″ی شۆپان کرد، ئەو کارەی کە ئیشی لەسەر aria”” کەی “Don Giovanni”ی مۆتسارت کرد. بەڵام بە ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک لە ڕیتم و میلۆدیدا، شومان لە بارەی ئەم کارەوە سەرسامی خۆی دەربڕی و گوتی: ”بەڕێزان، کڵاوەکانتان داگرن، شۆپان بلیمەتێکی مەزنە!”. دواتریش، شومان گوێبیستی “B flat minor Sonata”ی شۆپان بوو و وەها وەسفی دەکرد وەکوو بڵێیت ”بۆمبێک لە نێو کۆمەڵێک گوڵی چرۆکردوودا شاردرابێتەوە” لە نێو ئەم پارچە موزیکییەدا. ئەم پارچەیە دەناسیتەوە ئەگەر وەهاش بزانی کە هیچ دەربارەی نازانی، لەبەرئەوەی “جوڵە” هێواشەکەی ئەم سۆناتایە زۆر بەناوبانگە کە ناسراوە بە “Funeral March.”

 

کەواتە شۆپانی ڕاستەقینە کامەیانە؟ هونەرمەندێکی ئاسایی کە کۆمەڵێک کاری بچووکی هەبووە، یاخود ئایکۆنێکی نەتەوەیی مەزن؟ لەمڕۆدا موزیکەکەی شۆپان چیمان پێ دەڵێت؟ بە تەنها فەڕەنسا و پۆڵەندا نین کە شۆپان بە موڵکی خۆیان بزانن، لەو ڕۆژەوەی کۆچی دوایی کردووە و ماوەی ١٦١ ساڵە بە بەردەوامی هەموو نەوەیەکی نوێ لە پیانۆژەنەکان و گوێگرەکان، جێپەنجەی خۆیان لەسەر موزیکەکەی شۆپان جێهێشتووە. هۆکاری ئەوەی  دەکرێت کارەکانی شۆپان کۆمەڵێک لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت، ئەوەیە کە مەتەڵێکی بنچینەیی لە قووڵایی کارەکانیدا بوونی هەیە. موزیکی شۆپان پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە، کە پێکدێت لە کۆمەڵێک پارادۆکسی شاعیرانە. لە هەموو ژیانیدا کارێکی موزیکی نەنووسیوە کە ببێتە هۆی دروستبوونی وێنەیەک، یاخود چیرۆکێکی دیاریکراو بگێڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، موزیکەکەی شۆپان لە موزیکی ئاوازدانەری دیکە زیاتر بیستراوە و  وەکوو بەرجەستەکردنێکی زۆر شت خۆی دەرخستووە و توانیویەتی زۆر شت لە خۆیدا کۆبکاتەوە. وەک یاخیبوون یان دڵۆپەی باران، یاخود ئاوازی پرسە و بەڕێکردنی تەرمی مردوویەک یان با کاتێک بە نێو گۆڕستاندا گیڤە گیڤ دەکات. شۆپان لەسەروو هەموو ئاوازدانەرەکانەوە، زۆرترین ڕێزی ئاوازدانەر “Bach”ی دەگرت. لەگەڵ ئەوەی کە شۆپان بە یەکێک لە ئاوازدانەرە ئەبستراکتی و کلاسیکییەکانی سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم دادەنرێت، بەڵام توانی کۆمەڵێک سیفەتی درەوشاوە و کواڵیتی نایاب بە پیانۆ و ستایڵی ژەنینی پیانۆ ببەخشێت، کە بەبێ ئەو هەوڵانەی شۆپان نەدەتوانرا کولتووری هونەرخوازی ڕۆمانتیک دروست ببێت.

بەڵێ، دەکرێت بڵێین شۆپان هونەرمەندێکی سادە و ساکار بووە، بەڵام کۆمەڵێک فۆڕم و پێکهاتەیشی بەرهەمهێنا، وەک: (The ballade, the scherzo, the hybrid fantasie)، کە هەموو ئەمانە کۆمەڵێک نموونەی داهێنان و نوێکاريین لە نەخشەی موزیکیدا.

