[سینەفیل و هەژارییەکەی]

سینەفیل و هەژارییەکەی

حیسام ئەمیری

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

سینەفیل بریتی نییە لە پەیوەندییەکی تایبەت بە فیلمەکانەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی تایبەتە بە جیهانەوە لە ڕێگەی سینەماوە.

سێرژ دێنەی

کەسێک دەیگێڕایەوە کە براگەورەکەی ساڵانێک لەمەوپیش ئاشقی سینەما بوو. لە دەیەی شەست. دەیگوت ئەو زیاتر فیلمە فارسییەکانی دەبینی و پەیوەندییەکی فراوانیشی بە فەرەیدوون گولە و کێندۆ[1] هەبوو. فیلمەکانی دەیان جار بینیبوو. دیالۆگەکان، سەحنەکان و ژێستەکانی فیلمەکانی مووبەموو تەمسیل دەکرد. کوڕەکە خوێندەواریی نەبوو. نەیدەتوانی هیچ بنووسێت. ئەگەر بیشی توانیبا، لەکوێ بنووسێت و چی بنووسێت؟ تەنیا دەربارەی فیلمەکان قسەی دەکرد. لەگەڵ فیلمەکان قسەی دەکرد. دەیویست هەموو ئەو خۆشەویستییەی بۆ سینەما هەیەتی بیگوازێتەوە بەڵام نەیدەتوانی. بڕیار دەدات بێ پارە بچێتە چەند ڕێستۆرانتێک وەک کێندۆیەک  تێروپڕ نان بخوات [و پارەش نەدات]. لە هەمان ڕێستۆرانتی یەکەم وەک سەگ دەیکوتن و لە نەخۆشخانە دەخەوێندریت.

سینەفیلیا دەیەوێت لە پەردە و شاشەی نمایش نزیک و نزیکتر بکەوێتەوە. “هەستم دەکرد ویستێکی شێتانەی چوونە ناو پەردەی سینەمام هەیە”[2]. ئەو نزیکییەکی گەورەی لەگەڵ کارەکتەری فیلمی چەکدارانی ژان-لوک گۆدار هەیە کە لەسەر کورسیی هۆڵی سینەما هەڵدەستێت تا دەست لەو ژنەی لەسەر پەردەی سینەمایە، بدات. وێنە[ـی سەر پەردەکە] نەگیراوە و لەمس ناکرێت. سینەفیل ئەمە دەزانێت بەڵام هاوکاتیش تەمەنای هیوایەکی مەحاڵی وا دەکات. سێرژ دێنەی دەنووسێت سینەفیل، کەسێکە کە چاوەڕوانییەکی فراوانی لە سینەما هەیە. مەودای نێوان سینەما و ژیان، وێنە و واقعیەت، مەوداکان ناکۆتان، بەڵام سینەفیلبوون واتا دەستەوەستان لە گەیشتن بەم مەودایانە. جوانترین شەش خولەک[ـی مێژووی سینەما][3]: ژن لە کێشەدایە. دۆن کیشۆتی ئۆرسن وێڵز کە لە هۆڵی سینەما دانیشتووە، لەناکاو بۆ ڕزگارکردنی ژنەکە هەڵدەستێت و پەردەی سینەماکە لەتوپەت دەکات تا ژیانە پڕ ئاشووبەکەی، وەکو تابلۆکانی فۆنتانا[4]، لە وێنەدا بگوزەرێنێت. درزێک، ساتێک، کەت Cutـێک. “تەنیا یەک کەت ئێمە ڕزگار دەکات[5]“. بەڵێ، سینەفیلی ڕاستەقینە کەسێکی سەرشێتە.

