فێدریکۆ گارسیا لۆرکا
نوسینی: لیزڵی ئانی ستەینتۆن
لە ئینگلیزییەوە: شنیار عومەر
فێدریکۆ گارسیا لۆرکا، لە 5 حوزەیرانی 1989 لە فوێنتێ ڤاکیۆرسی سەر بە هەرێمی غەرناتەی ئیسپانیا لە دایکبووە و لە 18 یان 19 ی ئابی 1936 لە ناوچەی ئەلفاکار، نزیک ڤیزنار هەر لە غەرناتە کۆچیدوایی کردووە. بەڵێ، ئەمە ئەو شاعیر و نوسەرە ئیسپانییەیە کە تەنها لە ماوەی 19 ساڵی تەمەنی ئەدەبیدا، توانی بنەما هەرە سەرەکییەکانی شیعر و شانۆی ئیسپانی ڕێک بخات و ئەدەبی ئیسپانی سەرلەنوێ ببوژینێتەوە. ناوبانگی لۆرکا بەتایبەتی لە بەرهەمە ئەندەلووسییەکانیدا دەنگی دایەوە، بە نمونە کۆمەڵە هۆندراوەی “هەڵبەستە قەرەجییەکانی 1928” و “شیوەن بۆ پاڵەوانی شەڕەگای 1935” و تراژیدیای “زەماوەندی خوێناوی 1933″، “یەرمای 1943″ و ” ماڵی بێرناردا ئەلبای 1936″.
لە سەرەتای ساڵانی1930کاندا، لۆرکا ڕۆڵێکی کاریگەری بینی لە سەرهەڵدانی سەردەمی دووەمی زێڕینی شانۆی ئیسپانی. بەڵام جێگەی داخە ئەم شاعیرە بەهرەمەندە لە یەکەم مانگى شەڕی ناوخۆی ئیسپانیدا، لەلایەن دەستەی تەقەکەرە ناسیۆنالیستەکانەوە تەقەی لێ دەکردرێت و دەکوژرێت.
ساڵانی سەرەتای تەمەنی لۆرکا
لۆرکا نۆبەرەی چوار منداڵ بوو، لە باوکێکی نیمچە دەوڵەمەند و دایکێکی مامۆستا، لە گوندێکی ئەندەلووسیا لە دایک بووە. شوێنی لەدایکبوونی لۆرکا بە دیمەنی سروشتی جوان و سەرنجڕاکێشی لادێ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی پتەو دەورەدرابوو. کە دواتر کاریگەرییەکی هەمیشەییان لەسەر تەواوی بەرهەمەکانی لۆرکا بەجێهێشت.
لۆرکا لە تەمەنی 10 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو غەرناتە کۆچ دەکەن و هەر لەوێ بۆ خوێندن دەچێتە خوێندنگەیەکی تایبەتی ئەکادیمی، کە سەر بە ڕێبازی گشتی کاتۆلیکییە. پاشان هەر لە غەرناتە چووە بەر خوێندنی زانکۆ، بەڵام هیچ ئارەزوویەکی لە خوێندنی ئەکادیمی نەبوو، بۆیە نۆ ساڵی تەواوی پێچوو تا بڕوانامەی بەکالۆریسى تەواو کرد. تەنها شتێک کە تێیدا باشبوو بەهرە بێهاوتاکەی بوو وەک پیانۆژەنێک. سەرەڕای پلانەکانی بۆ بوون بە موزیکژەن و ئاوازدانەر، لە کۆتاییەکانی تەمەنی هەرزەکاریدا؛ دەستی کرد بە نووسین. کارە سەرەتایییەکانی لە پەخشان، شیعر و درامادا، پیشاندەری ڕۆحی گەنجانەی لۆرکا و کێشە سێکسیەکانییەتی، هاوشان لەگەڵ خۆشەویستییە هەرزەکارانەکەی بۆ نووسەرە بەناوبانگەکانی وەک شکسپیر، گۆتە، شاعیری ئیسپانی ئەنتۆنیۆ مەچادۆ و باوکی مۆدێرنیزم و ڕۆمانتیسیزمی ئیسپانی، شاعیر نیکاراگوای ڕوبن داریۆ.
