ئەم کۆتاییە بکەن بە ئاهەنگ، کۆتایی مرۆڤ شکۆدارە

خوێندنەوەی ڕۆمانی [ مالیخۆلیای ڕۆژ ]

ئاسۆ سەڵاح

 

 

ناکرێت ئەدەبیات بخوێنینەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ کلاسیک و مێژووە ڕەگ داکوتاوەکەی کە تا ئیستاش کەم تا زۆر کاریگەری بەسەر ئەدەبیاتی مۆدێرنەوە هەیە لە زۆر ڕەهەندی جیاوازەدا کە لێرەدا دەمەویت لەسەر چەق و زمانی گێڕانەوە و کارەکتەرسازی و پرسی جەوهەری، چەند سەرنجێک بخەمە ڕوو دەربارەی ڕۆمانی [مالیخۆلیای ڕۆژ].

 

چیرۆکی پاڵتۆی گۆگۆڵ بە نموونە دێنینەوە کە چەقی گێڕانەوە لە دەوری خاڵێکی بنەڕەتدا دەخولێتەوە کە ژیانی کارمەندێکی میرییە بەناوی ئاکاکی ئاکاکۆڤیچ و لەڕێی ئەم کارەکتەرەوە ئاشنادەبین بە واقیعی ژیان لە ڕووسیای ئەوکاتدا و گوزەرانی مرۆڤ لەو سەردەمە فیۆدالیزمیەدا دەبینین، زمانی گێڕانەوە لە پاڵتۆدا بۆ خاڵی زۆر ورد چڕ دەبێتەوە و بەڕوونی وردەکاری و تایبەتمەندی کارەکتەر و فەزاساییەکە هەست پێدەکەین و خوێنەر هەست بە وێنەی سینەمایی دەکات بەجۆرێک کە گواستنەوەیەکی ڕیالیزمانەیە و دەتوانین زوو ئەم ژانرە ئەدەبییە بناسینەوە, تا دەگاتە پرسی جەوهەری کە ژیان و باری گوزەرانی ئاکاکییە لەو کۆمەڵگا کۆنەپاریزەدا و وێناکردنەوەی خەون و خەیاڵەکانی و دووبارە بەستنەوەی بە فەزای کۆمەڵایەتییەوە.

لە گێڕانەوەی ریالیزمدا، چاوی گێڕەڕەوە بە ئەندازەیەکی زۆر لە چاوی کامێرە دەچێت بەجۆرێک کە ئامانجی ئەوەیە هەموو وردەکارییەک ریالیستیانە بگوازێتەوە. تێگەیشتن لەم خولیایەی ریالیزم قورس نییە، لەبەرئەوەی هێشتا چاوی کامێرا زاڵ نەبووبوو و هەروەها نەچووبووە ناو پانتایی گێڕانەوە. ئەوە تەنیا لەگەڵ سینەمادایە چاوی کامێرا بە تەواوی دەڕواتە پانتایی گێڕانەوەوە و سیحری چاوی گێڕانەوەی ریالیستی لە ئەدەبدا بەوجۆرەی کە هەبوو بەتاڵ دەکاتەوە.

لە رۆمانی مالیخۆلیای رۆژدا، گێڕانەوە تا ئەندازەیەکی زۆر هەڵهاتنە، لە چاوی ریالیستی کلاسیک و لە چاوی کامێرا. لە جیاتی ئەوەی وردودرشتی رووداوەکان، سیفەتی کارەکتەرەکان و فەزاکە بەوشێوەی کە هەیە بیگوازێتەوە، بەشێوەیەکی سنوردار ئەو رەهەندەیان لە ڕێگەی گێڕانەوە دەگوازێتەوە کە چاوی کامێرا بە ئاسانی ناتوانێت بیبینێت. راستە دواجار وێناکە لە زیهنی خوێنەردا دروست دەبێت، بەڵام هەمان وێنا نییە کە لە چاوی کامێرا یان گێڕەڕەوەی ریالیستی کلاسیکەوە بەردەست دەبێت.

 

