پاسکیلەکەی مسیۆ ئولۆ

نیلۆفەر حیکمەتی

وەرگێڕانی: ڕاڤین کامەران

 

لە ساڵانی دوای جەنگی جیهانی[ـی دووەم] سەروکارمان لەگەڵ سێ پاسکیلی مانادار هەیە. پاسکیلی یەکەم تایبەتە بە کارەکتەری سەرەکیی فیلمی پاسکیلدز. لە فیلمەکەی دێسیکا پاسکیل تاکە ئیمکانی زیندوومانەوەی ئەنتۆنیۆیە. کاتێک لە درێژەی چیرۆکەکەدا پاسکیلەکەی دەدزن ئیتر هیچ دۆخێکی شیاوی [لە ژیاندا] بۆ نامێنێتەوە. پاش دزینی پاسکیلەکە یا دەبێت چاوەڕوانی مەرگ بکات یاخود دەستبکات بە تاوانکاری. ئەنتۆنیۆ ڕێگەی دووەم هەڵدەبژێرێت. ئەو ئیمکانێکی تر دەدزێنێت، بەڵام بەپێچەوانەی دزی پاسکیلەکەی خۆیەوە یەکسەر دەگیرێت. دێسیکا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی پۆزەتیڤانەی لەگەڵ پاسکیل هەیە: بەبێ پاسکیل خۆشبەختی نامومکینە.

لە هەمان سەردەمی دێسیکا لە ئیتاڵیادا کە جیهان لەبەردەم لەدەستچوونی پاسکیلەکان بوو، ساموێل بێکێت لە فەڕەنسا خەریکی گێڕانەوەی جیهان بوو لە پاش نەمانی پاسکیلەکانەوە. نووسەرە ئێرلەندییەکە دوای چەندین ساڵ لە بێدەنگی و گۆشەگیری سێینە گەورەکەی خۆی (مۆلی، مالۆن دەمرێت و ناوهەڵنەگرەکە) لە ئاپارتمانەکەی لە پاریس، دەنووسێت. هەر بەو جۆرەی هیو کێنەر ئەوە دەستنیشان دەکەن کە ئەم سێ کتێبە لە لەدەستچوونی پاسکیلێک شێوەی وەرگرتووە؛ پاسکیلێک کە بوونێکی دەرەکیی نییە؛ ساڵانێک لەمەوبەر ون بووە و ئێستا تەنیا لە یادەوەریی کارەکتەرەکان زیندووە. یەکەمین کارەکتەری سێینەکە، مۆلوی، باس لەوە دەکات کە ڕۆژانێک پاسکیلسواریی دەکرد و پاسکیللێخوڕین مرۆڤەکانی دڵخۆش دەکرد و خوشبەختیی مرۆڤەکان بوو. لەگەڵ لەدەستچوونی پاسکیلە کە تەواوی بەڵاکانی دواتر یەک لە دوای یەک بەسەر ئەودا دێن: وشکبوونەوەی قاچێکی، قاچەکەی تری کورت دەبێتەوە، بڕینی پەنجەکانی قاچ، خشان لەسەر زەوی، بە سنگەخشکێ خۆڕاکێشان و لە کۆتاییدا کەوتنە ناو چاڵێکەوە و سکونەتی ئەبەدی. لە ڕۆمانی مالۆن دەمرێت هەروەک خەونێکی سڕاوە لە جیهانێکدا دووبارە پاسکیل لەلایەن مالۆنەوە دروستدەکرێتەوە و سەرئەنجامیش لە ڕۆمانی ناوهەڵنەگرەوەکە، کۆتا سێینەی بێکێت، ئیتر هیچ باسوخواسێکی پاسکیل لە ئارادا نییە و هەر لە سەرەتاوە سەر بە چاڵێکی تاریکە، لێرەدا تەنانەت وێناکردنی خۆشبەختی (پاسکیل)ـیش نامومکینە. بۆ بێکێت مرۆڤی پاسکیلسوار سیمبولی کەماڵێتیی وجودی بوونەوەرێکە؛ نیشانەیەک لە هاوسەنگیی نێوان عەقڵ و جەستە. بە گومانی ئەو مرۆڤ هەر لە فیتڕەتەوە نووقسان و نەشیاوە و هەر لەبەر هەمان هۆکارە دەبێت مرۆڤ بە مەکینەیەکی دەرەکی ببەستینەوە و یەک مرۆڤ-پاسکیل دروستبکرێت (هیو کێنەر[ڕەخنەگری ئەدەبی] ناوی سێناتوری[1] دیکارتی لەم مەخلوقە دەنێت). بێکێت دەڵێت مرۆڤی دیکارتی کە بە بەردەوامی بێ پاسکیل بێت بە تاڵەمووەیەک لەگەڵ ئاژەڵێکی سەرەمەرگ جیاوازیی هەیە.

