[یادی بیست ساڵەی فیلمی، هەموو شتێک دەربارەی دایکم]

 

سجاد خوشخو

وەرگێڕان: سندوس عومەر

پێشکەشە بە بت دیوس، جینا رولندز، ڕۆمی ئەشنایدەر… بە تەواوی ڕۆڵگێڕە ئافرەتەکان، کە ڕۆڵگێڕانییان گێڕاوە، بە تەواوی ئەو ژنانەی کە کاری ڕۆڵگێڕان دەکەن، بە پیاوانێک کە ڕۆڵگێڕان دەکەن و خۆیان دەکەن بە ژن، بە هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ببن بە دایک و بە دایکم پێشکەش.

ڕێزنامەی کۆتایی فیلم.

من هەواداری ئێوەم[١]

ئێستا بیست ساڵ بەسەر نمایشی فیلمی” هەموو شتێک دەربارەی دایکم” تێپەڕیووە، فیلمێک کە بۆ “پێدرۆ ئەلمۆدۆڤار” خەڵاتی باشترین دەرهێنەری “کان” و “ئۆسکار” بۆ باشترین فیلمی بیانی(غەیرە ئینگلیزی) بەدەستهێنا. فیلمێک کە لە زۆر ڕووەوە دەتوانێت خاڵی وەرچەرخانی بڕوانامە سینەماییەکەی بێت. بڕوانامەی پڕ بەرهەمی دەرهێنەرێک، کە بە تەنها نوێنەرایەتی جۆرێکی تایبەتی سینەما دەکات.

ئەلمۆدۆڤار ئەوەندە دونیایەکی فراوانی هەیە، کە لە ناساندنی سینەما و ناتەبایی لە لێکدانەوە و بۆچوونەکان قسەی یەکەم دەکات. بە جۆرێک کە ڕەخنەگران بە درێژایى ساڵ، ئەویان هەم وەک تاکێکی جەرد و سوور لەسەر کاری خۆی و هەم وەک کەسێکی گۆترەکار لەقەڵەمیان داوە، کەسێک کە لە چاوی ئەوانەوە هەم سیاسییە و هەم ناسیاسییە؛ ئەخلاقییە و نائەخلاقییە؛ فیمێنیستە و هەم دژی فێمینیستییە؛ ئەزموونگەرایە و هەستیار و هەم نێونەتەوەییە و هەم نەتەوەییە.

پێدرۆ ئەلمۆدۆڤار

ئەلمۆدڤار لە دەیەی ٨٠ دا سەرووتر لە سنوورەکانی وڵاتەکەی؛ ئیسپانیا هەنگاوێکی بە ڕوویی سینەمای ئەمریکادا ناوە، کە ناتواندرێت لەبەرانبەر سنوورە زاڵەکانی هۆڵیوود بە کەم سەیر بکرێت. ئەلمۆدۆڤار دەرهێنەرێکی سەربەست و ئازادە کە لە دەرەوەی ئەمریکا کار دەکات “سوورە لەسەر بەردەوامی لەم کارەیدا،” بەڵام بەردەوامی لە بەرهەمهێنانی فیلمدا، پێوەرەکانی جوانیناسی ورد و گەڕانەوەی بەردەوامی بۆ تیمێکی وەفادار لە هاوکارەکانی، بە بیرهێنەوەی شێوەی کارکردنی دەرهێنەرە گەورەکانی دەورانی ستۆدیۆکانە. ئەگەرچی لە یەکەم سەیرکردنی فیلمەکانی ئەم دەرهێنەرەدا بە کەسایەتی نائاسایی، دیکۆری پڕ زرق و برق، ناوەڕۆکە جنسی یە کولتوور شکێنەکان، داڕشتنی چیرۆکی ئاڵۆز و تێکەڵ لە ژانەری سینەمایی، بە تەواوی هاوشانی فیلمە باوەکانی هۆلیوود دەبیندرێت.

لەگەڵ ئەوەی ئەلمۆدڤار بە پێچەوانەی ئاڕاستەی چیرۆکە نەتەوەییەکان دەڕوات و دوورە لە ناوەندی سەرەکی توانای سینەمایی “لە زۆر لای پاریسەوە، لەندەن و بەرلین مەودایەکی زیاتریان لەگەڵ ئەو و کارەکانی هەیە تا هۆلیوود،” بەڵام لە ڕووی بارزگانییەوە سەرکەوتووە و شێواز و کەسایەتییەکی بێ هاوتای هەیە. دەرهێنەرێک کە هەرچەندە وەک کەسێکی ڕێچکەشکێنی نوێگەر یاد دەکرێتەوە، بەڵام وا دیارە کە کارەکانی لە هەمەن کاتدا، هەواڵ لە گەڕانەوەی جۆرێک لە مۆدێرنیسمی سینەمایی دەدات. بەڵام وا دیارە کارەکەی لە هەمان کاتدا هەواڵ دەدات لە گەڕانەوەو زیندووبوونەوەی جۆرێک لە مۆدێرنیزمی سینەمایی.