دیاریکردنی چەق لە [مالیخۆلیای ڕۆژدا] هێند ئاسان نییە بەو هۆکارەی گێڕانەوە جیاوازەکان لەدەوری چەقێکدا کۆناکرێنەوە و دەکرێت بە دەقێکی سرک ناوی بێنین کە بەردەوام لە گۆڕانی کات و شوێن و بابەتدا دەخولێتەوە، ئەمەش وایکردووە کە نەتوانین بە ئاسانی چەق بدۆزینەوە، لە هەر چەند بەشێکی جیاوازدا چەق جێگۆڕکی دەکات، لە سەرەتادا ژیانی تاکە کەسی و دواتر پەیوەندی هاوڕێیەتی دێتە ناوە و بەستنەوەی لەگەڵ ئاهەنگی نەورۆزدا دەبینین، هاوکات ڕووداوێکی نەزانراو کتوپڕ دێتە ناو دیالۆگەکانەوە  ”درەنگانی شەو بوو، شەوە و پیاوێک خۆیان کرد بە ژووردا، پیاوەکەم نەدەناسی. شەوە وتی ئامۆشی باپیریشم بە بیستنی هەواڵەکە وەک تۆی لێهاتووە و سەرەڕای ئەوەی کە ئەو ناتوانێت چاویش بکاتەوە بەڵام تۆ چاوت کراوەیە و ئیدی نازانم شت دەبیستی یان نا”. لێرەدا بەر گۆڕانی چیرۆک دەکەوین کە چەق و ئاتمۆسفێری چیرۆکەکەمان لێدەگۆڕێت، ئەم گۆڕانە کتوپڕانە کە ڕیتم و هێڵی گشتی چیرۆکەکان تیکدەشکێنێت کە پتر نزیکە لە ئەدەبیاتی مۆدێرنەوە، بە بەراورد لەگەڵ ڕۆمانی [شەوی لیشبۆنە]ی ڕیمارک؛ نزیکی و خاڵی هاوبەش دەبینینەوە لە تێکشکانی چەقی گێڕانەوەدا کە نووسەر لە چەند گۆشە بینینێکی جیاوازەوە هێڵە گشتییەکان تێکدەشکێنێت و گرێچنێک بۆ خوێنەر دروست دەکات و لە خاڵێکی دیاریکراودا دەربازی دەکات.

نەبوونی گێرانەوەی هێڵی و نەبوونی گێڕەڕەوەی جێگیر ئەو وێنایە لەلای خوێنەر دروستدەکات کە کۆمەڵە چیرۆک دەخوێنێتەوە لە جیاتی ئەوە رۆمان بخوێنێتەوە؛ ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خوێنەری ئێمە چەشەی بە ئەدەبی رۆمانتیک و ریالیزم قاندراوە و ئەدەبی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزمیش ئەگەر وەرگێڕدرابێتە سەر زمانی کوردی بەهەمان تامەوە دەخوێنێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خوێنەری ئەدەبی ئێمە دەقێک بە رۆمان دەبینێت کە لە هەمان فەزای رۆمانی کلاسیکدا نووسرابێت و هەمان یەکێتی چەق و گێڕانەوە و بەرەوپێشچوونی دیمەنەکانی هەبێت. کاتێک رۆمانێکی جیاواز لە چەشەی خۆی دەخوێنێتەوە یان ئەوەتا ئەو بەرکەوتنی لەگەڵ دروست ناکات یان لە ژێر جۆرێکی تردا پۆڵێنی دەکات.

