[دڵدارییەکی بابەتی]

دڵدارییەکی بابەتی                            

ناساندن و وەرگێڕان: نزار سابیر

 

“دڵدارییەکی بابەتی یان مەوزووعی -Sachliche Romanze” شیعرێکی بەناوبانگی نووسەر و شانۆنووس و شاعیری ئەڵمانی (ئێریش کێستنەر)ە، لە ١٩٢٨دا بڵاوی کردۆتەوە.

ناونیشانەکە بە نزیکی دەکاتە دڵدارییەکی بابەتی یان مەوزووعی. شیعرەکە دەچێتە خانەی ئاراستەیەکی ئەدەبیی ئەڵمانییەوە، کە ( Neue Sachlichkeit مەوزووعیەتی نوێ)ی پێ دەگوترێ و لە دەورانی نێوان هەردوو جەنگە گەورەکەدا وەک تەهوژمێکی زاڵی هونەری و ئەدەبی دەرکەوتووە.

ئەم تەهوژمە لەژێر کاریگەریی کارەساتی جەنگە جیهانییەکەی یەکەمدا وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە تەعبیرییەت دەرکەوت. بە پێچەوانەی تەعبیرییەتەوە، کە کار لەسەر تۆخکردنەوە و زەقکردنەوەی ئەزموونکردنی خۆیی (subjective) و شکاندنی فۆرمە واقعییەکان دەکا و توند دەریاندەبڕێ، مەوزووعییەتی نوێ دەیەوێ هونەر لە سەرمەستی بەهۆش بێنێتەوە؛ دەیەوێ ئەدەب و هونەر لە خەیاڵی شەخسی و ئەزموونکردنی خۆیی یان زەینی دابماڵێ و بیانهێنێتەوە سەر پلێتی ڕەق و ساردی واقعی مەوزووعی یان بابەتی. بۆیە دەکرێ دڵدارییەکی بابەتی وەک دڵدارییەکی بێدار یان ناخومار تێبگەین، کە دڵداران تیایدا ساتە سەروەختەکییەکانی جۆشخوارنی هەست و سۆزە باڵگرتووەکانیان بەسەربردووە و کەوتوونەتەوە ناو ساتە هەمیشە خۆسەپێنەرەوەکانی واقعی بە زەوییەوە نووساو؛ ئاگری دڵ دامرکاوەتەوە و سەری سارد و سڕ کەوتۆتەوە کار.

کێرستنەر (١٨٩٩ – ١٩٧٤) یەکێکە لەو نووسەرە دەگمەنانەی دژەنازی بوون و لە ئەڵمانیا ماونەتەوە. تاکە نووسەری ئەڵمانیاشە، کە لە هەڵمەتە گەورەکانی نازییەکاندا بۆ کتێبسووتاندن سووتاندنی کتێبەکانی خۆی بە چاوی بینیوە. چەندان جار بەربژێرکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ.

 

