نیگارکێشان لەهەمبەر هونەر لەهەمبەر کولتوردا
(یاخود، بۆچی ئەگەر بتەوێت ئەتوانیت وێنە بکێشیت، بەڵام
ڕەنگە گرنگ نەبێت)
نوسینی: جۆسیف کەسۆس
وەرگێڕانی لە زمانی ئینگلیزییەوە: هەڵگورد ئەحمەد
مێژووی هونەر بریتیە لە مێژووی دروستکردنەوە و بەرجەستەکردنی ‘جیهانەکانی تر’؛ لەنموویان؛ یاساوڕێسا کۆمەڵایەتیەکان، ئەفسانە مێژوویەکان، خەونە ئایینیەکان و گەشتەکان بەرەو قوڵایی دەرون و ڕووحی مرۆڤ. زۆر لەپێش هونەرمەند (مانێ)، تا دەگاتە هونەرمەندانی ئەبستراکت ئێکسپرێشینزم، نیگار بە لاکێشەیەکی ئەفسوناوی دادەنرا: پەنجەرەیەکی کراوە بەڕووی جهیانێکی دیکەدا. بڕوابوون بە نیگارکێشی بەو مانایە دەهات کە دەبوو ئەو نیگارەی لەبەر دەستدایە بەشێوەیەک ببینیت کە ڕەنگدانان لەسەر کانڤاس تا ڕادەیەک بەلاوە جیاوازبوایە لە ڕەنگدانان لەسەر دیوار، وەک ئەوەی ئێستای ئێمەی هونەرمەند دەیکەین. ئەم تێگەیشتنە ڕێخۆشکرد بۆ نیگارکێشی تا ببێتە زمانحاڵ یان دەمڕاستی هونەری مۆدێرن؛ مانای هونەریش هەرئەوەندەبوو کە لەناو بەرهەمەکانی نیگارکێشی و پەیکەرسازیدا قەتیسکرابوو. (لەڕووی مانا و کۆنسێپت گەیاندنیشەوە، پەیکەرسازیش پشتی بە مانا و چەمکەکانی هونەری نیگارکێشی دەبەست؛ پەیکەرسازیش لەهەوڵی بەرجەستەکردنی هەمان ئەو فەزا ئەفسوناویەدابوو کە نیگارکێشیەکان لەسەر ڕووکاری کانڤاسەکان بەرجەستەیان دەکردن.) دەبوو زمانی هونەر دیوە فزیکیەکەی ڕۆشن و ڕەوان بێت، وەک ئەوەی لەهەر زمانێکی دیکەدا ڕەچاوکراوە. بۆ نموونە، ئەگەر هەر ئێستا بە هەنگاری دەست بکەم بە قسەکردن، زۆرێک لەئێوە تەنها دەنگەدەنگ دەبیستن، ناتوانن لە حەقیقەتی زمانەوانی زمانە هەنگارییەکە تێبگەن. هەرکات زمان ڕەوانیەکەی لەدەستدا و بە ڵێڵی و ناڕونی مایەوە، تەنها دەتوانین تایبەتمەندییە فیزیایەکانی خودی زمانەکە ببینین، یان ببیستین، ئەمیش وادەگەیەنێت تۆ لەدەرەوەی ئەو سیستەمە بڕواپێکراوەی زمانی (بۆ نموونە) هەنگارییەکانیت. ئەبستراکت ئێکسپرێشینزم هەوڵیدا ڕەهەندە فیزیکیەکەی زمانە هونەرییەکەی خۆی تا ئەوەپەڕی ببات؛ وەک بڵێی تەواوی ژێرخانی سیمانتیکی (واتاگەری)، ڕەتێنراوبێت و هیچی تێدا نەمابێت. لەسەرەتای شەستەکاندا زمانی نیگارکێشی هەرەسی هێنا. (مەبەستم ئەو مانایەیە کەلەناو کۆنتێکستی مێژوویەکی تایبەتدایە، بەڵام سەراپای مێژووی تۆمارکراو تایبەتە – چونکە لەپێناوی شتێکدا نوسراوە