[فلیمی 09 خوێندنەوەیەکی ڕەخەنگرانە]

فلیمی 09 خوێندنەوەیەکی ڕەخەنەگرانە 

نزار سابیر

هەر کە پۆستەرە گەورەکەیم بە دیواری بینایەکی بەرزی سلێماني‌یەوە بیني، هەستێکی خۆشی تێکەڵ لە نوێچنۆکی (فزووڵ) و دڵپێخۆشبوون خێرا لەسەرمدا بروسکەی کرد؛ نوێچنۆکی، کە داخۆ ئەم فلیمە (بۆم ڕاست مەکەرەوە، بە ئەنقەست دەڵیم فلیم و ناڵێم فیلم) بەو پۆستەرە پرۆفیشناڵەیەوە باس لە چی بکا؛ دڵپێخۆشبوونیش بەوەی کوردستانی باشوور لە جەرگەی بەرخواردنی لێشاوی بەرهەمی بیانی‌دا خۆیشی فلیم بەرهەمدەهێنێ. بەو هەستەوە و بۆ پشتگرتنی بەرهەمی خۆمانە هەر زوو بووم بە یەکێک لەوانەی هانی بینینی فیلمەکەی دا و دواجار بە گروپیکی خێزانیی دە کەسییەوە چووین بۆ تەماشاکردنی فلیمەکە لە سینەما.

09 فلیمێکی پۆلیسيیە. باس لە ئەفسەرێکی لێپێچەرەوە (ماهیر حەسەن) دەکا، کە بەدوای هەڵماڵینی مەتەڵی پشت ئەو زنجیرە لاشە دۆزراوانەوەیە، کە گورچیلەکانیان دەرهێنراون. ئەمە وای لێ دەکا کاری بکەوێتە لای دکتۆرێکی توێکار (شوان عەتووف)، کە لە پەیوەنديیەکی دڵداریدایە لەگەڵ قوتابيیەکی خۆی‌دا (ژاڵە ڕەسوول). ئەم قوتابيیەش لەلای خۆیەوە لەگەڵ کچێکی هاوڕێی خۆی‌ (چریکە عەبەڕەش)دا دەژی، کە دایکی نەماوە و لە باوکیشی، کە هەر ئەفسەرە پۆلیسەکەیە، تۆراوە و لە پەیوەنديیەکی سارددایە لەگەڵی‌دا. پەرەسەندنی ڕووداوەکان دواتر هەموو ئەمانە و یاریدەدەری دوکتۆرەکە (سیروان جەمال) لە کەیسەکە دەگلێنێ.

دوای بینینی فلیمەکە دیسانەوە بە هەستێکی تێکەڵەوە هۆڵی سینەماکەم بەجیهێشت. بەڵام ئەمجارەیان هەستێکی تێکەڵ لە دلخۆشی و نائومێدی. دڵخۆشی بەوەی سینەماکاری خۆمان لە باشوور تا ئاستێکی ڕازیکەر فێری “سنعات”ـەکە بووە؛ سنعاتی فلیمسازي. سینەما پێش ئەوەی بوارێکی هونەریی داهێنەرانە بێ، سنعاتە؛ تەکنیکە. دەمێکە داخی دەسەڵاتنەشکانی سینەماکارانی خۆمان بەسەر ئەو تەکنیکەدا سەردڵی گرتووم. زۆربەی زۆری بەرهەمە سینەمایی‌ و تەنانەت دراما تەلەفیزۆنيیەکانی خۆمان لە باشوور جێناگرن چونکە سووک و سادە لە تەکنیکەکە نازانن. گرنگ نییە چەند چیرۆکی باش و پەیامی گەورە و گرنگت پێیە ئەگەر تەکنیکێکت پێ نەبێ وەک پێویست بیانگوێزێتەوە. خۆشترین نوکتە، نەزانیت بیگێڕیتەوە، خۆت دەکاتە مایەی پێکەنین، نەک نوکتەکە خۆی.

