[بۆچی وێنەکێشانی ئەبستراکت، میوزیک نییە؟]

بۆچی وێنەکێشانی ئەبستراکت، میوزیک نییە؟

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد فاضیل

“پاتریشا ڕەیڵینگ” لەسەر خاڵی هونەری ئەبستراکت و چۆنیەتی کارکردنی.

پێشانگایەکی تازە لە مۆزەخانەی “Musée d’Orsay”ى لە پاریس، بە ناونیشانی “At the Origins of Abstraction،” بڵاوبوونەوە و پراکتیزەکردنی وێنەکێشانی ئەبستراکتی لە سەدەی ٢٠ دا، بە “وەرگێڕانی میوزیک” ناو برد. لەئەنجامدا ئەو هەڵە تێگەیشتنە بەربڵاوەی لەسەر ئەبستراکتی “وێنەکێشانی خاوێن” و پەیوەندی نێوان وێنەکێشان و میوزیک هەیە، هەتا ئەم سەدە نوێیەی ئێستا بەردەوام دەبێت.

بەدڵنیاییەوە ئاوازدانەر هەبووە، بە یاوەری نمایشی ڕووناککەرەوەی ڕەنگاوڕەنگ ئاوازیان نووسیوە. بۆ نموونە: (سکریابین و ڕیمسکی کۆرساکۆڤ). هەروەها وێنەکێش هەبووە وەک “سیرلیۆنیس،” وەک پێکهاتەی دەنگی وێنەکان یان ئاوازیان نووسیوە. ئەم هاوئاوازیی نێوان هونەرانە، بە زۆری لە سیمبۆلیزمەوە دەرکراوە و ئیلهامی لە خوێندنەوەی زانستیانەی ڕەنگەکان و تۆنەکانەوە وەک هەست وەرگرتبوو. وێنەکێشە “خاوێنەکان” وەک: (ڤاسیلی کاندینسکی، فرانک کوپکا، پایەت مۆندریان و کازیمیر مالێڤیچ)، کە دوای ساڵی 1910 هەمان ڕێچکەیان گرت. هەروەها هەمیشە ڕایان دەگەیاند کە وێنەکانی ئەوان نە میوزیکە، نە وێنەی میوزیک دەکێشن. لە هەمان کاتدا ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ڕەنگی وێنەکان کاریگەریان هەیە لەسەر مرۆڤەکان. هەر بەو شێوەیەی کە تۆنی میوزیک هەیەتی. پەیوەندی نێوان میوزیک و وێنەکێشان پەیوەندیەکی هاوتەریبە، ڕەنگەکان و تۆنەکان کاریگەری لەسەر هەستی مرۆڤەکان دادەنێن و بە زیندوویی دەیان هێڵنەوە.

وێنەکێشان و میوزیک، ئامێری هەستەکان دەژەنن.

ئەوە هەستەکانە کە دواتر دەبێت بەو “ئامێرە”ی کە ڕەنگەکان و تۆنەکان دەیژەنن. میدیاکان جیاوازن، بەڵام هەردووکیان هەستەکان دەخەنە جووڵە و کواڵیتی و جۆرێکی تایبەتیان پێ دەبەخشن. “کاندینسکی” لە ساڵی 1912 دا، لە کتێبی “لە بارەی ڕۆحانی بوونی هونەرەوە” نووسیویەتی: “بە گشتی قسە بکەین، ڕەنگ هێزێکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ڕۆح (هەستەکان) دادەنێت. ڕەنگی کیبۆردەکەیە، چاوەکان چەکوشەکانن، ڕۆح پیانۆکەیە. هونەرمەندەکە دەستەکانە کە پیانۆکە دەژەنێت، دەست دەنێت بەم کلیل و بەو کلیلدا، بۆ ئەوەی لەرینەوە لە ڕۆحدا دروست بکەن.” (بڵاوکراوەکانی دۆڤەر، ڵ25).