نەک دەربارەی شتەکە.) ڕەنگە کاتێک بەر زنجیرە نیگاری ئاڵاکانی جاسپەر جۆنس بکەویت بپرسیت (ئایە ئەم نیگاری ئاڵایە لەناو جیهانە سیحرئامێز و ئەفسوناوییەکەی وێنەکردنەوەی واقعە، یاخود ببپرسیت ئایا ئەمە ئەو ئاڵایەیە لەم جیهانەی خۆمی تێدا دەژیم، ئایا نیگارەکە هەر لەم ژوورەیە کەخۆمی تێدا وەستاوم؟) یاخود ئەو نیگارانەی هونەرمەند ستێلا لەسەرەتاکانی قۆناغی هونەرییدا کێشانی، بەلای بینەرەوە وەک نیگاری سەر کانڤاس دەردەکەوتن و تەواوی ئەو ژورەیان گرتبووەوە کە بینەرەکانی تێدابوو. دواجار ئەو پرسیارە دێتەپێش، بۆچی بەکەرەستەیەک هونەر بکەین کە سنوردارە و کەللتور زیاد لەتوانای خۆی ئەرکی بەسەردا داوە (و. مەبەست لەو کەرستەیە بەتایبەتی نیگارکێشییە)؟ بۆچی کەرستە و فۆرمی تر بۆ کارە هونەرییە تایبەتەکەی خۆمان هەڵنابژێرین؟ وادەردەکەوێت لەمەودوا هیچ پێویستمان بەو چوارچێوە نەریتیەی نیگارکێشی نەبێت تا ڕەوایەتی بەکارە هونەرییەکەمان بدات؛ کۆنتێکستی هونەریی خۆی لەخۆیدا چوارچێوەیە بۆ کارەکەمان، ئیدی چ پێویست بە چوارچێوەی نیگار دەکات. کارە هونەریەکانی هونەرمەدانی وەک جەد، فلایڤن، مۆریس، لیویت، ئەندریە و گەلێکی تر دەرخەری قواستنەوەی ئەگەرە نوێیەکانن بۆ هونەرکردن.
ئەوەی لە ئەزموونی هونەریی ئەم هونەرمەندانەوە دەردەکەوێت ئەوەیە کە پرۆسەی تێڕوانی هونەرییان وەچەرخان بەرەو دەرەوەی بەرهەمە هونەرییەکان، بەجۆرێک کە کۆنێکستیش مانای خۆی وەرگرت. ئەمە لەکاتێکدابوو پشتر هەمیشە تێڕوانینی هونەریی بەرەو ناوەوەی بەرهەمەکان بوو، وەک ئەوەی لە هونەری نیگارکێشیدا بەدیدەکرا. ئالێرەوە تێگەیشم، ئەوەی گرنگە بۆ هونەر ئەوەیە کار لەسەر کۆنتێکستی خۆی بکات و لە پرۆسەی کارکردن لەسەر کۆنتێکستیشدا بەدوای مانادا بگەڕێن و دواجاریش حەقیقەت. خاڵێکی جەوهەری لەو هونەرەی کەبە “مینیمەڵ” ناسراوە، ئەوبوو کە نە خۆی دایە پاڵ نیگارکێشی، نە خۆی دایایە پاڵ پەکەرتاشیش، بەڵکو تەنها هونەربوون بەسبوو بۆی. دوا وێزگەی ڕێڕەوە ئەوسەرنادیارەکەی فۆرمخوازی (فۆرمالیست)، نامانگەیەنێتە ئەو خاڵەی ئێمە چۆن لەهونەر بڕوانین، بەڵکو یەکەم شت توڕماندەداتە دەرەوەی دیوە فیزیکیەکەی هونەر خۆی، پاشان دەرەوەی کۆنتێکستە کۆمەڵایەتی و فەلسەفی و کەللتوری و سیاسی و دامەزراوەییەکان — هەموو ئەمانە وەک پێویستیەک دەبنە خاڵی سەرنج و گرنگ بۆ کارە هونەرییەکان.