دڵدارییە کوردییەکە

دەقە کوردییەکە لێکڕا وەرگێرانی دەقە ئەڵمانییەکەیە بە فۆرمێکی دیکە و ناوەڕۆکێکی کەمێک جیاوازەوە. دەقە ئەڵمانییەکە بە دۆخی کەسی سێیەم لە ڕابوردوودا قسەدەکا؛ باس لە “ئەوان” دەکا لە ڕابوردوودا. دەقە کوردییە بە دۆخی کەسی دووەم و ڕانەبوردوو قسەدەکا؛ بۆ “تۆ” قسەدەکا و باس لە “من و تۆ” دەکا لە ئێستادا. بەمە دەقە کوردییەکە پەیامێکی کەمێک جیاوازتر بە گوێدا دەدا. ئەم هێشتا دەستی لە پەیوەندییە ساردەکە نەشتووە: لە ئێستادا قسەدەکا نەک ڕابوردوو؛ کوڕەکە کچەکە دەدوێنێ و هێشتا لە پەیوەندی‌دایە. دەقە کوردییەکە مەوزووعییەتە سارد و نائومێدبارەکەی دەقە ئەڵمانییەکەی پاراستووە، بەڵام کۆتایییەکەی بە کراوەیی هێشتۆتەوە. بۆیە ناونیشانەکە “مەوزووعی”یەکەی لە دڵدارییەکە کردۆتەوە و “تیاماو”ی خستۆتە جێ. ئەمە لەوەوەیە، لای من لە دنیای ژیانکراودا هەستەکانی ئینسان هەرگیز خۆییی ڕووت و مەوزووعیی ڕووت نین ناوبەناو جێی یەکتر بگرن؛ بەڵکو بەردەوام لە پەیوەندییەکی دینامیکدان و هەمیشە هەم خۆیی‌ن و هەم مەوزووعی‌ن؛ هەمان شتن بەڵام لە ئەندازەدا لەئاست شتانی دیکەدا نیسبەت بەرانبەر یەکتر دەگرن. ئەوە پێوانە دەرەکییەکانن نیسبەتەکە لەنێوان دوو جەمسەرە زمانەکی-سایکۆلۆژییەکەدا دروست دەکەن: خۆیی و بابەتی، ئاتیفی و ئەقڵی، دڵ و سەر، گەرم و سارد. بۆیە وەک نێرەومێیەیەکی چەمکانە هیچیان بێ هیچیان نابن. مەوزووعیبوون حاڵەتێکی “ئەسڵ” نییە بۆ حاڵەتێکی “فەرع” کە خۆییبوونە. بۆیە لە دەقە کوردییەکەدا مەوزووعییەت، وەک ئەنجامێکی حەتمی، دڵدارییەکە هەڵناوەشێنێتەوە. لەوە زۆرتری لەسەر ناڕۆم: نە خۆشەویستی باڵۆنە و نە مەوزووعییەتیش دەرزی، تا ئەمیان ئەویان فش بکاتەوە.

هەروەها دەقە کوردییەکە قاڵبە سەروایییە چوارپارەیییەکەی ئەڵمانییەکەی پاراستووە، بەڵام سەرواکان (قافیەکان) بە پێوەری کلاسیکی سەروای تەواو نین. چوارپارەکان شوێن پێی ئەوانەی ئەڵمانییەکەیان هەڵگرتووە، بەڵام بۆ دەستکراوەتربوون دێڕە کوردییەکان درێژترن و لە هەندێکیشیاندا دێرەکان پاشەپێشیان پێ کراوە. هەرچەندە هەوڵدراوە ئەوەندەی دەکرێ کەرەستەکانی ئەسڵەکە بەکاربهێنرێنەوە، بەڵام لە خەیاڵە کوردییەکەدا وێنەکان بە گشتی جیاوازن و وشە و مانای دیکە چوونەتە جێی ئەوانەی ناو ئەسڵە ئەڵمانییەکە.

پشتخانی “دوو دڵی تیاماو”

هەر کە چاوم بە شیعرەکەی کێرستنەر کەوت، چوو بە دڵما. ناوەڕۆکی شیعرە دڵدارییە کوردییەکان بە گشتی لە کڵێشە نەریتانەکەی دڵداری تێناپەڕن: وەسفی جوانیی کچ، ئارەزوو و تەجروبەی سێکسی، ئەشقی یەکلایەنە، سووتانی ئاشقانەی هەردوو دڵدار، خۆشەویستیی پاک و عاریفانە، دڵداریی بەدزییەوە، ئاشقی نێرینەی هەژار و مێیینەی ئەشقفڕۆش، بێوەفایی، خیانەت، قوربانیدان، خۆکوشتن. بەڵام ئەو شیعرانەی لەسەر وردەکاریی ژیانی ڕۆژانەی پەیوەندی و حاڵەتە قووڵە سایکۆلۆژییەکان دەوەستن یەکجار کەمن. بۆیە پێم خۆش بوو ئەم شیعرە بە کوردی ببینرێ.

