[فوگەی مەرگ – پاول سیلان]
Paul Celan (1920-1970)
فوگەی مەرگ Todesfuge/ Dödsfuga
لە سوێدییەوە: ڕزگار شێخانی
”فوگەی مەرگ” شیعرێکی زۆر ناوداری ”پاول سیلان”ـە. لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا نووسیویەتی. ئەدەبناس و ناوەندە ئەدەبییەکانی جیهان لەسەر ئەوە کۆکن، کە پاول سیلان شاعیرێکی زۆر گەورەی دوای جەنگی دووەمی جیهانە و ”فوگەی مەرگ”یش ناودارترین شیعری ئەوە.
شیعرەکە بە ئەڵمانی نووسراوە و یەکەمجار ساڵی ١٩٤٧ تەرجەمەی ڕۆمانی کرا و بە ناوی ”تانگۆی مەرگ” بڵاو کرایەوە، ساڵی دواتر لە یەکەم دیوانیدا، بە ئەڵمانی بڵاو کرایەوە. خاسییەت و پێکهاتەی شیعرەکە وەک سەدا و تەبەقەی جودای مۆسیقا، فرەدەنگییە. فوگە Fuga وشەیەکی لاتینییە و واژەیەکی تیۆری مۆسیقایە، ئاماژەیە بۆ ئەو هەموو دەنگ و سەدا جودایانەی ژێ و ئامێری مۆسیقا، کە دووبارە دەبنەوە.
شیعرەکە باسی ڕووداوی واقیعیی قڕکردنی جووەکان دەکات لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانیدا. ئەوسا نازییەکان لە زۆر ئۆردوگا، لە کاتی کوشتن و سووتاندنی جووەکاندا ناچاریان دەکردن گۆڕ بۆ خۆیان هەڵبکەنن و هاوکات بەشێکیشیان ناچار دەکران مۆسیقا بژەنن. بەم جۆرە مۆسیقایەیش دەگوترا ”تانگۆی مەرگ”.
تێیدا دەنگ و سەدا و بابەت دەگوڕێ. ”ئێمە”ی زیندانی هەیە، کە بەشیکیان مۆسیقا دەژەنن و هاوکاتیش بەشێکیان گۆڕی خۆیان هەڵدەکەن. ”جەللاد”یش هەیە، کە نامە بۆ ”مارگەریتا”ی خۆشەویستی دەنووسێت و فەرمان بە بەندکراوەکان دەکات گۆڕی خۆیان هەڵبکەنن. ”سولامیت”ــیش، کە لە دوادێڕدا ناوی هاتووە، ئەو کچەیە کە حەزرەتی سولەیمان عاشقی بوو و لە ”غەزەلی غەزەلان/ گۆرانیی گۆرانیان”؛دا، بە شیعر عەشقی خۆی بۆ دەربڕیوە. لەوێ لە شیعری ژمارە ٦، کۆپلەی ١٢ ناوی هاتووە. نزیکەی هەموو شیعره‌کانی پاول سیلان له‌ تراژیدیایەکه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاون، که‌ ئاسه‌واری به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی ئه‌ورووپایی دوای شه‌ڕه‌وه‌ هه‌یه‌.
.
فوگەی مەرگ
.
شیری ڕەشی سپێدە ئێمە ئێواران دەیخۆینەوە
نیوەڕۆ و بەیانیان دەیخۆینەوە شەو دەیخۆینەوە
ئێمە دەخۆینەوە و دەخۆینەوە
لە هەوا گۆڕێک هەڵدەکەنین ئەوێ تەنگەبەر نییە
پیاوێک لە خانووەکەدا دەژی لەگەڵ مار یاری دەکا دەنووسێ
کە ئەڵمانیا تاریک دادێ ئەو دەنووسێ قژی زێڕنیت مارگەریتا
ئەمە دەنووسێ و دەچێتە بەرانبەر خانووەکە ئەستێرەکان دەبریسکێنەوە فیکە بۆ سەگەکانی لێ دەدا بێنە ئێرە
بە فیکە بانگی جووەکانی دەکا لە زەوی گۆڕێک هەڵبکەنن
فەرمانمان پێ دەکا مۆسیقای دانس بژەنین
شیری ڕەشی سپێدە ئێمە شەوان دەتخۆینەوە
بەیانیان و نیوەڕۆیان دەتخۆینەوە ئێواران دەتخۆینەوە
دەخۆینەوە و دەخۆینەوە
پیاوێک لە خانووەکەدا دەژی لەگەڵ مار یاری دەکا دەنووسێت
کە ئەڵمانیا تاریک دادێ ئەو دەنووسێ قژی زێڕنیت مارگەریتا
قژی خۆڵەمێشیت سولامیت لە هەوا گۆڕێک هەڵدەکەنین ئەوێ تەنگەبەر نییە
هاوار دەکات ئێوە قووڵتر هەڵبکەنن و ئێوەیش بژەنن و گۆرانی بڵێن
دەست بۆ ئاسنی بەرپشتبەندی دەبا دەیسوڕێنێ چاوی شینە
ئێوە بێڵەکانتان قووڵتر لێدەن ئێوەیش بەردەوام مۆسییقای دانس بژەنن
شیری ڕەشی سپێدە ئێمە شەوان دەتخۆینەوە
نیوەڕۆ و بەیانیان دەتخۆینەوە ئێواران دەتخۆینەوە
دەخۆینەوە و دەخۆینەوە
پیاوێک لە خانووەکەدا دەژی قژی زێڕینت مارگەریتا
قژی خۆڵەمێشیت سولامیت ئەو لەگەڵ مار یاری دەکات
هاوار دەکات خۆشتر مەرگ بژەنن مەرگ کارامەیەکی ئەڵمانییە
هاوار دەکات گڕتر کەمانجەکانتان بژەنن ئەوسا وەک دووکەڵ بە هەوادا هەڵدەکشێن
ئەوسا لەناو هەوران گۆڕێکتان دەبێ ئەوێ تەنگەبەر نییە
شیری ڕەشی سپێدە ئێمە شەوان دەتخۆینەوە
نیوەڕۆیان دەتخۆینەوە مەرگ کارامەیەکی ئەڵمانییە
ئێواران و بەیانیان دەتخۆینەوە دەخۆینەوە و دەخۆینەوە
مەرگ کارامەیەکی ئەڵمانییە چاوی شینە
بە گوللەی قوڕقوشم دەتپێکێ بە گوللەکەی ڕێک دەپێکێ
پیاوێک لە خانووەکەدا دەژی قژی زێڕینت مارگەریتا
سەگەکانی لە ئێمە بەردەدا لە هەوا گۆڕێکمان دەداتێ
لەگەڵ مار یاری دەکا و خەون دەبینێ مەرگ کارامەیەکی ئەڵمانییە
قژی زێڕینت مارگەریتا
قژی خۆڵەمێشیت سولامیت
.
ئەم شیعرە و کۆمەڵێک شیعری تری پاول سیلان، لەناو ئەو بژاردەیەدا هەن، کە پار لە کوردستان بڵاو کرایەوە.

Leave a comment