هەرچەندە کارەکانی ئەو لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٨٠، گرنگییەکی زۆری هەبوو لە جێگیرکردنی پێگەی سەربەخۆیی خۆی، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەو ساڵانی دەیەی ٧٠ی دەوورانی پڕ خرۆشی بزوتنەوەی هونەری و کولتووریى “پێسافرانکۆیی” کە بە ناوی “موویدا” دەناسرێت، بە کورتەفیلمەکانی وەکوو بەرهەمهێنێکی بە ئەزموونی فیلم لە سینەمای ژێرزەمینیدا گوزەراند و دەکرا موژدەی ڕۆژانێکی باشی دەیەکانی دواتر لە یەکەمین فیلمی سەرزەویی بە ناوی “پیپی، لوسی، بوم و کچانی تری ناوچەکە” ببینیت.

ئەلمۆدڤار لە ماوەی ٤٠ ساڵی فیلم بەرهەمهێنان بە ئیلهام وەرگرتن لە فیلمە کلاسیکییەکانی هۆلیوود، سینەمای هونەری ئەوروپا و سینەمای فۆلکلۆریک و ناوخۆیی ئیسپانیا، لێهاتووانە لە نێوان کۆمیدی، میلۆدرامی، فیلمی نوار(فیلمی ڕەش)، مێتافیکشن، شانۆی کۆمیدی، ترەیلەر و شێوەکانی تر، لە جوڵەدا بووە و کاری کردووە.

ئەو کەلوپەلە سەرەتاییەکانی کارەکانی لە قوتابخانە ئاینییەکان، ڕێوڕەسمەکان و ساڵۆنە مۆدێرنەکان، مەیخانەی هاوڕەگەزبازان، گۆڤاری ژنان، پێشبڕکێی شەڕەگا، تەلەڤیزیۆن، شانۆ و زۆر شوێنی دیکە کۆی دەکردنەوە و دەیهێنا.

هەموو شتێک دەربارەی دایکم

ئەو لە چاوپێکەوتن و فیلمەکانیدا بە وتە یان بە ڤیدیۆ ناوی کۆمەڵێک لە دەرهێنەری دەبرد، کە کاریگەریان لەسەر ئەو هەبووە و ئاماژەی پێ دەکردن وەکوو: (داگلاس سیرک، بیڵی وایڵدەر، هاوارد هاکس، فرانک تیشلین، ئارنست لوبیچ، ئەلفرێد هیچکاک، کینگ ویدۆر، نیکلاس ری، مایکڵ کۆرتیز، لۆکینۆ ویسکۆنتی، ڤیتۆریۆ دێسیکا، ڕاینەر ورنەر فاسبیندەر، جەین کوکتۆ، جان واترز، ئاندی وارهول، لوئیس بونوئل، فلۆریان ری و لوئیس گارسیا برلانگا …)

زۆر بە دەگمەن ڕوو دەدات (لەوانەیە هەرگیزیش ڕووی نەدابێت)، کە فیلمەکانی ئەلمۆدۆڤار هیچ کاردانەوەیەکیان بەرانبەر نەکرابێت. لە دونیای ئەلمۆدۆڤاردا ڕاهیبەکان ئالودەی هیرۆیینن (خووە خراپەکان)، ژنێکی لێدراو بە ئێسقانێک مێردەکەی خۆی دەکوژێت (چیم کردووە تا شایەنی ئەم سزایە بم؟)، بێژەری هەواڵ لە کاتی پەخشی بەرنامە، دان بە تاوانی کاری کوشتندا دەنێت کە کردوویەتی (پاژنە بەرز)، ژنێک دەکەوێتە خۆشەویستی پیاوێکە کە مانگا دەکوژێت (ماتادۆر) و ژنێکی تر شەیدای پیاوێک دەبێت کە فڕاندوویەتی (بمبەستەرەوە، بمکەرەوە).