شیعر وەک خۆی بۆ وەرگێڕان دەست نادا. کاتێک کە ئەوە دەکرێ، ناچارییەکیی کولتوورییە. بۆیە هەموو وەرگێڕانێکی شیعری هەڵوەشاندنەوە و تێکشکاندنی “گشت”ێکە بۆ دروستکردنی “گشت”ێکی دیکە. هەروەک داروپەردووی خانووی ڕووخێنراویش تەنیا هەندێک لە کەرەستەکانی “گشت”ە ئەسڵەکە بە کەڵکی بەکارهێنانەوە دێن. بۆیە وەرگێڕان داڕووخاندنی یەکێک و هەڵبەستنی یەکێکی دیکەیە؛ وەرشێوانە. لە ڕاستی‌دا شیعر وەردەگەڕێنرێ نەک وەردەگێڕرێ. وەرگەڕان هەن شیعری جوانتریان خستۆتەوە. بەڵام نموونەی لەم جۆرە کەمن؛ چونکە دروستکردنی خانوویەکی جوانتر بە کەرەستە داڕووخاوەکانی خانوویەکی کۆنتر ئەگەری سەرگرتنی کەمترە. مەحکوومبوون بە بەکارهێنانەوەی کەرەستە کۆنە بەکارهاتووەکان دەستی وەرگەڕێنەر دەبەستێتەوە؛ بۆیە بە گشتی‌ شیعرە وەرگەڕاوەکان پینەوپەڕۆ و ناڕەوانی‌ و قۆرت و گرێ‌یان پتر پێوە دیارن وەک لە ئەسڵەکان. ئەوەی ڕوونە، ئەمەی منیش هەموو ئەوانە لەخۆدەگرێ. ئەوەی ڕوون نییە و شوێن بۆ هیوایەک دەکاتەوە ئەوەیە، ئەو خەوشانە بایی ئەوەندە نەبن، خانووی “دڵدارییە بابەتی”یەکەی من نە شیعردۆست ئیدارەی تێدا بکەن و نە دڵدار.

 

دڵدارییەکی بابەتی

 

وا هەشت ساڵە لەگەڵ یەکاین، تەمەنێکە یەک دەناسین

بەیەکەوە دەنوین، دەخۆین ، دێین و دەڕۆین، کەچی لەپڕ

ئێستا وا لەیەک نامۆبووین، لە سەرنجی یەک دەترسین

قۆڵ لە قۆڵا پیاسە دەکەین دەستمان گەرم، دڵ سارد و سڕ

 

بە دڵتەنگی وەک دوو دڵخۆش تەمسیل لەگەڵ یەکا دەکەین

ماچ دەکەین، دەڵێین بەشکوم ماچ ئەم بارە لەکۆڵ ‘کاتەوە

سەیری یەک دەکەین، نازانین ئەی دوای ئەوە چی تر بکەین

دواجار تۆ دەگریت و من دێم بێدەنگ دەوەستم لاتەوە

 

سەئات وا چوار و چارەکە، دوای نیوەڕۆیە سەرلەنوێ

لەودیو پەنجەرەوە پاپۆڕ ڕووەو ئاسۆ دەڕۆنەوە

لە تەنیشت ڕا تۆنی نەرمی پیانۆیەک سووک دێتە گوێ

دەڵێم “هەڵستە بچینە جێیەک با قاوەیەک بخۆینەوە”

 

دەچینە قاوەخانەیەک دادەنیشین لە گۆشەیەک

لەتاو متبوونمان ناو بە ناو کەوچک بە کووپا دەگێڕین

تاریک دەکا و هێشتا لەوێین، نادرکێنین هیچ وشەیەک

خۆشمان سەر لەوە دەرناکەین بۆ وا لە ئاست یەکا گێڕین

نە دەتوانین ڕوو لەیەک کەین، نە ڕوو لە یەک وەربگێڕین

 

دەقە ئەڵمانییەکەی شیعری(Sachliche Romanze)ی (ئێریش کێستنەر( Erich Kästner)

 

Als sie einander acht Jahre kannten

(und man darf sagen: sie kannten sich gut)

kam ihre Liebe plötzlich abhanden.

Wie andern Leuten ein Stock oder Hut.

 

Sie waren traurig, betrugen sich heiter,

versuchten Küsse, als ob nichts sei,

und sahen sich an und wussten nicht weiter.

Da weinte sie schließlich. Und er stand dabei.

 

Vom Fenster aus konnte man Schiffen winken.

Er sagte, es wäre schon Viertel nach vier

und Zeit, irgendwo Kaffee zu trinken.

Nebenan übte ein Mensch Klavier.

 

Sie gingen ins kleinste Café am Ort

und rührten in ihren Tassen.

Am Abend saßen sie immer noch dort.

Sie saßen allein, und sie sprachen kein Wort

und konnten es einfach nicht fassen.

 

Leave a comment