[مەسەلەی کات: ژان دیلمان،٢٣ کیۆدۆ کۆمێرس ١٠٨٠ برۆکسل]

مەسەلەی کات: ژان دیلمان،٢٣ کیۆدۆ کۆمێرس ١٠٨٠ برۆکسل

نووسینی: ئیڤۆنی مارگولیس

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عومەر

 

“ژان دیلمان،٢٣ کیۆدۆ کۆمێرس ١٠٨٠ برۆکسل،” شاکارێکی “شانتال ئاکێرمان”ە. خوێندنەوەیەکی سەرنجڕاکێشە لەسەر مانەوە و چەقبەستن لەگەڵ کات و دڵەڕاوکێی خێزانی. فیلمەکە گێڕانەوەیەکی درێژە لەسەر ڕۆتینی ژیانی کارەکتەری تایتڵەکە. لەم فیلمەدا ئاکێرمان ڕێگە بۆ بینەر خۆش دەکات ئەزموونی مەتریاڵی سینەما و ماوەکەی بکات و لە هەمان کاتدا مانایەکی کۆنکرێتی دەدات بە کارکردنی ژن. ئەو کاتانەی ژان خواردن لێ دەنێت، خۆی دەشوات، نانی ئێوارە لەگەڵ کوڕە هەرزەکارەکەی دەخوات و دواتر دەڕوات بۆ دوکانی میوەفرۆشی و بە دوای قۆپچەیەکی ونبوودا دەگەڕێت، ئێمە سێ کاتژمێر و بیست و یەک خولەکى تەواو سەیری دەکەین. هەموو جووڵە و دەنگێک لە هزرماندا دەچەسپێت، هەر وەک چۆن بە ڕیتمی ئاشنا و ڕەفتاری پێشبینیکراو هێور دەکرێینەوە؛ لە هەمان کاتدا لەگەڵ حەزەکانی ژان بۆ ڕێکخستنی شتومەکەکان دەبینە هاوەڵ. ڕاگرتنی هاوسەنگییەکی نایاب، لە نێوان کاروبارەکانی ژان و وردەکارییە مینیماڵیەکانی ئاکێرمان، سەرنجمان لەسەر ڕۆشتنی ژان بۆ داوێنپیسی لە دوانیوەڕواندا دوور دەخاتەوە. سەرەڕای ئەوەش ئەم دیمەنانە بەردەوام لە کەناری هۆشماندا سەوڵ لێ دەدەن و وردە وردە دەبنە هۆی نائارامیمان. ژان دێلمان تاقیکردنەوەیەکی ڕادیکاڵانەی غەیر درامییە، بەڵام پارادۆکسێکە لە پێویستی ڕەها بۆ دراما.

فیلمەکە لە ساڵی ١٩٧٥ بەرهەمهێندراوە، ئەو کات ئاکێرمان تەمەنی تەنها بیست و پێنج ساڵ بووە. ئەم فیلمە دەسەڵاتی دژە نیوڕیالیزمی لەسەر “سەرنجی کۆمەڵایەتی” زیاتر کرد. وا پێ دەچوو کارەکەی ئاکێرمان کە پیشاندانی حەقیەقەتی ژیانی ڕۆژانەی ژنێکە، قەشمەری بێت بە داخوازی شەرمنانەی نیۆڕیالستێک بۆ “فیلمێکی نەوەد خولەکی، دەربارەی پیاوێک کە هیچ ڕووداوێک لە ژیانیدا ڕوو نادات.” لە فیلم و ڤیدیۆکانی سەردەمی دوای جەنگدا، بەکارهێنانی دیمەنە سادەکانی هاوشیوەی مەتبەخ لە فیلمەکانی (ئومبێرتۆ دی، ٢ یا ٣ ئەو شتانەی دەربارەی ئەو ژنە دەیزانم، هێماناسی مەتبەخ)، نیشانەی ڕیالیزمێکی تەواو و هێزێکی بە سیاسی کراوی نوێن. ئەو دیمەنانەی لە “وێنە لە نێوان وێنەدا”ی ئاکێرماندا هەن و لە نواندنی کلاسیکیدا ونن، توانایەکی بەهێزی فێمینیستی دەدەن بەم تەوژمە. بەڵام بەدەر لە گۆڕانکاری لە سینەمای تەقلیدیدا. ژان دیلمان لە هەیکەلی ئابووریدا بۆ خۆی وانەیەکە، لەم فیلمەدا تیشکێکی تەواو خراوەتە سەر ئەرکەکانی ڕۆژانە و وە چۆن تێچووەکانیان بوونەتە هۆکاری سەرەکی دیمەنەکانی داوێن پیسی ژان. ئەو ئیشەی کە هێندەی ئامادەکردنی ژەمێک خواردنی پێ دەچێت.

