[بایۆگرافی دمیتری شۆستاکۆڤیچ]

شکار وەفا

میوزیکژەن و ئاوازدانەرانی ڕووسیا دڕندەیی و دڵڕەقییەکی زۆریان بینی، بەڵام دمیتری شۆستاکۆڤیچ تاکە ئاوازدانەر بوو کە نزیکەی تەواوی ژیانی لەناو سیستەمێکی حکومڕانی ستەمکار و تۆتالیتاردا بە ناچاری گوزەراند. شۆستاکۆڤیچ ئەوەی بەسەردا سەپابوو کە ببێتە شاهید و گەواهیدەری گەندەڵی و دڵڕەقی و ستەمکاری سەردەمەکەی خۆی، برسێتی و قاتوقڕی زۆری بینی، شۆستاکۆڤیچ نەهات بەشێوەیەکی ئاشکرا و ڕوون ناخی خۆی هەڵڕێژێت، بەڵکو لەڕێگەی ساتیر و بژاردەی هەستیاری سەرچاوەی هەستیاری شیعرییەوە کە خۆی پێیدەگوت “میوزیکی ڕەها” و، لە ڕێگەی سیمفۆنی و دانراوەکانی تریەوە ئەوەی دەکرد!
کارکردن لەژێر سانسۆر و دۆخی پڕ ڕاڕایی ڕژێمی سۆڤییەتدا وای لە شۆستاکۆڤیچ کرد کە میوزیکێک دابنێت کە بەدڵی سەرانی پارتەکە بێت و دڵخۆشیان بکات، هەر بۆیە هەر شتێک بۆنی ئەوەی لێ بهاتبایە کە خەڵکی دەوروژێنێت و ناباشە بۆیان، ئەوا لەناودەبرا و سەرکوت دەکرا، .هەرچەندە لە بنەڕەتدا بابەت و ڕاستییەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە
دمیتری شۆستاکۆڤیچ یەکێکە لە ئاوازدانەرە ڕووسەکان کە 15 سیمفۆنی و 15 ستیرینگ کوارتێت و چەندین پارچەی میوزیکی جیاجیای هەمەجۆری نوسیوە، ئەو بە یەکێک لە ئاوازدانەرە هەرە مەزنەکانی سەدەی 20م دادەنرێت لە فۆڕمی کلاسیکدا. میوزیکی بەشی یەکەم و سەرەتای ئەزموونی شۆستاکۆڤیچ جۆری گاڵتەئامێزی هەڵەشەییانە و شێوازێکی ئەزموونییە،.

ئۆپێراکانی “لووت” و “لەیدی مەکبێسی میتسێنسک” نموونەن بۆ ئەو قۆناغە لە میوزیکی شۆستاکۆڤیچ قۆناغی دووەمی ژیانی میوزیکی شۆستاکۆڤیچ شێوازێکی گۆشەگیرانەی پەستکەری پڕ دڵتەنگییە و بەشێکیشی هۆگرییەکی گەرمە بۆ نیشتیمان، سیمفۆنی 5 و 7 و 8 نموونەن بۆ ئەو قۆناغە لە ژیانی میوزیکی شۆستاکۆڤیچ، قۆناغی کۆتایی ژیانی میوزیکی شۆستاکۆڤیچ قۆناغی بێهیوایی و یاخیبوون و بەرەنگارییە، سیمفۆنی 14 و سترینگ کوارتێتی 15 نموونەن بۆ میوزیکی ئەو قۆناغەی ژیانی پڕ بێهیوایی شۆستاکۆڤیچ. ستایلی میوزیکی شۆستاکۆڤیچ لە سەرەتادا کاریگەری سێرگێی پڕۆکۆفیێڤ و ئیگۆر ستراڤینسکی بەسەرەوەیە، بەتایبەت لە سیمفۆنی یەکەمی کە سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بۆ بەدەستهێنا.
شۆستاکۆڤیچ دەیتوانی زۆر بلیمەتانە پەیوەست ببێت بە دڵتەنگی و پەژارە و ئازارە قووڵەکانی ناخی و بیانووسێتەوە، بۆیە کاتێک گوێ لە سیمفۆنییەکانی یان کۆنچێرتۆ و کوارتێتەکانی دەگریت زۆر بە ڕوونی دەتوانیت درک بەوە بکات. سۆلۆمۆن ڤۆڵکۆڤ لە کتێبی “گەواهی: یاداشتەکانی شۆستاکۆڤیچ “دا ڕوونی کردۆتەوە کە ڕووخساری میوزیکی شۆستاکۆڤیچ هەمەجۆر بووە، بۆنموونە میلۆدی دووبارەبووە و کورت و شێوازە ڕیتمیکێکی دڵتەنگکەر و شێتانەی هەیە.

