[سێ وشە بۆ دمیتری شۆستاکۆڤیچ.  مردن، ترس و شەرمەزاری ]

وێندی لێسەر

وەرگێڕان: هەنگوین ڕەفیق

مردن

ئەو زۆر بیری لە مردن دەکردەوە. ئەمە نهێنی نەبوو، بارودۆخی ژیانی وای کردبوو کە ئەوە شتێکی لێنەبووراو بێت، تەنانەت گەر میزاجە خەمناکەکەشی بناغەی ئەم بیرکردنەوانە نەبووایە. چەند دەیەیەک دواتر، “کۆمپۆسەر کەرت ساندەرلینگ” لە بارەی ئەو شۆستاکۆڤیچەی کە دەیناسی دەڵێت: “ئەو زۆر لە مردن دەترسا، بەڵام مەرج نییە ئەوە پەیوەندیدار بێت بە کوارتێتەکانەوە. ترس لە مردن بابەتێکی دیار و زاڵی کۆتا کارەکانییەتی: سەمفۆنیای ژمارە چواردە و پانزە، لەگەڵ سۆناتای ڤایۆلا.”

“گالینا شرنسکایا” ڕوانگەیەکی کەمێک جیاوازی هەبوو، ئەو لە ڕێگەی باوکی و مامی کە ژەنیاری چەلۆ و دووەم کەمانچەژەنی کوارتێتەکەی بتهۆڤن بوون، شۆستاکۆڤیچی دەناسی. کاتێک لێم پرسی گەر پێتوایە کە کوارتێتی پانزەیەمی شۆستاکۆڤیچ لەبارەی مردنەوەیە، گوتی: ” لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو چەندین ئاوازی لە بارەی مردنەوە هەبوو. مردن تێمای نیوەی دووەمی ژیانی بوو… بلیمەتەکان دەربارەی چی قسە دەکەن؟ مردن و ژیان.”

هەروەها “هێلگا لانداوری” دەرهێنەر، کە بەشداری کردبوو لە دروستکردنی فیلمی “گوزەرێکی دمیتری شۆستاکۆڤیچ” هەرچەندە لەوە گەنجترە کە خۆی شۆستاکۆڤیچی ناسی بێت؛ هاوڕای ئارگیومێنتەکەی شرنسکایا بوو و درێژەی پێدا: “لە ڕووی تیۆرییەوە میوزیک کۆتا پاشەکشێ بوو، بیرکردنەوە لە مردن، پرسیارە ئەبەدییەکان، کە لە ئەدەبییاتدا بە پرسی کارکردن و ئەو بابەتانە جێیان گیرابووەوە- میوزیک کۆتا تێڕوانین بوو کە بە تەواوی نەدەپشکنرا.” بە ڕای ئەو شۆستاکۆڤیچ وەکوو کۆمپۆسەرێک لەبەر ئەوە خۆش دەویسترا، کە بە شێوازێک قسەی لەسەر ئەو پرسیارە ئەبەدییە قەدە‌‌غەکراوانە دەکرد، کە تەنها هونەرمەندێکی بە توانا دەیتوانی بیکات.”

بەڵام بۆ میوزیک، قسەکردن دەربارەی مردن بە مانای چی دێت؟ دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ وشەکانی سەمفۆنیای چواردەیەم، یان زنجیرە گۆرانییەکەی لە دێڕە شیعرەکانی مایکڵ ئەنجیلۆوە وەرگیراوە، لەوێدا ئاماژەی ڕاستەوخۆ بۆ مردن بەدی دەکرێت. هەر لەو بارەیەوە دەشتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئۆپێراکەی بە ناوی “خاتوو ماکبێسی متسێنسک،” کە سێ کوشتن و خۆکوشتنێکی تێدایە. بەڵام شرنسکایا و لانداور کاتێک لە پەیوەندی شۆستاکۆڤیچ بە مردنەوە دەدوێن، باس لە شتێکی دیکە دەکەن. ئەوان ئاماژە بە شتێک لە ناو میوزیکەکەدا دەکەن، لە دەرەوە و ئەودیوی پەیوەندییە زمانەوانییەکانی. شتێک کە خۆیان لە ناو کوارتێتە بێ وشەکاندا گوێیان لێی دەبێت. ئەوە شتێکە کە هەموو ئامادەبووانی نمایشی کوارتێتەکانی شۆستاکۆڤیچ  دەیانتوانی گوێبیستی ببن، وە شتێکە کە لە ئێستاشدا چەندین دەیە و میل دوور لە یەکەم ساتەکانی ئاوازدانان و نمایشکردن، ئێمەیش دەتوانین  گوێمان لێی ببێت. کوارتێتە ژێدارەکان بەو نادیاری و ئاڵۆزییەیانەوە، چۆن دەتوانن وا بە ڕوونی دەربارەی مردن قسەمان بۆ بکەن؟