و لە کۆتاییدا پاسکیلی سێیەم تایبەتە بە مسیۆ ئولۆ. جیهان بۆ دێسیکا لە ساتی لەدەستدانی پاسکیلە و بۆ بێکت لە سەردەمی دوای لەناوچوونی پاسکیلە. بەڵام بۆ ژاک تاتی جیهان هێشتا لە نیعمەتی پاسکیل دەرگیرە. تاتی ساڵێک دوای فیلمی پاسکیلدز یەکەمی فیلمی درێژی خۆی بە ناوی ‘ڕۆژی جەژن’ دروستدەکات؛ کاتێک بە بەردەوامی سواری پاسکیل ببین هەموو ڕۆژێک جەژنە. بەختەوەری نە لەدەستچووە (بیکێت) و نە لە سەروەختی لەدەستچوونە (دێسیکا): بەختەوەری هەر لێرەیە؛ نزیک مسیۆ ئولۆ.

بەختەوەری نە شتێکە و نە حاڵەت و دۆخێکە. ئیحساسی ساتێکە کە بە ڕیزبوونی سیحراویی تەواوی دۆخەکان و جیهانی جیاواز شکڵ دەگرێت. منداڵ هەست بە بەختەوەری ناکات چونکە وا گومان دەبات تەنیا گەورەکان دەتوانن بە بەختەوەری بگەن (خۆشبەختی لە داهاتوودا مومکینە). بەڵام کاتێک گەورە دەبێت خۆی بە بەختەوەر نابینێت چونکە ئێستا بەختەوەری بۆ ئەوە بابەتێکە پەیوەندیی بە سەردەمی منداڵییەوە هەیە (بەختەوەری تەنیا لە ڕابردوودا مومکینە). خۆشبەختی و بەختەوەری تەنیا لە شوێنێکە هەست پێدەکرێت کە مناڵی و گەورەیی، ڕابردوو و ئایندە و تەواوی جیهانی ناهاوکات بە هاوکاتێتی ئەزموون بکرێن. پاسکیل ئیمکانی بەختەوەریی چەند ساتێکی کورتمان پێدەبەخشێت، چونکە لە توانایدایە ڕابردوو و ئایندەمان لە یەک شوێندا کۆبکاتەوە. فرانسوا سۆلاژ دەنووسێت: مناڵ بە پاسکیلەوە ئەو خەونە دەبینێت کە لە شوێنێکی دیکەیە، کەسێکی ترە و لە دنیای ئازادیی مرۆڤە گەورەکاندا ئامادەیی هەیە. لە لایەکی دیکەوە کەسێکی باڵق و گەورەش بەسەر پاسکیلەوە خەیاڵ دەکات گۆڕاوە بە منداڵێک؛ منداڵییەکی بێ هیچ ڕەنج و ئازارێک، منداڵییەکی خەیاڵی کە لە خەونی کەسە بەتەمەنەکاندا بوونی نییە”.

بەسەر پاسکیلەوە خەون دەبینین؛ نە خەونی خۆمان و نە خەونی کەسێکی تر. بەڵکوو خەونی خۆمان کاتێک گۆڕاوین بۆ کەسێکی تر. منداڵیمان لە گەورییدا و گەورەییمان لە منداڵیدا. بەهۆی پاسکیلەوە نە لەگەڵ خۆمان ئاشناین نە بێگانە؛ و هەر لەم ڕەهەندەوەیە لە مسیۆ ئولۆ دەچین. میشێل شیون: “مسیۆ ئولۆ جۆرێک لە وەهمی ئاشنا و نزیکتان پێدەبەخشێت بەبێ ئەوەی خۆتان بتانەوێت هاوڕێیەکی نزیکی ببن. ئەم وەهمە تا ڕادەیەکە کە لە فیلمەکانی تاتی چەندین کارەکتەر گومانی ئەوە دەبەن کە پیشووتر مسیۆ ئولویان لە شوێنێکی دی بینیووە و ئەویان لەگەڵ کەسێکی تر لێ تێکەڵ دەبێت.” پاسکیلیش هەمان هەستی هەیە: ئەو بەسواری پاسکیلەوە نە لەگەڵ خۆی بێگانەیە و نە خودی خۆی دەناسێت. تەنیا هەست دەکات پیشووتر خۆی لە شوێنێکی دیکە بینیووە: وەک کەسێک کە چەندین جار لەسەر شەقام ڕووبەڕووی خۆی ببێتەوە. مەگەر دڵخۆشی و بەختەوەری هەر ئەم ئیحساسە نییە؟

