[نینا سیمۆن، هونەرمەندێکی شۆڕشگێڕ؛ ژنێکی یاخی]
rizgar new

 

شەبنم 

وەرگێڕان: سندوس عومەر

لە ڕۆژگارێکدا دونیای مۆسیقای جیهان پڕە لە “مایلی سایرس” و “لەیدی گاگا”کان، کە دەرخەری زیندوویی جەستەی بە کاڵابوویی ئافرەتن. کاریان نیشاندانی جەستەی خۆیان و گۆرانیگەلێکە کە دژ بە ئافرەتانە و لە زۆر ڕوویی ترەوە ڕەگەزپەرستانەیە؛ پێشکەشی دونیای سەرمایەداری دەکەن، تاکوو گیرفانی خۆیانی پێ پڕ بکەن.

لە دونیایەکدا کە ژنان بە دەستەواژەیەکی کاریگەر، لە لایەن میدیای گشتییەوە و هاوکات لەگەڵ هێزەکانی دەسەڵات دەناسرێن. ژنانێکی وەک “فەرەح پەهلەوی” و “ئیندرا غاندی” و “مارگارت تاچر” کە یان هاوبەشی تاوانەکانی دەسەڵاتن، یان لە باشترین دۆخدا و بە سەرنجخستنە سەر سەرکەوتنی تاکەکەسی و چاو داخستن بە ڕووی ڕەشییەکانی ئەم دونیایەدا، لەم سیستەمە نایەکسانەی جیهاندا سەرکەوتنییان بەدەستهێنا.

بینینی دۆکۆمێنتارییەکی نوێ دەربارەی نینا سیمۆن:

میوزیکژەن و پیانۆژەنی شۆڕشگێری ئەمریکی، ژنێک کە نرخ و بەهایەکی گەورەتری هەبوو لە سەرکەوتنی تاکەکەسی، هاوشێوەی شنەبایەکە لە بیابانێکی گەرمدا.

فیلمی ”چی ڕوویدا سیمۆن خان (What Happened Miss Simon) ،” چیرۆکی ژیانی نینا سیمۆنـە؛ کچی خێزانێکی هەژاری ڕەشپێست.

کە لە ساڵی  ە،(Eunice Kathleen Waymon) نینا سیمۆن کچێکی ڕەشپێستی ئەمریکییە، ناوی هونەری ١٩٣٣ لە کارۆلینای باکوور لەدایکبووە. هەر لە منداڵییەوە تواناکانی لە ژەنینی پیانۆدا دەرکەوتووە و چەندین ساڵ وانەی ڕاهێنانی مۆسیقای کلاسیکیی وەرگرتووە. ئەم ڕاهێنانانە هەر لە منداڵییەوە ویست و ئارەزووی بوون بە ژەنیاری مۆسیقای کلاسیکی لە دڵیدا چاندووە، هەر لەبەر ئەو ئارەزووەیش بوو بەرەو فیلادلفیا بەڕێکەوت.

بەڵام بوون بە ژەنیاری مۆسیقای کلاسیکی بۆ کچێک کە لە خێزانێکی هەژاری ڕەشپێستە، ئارەزوویەک بوو دوور لە بەدەستهێنان و پێکگەیشتن. سەرەڕای نواندنێکی زۆر جوان لە ڕۆژی چاوپێکەوتندا، تەنها لەبەر ئەوەی ڕەشپێست بوو؛ قبووڵ نەکرا.

بوو، هەمان ئەو قوتابخانەیەی دوو (Curtis Institute Of Music) خوێندنەکەی لە قوتابخانەی مۆسیقی ڕۆژ  ساڵ پێش مەرگی نینا سیمۆن؛ کاتێک ئەو هونەرمەندێکی بەناوبانگی جیهانی بوو، بڕوانامەی دیپلۆمی بە شانازییەوە پێ بەخشرا!

بەڵام نینا عاشقی پیانۆ بوو؛ ژەنینی تاکە شت بوو کە دەیتوانی بیری لێبکاتەوە. هەر بۆیە تا بتوانێت خەرجییەکانی ژیانی دابین بکات، لە کافێ جیاوازەکاندا دەستی بە ژەنینی پیانۆ کرد.

دایکی دژی ئەم کارەی بوو. نینا بۆ دوورکەوتنەوە لە دژایەتی خێزانەکەی، ناوی خوازراوی “نینا سیمۆن”ـی بۆ خۆی هەڵبژارد، کە بە درێژایی تەمەنی هونەری بەم ناوەوە کاری کرد.

 

چالاکییە سیاسییەکان؛ بزوتنەوەی مافی شارستانی:

نینا کە هەر لە منداڵییەوە تامی تاڵی ڕەگەزپەرستی دژ بە ڕەشپێستەکانی چەشتبوو، دەیبینی کە توانا هونەرییەکەی بەهۆی ڕەشپێستییەکەیەوە پشتگوێ دەخرێت. ئەو لە قووڵی ئەم زوڵمە بە ئاگا بوو، دەیزانی کە هۆکاری نەگونجانی ڕەشەکان نەک لە خودی ڕەشپێستەکاندایه، بەڵکوو لە سیستەمێکدایە کە ڕیشەی کۆیلایەتی داکوتیوە و هێشتا لەسەر بنەمای سەرمایەدارییە.