باسی فیلمخۆرەکان، ئاشقی فیلمەکان، ئاڵوودەی فیلمەکان ناکەین. ئەوان هەر بەو جۆرە تەماشای فیلم دەکەن وەکو ئەوەی سەیری وەرەقەی یاری بکەن. بۆ ئەوان فیلمەکان وەکو وەرەقەی یاری دەبێت یەک لە دوای یەک ڕیزکرێن. تا زیاتر فیلم ببینن، خێرایی دەستیان لەسەر وەرەقەکان زیاتر دەبێ. ئەوان کاتێک باسی فیلمێک دەکەن، ئاماژە بە فیلمێکی دیکە دەکەن و دووبارە فیلمێکی تر و بەمجۆرە فیلم لە دوای فیلم. “ئەم فیلمە لەو فیلمەی تر دەچێت”. “ئەم ئەکتەرە، ئەکتەری ئەو فیلمەشە.” “ئەم سکانسە دەگەڕێتەوە بۆ فڵانە سکانس.”. زنجیرەیەکی ناکۆتا کە بۆ هەمیشە لە ناو سینەمادا گیر دەخوات. دەربارەی ئەکادیمیستەکان، پسپۆڕانی سینەما و سایتەکانی سینەماش قسە ناکەین. گەمژەیی و حەماقەتیان لەوە زیاترە کە خۆنواندنە جددییەکەیان بتوانێت گەمژەییان بشارێتەوە. بۆ ئەوان سینەما جۆرێکە لە بەرهەمهێنان و پیشەسازی. پشکنەرێک بە زەڕەبینی چاوییەوە. ئەوان بەجۆرێک دەڕواننە ناواخنی هەر فیلمێکەوە، وەک ئەوەی چاڵێک بێت و بە ئامرازەکانی پشتێن و کەمەربەندەوە داخڵی ئەو چاڵە بن. قازی و محامی و خواکانی سینەما. سینەفیلی شتێکە لە دەرەوەی ئەمانە. بۆ تێگەیشتن لە سینەفیل دوو نموونە وەردەگرم، یەکێکیان لە نووسەری ئیتاڵی، ئەلیساندرۆ باریکۆ، کە دەربارەی سینەما سوود لە نووسینەکانی وەردەگرم[6]: سینەفیل یاریزانی سەر شەپۆلە Surfing کە تەنیا لەسەر ڕووی ئاو یاخود خۆفڕێدانە ناو قووڵایی دەریا نییە. غەواسە. “حەزدەکەم سوود لە وێنەیەک وەرگرم کە بڕواتە قووڵایی و دووبارە بگەڕێتەوە سەرەوە[7]” پەیوەندی ئەو بە سینەماوە پەیوەندییە بە ئەخلاقەوە.

کوڕی سینەما، سێرژ دێنەی، دەنووسێت سینەما نەزمێکی جوانیناسی نییە. بەڵکو نەزمێکی ئەخلاقییە. ئەخلاق نەک وەکو سیستمێکی ئەخلاقیی و جۆرێک لە لایەنگریی ژیان. واتای ژیان لێرە، سرووشتە، ژیان لە سووچەکانەوە، لە پەناکانەوە نەک ئەو ژیانەی کە جیهانی سەرمایەداری یا هەر سیستەمێکی تر پێناسەی دەکات. وێنە، هەر بەوجۆرەی زۆری لەسەر گوتراوە، هاوتای وێنەیەکی ترە. فیلمبینین واتا دوو کاتژمێر ڕێزگرتن لەوی تر. دوو کاتژمێر بێدەنگبوون. سینەفیلەکان دەربارەی فیلمەکان قسە ناکەن، هەروەک ئەوانەی بە بێدەنگی ڕێز لە مردووان دەگرن. دەبێت بڕوانێتە وێنە. گوێ لە قسەی ئەوانی تر بگرێت. هەڵبەتە نەک بە قسەی هەمووان یا تەلەڤیزیۆن و گوتەی کاربەدەستانی وڵات یا مۆنۆلۆگەکانی ودی ئالن. ئەوانە هیچ پەیوەندییەکیان بە وێنەوە نییە. وێنە واتە ئەو شتە ڕووناکەی کە هەردەم خۆی لە تاریکیدا دەردەکێشێت. واتا بەرگریی شتێک کە هیچ بەرگرییەکی نییە. وێنەیەک. ئەوی تر. بۆ سینەفیلێک، وێنە یەکێکی ترە و کە ئەویش وێنەیە. سینەفیلیا هاوشێوەی کارەکتەری مەحموود لە فیلمی تارمایی خوێنمژی کیانوش عیاری دەرەوەی هۆڵی سینەمای لەگەڵ سینەما لێ تێکەڵ دەبێت. وێنە و واقیعی لێک تێکەڵ دەبێت. تۆماس ئێلساسێر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەکێک لە توخمەکانی سینەفیلی، نیگەرانیی بەردەوامە[8]. نیگەرانی لە فیلمەکانی داهاتوو، نیگەرانی لە فیلمە باشەکان، نیگەرانی لە ڕووداوەکانی سەر پەردە. سینەفیل ئەم نیگەرانییەی ناو سینەما بۆ ناو خۆی هەڵدەگرێت و ئاڕاستەی خۆی دەکات. نیگەرانی لە ڕابردوو و داهاتووی جیهان. نیگەرانی لە ڕووداوەکانی دەوروبەر، نیگەرانی لە مرۆڤە بێناوەکان. فرمێسکەکانی ئانا کارینا. وێنەی جەین فۆندا[9] و ئەو چەند چرکەیەی ژنێکی ئەفریقایی دەڕوانێتە کامێراکەی کریس مارکەر.

