[نامەی سوپاسگوزاری بۆکۆوسکی بۆ ئەو کەسەی یارمەتیدا واز لە کارە ڕۆحکێشەکەی بهێنێت و ببێتە نووسەر]

ماریا پۆپۆڤا

لە ئینگلیزییەوە: دێنی وریا

چارلز بوکۆوسکی لە شیعرە بەناوبانگەکەیدا “مەینووسە،” لەبارەی ئەوەی پێویستە چۆن بیت بۆ ئەوەی بنووسی وتی:

“مەگەر لەخۆوە لە دڵتەوە هات، لە مێشکتەوە، لە دەم و هەناوت دەرچوو”

بۆکۆوسکی، خۆی لە کۆتاییەکانی تەمەنيیدا بەناوبانگ بوو. وەکوو زۆربەی نووسەرە بەناوبانگەکان، کارێکی ئاسایی هەبوو. پێش ئەوەی بگاتە ئەوەی بتوانێت تەواوی کاتی خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات، لەپێناو ژیانیيدا کاری جیاوازی تاقیکردەوە. لە ناوەڕاستی سییەکانی تەمەنیدا، لە کاروباری پۆستەی ئەمەریکا کارێکی پۆستەی وەرگرت. دواتر خۆی وتی کە هیچ کارکردنێک ناتوانێت ڕێگر بێت لەوەی کەسێک داهێنەر بێت.

لە چلەکانی تەمەنیيدا هێشتا بە ڕۆژ کاری پۆستەی دەکرد، لە کاتە ئازادەکانیشیدا بۆ ڕۆژنامەی “ئێڵ- ئەی” دەینووسی. بە یارمەتی شاعیرێکی تر، ڕۆژنامەیەکی ئەدەبیی تریشی بەڕێوە دەبرد.

لە ساڵی ١٩٦٩دا، ساڵێک پێش ئەوەی ببێتە پەنجا ساڵ، توانی سەرنجی بەڕێوبەری بڵاوکەرەوەی “سپارۆو پرێس” ڕابکێشێت، کە “جۆن مارتن” بوو. مانگانە سەد دۆلاری پێشکەش دەکرد، لەپێناو ئەوەی واز لە کارەکەی بهێنێت و خۆی بۆ نووسین تەرخان بکات. دوای دوو ساڵیش بڵاوکەرەوەی سپارۆو پرێس یەکەمین ڕۆمانیان بۆ چاپکرد، بە ناوی “پۆست ئۆفیس.”

دوای حەڤدە ساڵ، لە ئۆگەستی ساڵی ١٩٨٧ بوکۆوسکی نامەیەکی درەنگ، بەڵام جوانی سوپاسگوزاری نارد.

“١٢ی ئابی ١٩٨٧

بۆ جۆن

سوپاس بۆ نامەكەت. پێم وایە خراپ نییە ھەندێكجار بیرت بكەوێتەوە لە كوێوە ھاتوویت، تۆ ئەو شوێنانە دەزانیت كە لێوەی ھاتووم. ھەتاكوو ئەو كەسانەش كە دەیانەوێت دەربارەم بنووسن، یان فیلمی لەبارەوە بكەن؛ وەك تۆ تێنەگەیشتوون. ئەوان پێی دەڵێن “9-٥.” خۆی قەت ٩ بۆ ٥ نییە، ئەوانە تەنانەت پشووی كاتی نییوەڕوانیشی تێدا نییە. لەڕاستیدا لەزۆربەیاندا بۆ ئەوەی لە ئیشەكەت بمێنیتەوە، ناتوانی نانی نیوەڕۆش وەربگریت. دواش بكەویت، یەكسەر یەكێك ھەیە كە شوێنەكەت بگرێتەوە.

تۆ ئەو قسەیەی منت بیرە كە دەمگوت: “كۆیلایەتی بە كۆتایی نەھاتووە، تەنھا درێژەی داوە بۆ ئەوەی ھەموو ڕەنگەكان لەخۆ بگرێت.”

لەوەیش ناخۆشتر، بەهای مرۆڤایەتی ئەو كەسانە کەم دەبێتەوە، ئەوانەی هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی لەو ئیشەیان کە ناشیانەوێت بمێننەوە. بەڵام دەترسن ئەگەر نەیانبێت چیان بەسەردا دێت. ئەوان بەتاڵ دەبنەوە، ئەوان لەشێكن پڕ لە ترس و بیریان بۆ پەیڕەویكردنە. ڕەنگ لە چاویان نامێنێت، دەنگیان ناخۆش دەبێت، لەشیان، قژیيان، نینۆكی پەنجە، پێڵاوەكان، ھیچیان بۆ خۆیان نامێنێت.

 

کاتێک گەنج بووم، پێم سەیر بوو خەڵکی لەسەر ئەوە خۆیان و ژیانیان بە دەستەوە بدەن، ئێستاش کە پیرم، هێشتا پێم سەیرە، بۆچی وا دەکەن؟ بۆ سێکس؟ بۆ تەلەفزیۆن؟ بۆ ئۆتۆمۆبێل؟ بۆ مووچە؟ بۆ منداڵ؟ بۆ ئەو منداڵانەی کە خۆیان چیان بەسەرهات ئەوانیش هەروا؟

هەرگیز بڕی ئەوە نادرێت بە كۆیلەكان تاكوو ئازاد بن، تەنھا بەشی ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەركار. من ھەموو ئەمانەم دەبینی، ئەوان بۆچی نەیاندەتوانی بیبینن؟ بۆم دەركەوت كە كورسی پاركەكەيش، یانیش مەستێكی ناو باڕێک، ھەر ئەوەندە بارودۆخی باش بوو. بۆ خۆم نەڕۆم بۆ ئەوێ پێش ئەوەی ئەوان نەیانخستوومەتە ئەوێ؟ بۆ چاوەڕێ بكەم؟

من بەقێزەوە دژ بە هەموویان نووسیم، کاتێك ئەو هەموو شتە ناخۆشەم لە ناخم دەرکرد، بە ئارامییەک گەیشتم. ئێستایش کە ئەمەم، نووسەرێکی پرۆفیشناڵ، پەنجا ساڵی سەرەتای تەمەنمم بەوە بەفیڕۆداوە؛ قێزەونی پشتی سیستەمەکە ببینم.

ئەو بەختەشی هەمبوو بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا لەو شوێنانە ڕزگارم ببێت، گرنگ نییە چەندی خایاند، خۆشییەکی پێداوم؛ خۆشیی پەرجوویەک. ئێستا لە مێشکێکی پیر و جەستەیەکی پیرەوە دەنووسم، زۆر لەدوای ئەو تەمەنەوەی خەڵکی بتوانن بەردەوامیش بن. بەڵام من کە بەم درەنگانە دەستم پێ کردووە، قەرزاری خۆمم ئاوها بەردەوامم. هەر لەوەی زمانم دەگیرێت، لەوەی بۆ سەرکەوتن بە قادرمەیەکدا پێویستم بە یارمەتییە، لەوەی جلگرەیەک و چۆلەیەک جیاناکەمەوە. هێشتا هەست دەکەم شتێک لە ناخمدا پێم دەڵێت: “هەرچەندێک ڕۆیشتووم” چۆن بەنێو مردن و ئاڵۆزی و کارە سەختەکاندا هاتووم، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ مردنێکی ناوازە بژیم.

مادام تەواوی ژیانت بەفیڕۆ نەدابێت، سەرکەوتنێکی نایابە، ئەگەر تەنها بۆ خۆیشم بێت.

هاوڕێت،

هانک. “

Leave a comment