[کاروانی موزیکی و ژیانی شۆستاکۆڤیچ]

شکار وەفا

لە گەنجیدا شۆستاکۆڤیچ کاریگەری دوو شێوازی باوی موزیکی ئەو سەردەمەی بەسەرەوە بوو، کە موزیکی بەزم و شادی و موزیکی ئێکسپرێشینیزم بوون، لە سەرەتاکانی کاروانە موزیکەکەیدا هەمیشە موزیکەکەی یەکێک بووە لەو دوو شێوازە. ئەمە بەردەوام بوو تا ساڵی 1936، لەدوای ئەو ساڵەوە، موزیکی ئەو زیاتر پێشدەکەوێت و دەبێتە موزیکێکی ناشاز و خاو و دەربڕدار. لە سەرەتای کاروانەکەیدا سەرسامی ستراڤینسکی و هیندێمیس بووە.

بەڵام لە ساڵی 1936 دوو شتی خراپ ڕوودەدەن. بڵاوکردنەوەی سیمفۆنی چوارەم هەڵدەوەشێتەوە و سیمفۆنییەکە قەدەغە دەکرێت. ئۆپێرای “لەیدی مەکبێس” خوێندنەوەیەکی خراپ و ڕەخنەیەکی زۆری لێدەگیڕێت و لە ڕۆژنامەی پڕاڤدا لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە ڕەخنەی توند لە کارەکەی دەگیرێت.
وەک ئەوەبوو ستایلین خوێندنەوەی بۆ کارەکەی شۆستاکۆڤیچ کردبێت و زۆر خراپ ڕەخنەی لێدەگرێت و تاوانباری دەکات بەوەی فۆرماڵیستە و موزیکەکەی بۆ خەڵکی وڵات خراپ و لادەرە، ئەمەش ترسێک دەخاتە گیانی ئەوەوە، شۆستاکۆڤیچ پێشبینی دەکرد لە هەر ساتێکدا بێت دەستگیربکرێت و بخرێتە زیندانەوە. لە شەودا شۆستاکۆڤیچ لە نزیک پلەکانەی ماڵەکەیەوە دەخەوت، تا گەر شەوێک هاتن و دەستگیریان کرد بەبەرچاوییەوە سووکایەتی بە خێزانەکەی نەکرێت و سەرشۆ نەکرێت. ئەو ڕووداوە هەرگیز ڕووینەدا و شۆستاکۆڤیچیش هەرگیز دەستگیرنەکرا، بەڵام ترسێکی خستە گیانییەوە کە هەرگیزاوهەرگیز ئەو تراومایە لێی جیانەبوویەوە و بوویە هەوێنێکی گەورەی موزیکەکەی.

پاش 1936 شۆستاکۆڤیچ بە قووڵی شێوازی موزیکەکەی گۆڕی. موزیکەکەی لەوە دەچوو کە بیەوێت ناڕاستەوخۆ بێفەرمانی دەسەڵاتی سۆڤییەت بکات و بیەوێت خەم و ئازارەکانی خەڵکی وەک پەیامێک لەڕێگەی موزیکەکەیەوە بگەیەنێت، هەرچەندە بە تەواوی پشتی نەکردبووە ستایلی پێش 1936. یەکەم کاری گەورەی کە پاش تراژێدییاکە نووسی سیمفۆنی مەزنی پێنجەم بوو، توانی سەرکەوتووبێت لەو ڕووەوەی کە دڵی دەسەڵاتدارانی سۆڤییەت خۆشبکات و توانیشی مەزنی خۆی نیشانی خەڵکی سۆڤیەت بدات. سیمفۆنی پێنجەم هەم سارکاستیکە هەم دەربارەی پووچییە، بەڵام شێوازی دەربڕینی هەموو ئەوانە تەواو جیاواز بوو. سەیرترین شت دەربارەی ئەو سیمفۆنییە ئەوەبوو کە هێندە کاریگەربوو تەنانەت ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستیشی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە هەندێکیانی خستە گریان، هەرچەندە ئەوان ئەوەیان نەدەبیست کە خەڵکە ئاساییەکە دەیانبیست و تێنەدەگەیشتن.
کەشی سیمفۆنییەکە تەواوی جادوویی و سەرسامکەر بوو، خەڵکی خۆیان نەدەگرت و لە شوێنەکانیان هەڵدەستانەوە و تەواو کەوتبنە ژێر کاریگەرییەوە، کۆتایی سیمفۆنییەکە هێندە مەزن و کاریگەرە کە خۆت لەبیردەکەیت و ماوەکەی لە تەواوی سیمفۆنییە درێژتر و کاریگەرترە.

شۆستاکۆڤیچ ماوەیەکی کورت دوای جەنگی دووەمی جیهانی دووبارە تاوانبار دەکرێتەوە و دەکەوێتە ژێر چاوی گومانەوە، بەڵام ئەمەیان هێندەی جاری یەکەم کاریگەری گەورەی لەسەری نابێت. دوای بڵاوکردنەوەی سیمفۆنی چوارەم، شۆستاکۆڤیچ گوستاڤ مالەر دەناسێت و سوود لە سیمفۆنییەکانی وەردەگرێت و کارەکانی زیاتر مرۆڤانەتر دەبن و مرۆڤ و کێشەی مرۆڤ تێیاندا چەق دەبێت، وەک سیمفۆنی 10 و 13.
شۆستاکۆڤیچ بۆ‌ ئەوەی دەنگی خۆی بدۆزێتەوە و‌ بیرۆکە کەسییەکانی بخاتەڕوو، دەستدەکات بە نووسینی سترینگ کوارتێت و 15 سترینگ کوارتێت دەنووسێت، بۆ ئەمەش ئیلهامی لە بتهڤۆنەوە وەرگرتووە. کوارتێکەکانی زۆر نادیار و لێڵ و تاریکن، جاروبار چاودێرانی پارتی کۆمۆنیست چاویان پێدا دەخشاندەوە، بەڵام چونکە لێی تێنەدەگەیشتن هیچ بەڵگەیەکی دژیان وەچنگ نەدەکەوت.  موزیکەکە بە تێپەڕینی کات لەڕتر و لاوازتر و بێدەنگتر دەبێت دوای ساڵی 1953 و مەرگی ستالین، شۆستاکۆڤیچ ترسی نامێنێت و ئازاد دەبێت وموزیکەکەشی تیژتر و دڕتڕ دەبێتەوە.

سیمفۆنی ژمارە 10

Leave a comment