 

ئاکێرمان لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێک گوتویەتی، شەوێکیان لەدوای ئیشکردن لەسەر دەستنووسی فیلمەکە، بۆ خولەکێک هەستی کرد تەواوی فیلمەکەی لە “کۆتا” فۆڕمیدا بینیووە، بۆیە دواتر بڕیاری داوە بەشە ناسەرەکی و کارەکتەرە ناسەرەکییەکان لابەرێت، تاوەکوو تەرکیزە تەواوەتیەکە لەسەر ژان بێت لە نێو ئەپارتمانەکەیدا. بۆ نمونە “پورە فێرناند؛” خوشکی ژان، لە کەنەدا دەژی و تەنها لە نامەیەکدا دەردەکەوێت کە ژان لە شێوەی خوێندنەوەی سروودی ئاینی بۆ کوڕەکەی دەخوێنێتەوە، یان لە دەرگاکەوە گوێی لە دەنگی دراوسێکەی بوو. کاتێک (ئاکێرمان خۆی ئەم ڕۆلەی بینیووە)، باسی ئەوە دەکات چۆن بۆ ئامادەکردنی نانی ئێوارە بۆ مێردەکەی دەچێت بۆ بازاڕ و هێشتا بڕیاری نەداوە چی بکڕێت، بەڵام لە کۆتایدا وەک هەمیشە هەمان ئەو پارچە گۆشتە گرانبەهایە دەکڕێت، کە کەسەکەی پێش خۆی کڕیویەتی. هەموو مۆنۆلۆگە دەگمەنە نامۆ و دوورودرێژەکانی ناو فیلمەکانی هەرگیز بێ مەبەست نەبووە، هەموویان گوزارشتن لە چەندین فۆڕم لە پەستانی جێندەری، کە ئاماژەن بۆ هاوسەرگیریەکەی ژان. بیرکردنەوە ئۆدپییەکانی کوڕەکەی، هەناسەی مەراقاوی سێکسیانە و هەوڵە زارەکییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری “دیمەنەکانی تر،” کە ئێمە هەرگیز نایانبینین؛ وەک لابردنی دیمەنی دیدارەکانی ئێوارانی ژان.

 

ئیشکردن لەسەر ئەم کێشانە بۆ دەرهێنەرێکی گەنجی وەک ئاکێرمان، لەسەر ئەم شێوازانە زۆر کاریگەر و ستراتیجی بوون.. هەرچەندە ئەمە یەکەم جاری نەبوو لەسەر ئەو شێوازە کار بکات. کارکردن لەسەر تێکچوونی شیرازەی خێزانی و تراژیدیا، ڕێکخستن و پاشاگەردانی، سەنتەری بیرۆکەکانی شانتال ئاکێرمان بوون لە فیلەمکانی سەرەتایدا. بۆ نموونە هەر لە فیلمی “شارەکەم بتەقێننەوە (١٩٦٨)،” تێیدا ئاکێرمانی بێهەستی هەژدە ساڵ، خۆی لە مەتبەخێکی تەسکدا ڕۆڵ دەبینێت و خەریکی پاکردنەوە و دیسان پیسکردن و خواردن ئامادەکردن و پڕکردنەوە و کەپسکردنی درزی دەرگا و پەنجەرەکانە. ئەمە یەکەم دەرکەوتنی زێڕینی ژان دیلمانی سەرلێشێواوە. شانتاڵ ئاکێرمان لە ساڵی ١٩٥٠ لە بەلجیکا، لە خیزانێکی جوولەکە لەدایکبووە؛ بۆ ڕزگاربوون لە دەستی نازییەکان لە پۆڵەندا هەڵهاتوون. ئاکێرمان مامۆستای خۆی بووە، هەر زوو وازی لە خوێندنی فیلم هێنا و دەستی کرد بە فرۆشتنی شەراکەتی ئەڵماس لە بۆرسەی ئەنتوێرپ بۆ پەیداکردنی پارە و پاشان فیلمی شارەکەم بتەقێنەوەی پێ دروست کرد. نیویۆرک ئەو شوێنەی لە نێوان ساڵانی ١٩٧١-١٩٧٢ تێیدا ژیاوە، ئەزموونێکی بنیادنەر بوو بۆ ئاکێرمان. هەر لەوێ بەردەوام بە ئەرشیفی فیلمی ئەنسۆلۆجیدا دەچووەوە، هەروەها بەر سەمای مینیماڵیستی و فیلمە ماوە درێژەکانی “ئاندی-وارهۆڵ” کەوت. ئەمە جگە لە سەرسامبوونی بە فیلمە یاداشتییەکانی “جۆناس مێکاس” و دەرهێنەرەکانی بوارەکانی تریش. ئاکێرمان گوتویەتی فیلمی “ناوەندی هەرێم”ی “مایکڵ سنەو،” کاریگەرییەکی زۆری لەسەرم داناوە. بە جووڵە هەڕەمەکییەکانی کامێرا لەو فیلەمەدا لە کاتی دیمەنی نامرۆڤانەدا ” تێگەشتنی من، لە پەیوەندی نێوان فیلم و جەستەدا فراوانتربوو، هەروەها ئەوەی نیشاندام کە چۆن کات گرنگترین شتە لە فیلمدا.”