دیمەنەکانی پاسکیلسواری لەسەر پەردەی سینەما بەگشتی نیشانەی جۆرێک لە بەختەوەریی لەدەستچووە یا خەریکە لەناو دەچێت. ئایا کەسێک هەیە دڵخۆشیی ڕووخسارە دەمبەخەندەکەی ستیسوکو هارای بە سواری پاسکیلەوە لە فیلمی کۆتایی بەهاری ئۆزو لەبیر نەمابێت؟ لە فیلمی سەرسامییەکانی ژیان لە دەرهێنانی کلۆد سوتە، ڕۆمی شنایدەر و میشل پیکولی تەنیا کاتێک بەسواری پاسکیلەوەن دڵخۆش دەردەکەون. پاسکیل بۆ ئەوان ئامێری ژیانە لە کاتێکدا ئۆتۆمبێلێک وەک ئامێری مەرگ کار دەکات؛ پیکولی کاتێک سواری ئۆتۆمبێل دەبێت دەکەوێتە ناو تەڵەی مەرگەوە. ئەم دوالیزمەی پاسکیل-ئۆتۆمبێل و ژیان-مەرگە لە زۆر فیلمی دیکەدا دووبارە دەبێتەوە. لە فیلمی گولـلەیەک لە سەری جان وو، دوو دۆست لە سەردەمی لاوێتییان لە دیمەنی کۆتایی فیلمەکە بە ئۆتۆمبێل نیازی کوشتنی یەکتریان هەیە لە کاتێکدا لە دیمەنی سەرەتای فیلمەکە، ڕێک لە هەمان ئەو شوێنەی وا ئۆتۆمبێلەکە لێدەخوڕن، بەخۆشەویستییە پاسکیل لێدەخوڕن. خەونی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێت ڕوئیایەکی توندوتیژ، ئیرۆتیک و بە زەڕوورەتی وابەستەیە بە ڕوئیای مەرگەوە (مەرگی جەیمز دین، لە فیلمی پێکدادانی کرانینبێرگ)، لەکاتێکدا ڕوئیای پاسکیل ڕوئیایەکی ئارام، ئاشقانە و هەمیشە پەیوەستە بە ڕوئیای ژیانەوە. خەونی شەوان، داهێنانی پاسکیل لە سەردەمێکی زۆر دێرین کە بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە. خەونی دڵخۆشی، خەونی گەیشتنی هەواڵ یاخود نامەیەک، خەونی هاتنی پۆستەچی: خەونێک کە لە سینەمادا و بەهۆی مسیۆ ئولۆوە دۆزرایەوە.

 

تاتی وەک زۆرێک لە کۆمیدیانە گەورەکانی سەردەمی سینەمای بێدەنگ، چێژێکی وا لە ئۆتۆمبێلەکان نابینێت. تاتی ئۆتۆمبێلەکانی خۆشناوێت نەک لەبەرئەوەی خراپ ئیش دەکەن، بەڵکوو تەواو بەپێچەوانەوە، لەبەر ئەوەیە زۆر بەباشی ئیش دەکەن. سێرژ دێنەی: “لە فیلمەکانی تاتیدا ئێمە بە باشی و ڕێکوپێکیی کارکردنی شتەکان پێدەکەنین.” تەنیا ئامێرێک تاتی پەیوەندیی لەگەڵیدا هەیە، پاسکیلە.  پاسکیل جۆرێکە لە نا-ئامێر: واتا بەجۆرێک دروستکراوە کە ئامێربوونییەکەی دەشارێتەوە و خۆی وەک ئەندامێکی سرووشتی لە جەستەی پاسکیلسوار جێدەکاتەوە. وەک ئەوەی هەمووکات پاسکیل بوونی هەبووبێ؛ تەنانەت بەر لە سەردەمی مۆدێرن و شۆڕشی پیشەسازی و میکانیکی. جۆرێک لە جووڵە و ڕیتم لە لێخوڕینی پاسکیلدا هەیە کە وەک بڵێی پاسکیلسوارەکەی بە شێوەیەکی نهێنی و شاراوە ئاگاداری هەموو جووڵەی گەردوون و کاکێشانە. کاتێک بەسواری پاسکیلەوە پایدەر لێدەدەین هەستدەکەین وزەی ماسوولکەی قاچمان داخڵی سیستەمێکی گەورەی گشتەکی بووە کە ئەرکەکەی بریتییە لە پاراستنی هاوسەنگی و وزەی بوون.

