[کورۆساوا و میزۆگوچی لە کایە دو سینەما]

کورۆساوا و میزۆگوچی لە کایە دو سینەما

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

 

لە کورتەفیلمێکی ژان لوک گۆدار بە ناوی (هەموو کوڕەکان ناویان پاتریکە/ ١٩٥٧)، لە سیناریۆی ئێریک ڕۆمەر، ژان کلود بریالی ڕۆڵی مێبازێکی سینەمادۆست دەگێڕێت، لە پارکێکدا کچێکی ژاپۆنی دەبینێت و دەچێتە لای، هەموو ئەو شتانەی دەربارەی ژاپۆن دەیزانێت لەبەرخۆیەوە دەیڵێت: “کورۆساوا – میزۆگوچی، کورۆساوا – میزۆگوچی”. ئەم نوکتەیە زۆر بە باشی هەموو ئەو شەڕ و دوژمنایەتییە ئەفسانییەی نێوان هەردوو ڕۆژنامەی کایە دو سینەما و پۆزەتیڤیزم ڕوون دەکاتەوە. نووسەرانی ڕۆژنامەی کایە دو سینەما گرنگیی زیاتریان بە میزۆگوچی دەدا وەک لە کورۆساوا و نووسەرانی پۆزەتیڤیزمیش وەک دژایەتییە هەمیشەییەکەیان لەگەڵ کایە دو سینەما، دژ بە میزۆگوچی بوون. بەڵام ئەم دژایەتییەی دوو بەرەیەی سینەما، دواتر دەچێتە ناو ڕۆژنامەی کایە دو سینەما و لە کایەش نووسەرەکان دەبن بە دوو بەشەوە. لە ڕاستیدا هەموو شتێک لە یادداشتێکی کورتی لوک مۆلەوە دەست پێدەکات. دوای نمایشی فیلمێکی کورۆساوا لە هۆڵی سینەماتیک، مۆلە زۆر بە تووندی دەربارەی سینەمای کورۆساوا دەنووسێت، تەنانەت لەبارەی فیلمی “فریشتەی مەست”ـەوە دەڵێت: فیلمێکی زۆر پووچ و نزمە و هیچ نرخ و بەهایەکی نییە. لە ژمارەی دواتری کایە دو سینەما ( ژمارە ٦٩ـی ساڵی ١٩٥٧)، ئەندرێ بازن وتارێک لە بەرگریی کورۆساوا و وەڵامی مۆلە دەنووسێت. ئەم دژایەتییەی کایە دو سینەما تا ساڵانی سێرژ دێنەی بەردەوام دەبێت. دواتر لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئایدیاکانی هەردوو ڕۆژنامەکە  گۆڕانی بەسەردا هات و لە ڕیشەوە ڕوانگەکانیان بەرامبەر هەردوو دەرهێنەر گۆڕا.

 

لوک مۆلە: دەربارەی فیلمی ژینی کورۆساوا[1]

گەڕانەوە بۆ بەرهەمەکانی کورۆساوا کارێکی پێویست بوو: لە فەڕەنسا تەنیا بە فیلمی ڕاشۆمۆن، حەوت سامۆرای و لە ترسدا دەژیم ئاشناین. فیلمی فریشتەی مەست (١٩٤٨) و فیلمی ژین (١٩٥٢) هێندە ناوبانگیان دەرکردبوو کە ئارامییان لەبەر هەڵگرتین. زۆر باشە، لە ڕاستیدا لەبەردەم کارەساتێکداین کە ڕوونکردنەوەی کەمێک سەختە. فیلمی فریشتەی مەست هەرگیز لە ئاستی مامناوەندێتی بەرزتر ناڕوا و بە هیچ شێوەیەک فیلمێکی گرنگ نییە: خۆدەرخستنە ئێستاتیکییەکەی، بەتایبەت لە سکانسی خەون و مەرگی پاڵەوانەکەدا، سەرکەوتن بەسەر ناشرینییەکەیدا شتێکە کە سینەمای ئەورووپا لەمێژە بەرهەمیهێناوە. بەڵام فیلمی ژین [ئیکیرو] لەوپەڕی پووچێتیدایە. دەزانین کە چیرۆکەکە دەربارەی کارمەندێکی پیری شکستخواردووە کە تووشی شێرپەنجە بووە و هەوڵدەدات و هەوڵەکەشی سەردەکەوێت: درووستکردنی پارکێکی منداڵان لە گەڕەکێکی هەژارنشینی تۆکیۆ. کارمەندەکە لە ڕۆژی مەراسیمی کردنەوەی پارکەکەدا دەمرێت. تا ئێرە هەموو شتێک بێمانایە. بەڵام فیلمەکە نزیکی دوو کاتژمێر و نیو درێژە دەکێشێت و پێنج بەشی فیلمەکە دەربارەی میوانداریی و… تازییەی زیادەڕەویتێداکراوە. لێرەوە کارەکتەرکانی دەرهێنەر هەموویان دەبنە دوژمنی کارمەندەکە. لەگەڵ بابەتی کۆتایی فیلمەکە، بەو هەموو گەوجێتی و نەزانییەوە، بینەران هیچیان بۆ گوتن نامێنێتەوە. سینەمای ڕاستەقینەی ژاپۆن لە شوێنێکی دیکەیە…