من سینەماکار نیم و لە وردەکاریی “سنعات”ـەکە نازانم. بەڵام بینەر مەرج نییە سینەمای خوێندبێ، بۆ ئەوەی نواندنی باش لە خراپ و مکیاژی سەقەت لە چاک و سیناریۆی ڕێتێچوو لە ڕێتێنەچوو یان مۆنتاژ و بڕینی سەرکەوتوو لە سەرنەکەوتوو، بۆ نموونە، جودابکاتەوە. دواجار فلیم چێشتێکی سینەماییە سینەماکار دەرخواردی تەماشاکارانی دەدا، بێ ئەوەی گرنگ بێ لە سینەماکاری دەزانن یان نا. ئەمجا چۆن بخۆرێک بۆی هەیە قسە لەسەر سوێری و نەکوڵاویی چێشتێک بکا، بێ ئەوەی خۆی چێشتلێنەر بێ؛ یاخۆ چۆن گوێگرێک بۆی هەیە قسە لەسەر نوکتەیەک یان گۆرانییەک بکا، بێ ئەوەی خۆی دەرسی نوکتە یان موزیکی خوێندبێ، بە هەمان ئەندازەش بینەرێک دەتوانێ قسە لەسەر فلیمێک بکا، بێ ئەوەی سینەمای خوێندبێ یان خۆی سینەماکار بێ. قسەکەی چەند جێ دەگرێ، بابەتێکی دیکەیە.

ئەوەی بە تایبەتی لە سینەمای تازەپێداکەوتووی کوردستانی باشووردا ئیزعاجم دەکا، ڕەگەزی تەشویقە. زۆربەی فلیم و هەروەها دراما تەلەفیزۆنییەکانیش نازانن بینەر بە شەوقەوە ڕابگرن. کێشەکەش ئەوەیە لە هونەری ئەوەی پێی دەگوترێ plot، واتە چنینی گێڕانەوەکە، نازانن. واتە، زنجیرەی ڕووداوەکان وەها تێکهەڵکێش ناکەن، کە یەک ئەوی دیکە ڕابکێشێ و بینەر لە مەراقی زانینی کۆتایيەکەدا بهیڵێتەوە. هەرچەندە لە 09ـدا گێڕانەوە (narrative) تا ئەندازەیەکی قبووڵکراو سەرکەوتوو بوو؛ بەڵام بە بۆچوونی من چیرۆکچنينەکە دەکرا سەرکەوتووتر بێ، ئەگەر کێیەتيی ئەو شاکاراکتەرانەی لەپشت لاشە بێکەسکوژکراو و گورچیلەدەرهێنراوەکانەوەن هەر زوو لە سەرەتای فلیمەکەدا ئاشکرا نەکرایە. بۆ نموونە دەکرا بینەر لەگەڵ ئەفسەرە لێپێچەرەوەکەدا ئەوەی بۆ دەربکەوێ و کێیەتی ئەوانەی لە دەریاچەکە ڕاودەنرێن بە شارراوی بهێڵرێتەوە. هەرچەندە باندە تاوانکارە ڕاستەقینەکەی پشتی ڕووداوەکان و سەرۆکەکەیان زیرەکانە بۆ کۆتایی‌ هەڵدەگیرێ و چیرۆکی پشت شاکاراکتەرێکی فلیمەکە لە دوا چرکەدا وەک مەتەڵێک بە نەزانراوی دەهێڵرێتەوە، زووزانینی ئەوەی ڕاستەوخۆ کێ لەپشت لاشە دۆزراوەکانەوەن بڕێکی زۆر لە چێژی تاسووقبوون لەکیس بینەر دەدا.