ئەوە “شۆپنهاوەر” بوو کە ئیلهامی دا بەو وێنایەی هەستەکان و دەنووسێت: “ئێمە خۆمان ئێستە ئەو تەلە لەراوەیەین، کە ڕادەکێشرێت و بەردەدرێت، لەلایەن چێژ و ئازار، هارمۆنی و ناڕێکی.” (جیهان وەک ئیرادە و نوێنەرایەتی، بەرگی 2، ڵ45).

گەڕانەوە بۆ میوزیک، لە کتێبەکەی “کاندینسکی” دا گەشە دەکات، هەروەها ناونیشانی میوزیکیی بۆ سێ گروپ لە کارەکانی دانا، لەنێوان ساڵەکانی 1909 و 1914 دا، وەک: (Improvisations،  Impressionsو Compositions).

هەروەها “فرانک کوپکا” ناونیشانی دەستەواژەی میوزیکی وەک”نۆکتێرن و فیوگ”ی دا بە هەندێک لە کارە هونەریيەکانی. لەئەنجامدا ڕەخنەگرەکانی ئەو سەردەمە لەبەردەم کارێکی هونەریدا وەستابوون کە پێشتر نەیاندیبوو. گرێدرابوون بە ڕووکارە میوزیکیەکەوە و لە ڕووی میوزیکەوە ئەم وێنە ئەبستراکتەیان ڕوون دەکردەوە. ئەمە زۆر دووبارە دەبووەوە و کاندیسکیی ناچارکرد کە لە کەتەلۆگی 1913 و وانەی 1914 دا ڕایبگەیەنێت: “من نامەوێت وێنەی میوزیک بکێشم. من نامەوێت وێنەی بارودۆخی هزر بکێشم. لەبری ئەوە دەبێت لەمە تێبگەن، کە یاساکانی هارمۆنیى لە وێنەکێشان و میوزیکدا هەمان شتن.”

ئەم هاوتەریبیيەی نێوان هونەری میوزیک و وێنەکێشان، لە لایەکەوە لەسەر یاسا داهێنەرانەکانی ناویان بەندە، لە لایەکی تریشەوە لەسەر کاریگەریان لەسەر شانشینی هەستەکانی مرۆڤ (رۆح) بەندە. ئەمە بە جوانی ڕوون کراوەتەوە لەلایەن کاندینسکی و فرانتس مارکەوە. لە نامەکانی کانوونی دووەمی 1911 دا، دوای ئەوەی کە بەشداری کۆنسێرتێکی میوزیکی “ئارنۆڵد شۆنبێرگ” یان کردبوو. لە ساڵی 1909 دا کاندنینسکی وەک تێبینیيەک بەتایبەتی لەسەر سێ پارچە پیانۆی ئاوازدانەرەکە بۆ شۆنبێرگی نووسی: “بەرەوپێشچوونی سەربەخۆ لەڕێی چارەنووسی خۆیانەوە، ژیانی سەربەخۆی دەنگە تاکەکەنی ناو ئاوازەکانت ڕێک ئەو شتەیە کە من بە دوایدا دەگەڕێم لەناو وێنەکانمدا.” مەبەستەکەی کاندینسکی ڕوون کراوەتەوە لەلایەن “فرانتس مارکەوە،” کە بۆ “ئەوگەست ماک” دەنووسێت: “دەتوانیت وێنای میوزیکێک بکەیت کە تۆنالیتی (پەیڕەو کردنی کلیلەکان) بە تەواوی ڕاگیراوە؟ لە گوێگرتن لەم میوزیکەدا، بەردەوام بیری پێکهاتەکەی کاندینسکیم دەکەوتەوە، کە ئەویش ڕێگەی بە هیچ شونپێیەکی تۆنالیتی نەداوە، هەروەها بیری “خاڵە بازدەرەکان” ی کاندینسکیم دەکەوێتەوە. چونکە ئەم میوزیکە ڕێگە بە هەر تۆنێک دەدات کە سەربەخۆ بێت.”