شۆستاکۆڤیچ لە ساڵی 1906 لە ساینت پیترسبۆرگ “لینینگرادی ئەوکات” لەدایکبووە و لە قوتابخانەی میوزیکی پێترۆگراد خوێندویەتی و پەروەردە کراوە.
ستایلی توند و ژاوەژاوی “لەیدی مەکبێس میتسێنسک” ستالین بێزار دەکات، هەر بۆیە شۆستاکۆڤیچ لەلایەن ڕۆژنامەی (پڕاڤدا)ی زمانحاڵی سۆڤیەتەوە هێرشی دەکرێتەسەر و بەم شێوەیە لەسەریان نووسی “ژاوەژاو و شێواوی لەبری میوزیک”، “فۆرماڵیزم”، پێناسەی سەیریان بۆ میوزیکەکەی شۆستاکۆڤیچ دەکرد و دەیانگوت شۆستاکوڤیچ شێوازی خۆی و زمانی مۆدێرنی میوزیکی زاڵ کردووە بەسەر خەڵکیدا و لەمەودوا ئەو شێوازە میوزیکە قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە. ئەو گوتارە هەڕەشەیەک بوو کە لە ئەگەری بەردەوامی و پەرەدان بەم شێوازە میوزیکە ئەوا شتەکان بۆ ئاوازدانەرانی سۆڤییەت و خودی شۆستاکۆڤیچ لێکەوتەی خراپی دەبێت و بە خراپی کۆتایی دێت، پڕۆسەی بە سادەکردنەوەی پارچە میوزیکەکانیش دەبوو هەر بکرێت و سەرپێچیکردن لێی سزای خۆیی هەبوو. هەر بۆیە لە ترسی زیندانیکردن و کوشتنی ڕاهێنان و ئامادەکارییەکانی سیمفۆنی چوارەمی وەستاند؛ سیمفۆنی پێنجەمی کە ساڵی 1937 بڵاوبوویەوە ئەم ناونیشانەی وەرگرت “وڵامی هونەرمەندێکی سۆڤییەت بۆ ڕەخنەکان”، ئەو سیمفۆنییە قوڵتربوو لەوەی ڕەخنەگرەکان لێی تێگەیشتبوون، سیمفۆنییەکە هەم بەدڵی سەرانی پارتەکە بوو و دڵخۆشی کردن و هەم بەدڵی ئەوانەش بوو کە خوازیاری میوزیکێکی جوانی ڕۆژئاوایی بوون.

هێرش و داگیرکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ سەر ڕووسیا لە ساڵی 1941 بوونە ئیلهامێک بۆ شۆستاکۆڤیچ تا سیمفۆنی حەوتەم بنووسێت، کە ناونیشانی “لینینگراد”ی لێنا. ئەم سیمفۆنییە کاریگەری هەبوو بۆ سەر سێرگێی کۆوسێیڤیتزکی و ئارتورۆ تۆسکانینی و لیۆپۆڵد ستۆوسکی و دەنگدانەوەیەکی گەورەشی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەبوو. سیمفۆنی حەوتەم لە تەواوی جیهاندا دەنگدانەوە و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بەڵام لەکۆتایدا غەرقی نادیاری بوو. تا سیمفۆنی حەوتەم ناوبانگی شۆستاکۆڤیچی تەقاندەوە و وێنەی شۆستاکۆڤیچی بردە سەر گۆڤاری تایم.

شۆستاکۆڤیچ ساڵی 1943 جارێکی تر هەڵە بەرامبەر حکومەت ئەنجامدا و یاساشکێنی کرد و ئەمەش وای لە کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیست کرد کە هەر تۆمەت بدەنە پاڵ هەر یەکە لە شۆستاکۆڤیچ و پڕۆکۆفیێڤ و ئاوازدانەرەکانی تر کە بە “فۆرماڵیستە لادەرەکان” ناودەبران، هەربۆیە بۆئەوەی زۆر زیاتر حکومەت توڕە نەکات، زۆربەی دانراوەکانی تایبەت بوون بە ستایش و پیاهەڵدان بە ژیان و مێژووی سۆڤیەتدا. ئەم دەنگکپکردنە تاوەکو دوای مەرگی ستالین درێژەی کێشا، بەڵام شۆستاکۆڤیچ تاوەکو سیمفۆنی سیانزەش هەر درێژەی میوزیکە مۆدێرنەکەی خۆیدا و لەو ڕێڕەوە تایبەتییەی خۆی لاینەدا، سیمفۆنی سیانزەی شۆستاکۆڤیچ ناسراوە بە “بابی یار” کە ساڵی 1962 بڵاکرایەوە شۆستاکۆڤیچ بۆ ئەم سیمفۆنییە سوودی لە کۆمەڵێک هۆنراوەی یڤگێنی یێڤتوشینکۆ وەرگرت. سیمفۆنی سیانزە دەنگدانەوە و مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە جوڵەی یەکەمی سیمفۆنییەکە دەربارەی جەور و ستەمی ڕووسەکان بوو بەرامبەر جووەکان.

ساڵی 1966 شۆستاکۆڤیچ دووەمین چەلۆ کۆنچێرتۆی خۆی نووسی، کە کارێک بوو زۆر باشتر و بەرزتربوو لە کۆنچێرتۆی یەکەمی، بەڵام سەرنجی هونەرمەندان و خەڵکی زۆر بەلای خۆیدا ڕانەکێشا، هەر لەو ساڵەشدا تووشی نەخۆشی دڵ بوو. شۆستاکۆڤیچ درێژەی بە کارکردن دا و کارەکانی هەمەڕەنگتر و تاریکتر و گرژتربوون، بابەتی سەرەکی دانراوەکانیشی مەرگ بوو.
سیمفۆنی چواردەیەمی کە ساڵی 1969 بڵاوبوویەوە کۆکراوەیەک بوو لە هۆنراوەکانی گایلام ئەپۆلینار و فرێدریکۆ گارسیا لۆرکا و ڕاینەر ڕیڵک، ئەم سیمفۆنییەش دەربارەی ترس و دوودڵی بوو بەرامبەر مەرگ و ستایلێکی شێواوی هەبوو. شۆستاکۆڤیچ لە 9ی ئۆگێستی ساڵی 1975 کۆچی دوایی کرد و دوای خۆی سەروەت و میراتێکی گەورە و پڕئازاری بەجێهێشت.

پیانۆ تریۆ – جوڵەی چوارەم

Leave a comment