سەمفۆنیای ژ.٥: شۆستاکۆڤیچ

 

نووسینی: کۆین کلیژین

لە ئینگلیزییەوە: شنیار عومەر

 

بە پێچەوانەی هاوڕێ و هاونیشتیمانییە ناودارەکانی سەردەمی خۆی، وەک “ستراڤینسکی و پرۆکۆفیڤ،” “دیمیتری شۆستاکۆڤیچ” بە درێژایی تەمەنی لە ڕووسیا مایەوە و هەر ئەمەيش کردییە مەزنترین ئاوازدانەری سۆڤیەت لە ڕووسیادا. سەرەڕای ئەوەی کارەکانی هەڵگری ڕۆحێکی جوانی موزیکیين؛ هاوکات بەهایەکی دۆکيومێنتاریشیان هەیە، چونکە بەرهەمەکانی دیمیتری دەرخەری ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەن، کە چۆن ئاوازدانەرێک ئاوها لەنێو ڕژێمێکی تۆتالیتاريدا توانی دەست بە پرەنسیپ و بنەماکانی خۆیەوە بگرێت.

قسەوقسەڵۆکی زۆر هەن دەربارەی ڕاستی پەیوەندی شۆستاکۆڤیچ بە دەوڵەتی سۆڤیەتەوە. دەگوترێت شۆستاکۆڤیچ هەر کاتێک بۆی بگونجایە یان بە پێچەوانەوە هەر جۆرێک ئاهەنگەکە بیویستایە، ئاوازێکی ستایشکارانەی سۆشیالیستی دادەنا. تەواوی کارە سینگڵەکانی دیمیتری دەرخەری تواناکانی ئەم ئاوازدانەرەن، بە جۆرێک هەندێک لەم ئاوازانە بوونە هۆی دوورخستنەوەی بۆ زیندان و کەمپەکانی کارکردنی زۆرەملێ، هەندێکیشیانی سڕییەوە یان بە نهێنی شاردنیيەوە. دەڵێن گوایە   شۆستاکۆڤیچ بەشی پیویست بەرهەڵستکار نەبوو، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بەڵگەی یاخیبوونی ئەم ئاوزدانەرە بە ئاشکرا لە سەمفۆنیاکانیدا دەبیندرێت و کارەکانی ئەو ڕاستییە دەردەخەن، کە شۆستاکۆڤیچ بەردەوام لەسەر پەتی نێوان  گوزارشتکردن لە هەستەکانی و ملکەچبوون بە یاساوە تێدا ماوە. دیمیتری بە ئاشکرا و بە پێچەوانەی دەوڵەتەکەیەوە کە بەردەوام لە گرژییەکی ڕۆحیدا بوو، بە گرنگییەکی زۆرەوە میوزیکی وەردەگرت و بە ڕۆحێکی ئازادانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرد. ناکۆکییە ناوخۆییەکانی دەوڵەتەکەی زۆر بە ڕوونی لە سەمفۆنیای پێنجەمیدا دەبیسترێت، ئەو سەمفۆنیایەی لە ڕووکەشدا شانبەشانی سوپای سەربازی دەڕوات؛ بەڵام لە قووڵایدا بە دوای هەڵهاتندا دەگەڕێت.

