دیمانەساز: فیۆنا مادۆکس
وەرگێڕان: شنیار عوسمان
لەنزیکی بوون بە ٨٠ ساڵ، ئەم ئاوازدانەرە باس لە هەنگاونانە بە سەبرەکانی دەکات لە کاری شۆفێری تەکسیەوە بەرەو سەرکەوتن، هەروەها باس لەوەش دەکات، بۆچی دەکرێت هەر شتێک بێت؛ جگە لە مینیماڵیستێک …
ئاوازدانەری ئەمریکی “فیڵیپ گڵاس” کە ئەم مانگە دەبێتە ٨٠ ساڵ (دیمانەکە لە ٢٢ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ ئەنجامدراوە)، یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەرە سنووربەزێنەکانی نێو سەدەی ڕابردوو، ئەو بۆ یەکەم جار لە ساڵانی ١٩٧٠ ەوە بووە خاوەنی هەوادار. لەسەرانسەری جیهاندا بە بەرهەمەکانی Koyaanisqatsi , Einstein on the” Beach , Satyagraha” بە هەمەئاهەنگی لەگەڵ: (ئاڵین گینسبێرگ، ڕۆبێرت ویڵسۆن ، دۆریس لێسینگ ، مارتین سکۆرسیس ، ڕاڤی شەنکار، دەیڤید بۆو، پاوڵ سایمۆن و زۆر کەسی دیکە..) کاری کردووە. بە پێشکەشکردنی بەرهەمێکی ئۆپێرای سکۆتلەندیی و ئۆپێراکەی گڵاس خۆی، “The Trial” ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوونی ٨٠ ساڵەی فیڵیپ گڵاس لە باربیکان دەگێڕدرێت.
وا دیارە نە تۆ و نە هیچ کەسێکی دیکە وەک ‘ستیڤ ڕیچ’ یان ‘جۆن ئادەمس،’ حەز ناکەن پێتان بگوترێت *مینیماڵیست. کەوایە ئێمە ئەگەر پێتان نەڵێین مینیماڵیست، بە چی ناوتان بهێنین؟
با ئێمە باسی ئەمە بکەین. گرفتەکە ئەوەیە لە ئێستادا هیچ کەس کاری *مینیماڵیزم ناکات. ئەوە میوزیک بوو کە لە ساڵانی ١٩٧٠ کاندا دەماننووسی. ئێستا زیاترلە ٣٠ ساڵ بەسەر ئەوەدا تێپەڕیوە. ئەوە بیرۆکەیەکی عاقڵانە نییە، وەسفێک بەکار بهێنیت کە لە لایەن ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەرەکانەوە، لەگەڵ هەموو جۆرەکانی میوزیک بەکار دەهێنرێت. ئەوە زیاتر ناشرینکردنە، وەک لەوەی وەسفێک بێت.
هەر بەڕاستی من چ کارێک دەکەم؟ گوێم بۆ بگرە، من ٢٦ ئۆپێرا و ٢٠ بالێتم نوسیووە، لەگەڵ ئەوەی نازانم کاری میوزیکیم بۆچەند فیلم کردووە. میوزیکی شانۆ دەنووسم، هەروەها خەریکی کاری میوزیکی کۆنسێرت و سەمفۆنیاشم. لە ئێستاشدا خەریکی کارێکی نوێم کە میوزیکی فیلمێکە. دواتردەست بە کارێکی نوێی دیکە دەکەم. کێشەی من ئەوەیە خەڵکی باوەڕ ناکەن سەمفۆنیاش دەنووسم، لەگەڵ ئەوەشدا لە ٢ هەفتەی داهاتوودا سەمفۆنیای ”NO 11” پێشکەش دەکەم. هەموو ئەمانە شێوازی جیاوازی میوزیکن، لەوانەیە چەندەها کاری دیکەش بکەم.
بەڵام ئەوە ئەو وەسفەیە کە لەگەڵ ناوی تۆدا دەمێنێتەوە (ئەو وەسفەیە کە ناوەکەی تۆ هەڵیگرتووە): فیڵیپ گڵاس، مینیماڵیستی گەورەی ئەمریکی …
ئەگەر خەڵکی بە ئاوازدانەرێکی ئەمریکی ئۆپێرا ناوم بهێنن، ئەوە شتێکی گونجاو دەبێت لەگەڵ ئەو کارەی لە ڕاستیدا دەیکەم. ئەوە واقیعە، خودا نەکات ئێمە دەبێت تەواو وردبین. من ئەو کارانە ناکەم، ئەوە ئاسانتر نییە بڵێیت من ئاوازدانەرێکی ئایسلەندیم، کە میوزیکی زنجیرە فیلمەکان دەنووسم؟ (بێدەنگ بوو، دواتر پێکەنی).
من ئاوازدانەری میوزیکی شانۆییم.