 

ئەندرێ بازن: دەربارەی فیلمی ژین [ئیکیرو]ـی کورۆساوا[2]

چی وای لە مۆلەی هاوڕێمان کرد – کاتێک یادداشتێکی لە دوایین ژمارەی “گۆڤارۆچکە” دەربارەی کورۆساوا لە سینەماتیک نووسی- هێندە تووڕە ببێت؟ چونکە ئەو تەنیا کەسێک بوو بۆ بینینی فیلمەکە ڕۆیشت، کەس نەیدەتوانی ناڕەزایەتیی بەرامبەر دەرببڕێت و لە کایە دو سینەماش دەرهێنەری ڕاشۆمۆن تا ڕادەیەک قوربانیی پێشمەرجییەکە کە بە سوودی موزیکاڵی غەمگینی میزۆگوچی تەواو دەبێت. من دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەم دوو دژە و ئێستا تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم کە گرنگیی سینەماتیک هۆکار بوو بۆ ئەوەی کە ڕوانگەمان بۆ کورۆساوا، کە لە فەڕەنسا زۆر بە کەمی بەهۆی دوو فیلمی ڕاشۆمۆن و حەوت سامۆرای ناسراوە، بگۆڕین.

بەڵام لە ڕاستیدا و بێ هیچ گومانێک هەردوو فیلمەکە تا ئەوپەڕی داهێنەرانە و بەمەبەستیش وێسترنگەرایین. ئەم خاڵە زۆر بە جوانی لە کتێبە ناوازەکەی شینۆبو و مارسێل گیوگلاریس (سینەمای ژاپۆن، ١٨٩٦-١٩٥٥) شیکار کراوە. ئاکیرا کورۆساوا سەر بە نەوەی گەنجی دوای جەنگە (لە ساڵی ١٩١٠ لەدایک بووە، لە کاتێکدا میزۆگوچی بەم دواییانە لە تەمەنی پەنجاوهەشت ساڵیدا کۆچی دوایی کرد). ئەو [کورۆساوا] زۆر لەژێر کاریگەریی سینەمای ویسترنی دەیەی سییەکاندایە و ڕەنگە زیاتریش لەژێرکاریگەیی فیلمە ئەمریکییەکاندا بێت وەک لە نیوڕیاڵیزم. ستایشەکەی بۆ جۆن فۆرد، فریتز لانگ و بەتایبەتیش چارلی چاپلین تەواو ڕوون و ئاشکرایە. بەڵام ئەم کاریگەرییە کاریگەرییەکی پاسیڤ و ناچالاک نییە. ئەوەی لای ئەو گرنگە بە وێنەی ترادیسیۆن و فەرهەنگی ژاپۆنی لە ڕووی زیهنی و وێنەییەوە ئێمە بتوێنێتەوە لەناو خۆیدا. هێندە سەرکەوتووانە ئەم کارە لە فیلمی ڕاشۆمۆن ئەنجام دەدات، کە دەکرێت ئەم فیلمە بە دەروازەی ئاشنابوونی سینەمای ژاپۆن بزانین لە ڕۆژئاوا. بەڵام لە پاش ڕاشۆمۆن زۆر فیلمی تری [ژاپۆن] بەدوادا هات – بەتایبەت فیلمەکانی میزۆگوچی – کە فیلمگەلێکیان بە ئێمە ناساند کە نەک ئۆریجیناڵتر، بگرە تایبەتتر و پاکترن. لە دوای ئەوەوە ناڕەزایەتی دەربڕێن ئاسانتر بوو. هەروەک ستایل و هونەرێکی درەوشاوە سینەمای ژاپۆن دەرکەوت، بەڵام لای کورۆساوا شتەکە پێچەوانە بوو، واتا سازشکردنی لەگەڵ سینەمای وێسترن. ئەم سازشە لە فیلمی حەوت سامۆرای، کە فیلمێکی پلە دووی وێسترینی جۆن فۆردییە بەڵام بە تێمی فیوداڵیزم، ئاشکراتر هەستی پێدەکەین.