دەبێ بڵێين سوپاس بۆ ستەمکاریى ستالین لە ڕووسیادا، کە کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر لەدایکبوونی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە. چونکە لەژێر دەسەڵاتی ستەمکارانەی ئەم پیاوەدا، هەمووان هەر لە خاوەن بیروڕای ئازاد، هەتا زانا و هونەرمەند دەبوونە قوربانی. جێی سەرسوڕمان نییە لەبەر هەمان هۆ شۆستاکۆڤیچ بووە جگەرەکێشی قورس و بەردەوام جگەرەی لەسەر جگەرە دادەگیرساند. کاتێک لە بەهاری 1937 دا دەستی کرد بە ئیشکردن لەسەر سەمفۆنیای پێنجەمی، هەڕەشە و تۆقاندن لە دژی ئەم ئاوازدانەرە لە ترۆپکیدا بوو. هەر لەمسەروبەندەدا بوو مامی، خەسووی و زاواکەی، بەبێ هیچ شوێنەوارێک بێسەروشوێنکران و ماریای خوشکیشی دوورخرایەوە بۆ کەمپەکانی سیبریا. لەژێر ڕێنمایی لیژنەی باڵای پارتە سیاسییەکاندا بڵاوکردنەوەی سەمفۆنیای چواری شۆستاکۆڤیچ هەڵوەشێندرایەوە. جۆێک لە ڕێنمایی کە بەدوایدا شەپۆلێک لە دەستێوەردانی تری بەدوای خۆیدا هێنا. شۆستاکۆڤیچ دەیزانی هەر کارێکی تازەی بکردایە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەخرایە ژێر مایکرۆسکۆبەوە، بۆ ئەوەی شتی نایاسای تێدا بدۆزنەوە، هەر بۆیە باش دەیزانی چاوەڕوانی چی لێ دەکرێت. کۆمەڵێک داواکاری لەلایەن یەکێتی ئاوازدانەرانەوە دیاریکرابوون، ئەم یەکێتییە دەستەیەکی کولتووری سەپێنەر بوون. سەرەڕای ناوە مودێرنەکەیان؛ داوای جۆرێک لە میوزیکی  پۆزەتیڤ، نیشتیمان پەروەری و وورەبەرزکردنەوەیان دەکرد، کە لەگەڵ ئاستی ڕووناکبیری خەڵکدا بگونجێت.

لە ڕاستیدا، ئەمە مانای ئەوە بوو کە شۆستاکۆڤیچ ناتوانێت بە پراکتیکی هیچ ئاوازێک دابنێت. هەر ئاوازێکی دا دەنا، یەکسەر دەگوترا زۆر یاخیانە و ڕەشبینانەیە، یان زۆر فکرییە. بە جۆرێک ئابڵوقەی سەر سەمفۆنیای ژمارە چواری بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەر تایبتەمەندیى نائومێدانە و غەمگینەکەی سەمفۆنیاکە بوو.

بەڵام لە سەمفۆنیای پێنجەمدا، شۆستاکۆڤیچ سەرکەوتووانە موزیکێکی تەواوی بە دڵی دەوڵەت دروستکرد. خولەکە جدیییەکان گۆڕان بۆ خولەکی چێژبەخش، وە چێژی کارەکە لە کۆتا جووڵەی پڕ جۆشیيدا گەشتە لوتکە. شۆستاکۆڤیچ لێرەدا سەمفۆنیای ژمارە پێنجی “بیتهۆڤن”ی بە نموونە وەرگرتووە؛ ئاوازێکی قارەمانانەی نیشتمانپەروەرییە. لەم جۆرە میوزیکەدا،  جەنگێکی سیمبولی بەرپاکراوە و لەدوای ململانێیەکی زۆر پاڵەوانەکە سەردەکەوێت. سۆڤیەت ڕێک خۆی وەکوو ئەو پاڵەوانە دەبینی و خودی شۆستاکۆڤیچ خۆشی میتافۆڕێک بوو بۆ خەڵکی ڕوسیا. بەشێکی زۆر لە خەڵکی نەیان دەتوانی لەوە تێ بگەن کە لە ڕاستیدا ئاوازدانەرەکە وەک یاخیگەرێک وێنای خۆی کردووە.