لە ساڵی 1919 لۆرکا ڕوویکردە مەدرید و لەوێ بووە ئەندامی یانەی خوێندکاران، ئەم یانەیە یانەیەکی ڕاقی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتووخواز بوو، لە کۆمەڵێک نوسەر و کەسی بەناوبانگ پێکهاتبوو. یانەی خوێندکاران لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بۆ ماوەی دە ساڵ بووە شوێنی پەسەندی لۆرکا. هاوڕێکانی لە دەرهێنەری فیلم “لویس بونێڵ و هونەرمەند سیلڤادۆر دالی” پێکهاتبوون. کە دواتر بوونە هاوڕێی نزیکی لۆرکا. هەر لە مەدرید لۆرکا بووە هاوڕیی شاعیری بەناوبانگ و بەئەزموون “وان ڕیمۆن یمێنیز و هەروەها بازنەیەک لە شاعیری هاوتەمەنی خۆی وەک ڕافایەڵ ئەلبێرت، جۆرج جویڵێن و پێدرۆ سالیناس.”
سەرەتای شیعر و شانۆ لای لۆرکا
وەک ستایڵیستێکی تەواو، لۆرکا بە درێژایى کارە ئەدەبییەکانی هەوڵی بەرارورد و تێکەڵکردنی ژانرە ئەدەبییەکانی داوە. هەمیشە بەرهەمە شیعری، شانۆی و پەخشانەکانی بوونەتە جێگەی ئیلهام بۆ نوسەرانی تر؛ ناوبانگی لۆرکا بە شێوەیەکی سەرەکی لە فۆرمە باوەکانی وەک موزیک، هونەر و ئەدەبدا دەرکەوت.
یەکەم پەرتووکی بە ناوی “هەستەکان و دیمەنەکان 1918” کارێکی پەخشان بوو بە شێوازێکی مۆدێرن، کە لۆرکا لەدوای زنجیرەیەک لە گەشت کە وەک خوێندکارێکی زانکۆ بە نێو ئیسپانیادا نووسیبوونی، گوزارشتێک بوو لە هەستەکانی بەرانبەر بەو گەشتە. هەر بە دوای ئەوەدا لە ساڵی 1921دا پەرتووکی “هەڵبەستەکان” ی نووسی. کە کۆمەڵە شیعرێکی جیاواز و تایبەتی مۆدێرن بوون و هەڵقوڵاوی هەستی هەرزەکارانەی لۆرکا خۆی بوون. هەر دوو بەرهەمەکە لۆرکایان نائومێد کرد و ئارەزووی بۆ خۆدوورخستەنەوە لە ڕای گشتی زیاتر بوو، هەر ئەم ڕاستییەش بووە هۆی دواکەوتنی لە بڵاوکردنەوەی کارەکانی و نمایشی بەرهەمەکانی. لۆرکا بەردەوام وای پێ باشتر بوو خۆی بەرهەمە شیعری و کارە ئەدەبییەکانی بخوێنێتەوە، ئەم حەزەشی بووە هۆ ئەوەی بە نواندنە نایابەکەی لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی خۆیدا ژمارەیەکی بێشومار لە هاندەر پەیدا بکات.
دەرهێنەری ئیسپانی “گریگۆرێۆ مارتینیز سیرا” کاری دەرهێنانی بۆ یەکەمین دەقی شانۆیی ماوە درێژی لۆرکا کرد، بە ناوی “نووشتەی بەدی پەپولەیەک” کە یەکێکە لە پێنج دراما کۆمیدی و تراژیدی-کۆمیدیەکەی لە ساڵی 1970 کاری دەرهێنانی بۆ کرا. ئەم بەرهەمە کارێکی سیمبوولی بوو دەربارەی سیسرکێک لە مەدرید، کە بە دوای خۆشەویستیدا وێڵ بوو. بینەران ڕەخنەی گاڵتەئامێزیان لە دراماکە گرت و دوای چوار جار لە نمایش، کۆتای بە نمایشەکەی هێندرا. دووەم دەقی شانۆيی ماوە درێژی لۆرکا، شانۆی مێژوویى شیعر ئاسای “ماریانا پینێدا1923” بوو. لە ساڵی 1927دا لە بەرهەمهێنانێکدا لەلایەن دالیەوە کاری ڕێکخستن و دەرهێنانی بۆ کرا، دواتر چەندین تێبينی جۆراوجۆری لەسەر درا.