ئەوەی لە 09ـدا زۆر بەدڵم بوو، مۆنتاژ (editing) بوو. بە پێچەوانەی ئەوەی بە گشتیی لە فلیمی لای خۆماندا بینیومە، دیمەنەکان پر بە پێستی رووداوەکان پێکەوەنرابوون و وەک پێویست کورت و دینامیکانە بڕرابوون. ئەمە وای کردبوو، هەست بە خاووخلیچکی نەکەیت. بیرمە لە فلیمی (ژانی گەل)دا چاوی کامێرا لە خۆڕا بە close up دەچووە سەر پارچەکانی ناوماڵی ژوورێک، هەر بۆ ئەوەی سندووقێکی بوراق پێشان بدا، کە دەرهێنەر لەبەر هەر سەبەبێک بێ هەزی دەکرد بەرجەستەی بکا، بەبێ ئەوەی لە خزمەتی ڕووداوەکاندا بێ. لە 09ـدا بیرم نایە دیمەنێکی زیادە یان لەخۆڕا درێژ ڕیتمی ڕووداوەکانی تێکدابێ. لە هەموویشی گرنگتر، مۆنتاژ هاوئاهەنگ بوو لەگەڵ ئیفێکتە دەنگيیەکانی پشتخاندا، کە ئەویش بە موزیک و هەموو پێکهێنەرەکانی دیکەیەوە یەکێک بوو لە لایەنە هەرە سەرکەوتووەکانی فلیمەکە. موزیک زۆر پرۆفیشناڵانە لە خزمەتی ڕووداوەکاندا بوو و موزیکدانەر لە هیچ شوێنێکدا نەکەوتبووە بەر تەماعی ئەوەی فلیمەکە بخاتە خزمەتی نمایشی تەکنیکی موزیکانەی خۆیەوە؛ موزیکی پشتخان بە تایبەتی لەو شوێنانەدا زۆر جوان بوو، کە بێدەنگ دەبوو. ئەوە لێهاتوویی ئەنجامدەرەکەی دەردەخست.

09 لە ڕووی شوێنهەڵبژاردن (setting) و دیکۆر و ڕووناکیسازی و شوێنگرتنی کامێرا و جل و مکیاژیشەوە، ئەوانەی پێیان دەگوترێ mense en scene، واتە هەموو ئەوەی لە دیمەندا دەدانرێ، سەرکەوتووە. هەڵبژاردنی دەریاچەی دووکان بۆ دۆزینەوەی لاشەکان و ڕاوڕاوێنی پۆلیسانە لەنێوان هەلیکۆپتەر و ماتۆڕسکیلی ئاویدا، لەپاڵ تێهەڵکێشکردنی دیمەنی دیسکۆ و خانوو و شوققەی دیکۆرڕەنگیندا، کەشگۆڕکێیەکی گونجاو بە فەزای فلیمەکە دەبەخشێ، کە وەکوتر تۆنی شین و ڕەنگی تاریک زاڵن بە سەری‌دا بە هۆی چڕبوونەوەی ڕووداوەکانەوە لە مەیتخانە و ژێرزەمینە تەنگ و تاریک و چۆڵەکاندا، کە جێتاوانەکانن. جێگرتن و گۆشەگرتنی کامێرا سەرکەوتووانە لەو شوێنانەی پێویستن قووڵیی فەزا (depth of space)یان دەستەبەر کردووە، بۆ نموونە لە دیمەنی ڕاوڕاوێنی دەریاچەکە و ئاوارەبوونی دوکتۆر لە دەشتەکەدا و دیمەنی ڕفاندنەکەی لەبەردەم ماڵی خۆی‌دا. دیکۆریش بە گشتی گونجاوە. میکیاژ دەکرا باشتر بێ؛ بە تایبەتی لە نواندنی برینی سەر لاشەکاندا.

شتێکی دیکە کە بەدڵم بوو، زمانی فلیمەکە بوو. بە پێچەوانەی زۆرێک لە فلیم و دراماکانی خۆمانەوە، زمانی گفتوگۆکان زمانی ئاسایی ڕۆژانە بوو و بێ موناسەبەت قەبەکراو و فووتێکراو و ڕەسمي نەبوو. بە تایبەتییش خۆی گیرۆدەی پەتای کوردیی پەتی نەکردبوو. تاکە شتێکی بچووک لە زماندا کە بەلای منەوە سەرکەوتوو نەبوو، زمانە کورديیەکەی دکتۆر بوو، کە دەبوو وەک زمانی عەرەبێک دەربکەوێ کە کوردي تەواو فێرنەبووە.

خاڵێکی دیکە، کە 09ی سەرکەوتوو کردووە، توانای نواندنی ئەکتەرەکانێتی. ئەوەی بە تایبەتی جێی سەرنجی من بوو، نواندنی باشی هەردوو کچەکە (ژاڵە ڕەسول و چریکە عەبەڕەش) بوو.