زمانی گێڕانەوە، لە رۆمانی مالیخۆلیادا ئاستە جیاوازەکانی تێکەڵکردووە. لە هەندێ شوێندا، دیمەنەکان، خێرا، سەرپێی و بەبێ وردەکاری و بە زمانی رۆژانە دەگوازرێتەوە وەک ئەم چەند دێڕە: ” لەم بیرکردنەوانەدا بووم کە لە دەرگای قاوشەکە درا، بۆ چەند چرکەیەک وامزانی لە ماڵی خۆمانین و دلیڤەری لە دەرگای داوە و من دەبێت بڕۆم خواردنەکە وەربگرم و ئامۆشیش سفرەکە ڕابخات”. لە هەندێ شوێنی تردا دیمەنێکی دیاریکراو زۆر بە وردەکاری، بە تیروتەسەلی دەگوازرێتەوە تا ئاستێک کە خوێنەر لەو وردەکارییە زۆرە بێزار دەبێت. ئەمەش ریتمی گێڕانەوەکە دەگۆرێت لە ئاستێکەوە بۆ ئاستێکی تر وەک لەم پەرەگرافەدا دەیبینین: ”هەموومان لەسەر مێزی شێوخواردن لە چێشتخانەکەدا دانیشتبووین؛ شێو ئامادەبوو و لەسەر مێزەکە دانرابوو. هاوبین و شەوە خواردنەکەیان لێنابوو و هەر ئەوانیش لەسەر مێزەکە دایان نابوو. ئامۆش لەمسەری مێزەکە بە تەنیا دانیشتبوو و ئەوسەری مێزەکە کەسی لێدانەنیشتبوو. دەستی ڕاستی ئامۆش بەرەوخوار ژینزێ دانیشتبوو و بەرانبەر بیرۆ، واتە دەستی چەپی ئامۆش بەرەوخوار بیرۆ دانیشتبوو. لە تەنیشت ژینزێ، خۆم دانیشتبووم و بەرانبەرم، نەوڕاز بە تەنیشت بیرۆوە دانیشتبوو. بە تەنیشتی منەوە، شەوە دانیشتبوو و بەرانبەر شەوە، هاوبین بە تەنیشتی نەوڕازەوە دانیشتبوو. نەوڕاز بەر لە هەمووان دەستی درێژکرد بۆ خواردنەکە و ویستی دەستپێبکات، ئامۆش وتی تکایە بۆ چەند چرکەیەک دەست لە هیچ مەدەن و هیچ مەخۆن، دەمەوێت شتێک بڵێم و پاش ئەوە دەستدەکەین بە خواردن و گفتوگۆ”. لە هەندێ شوێنی تردا زمان زۆر ئەدەبی دەبێتەوە و لە زمانی رۆژانە و وقیع دووردەکەوێتەوە، هەروەها لە هەندێ شوێنی تردا زمانی گێڕانەوە لە ئەدەب دووردەکەوێتەوە بەرەو زمانی فکری دەڕوات. هەموو ئەمانە وادەکەن زمانی گێرانەوە لە [مالیخۆلیای رۆژدا] بەئاسانی کاتیگۆرایز ناکرێت و تا ئاستێکی بەرز خاوەن فۆڕمی زمانی تایبەت بە خۆیەتی و لە زۆر شوێندا هێڵە ئەدەبیە باوەکان تێکدەشکێنێت و دەبێتەوە زمانی واقیع و ڕۆژانە، ئەم زمانە لە هەندێک جێگەدا سادەیە لەڕووی وشەسازی و مێتافۆڕەوە و لەهەمان کاتیشدا چڕ و بەیەکدا چووە و هەر ئەم سادەیی بوونەوەیە زۆر تەکنیک و ڕیتمگۆڕكێی لەخۆیدا شاردۆتەوە و هەندێک جار خوێنەر بە لاڕێدا دەبات بە جۆرێک کە چیتر سادە نامێنێت. ”پیرێژنەکەیان لە نەورۆزدا کوشتووەو خەڵکی پێیان وابوو جەژناوجەژن کەوتووە. بەداخەوە تازە بەر بە هیچ شتێک ناگیرێت، جیهانمان نەزیف بووە و ئەم خوێنە ناگیرسێتەوە”. لێرەدا نووسەر ڕووداوێکمان لە نادیارەوە بۆ دەگێڕێتەوە و کتوپڕ گشتگیری دەکات کە لە دواتردا لەم گرێچنانەی نزیک و نزیکتر دەبینەوە.

کارەکتەرسازی لەم ڕۆمانەدا گرنگی زۆری پێدراوە و بە مەبەست ناوەکان  تێکهەڵکێشی واتاکانیان کراون، ناوەکان بە تایبەت داتاشراون بۆ کارەکتەرەکان و شێوەی ژیان و بیرکردنەوە و ڕووداوەکانی بەسەریاندا دێت وەک شەوە، نەوڕاز، هاوبین، بیرۆ، دەرکۆ، ئامۆش، ژینزێ…”.

لێرەدا کارەکتەرسازی جۆرێک لە جێگۆڕکێی گۆشەی بینین(point of view) دەکات کە خوێنەر دەخاتە ئاتمۆسفیرێکی وێنەیی و سینەماییەوە و بەردەوام گۆشەی گێڕانەوە دەگۆڕێت و زۆر کات کارەکتەرەکان ون دەکەین و لە چاوی کارەکتەرێکی ترەوە دەخوڵقێتەوە و دەیبینین، بە بەراورد لەگەڵ فیلمی [فریشتیەی مەرگ] ی بۆنوێڵ لێکچونێک بە ڤیژنی سینەمایی دەدۆزینەوە کە ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە لە چاوی کارەکتەرەکانەوە گۆشەی خۆی دەگۆڕێت و ڕیفۆرم دەبێتەوە بەهەمان شێوە لە مالیخۆلیای رۆژدا ئەم جێگۆڕکێیە بە ڕوونی لەمس دەکەین.” ئەوکاتەی یەکی دوو سێ بیرەمان خواردەوە، بەتەواوی کەوتمە گومانەوە؛ جووڵە و قسەی سەیر و سەمەرەی هەبوو. ئەوەی پێشوو نەبوو؛ دواجار بۆ ئەوەی تەواو دڵنیابمەوە بۆنی ناوکیم کرد”.