سیستەمە باوەڕپێکراوەکەی زمانی نەریتی نیگارکێشی هەرەسی هێنا، ئەم هەرەسهێنانەش هاوکات بوو لەگەڵ کرۆمۆڵبوونی بیروباوەڕمان بە یاساوڕێسا کۆمەڵایتی و کەللتوری و ئابوری و سیاسیەکان کە کۆی هەموویان بەشێکبوون لە پێکهاتەی ئەو زمانە نەریتیەی نیگارکێشی. کاتێک دامودەزگا هونەرییەکانی نیگارکێشی و پەیکەرسازی هەرەسی هێنا، شتێکی زۆر گرنگتر لە ستایڵکاری هونەری جێگای گرتەوە، ئەویش ئەوەبوو دەریخست کە مانای هونەر لە قەیراندایە. ئەمەش بەو مانایە نا کە هەموو نیگارکێشەکان پێکەوە دەستیان لە فڵچەکانیان هەڵگرن. بەڵکو هەندێک شێوازی نیگارکێشی بێدوودڵی و گومان درێژەیان پێدرا. نەریتە دەوڵەمەندەکەی نیگارکێشی تا زەمەنێک بەوپەڕی بەهێزییەوە درێژەی بەخۆی دا. نیگاری پۆست-ڤانگارد هەژماری بۆ پێویستیەکانی بازاڕ کرد ئەویش بەهێشتنەوەی کارەکانیان لەدۆخێکدا کە وەک شتومەکی کڕێن و فرۆشتن چاویان لەسەربێت. (نیگاری پۆست-ڤانگارد هەر زاراوەیەکە و هیچی تری لەپشت نیە، کاتێک ئێمە دەڵێن لەمەوداو نیگارکێشی ناتوانێت ئاڤان-گاردبێت، هەرخۆی وەک میدیەمێک پرسیاری لەسەرەو دەبێتە ڕێگر لەبەردەم بیری نوێگەری خۆیدا).
بازاڕ بەسروشتی خۆی دەبێت زۆر بێڕەحمانە لەگەڵ تۆڕە ئاڵۆزەکانی خواست و کۆنتێکستی کۆمەڵایەتی و چرکەساتە کەللتورییەکان بجوڵێتەوە، چونکە هەر ئەمانە زیاتر لەهەرشتێک گرنگترن بۆ بازاڕی-هونەر. ‘نەریت’ هەتا ئەگەر ساختە و فوتێکراویش بێت، بەهۆی ئەو هونەرەی لێیدەکەوێتەوە بەرهەمهێنەکان سودمەند دەکات.
ئەو داڕوخانەی ڕوونکردنەوەی لەسەر دەدەین بەمانای وەچەرخانێک دێت لە یەکێک لەو سیستەمە سەرەکییە کەللتوریانەی ئێمە بڕوامان پێیەتی. بڕوابوون بە ڕەهەندە ئەفسوناویەکەی کانڤاس کاریگەریەکی ئێجگار گەورەی لەسەر چۆنێتی تێڕوانینمان بۆ جیهان داناوە. کاتێک هونەرمەندەکان گەیشتەنە ئەو توانایەی کەبە تێگەیشتنێکی هونەریانەی بەرفراوانتر لە هونەرکردن نزیکبنەوە، وێنەکێشان و پەیکەرسازی بوونە دوو ئەگەری فۆرمکاری، باشتر بڵێین دوو فۆرمی فیزیایی ناو ئەم جۆرە تێگەیشتنە هونەرییە، نەک ئەوەی تەواوی تێگەیشتمان بۆ هونەر هەر لەناو ئەو دوانەدا سنوردار بکرێت و هەرئەمان نوێنەری هونەر بکەن. بەم شێوەیە، نیگارکێشی و پەیکەرسازی وەک زمانێکی هونەریی، ڕەوایەتی و ڕۆڵەکەشیان لەدەست دا کە پێشتر وەک سیستەمێکی