هەندێک شتی کەم و بچووک نەبێ، بە گشتي 09، وەک لە سەرەتاوە گوتم، فلیمێکی سەرکەوتووە لە ڕووی تەکنیکەوە. ئەوەی فلیمەکە تێیدا سەرکەوتوو نییە و مایەی ئەو نائومێديیە بوو، کە دوای بینینی فلیمەکە چووە پاڵ دڵپێخۆشبوونەکەم، ناوەڕۆکی چیرۆکی فلیمەکەیە.

09 فلیمێکی پۆلیسیی سەخیفە. لەو فلیمانەیە، کە ئەگەر ئەمەریکی بووایە، ڕەنگە لە بەتاڵی و هیچی باشتر دەستنەکەوتندا لەسەر نێتفلێکس تەماشام بکردایە، بەڵام هەرگیز بە تایبەتی بۆی نەدەچووم بۆ سینەما. دەزانم سەخافەت بەشێکە لە ژیانمان و خەڵکێکی یەکجار زۆر هەن لەم دنیایەدا کێشەیەکیان لەگەڵ سەخافەتدا نییە، بە مەرجێک کاتیان بۆ بکوژێ، نەکا کات، بە بێزاریی لەم ژیانە سەخیفەدا، خۆیان بکوژێ. منیش بۆ پڕکردنەوەی کاتەکانی ژیان، ناچار پەنا بۆ سەخافەت دەبەم؛  کاری سەخیف و پەیوەندیی سەخیف و مەجلیسی سەخیف و ناسیاوی سەخیف و بۆنە و باوەڕی سەخیف و قسەوباسی سەخیف و گۆرانی سەخیف؛ هەروەها فلیمی سەخیفیش. بەڵام 09، کاتێک دەزانیت بەرهەمی کۆمەڵگەیەکی وەک ئەمەی هەرێمی کوردستانە، لە چەند لایەکەوە و لە ئاستێکی دیکەدا سەخیف دەردەکەوێ.

09 بە دەوری تەوەرێکدا دەخولێتەوە، کە تاوانی گورچیلەدزینە. ئەگەر وڵاتانی وەک هیندوستان یان میسر، کە ئەو دیاردە دزێوەیان تێدا هەیە، ئەو باسە بە فلیمی پۆلیسی بهوروژێنن، شتێکی سەخیف نییە. بەڵام کاتێک وڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان، کە تاکوتەرا و درەنگ درەنگ فلیمی سینەمایی بەرهەم دەهێنێ، دێ گڕ گڕ ئەو جۆرە لە تاوان دەکاتە بابەتی فلیم، کە نەک هەر دیاردە نییە تێیدا، بەڵکو کەیسێکی کەمبیستراویشە، ئەوا ڕەحەت دەتوانیت باس لە بێمانایی و سەخافەت بکەیت.