کاردانەوەی ئەو بۆ ئەم زوڵمانە بێدەنگی و شەرم نەبوو، بەڵکوو ناڕەزایەتی بوو. وەک لە ڤیدیۆیەکیدا دەڵێت: ”ئێمەی ڕەشپێستەکان، تەنانەت گوتنی ئەوەی کە ئێمە قوربانی ڕەگەزپەرستین؛ شەرم دەکەین.”

ئەم ڕستەیەی نینا سیمۆن دانپێدانانێکی گەورە و ڕاچڵەکێنەرە بوو؛ پەنجەخستە سەر ئازارێکی قووڵ بوو.

ئەو کاردانەوەیەی کە لە لایەن زۆرێک لە زوڵملێکراوان، لەوانە “ژنەکان” دەبیندرێت، شەرمەزارن لەو زوڵمەی کە بەرامبەرییان کراوە، بە جۆرێک کە خۆیانی لێ دەدزنەوە.

بەڵام نینا ئاڕاستەی هێرشەکەی نەک لە ڕووی خۆی، بەڵکوو لە ڕووی سیستەمی سەرمایەدارانە و شەڕانگێزانەی ئەمریکا کرد.

ئەو پەیوەندی کرد بە بزوتنەوەی ناڕەزایی مافی شارستانی سەدەی ٦٠و٧٠ لە ئەمریکا. ئەو لەگەڵ “مالکۆم ئێکس” و “کۆمەڵەی پڵنگە ڕەشەکان (کۆمەڵەیەکی شۆڕشگێڕ کە بۆ ئازادی ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا دەجەنگان)،” سوودی لە دەنگ و هونەرەکەی وەرگرت، بۆ ناڕەزایی و بەرزکردنەوەی ئاڵای شۆڕش.

ئەو پەیوەندی کرد بە بزوتنەوەکانی دژی جەنگ (ئەو بزوتنەوانەی کە دژی شەڕی ڤێتنام بوون)، وازی لە خەباتی ئاشتیانە هێنا و بەرگریی لە شەڕی چەکداری کرد بۆ ئازادکرنی خەڵکەکە.

 

ژیانی تایبەتی، ناوبانگی هونەری زوڵم بەرامبەر ژنەکان دەوەستێنێت:

فیلمی(What Happened Miss Simone)، گۆشەی جیاواز جیاواز لە ژیانی تاییبەتی نینا سیمۆن دەردەخات، کە پەردە لەسەر نەبەردی ئەو وەکوو ژنێکی شۆڕشگێر لا دەدات. ئەو ڕاستییەی کە ڕۆحی یاخی و شۆڕشگێرانەی نینا سیمۆن لە لایەن زۆرێکەوە، لەوانە “هاوسەرەکەی” قبووڵ نەکراوە و ئەویش وەک زۆرێک لە ژنەکان قوربانی توندوتیژییە خێزانییەکان بووە.

ئاماژەیەکی قووڵە بۆ زوڵمکردن لە ئافرەتەکان، کە جگە لەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی ژنێک چییە، هەمیشە مەترسی دەستدرێژی سێکسی بۆ ژنەکان زیندوو و ڕاستەقینەیە.

 

جەنگی فرە لایەنەی نینا سیمۆن:

نینا سیمۆن وەک ژنێکی شۆڕشگێڕ ڕابەرایەتی جەنگێکی قوورسی کرد. میدیاکانی ئەمریکا بەهۆی ڕۆحی دژە ئیمراتۆرییەتی نیناوە؛ گەمارۆی هونەر و ئابوورییەکەیان دا. نەک هەر فرۆشتنی کاسێتەکانیان ڕەت دەکردەوە، بەڵکوو دەیانشکاندن و دەیانناردەوە بۆ کۆمپانیای دابەشکەر. لە ماڵیشەوە، لە لایەن هاوسەرە پیاوسالارەکەیەوە توندوتیژی خێزانی بەرانبەر دەکرا.

بۆ نینا چەندین ساڵی خایاند، تا لەکۆتاییدا بە شێوەیەکی فەرمی و بۆ هەمیشە، خۆی لە پەیوەندییە پڕ زوڵمەکەی هاوسەرەکەی ڕزگار کرد. هەڵبەتە ڕەگەزپەرستی و ڕۆحی ناسیۆنالیستی ئەمریکی، کە نوێنەرایەتی سپیپێستەکانی دەکرد، ئەویان وەک ژنێکی ڕەشپێست لە قەڵەم دا، کە هەموو ڕۆژێک هێرش دەکات.

ئەم هەموو هێرشە نینای ماندوو کرد و تووشی خەمۆکی بوو، هەرچەندە نینا ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی لەگەڵ خەمۆکی دەجەنگا، بەڵام هەرگیز مەیدانی جەنگی بەجێ نەهێشت و نەبوو بە ژنێکی ئاشتیخواز.

نینا سیمۆن هەمیشە بە نینا سیمۆنی مایەوە؛ ژنێکی یاخی و هونەرمەندێکی شۆڕشگێڕ.

Leave a comment