لە ساڵی ١٩٧٢ ئەو کاتەی لە نیورۆک بوو، بۆ ماوەیەکی زۆر دەستی کرد بە هەماهەنگی لەگەڵ فۆتۆگرافەری بلیمەتی سینەمایی “بابێتی مانگۆلتی” و پێکەوە [ژووری نوستن (١٩٧٢)، هۆتێل مۆنتەری (١٩٧٢)، لانەی گەنجەکان (١٩٧٣)، دەنگوباسی ماڵەوە (١٩٧٧)] یان دەرهێنا. لەم فیلمانەدا کامێرای جێگری ئاکێرمان، هێزیکی چاوەڕوانەکراوی هەیە لە نواندندا. لە فیلمی ژووری نوستندا کامێرا بە پلەی ٣٦٠ بە چواردەوری ستۆدیۆیەکی بچووکدا دەسوڕێتەوە و چاوی کامێرا بە نەگۆڕی دەچێتە سەر کورسی، تەختەی خەو و سێو خواردنی شانتاڵ و جوڵانەوەی ژێر بەتانییەکەی لە هۆتێڵ مۆنتەریدا، لە ژێر ڕووناکی ماوەدرێژی کامێرادا. تەنانەت داڵانە چۆڵەکەش “نمایش” دەکرێت. ئەم دیمەنە یان لە دوورەوە وەک داڵانێک دەردەکەوێت، یانیش لە نزیکەوە لە شێوەی شتومەکدا دەردەکەوێت. بینینی ژنێکی دووگیان لە دەرگایەکی نیوە کراوەوە، ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێک. ئەوەی ئاکێرمان لە هۆتێل مۆنتەریوە فێربوو، ئەوە بوو کە ماوەی فیلم هاوکێشەی نێوان کۆنکریت و ئەبستراکت – دراما و وردەکارییە وێنییەکان دەگۆڕێت.

فیلمە چیرۆکییەکانی ئاکێرمان ئەم وانە بنەماییە جێبەجێ دەکەن، لەگەڵ پێشبینییەکی مۆدێرنانە بۆ گرتەی نادرامی. لە مەسەلەی نواندندا ئاکێرمان قەرزاری مۆدێلی شوقەکەی بریسۆن و فیلمە سادە ناسایکۆلجییەکانی “درێیەر”ە، کارەکتەرەکانی لەسەر شێوازی مۆنۆلۆگ دەڕۆن و بێدەنگی ماوەدرێژ دەکەوێتە نێوان قسەکانیانەوە. بە گەڕانەوە بۆ بیرەوەری سروودە ئاینییە جولەکەییەکان و بەکارهێنانی لە هونەرە مۆدێرنەکەیدا، ئاکێرمان گوتویەتی: “ئەوەی لە دایالۆگدا حەزم لێیەتی ئەوەیە کە لەگەڵ ڕیتمی شیعریدا یەکدەگرێتەوە، وەک وتنەوەی بە کۆمەڵی سروودە ئاینییەکان، کە ڕستەکان مانایان نییە.” سەرەڕای ئەوەش تێکەڵکردنی ئەمانە لەگەڵ ئارەزووەکەیدا بۆ نەریتی – خێزانی جولەکەیی – هەر دێڕەکانی مانادار دەکرد.