تەنها چەند ڕۆژێک دوای یەکەم بڵاوکردنەوەی سەرکەوتووانەی سەمفۆنیاکە لە لینگارد و پاشان ڕاگرتنی، شۆستاکۆڤیچ هیچ بەرهەڵستییەکی نەنواند، چونکە ئەم تەسلیمبوونە ڕووکەشییە ئەو شتە بوو کە شۆستاکۆڤیچ پێویستی بوو. هەر بۆیە سەمفۆنیای پێنجەمی یەکێکە لە کارە پڕ میتافۆڕەکانی، کە تێیدا شۆستاکۆڤیچ نەک هەر بەهرەکانی لە دانانی ئاوازدا سەلماند (کە زۆر بە شارەزایانە و سەرنجڕاکێشانە ڕێکخستنی بۆ کراوە)، بەڵکوو توانا ناوازەکەی بۆ قسەکردن لەگەڵ هاوڕێ و دوژمنەکانی لە یەک کاتدا و لە ڕێگەی میوزیکەکەیەوە سەلماند. ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لە وتارێکیدا دەربارەی سەمفۆنیاکە دەڵێت: “وەڵامێکی داهێنەرانەی هونەرمەندێکی سۆڤیەت بۆ ڕەخنەگرانی.”

شۆستاکۆڤیچ بەم میوزیکە نەک هەر پێشبینی دەسەڵات، بەڵکوو هی هاوڕێ بیرمەند و ئازادیخوازکانیشی تێرکرد. ئەم پارچە میوزیکە هەم پشتیوان و هەم بەرهەڵستەکارانیشی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە، هەرچەندە کەش و دەربڕینەکەی ئەوەندە لێڵ و ئاڵۆزە کە ناکرێت هەروا بە سادەیی وەک سڵاوێکی ڕێزدارانە بەرانبەر دەسەڵاتداران لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

سەمفۆنیاکە هەندێک ڕەگەزی تێدایە، کە دەکرا ئاوازدانەرەکەی تووشی کێشەیەکی زۆر بکات. یەکەم کاردانەوەی گوێگر بۆ سەمفۆنیایەکە، بێ هیوایيەکی زۆر پەرێشانکەری تێدایە. جووڵەی درێژی یەکەم و سێیەمی لە غەمباریيدا یەکسانە بە سەمفۆنیای چوارەم. هەروەها شۆستاکۆڤیچ چاونەترسانانە، هەندێک خاڵی سەرەکی نێو سەمفۆنیای چوارەمیشی بەکارهێناوە. ئەو سەمفۆنیایەی کە هەرگیز نمایش نەکراو و کەسیش نایناسێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا سەمفۆنیای پێنجەمیشی لە تایبەتمەندیدا پارچەیەکی ڕووسی نییە، ئەو ڕەگەزە فۆلکلۆريیانەی کە یەکێتی ئاوازدانەران دەیانویست گوێیان لێی بێت، لە هیچ شوێنێکی ئەم سەمفۆنیایەدا نابیندرێت. لەجیاتی ئەوە تەواوی کارەکە لەسەر فۆرمولای کلاسیکی ڕۆژئاوایی دروستکراوە، لەژێر کاریگەريی پاڵەوانەکەی شۆستاکۆڤیچ “گۆستاڤ ماهلێر،” کە بە بێ هیچ ترسێک ئەم کاریگەرییە لەکارەکەدا دەبیندرا. “ماهیلێر” ئەو ئاوازدانەرەیە کە ژیانە مەینەتاوییەکەی لە جیهانی غەریبایەتیيدا کردۆتە بابەتی کارە میوزیکییەکانی.

هەرچەندە ئەو لیژنە چاودێرییە کە مۆری ڕەزامەندیان بە سەمفۆنیاکەدا هێشتا گومانیان هەبوو، بەڵام ستایشی تێکەڵکردنی تراژیدیا و گەشبینیيان کرد. میوزیکناس “جۆرج چوبۆڤ” ئاماژە بەوە دەدات کە شۆستاکۆڤیچ لێرەدا “بۆ یەکەم جار وەک هونەرمەندێکی ڕیاڵیستی، بە ئاگایییەوە کاری کردووە و پێی ناوەتە نێو قووڵای جدیات و مەماڵەکردن لەگەڵ کێشە فەلسەفەییە قووڵەکاندا. لەم سەمفۆنیایەدا بۆ یەکەم جار توانی بۆ جەماوەرێکی بەرفراوانتر بنووسێت و زەحمەتی زۆری کێشا، تا بیروبۆچوونەکانی لە زمانێکی مۆسیقی سادە و ڕەواندا گوزارشت لێ بکات.”