ئەو بە پەیڕەویکردن لە “داگلاس سیرک،” چیرۆک گەلێک بەکار دەهێنێت کە پڕن لە بەربەرەکانێی ڕۆمانتیک و مەرگی لەناکاو. هونەرەکەی لەوەدایە کە بەشە ئاڵۆزەکانی چیرۆکەکەی وەها تێگەشتووانە باس دەکات، کە لە یەکەم سەیرکردندا سادەیی زیاتر لە ئاڵۆزی بەرچاو دەکەوێت.

لە چیرۆکەکانی ئەودا مرۆڤەکان بە شێوەیەکی موعجیزە ئاسا لەلای یەکتر دەمێننەوە و چارەنووسیان پێکەوە گرێ دراوە، بێ ئەوەی پێویست بکات بینەر ڕووداوەکان بخاتە ئەستۆی چارەنووس.

ئەو “هیچکاک” بە سەرچاوەی سەرەکی ئیلهامەکانی خۆی دەزانێت، بەتایبەتی لەسوود وەرگرتن لە ڕەنگەکان، ڕەنگ گەلێک کە لەگەڵ بیرکردنەوە و هەستی ئەو لەچیرۆکەکاندا یەکدەگرێتەوە.

ئەلمۆدۆڤار ئامۆژگاری دەرهێنەرە گەنجەکان دەکات، کە واز لەوە بهێنن کە بیانەوێت کۆنتڕۆڵی هەموو لایەنەکانی فیلمەکە بکەن. ئەو بڕوای وایە کە تەنها لە سێ بابەتدا دەرهێنەر کۆنتڕۆڵی تەواوی هەیە: (چیرۆکی فیلمەکە، ڕۆڵگێڕانی ئەکتەرەکان و هەڵبژاردنی ڕەنگی سەرەکی؛ ڕەنگێک کە بڕیارە ڕەنگی زاڵ و سەرەکی دیمەنەکان، جل وبەرگەکان و لە کۆتاییدا رەنگی گشتی بێت). ئەم نوسراوەش دەیەوێت لەسەر بنەمای ئەم قسەیەی ئەلمۆدۆڤار و بە بەبۆنەی یادی بیست ساڵەی فیلمی” هەموو شتێک دەربارەی دایکم” لە چوارچێوەی ئەم سێ بەشەدا تاوتوێ بکات.

پێش بەردەوامی و چوونە ناو بابەتەکە، جێی بیرهێنانەوەیە کە ئەم بابەتە چیرۆکی فیلمەکە ئاشکرا دەکات و باشترە پێش خویندنەوەی ئەم بابەتە سەیری فیلمەکە بکەن.

هەموو شتێک دەربارەی دایکم

چیرۆکی فیلمەکە

 دەکرێت چیرۆکی فیلمەکە بکەین بە سێ بەشەوە:

١- پێش و پاش ڕووداوی هاتووچۆکەی “ئیستیبانی دووەم” لە مەدرید.

٢- لەدایکبوونی “ئیستیبانی سێیەم” و مردنی ڕۆزا.

٣- دووبارە گەڕانەوە بۆ بەرشەلۆنە.

لەبەشی یەکەمدا ئێمە لە کاتێکدا دەچینە نێو چیرۆکەکەوە کە رۆژێک پێش لەدایکبوونی ئیستیبانی دووەمە، ئەو دەبێت بە حەڤدە ساڵ و لەچاو تەمەنەکەیدا پێگەیشتووتر دیارە.

ئیستیبان کە ئارەزووی نوسینی هەیە، دەیەوێت چیرۆکێک لە بارەی دایکییەوە (مانوێلا) بنوسێت. ئیستیبان چاودێری دایکی دەکات و هەڵسوکەوتەکانی دایکی یاداشت دەکات. یاداشتگەلێک کە دەبنە نەخشە ڕێگای مانوێلا.