کریستن کیسلی لە کتێبەکەیدا دەربارەی “ساتەکانی سینەفیلیکی” قسە دەکات[10]. ئەم دەربڕینە دەگەڕێتەوە بۆ پۆڵ ویڵمان، ویڵمان ئاماژە بۆ ساتەکانی فیلم دەکات کە بۆ بینەران و دەرهێنەرانی سادە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە بەڵام بۆ سینەفیلەکان هەر لە یەکەم ساتەوە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت. بۆ نموونە لیزلی ستێرن دەربارەی ئەو ساتە دەدوێت و دەڵێت لە فیلمی Blade Runner پاریس لە ساتێکدا بێ جووڵە دەبێت و دواتر هەموو شتێک پێکەوە دەکەوێت جووڵە[11]. ڕەنگی گۆرەوییەکەی کاری گرانتیش بۆ دەیڤد ئارنشتاین ئەم ساتەیە[12].  چەند چرکەی سەرەتای فیلمی ژولی و ژیمی ترۆفۆش دادالی ئاندرۆی دەرگیری خۆی کردووە. ساتی سینەفیلیکی هەرگیز وەک باقیی ساتەکانی دیکەی فیلم نییە. چاوەکانی سینەفیل وەک جاڵجاڵۆکەیەک لەسەرپەتەکەی دەجووڵێتەوە، تەواوی شوێنەکان دەگەڕێت تا ساتێکی وا کەشف بکات. گێڕانەوەی فیلم ڕەنگە هێندەی ئەمە گرنگیی نەبێت. سینەفیل لە بەدەستهێنانی شتێکی بچووک و قووڵی وێنە خۆشحاڵە وەک لە زانینی هێڵی گێڕانەوە پێچاڵپێچەکانی فیلم. ئەم درکپێکردنەی سینەفیل لەناو وێنەدا، بەناچاری درککردنیەتی بە واقعیەتەوە بەردەوام لە گۆڕاندایە. سینەما هەست و درکەکانی ئەو بە جۆرێکی تر دادەتاشێت و سینەفیل ئێستا لەناو ژیاندا بەدای ئەو ساتانەوەیە. ڕۆتین و ژیانی ڕۆژانە، بێگانەکانی کۆمەڵگە، دوورخراوەکان، فەرامۆشکراوەکان، بێماڵوحاڵەکان گرنگییەکی زیاتری هەیە تا وێنە بەربڵاوەکانی تر. ئەدراکی سینەفیلی، وێنەیەکە لە جیهان و سینەفیل بە شوێن هیچ شتێکدا ناگەڕێت جگە لە وێنەی فەڵەستین.