ئاکێرمان لە ١٩٧٤، لە ڤیستیڤاڵی سینەمای نانسی، کە هۆتێل مۆنتەری تێیدا نمایش کرا، چاوی بە ئەکتەری ژان دیلمان، “دیلفین سیرج” کەوت (ئەستێرە ساڵی پار لە مارینباد، شۆخە دوورەپەرێزەکەی بۆرجوازیەکان و گۆرانی هیندی). هەر لە هەمان ساڵدا، فیلمی “من، تۆ، ئەو کوڕە، ئەو کچەی دەرهێنا.” فیلمێک کە لەوپەڕی گرنگیدا هاندەربوو بۆ باشترکردنی هێڵی پەڕینەوەی نێوان دیمەنی قسەکردن و نواندن لە ژان دیلماندا. ئاکیرمان چاونەترسانە بڕیاریدا بە بەکارهێنانی ئازارەکانی خۆی تا خۆی لەو هەستە دەرباز بکات، کە پێی وابوو لەم فیلەمدا لە فۆڕمێکی چەقبەستوودایە. بە زیاتر نزیکبوونەوە لە هونەری نواندن وەک لە سینەما و خولییاکانی بۆ کارکردن ئەو هێڵانەی لە نێوان نواندن، ژیان و داهێناندا هەبوون لای دەبردن. فیلمەکە بە ئاشکرا و بە شێوازێکی تایبەت و بە ئەنجامدانی سێکس لە نێوان دوو ژندا کۆتایی پێ دێت. دەنگی زۆر و وێنەی کواڵێتی بەرز، دەبنە سیمبوڵی بەهێز بۆ نواندنی شانۆیی ئاکێرمان (بەهەمان شیوەی هاوڕێ دەرهێنەرەکانی لە حەفتاکاندا، فاسبیندەر و ئۆشیم کە ڕێبازێکی پیشکەوتوو و ڕاقیان بۆ دروستکردنی هەیکەلی فیلم بەکارهێنا).

لە ژان دیلمان کامێرا جێگیر و نزمە ( لەگەڵ  باڵای دەرهێنەرەکە یەکدەگرێتەوە) پێکهاتەی فرەیمەکەشی سادە و هاوسەنگە. ئاکیرمان گرتەی نزیک، گۆشەی پێچەوانە، گرتەی (خاڵی ڕوانین) بەکار ناهێنێت. ڕێگە لە “پارچە پارچە کردنی ئەم ژنە ” و “بینینی وەک دیمەنێکی وروژینەری سێکسی” دەگرێت و دەڵێت، کە زیاتر دەست دەخاتە سەر لایەنی فێمینیستی پرۆژەکە. بە گوتنی هەموو کەس بەردەوام “دەزانێت لە کوێدام.”

دروستکردنی تیشکێکی دەستکردی تێپەڕ بەناو شوقەکەیدا لە ڕۆژدا لەلایەن “مانگۆلتێ”وە و وێنگەرتنی ئەکتەرێکی وەک سیریج، مەبەستە ڕوونەکەی دەرهێنەر کامڵ دەکات. کارەکانی ژان دیلمان وەکوو بۆمبی چێندراو وایە، لە دروستکردنیدا بە تەواوی کلاسیکییە، بەکارهێنانی ڕەنگێکی بەلجیکیانە لە مۆنۆلۆگەکانیدا و ئاڕاستەکردنی چیرۆکەکە لەگەڵ هێنانە ناوەی تێکستی دەرەکی، لە یەکەم و دووەم و سێیەم ڕۆژی فیلمەکەدا، هەموو هەوڵەکانی ئاکێرمان بۆ بەستنەوەی کارەکانی بە ناوەندی جیاکردنەوەی هونەریی سینەمای ئەورووپی دەردەخات. لەگەڵ ئەوەشدا زیرەکی و توانای کۆنکرێتی وێنەکانی دڵەڕاوکێیەکی بیندراو دروست دەکات؛ لەگەڵ بەردەوامی گرتەکە، بینەر ئاگای لە جەستەی خۆی (کچ/کوڕ) دەبێت، بێ ئارام و دووبارە بە پەرۆشەوە. لە دوای “خوێندنەوەی” وێنەی ئەو ژنەی قاپ دەشوات، سەرنجی مرۆڤ دەچێتە سەر کاشی، ڕەنگ و فەرشی ژوورەکە.