ئەلمۆدۆڤار بە وردی و لەسەرخۆییەکی زۆرەوە چیرۆکەکەی باس دەکات و بۆ هەر ڕووداوێک لە چیرۆکی فیلمەکەیدا سەرەتا بینەر ئامادە دەکات. مانوێلا لە نەخۆشخانەی ڕامون کاخال بۆ ڕێکخراوی نەتەوەیی چاندنەوەی ئەندامی جەستە کار دەکات. ئیستیبان داوا لە دایکی دەکات کە لەگەڵیدا بڕوات بۆ نەخۆشخانە، تا بینەری کاتی تۆمارکردنی ڤیدیۆی فیلمەکەی دایکی بێت لە بەخشینی ئەندامەکانی جەستە. لە ڤیدیۆکەدا مانوێلا ڕۆڵی کەسێک دەگێڕێت کە تازە کەسێکی لەدەستداوە و پزیشکەکان دەیانەوێت بۆ بەخشینی ئەندامەکانی جەستەی ڕازی بکەن، ئەوەی کە دواتر لە دونیای فیلەمەکەدا ڕوو دەدات و پزیشکەکان لەبارەی ئەندامەکانی جەستەی ئیستیبان لەگەڵ مانوێلا قسە دەکەن. پاشان دەڕۆن بۆ سەیری شانۆ، تا نمایشی “شەمەندەفەرێک بە ناوی ئارەزوو” ببینن. ئیستیبان کاتێک لە شەقام دەپەڕێتەوە، خەریکە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ ببێت، لێرەشدا ئەلمۆدۆڤار بۆ ڕووداوی چەند خولەک دواتر ئامادەمان دەکات. دوای شانۆکە ئیستیبان دەیەوێت وێنەیەکی واژووکراو لە ئەکتەر “هوما ڕوخو،” ڕۆڵگێڕی شانۆکە وەربگرێت. لە کاتی چاوەڕێکردن لەبەردەم دەرگای هاتنە دەرەوەی ئەکتەرەکان، دایکی کە هیچ شتێکی لەبارەی باوکی ئیستیبانەوە بۆ باس نەکردبوو؛ دانی پێدا دەنێت کە کاتی خۆی لە نمایشی شەمەندەفەرێک بە ناوی ئارەزوو، لەگەڵ باوکی ئیستیبان پێکەوە ڕۆڵیان گێڕاوە.

لە بەشی دووەمدا و دوای مەرگی ئیستیبانی دووەم، مانوێلا دوای خوێندنەوەی دەفتەری یاداشتی کوڕەکەی و تێگەیشتنی ئەوەی کە تاکە ئارەزووی بینینی باوکی بووە، بڕیار دەدات واز لە کاری نەخۆشخانە بهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ بەرشەلۆنە؛ بۆ دۆزینەوەی باوکی ئیستیبان و گووتنی هەموو شتێک پێی دەربارەی کوڕەکەی؛ کۆتا ئارەزوویی کوڕەکەی بە دی بهێنێت.

مانوێلا لە ڕێگای دۆزینەوەی باوکی ئیستیبان، (کە ئێستا ڕەگەزی خۆی گۆڕیوەوە ناوی خۆی ناوە “لولا”) بە ڕۆزا لە ڕۆڵگێڕانی “پنلوپ کروز” دەگات. ڕۆزا کۆتا کەسە کە لولای بینیووە و ئێستا وەکوو لولا تووشی ئایدز بووە. ڕۆزا دوای بارودۆخی دووگیانی، کۆچی دوایی دەکات و مانوێلا سەرپەرشتی منداڵە تازە لەدایکبووەکەی ئیستیبانی سێیەم دەگرێتە ئەستۆ.

لە بەشی سێیەمدا، مانوێلا کە بەرگەی سەیرکردنە ڕاڕاییەکانی خەڵکی لەبارەی منداڵە تازە لەدایکبووەکە (هەڵبەتە نەخۆشی بێ چارەسەری لەگەڵدایە) ناگرێت. جارێکی تر لە بەرشەلۆنە دەڕوات و لەکۆتایی فیلمەکەدا دوای باشبوونی تەندروستی منداڵەکە؛ دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ بەرشەلۆنە.

بەڵام چیرۆکەکە لە بنەڕەتدا لەبارەی میراتەوەیە. ئیستیبانی یەکەم کە هاوسەری مانوێلا بووە دوای ئەوەی ڕۆشتووە بۆ پاریس؛ دەگەڕێتەوە بۆ بەرشەلۆنە بۆ لای ئەو، بەڵام بە سەروسیمایەکی جیاوازەوە. مانوێلا لەگەڵ ئەو منداڵەی کە لەسکیدایە بەجێی دەهێڵێت و کاتێک لەدایک دەبێت، ناوی دەنێت ئیستیبان.

ئیستیبانی دووەم بە دوای باوکیدا دەگەڕێت، بەڵام دایکی لەبارەی باوکییەوە هیچی پێ ناڵێت. وێنەکانی سەردەمی گەنجی دایکی هەمووی لە ناوەڕاستدا بووە بە دوو بەشەوە و ئیستیبان سڕدراوەتەوە، بەڵام پێش مەرگی ئیستیبانی دووەم مانوێلا دەگەڕێتەوە بۆ بەرشەلۆنە تا ئیستیبان/لولا ببینێت.