هەر لەم سەمفۆنیاییەدا، ئارگومێنتی میوزیکی لە چاو سەمفۆنیاکانی پێشوتریدا کەمتر ئاڵۆزە. هارمۆنییەکان زیاتر کلاسیکین و دێڕە میلۆدییەکانیش بە ڕوونی داڕێژراون. بەڵام هەمیشە شتێکی جیاواز هەیە، لە یەکەم جووڵەیدا شێوازی نادیاری پچڕپچڕە، لە تەلەکاندا لە شێوەی جۆرێک لە پاڕانەوەیە بە چرپەوە؛ لەگەڵ میلۆدیییەکی خۆشی کەماندا.

ئەم جۆرە لەم جوانییە دەگمەنە کەم ژیا، هەر زوو بووە یەکێک لە تایبەتمەندیی سروودە سەربازییەکانی شۆستاکۆڤیچ، کە پەیوەندییەکی ناڕوون لە نێوان هێز و تەنزدا دروست دەکات. ئەمە بەسەر هەمان “ئایرۆنی ماهیلیاریان ئالیگریتۆش” جێبەجێ دەبێت، کە تێیدا لە بری ئەوەی سەمایەکی ساکار شادیهێنەر بێت؛ کەچی بێزارکەر و ناخۆشە.

لە کاتی یەکەم نمایشی ئەم ئاوازە لەسەرخۆیەدا، زۆربەی گوێگرەکانی دایان لە پڕمەی گریان. لە ڕووسیای سەردەمی ستالیندا، بەشی پێویست هۆکار هەبوون بۆ گریان و ئەوەی گوێی لە ئاوازەکە بگرتایە وەکوو ئەوە وابوو گوێی لە هەموو نەهەماتییە شەخسییەکانی ژیانی خۆی گرتبێت، کاتێک لە جووڵەی هیواشی میوزیکەکەدا ڕەنگی دەدایەوە. میوزیکی ئەم سەمفۆنیایە جۆرێکە لە میوزیکی شێوەن، کە لەگەڵ ئیکۆی ئاوازی نوێژی ئۆرسۆدۆکسی ڕووسیدا یەک دەگرێتەوە. لێرەدا دەتوانین زۆر بە ئاسانی لەوە تێ بگەین کە بۆ ڕۆژنامەنووسە ئەمریکیيەکە، سەمفۆنیای پێنجەمی بە میوزیکێکی غەیر سۆڤیەتی لە قەڵەمدا و بەپێجەوانەوە وەک سەمفۆنیاییەک پێناسەی کرد، کە لە کولتووری سلاڤیکی “مەسۆرگسکی و چایکۆڤیسکی و بۆرادین”ەوە نزیک بێت.

