شکار وەفا
شۆستاکۆڤیچ دوو ڤایۆڵن کۆنچێرتۆی نووسیوە کە هەردووکیانی بە تایبەتی بۆ هاوڕێ و ماستەری مەزنی ڤایۆڵن دەیڤد ئۆیستراک نووسیوە، کە ئۆیستراک یارمەتیدەرێکی باشی شۆستاکۆڤیچ بووە لەو بەشانەی کە بە تایبەت بۆ ڤایۆڵینژەنەکەیە. یەکەم ڤایۆڵن کۆنچێرتۆ ساڵی 1947-1948 نووسراوە، بەڵام تاوەکو 29ی ئۆکتۆبەری 1955 لە تاریکیدا مایەوە و بڵاونەکرایەوە.
شۆستاکۆڤیچ ترسی لە بڵاوکردنەوەی ئەو پارچەیە هەبوو، بۆیە تاوەکو دوو ساڵ پاش مەرگی ستالین بڵاوی نەکردەوە. ساڵی 1946 پەیڕەوی ژدانۆڤ بڵاوکرایەوە کە ئەندرێ ژدانۆڤ وەزیری کلتوری و فەرهەنگی ئەوکاتی سۆڤییەت ئەندازیارەکەی بوو، ئاماژەی بەوە دا کە جیهان پاش جەنگی دووەمی جیهانی دابەش بووە بۆ بەرە، بەرەی ئیمپریالیست کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕابەری بوو، بەرەی دیموکرات کە سۆڤیەت ڕابەری بوو و بەم شێوەیە هۆشداری درا: “تاکە پێکدادان و گرژییەک کە لە کلتوری سۆڤییەتدا جێگەی دەبێتەوە گرژی و پێکدادانە لەنێوان باشە و باشترین دا”
هەرچەندە ئەو یاسا و چاودێرییە توندەی لەسەر میوزیک هەبوو تا 10ی شوباتی ساڵی 1948 لانەبرا، شۆستاکۆڤیچ بەباشی دەیزانی کە یاساکانی پەیڕەوی ژدانۆڤیش بەسەر ئەودا دەچەسپێن؛ هەروەها دەیزانی “باشترین” واتە لایەنگری و پەیڕەوی لە ستاندارد و یاساکانی حکومەت. هەروەها دەیزانی یەکەم ڤایۆڵن کۆنچێرتۆی قبوڵکراو نییە و پارچەیەکی زۆر کەسییە، زۆر ئاڵۆزە، زۆر ئەیتۆناڵە، دەیزانی پارچەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە سەرانی سۆڤییەت بتوانن لێی تێبگەن و تەنها دەتوانن چێژی لێ ببینن.
یاسا و پەیڕەوییەکان ڕێگەیان بە هیچ هونەرمەندێک نەدەدا ڕەخنە بگرێت، گەر هەر بەرهەڵستییەکیش هەبووایە ئەوا کەسەکەیان دووردەخستەوە بۆ کەمپە زۆرەملێکانی سیبیریا. لە سەردەمی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی ستالینیشدا زۆر ئاسان بوو کە پلیتێکی سیبیریا بەدەستبخەیت، زیاتر لە ملیۆنان کەس لەو کەمپە زۆرەملێیان و لە دوورەپەرێزیدا گیانیان لەدەستدا. نێوان و شۆستاکۆڤیچ و ستالین درێژەی نەکێشا و کەوتە ژێر گومانەوە، ساڵی 1948 بەوە تاوانبارکرا کە پەیڕەوی لە ڕەوتی هونەری فۆرمالیزم کردووە و میوزیکی دژ بە دیموکراتی داناوە و بە دوژمنی خەڵکی لە قەڵەمدرا.
ڤایۆڵن کۆنچێرتۆی یەکەمی شۆستاکۆڤیچ بە کۆنچێرتۆی “مرۆڤی ئاسنین” ناسراوە، چونکە هەموو جۆرە تەکنیکێک لە هەر ڤایۆڵنژەنێک دەخوازێت کە ئەو پارچەیە دەژەنێت، واتە ژەنینی ئەو پارچەیە توانایەکی جەستەیی لە ڕادەبەدەر و هێزێکی زۆری سۆزەکی دەوێت. تەنانەت دەگوترێت ئۆیستراک بە شۆستاکۆڤیچی گوتووە هیچ نەبێت لە کۆتاییەکانی پارچەکەدا بوارێک بدات بە ڤایۆڵنژەنەکە تا بتوانێت ئارەقەی نێوچاوانی بسڕێت، کە مەبەستی پاش کادێنزای جوڵەی سێیەمی کۆنچێرتۆکەیە.
کۆنچێرتۆکە لە چوار جوڵە پێکدێت، شۆستاکۆڤیچ ئاماژەی بەوەداوە کە کۆنچێرتۆکەی سیمفۆنییە بۆ ڤایۆڵن و ئۆرکێسترا.