بڕوابێکراو جێگەی گرتبوو، تا دەهات بەتایبەت لە شەستەکانەوە هونەرمەندان نیگارکێشانیان وەک ‘ئەگەری فۆرمی’ سنوردار لەناو بابەتە نەریتیاکاندا دەبینی. ئیدی هونەرمەندبوون بەرەو ئەو مانایە هەنگاوی نا دەبوو پرسیارت لەسەر سروشتی خودی هونەر هەبێت، دەبوو بەکارهێنانی کاری هونەری وەک بەشێک لە پرۆسەی پرسیارکردنەکەت دابنایە. پابەندبوون بە نیگارکێشی و پەیکەرسازی بەو مانایە دەهات کە هونەرمەند خۆی لەقەرەی پرۆسەی پرسیارکردنەکە نەدا. هەر لەگەڵ دەستبردن بۆ وێنەکێشان و پەیکەرسازی، بێچەندوچوون بە چالاکی سەر بەو نەریتە هەژمار دەکران — بەو مانایەی خۆت داوەتە دەست فەلسەفەی، ڕاستر بڵێم ئایدۆلۆژیای ئەو نەریتە: ئەمیش بەو مانایە دەهات کەتۆ هێشتا لەگەڵ سروشتی کاری هونەریدا دەژیت و هیچ گومان و پرسیارێتک لەسەری نیە. بەبۆچوونی هەندێکامان، کارکردن لەسەر فۆرمە نوێیەکان لە چوارچێوەی وێنەی چوارچێوەدار، پرسیار لەسەر ئەرک و مانای خودی چوارچیوەکە بەدوای خۆیدا دێنێت.
ئەوەی ئێمە قسەی لەسەر دەکەین پەیوەندی نێوان هونەرکردن و ماناکەیەتی، وەهەروەها ئەو سەربەخۆییەی لەنێوان هەردووکیاندا هەیە. خاڵە جەوهەرییەکە لەوەدایە ئەو کارە ئەفرێنراوە هونەرییەی هونەرمەند لەناو کایەی هونەردا بەرهەمی دێنێت، بریتی نیە لە زیادکردنی شتێک بۆ جیهانی شمەکی بازاڕی و فرۆتەنیەکە، بەڵکو بریتیە لە هەبوونی ئەو کاریگەرییە داهێنەرانەی کارە هونەرییەکە لەسەر مانای هونەر هەیەتی. خۆی لەخۆیدا ڕۆڵی هونەرمەند ئەکرێت لەبنەچەدا سیاسی بێت، لەبەرئەوەی پێشگریمەنە کەللتورییەکان هەڵدەستن بە نێوەندگیری واقعی کۆمەڵگا. ئەمیش ڕێک بەو مانایە نایەت بڵێین هونەر پێویستە دەسپێشخەربێت بۆ گۆڕانکاریکردن؛ لەڕاستیدا ئەمڕۆ زۆربەی زۆری هونەرە ئەمەریکیەکان ڕەوایەتی دەدەن بە یاساوڕێسا کۆمەڵایەتی و دامودەزگا کەللتوری و سیایسەکان. سیاسیبوونی هونەری هەر هونەرمەندێک، بە ئاشکرابێت یان نهێنی، لەژێرەوە بەنەرمی کاری خۆی دەکات چ بۆ گۆڕانکاریکردن بێت، یان ڕێگریکردن لە گۆڕانکاری.
نیگارکێشان بووە بە شێوازێک لە هونەری ‘ساویلکانە،’ لەبەرئەوەی نەیتوانی ‘خودئاگا’ لە بەرنامەکەیدا جێگابکاتەوە (چ لەڕووی تیۆریی و چ لەڕووی مێژووییشەوە). پێویستە ئەم خودئاگایەش لەناو ‘زمانی هونەریی’ باودا شەفاف بێت تا ببێتە زمانێکی بڕواپێکراو.