ئۆهـ، کەنگەر، بە قەولی ئادریان مارتین سینەفیل یەک کەنگەری بچووکە کە هەمیشە  لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر دەردەپەڕێت. ئەگەر لە سەردەمی هۆڵی سینەمادا، ئەرشیفیست و سینەفیل لەیەکتر جیاواز بوون، ئێستا هەر سینەفیلێک بۆخۆی یەک ئەرشیفیستێکە. ئەگەر باوەڕ بەوە بکەین کە هیچ مێژوویەکی ورد و دروست قابیلی نووسین نییە و هەر گێڕانەوەیەک شتێک دەپەڕێنێت، دەبێت سینەفیل دەست بە هەڵبژاردن بکات. ئەم هەڵبژاردەیەش بە ناچاری هەڵبژاردنێکی سیاسییە. مۆنتاژێکە. هەر وەک هەڵبژاردن و ڕێکخستنی فیلمەکانی سینەماتیکی هێنری لانگلوا بابەتێکی سیاسی بوو، نەوەی نوێی سینەفیلیش لە ڕێی داونلۆدکردنی فیلمەکانەوە کارێکی بچووکی سیاسی ئەنجام دەدەن. سینەفیل کەسێکە پاڵنەرێکی زۆر هەیە بۆ کۆکردنەوەی کەلوپەلە بێ سوودەکان و بێماناکان، تا بە سیستەمێکی تازە، کار و واتایەکی تازەیان بۆ بدۆزێتەوە. هەڵبەتە سینەفیل کەسێکی سنۆبی[13] نییە. سنۆب، کەسێکە وێنەکان قوت دەدات بەڵام سینەفیل وێنەکان بە قەشەنگییە دەخاتە زاری و دەسووڕێتەوە. دەسووڕێتەوە وەکو ئەنتوان دوانێل کە بە پاسکیلەکەی دەخوولێتەوە. ئەو هەر وەک خاوەن کتێبخانەیەک چێژ لە بەتاڵکردن و پڕکردنەوەی ڕەفەی کتێبەکان دەبینێت. “مێژووی سینەما مێژووی نادادپەروەرییە؛ لەم لایەنەوە مێژووی سینەما بە مێژووی دیکەی مرۆڤایەتی وەفادارە”[14]. سینەفیل دەخوازێت مێژوویەکی دیکە دروست بکات. هەمان ئەو کارەی ئامۆس ڤێگل لەگەڵ مێژووی سینەما و گۆدار لەگەڵ مێژووی وێنە ئەنجامی دا. سینەفیل لەم ساتانەدا لێکچوونێکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەلێکس لە فیلمی ئاشقانی سەر پردەکە: ئاوارەیەکی دەربەدەر کە وێنەی مەعشووقە لە دەستچووەکەی لەسەر دیوارەکان، تونێلەکان و مێژوو هێرشی بۆ دەهێنن. ئەگەر بە گوتەی فلۆسێر سەردەمی سەرەتایی مرۆڤایەتی بە جیهانی وێنەیی بزانین کە بەرەبەرە شوێنی خۆی بە وشەکان بەخشی، ئەوە ئێستا ئێمە دووبارە بۆ جیهانی وێنەکان گەڕاوینەتەوە. سینەفیل لەم جیهانە پلاستیکییەدا، دەردەبەدەر دەست بۆ ئاسمان و زەوی دەبات و تا بە وێنەیەکی لەقاڵبدراو، گێڕانەوەیەکی جیاوازی بۆ ئەم مێژووە نەگبەتە دروست بکات. ئاهـ خوا، من سبەینێ فیلمێک دەبینم کە جیهان ڕزگار دەکات.

هەرچەندە پەردە و شاشەکان بچووکتر بوونەتەوە، بەڵام ئێستا سینەفیل لە گەورەبووندایە. سینەما بۆ سینەفیل واتا ئەزموونی گەورەبوون. ئیحساسی ژان پێر لیۆ. لەم ئەزموونەدا هیچ پێگەیشتن و باڵقبوونێک بوونی نییە، چونکە ئەو لە ناباڵقبوونی ئەبەدیدا دەژی. ئاماتۆرێک. دەنگی دوورگەیەک: تاوانبار و بێتاوان. هەر بەو جۆرەی ژاک ڕانسێر دەڵێت کە دەبێ سینەفیل خۆی بخاتە شوێنی ئاماتۆر تا بتوانێت تەماشای سینەما بکات[15]. هەڵبەت ئاماتۆربوون پەیوەندیی بە لاوازیی تیۆری یاخود سیاسەتەوە نییە، چونکە هەر خودی ئاماتۆریزم پرسێکی تەواو سیاسییە. ئاماتۆریزم ئەوە ڕادەگەیەنێت کە سینەما پەیوەندیی بە هەموو مرۆڤەکانەوە هەیە. دنیایەک بەبێ سیستەمی هێرارشیی. »لە ئەشکەوتە عەلی باباییەکەی لانگلوا، جیهانێک هەبوو کە دەکرا لەناویدا ئێمە هەبێت، هەروەک چۆن دەکرا بۆ هەرکەسێکی دیکەش [جیهانێک] بێت. «[16] لە ڕوانگەی سینەفیلەوە سینەما شوێنێکە بۆ دەرکەوتنی مرۆڤە ئاسایی و بێ تایبەتمەندییەکان: »من بۆ سەرگەرمی دەڕۆم بۆ سینەما، بەلام بە ڕێکەوت شتێکی تر لە دەرەوەی ئەوەی فیلمەکە دەیەوێت بە من بڵێت، فێر دەبم. ئەو شتەی کە لە هۆڵی سینەماکان فێری دەبم، سەرسامبوونێکە لە ژین لە نێوان هەردوو جیهانەکەدا و هاوکات بچووکبوونەوەی بینەر لەنێوان هەردوو جیهانەکەدا. کەواتە ئێستا بوونەوەرێکی بێ تایبەتمەندێتی لەگەڵتان قسە دەکات. تەنیا دەمەوێ ئەوە بڵێم: من خواستێکی وام نییە تا دەربارەی سینەما قسە بکەم. جگە لەوەی وەک خووی هەمیشەییم بڕۆم بۆ ئەوێ. ڕەنگە ئەم خووە شتێکی بە من بەخشیبێت؟ بێگومان. بەڵام چ شتێک؟ دەربارەی فیلمەکان، دەربارەی خۆم، دەربارەی مرۆڤ و دەربارەی یادەوەری.«[17]