بەڵام سەخافەتە گەورەترەکە لە بێ‌پەیامیی فلیمەکەدایە. دەم و ددان شتن کارێکی ڕۆتینیی ڕۆژانەی بێکێشەیە. بەڵام ئەگەر منداڵە بێشیرەکەت لەپاڵدا بگریێ و دووکەڵی تاوەیەکی گڕگرتوو لە مەتبەخی ماڵەکەتەوە تا ژووری تەوالێتەکەت هاتبێ، خۆخەریککردن بە ددانشتنەوە دەبیتە کارێکی سەخیف، ئەگەر نەڵێین بێباک و بێهەست تا ئەندازەی سایکۆپات. هەرێمی کوردستانی ئێراق، کە کیانی لەژێر هەڕەشەدایە، تا سەر لووت پڕە لە چیرۆکی خەمناک و تراژیدی. کاتێک ڕۆژانە گوندنشینانی نزیک سنوورەکانت بێگوناهانە بە بۆردومانی دەوڵەتە دراوسێ دڵڕەقەکانت دەکوژرێن و بریندار دەبن؛ کاتێک ڕۆژانە هەر لەسەر ئەو سنوورانە کۆڵبەرە داماوەکان بۆ پەیداکردنی کەمتر لە ٢٠ دۆلار بە گوللـەی سەربازی ئەو دەوڵەتانە دەکوژرێن؛ کاتێک باسی کچان و منداڵانی ئێزیدیی بە کۆیلەگیراو و وەک کەنیزەک دەستاودەست فرۆشراو هێشتا لە هەواڵەکاندان؛ کاتێک هاوزمانێکت لەو وڵاتە دراوسێیەی تۆ گەشتوگوزاری لێ دەکەیت لەسەر کوردبوونی یان گوێگرتن لە گۆرانيیەکی کوردی دەکوژرێ؛ کاتێک ژنان و کچانی بەشمەینەت هێشتا لەسەر شەرەف لەلایەن باوک و برا و مێردەوە دەکوژرێن؛ کاتێک بەردەوام ڕۆڵەکانت لەسەر ڕێی هاتونەهاتی هەڵاتن بۆ ئەوروپا لە ئاوی دەریا و سندووقی بارهەڵگرەکاندا دەخنکێن؛ کاتێک ڕۆژنامەوان و خۆپێشاندەران لەسەر نووسین و بەردهاویشتن بە دەستی دەسەڵاتدارە ستەمکار و گەندەڵەکانت لە نزیکتەوە دەکوژرێن و دەگیرێن؛ کاتێک نەخۆشە دەستکورتەکانت لە نەخۆشخانە گشتيیە ئاوەڕووتکراوەکاندا لەبەر بێ‌دکتۆری و بێ‌دەرمانی بە خۆڕایی دەمرن؛ کاتێک لایەکی گەورەی کۆمەڵگاکەت بێ مووچە مانگان بەڕێدەکەن؛ کاتێک دەستە کۆمەڵایەتيیە حیزبی و عەشایريیەکان قانوون دەخەنە ژێر پێوە و بۆ دەسەڵات و خۆدەوڵەمەندکردنی زیاتر موڵکی گشتی و کەرتەکانی ئابووری و پەروەردە و تەندروستی داگیردەکەن؛ ئا لەو کاتانەدا کاتێک تۆ دێیت و فلیمێکی پۆلیسیی بێ‌ڕیشە و ناپەیوەندیدار دەردەکەیت، وەک ئەوە وایە ماڵەکەت گڕی تێبەربووبێ و تۆ لەبەر ئاوێنەی هێشتا ڕووناک و بریقەداری ژووری تەوالێتەکەتدا دەم و ددان بشۆیت.

ئەم خۆلەگێلیدانەی لە کوردستانی ئێراقدا بۆتە مەزاجێکی گشتی حاڵەتێکی هەروا خۆڕسک و بەڕێکەوت نییە. ڕاستە ئەمە تەهوژمێکە داهاتی بێڕەنجی نەوت و ئابووريی ڕەیعی ڕێی بۆ خۆش کردووە، بەڵام بە بەرنامەیش لەلایەن تورکیا و ئێران و دەسەڵاتدارانی ناوخۆوە هاندەدرێ. بەرنامەی ئەو دەوڵەتانە ئەوەیە، ئەزموونی کوردستانی ئێراق، کە بەهۆی بۆشاییەکی سیاسیی زادەی هەلومەرجێکی نێودەوڵەتانە ستاتۆیەکی سیاسيی قانوونيی بەدەست هێناوە، ئیحتیوا بکرێ. ئەوەش بەوەی کۆمەڵگاکەی لەڕێی سەرقاڵکردن بە هەڵپەی بەدەستهێنانی ڕواڵەتە مادديیەکانی مۆدێرنەوە و هاندانی گیانی مەسرەفگەری لە سیاسەت بخرێ و فریای خۆپێگەیاندن و خۆپەروەردەکردن و خۆدروستکردن نەکەوێ. بەمە هەم مەترسیی تەئسیری سیاسی و کولتووریی ئەزموونەکە لەسەر کوردستانەکانی خۆیان دەڕەوێننەوە و هەم لێشاوی کاڵا کەمکوالێتيیەکانی خۆیان لە بازاڕە ڕێکنەخراوەکەی کوردستاندا ساخ دەکەنەوە. بنەماڵە سیاسيیە کەمزان و کەمئەخلاقەکانی هەردوو زۆنە زەرد و سەوزەکەش، کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە دەسەڵاتیان دەپارێزرێ، بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان و تێرکردنی تەماعە مادديیە کورتبینەکانی خۆیان و خێزانەکانیان، کارایانە کەوتوونەتە خزمەتی ئەو بەرنامەیەوە. دەبینیت، لە کاتێکدا بە فیتی تورکیا داعش لەسەر سنوورەکانی هەولێرە، کەناڵی تەلەفیزۆنيی ڕووداو گەلەماراسۆنی هەولێر و پێشبڕکێی شاجوانی کوردستان پێشان دەدا. ئەوەی کە کوردسات و کۆمپانیای سێبەری قەیوان سپۆنسەری 09ـن، خۆی لە خۆیدا تا ئەندازەیەک سەبەبێکە، کە چاوەڕێ نەکەیت فلیمەکە پەیامێکی گرنگی پێ بێ و پرسیارێکی جددی بهوروژێنێ.