بێزاری بەربڵاوی نێو فیلمەکە، ئەم دڵەڕاوکێ بەردەوامەشی چووەتە سەر. پێویستی ژان بۆ کۆنترۆڵکردن لە خشتەی جێگر و مینیۆکان و نیگەرانییە کوشندەکەی بۆ تەنهایی، بە تۆنێکی سێکسی نزمەوە دەردەکەوێت. لە ‌پێکهاتە وێنەییەکەیدا بۆ گرێدانی پەیوەندی نێوان دوو ڕۆڵی مێینەی جیاواز، (خێزان و سێکس – دایک و سۆزانی). فیلمەکە بە گشتی کار لەسەر کێشە فێمینیستییەکان دەکات و ئەوەی کە جێگەی گرنگیپێدانە، مەسەلەی پەراوێزخستنی ژن و کارکردن و توندوتیژی شاراوەیە لە بەرانبەریدا. بۆ نمونە کوڕەکەی ژان تەنها “پیاو”ی ماڵەکەی ژانە، کەچی ئەویش هاوشانی موشتەرییەکانی ژان پێشبینی ئەوە دەکات ژان خزمەتی بکات و دایکی کۆنترۆڵ بکات؛ لە شوێنێکدا بە دایکی دەڵێت، “قۆپچەیەکت ونکردووە.” لەگەڵ ئەوەشدا زیرەکییە بێوێنەکەی ئاکێرمان لە شێوازی هەڵسوکەوتکردنی ئەکتەرەکانیدا، ڕێگە لەوە دەگرێت فیلمەکە وەک دەقێک بمێنێتەوە. کاتێک ژان لەسەر کورسییەکە دادەنیشێت و نازانێت چۆن کاتە بەتاڵەکەی پڕ بکاتەوە، دڵەڕاوکێیەکی ئاشکرای پێوە هەست پێ دەکرێت. کەمێک دەست دەخاتە سەر سنگ و دڵی و بە ئاگاییەکی زۆرەوە و بە خۆنەویستانە پێش ئەوەی ژوورەکەی بەجێ بهێڵێت، گڵۆپی ژوورەکە دەکوژێنێتەوە و لەگەڵ ئەم جووڵە سادەیەدا جێگایەکی خێزانی لە دانەیەکی تر جیادەکاتەوە؛ ئەویش جیاکردنەوەی مەتبەخە لە ژووری نوستن.

لەگەڵ ئەم وردەکارییە جوانانەدا و لە بازنەیەکی تەسکی دەسەڵاتی ژنانەدا (ناونیشانەکە لە تایتڵەکەدا ئاماژەی پێدراوە)، ئاکێرمان چیرۆکی خۆیمان لەبارەی لادانی سێکسیەوە بۆ دەگێڕیتەوە.

ئەوەی ئاشنایە و سەر بە خێزانەکەیە، فیلمەکە بە بێگانە دەیناسێنێت. لە ڕووکەشدا دەرهێنەر هەر هاوکێشەیەکی ڕاستەوخۆی پەیوەندیدار بە کارە ڕۆتینییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ژانەوە لەگەڵ “چەوساندنەوەی ژن لە ژێر سیستمی پیاوسالاریدا” پشتگوێخستووە و ڕوونی دەکاتەوە ئەمانە ئەو جووڵە ئاشنایانە بوون، کە کاتێک بە وردی چاودێریی دایکی و پووری کردووە لە کاتی چاکردنی پێخەف و خواردن دروستکردن، ئەم حەزی لێی بووە. سەرەڕای ئەم لێدوانە بۆ پاراستنی یادەوەرییە ئاشناکانی خۆی، ئاکێرمان لە فیلمەکەدا سوورە لەسەر دەستخستنەسەر ناشیرینکردنی دیمەنەکانی بە داوێنپیسی.