 

“John Rink” کە توێژەرێکی شارەزای ئاوازدانەر شۆپانە، لە بارەی کواڵیتی ”نادیارییەکی نیشاندراو” و ”ئامادەگییەکی نادیار”ەوە دەدوێت، کە لە موزیکی شۆپاندا بوونی هەیە. ئەمە لە خۆیدا پەسنێکی باشە لەبارەی بەهێزی موزیکی شۆپانەوە، لە ڕاستیدا کواڵیتییەکە کە قورسە بتوانیت باسی بکەیت، بەڵام دەتوانیت لە موزیکەکەدا هەستی پێبکەیت. ئەو پارچە موزیکەی شۆپان کە زۆر سەرسامی کردووم، بریتییە لە پارچەی “A minor Mazurka, Op 17, No. 4.” ئەم پارچەیە لەسەر لاپەڕەی نۆتەکەی سادە و ئاسان دێتە بەرچاو، بەڵام بە شێوەیەکی جادوو ئاسایانە کاریگەرە؛ کاتێک لەلایەن ژەنیارێکەوە دەژەندرێت. هاڕمۆنییەکانی موزیکی شۆپان زۆر سیحراوین، لەبەرئەوەی بێشومار هەست و سۆزی جیاواز بەرهەمدێنن، بەتایبەت کاتێک نۆتەیەک لە کۆردێکەوە بۆ کۆردێکی تر دەگۆڕێت، بە تەواوی کەشی موزیکەکە دەگۆڕێت و لە ڕووی هەست و سۆزەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاو دەهێنێتە ئاراوە. لەوانەیە تەنها پێنج خولەک ئەم دۆخە بمێنێتەوە، بەڵام هەر ١٣٢ باڕەکە پێکەوە یەک جیهانی تەواوی پێک دەهێنن، کاتێک کارە موزیکییەکە دەژەنیت. ئاوازدانەری فەڕەنسی “Beriloz،” لەبارەی هێز و لێهاتوویى شۆپان و ئەو ئەزموونە موزیکییە مەزنەی کە هەیبووە، هەندێك شتی نووسیوە و لەبارەیەوە گوتوویەتی: ”شۆپان دوو ‘Mazurka’ی سەرنجڕاکێشی نووسیوە، کە لە ٤٠ ڕۆمان گرنگتر و کاریگەرترن، وە ئەگەر ڕەوانبێژی وەکو سیفەتێک بدەینە پاڵی، دەتوانین بڵێین لە هەموو ئەدەبیاتی سەدەی ١٩ دا ڕەوانبێژیى بەرزترە و خاوەنی دەربڕینێکی بێهاوتایە!”

 

بەڵام باشترین شت لەبارەی موزیکی شۆپان ئەوەیە کە تەنها تایبەت نییە بە کۆمەڵێک پیانۆژەنی وەکوو (Zimerman) و (Pollini) و (Uchida)، بەڵکوو ئەگەر تۆش بتوانین پیانۆ بژەنیت، شۆپان و موزیکەکەی تایبەتن بە تۆش، یاخود هەر پیانۆژەنێکی تر. وە ئەگەر نەتوانیت پیانۆ بژەنیت، شۆپان و کارە موزیکییەکانی باشترین هۆکارن بۆ ئەوەی دەست بکەیت بە ژەنینی پیانۆ.