ترس

ترس و قەلەقیەکەی شۆستاکۆڤیچ، لە هەمان کاتدا هی هەموو کەسێکی تریش بوو. لەو کات و شوێنەدا ئاسان نەبوو ناوەوە لە دەرەوە جیا بکەیتەوە. ئەوە ڕاستە کە بەشێکی دڵەڕاوکێیەکەی شۆستاکۆڤیچ فسیۆلۆجی بوو، کە لە کۆتاییدا بە نەخۆشییەکی دەماری دەستنیشانکرا. بەڵام ئەگەر هەلومەرجی ژیانی جیاواز بووایە، بەوشێوەیە تێک نەدەشکا. جەستەی هەمان شێوەی باری دەروونی وەرگرتبوو، باری دەروونیشی وەڵامێکی ئەقڵانی بوو بۆ بارودۆخی ژیان لەو کاتەدا. بۆ کەسێکی وەکوو شۆستاکۆڤیچ کە لە بنەڕەتەوە ترس و دڵەڕاوکێی هەبوو، ژیانکردن لە ژێر دەسەڵاتی ستالین و بوون بە ئامڕازێکی سۆڤیەت کە بەردەوام تێڕوانینی بۆ دەکرا، بەس بوو بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێیەکی  زۆر لە کەسایەتی ئەودا دروست ببێت.

ئەمە بۆ میوزیک چ مانایەکی دەگەیاند؟ کاریگەرییەکی زۆری هەبوو، کە لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا زیاتریش دەبوو. تەنانەت لە سەمفۆنیای یەکەمیشدا قەلەقییەکی زۆر بەدی دەکرێت. هەرچەندە لێرەدا ئەو قەلەقییە ناتوانرێت لە هەستبزواندنیش جیا بکرێتەوە. لە کوارتێتی یەکەمدا، دەتوانرێت قەلەقییەکی زۆر شوومتر بەدی بکرێت، بەڵام کۆتاییە بەزەبرەکەی ئەمە دەشارێتەوە. کاتێک دەگەینە سەردەمی کوارتێتی دووەم و دووەم تریۆی پیانۆ، لە کۆتایی جەنگ و دوای مردنی سۆڵێرتینسکی هاوڕێی، هەست بە ترسێکی تەواو لە بن نەهاتوو دەکرێت. ئیدی لێرەوە ترس لە هەموو کوارتێتەکاندا بەدی دەکرێت، ئەوەش بە شێوازێکی لەناوبەرانە یان جیاکراوە نییە، بەڵکوو بوونێکی هەمیشەیی هەیە لە باکگراوندی ئاوازەکاندا، هەمیشە ئامادەیە خۆی دەر بخات. ئەو ترسە لە ڕیتمە بەرزەکاندا هەیە، لە گۆڕانی لە ناکاوی کلیل، لە نۆتە بەرز و ترسناک و سەیرەکان کە لە پشت میلۆدییەکەوە خۆیان دەردەخەن. هەروەها لە بەشە خاوەکان، ئەو بەشانەی نزیکی بێدەنگیین. لە بەشە نەبووەکانی میوزیکەکەدا، کە هێمان بۆ بەتاڵییەک لەودیوی ئەو کەنداڵانەی ئێمە لەسەریان ڕاوەستاوین.