لەگەڵ دەرکەوتنی هونەری کۆنسێپچوەڵ (ئەویش لەئەنجامی ناڕوونی هەندێک ڕەهەندی هونەری ‘مینیمیلیزم’) پارادایمێکی ململانێکەر یاخود مۆدێلێک لە چالاکی هونەییش هاتە ئاراوە. لە شەستەکاندا ‘مینیمیلیزم’ سەرنجی لەسەر ستراکچەری لۆجیکی شارستانیەتی ڕۆژئاوا بوو، ئەو کارە هونەرییانەی دواتریش کران زیاتر بەرەوە کەشفکردنی ئەو ‘لۆجیک’ە هاتن. مۆدێلە زانستیە شیکاریە پێشینیەکە ڕۆڵێکی نەرێنی هەبوو (بۆ مانا وەرگرتنیشی پشتی بە دامەزراوەکان بەستووە)؛ لەو جێیەی داینامێکێتی کارێکی هونەری پێویستە هەبێت، بەشێکی ئەو داینامیکێتیە کار لەسەر کەشفکردنی دژیەکەکان دەکات، و بەم شێوەیە وەک ئەرکێکی خۆی هەڵدەستێت بە لەبەریەکهەڵوەشاندنی ئەو ستراکچەرە ئەفسانەییەی هونەرییەی ترێنجرابووە ناو ناوەندە کەللتورییەکانی ئەمڕۆ. بەڵام بۆئەوەی ئەمەمان بۆ بچێتە سەر، دەبێت کارە هونەرییەکانمان داهێنەرانە ئاڕاستە بکەین؛ وەک هونەرمەندیش دەبیت هەردەم ڕەهەندی نەریتیانەی چالاکیەکانمان لەژێر پرسیاردا بێت. بۆ نموونە، ئەم بابەتەی من نوسیومە دیوێکی پشگریمانەی شتی نوێی تێدایە و دیوەکەی تریشی نەریتیە. ئەزموون و مێژووەکەم بڕیار لەسەر پێگەی من دەدەن. ئەگەر بڕیاربێت کارەکەم بەهایەکی هەبێت، ئەوا لەبەر بەکەڵکیەتی بۆ هونەرمەندە تازەپێگەیشتووەکان، نەک لەبەر ئەوەی کڕین و فرۆشتن بە کارەکانمەوە بکرێت لە بازاڕە هونەریەکاندا.
بۆ بەرجەستەکردنی هونەرەکەی خۆم زمانم وەک ‘کەرەستە’ هەڵبژاردووە، چونکە وا دەردەکەوت تاقە ئەگەرێک بێت بتوانرێت لە نێوان کەرەستەیی و ناکەرەستەیی خۆیدا بمێنێتەوە.
ڕەچاوکردنی شەفافیەتی زمان لە کایەی هونەردا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەو مانایە دەهات کە لەکاتێکدا تەرکیز لەسەر کۆنتێکستە کۆمەڵایەتی و کەللتوریەکان دەکرێت کە پشتیان پێبەسراوە بۆ مانا، هێشا بوار دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی هونەریشی تێدا ‘ببینین.’
بە بۆچوونی من، زمان جۆرە هونەرێکی لێدەکەوێتەوە لەگەڵ ئەوەی پرسە هونەرییەکانی خۆتی پێئاڕاستە دەکەیت، شتانێکیشت لەسەر چیەتی هونەریش بەگشتی دەخاتە بەردەست، ئەمیش جیاوازە لەو هونەرەی کە تەنها لەپێناو پرسەکانی خۆیدا دروستکراوە. هونەرێک لەپێناو فۆرمدا بەرهەمبهێنرێت، تەنها وە هونەرێک لەپێناو خۆیدا قسەی لێدەکرێت، لەبەرئەوەی بەتەواوەتی پشتی بە نەریتەکەی بەستووە تا مانای بداتە پاڵ. وەک ووتمان تاوتوێکردنی ئەم هونەرە لە پرسەکانی خۆی دەرناچێت، لەبەرئەوەی ماناکەی بەندە لەسەر ئەو مانایەی پێشتر ڕەوایەتی پێدراوە.