کۆمەڵێک پیانۆژەن بەم شێوەیە وەسفی شۆپانی ئاوازدانەر دەکەن:

 

 

Angela Hewitt: ”پێویستە هەوڵبدەیت وەکوو شۆپان خۆی شاعیر بیت، تاکوو بتوانیت کارەکانی بژەنیت. دەتوانیت ئەوەندەی خۆت ئارەزووی دەکەیت، زیرەک یاخود میهرەبان بیت. بەڵام ئەگەر وەها لە پیانۆکەی بەردەستت نەکەیت کە بکەوێتە ‘گۆرانی گوتن’ ئەوا تۆ نەتتوانیوە کارەکانی شۆپان بژەنیت. ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ببیتە کەسێکى هەستیار و بەسۆز. وێنەی ئەو ئاوازدانەرەی سەردەمی ڕۆمانتیک زۆر لاوازکەرە، کاتێک زۆر تامەزرۆیانە خۆی سەرقاڵی ژەنینی پیانۆکەی کردووە و لەو کاتەدا دڵۆپەی بارانیش بە بەردەوامی بەر پەنجەرەی ماڵەکەی دەکەوێت. تەنها پێویستت بەوە هەیە گوێت لە موزیکەکەی بێت، بۆ ئەوەی هەست بەو بەهێزییە قووڵەی ناخی بکەیت و درک بە شارەزایی و لێهاتووییەکەی بکەیت.”

 

Peter Donohoe: ”لە تەمەنێکی کەمی منداڵیدا فێربووم پارچەکانی شۆپان بژەنم، بەڵام هەتاکوو تەمەنی ٢٠ ساڵی کارەکانیم نەدەژەنی. وەک پیانۆژەنێکی گەنج ئاگام لە کارە موزیکییە ڕۆمانتیکییەکان هەبوو، بەڵام بەهۆی گوێگرتنم لە پارچە موزیکییە کۆن و کلاسیکییەکانەوە ئەوەم بۆ دەرکەوت، کە شۆپان ئاوازدانەرێکی کلاسیکییە لە ڕووی ڕێکوپێکی و ئاشکرایی فۆڕمی موزیکییەوە. تاکە ڕێگایەک هەبێت بۆ ئەوەی بتوانیت کارەکانی شۆپان بژەنیت، گەیشتنە بە جۆرە بەربەست یاخود ڕێگرێک کە دوای ماوەیەکی زۆر لە ژەنینی کارەکانی پێی دەگەیت. نەمدەویست پارچەی ‘E minor Concerto’ کەی بژەنم، هەتاکوو جارێکیان بۆ یەکەمجار لە ‘Lincoln’ ئەو پارچەیەم ژەنی. لە ناکاو هەستم کرد دووبارە گەنج بوومەتەوە و هەستم بە لاوازی دەکرد. لەگەڵ هەموو ئەمەشدا، تاڕادەیەک موزیکەکەی شۆپان هۆکاری ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت فێری ژەنینی پیانۆ ببین و ببینە پیانۆژەن.”

 

Emanuel Ax: ”من سەر بە خێزانێکی پۆڵەندیم، وە لەبەرئەمە ژەنینی کارەکانی شۆپان شتێک نەبوو بتوانم لێی دووربکەومەوە. لەگەڵ ئەوەی شۆپان پاڵەوانێکی نەتەوەییە، لە هەمان کاتدا خاوەنی بەهایەکی ڕەسەنی گەردوونیشە. پەیوەندی شۆپان لەگەڵ ئامێری پیانۆدا تەواو بێ کەموکوڕییە، وەک بڵێیت هەر لە سەرەتاوە ئەم ئامێرە لەبەرئەوە دروستکراوە تاکوو کارە موزیکییەکانی شۆپان بێنە بوون و بتوانین گوێبیستیان ببین. ڕاستە پێویستە بە بەردەوامی ڕاهێنان و مەشق بکەم تاکوو کارەکانی بە باشی بژەنم، بەڵام لە کاتی ژەنینیدا نۆتە موزیکییەکان ئەوەندە بە ئاسانی و بە جوانی دێن بەدەستەوە، کە چێژێکی ئێجگار زۆر وەردەگریت لە ژەنینی کارەکانی شۆپان.”

 

 

ئەم چاوپێکەوتنانە لەلایەن “Guy Dammann” سازکراون.

Leave a comment