لە سەرەتاکانی ساڵانی 1920کاندا، لۆرکا بە ئیلهاموەرگرتن لە گۆرانی میلیى ئیسپانیى و هایکۆی ژاپۆنی و پەخشانە شیعرە بەناوبانگەکانی سەردەمی خۆی، دەستی کرد بە نووسینی فۆڕمێک لە شيعری کورت و هێلکەیی “ئلیپتیکەڵ.” ئەوەبوو زنجیرەیەک لە شیعری جیاواز و کورتی نووسی کە هەمان میلۆدییان هەبوو. دواتر لە 1983دا کۆکرایەوە و لە ژێر ناونیشانی “کۆمەڵە هەڵبەست” بڵاوکرانەوە. لە ساڵی 1922دا لۆرکا لەگەڵ ئاوازدانەری بەشکۆی ئەندەلووسی، “مانوێڵ دێ فاڵادا” لە ڤیستیڤاڵی “گۆرانی قووڵ” لە غەرناتە یەکیان گرت. ئەم هەوڵە ئارەزووی لۆرکای بۆ گۆرانی باوی ئەندەلووسی زیاتر کرد، بە جۆرێک دواتر لە لە چاوترووکانێکدا بە ئیلهاموەرگرتن لە گۆرانی قەرەجە ئەندەلووسییەکانی “ڕۆما،” زنجیرەیەک هەڵبەستی نوێی نووسی.
بەرهەمی “گۆرانییە قووڵەکان” کە لە 1921-1925 نوسرا و لە 1931 بڵاوکرانەوە، بە بەراورد بە “کۆمەڵە هەڵبەست” ناوبانگێکی زیاتری پەیداکرد، چونکە تێکەڵەیەکی ڕادیکاڵانەی نەریتی و سەردەمیانەش بوو. ئەم کۆمەڵ شیعرە بووە سیمبوولێک بۆ ناساندنی لۆرکا وەک شاعیرێکی کامڵ. کارەکانی لەگەڵ فاڵا، لۆرکای زیاتر هاندا تا لە نەریتی شانۆیى “بووکەشووشەی ئیسپانی” بکۆڵێتەوە.
لە 1923دا بەرهەمی”بووکەشووشەی دارین”ی بڵاوکردەوە، وەکوو یەکەمین کاری لە بواری شانۆی بووکەشووشەدا کە ئیلهامی لە شانۆی “گراند گوگنۆلی” کلاسیکی ئەندەلووسیەوە وەرگرتبوو.
لە 1925 بۆ 1928، لۆرکا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ “سلڤادۆر دالیدا” پەیدا کرد. پتەوی پەیوەندییەکەیان وای لە لۆرکا کرد کە ئەگەر بەتەواوەتیش قبووڵی نەبێت؛ دان بە هاوڕەگەزبازی خۆیدا بنێت. لەگەڵ هاندانەکانی دالیدا، لۆرکا ئازادانە دەست دەکات بە تاقیکردنەوەی نوێ و سەردەمیانە لە جیهانی هونەردا و بەتایبەت بابەتی سوریالی، هەرچەندە ڕەتی کردۆتەوە کە خۆی بە هیچ جوڵانەوەیەکی ئەدەبیەوە بەستبێتەوە.