مانوێلا ناتوانێت بیدۆزێتەوە، بەڵام لەجیاتی ئەو لەگەڵ میراتگرێکی تر ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ڕۆزای میهرەبانیش لە ئەو دووگیانە. ڕۆزا دەڵێت کە دەیەوێت ناوی منداڵەکەی بنێت ئیستیبان و هیوا دەخوازێت کە ئەم منداڵە ئیستیبانێک بێت کە بۆ مانوێلا دەمێنێتەوە.

منداڵەکە بە میراتێکی شوم “نەخۆشی ئایدز” لەدایک دەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیندوو دەمێنێتەوە و دەست دەگرێت بەسەر میراتەکەیدا. ئێستا ئیتر لولا مردووە و مانوێلا چانسی دووبارەی هەیە تا کوڕێک گەورە بکات، تا بتوانێت لەگەڵ میراتەکەی خۆی بژی.

ئەلمۆدۆڤار لە درێژەی فیلمەکەدا سەرچاوەی دەرەکی زۆری هەیە، زۆرترین سەرچاوە “شەمەندەفەرێک بەناوی ئارەزوو”ـە و دواتریش “هەموو شتێک دەربارەی ئیڤ” و لەکۆتاییشدا “شەوی کردنەوە” لە دەرهێنانی “جۆن کاساڤێتس.”

ئەم فیلمە لەسەر بنەمای چەندین ئاماژە و سەرچاوە و ڕێزنامەی کۆتایی، دەکرێت بە ڕێزێکی ئاینی بۆ تەواوی ئەکتەرەکان و هونەری سینەما و شانۆ دابندرێت.

سوودوەرگرتنی ئەلمۆدۆڤار لەم سەرچاوانە، لە خۆگونجاندنی تەواودایە لەگەڵ چیرۆکەکە. ئەو کەسایەتی مانوێلای هاوشێوەی ستێلا لە شەمەندەفەرێک بە ناوی ئارەزوو پێناسە دەکات و لەم شانۆیە کە لە درێژەی فیلمەکەشدا چەند جارێک پیشانی دەدات، سودێکی زۆر وەردەگرێت. هەڵبەتە ئەلمۆدۆڤار کۆتایی شانۆکەی “تنسی ویلیامز” دەگۆڕێت؛ لە کۆتایی چیرۆکە شانۆییەکەی ویلیامز، ستێلا لەماڵەوە دەمێنێتەوە، بەڵام لە کۆتایی شانۆکەدا دەرکەوتووە ستێلا لەماڵ دەڕوات، وەکوو مانوێلا کە لەگەڵ منداڵەکەی(ئیستیبانی دووەم) بەرشەلۆنە بەجێ دەهێڵن. ئیستیبان/لولاش وەکوو “ستانلی کوالسکی” لە شانۆی شەمەندەفەرێک بە ناوی ئارەزوو ڕۆڵی تێکدەرانە دەبینێت لە پەیوەندی لەنێوان ژناندا.

ئەلمۆدۆڤار لەم فیلمەيشدا هاوشێوەی کارەکانی تری، گرنگی بە شوناس دەدات و بە وردەکاری زۆرەوە ئاماژە بە شوناسی ڕەگەزی و گۆڕینی ڕەگەز دەکات. لەڕاستیدا ئەلمۆدۆڤار ڕەگەز نەک وەک ڕاستییەکی نەگۆڕ، بەڵکوو وەک گەشتێکی دەروونی دەیبینێت؛ گەشتێک کە دوای گەڕانەوەی لەوانەیە ئیتر هیچ کەسێک نەتناسێتەوە و دەکرێت کەسانێک کە خۆشیان ویستوویت ئیتر خۆشیان نەوێیت.

لەگەڵ ئەوەشدا فیلمەکە ئاماژەیەکی بچووک دەکات بە بارودۆخی ئەوکاتەی ئیسپانەییەکان، کە لەژێر یاساکانی فرانکۆدا بوون، وەکوو سانسۆر لە سەردەمی فرانکۆ (کە لەسەرەتای فیلمی ئیستیبان بە گۆڕینی ناوی فیلم و هەروەها دۆبلاژکردنی فیلمەکان بەڕوونی دیارە) و هەروەها هاوڕەگەزبازی ئیستبان کە لە خۆشەویستی بۆ ترومن کاپوت و دیالۆگەکەی کە وەسفی حاڵی دەکات: ” دەبینیت؟ من تەنها کەس نەبووم کە بەم شێوەیە بێت! ”

هەموو شتێک دەربارەی دایکم

ڕۆڵگێڕان

ئەلمۆدۆڤار بڕوای وایە کە دەرهێنەر پلەیەکی بەرزی هەیە، ئەو کارسازێکی ڕەهایە، ئەوە کە بڕیار دەدات چی گرنگ و بەنرخە و چی نییە، ئەوە کە بڕیار دەدات ڕاست و هەڵە چییە.