گۆدار لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ مارگرێت دوراس ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سینەما بە پێچەوانەی ئەدەبیاتەوە، بە گەڕانەوە دەستپێدەکات. ئەگەر لە ئەدەبیاتدا بە زەمەنی لەدەستچوو دەستپێبکەین و بە زەمەنی دۆزراوە بگەین، ئەوا دەبێت لە سینەمادا چارەنووسێکی جیاوازمان هەبێت. لە زمەنی دۆزراوەوە بۆ زەمەنی لەدەستچوو.[18] وەک ئەوەی لەو شوێنەی کە پرووست ڕۆمانەکەی تەواو کرد، سینەما دەستپێبکات. گێڕەرەوە لە کۆتا بەرگی ڕۆمانەکە، کاتێک بۆ کۆتا جار لە شارۆچکەی کۆمبرە دەسووڕێتەوە، دیمەنەکان وەک گەردەلوولێک دەبینێت کە دوور لە زەمەنی ئێستا پێچ دەخواتەوە. »ئاهـ، لەژێر ڕووناکیی چراکاندا جیهان چەندە گەورەیە و چەندەیش بچووک لەساتی بەبیرداهاتنەوەی«. ئێرە ڕێک ئەو شوێنەیە کە سەحنەی فیلمێکی لێوە دەستپێدەکات. گەورەیی جیهان (فەرامۆشی) و بچووکیی پەردە (یادەوەری). سینەفیل، نەک بە تەنیا لە ڕێگەی فرەیمەوە شتەکان بەیاد دەهێنێتەوە، بەڵکو بەئاگایە لە فەرامۆشیی ناکۆتای دەرەوەی فرەیمەکان. هەر لەبەر ئەمەیە دەبێت سینەفیل بنووسێت. لە کاتێکدا لە دەرەوەی فرەیم قەیران و ئاژاوە هەیە، ڕووناکیی وێنە کاڵ دەبێتەوە. لەم کاتەدا تەنیا سینەفیلێکی ڕاستەقینە دەتوانێت بڵێت: »لە کاتێکدا خوێندکاران و کرێکاران لەسەر شەقامەکانن، تۆش هاتووی باسی کڵۆز-ئەپ و تراکینگ شۆت دەکەی؟ «[19]