 

پاسکیل تەنیا ئامێرێک نییە لە جیهاندا بەڵکو ئامێرێکە کە بە پایدەرێک بە جیهان دەگەڕێین. هەر لەم ڕووەوەیە مسیۆ ئولۆ پاسکیلەکەی خۆی خۆشدەوێت. ئەو بەبێ پاسکیلەکەی بوونێکی ناکامڵە و تەنانەت بە سەختیش دەتوانێت بەڕێگادا بڕوات. هەندێک کات ئەو زیاد لە ڕادە خۆی بەرز دەکاتەوە، بەجۆرێک هەنگاو دەنێت وەک ئەوەی لەبەردەم کەوتنە ناو چاڵێکدا بێت (چاڵی بیکێتی)! (کاتێک ئەو بە شتێکی سەیر یاخود شوێنێک دەگات بەخێرایی ئەندازەی هەنگاوەکانی کەم دەکاتەوە). ئەو خودی خۆی کامل نییە و تەنیا بە پاسکیلەکەیەوە کامڵ دەبێت. ئولۆ لەگەڵ پاسکیلەکەی دڵخۆشە؛ هەروەک سانتوری دیکارتیی بیکێت و ئەو دزەی کە پاسکیلەکەی ئەنتۆنیۆی دزی.

ئایا دەشێت فیلمێک دروست بکرێت کە تێیدا هیچ خراپە و مەترسییەک لە چیرۆکەکەیدا نەبێت و هەمووشتێک و هەمووکەس لە سەرەتاوە تا کۆتایی فیلمەکە خۆشبەخت و دڵخۆش بن؟ بێگومان شتێکی لەم جۆرە مومکین نییە تەنیا لە جیهانی ژاک تاتیدا نەبێت. تەنانەت دەوڵەمەندەکانی سەردەمی هاتنی ئۆتۆمبێلە پڕ لە دەردیسەریی فیلمەکانی کە ئەو زۆر ڕەخنەی لێدەگرێت، نیشانەی خۆشبەختییان تێدا بەدی دەکرێت. هیچ سەرئێشەیەک لە چیرۆکەکەدا ناتوانێت شوێنپێی دڵخۆشیی لە سیمای ئەوان بسڕێتەوە. خودی تاتی لە فیلمەکانیدا، بەپیچەوانەی کۆمیدیانە بێدەنگەکان، هیچ کاتێک سەرئێشە و دەردەسەرییە نانێتەوە. ئەو تەنیا بە تەنیشت دەردەسەرییەکان تێدەپەڕێت و وەک هەڵەتێگەیشتنێکی جیهان لێی دەڕوانێت؛ بێگومان هەڵەتێگەیشتنێک کە بۆ خراپە و مەترسی ناگۆڕێت و لەهەمان ساتی بەهەڵەتێگەیشتندا بەشێوەیەکی لەسەرخۆ و دۆستانە لەناو دەچێت.

 

لە سینەمای ژاک تاتی مرۆڤ و شتەکان نە ئەوەندە لێمانەوە نزیکن و نە ئەوەندەش دوورن لێمانەوە. تەواوی ڕووداوەکان لە ساتێکی جادووی ڕوودەدەن. کارەکتەرەکانی تاتی جێگر نین و تەنانەت لە کاتی تەنیاییشدا لەگەڵ خۆیاندا شتێک دەڵێن. لەلایەکی دیکەوە ئەوان وەک کارەکترەکانی دیکەی سینەما قسە ناکەن و دیالۆگەکانیان ناڵێنەوە (ئەوان نە کارەکتەری سینەمای بێدەنگن و نە سینەمای ئاخێوەری و دەنگ؛ نە مناڵن و نە گەورەن). خودی تاتیش نە قسە دەکات و هەرگیزیش بێدەنگ نابێت. ئەو پایپەی بە دەمییەوە دەیبینین بەهانەیەکە بۆ قسەنەکردنەکەی. نە بە بێدەنگی و نە بە وشە ناگەین بە دڵخۆشی، چونکە ئەم دوانە تەنیا هەڵەتێگەیشتنێکە کە جیهان دروستی کردووە. بەختەوەری تەنیا لە چرپەکان و ئاوازەکان خۆی بەیان دەکات. لەم ڕووەوە ئەوە تەنیا کارەکتەرەکانی تاتی نین کە دڵخۆشن، بینەرانیش لە سەیرکردنی فیلمەکانی ئەو ئەزموونی ئەم دڵخۆشییە دەکەن. ئێمە هەرگیز لە کاتی سەیرکردنی فیلمەکانی تاتی بە دەنگی بەرز و قاقا پێناکەنین. بە ئارامترین شێوە زەردەخەنەیەکی نادیار دەکەین و جیهانیش، بێئەوەی ویقار و ڕێزی لەدەست بدات بە تەواوتی جیهان بەدەستەکانمان دەگوشین، وەک کەسێک کە سواری پاسکیل بووە، وەک کەسێک کە بە بەختەوەری گەیشتووە.

[1] بوونەوەرێکی ئەفسانەیی یۆنانی کۆنە کە لە سکەوە تا سەر مرۆڤە و بۆ خواریشەوە لە ئەسپە.

Leave a comment