لە ڕاستیدا، ئەو ئاوێنەیەکە کە ئەکتەر دەتوانێت خۆی تێدا ببینیتەوە. دەرهێنەر بۆ ئەکتەر دەروونناس، عاشق و باوکێکە، ئەکتەریش سەبارەت بە ئەو هەمان هەستی هەیە کە بەرامبەر دەروونناس، عاشق و باوک (هەمان هێزی) هەیە.

ئەلمۆدۆڤار، بە باشی لە ڕۆڵی دەرهێنەر تێگەیشتووە؛ سەبارەت بە کاریگەری لەسەر ئەکتەرەکان و ڕۆڵ بینینیان. ئەو لەگەڵ ئەوەی کە خۆی خاوەن کار و خاوەن دەستوورە، بەڵام ئەکتەرەکان لە پرۆسەی ڕۆڵ دروستکردن بەژداری پێدەکات؛ ڕۆڵەکە لە هاوکاری پێ کردنی ئەو لەگەڵ ئەکتەرەکاندا پەرە دەستێنێت و لەکۆتاییدا پەیوەندییەکی زۆر نزیک لە نێوان بیرکردنەوەکانی ئەو و ئەکتەرەکانی دروست دەبێت.

لێرەدایە کە ئەو بۆ ژمارەیەک لە ئەکتەرەکانی ڕۆڵی زۆر تایبەت دەنوسێت، ئەو بە کۆمەڵێک زانیاری لەبارەی گروپێک لە ئەکتەرەکانی خۆی وەکوو “سیسیلیا رۆث، ئانتۆنیۆ باندراس و پنالوپی کروز” گەیشتووە، کە دەتوانێت تایبەتمەندییە جیاوازەکانی کەسایەتییان کەشف بکات و بیانخاتە سەر کاغەز. بە گوتەی ئەلمۆدۆڤار پڕۆسەی ڕۆڵ نووسین بۆ ئەکتەرێک، دوای چەند ئەزموونێکی کاری هاوبەش دەگونجێت و دەکرێت.

سیسیلیا ڕاث، زۆر بە باشی توانیویەتی ڕۆڵی مانوێلا بگێڕێت. ئەو پانتاییەکی زۆر لە هەستەکان داگیر دەکات و زیاتر لەوەش، لە دیمەنێکدا کە پێشتریش ئاماژەی پێ کراوە (دیمەنی وێنەگرتن بۆ ڤیدیۆی بەخشینی ئەندامی جەستە) ئەو بە پلەگەلی جیاواز، ڕۆڵگێڕان بۆ هەستێک دەکات.

سیسیلیا ڕاث، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە نەخۆشخانە بۆ چاندنی ئەندامەکانی جەستە تۆمار دەکرێت. لەم ڤیدیۆیەدا هاوسەرەکەی مردووە و پزیشکەکان هەوڵ دەدەن ڕازی بکەن بۆ چاندنی ئەندامەکانی جەستەی هاوسەرەکەی.

دوای مردنی ئیستیبان لە نەخۆشخانە؛ پزیشکەکان هەوڵ دەدەن ڕازی بکەن بۆ چاندنی ئەندامەکانی جەستەی منداڵەکەی. بەو شێوەیە ڕۆڵە نایابەکەی وەکوو ڕۆڵی سەرەکی بە توانا هونەرییەکەی خۆی لە چەند بەشێکی بچوکدا تەواو دەبێت، ئەو کاتێکیش کە سەرنجی دیمەنەکان لەسەر ئەو نییە، دەتوانێت بە ڕۆڵگێڕانەکەی خۆی دونیای فیلمەکە لە ئامانجەکەی ئەلمۆدۆڤار نزیکتر بکاتەوە.