جوڵەی یەکەم “نۆکتورن”ە، دەستپێکێکی نزم و خاوی هەیە و بە نەرمی دەڕواتە پێشەوە، مێشکت دەگرێت و سەرقاڵی دەکات و دەتخاتە کەشێکی گوشاراوییەوە، جوڵەی یەکەم هێواشییەکی جادوویی و سەیری هەیە، زۆرێک لە ئاوازدانەرەکانی ئەوکاتی سەرسام کردبوو و وەک دەستکەوتێکی مەزن سەیردەکرا، نۆتە نزمەکانی هەستەکانت دەهاڕن و تا زیاتر لەگەڵ میوزیکەکە بڕۆیت ئەم ئازارە زیاتر دەبێت و ڕەگی داکوتاوە و ڕۆژانە بەردەوام لە گەشەدایە، لەم پارچەدا ژەنیارەکە لەکاتی ژەنینی پارچەکە بوێری ئەوەی هەیە کە خەون بە داهاتوویەکی جوان و پرشنگدارەوە ببینێت، بەڵام ئەمە بۆ گوێگرەکان پێچەوانەیە و ناتوان ئەو وێنەیە پەسەند بکەن کە ژەنیارەکە بۆ داهاتوو نەخشاندویەتی.
دەیڤد ئۆیستراک ڤایۆلینیستی بەناوبانگی ڕووسی بەهۆی دۆخی سیاسی ئەوکاتەوە و تاوەکو پاش مەرگی ستالین ئامادە نەبوو پارچەکە بژەنێت بڵاوبکرێتەوە،. ڤایۆڵنژەنەکە بە میلۆدییەکی درێژ و قووڵەوە دێتە ناوەوە کە ئۆرکێستراکە لە دەستپێکەوە پاڵپشتی دەکەن، ئەو بەشە کەشێکی ئارامکەرەوە و قوڵی هەیە و بە جۆرێک واتلێدەکات بچیتە بیرکردنەوەیەکی قوڵەوە. ئەمە درێژەی دەبێت و سەرنجی سەرەکی لەسەر ڤایۆڵنژەنەکەیە کە بە میلۆدییەکی نەشازی قورس درێژە بە پارچەکە دەدات. “لە نێوەندی جوڵەی یەکەمدا ئاوازێکی نەرمی سیلێست دێتە گوێمانەوە، تەنها لەوێدا هەست بە ڕووناکی و درک بە ئازادی دەکەین.” لە بەردەوامیدا دووبارە دەگەڕێینەوە بۆ کەشە ترسناک و پڕگوماناوییەکە، لەو شوێنەی کە ئۆیستراک ناویناوە “دامرکاندنەوەی هەستەکان”.
جوڵەی دووەم، “سکێریتزۆ – خێرایە”، ڕەشەبایەکی خێرایە، دەخوازێت ژەنیارەکە زۆر شێتانە و بێ شەرمانە و بە توندی دەست بجوڵێنێت چەشنی سەماکەرێک کە سەما دەکات و بڕێکی زۆر ڤۆدکای خواردۆتەوە.
ڕیتمی جوڵەی دووەم ڕەق و نایەکسان و ناسازە، تێمپۆکەی تێکەڵەیەکە لە ترس و ڕق. هیچ چێژ و دڵخۆشییەک لەناو ئەو جوڵەیەدا نابینیەوە، گەر هەر شتێکی واش بەدی بکەین جگە لە گاڵتەیەکی پووچی شۆستاکۆڤیچ هیچی تر نییە. شۆستاکۆڤیچ بۆئەوەی ئەم بێ شەرمی و شێتییە زیاتر بکات دێت چوار تۆنی (D و E فلات، C و B) دەئاخنێتە نێو میوزیکەکەیەوە، کە دواتریش لە چەند کارێکی تریدا هەمان شتی دووبارە کردۆتەوە.
جوڵەی سێیەم، “ئەندانتێ – هێواشە”، ئەو جوڵەیە نۆ جۆرییەتی جیاوازی دووبارەبووەوەیە کە حەڤدە کێشی میوزیکی جیاوازی تێدا بەکارهاتووە کە هێڵی بنەڕەتین.
جار بە جار و سات بە سات ئەو هێڵە بنەڕەتییە بەناو ئۆرکێستراکەدا دێت و دەچێت و دەگۆڕێت. لە نزیکبوونەوە لە جۆرییەتی نۆیەم ئۆرکێستراکە دەچێتە چەقبەستوییەکی درێژی Fەوە؛ کە خۆئامادەکردنە بۆ کادێنزا مەزن و زەبەلاح و واقوڕمێنەرەکە.
نێوان جۆڵەی سێیەم و جوڵەی چوارەم هیچ وەستانێک نییە، بەردەوامییە و ڕاستەوخۆ دەچێتە سنووری جوڵەی چوارەم و بەردەوامی بەو قورسییەی جوڵەی سێیەم دەدرێت. ئەو تۆنە خێرایە بێ ئۆقرەییانە و بە قورسی بەردەوام بەرەو پێشەوە و بێ وەستان دەڕوات و بەردەوامی دەبێت.لەوێدا ڤایۆلنژەنەکە بەهرەمەندییەکەی دەردەکەوێت و دەچێتە دۆخێکە کە پێویستی بە خێراییەکی زۆر هەیە، هەندێک لە بەش و پارچەکانی پێتروشکا’ی ئیگۆر ستراڤینسکی’شی تێدایە. داینەمیکی میوزیکەکە زۆربەی کات لەو بەرزی و توندییەی دەمێنێتەوە؛ ڤایۆلنژەن و ئۆرکێستراکە لە چەندین شوێندا بە یەکتری دەگەن و هاوتەریب دەبن کە هەردوولا هەوڵدەدەن کە یەکتری ببەزێنن و دەنگیان بەسەر یەکتریدا زاڵ بکەن.
ڤایۆڵن کۆنچێرۆی یەکەمم