لە (1925-1926؛ گۆرانیەک بۆ سلڤادۆر دالی) و (گۆرانییەکان، نووسینی 1924 و بڵاوکردنەوەی 1926) لەگەڵ زنجیرەیەک لە پەخشانە شیعری ئاڵۆز. لۆرکا هەوڵیدا زیاتر هۆندراوەی بابەتی بنووسێت و خۆی لە هەستی تایبەتی و هەقیقەتە تاڵەکانی ژیانی بە دوور بگرێت. لۆرکا و هاوڕێ شاعیرەکانی لە ساڵی 1927دا یادی سێسەد ساڵەی مەرگی “دۆن لویس دێ گۆگۆرا” کردەوە و هەستان بە ستایشکردنی ئەم شاعیرە ئیسپانییەی سەدەی 16، کە بە بێلایەنییەکەی و بەکارهێنانی میتافۆڕی ئاڵۆز لە شیعرەکانیدا ناسرابوو. و لەوکاتە بە دواوە ئەم یادە بە یادی “نەوەکانی 1927” ناسرا. خودی لۆرکاش لە وتنەوەی وانە گشتییەکاندا دەستی کرد بە بەکارهێنانی زمانی سەرنجڕاکێش و ڕەوانبێژی تایبەت بە خۆی.
لەم سەروبەندەدا، لۆرکا بەردەوام بوو لە هەڵکۆڵینی نەریتی ئیسپانی لە شانۆکانیدا وەکوو شانۆی کۆمیدی کلاسیکی: (ژنە زلەکەی پینەدۆز، کە لە 1924دا نوسراو لە 1930 دا نمایش کرا) هەروەها شانۆی کۆمیدی تراژیدی: (خۆشەویستی پەرلیمپلیننو بەلیسا لە باخەکەیاندا، کە لە 1925 نوسراو لە 1933 نمایش کرا. ئەمیش یەکێک بوو لە پێنج دراما کۆمیدی و تراژیدی-کۆمیدییەکان)، کە بەشێکی لەسەر شێوازی چیرۆکێکی وێنەیی ئیسپانی سەدەی هەژدەدا نوسراوە. هەردوو شانۆکە گوزارشتن لە بیرۆکە باوەکانی نێو کارە ئەدەبییەکانی لۆرکا، وەک: (گۆڕانی زەمەن، هێزی وێرانکەری خۆشەویستی و مەرگ، وەهمی شوناس، هونەر، منداڵی و سێکس.)
لە 1928دا بە هاندانی دالی، لۆرکا پێشانگایەکی هونەری بۆ تابلۆکانی کردەوە. ئەم نوسەرە بەهرەدارە بە ئەندێشە نایابەکەیەوە، لە هونەری وێنەکێشاندا سەدان سکێچی کێشاوە.
هەڵبەستە قەرەجییەکان
نووسینی هەڵبەستە قەرەجییەکان لە 1921-1927دا و بڵاوکردنەوەی لە 1928دا، وەک زنجیرە هەڵبەستێکی شیعری کە ئیلهامی لە ڕۆمانسی کلاسیکی و هەڵبەستی ئیسپانییەوە وەرگرتبوو، لۆرکایان بەرەو هەستی نەتەوەیی پەلکێشکرد. وێناکردنی شاعیرانەی لۆرکا بۆ جیهانە هەستیارەکەی قەرەجە ئەندەلووسیەکان لەم کۆمەڵە هەڵبەستەدا، خوێنەرە ئیسپانییەکانی شەیدای خۆی کرد و زۆربەیان پێیان وابوو لۆرکاش قەرەجێکی ئەندەلووسییە. تەنها لە ماوەی ساڵێکدا تەواوی چاپی یەکەمی کتێبەکە فرۆشرا. بە درێژای هەڵبەستی هەژدەیەمی ئەم کارە ئەدەبییە، لۆرکا بە شێوازێکی تازە هەردوو ستایڵی گۆرانی و چیرۆک لە یەکدا کۆدەکاتەوە تا ئەو فۆڕمە وەربگرێت کە ئەم بە تراژیدیا وەسفی دەکات، کە ئەویش ” هەڵبەستی ئەندەلووسییە”. نووسنی ئەم هەڵبەستانە بە ئاشکرا چوونە قۆناغێکی نوێی هەڵبەستی ئیسپانیی بوو لە سەدەکانی ناوەڕاستدا: لە پێکهاتەدا دژە ستانزان، ناوەڕاستی چیرۆکەکە دەبێتە دەستپێک و کۆتاییەکی چاوەڕوانەکراوی هەیە. بەڵام لەم هەڵبەستانەدا بابەتیبوون و بەکارهێانی میتافۆڕی نوێ نیشانەی مۆدێرنن. یەکێک لە هەرە بەناوبانگترین شیعرەکانی ئەم کۆمەڵە هەڵبەستە “هەڵبەستی سەربازە ئیسپانییەکە”یە. لەم بەشەی خوارەوەدا خوێنەری بن:
Black are the horses,
the horseshoes are black.