 

نازانم ئایا ئەم دەستە لە ڕەخنەگرە تووڕە و پێشمەرجییانە – کە خۆشم تا ڕادەیەک لەوەدا هاوبەش بووم – بووبێتە هۆی ئەوەی مۆلە نابینا بێت لە ئاست ئەو فیلمانەی لەسەر پەردەی سینەماتیک بینینی، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، وەک یەکێک لەو دەستەیە، ناچارم بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە بیروبۆچوونی خۆم بگۆڕم.

من دەربارەی فیلمی ژین دەدوێم کە مۆلە بەوپەڕی ساردییەوە پێی دەڵێت فیلمێک لەوپەڕی پووچێتیدا لە کاتێکدا من بە جوانترین، پێرفێکترین و شەکاوەترین فیلمی ژاپۆنیی دادەنێم کە تا ئێستا بەهەرحاڵ لەنێوان هەردوو سەردەمی مۆدێرنی سینەمای ژاپۆن بینیوومە.

بەڵام بەر لە هەرشتێک دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە سیناریۆی فیلمەکە سیناریۆیەکی هاوچەرخە. بێ هیچ گومانێک فیلمی ژین فیلمێکی ژاپۆنییە بەڵام ئەوەی گرنگە پەیامە جیهانییەکەی خۆی ون نەکردووە. ئەگەر ڕوونتر بدوێم؛ ژین فیلمێکی ژاپۆنییە بەهەمان شێوەی فیلمی (م) ئەڵمانی و فیلمی هاوڵاتیی کەین ئەمریکایی بوو. پێویست بە وەرگێڕێکی زیهینی جۆرێک لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر ناکات کاتێک واتا و ئیلهامە گشتییەکەی تەواو ڕوون و ڕۆشن بێت. خاسیەتیی نێونەتەوەیی فیلمی ژین جوگرافیایی نییە بەڵکو جیۆلۆجیاییە؛ سەرچاوەکانی لە قووڵایی چینەکانی ئەخلاقی ژێرزەوییە، شوێنێک کە کورۆساوا دەیزانی دەبێت لە کوێ بدۆزرێتەوە. بەڵام هاوکات ئەو سەروکاری لەگەڵ مرۆڤی ئەم سەردەمەی ئێمەدا هەیە، هاوسەردەمانێک کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەنیا چەند کاتژمێر بە فڕۆکە مەودا هەیە لە نێوانیدا، ئەم مافەش کە جار جار دەگۆڕێت بۆ جوانبێژیی سینەمای نێودەوڵەتی. هاوشێوەی جەیمس جۆیس کە بە بەکارهێنانی وشەی زمانە جیاجیاکان دووبارەی زمانی ئینگلیزیی درووستکردەوە، ئینگلیزییەک کە دەبێت وەربگێڕدرێت و هاوکاتیش وەرگێڕانی مەحاڵە.

دیارە هەر لەبەر هەمان هۆکارە کە لە ساڵی ١٩٥٢ ڕەخنەگرانی ژاپۆنی، گومان و دوودڵییەکانیان دەربارەی ناردنی فیلمە سامۆراییەکان بۆ فیستیڤاڵەکان – بەتایبەت ڕاشۆمۆن – بەناوبانگە، لە نێوان دە باشترینی فیلمی ژاپۆنی فیلمی ژینیان هەڵبژارد. بۆیە من خۆم وا بیر دەکەمەوە باشتر نییە لەجیاتی ئەوەی فیلمەکە وەک کۆزمۆپۆلەتیکێکی سەر بە بازرگانی، هەرچەند زیاتر وای دابنێین، فیلمەکە وەک بەرەو پێشچوونێکی دیالێکتیکیی سینەمای ژاپۆن بزانین؟ وەک سەلیقە و ئارەزووی شەخسیم ڕەنگە من هێشتا ستایل و شێوازی میزۆگوچی باشتر ببینم و ئیلهاموەرگرتنەکەی لە مۆسیقای ژاپۆنییەکەیم خۆش بوێت. بەڵام لە ڕوانگەیەکی فیکری، ئەخلاقی و جوانیناسییەوە کە فیلمێکی وەک ژینم دێتە پێش چاو، بەو هەموو گرنگییەی لە فۆڕم و ستایلی سینارۆکەیدا هەیە، خۆم بەدەستەوە دەدەم.