گرنگی ئەم کارەی ڕاث کاتێک ڕوونتر دەبێتەوە، کە ڕێکخستنی شوێن و دیمەنەکان کە تایبەتن بە ئەلمۆدۆڤار لەبەرچاو بگرین. ئەلمۆدۆڤار بە گشتی لەو دیمەنانەی کە دوو ئەکتەری تێدایە، دوو ئەکتەر خۆیان لە دوو گۆشەی چواردەوری دەیمەنەکە دەگونجینن. بینەر دەبێت لە هەر دیمەنێکدا هەڵی بژێرێت کە دەیەوێت سەیری کام ئەکتەرە بکات، ئەم هەڵبژاردنە  کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لە تێگەیشتنی بینەر لە فیلمەکە و ئاستی ئەکتەرەکان.

“پنلوپ کروز” یەکێک لە باشترین ڕۆڵەکان لە پیشەکەی خۆیدا دەگێڕێت. بەرهەمی ئەم کارەی لەلایەن ئەلمۆدۆڤارەوە بەوە کۆتایی هات، کە ڕۆڵ گێڕان بکات لە کارەکانی تریدا. هەڵبەتە ناتواندرێت چاوپۆشی لە ڕۆڵگێرانە نایابەکەی “ئەنتونیا سن وان” (ئاگرادۆ) بکرێت، ئەو لە فیلمەکەدا کارەکتەرێکی ناوەندییە و دەتوانێت تەنز ئامێزانە دیمەنەکە بەڕێوە ببات.

هەموو شتێک دەربارەی دایکم

ڕەنگ

لە «هەموو شتێک دەربارەی دایکم» ئێمە لەگەڵ کۆمەڵە ڕەنگێک مامەڵە دەکەین، کە وەکوو چەترەکەی دەستی مانوێلا هەمەڕەنگە. ئەلمۆدۆڤار سوود لە ڕەنگەکان وەردەگرێت بۆ مەبەستی جیاواز. جوانی، ڕێکوپێکی و هەروەها هێماگەری(سیمبۆڵیزم). ئەم هێماگەرییانە ناوەکین و لەنێو جیهانی فیلمەکەدا لەدایک دەبن و واتادار دەبن. لەنێوان هەموو ئەو ڕەنگانەی کە لەم فیلمەدا بەکار دەهێندرێن، سێ ڕەنگ زۆرترین بەکارهێنانیان هەبووە: (سور، شین و ڕەش).

بەکارهێنانی ڕەنگەکان لەلایەن ئەلمۆدۆڤارەوە، بەئەندازەیەکە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت، باکگراوەندی زۆرێک لە دیمەنەکان و ڕەنگی جلوبەرگی ئەکتەرەکان لە زۆربەری دیمەنەکان سەرنج ڕاکێشن.

وەکوو ئاماژەمان پێدا، ئەلمۆدۆڤار زیاتر ئەکتەرەکانی خۆی لە دوو گۆشەی جیا، لە چوارچێوەی دیمەنی فیلمەکە دادەنێت. بەڵام هەندێک دیمەنی کەمیش هەن، کە دوو ئەکتەر لە یەکتری نزیک دەبنەوە. بۆ نموونە لەو دیمەنە کە دوای شانۆکە مانوێلا بەڵێن بە ئیستیبانی دووەم دەدات کە هەموو شتێکی لەبارەی باوکییەوە پێ بڵێت، ئەو و ئیستیبان لەیەکتری نزیکن و ئەم ساتی هاودڵی کردنە بەباشی پیشان دراوە. ئەلمۆدۆڤار هاودەمی و پێکەوەیی کارەکتەرەکانی لە چوارچێوەیەکدا و دروستبوونی ناڕێکی/یەک ڕەنگی لەچوارچێوەکانیدا بۆ باکگراوەندی چیرۆکەکە بەکار دەهێنێت. لە وێنەکانی خوارەوەدا هەندێ نموونە لەم هەڵبژاردنی ڕەنگانە دەبینین.

مانوێلا و ئیستیبان؛ مانوێلا سوور لەبەر دەکات و ئیستیبان شین.

ڕەنگی بلوزەکەی مانوێلا لە دیمەنی ڕووداوی هاتوچۆکەدا ڕەشە و ئیستیبان لە کاتێکدا چاکەتێکی تێکەڵ لە ڕەنگی شین و ڕەشی لەبەر کردووە، بەرەو مەرگ دەڕوات.

نمایشی شانۆکە پێش مردنی ئیستیبان.

هوماش وەكوو مانوێلا هەمیشە سوور لەبەر دەکات.