لە نیوەی فیلەمەکەدا و لە کۆتای رۆژی دووەمدا، کاتێک بە ڕۆتینەکانی ژان (ئاکێرمان) ڕادێین، شتێک ڕوو دەدات. بێگومان ئەوە کاتێک ڕوو دەدات کە ژان ئەو پارەیەی جۆن دەیداتێت، دەیخاتە ناو قاپێکەوە و بیری دەچێت سەرەکەی بنێتەوە. بە هەر نرخێک بێت لەوانەیە هەندێک لە بینەران تیببینی قژە بژەکەی ژان بکەن، لە کاتێکدا هەندێکی تریان لەوانەیە تێبینینی کوڵانی زۆری پەپاتەکە بکەن ئەو کاتەی  خەریکی لێنانییەتی. دواتر ئێمەی بینەر لە گۆشەنیگای دەرگای مەتبەخەکەوە ژان دەبینین. ئەمە یەکەم گۆڕانە لە شوێنە جێگرەکەی کامێرادا و ڕاستی کارەکتەرەکەمان بۆ ئاشکرا دەکات. لە یەکێک لە هەرە هەزەلیترین جووڵەکانی نێو ناوماڵ، ترسی ژانە کاتێک بە مەنجەڵێکەوە لە ناو ماڵەکەدا دەسوڕێتەوە و نازانێت بەو درەنگە چی لێ بنێت. لە دیمەنێکی فێرکارییدا لەسەر لاوازی ڕێکخستن، لە کاتی کەوتنە خوارەوەی چەتاڵەکە و قاپە نەشۆراوەکان و کەوتنە خوارەوەی فڵچەی پێڵاو، فڕەیمەکەی ئاکێرمان هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە. هیچ  بەشێک و تۆمارێکی موزیکی ئەو شڵەژاویە دەرناخات. ئەم خۆتێهەڵقورتانەی شتومەکەکان ” کە لە خۆیانەوە دەکەون،” شێوەیەکی پلاستیکی دەدەن بەو بیرۆکە نەخوازراو و دووبارەبوەوانەی کە ژانی عەمەلی هەوڵی نەهێشتنیان دەدات.

کات بە ڕوونی هۆکارە. سەیری ئەو دیمەنە سەرنجڕاکێشانە بکە کە تێیدا قاوەکەی ژان تامی ناخۆشە. پەنا دەباتە بەر هەموو چارەسەرێکی مەحاڵ تا چاکی بکات؛ شیرەکە دەگۆڕێت، تەنانەت دووبارە بە هەمان شێوەی پێشووتر دروستی دەکاتەوە و دوو کڵۆ شەکر دەکاتە ناو قاڵبێکی لاکێشییەوە. پاشان قاوەکە دەڕژێنێتە ناو فلتەری مێڵیتا و چاوەڕێ دەکات، کەچی هەر شێوەی قاڵبێکی شووشەیی نەگۆڕ وەردەگرێت؛ تازە فلتەرەکە ناتوانێت ئەوەی بە هەڵە ڕۆشتووە چاک بکاتەوە.

کۆتاییە دووانیەکەی ژان دێلمان و پەیوەندی نێوان بەربەست و زیادەڕەوی و کەپتی سێکسی و توندوتیژی نیشان دەدات. لەگەڵ چیرۆکێکی تەواو لۆجیکيدا، بۆ یەکەم جار ئەوە دەبینین کە لە پشتی کامێراوە شاردرابووەوە. دوای ئۆرگازمبوونی لەگەڵ یەکێک لە موشتەریەکانیدا، ژان خۆی دەگۆڕێت و کراسەکەی دەکاتە ناو تەنورەکەیەوە، مقەستێک هەڵدەگرێت و لە پشتەوە لە پیاوەکە دەدات. لەگەڵ ئەم گۆڕانی “لووتکەی چێژەدا،” ئاکێرمان ڕۆتین و درامی، ڕاستی وخەیاڵ، خۆگۆڕین و کوشتن بەراورد دەکات. ئاکیرمان دەڵێت “کاتێک ژان پەرداخی سەر مێزەکە دەشکێنێت، تۆی بینەر وا هەست دەکەیت تەنها شیرەکە ڕژاوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە هێندەی کوشتن درامییە.”