شوێن بۆ سینەفیل پرسێکی زۆر گرنگە. هەر سینەمادۆستێک، وڵاتێک، ناوچەیەک و ماڵێکی خۆی هەیە. بۆ ئەو ئەم قەڵەمڕەوە ژەم خاکی وەستان و هەم دیمەنێک بۆ گەیشتن پێی. سینەفیل شەیدای سەفەرە بەڵام بۆ سەفەرکردن سەرەتا دەبێت قەڵەمڕەوی خۆی بناسێت. هەمیشە دەیەوێت بفڕێت بەڵام تەنیا بە یەک مەرج: پێیەکانی لەسەر زەوی بێت. وەک ئەو کارەکتەرانەی لە جیهانی فیلمەکانی ژان ڤیگۆوە هاتبێتنە دەرەوە. سینەفیل بە چاوەکانی هەرچی ببینێت، بە دەستەکانی هەرچی بگرێت، بە دەنگی هەرچی بچڕێت بەڵام لەوە دڵنیایە کە دەیەوێت قاچەکانی لەسەر ڕووی زەوی بێت. سینەفیل وەک تاوس. گەورەترین سینەفیلەکان کەسانێکی لەم جۆرە بوون: بازن، ڕیڤێت، دێنەی، ساریس، هۆبێرمەن، هاسومی، برۆنز، دوبەک، مارتین و ئەوانی دیکە. ئادریان مارتین دەڵێت کە سینەفیلەکان، گرنگییەکی ئەوتۆ بە سینەمای وڵاتەکەی خۆیان نادەن. ئەمە بیرهێنەرەوەی ئەوەیە کە سینەفیلەکان زیاتر هاوشێوەی قاچاغچییەکان کاردەکەن. ناسینی تەواوەتی کات و شوێن لەپێناو بەرگری. سینەفیلیا وەکو ماشێنی جەنگ. لە ڕاستیدا چیتر کەس تاقەتی گوێگرتن لە کەشیشەکانی سەدەی حەفدەهەم نەماوە، کە دەیانگوت هونەر نەزمێکە بێ کات و شوێن. سینەفیل نەک تەنیا شتێکی وا دەزانێت بەڵکو هەوڵدەدات درزی ئۆنتۆڵۆجیی نێوان زەمەن-شوێن وێنە و زەمەن-شوێنێک کە لەناویدا ئامادەیە دووربخاتەوە. “دەتوانم بڵێم سینەفیل کۆمەکمان دەکات تا بگەڕێینەوە ناو هێزی گەمە. بەشی سینەفیل و پەیوەندیی بە کۆمەڵگاوە، هیچ نییە جگە لە سینەما، تەنانەت ئەگەر لەڕاستیدا ئەوە خەیاڵیش بێت و بێگومان واقیعیەتە چونکە سینەفیل بە هۆی ئەوەوە دەتوانێت واقیعیەت دەستکاری بکات.”[20] ئەم سەودای چوونەوە ناو جیهانەوە، لەبەر ئەوەیە کە سینەفیل بەپێچەوانەی ئەکادیمیستەکانەوە جەستەی هەیە. سینەفیل بە هۆی سینەماوە، توانایەکی زیاتری لەسەر کەشفکردنی وزە و لەرزەکانی جەستەی خۆی هەیە. هەر ئەمە بوو وای لە دێنەی کرد تا کۆتایی تەمەنی چەمکی »بایۆفیلم[21] «بۆ ناولێنان لە بەرهەمێکی سینەمایی بەکاربهێنێت. پەیوەندییەکی ئاڵۆزی نێوان وێنە لەگەڵ شوێن و زەمەن لەڕێگەی جەستەوە. تووڕەییەکی دەماری کە وا دەکات سینەفیل پاش بینینی فیلمەکان، لەگەڵ ئەوانی تر قسە بکات، ڕەخنە بگرێت و بنووسێت. سینەفیل فیلم دەبینێت و دەربارەیان دەنووسێت تا پەیوەندییەک بدۆزێتەوە کە ڕەنگە ئەوانی گۆڕیبێت. بۆ شیکردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە دەچینە لای ژۆرژ پۆلە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ڕەخنەگر ئەو کەسە نییە کە بەرهەمێکی هونەریی شەخسی کردۆتەوە و دەربارەی هەستەکانی خۆی لەگەڵ فیلمەکە دەنووسێت، لە ڕوانگەی ئەوەوە ڕەخنەگر لە زاویەیەکەوە دەڕوانێتە هونەر کە لەرزەکانی ناواخنی کارە هونەرییەکە بگوازرێتەوە بۆ جەستەی. گرنگترین مەرج بۆ کاری سینەفیلی ڕەخنەگر، ئەم سیستەمی مەودای نێوان وێنەیە لەگەڵ ئەو شوێنەی [وێنەکە] تێیدایە. مەودایەکی جادوویی. هەمان ئەو مەودایەی کە سارتەر وەک مەرجی سەرەکیی بینینی پەیکەرەکانی جیاکومێتی باسی دەکات[22]. ئەگەر سینەفیل تەنیا بیر لە وێنە بکاتەوە، بەبێ ئەوەی کە ئەو جیهانەی وێنەکەی تێدایە بناسێت، بێ ویستی خۆی، خۆی خستۆتە ناوی چاڵی شێوەگەرایی مانێریزم[23] و ڕەخنەکەی شکست دەهێنێت. ئەو شوێنەی کە هەموو شتێک لە فۆڕمدا ڕوو دەدات، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆک بچووکترین گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. مرۆڤگەلێکی وا، زۆر دەستپاکن، بەڵام ئەفووس کە هەر دەستیان نییە.