Glistening on their capes
are stains of ink and of wax.
Their skulls—and this is why
they do not cry—are cast in lead.
They ride the roads
with souls of patent leather.
ناوبانگە کتوپڕەکەی لۆرکا ژیانی تایبەتی لێ شێواند. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییە هاوڕێتییەکەی لەگەڵ دالیدا، شکستی پەیوەندییەکی تری خۆشەویستی و قەیرانی ڕۆحی قووڵ، لۆرکایان بۆ چەندین جۆر خەم پەلکێش کرد. لەگەڵ سەردانەکەی بۆ نیۆرک و کوبا لە ساڵانی 1929-1930 و وەرگرتنی ئیلهامی نوێ، لۆرکا دووبارە دەستی کردەوە بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی تازە.
شیعر و شانۆکانی ساڵانی دواتری لۆرکا
لۆرکا هەر لە ئەمریکا و کوبا دەمێنێتەوە و دەست دەکات بە نووسینی بەرهەمی “شاعیرێک لە نیۆرک،” کە لە ساڵی 1940دا بڵاو دەبێتەوە، ئەم زنجیرە ئاڵۆزە لە شیعری ئازاد لەو سەردەمەدا و بەکارهێنانی وێنەی خەیاڵی و باسکردنی كێشەکانی سەردەم و داڕمانی شارستانیى و نادادی کۆمەڵایەتی، جیاوازییەکی چاونەترسانەی لەگەڵ کارەکانی پێشوتری لۆرکادا دروستکرد. ئەم کۆمەڵە شیعرە سەرسامی لۆرکا بۆ شاعیرانی وەک: (چارلیز بۆدلێر، ئێدگار ئالان پۆ، تی ئێس ئیلیۆت، و ستیڤان کرانی و بەرز ڕاگرتنی یادی والت وایتمان دەردەخات):
… virile beauty,
who among mountains of coal, billboards, and railroads,
dreamed of becoming a river and sleeping like a river
with that comrade who would place in your breast
the small ache of an ignorant leopard.
لۆرکا هەر لە کوبا بەرهەمی “گوێگرەکان”ى نووسی. کە شانۆیەکی ئاڵۆز و هەمەڕەنگە بە بەکارهێنانی تەکنیکی شارەزا لە دەربڕیندا، بە بێ هیچ شەرمێک لە سروشتی سۆزدارنەی هاوڕەگەزبازی دەکۆڵێتەوە. لۆرکا کارەکەی تەواو کرد و بەڵام تا ساڵی 1978 کاری بەرهەمهێنانی بۆ نەکرا. لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئیسپانیا، لۆرکا شانۆی دووەمی تەواو کرد بە ناوی “کاتێک پێنج ساڵ تێدەپەڕێت “1931،” کە ئامانج لێی شکاندنی بەربەستی بەردەم بنەماکانی هونەری نووسین و نوادنی شانۆ بوو. پاشان لۆرکا مافی سەرپەریشتیکردنی گرووپی گەشتیاریى شانۆیی خوێندکارانی پێ درا، “لابارکا” (ناوی ئەو گرووپە بەناوبانگە بوو کە کاریان بە بووکەشووشەی دارین دەکرد لە ئیسپانیا و پێشنگا و نمایشیان شانۆییان ئەنجام دەدا)، لەلایەن حوکمەتی نوێی پێشەکەوتووی کۆماری ئیسپانیاوە پاڵپشتی دەکرا.