شۆستاکۆڤیچ لە فاینەڵی سەمفۆنیاکەدا جارێکی تر خۆی دووپات دەکاتەوە، بە بەکارهێنانی پارچەیەک لە ئاوازەکانی بۆ شیعری (دووبارەلەدایکبوونەوە)ی “پوشکین،” بەڵگەیەکی تری بە یەکێتی ئاوازدانەراندا، کە کوڕە بەخشندەکەیان پەشیمانە و  بە تەواوی ئامادەی گۆڕانکارییە لە خۆیدا. ئەم کۆتاییە تا چەنێک هیوابەخشە؟ میوزیکەکە هێز و توانای پێویستی هەیە بۆ بردنەوەی شەڕەکە، هەرچەندە هەر زوو لەنێو شێوازی میکانیکی و چۆردی ناخۆشدا بزر دەبێت. بەگوێرەی “مسیستلاڤ ڕۆسترۆپۆڤیچ،” کە خۆی هەڵهاتوویەکی سیاسی یەکێتی سۆڤیەت بوو، کۆتا جووڵەی سەمفۆنیاکە وەکوو “سەری تیرێکە کە لە کاتی ئازار و ئەشکەنجەدا بە برینی جەستەی کەسێکدا بچەقێندرێت…. هەر کەسێک پێی وابێت فاینەڵی سەمفۆنیاکە سەرنجڕاکێشەك گەمژەیە. بەڵێ، چونکە ئەوە تەنها بە لای گەمژەکانەوە سەرکەوتنە.”

 

یەکەم نمایشی سەمفۆنیاکە لە لینگارد، بە چەپڵەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و تەواوی ئامادەبووان هەستانە سەر پێ بۆی. مایسترۆکە “یەڤگانی مارڤینسکی” بەوپەڕی جۆشەوە بە چواردەوردا دەستی بەرز دەکردەوە. ئامادەبووان بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەردەوامبوون لە چەپڵە ڕێزان، تا ئەوکاتەی گڵۆپەکانی هۆڵەکە بە تەواوی کوژێندرانەوە بۆ ئەوەی خەڵکە بڕۆنەوە ماڵەوە. خەڵکێکی زۆ نەک هەر هاوسۆزی خۆیان بۆ سەمفۆنیاکە دەربڕی، بەڵکوو پشتیوانی خۆشیان بۆ ئاوازدانەرەکەی نیشاندا؛ دوای ئەوەی زانیان ساڵێک پێش ئەوە دەوڵەت سەمفۆنیای چواری بە میوزێکێکی “مەترسیدار و گێرەشێوێن و ناسروشتی” داناوە. سەرۆکایەتی پارتە سیاسییەکان بە کۆنتڕۆڵکردنی سەمفۆنیاکە و هەروەها ڕێزگرتنی ڕووکەشانەی ئاوازدانەرەکە بۆ دەوڵەتی سۆڤیەت هێورکرانەوە، هەروەها بەیاننامەی “وەڵامی شۆستاکۆڤیچ و پاساوهێنانەوە بۆ ڕەخنەکان” چاپکرا و لە پرۆگرامی یەکەم نمایشی کارەکە لە مۆسکۆ بڵاوکرانەوە. تەنانەت هاوەڵی دوورەکەی شۆستاکۆڤیچ “پڕۆکۆفیڤ”  بە جۆرێک لە جۆرەکان کاردانەوەیەکی پۆزەتیڤانەی هەبوو بۆ کارەکە و زۆر بە ڕوونی ئاماژە بە ناوازەیی کارەکە دەکات. زۆر لە بڕگەکان دڵخۆشیان کردم، هەرچەندە زۆر ئاشکرا بوو بۆ من کە ئەم پارچە میوزیکە لەبەر کۆمەڵە هۆکارێک نرخی نازاندرێت. پێم وایە خەڵکی بە تەواوی شکستیان هێناوە لەوەی بگەنە ئەو قەناعەتەی کە بۆ دەبێ ئەم سەمفۆنیایە بە گەنجینە بکرێت. سەرەڕای هەموو شتێک، ئەمە هەنگاوێکی زۆر باشە کە لە کۆتايیدا دوای ئەو هەموو پارچە میوزیکە کۆنانەی هاوڕێ ئاوازدانەرەکانمان هەوڵێکی نوێ دەبینین. هەرچەندە تەنها دوای ماوەیەکی زۆر لە جەوهەری ڕاستەقینەی ئەم سەمفۆنیایە  تێدەگەین.”

 

 

 

 

 

Leave a comment