کاندنیسکی ئەمەی پەیڕەوکرد لە وینەکانیدا، “خاڵە بازدەرەکان”ی کاندینسکی ڕێگە بە هەر ڕەنگێک دەدات کە سەربەخۆ بێت و پەیڕەوی تۆنالیتی ڕەنگەکان ناکات. هەستکردن بە ناوەڕۆکی هەر تۆنێک و هەر ڕەنگێک، هەستکردن بە “دەنگە سەربەخۆکان،” یەکێکە لە ئامانجە داهێنەرانە بنەڕەتییەکانی هونەری ئەبستراکت لە میوزیک و وێنەکێشاندا لە دەوروبەری ساڵی 1910 دا.

بۆچی دەبێت هونەرمەندەکان بەم جۆرە دەست لە هەستەکان بدەن؟ ئەمە گرفتێکی بەربڵاوە و بەشێکە لە ڕووکاری ئایدیا و بیروڕاکانی کۆتاییەکانی سەدەی 19 و سەرەتاکانی سەدەی 20. لە دوو ڕووەوە ئەم بابەتە بە دیاریکراوی پەیوەندیدارە. سەرەتا، هونەرمەندەکان دەیانویست پشتەوەی ڕووکەش ببینن، یاخود دەیانویست ئەو ڕاستیانە ببینن کە ڕووکەش دروست دەکەن، لە کاتێکدا کە بڵاوکراوەکانی فیزیای نوێ تێگەیشتنێکی تازەیان بۆ خودی دروستکردن دەخستە بەردەست.

دووەم، هونەرمەندەکان بەشێک بوون لەوانەی کە یەکەم بوون بۆ ئەوەی پەی ببەن بە ڕاستیەکی تر، کە ئەویش خودی ڕەنگ و خودی تۆن و کاریگەرییانە لەسەر مرۆڤ. ئەمەش لەسەر بڵاوکراوەکانی سەدەی 19 بنیادنرابوو، کە لەلایەن زانا ئەزموونيیەکانەوە بڵاوکرابووەوە. وەک: (هێلمهۆڵتز، ویلهێلم ووندت، فرۆید، ماخ و چەندانی تریش). پێشەکی ئەم کارە ئەوەبوو کە سیستمی هەستە دەمار، سیستمێکی داینامیکییە و بەردەوام لە جوڵەدایە، وەرگرتن و وەڵامدانەوەی هەیە بۆ هاندەرەکان کە پێی دەڵێین “هەستەکان،” کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەستەکانی مرۆڤ و باری دەروونی دادەنێن. ئەم بواری لێکۆڵینەوەیە، کە پێی دەگوترێت سایکۆ-فیسیۆلۆژی، بە گشتی لەسەر ئەم کارانە بوو: (Concerning the Spiritual in Art (کاندینسکی)، Creation in the Plastic Arts (کوپکا)، نووسینەکانی مالێڤیچ و نووسیەکانی مۆندریان). ئەو مێتافۆرەی کە هەستەکان وەک ئامێرێکی میوزیک وان کە گۆرانی ژیان دەژەنن، وای لە هونەرمەندەکان کرد کە دووبارە بە کارەکانیاندا بچنەوە. زاناکان ئەوەیان دووپات دەکردەوە کە ڕەنگەکان و تۆنەکان کاریگەری ڕاستەوخۆ و دروستیان لەسەر هەموو تاکێک هەیە، لەبەر ئەمە هونەرمەندەکان دەستیان کرد بە گەڕان بەناو تەواوی شانشینی هونەریی هەستەکاندا، لە ڕێگەی ڕەنگ و تۆنەوە. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شێوازێکی نوێی دەربڕینی هونەری. هونەرمەندەکان توانیان Harp /چەنگی ڕۆح بژەنن، ئەم تاڵ و ئەو تاڵیان بەردەدا و دواتر دەنگیان بە هەموویان دەر دەکرد.