سروشتی توانا وەچەرخانکەرەکەی هونەری کۆنسێپچوەڵ لەوەدایە لەکاتێکدا کار لەسەر کۆنتێکستە کەللتوری و کۆمەڵایەتیەکان دەکات، تەرکیزی لەسەر پێشخستنی دیوە فۆرمیەکەی خۆی نیە، بەڵکو زیاتر میتۆدێکی حەلەزۆنییە بەرەوە دەرەوەی خۆی، پراکتیکێکی ڕەخنەیی ڕەنگدەرەوەی واقعە و بەبەردەوام سەرقاڵە بەخۆداڕشتنەوەی مێژووەکەی؛ بژاردەیەکە میتۆدی دەستی بۆ براوە تا پراکتیکی هونەریی بە مێژووەکەی خۆیەوە گرێ بدات. هەرچی زیاتر، ڕێکاری هونەری کۆنسێپچوەڵ خۆی پەیوەست دەکات بە کۆنتێکستی بەرفراوانتری کۆمەڵایەتی و کلتوری و سیاسی وەک ئەوەی هەمیشە بۆ ماناکانی خۆی پشتی پێبەستوون؛ ئێرەش ئەو وێستگەیە دەمانبەسێتەوە بەم کۆنتێکستانەوە وەک هونەرمەند وامان لێدەکات کاریگەرتر کاری تێدا بکەین و لەزۆر باریشدا هونەری کۆنسێپچوەڵ دەبێت ئاگای لەوەبێت بەتەواوی خۆی وەک هونەر پۆلێن نەکات، بەڵکو هەرئەوەندە لەسەر ئاستی کەللتوری ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
بەشێوەیەک لەشێوەکان، وەستان دژی فۆرمالیستی، کردەیەکی عەقڵانیە، پێویستی بە ‘بەرنامەڕێژییە’ تا خۆت بەدوور بگریت لە وەردەکاری و کێشەکانی پۆلێنکاری، بۆ نموونە بڵێت: هونەرەکەم ‘هونەری باڵایە.’ ئەمە عادەتی داهێنانی هونەری باڵایە، تەنها لەناو کەللتورە دواکەوتووەکەی ئێمەدا باوە. ڕاستیە تاڵەکەش ئەوەیە، ئەمڕۆ بازاڕ مانای کارە هونەرییەکانی ئێمە دیاری دەکات، ئەمەش بەو مانایە دێت هونەمەندان بەردەوام لەژێر پەستاندان بۆ بەرهەمێنانی هونەرێک کە لە بازاڕدا فرۆشی هەبێت. ئەم بارودۆخە وایکرد ئەزموونی هونەری ‘ئەستێرەکانی هونەر’ و هونەرمەندە تازە پێگەیشتوەکان وەکیەک تەماشا بکرێن. دواجار، ئەزموونی هونەریی هونەرمەندەکان بە بێبایەخ و هیچوپوچ مانەوە، چونکە لەم ئەزموونەدا پلەی یەکەمی بۆ بەرهەمهێنان بوو، نەک مانای هونەر. لە ڕەهەندی مرۆییەوە، بەهای ئەزموونی هونەرکردن ناتوانێت ئەستێرەی هونەری لە ناهونەری جیابکاتەوە، بەڵکو تەنها ئەو ‘کوالیتیە’ دەتوانێت ئەو جیاکارییە بکات کە تایبەتمەندی شمەکی فرۆشتەنیان دواوە بە ئەزموونە هونەرییەکە. بەم شێوەیە، سیستەمی ململانێ تاک یان بەو هونەمەندانە کۆتایی دێت کە پاڵەوانی ناو میدیاکانن (کە هەندێک جار ڕێکدەکەوێت پاڵەوانی ژنن)، و ستایڵی هونەرییان لەپێناوی بازاردایە ئاڕاستە کردووە، یانیش ئەو هونەرماندانەی کە ئەبرێنە ناو مێژوویەکی نادیار و فشەڵەوە. بەگشتگیرکردن و بەدامەزراوەکردنی ‘بیری تاکڕەوی’ ئایدۆلۆژیایەکە بەکاردەهێنرێت بۆ دروستکرنی جیاوازی و دابڕینمان لەیەکتر. گۆڕانکاریکردن لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کلتوری، وەک هەر هەوەڵێکی جدی تر، بە کاری هەرەوەزی و چالاکی دەستەجەمی دەبێت. ئەو مێژووانەی باسیشی لە شتێکی تر دەکرد جگە لەمەی من ئاماژەم پێداوە، هەر لەچوارچێوەی وانەدا مانەوە و هەر بۆ ئەوەش ئەوترانەوە تا ئەو مێژووە بەزندویی بهێڵنەوە.