لەگەڵ یەکەم بەرهەمی تراژیدی ئەندەلووسی لە ساڵی 1933 بەناوی “زەماوەندی خوێناوی،” لەسەر شێوازی گێڕانەوەی یۆنانی کۆن و ڕێنيسانس و بەکارهێنانی شێوازی هونەری سەدەی شانزە، لۆرکا یەکەم سەرکەوتنی شانۆی خۆی تۆمارکرد و ڕۆڵێکی کاریگەری لە بوژانەوەی ڕۆشنترین سەردەمی شانۆیی ئیسپانیدا بینی، کە لە سەردەمی زێڕینەوە نەبیندرابوو. لەساڵانی 1933-1934، لۆرکا بەرەو ناوچەی بوێنۆس لە ئەرجەنتینا بۆ ببینی چەند نمایشێک لە بەرهەمەکانی خۆی و وتنەوەی زنجیرە محازەرەیەک بەڕێکەوت. هەر لەم سەروبەندەدا بوو لەگەڵ شاعیری چیلی “پابلۆ نێرۆدا”دا بوونە هاوڕێ و پێکەوە هاوکاربوون لە نووسینی بەرهەمی “لە ستایشی روبێن داریۆدا.” سەرەڕای مەیلی نوێی بۆ شانۆ، لۆرکا بەردەوام بوو لە نووسینی شیعر. لەگەڵ شاعیرانی گرووپی “نەوەکانی 1927دا” باوەشی بۆ “دووبارە هیومانیزەیشنی” ی شیعر کردەوە، وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر “دژە هیومانیزەیشن”ی شیعر وەک لە وتارەکەی “ژۆسێ ئۆرتێگا گاسێت” لە ساڵی 1925 داك لە ژێر ناوی ” ئەنتی هیومانیزەیشنی هونەر”دا دەبیندرێت. بەڵگەی دیاری گەڕانەوەی لۆرکا بۆ نێو جیهانەکەی خۆی، نووسینی (دیوانی تاماریت؛ لە ساڵی 1931بۆ 1934 نووسیویەتی و لە 1940دا بڵاوکراوەتەوە)، (شەش هۆنراوەی گالیسى؛ لە ساڵانی 1932-1934 نووسراوە و لە ساڵی 1935دا بڵاوکراوەتەوە)، هەروەها (سۆنێتەکانی خۆشەویستی تاریک کە 1935 نووسراوە لە ساڵی 1984 بڵاوکرایەوە). هەموو ئەم هەڵبەستانە هەڵبەستی خۆشەویستیین و بە ئیلهام وەرگرتن لە فۆڕمی شیعری عەرەبی نووسراون. ئەم” 11 سۆنێتە” بە شێوازێکی ڕێکخراو چیرۆکی پەیوەندییەکی خۆشەویستی شکست خواردوو دەگێڕنەوە. ئەم سێ کۆڵێکشنە بنەهێڵی سووربوونی بەردەوامی لۆرکا لەسەر پەیوەندی خۆشەویستی و مەرگ دەستنیشان دەکات:
There is no one who can kiss
without feeling the smile of those without faces;
there is no one who can touch
an infant and forget the immobile skulls of horses.
“دیوانی تاماریت” ئارەزووی هەمیشەیی لۆرکا لە کولتووری عەرەب-ئەندەلووسیدا نیشان دەدات و خۆی وەک شاعیرێکی ئەندەلووسی دەبینێت و بە بەشێکی سەرەکی لە شوناسی خۆی تەماشای دەکات. بە ڕادەیەک ئاشقی ئەم کولتوورە دەبێت کە دووبارە دەستگرتنەوە بەسەر کەنیسەی کاتۆلیکی غەرناتە لە ساڵی 1942دا، وەکوو شکستێکی تراژیدی هەژمار دەکات. بەرهەمی دیوانی تامارایت ڕەنگدانەوەی دروستبوونی خواستێکی زۆرە لە کلتوری عەرەب- ئەندەلووسی و بەتایبەت کارە ئەدەبییەکانیان لە ساڵانی 1930 کاندا.