حەوت خولەکی کۆتایی فیلمەکە بە پیشاندانی ژان لەسەر مێزی نانخورادن کۆتایی دێت و ڕووناکی گڵۆپێک بە کزی دەدات لە ڕووخساری. ئەم وێنە لەبیر نەکراوەی کارەکەتەر و هەناسەدانەکانی، گرێبسەتی نێوان دەرهێنەر و خواستی کارەکتەرەکەی بۆ پشوو نوێ دەکاتەوە.

بڵاوبوونەوەی ژان دیلمان هاوکات بوو لەگەڵ جوڵانەوەی ژنانی ئەوروپیدا” پاکردنی پەتاتە،” یەکێک بوو لەو وتارانەی لەسەر کێشەی مۆدێرنە لەلایەن “سیمۆن دی بۆڤوارەوە” بڵاوکرایەوە، وە لەو کاتەشدا مەسەلەی مافی کارکردنی سۆزانییەکان بابەتی گەرمی گفتوگۆ بوو لە بەلجیکادا. ڕێکخستنی تەواوی فیلەمەکە لە نێوان سیاسەتی سێکسواڵیتی/ جێندەری و سیستەمی ئابووری، بە پیشاندانی چێشتلێنان و کردنی سێکس بە شاراوەیی، لەلایەن ڕەخنەگرانی فیمێنیستیەوە وەکوو بەدیلێکی کاریگەر، بەڵام بەمەبەستی باش و بەکارهێنانی وەک دۆکیومێنتارییەکی سیاسی و ئەخلاقی ستایش کرا. زۆرێک لە هونەرمەندەکان هەستیان بە ڕێکوپێکی کارەکە کرد، کە ئەم چیرۆکەی باس لە کێشەکانی ژنان دەکات زۆر بە سادەیی بەهۆی بەکارهێنانی شارەزایانەی کاتە لە فیلمەکەدا. نواندنی ئاکێرمان بۆ کۆنکرێتیبوون  و نائاساییبوونی ژیانی ڕۆژانە، سەرکەوتنێکی بێ وێنە بوو.

سەرەڕای سادە دەرکەوتنی فڕەیم و گێڕانەوەکانی ئاکێرمان، کەچی هەموویان لە سەر بنچینەیەکی ڕاستەقینە دروستکراون، لەبری درێژکردنەوەیەکی ڕادیکاڵی کە بە ئاسانی دووبارە نابێتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە کاریگەری فیلمەکە بە ناڕاستەوخۆ لە سەرهەڵدانی فیمینۆلۆجیەکی نوێی هەستیار و پەیوەندیدار بە وردبینی و قورسایی کات لە کاری دەرهێنەرە هاوچەرخە جیاوازەکانیشدا دەردەکەوێت، وەک: (عەباس کیارۆستەمی، گوس ڤان سانت، پێدرۆ کاسترۆ، ئەپیچاتپۆنگ ویراسیتاکول، تۆد هاینس، ژیا ژانگی، و تسای مین-لیانگ).

دوای ژان دیلمان، ئاکێرمان دەڵێت هەستی کردووە لەپێناو ڕێگرتن لە خۆ دووبارەکردنەوە، دەبوایە لە تواناکانی خۆی هەڵبێت. لە هەشتاکاندا لە سەرئەنجامی ئارەزووەکانی بۆ ڕیتمی جوڵە و دایەلۆگ بایدایە سەر شانۆی کۆمیدی، موزیک و کۆمیدیا وەکوو پاساوێک بۆ چالاکی زیاتر و هەنگاوی خێرا [تەواوی شەو (١٩٨٢)، هەشتاکان (١٩٨٣)، برسیمە و سەرمامە (١٩٨٤)، بازاڕکردن لەودیو جامەکانەوە (١٩٨٦)، شەو و ڕۆژ (١٩٩١)].

چیرۆکە پۆلێن نەکراوەکانی دەنگوباسی ماڵەوە و چیرۆکە ئەمریکیەکان: [خواردن، خێزان، و فەلسەفە (١٩٨٨)] دەرهێنا.