 شەرمەزاری

وەکوو توخمێک لە میوزیکی شۆستاکۆڤیچ، شەرمەزاری بە هێندەی ترس نابیسترێت، بەڵام هێشتا بوونی هەیە. ناتوانرێت بە تەواوی دیاری بکرێت کە لە چ شوێنێکی میوزیکەکە گوێت لێی دەبێت، بەڵام پاڵپشتی زۆربەی هەستەکانی تری ناو میوزیکەکە دەکات، بە جۆرێک گەر لاببرێت هەست بە جیاوازییەکە دەکرێت. شەرمەزاری لەو مامەڵە توندەدا دەردەکەوێت کە شۆستاکۆڤیچ لەگەڵ خۆیی و هەستەکانیدا دەیکات؛ شەرمەزاری کوارتێتە هەرە خەمگینەکان (وەکوو کوارتێتی هەشتەم)، لەوە دەپارێزێت بەرەو ئاڕاستەیەکی بەزەییهێنەردا بڕوات. هەروەها کوارتێتە هەرە دڵخۆشکەرەکانی وەک کوارتێتی شەشەم، لەوەی کە هەستی لەخۆڕازیبوون یان لە خۆ دڵنیابوونی تێدا بێت. شەرمەزارییەکەی شۆستاکۆڤیچ ئەو هەستە تەریقبوونەوەیە و خۆ دراماییکردنە نییە، کە فیۆدۆر کارامازۆڤ و سیمیۆن مارمیلادۆڤ مانیفێستی دەکەن. بە پێچەوانەوە هەستێکی زۆر ناوەکی و شاراوەیە، زیاتر لە چیخۆفەوە نزیکە وەک لە دۆستیۆڤسکی. هەر ئەمەیشە کە کوارتێتەکان بە دوور دەکات لەوەی کە خۆهەڵکێشان یان متمانەبەخۆبوونی تێدا بێت، ئەمەیش کوارتێتەکان جیا دەکاتەوە لە هەندێک لە سەمفۆنیا و زۆرینەی گۆرانییەکان، لەوانەشە هەر ئەمە بێت کە بڕوامان پێ دەهێنێت کوارتێتەکان ڕاستیمان پێ دەڵێن.

زۆرشت هەبوو لە ژیانی شۆستاکۆڤیچدا کە لێی شەرمەزار بێت، وە ڕوونە کە ئەو زۆر هەستیار بووە بەرانبەر ئەو شەرمەزاربوونەی هەستی پێ دەکرد. کەرت ساندەرلینگ باس لەوە دەکات کە چۆن لە ساڵانی ١٩٤٨ بۆ ،١٩٥٣ لە هەمان کاتدا کە میوزیکەکەی شۆستاکۆڤیچ لە لایەن “ژندانۆڤ دکری” بێدەنگ کرابوو، کەوتبووە بارودۆخێکەوە کە دەبوو پشتگیری لە بۆچوونەکانی ڕژێمەکە بکات؛ “ناخۆشترین ساتی ژیانی ئەو کاتە بوو کە پرسیاری ئەوەی لێ کراوە گەر هاوڕایە لەگەڵ بۆچوونەکانی ژندانۆڤ لەبارەی ستراڤینسکی، ناچاربووە وەڵامی بەڵی بداتەوە.” تەنانەت گەر بڕگەی “ناخۆشترین سات” زیادەڕەوەی بێت، هێشتا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە شۆستاکۆڤیچ چەند پڕ بە ئازارانە ئاگاداری ئەو لادانەی خۆی بووە لە چاوی گشتیدا. گەر بەم هەستە بڵێین پەشیمانی، لە گرنگییەکەی کەم دەکەینەوە چونکە زۆر قوڵتر، سەرەکیتر و ئاڵۆزتر بوو لە پەشیمانی. لەگەڵ ئەوەشدا نەیدەتوانی بیسڕێتەوە لە ژیانی.”

سۆفیا گوبیدولینا، کۆمپۆسەرێک کە لە نەوەیەک پاش شۆستاکۆڤیچ دەرکەوتووە، باس لە کاریگەری ڕەفتارەکانی شۆستاکۆڤیچ  لەسەر خۆی و میوزیکژەنەکانی دەوروبەری دەکات؛ “ساڵی ١٩٦٠ کاتێک شۆستاکۆڤیچ بوو بە ئەندامی پارت، بێسنوور نائومێد بووبووین، کە دەکرێت کەسێکی وەک ئەو تێک بشکێنرێت کە سیستەمەکەمان دەیتوانی بلیمەتێکی وەها لەناو ببات. ئەمە شتێک بوو من هەرگیز نەم دەتوانی لەبیری بکەم. هەموومان بێ وەڵام بووین بەرانبەر ئەوەی لەو کاتەدا کە بارودۆخی سیاسی بەرەو ئارامی دەچوو و لە کۆتاییدا مرۆڤەکان دەیانتوانی ڕاستی خۆیان بپارێزن. شۆستاکۆڤیچ بوو بە قوربانی مەرایی کاربەدەستەکان. چ شتێک  ناچاری ئەو ڕەفتارانەی کرد؟”