لە 1934دا، لۆرکا لاواندنەوەیەکی سەرنجڕاکێشی بۆ مەرگی خوێناوی هاوڕێیەکەی دەنووسێت، کە لە کاتی یاری پاڵەوانی شەڕەگادا گیانی لە دەست دەدات، ئەم کارە ئەدەبییە بە دەستپێکە دوورودرێژە سیحراویەکەی بەناوبانگە؛” کاتژمێر پێنجی دوا نیوەڕۆ.” چوار بەشە درێژەکەی ئەم هەڵبەستە گەورەیی لۆرکا وەک مەزنترین شاعیری تراژیدی ئیساپنی دووپات دەکاتەوە.
At five in the afternoon.
It was exactly five in the afternoon.
A boy brought the white sheet
at five in the afternoon.
A frail of lime ready preserved
at five in the afternoon.
The rest was death, and death alone
at five in the afternoon.
دوو سااڵ پێش مردنی و لە ساڵی 1934 دا، لۆرکا دووەم تراژیدیای ئەندەلووسی بە ناوی “یەرما” نووسی. هەروەها دەستنووسی یەکەمی سێیەم تراژیدیشی بە ناوی “ماڵەکەی بێرنادا ئەلب” تەواو کرد. ڕووداوەکانی سەردەمی منداڵی و کەسایەتی لۆرکا لە هەریەک لە بێرندا ئەلب و “دۆن رۆزیتای قەیرەکچدا” (کە لە 1934دا نوسراوە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1935دا بڵاوکراوەتەوە)، ڕەنگدەداتەوە. هەر دوو شانۆکە و کۆتاییە بە ئەنقەستەکەی دۆن ڕۆزیتا و شانۆ تەواونەکراوەکەی “خەونەکانی ئامۆزاکەم ئەوریلیای 1936” بە چیخۆفیترین شانۆیی لۆرکا دەدانرێن. لە ساڵی 1935 لۆرکا سیاسیترین شانۆی خۆی بە ناوی “خەونی ژیان” نووسی، کارێکی تەواو نوێ بوو کە باسی لە ڕووداوە تازەکانی ئیسپانیا دەکرد.
لە هاوینی 1936 دا کاتێک شەڕی ناوخۆ لە ئیسپانیادا هەڵگیرسا، لۆرکا کاری لەسەر ئەوريلیا و بێرناردا ئەلبا دەکرد، لە 16ی ئابی هەمان ساڵدا لە غەرناتە لەلایەن هێزە ناسیۆنالیستەکانەوە دەستگیرکرا و لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا سوکایەتیان بە هاوڕەگەزبازی و بیروڕاکانی دەکرد، پاشان بەبێ دادگایى زیندانی کرا. لە شەوی 18 یان 19 ئابدا (هەرچەندە تا ئێستا ئەم بەروارە یەکلانەکراوەتەوە)، بەرەو گردێکی دوور لە دەرەوەی شارۆچکەکە پەلکێش دەکرێت و پاشان تەقەی لێ دەکرێت. لە ساڵی 1986 دا حوکمەتی ئیسپانی یادی 50 هەمین ساڵیادی مەرگی لۆرکای بە دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لە شوێنی کوشتنەکەی کردەوە. ئەم کارە بەڵگەیە لەسەر مەزنی لۆرکا وەک گرنگترین شاعیر و شانۆنووسی ئیسپانی سەدەی 20، پیاوێک کە تا ئێستايش کارەکانی بەردەوام کاریگەری لەسەر نووسەر و هونەرمەندەکانی سەرتاسەری جیهان هەیە و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی کارە ئەدەبییەکانییەوە قسە لەگەڵ خوێنەرەکانی دەکات.