سینەفیلی بۆ ئێمە شتێکی لەم جۆرەیە. چەمکێکی گشتی کە لە هەر شوێن و کاتێکدا، ئەزموونی جیاواز لە خۆ دەگرێت و بەبێ تێگەیشتن لەم جیاوازییە مێژوویی و جوگرافیییە تەنیا دەبێتە هۆی لەکارکەوتن. ڕەنگە گرنگتریین جیاوازیی سینەفیل لەگەڵ (هەر وەک نموونە) کەسێکی ئاشق بە ئوتۆمبێل هەمان پەیوەندیی سینەما بێت لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە و مێژوودا. بۆ سینەفیلبوون ئاشنابوون بە ناوی ڕەخنەگرانی مۆدێرن، وەرگێڕانەکان، بینینی فیلم، بەشداری کردن لە وانە و نووسین لە گۆڤارەکاندا بەس نییە. سینەفیل کەسێک نییە دەربارەی سامانەکەی بدوێت چونکە ئەو هەژارە. هەژاری بە واتا ئابوورییەکەی نا بەڵکو بە واتا ئۆنتۆلۆجییەکەی. سینەفیل پێویستی بە وێنەیە و بەڵام ئەوەی کە ناتوانێت وێنەکان خودی بکاتەوە، هەست بە هەژاری دەکات. پاشایەکی بێ شانشین. بەبێ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنێت، لە دەستیداوە. »هەرگیز تا ئەو ڕۆژە نمایشیکم بەو هەموو سەرنجڕاکێشییەوە نەبینیبوو، هەستم دەکرد دەبێت بژیم… ئەو تێیگەیاندم کە هەژارم. «[24]هەژار هەروەک کارەکتەرەکانی پازۆلینی و کاساڤێتیس، کەسێکە کە بەهۆی هەستە تێکشکێنەرەکانی جەستەی، هەمیشە لە دۆخی کاردانەوەیە.[25] بێبەرگ و برسی، وەک برسێریی هنینگ کارڵسن. هەربۆیە سینەفیلەکان بەدرێژایی مێژووی سینەما پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ هەژاری هەیە. پەیوەندییەکی خێزانی. هەژارییەکەی سینەفیل لە هەموو شوێنێکە و هەمیشە لەگەڵ خۆی هەڵی دەگرێت. »ئۆهـ، من ئاشقی فیلمی (ئینجیل بە گێڕانەوەی مەتتا)ـم. هەرکاتێک لە شەقامەکانی نیویۆرک دەڕۆم هەوڵدەدەم ڕووخساری ئەو کەسانەی لە فیلمەکاندا بوون، بدۆزمەوە. زۆرێکیان لەم دەوروبەرە دەردەکەون. شەقامەکانی نیویۆرک، پڕە لە مەسیح. هەندێک کات بە خەڵکی دەڵێم: ئاه، دەبێت ئەو فیلمەت پیشان بدەن. «[26]لەبەری ئەوەی قاچەکانی هەژار لەسەر زەوییە بەڵام تەنیا ئەوە کە لە کۆتاییدا دەتوانێت، هاوشێوەی پیرێژنە خزمەتکارەکەی فیلمی تیۆرما، بگۆڕێت بە قەدیسێک و بفڕێت. لەم نێوەندەدا سینەفیل کارێکی نییە جگەلەوەی لە ئاسمانی ئارامی وێنە، لەژێر باڵە هەژارەکەیدا بمێنێتەوە. ئەو کارێکە نییە جگە لەوەی ببێت بە ئاغا حوسێنی کیندۆ بۆ هاوڕێکەمان و بە ئازارەوە بە هاوڕێکەی بڵێت: “عارەق بێنە، ئاغا حوسێنی عارەقم بۆ بێنە.”

[1] : هونەری جەنگیی شەڕەشمشێری ژاپۆنی.Kendo

[2]  François Truffaut, The Films in My Life, trans. Leonard Mayhew (New York: Simon and Schuster, 1975), 3–4.

[3] ئاماژەیە بە وتارێکی جۆرجیۆ ئاگامبێن، دەربارەی دۆن کیشۆت و سانچۆ پانزا لە فیلمەکەی ئۆرسن وێڵز. لە فیلمەکەدا سانچۆ پانزا بەدوای دۆن کیشۆتدا دەگەڕێت و سەرئەنجام لە هۆڵێکی سینەما دەیبینێتەوە. دۆن کیشؤت دەڕوانێتە فیلمێکی مێژووی: چەند سوارچاکێک زرێپۆشیان لەبەردایە و هێرش دەبەن. پاشان گرتەکە دەچێتە سەر دیمەنی ژنێک کە لە مەترسیدایە. دۆن کیشۆت ڕادەپەڕێ و بۆ ڕزگارکردنی ژنەکە بە شمشێرەکەی پەلاماری پەردەی سینەما دەدات. هێشتا ژنەکە و سوارچاکەکان دەبینرێن بەڵام درزێکی تاریک لە وێنەکاندا دروست بووە.