ناگەڕێمەوە بۆ نووسینە کورتەکەی لوک مۆلە، کە هێندەش بەرامبەر بابەتی فیلمەکە بێ وەفا نییە، بەڵام تا ئەو جێیەی کە بابەتی فیلمەکە تەنیا لە چوارچێوەی سیاق و دەقەکە دەرهێنراوە. بەڵام دەمەوێت سەرنجتان بۆ ئەم خاڵە ڕابکێشم کە لێرەدا مانایەکی پێچەوانەی تێمی فاوست هەیە. لە فاوستدا دکتۆرێکی پیر دەیەوێت گەنجێتیی دووبارە بەدەست بهێنێتەوە تا ژیانێکی شەیتانییانەی هەبێت. بەڵام پاڵەوانی فیلمی ژین دەزانێت نەفرەتی لێکراوە و بە هەموو پاکێتیی خۆیەوە هەوڵدەدات لەو چەند مانگە کەمەی ماویەتی ژیان بناسێت کە لە هەموو تەمەنیدا ژیان بۆی نەزانراو بووە. ئەگەر پەی بەوە برد سادەترین کار ئەوەیە وەک کارمەندێک ئەو ئەرکەکەی لە توانای ئەمدایە بە درووستی ڕاپەڕێنێت، لەبەر ئەوە نییە چاکەکاری لە خراپەکاری زیاتر واسواسی کردووە، بەڵکو بوونەوەرێکی گەنجی سادە واتای خاکیترین ئافراندنی پیشان دەدات. ئەم پیرەمێردە، نەزانە و بۆ هەمووانیش نەناسراو، پیرەمێردەکە دەبێتە قەدیسێک، چونکە ئەمە نزیکترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە ڕێگای ژیان. دەکرێت دەربارەی ئەو تێمانەی فیلمەکە لە خۆیدا هەڵیگرتووە بڵێین: ئیحساسگەرایی، میلۆدرام، ئەخلاقگەرایی، کێشەی کۆمەڵگا و هەموو ئەم مەترسیانەی لەو تێمایانەدا هەیە لە فیلمەکە دوور ناکەوێتەوە، بەڵکو باڵاتر دەبێت. هەر ئەمەش بوو هێندە منی سەرسامکرد کە بمەوێت قسەی خۆم لەسەر کورۆساوا بکەم.

ئەو شتەی مۆڵە ناوی دەنێت تازیەی کۆتایی، کە لە ڕاستیدا نزیکەی نیوەی فیلمەکە پێکدەهێنێت، جۆرێک چیرۆکگێڕانەوەی بوێرانەیە. کاتژمێرێکی تەواو سەیری دۆستان و هاوکاران و خزمانی کارمەندەکە دەکەین و گوێیان لێدەگرین، کە هاتوون بۆ تازییەکە و دەربارەی پیاوە مردووەکە قسە دەکەن. هاوکات ساکی دەخۆنەوە و شیرینی دەخۆن. هەڵبەتە ئەم گفتوگۆیانە بە شێوەی فلاشباک دیمەنەکە دەبڕێت و وردەوردە ئەو کارانەی پیرەمێردەکە بەر لە مردنی ئەنجامیداون ڕوون دەبێتەوە. بەڵام هەر کامێک لە فلاشباکەکان هێندە کورتن و بەهیچ جۆرێک گفتوگۆی تەواوەتیی میوانەکان و تەواوی قسەکانیان نابینرێ و نماییش ناکرێت. کەواتە ناواخنی فیلمەکە چەندێک لە زەمەنی ئێستادایە، هێندەش لە زەمەنی ڕابردوو. چڕیی گێڕانەوە کەم کەم لەگەڵ بەرەوپێشچووندا حەقیقەتی شاردراوە کەشف دەکات.  لە کۆتاییدا هەمووان لە نهێنیی پیاوە مردووەکە تێگەیشتن: ئەو دەیزانی دەمرێت و کۆتا ڕۆژەکانی تەمەنی لەپێناو کارێکی نموونەییدا کردە قووربانی. بەڵام لەو کاتەدا هەموویان مەستن و ئەم حەقیقەتەش تەنیا لای چەند مەست و سەرخۆشێک ئاشکرا دەبێت و بۆ ڕۆژی دوایی فەرامۆش دەکرێت.

دەکرێت زۆر شتی تر دەربارەی فیلمی ژین بگوترێت – بەتایبەتی دەربارەی ڕۆڵی زەمەن لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا، کە لەگەڵ فیلمە دراماتیکییە وێسترنییەکاندا جیاوازییەکەی زۆری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا خولەکێک نییە لە فیلمەکەدا زیادە بێت. ئەم کۆمپۆزشنەش زۆر لێهاتوویانە و زۆر جوان ئەنجام دراوە. بەڵام دەبێت هیوا بخوازین بڵاوکەرە فەڕەنسییەکان هێندە زیرەک بن کە ئەم شاکارە بۆ خەڵکی گشتی نماییش بکەن و ئەو کاتە دەرفەتی گەڕانەوەمان بۆ فیلمەکە دەبێت.

[1] From “Petit journal du cinema”, report on cinematheque, cahier du Cinema 68, February 1957.

[2] From “petit journal du cinema” Cahier du Cinema 69, march 1957.

Leave a comment