09 تەوزیفی شوێنەوارەکانی سلێمانی دەکا، بۆ ئەوە نا سلێمانیت وەک خۆی لەپەناوە پێ بناسێنێ، بەڵکو شارێکی دیکەی خەیاڵی لە واقعی سلێمانی دابتاشی وەک سان فرانسیسکۆ دەربکەوێ و بە دەرەوەی خۆی بڵێ “منیش وەک ئێوە مۆدێرنم”. لە سلێمانيی 09ـدا نە شەرواڵ‌لەبەر و نە حیجاببەسەر دەبینی و نە چڕبەندانی ناو مزگەوت و نەخۆشخانە و فەرمانگەکان و نە داربەدەستی ناو کۆڵانەکان، کە سویچی مووەلیدە هەڵدەدەنەوە. 09 بە setting و دیکۆر و چیرۆکەکەیەوە لە ژووری میوانێک دەچێ، کە ژن و مێردێکی شەرقيی ئەکادیمی لە پێشوازيی میوانگەلێکی ئەوروپيی سەرسامکەردا، دایک و باوک و ئەندامانی تری خێزانەکەیان لە ژوورەکانی دیکەدا ئاسی کردووە، بۆ ئەوەی بە جلوبەرگە “دواکەوتوو” و هەڵسوکەوتە بێ‌ئەتەکێتەکانیانەوە وێنەی “مۆدێرن”ـی ژن و مێردەکە تێک نەدەن. ئەم سینەمای ژووری میوانە دیاردەیەکی کوردي نییە. سینەمای پەنجاکان و شەستەکان و هەفتاکانی وڵاتانی وەک میسر و ئێران و مەکسیک و هیندوستان و تەنانەت تورکیا تا ئێستاش، لەژێر کاریگەريی گرێی خۆمۆدێرنیزەکردن‌دا، بەشێکی یەکجار زۆری بریتيیە لە ژووری میوان.

ئەوە هەرچەندە بەشێکی گەورەی ئەو سینەمایانەیە و وەزیفەی سەرەکيی خۆیان، کە کەیفسازی‌یە، جێبەجێکردووە و چەندان نەوەیان بە ئەستێرە سینەماییەکانیان سیحرزەدە کردووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە بەشە ناڕەسەنەکەی ئەو مێژووەیە. من ناڕەسەن هەمیشە بە مانا سایکۆ-کۆمەڵایەتيیەکەی بەکار دەهێنم؛ ناڕەسەن بە مانای بێ‌شەخسییەت؛ واتە لەخۆڕانەبینیوانە لەبری ئەوەی خۆت بنوێنیت، ئەوە بنوێنیت کە لێت چاوەڕێ دەکرێ. ئەمە کێشەیەکی تایبەت بە جوگرافیایەکی دیاریکراو نییە. فلیمەکانی هوڵیوودیش هەموو ڕەسەن نین. بەڵام چۆن هۆڵیوود بەرهەمی ڕەسەنی هەن، ئاوەهاش سینەماکانی دیکەی دنیا بەرهەمی ڕەسەنیان هەن.