[4] لاڤینا فۆنتانا، یەکێک لە یەکەمین نیگارکێشە ژنە ئیتاڵیاییەکان.

[5] دیالۆگی کارەکتەری سەرەکیی فیلمی کێش (١٩٧٩)ـی ئیڤان زولوێتا

[6] Alessandro Barrico, The Barbarians: An Essay on the Mutation of Culture, trans. Stephen Sartarelli (New York: Rizzoli International Publications, 2014), 11

[7] Jean-Luc Godard : « Le cinéma, c’est un oubli de la réalité » (lemonde.fr)

[8] Elsaesser, Thomas. “Cinephilia, or The Uses of Disenchantment.” In Cinephilia: Movies, Love And Memory , edited by Marijke De Valck, and Malte Hagener, 27–44. Amsterdam: Amsterdam University Press, 2005 .

[9] کچی ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی، هێنری فۆندا. لە کاتی شەڕی ڤێتنامدا دەڕواتە ڤێتنام و پشتگیریی ڤێتنامییەکان دەکات. لەلایەن زۆرێک لە ئەمریکییەکانەوە وەکو خیانەتکاری نیشتیمان باس دەکرێت. ژان لوک گۆدار لەبارەی جەین فۆندا و ڤێتنام فیلمێکی هەیە بەناوی “نامە بۆ جەین”.

[10] Keathley, Christian. Cinephilia and History, or the Wind in the Trees. Bloomington and Indianapolis: Indiana University Press, 2006. Print

[11] Lesley Stern, “I Think, Sebastian, Therefore . . . I Somersault,” Paradoxa 3, no. 3–4 (1997)

[12] Raymond Durgnat, David Ehrenstein, and Jonathan Rosenbaum, “Obscure

Objects of Desire,” Film Comment (July–August 1978): 61.

[13] Snob

[14] .نیکول برونز. نقد به‌مثابه مفهوم، ضرورت و پراکسیس. ترجمۀ آیدین خلیلی. سایت ویتاسکوپ

[15] Jacques Rancière’s Les écarts du cinema. La Fabrique editions. Paris: 2011

[16] Jean-Luc Godard : « Le cinéma, c’est un oubli de la réalité » (lemonde.fr)

[17] http://www.academia.edu/10353920/The_Spectator_without_Qualities

[18] گفتگوی بین  گدار و دوراس، ترجمه مسعود سالاری، مجله ادبیات، شماره ۲۷۸. ژوئن  ۱۹۸۹

[19] وەڵامی گۆدار بۆ یەکێک لەو کەسانەی دەیویست لە ساڵی ١٩٦٨ فیستیڤاڵی کان بەردەوام بێت و دانەخرێت.

[20] Serge Daney and Serge Toubiana  interviewed by Fabrice Ziolkowski  on LES CAHIERS DU CINÉMA July 1978

[21] biofilm

[22] Jean-Paul Sartre, The Search for the Absolute, in Albert Giacometti (New York: Pierre Matisse Gallery, 1948. Translation by Lionel Abe

[23] Mannerism

[24] بهرام بیضایی در پاسخ به خبرنگار مجله «سینما»، شهریور ۱۳۵۶

[25] سۆهراب شەهیدسالییس بەهۆی ئەوەی فیلمی سروشتی بێگیان لە فیستیڤاڵی بەریلین خەڵات دەکرێت، دەنووسێت: سروشتی بێگیان بە ڕەسمی بانگێشتی فیستیڤاڵی بەرلین کرا… ئێشتا بۆ مەراسیمەکە کێیان بانگێشت کردبوو؟ پیرەمێردەکە، پیرەژنە کووڕەکە، ئەوانە بانگێشتی فیستیڤاڵەکە کران. من بیرمکردەوە ئەگەر ئەمانە بێن بۆ ئەڵمانیا و بەرلین و ئەوێ ببین تووشی شۆک دەبن و دەڵێب: ئێمە ئەو هەموو تەمەنە چ ژیانێکمان هەبوو و ئەمانیش چ ژیانێک.

[26] “I Had To Do It In My Life As Well As In The Film”: An Interview with Zoë Lund By Nicole Brenez and Agathe DreyfusTranslated by Brad Stevens. http://zoelund.com/filmvid/SensesOfCinema/interview.html

Leave a comment