لە خوارەوە جوڵەی هەر کارەکتەرێک لە دیمەنەکاندا، لەڕێی ڕەنگی پۆشاکی تایبەت بەو کارەکتەرییەی ئەو باس دەکەین:

مانوێلا

مانوێلا لە زۆربەی دیمەنەکان سووری پۆشیوە. لە وێنەکانی سەرەوەشدا ئەو بە ڕەینکۆت و بلووزی سوورەوە دەبینین. ئەو ئەگەر ڕەینکۆتی سوور بپۆشێت، لە ژێرییەوە بلووزێکی ڕەش لەبەر دەکات و هەر لەبەر ئەوەیە کە دوای مردنی ئیستیبان ئەو بە ڕەنگی ڕەشەوە لە نەخۆشانە دەبینین. مانوێلا کاتێک لە مەدریدەوە دەڕوات بۆ بەرشەلۆنە، جلەکانی دەبن بە ڕەنگی شین. شینپۆشی ئەو تا کاتێک بەردەوامە کە لە بەرشەلۆنە جێگیر دەبێت و خانوویەکى بۆ دەکڕێت. ئەو بۆ ئەوەی دووبارە کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکاتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ سوورپۆشینەکەی خۆی.

ئیستیبان

ئیستیبان هەمیشە شین دەپۆشێت، جگە لە دیمەنێکی کورت لە فیلمەکەدا کە سەیری مانوێلا دەکات؛ کاتێك چاوەڕێیەتی. ڕەنگەکانی چواردەوری ئەو هەمیشە شینە. ئێمە تەنانەت بە ڕەنگێکی شینی زۆر چڕ کە ڕەنگی باکگراوەندی شانۆکەیە، پێشوازی لە دیمەنی ڕووداوی هاتوچۆکە و مردنی ئیستیبان دەکەین.

ڕۆزا

ڕۆزا لە دیمەنی خۆ ناساندنەکەیدا (کە بەشێوەیەکی زیرەکانە لە دیمەنێکی پڕ جەنجاڵی خۆی جێگیر کردووە)، ڕەنگی شینی پۆشیوە. لەو دیمەنەدا ڕۆزا پێی وابووە کە بڕیارە بڕوات بۆ سلڤادۆر، بەڵام کاتێک بۆ ڕۆژی دواتر مانوێلا و ئەگرادۆ بۆ وەرگرتنی یارمەتی لە ئەو سەردانی بنکەی خێرخوازی دەکەن، ئەو سووری پۆشیوەوە.

لەبارەی ڕۆشتنی بۆ سلڤادۆر کەوتووەتە دوودڵییەوە. سوورپۆشی ئەو تا کاتێکە کە بە نەخۆشییەکەی خۆی دەزانێت، لەوکاتەوە تا مردنی، ئەویش وەکو ئیستیبان؛ شینپۆش دەبێت.

نینا

نینا لە تەنیشت هوما ڕۆخوو

نینا وەکوو سێ کەسایەتییەکانی سەرەوە سەرەکی نییە، بەڵام بەهۆی شێوازە تایبەتەکەیەوە و بەکارهێنانێکی زۆری ڕەنگی ڕەش، وا باشترە کە ئەویش بەشداری پێبکەین لەم بەدواداچوون و لێڕوانینەدا. نینا لە زۆربەی دیمەنەکاندا ڕەشی پۆشیووە. لە یەکەمین دیمەندا کە ڕووبەڕووی دەبینەوە (جگە لە شانۆکە کە ئەو لەکاتی ڕۆڵگێڕانەکەیدا شینی پۆشیووە)، هوما ئاماژە بە خوپێوەگرتنەکەی دەکات و ڕەش لەبەر دەکات. لە تەواوی دیمەنەکانی تردا کە دەیبینین جلوبەرگەکانی ڕەشە. لە کۆتا دیمەندا کە ئەوی تێدا دەبینین (لە دونیای فیلمەکەدا ئەو، هوما و گروپەکەی بەجێ دەهێڵێت) بەسەر جلە ڕەشەکانیدا جلێک بە ڕەنگی شین لەبەر دەکات.

لە کۆتاییدا دەبێت بڵێین ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە باسکران، لەگەڵ کاری وێنەگرتن و تۆمارکردنێکی بێ وێنە و هەروەها ساوندتراکی ئەلبێرتۆ ئیگلیسیاس، هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی کە ئێستاش دوای تێپەڕینی بیست ساڵ بەسەر یەکەم نمایشی؛ هێشتا فیلمەکە تازە و جوان بێت.

[١] ئەگرادۆ لە یەکەمین بەرکەوتنی لەگەڵ هوما پێی دەڵێت: ” م

Leave a comment