 

پرسی جەوهەری بە تەنها لە یەک جێدا ناگیرسیتەوە و فرە ڕەهەندی و گرێدانیان پێکەوە هەست پێدەکرێت و فەلسەفە حزوریکی بەردەوامی هەیە، لە دیالۆگەکانی سەرەتادا پرسی بوون دێنێتە ئاراوە کە بە چڕی لە ناوەڕاست و کۆتایدا ئاڵۆزی و بیرکردنەوە لای خوێنەر دەوروژێنێت، پیشاندانەوەی دونیای مۆدێرن و ترس لە گەشە سەندنی زانستی بەشێکی گەورە لە ڕۆمانەکە پێک دێنێت تیکەڵاو بە ڕووداوە گەورەکانی ئەم سەردەمە دەبێت بە تایبەت بەڵا کوشندەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە کاریگەری گەورەیان لەسەر کۆمەڵگەی مرۆیی جێهێشتووە، ئەم ڕۆمانە هاوکات لەگەڵ سەردەمی خۆیدا ئاوێتەیە و پەتای کۆرۆنا بە فۆڕم و سیناریۆ و کاریگەری جیاوازەوە دەگێڕێتەوە و مەودای کۆمەڵایەتی زەقتر و بیڕەحمانەتر پیشاندەداتەوە تا ئەو ئاستەی خۆشەویستی ناو خێزان لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە بەهۆی تەنها دەنگۆیەکەوە. ئەوەی لە رۆمانەکەدا سەرنجڕاکێشە ئەوەیە سەرەتا بەر هیستریاییەکی سایکۆلۆژی دەستەجەمی دەکەوین، دواتر وەردەگەڕێت بۆ ڤایرۆسێک هاوشێوەی کۆڤیدی نۆزدە بەڵام ئیدی لە شوێنێکەوە بەدواوە ئەوە مەحاڵ دەبێت، نەخۆشییەکە وەکو بەتایەکی بایۆلۆژی ببینین؛ مانا و دەلالەتی جیاواز تر وەردەگرن. وەک چۆن کوێری لە رۆمانی ”کوێری” ساراماگۆدا لە کوێری ئاسایی زیاتر هەڵدەکشێت و مانا و دەلالەتی وەردەگرێت؛ لەم رۆمانەشەدا، پەتاکە هەمان شتە.

شوناسی و پرسی کورد یەکێکە لە پرسە جەوهەرییەکان لای نووسەر و ئەمەش کاریگەری بەسەر زمان و کارەکتەر و فەزاسازی و ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکەوە جێهێشتووە، تەنانەت هەندێک لە وێنە خەیاڵییەکان بە مێژوو و فەرهەنگی کوردەوە گرێدراون و لەبری ئەوەی بکوردێنرێن لە بنەچەوە هەڵقوڵاوی زمانی کوردین ”لە هیچ نەورۆزێکدا خەڵکی ئاوا خۆیان نەکردووە بە ماڵی کەسدا و بەوشێوەیە نەیان خواردووەتەوە”. هەروەها گرێدانەوەی بە ”گرێ ناڤۆکێ” لە سەرنجکێشترین تێماکانی ناو رۆمانەکەیە.

پیشاندانەوەی کاپیتاڵیزم و دەرهاویشتەکانی وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر مرۆڤایەتی دەبینرێن و لە باگراوندی دەقەکەدا دەبیتە سێبەر بەسەر گێڕانەوەکەوە، لاوازی تاک بەرامبەر دەسەڵات و سیستمە حوکومڕانییە سەردەمییەکان بەجۆرێک زیاد کراوە و سەرنجی خراوەتە سەر کە خوینەر پەلکێش دەکات بۆ دۆزینەوەی خۆی لەناو ئەم سیستمە کۆنتڕۆڵ کراوە گشتگیرەدا کە تەواوی جیهانی تەنیوە و تا بێت مرۆڤ هەناسە سوارتر دەبێت لەبەرامبەریدا. ”ئەوە بەتەنها ئێمە نین کە لەم ژوورەدا زیندانین ئەوە ئەوانەی دەرەوەشن، هەروەها ئەوانەی کە پاسەوانی ئێمەشن زیندانین”.

بەشێکی تر لە پرسی ئەم ڕۆمانە تەرکیز لە سایکۆلۆژیای مرۆڤ دەکات لەناو خۆیدا و لەناو کۆمەڵگەدا و دەیکاتەوە پرسێکی سۆسیۆلۆژی و وەک گرێچنێک ئاوێتەی یەکیان دەکات و لە ڕێگەی ئەزموون و چیرۆکە واقیعی و خەیاڵییەکانی کارەکتەرەکانییەوە بەرجەستەیان دەکات و وەک پرسێکی وەڵام نەدراوە بۆ خوێنەریان جێدێڵێت، ”جەهەنەمی هەموو مرۆڤیک دایکێتی نەک ئەوانی تر، ئەوانی تر جگە لە کەوڵە نامۆکانی وێنای دایک چی ترن؟ ”.

 

Leave a comment