دواتر بە ئاستێکی نزمتر لە فۆڕمی ئەدەبی هاتە مەیدانەوە، وەک: (لە نامەکانی دایکی، نامەی کۆچبەران، نوکتەی جولەکە- لەبارەی دیزاینکردنەوەی زەوی بەڵێن پێدراوەکانی (جولەکەکان)) لە نیۆرک دەردەکەوێت. هێشتاش لە فیلمەکانی تریدا ناڕوونی سووربوونی کارەکەترەکانی بۆ خاوەندارێتی و سەقامگیری ڕامان دەکێشێت. دووان لە تایبەتمەندیەکانی چاوپێکەوتنەکانی، “ئانا (١٩٧٨) و دیل (٢٠٠٠)”ە، کە تێیاندا پاڵەوانە ژنەکان بە نەشارەزاییکەیانەوە لە گۆرانی گوتندا “بە بێ ئاواز” تەعبیر لە تەنیایی خۆیان دەکەن. لە ناو تۆڕێکی فراوانی بەناوبانگی مۆدە و میدیادا، بەهرە هەرە ناوازەکەی ئاکێرمان لە کارە زیندوو و گۆڕانخوازە سەردەمییەکانیدا دەردەکەوێت. دیمەنی زۆر درێژی بێزاری دەگۆڕیت بۆ تامەزرۆیی، سەیرکردنی دیمەنی سرووشتی دۆکیومێنتاریەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ هەستێکی تەلیسماوی وەکوو “دی ژا ڤوت” دەداتێت، زمانەکەی پوخت و کورت و هەر لەناو خۆیدا هەزەلی، موزیکییە، جموجوڵەکانی ڕۆژانە داڕێژنراونەتەوە، وەک بەشداریکردن لە بۆنە ئاینییەکان و یادگارییە خۆشەکان.

لە کاتی فیلمی “ژان دیلمان”دا، ئەو دیمەنانەی لە پشتی کامێراوە لەلایەن “سامی فەری”ەوە گیراوە، بەرچاوڕوونییەکمان لەسەر زیرەکی و سەبری ئاکیرمان دەداتێت. “سیرج” لەگەڵ ئاکێرماندا باس لە هەستەکانی کارەکتەری نێو ڕۆڵەکەی دەکات، کە ئاکێرمان زۆر بە توندی جەخت لەوە دەکاتەوە نمایشێکی ناوێ لەسەر سۆز بنیاد نرابێت. شانەکردنی قژ و دروستکردنی نان بە گۆشت و دڵەراوکێ، هەموویان لە وردەکاری دەستنووسەکانی ئاکێرماندا هەن. جوڵە دەقیق و کورتەکانی ستانداردن. “مانگۆلتێ” پیشنیاری ئەوە دەکات، کامێرا لە دیمەنی چۆڵدا بمێنێتەوە، تا بەو جۆرە جوڵەکانی ژان لە دەرەوەی فرەیم بە ڕاستی ڕوو بدات. “شانتاڵ” چاودێری کات دەکات لە کاتی دانانی شتێک لە سەلاجەکەدا. لە گەرمەی بڕیارێکی پراکتیکیدا وەک ئەوەی چەند هێڵکە بخاتەوە ناو نانی گۆشتەکەوە، نهێنی کات لای ئاکێرمان سەرنجڕاکێشانە لە چەند خولەکێکی سادەی پڕۆڤەکردندا دیسان دەردەکەوێت. “سیرج” لەسەر مێزی مەتبەخەکە دادەنێشێت لەو کاتەدا ئاکێرمان بە سەعات و دەستنووسەکەی دەستییەوە جوڵەکانی ژان دیاری دەکات. سیرج دوای ئاماژەکانی دەکەوێت. “خولەکێک بۆستە، هەستە سەرپێ، بچۆ بۆ باڵکۆنەکە، ٢٥چرکە بۆستە، بگەڕێرەوە، گسکەکە هەڵبگرە، لەوێ دابنیشەرەوە. خێرا دەقەکەت بخوێنەرە و دابنیشە” سیرج دادەنیشێت. لاسایی جوڵەکانی دەکاتەوە و ئانیشکی لەسەر مێزەکە دادەنێت، ئاکێرمان دادەنیشێت و چاوەڕێ دەکات. لە پێناو درێژترین خولەکدا، دەرهێنەر ڕێگە دەدات کاتی سیرج و ژان بەگیانی خۆیدا گوزەربکات. ئەمە ئەو ئەزموونەیە کە بە جوانی و بە ڕوونی بۆ ئێمەی دەگوازێتەوە.

 

 

 

 

 

Leave a comment