ئەم میوزیکە ناوەکيیە، کە تێیدا تۆنالیتی بە تەواوی پشتگوێ خراوە؛ تێیدا خاڵە بازدەرەکان ڕێگە دەدەن کە هەر تۆنێک یان هەر ڕەنگێک سەربەخۆ بێت، ڕاستەوخۆ دەستدان بوو لە ڕۆح (هەستەکان). لەئەنجامدا کارە دروستکراوەکە میوزیکی خاوێن یان وێنەکێشانی خاوێن بوو، بە نەبوونی نێوانە میدیاکاری و نەبوونی خۆتێهەلقورتاندنی جیهانی فکر لە هیچ فۆرمێکی لاسایی کردنەوەدا (خورافیاتناسی، فەلسەفەی ئاینی، مێژوو یاخود ژانرا). ئەوە میوزیکی خاوێن یان وێەکێشانی خاوێنی هەستی خاوێن بوو، لە بەکارهێنانی ڕەنگ و تۆنی هونەرمەندەکەدا هەستە خاوێنەکانی تەماشاکەرەکانی دەوروژاند.

هەمووی وزەیە

بەڵام ئەو “یاسای هارمۆنیک”انە چی بوون کە لە پشتی دروستبوونی وێنەکێشانی خاوێن و میوزیکی خاوێنەوە بوون و هاوبەشیش بوون لە نێوان هەردووکیاندا؟ ئەوەی کە بنەڕەتە بۆ هەردووکیان، ئەوەیە کە لەسەر پێکهاتەیەکی تری ڕووکاری بیروڕاو ئایدیاکانی سەرەتای سەدەی ٢٠ بنیادنراون. ئەو دونیا بینینەی کە هەموو شتێک وزەیە، داینامیکە، جووڵەیە. ئەمە دووپات کرابووەوە لەلایەن فیزیای نوێی ئەنیشتاینەوە لە ساڵی ١٩٠٥ و ١٩١٦ دا. پەیماننامەکانی “ماکسوێل” لەسەر کارۆموگناتیسی لە ساڵی ١٨٧٠ کاندا. نووسینەکانی “ماکس پلانک” لەسەر تیۆری کوانتەم لە ساڵی ١٩٠٠. کارەکانی “پۆنکارێ” و زۆری تریش. کەواتە یاساکانی هارمۆنیک – کە مەبەست لێی یاساکانی بنیادنانی میوزیک و وێنەکێشانە – دەدۆزرێنەوە لە یاساکانی جووڵە، داینامیک و دەربڕینی وزەدا. یاساکانی بنیادنان بریتین لە پرۆسەی دروستکردنی میوزیک و وێنەکێشان، هەروەها هاوتەریبن بە هەموو پرۆسەکانی دروستکردن. لەڕاستیدا میوزیک خۆی بە هونەری جووڵە دادەنرێت و وێنەکێشانیش هەمیشە بە هونەری ستاتیک (بێ جووڵە) دانراوە. وێنەکێشەکان ڕوویان کردە زمانی میوزیک، لەبەر ویستی وشەگەلی نەریتی جووڵە.

یاسا بنیادنەرەکانی ڕیتم

“ڕیتم” بنچینەییترین پێکهاتەی میوزیکە. تۆن بە گوێرەی ڕیتم دەجووڵێت، بە هەمان شێوە ڕەنگەکانی ناو وێنەیەکیش بەپێی ڕیتم ڕێکخراون. هەمان شت بۆ شیعریش ڕاستە. شاعیری ڕووسی، “ڤلادمیر مایاکۆڤسکی” لە کتێبی How verses are” “made لە ساڵی 1926 نووسیویەتی: “من دەڕۆشتم، باسکەکانم دەسووڕاند و بە شێوەیەکی ناڕوون ورتە ورتم دەکرد، ئێستا هێواش دەبمەوە بۆ ئەوەی ورتە ورتەکەم تێک نەدەم. ئێستا خێراتر ورتە ورت دەکەم بۆ ئەوەی لەگەڵ قاچەکانمدا ڕێکی بخەم. ئەمە شیوازی ڕێکخستن و دروستکردنی ڕیتمە، بنچینەی هەموو شیعرێکە کە بە ناویدا دەڕوات، وەک نەڕاندنێک کە لە ژێر لێوەوە بێت. سەرئەنجام دەست دەکەیت بە دەرهێنانی وشەکان لەناو نەڕاندنەکەوە.”