ئەوەی باری سەر شانی سینەمای تازەپێداکەوتووی کوردی گران دەکا، وجوودی هەڕەشەلەسەربووی و کەمیی دەرفەتەکانی بەردەمێتی. ئەو پەراوێزە ڕەحەتەی لەبەردەم وڵاتانی دیکەدا هەیە، بڕێکی زۆر فلیمی ناڕەسەن و بازرگانی بەرهەم بهێنن، لەبەر دەم کورددا نییە، کە لەو ژینگە سیاسی و کەلتوورییەی تێیدا دەژی، هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆساید هێشتا هەمیشە ئەگەرێکی زیندووە. من ناڵێم هەموو بەرهەمێکی هونەری و ئەدەبی دەبێ ئەسیری پرسە وجوودی‌یە نەتەوەیيیەکان بێ. کوردیش، وەک گەلانی دیکە، پێویستی بە بڕێک میکیاژی مۆدێرنخوازانە هەیە، بۆ ئەوەی وێنەی خۆی لەبەردەم دنیای دەرەوەدا جوانتر پێشان بدا، بە تایبەتی کە دەوڵەتە دەستڕۆیشتووە داگیرکەرەکانی کوردستان بە بەرنامە لە هەوڵی ئەوەدان، کورد تەنیا وەک کۆمەڵێک عەشایری شاخنشین پێشان بدەن، کە بوون بە بار بەسەر پرۆسەی پەرەسەندنی مۆدێرنی ئەو دەوڵەتانەوە کە لێی دەژین. بۆ ئەمە گرنگە فلیمی کوردی ڕووی شار و مەدەنییەتی کۆمەڵگەی کوردستان پێشان بدا. پێم باشە ئەو فەردانییەتە پەرەسەندووەی لە هەندێک شارەکانی کوردستاندا لە برەودایە لە فلیمەکانیشماندا ڕەنگ بداتەوە؛ بەڵام بەو شێوە ڕووکارەکی و ساختانەیە نا، کە لە 09ـدا ڕەنگی داوەتەوە. ژیانی فەردانانەی کچان و ژنان لە سلێمانی‌دا، بۆ نموونە، پەرەسەندنێکە شایانی ئەوەیە بکرێتە بابەتی کاری هونەری. بەڵام ئەو ژیانە پڕە لەو کێشە جۆربەجۆرانەی لە ئەنجامی پێکدادانی مۆدێرنە و نەریت کەوتوونەتەوە. ناچاربوونی ئەو سینفە شارییە بەفەردانیبووە بێدەسەڵاتە بۆ کارکردن لای سینفە کۆمەڵایەتيیە عەشایری و تەقلیدي‌یە بەدەسەڵاتەکانی کوردستان چەندان کێشەی ئیستیغلالکرانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی لێکەوتۆتەوە، کە کەرەستەن بۆ کاری هونەریی ڕەسەن.

ئەوەی لە 09ـدا گرنگە و مایەی دڵخۆشيیە ئەوەیە، 09 پێمان دەڵێ، کوردستانی ئێراق توانای بەرهەمهێنانی فلیمی سینەمایی هەیە لەسەر ئاستێکی پرۆفیشناڵ. 09 پێمان دەڵێ، ئێمە بارهەڵگرەکەمان هەیە. دەمێنێتەوە باری ڕەسەنی وەهای لێ بنێین، هیچ نەبێ لەئاستی (مێگەل)ەکەی یەڵماز گیونەی و (مەستیی ئەسپەکان)ی بەهمەنی قوبادیدا بن. ئەگەر ئەوە هاتە دی، شانازيی سینەماکارانی کوردستانی باشوور گەورەتر دەبێ، بەوەی ئەمان، بە پێچەوانەی گیونەی و قوباديیەوە، کە قوتابخانەیەکی سینەمایيی سەدساڵەی تورکیا و ئێرانیان لە پشتەوەیە، بە پشتی قوتابخانەیەکی سینەمایيی تازەهەڵکەوتووی خۆماڵی بەو پلەیە گەیشتوون.

٢٧/٣/٢٠٢١

Leave a comment