ساندەرلینگ و گوبیدولینا، هەردووکیان وشەی “ناچاربوون”یان بەکارهێنا تاکوو ڕەفتارەکانی شۆستاکۆڤیچی پێ ڕوون بکەنەوە. دەکرێت یان گونجاوە کەسێک لە بەرانبەر ئەو کردارانە شەرمەزار بێت، کە هیچ هەڵبژاردنێکی تێیاندا نەبووە؟ وەڵامی بێرنارد ویلیام بۆ ئەم پرسیارە لە توێژینەوە فەلسەفییەکەی بە ناوی “شەرمەزاری و پێویستی” لە بارەی فیگەرە تراجیکە یۆنانیەکانی وەک: (ئەیاس، ئەکیلیس، ئۆدیپۆس، ئاگامێمنۆن) بە سادەیی “بەڵێ”یە. ویلیام پێی وایە کە تەنانەت ئەو کردارانەشی کە ئەم پاڵەوانە کلاسیکییانە بە زۆرەملێ ئەنجامیان داوە، واتا بە بیانووی کاریگەری خوداکان، چارەنووس، شێتبوون یان هەر فاکتەرێکی تری کۆنتڕۆڵنەکراو بوو بێت، لە کۆتاییدا هەستی شەرمەزاربوونیان لا دروستکردوون.

سەبارەت بە شۆستاکۆڤیچ؛ هیچ خودایەک نەبوو و ئەویش پاڵەوان نەبوو. بەڵام بارودۆخەکەی ئەو هاوشێوەی ئەوەیە کە ویلیام لە باسکردنی بیرکردنەوەی یۆنانییە دێرینەکان بۆ هێزە سەروو سروشتییەکاندا ئاماژەی پێ دەکات؛ ” ئەو بیرۆکەیەی پێی وایە سترەکچەری شتەکان ئامانجێکی دیاریکراویان هەیە و لە دژی تۆ کار دەکەن، شتەکان بە شێوازێک ڕێکخراون کە تۆ هەرچییەک بکەیت، ئەنجامی شتەکان ناگۆڕێت. تەنانەت ئەگەری ڕوودانی ئەو شتانەش نزیک دەکاتەوە کە تۆ هەوڵ دەدەیت رێگڕییان لێ بکەیت.” یۆنانییە کۆنەکان پێیان وابووە ئەو کەسەشی کە لە ناو ئەم بارودۆخەدایە، دەکرێت بەرانبەر کردارەکانی بەرپرسیار بکرێت، یاخود خۆی بە بەرپرسیار بزانێت.

ویلیام: ” ژیانکردن لە دونیایەکدا کە ئەم هێزە سەروو سروشتیانە کاری تێدا دەکەن، مانای ئەوە نییە کە تۆ ناتوانیت هیچ شتێک بکەیت، یان پێت وابێت ناتوانیت هیچ شتێک بکەیت.” کەواتە لەم بەینەدا ئەگەر کەمێک هەستیاریت هەبێت، دەتوانیت هەست بە شەرمەزاری بکەیت. بەم شێوەیە شەرمەزاربوون نیشانەیەکی ئازادییە؛ ئازادی ڕەها نا، بەڵکوو ئازادییەک کە مرۆڤ لە ڕێگەیەوە دەیچەسپێنێت کە ئەو کەسی بڕیاردەری خۆیەتی، نەک تەنها هێزێکی جوڵێنراو.

بە ڕای گوبیدولینا، ئەم هەستە شەرمەزارییە چووبووە ناو میوزیکی شۆستاکۆڤیچەوە، وای لێ دەکرد بە شێوازێکی تایبەت بۆ کەسانی وڵاتەکەی بدوێت. ئەوەی ئەم دەسەڵاتە ئەخلاقییەی پێ دەبەخشی بە تەنها ئەوە نەبوو کە ڕووبەرووی ئەو تاقیکردنەوە قورس و خراپەکارییانە دەبۆوە، بەڵکوو هی ئەوە بوو کە “خۆی ڕادەستی لاوازی کردبوو، ئەو کەسایەتییەک بوو لە ئازار و تراژیدیای ئەو سەردەمەی ئێمە. ” ئەو وەکوو کۆمپۆسەرێک دەیتوانی ئەو ئازارانەی لە لوتکەدا هەستی پێ دەکرد، بگۆڕێت بۆ شتێک کە هەموو ئازارچەشتنێک تێ دەپەڕێنێت.” وە نیو سەدە دواتر، ئێمەیش کە شەرمەزاری و لاوازی خۆمانمان هەیە، دەتوانین هەمان شت بکەین.

کوارتێتی سێیەم لەگەڵ سترینگ

جوڵەی سێیەم

Leave a comment