لە هەمان ساڵدا وێنەکێش و شاعیر و ئاوازدانەری ئەڵمانی، “کورت شویتەرس” نووسی:”هونەر ئەوەیە کە من و تۆش دەیزانین، هیچی تر نییە جگە لە ڕیتم. وە ئەگەر ڕاست بێت، من دەتوانم بە شێوەیەکی خاکی و سادەیی ڕیتمت بدەمێ، لە هەر مادەیەکەوە بێت گرنگ نییە؛ بلیتی پاس، بۆیەی نەوتی، کۆمەڵە باڵەخانەیەک. بەڵێ ڕاست گوێت لێبوو، کۆمەڵە باڵەخانەیەک، یان وشەی ناو شیعر، یان دەنگی ناو میوزیک، یان هەرچی، تۆ ناوی بنێ. لەبەرئەوەیە کە نابێت زۆر بە سەختی سەیری ماددەکە بکەیت، لەبەرئەوەی ئەوە گرنگیەکەی نییە، تەنها هەوڵبە ڕیتمی فۆرم و ڕەنگەکان بگریت لە بری ماددە نائاساییەکان. بە درێژایی مێژوو، هەموو کارێکی هونەری پێویست بووە، کە ئەم پێداویستییە بنچینەییە دەستەبەر بکات. دەبێت ڕیتمی هەبێت، ئەگەر وا نەبێت هونەر نییە.” لە کتێبی In poems performances pieces proses plays poetics” Cambridge, MA, Exact Change, 2002, P.229.”

لە سروشتدا، ڕیتم نیشاندەری وزەیە لە پرۆسەی دروستبوونیدا، بە گوێرەی یەکێک لە دوو یاسا بنچینەییەکان کار دەکات. یاسای پێشکەوتن و یاسای جیاوازی هێزەکان؛ بە زۆری ئەو دوو یاسایە پێکەوە دێن. پێشکەوتن هەمیشە ژمارەییە یان جیۆمەترییە، وەک ئەوەی لە زنجیرەی فیبۆناچییدا هەیە. لە کاتێکدا کە یاسای جیاوازی هێزەکان یاسای جەمسەردارییە.

لە هونەردا، ڕیتم بە هەمان شێوە نیشاندەری وزەیە لە پرۆسەی دروستبووندا. یاسای ژمارەیی پێشکەوتن هۆکاری بنچینەیی میوزیکی کلاسیکی ڕۆژئاوایی بووە. لە وێنەکێشاندا لە گۆشەنیگا – جیۆمێتری – ڕێژە – ژمارەیی دا دەبینرێتەوە. کاتێک هونەرمەندەکانی وەک شۆنبێرگ و کاندینسکی دەستیان کرد بە بەکارهێنانی یاسای جیاوازی هێزەکان لەبری یاسای پێشکەوتن، میوزیک و وێنەکێشان کەوتنە ژێر کاریگەری یاسای ڕیتمی تەواو جیاوازەوە. لەئەنجامدا بە ھەمان شێوە کەوتنە ژێر کاریگەری یاسای تەواو جیاوازی ھارمۆنییەوە، کە پێک ھاتووە لە ھاودەنگی: ئەو شێوازەی کە یاسا لە ڕێگایەوە کار دەکات. ناھاودەنگی کە بریتییە لە دژە پێویستەکەی ھاودەنگی.

Leave a comment