زۆرینەی خەڵک دەیانەوێت گوێبیستی ئەو میوزیکانە بن کە لە ساڵانی ١٩٧٠ و١٩٨٠اکاندا پێشکەشم کردوون. دەزانی من چی دەکەم؟ میوزیکەکە دەژەنم. قسە لەگەڵ “پاوڵ سایمۆن” یان کەسێکی وەک ئەو دەکەم، وە ئەوە هەمان شتە.
من دەڵێم: ” پاوڵ، لە ڕاستەوخۆکاندا چ میوزیکێک پێشکەش دەکەیت؟”
ئەویش دەڵێت ” من گۆرانییە نوێیەکانم پێشکەش دەکەم.” ئەوەش ڕاستە.
ئەگەر بڕۆیت گوێ لە پاوڵ سایمۆن بگریت، دەتەوێت گوێبیستی بەرهەمی ” Bridge Over Troubled Water” بیت. بەو هۆیەوە هەبوونی کاری نوێ شتێکی باشە، بەڵام لەبەر ئەوە نا کە بلیت دەکڕیت. تۆ دەتەوێت گوێبیستی بەرهەمە کۆنەکانیش بیت. ئەوە بۆ منیش هەمان شتە کاتێک لەگەڵ گرووپەکەم میوزیک دەژەنم (گروپی فیڵیپ گڵاس)، بۆماوەی ٤٠ ساڵ پێکەوە بووین. ئێمە کارە ناسراو و دیارەکان پێشکەش دەکەین.
کەواتە تۆ دەڵێیت، دواتر کاری… مینیماڵیزم دەکەیت!
بەڵێ، من دان بەوەدا دەنێم بەشێکم لەو مەتەڵە. ئێمە دووبارە کارمان لەسەر بەرهەمێکی ساڵی ١٩٧١ کرد.
بڵێ چی، ئەوە مینیماڵیست بوو! باشە باشە! منیش هەر وەک ڕۆژنامەنووسەکان خراپم (زیاتر پێکەنی).
لە شاری باڵتیمۆری ویلایەتی ماریلاند گەورە بوویت، لە ڕێی گوێگرتن لەو بەرهەمە نەفرۆشراوانەی لە دوکانەکەی باوکتدا بوون، پەرەت بە حەزە زۆرەکانی خۆتدا، کە بۆ میوزیک هەتبوون . ئایا بە ڕاستی ئەوە گەنجینە سەرسوڕهێنەرەکە بوو؟
نا ئەوە نەبوو، من گوێم لە هەموو ئەوانە دەگرت کە پێمان دەگوتن ” hillbilly ” و “Buddy Holly” و “R&B ،” هەروەها گوێم دەگرت لە چوارینەکانی بیتهۆڤن و ئەو شتانەی زۆر نوێ بوون لەو کاتەدا ، وە گوێم لە شۆستاکۆڤیچ و بارتۆکیش دەگرت. بەڵام پەیوەست بوو بووم بە تۆمارکراوەکانی ناو دوکانەکەوە، وەک هەموو کاتێکیش زۆر میوزیکی سەردەمییانەی لێ بوو، وەک میوزیکەکانی چارلیس ئیڤز، کە ئاوازدانەرێکی ئەمریکی گەورەبوو. هەروەها میوزیکی قوتابخانەی ڤینیسی دووەم، بێرگ ویبێرن و وە بە پلەیەکی کەمتر شوینبێرگ. چەند پەیوەندیەکم کرد بۆ دەستکەوتنی کتێبەکەی شوینبێرگ، کە دەربارەی هارمۆنییە بنەڕەتیەکان بوو، لەبەر ئەوەی لە کتێبخانەکانی باڵتیمۆر دەستم نەکەوت، بۆیە زۆر بەدواداچوونم بۆ کرد، ئەو کتێبە زۆرسادە و نەریتییانە بوو.
بەڵام سەیر بکە، من لەو کاتەدا زانیاریەکی زۆرم کۆکردبۆوە. لە پەیمانگای پیبۆدی میوزیکم دەخوێند. کە لە تەمەنی ٩-١٠ ساڵیدا بووم بەشداریم لە ” ئاهەنگی ئایینی باخ”دا دەکرد، کە لە کەنیسەکان بەڕێوە دەبرا. لە قوتابخانەی ئامادەییشدا دەیانویست شتێک پێشکەش بکەن، کەواتە ئەوان چیان کرد؟ گیڵبێرت و سولیڤیان (میلۆدیەکی شانۆیی سەردەمی ڤیکتۆریایە)! من فلووتم ژەنی لە ئۆرکێسترادا. ئیتر لەوەوە تێگەیشتم کاری سەر شانۆ چۆنە. شوێنی میوزیکژەنەکان کە لە چاڵایی سەر شانۆکەدابوون، وە کات و هاتن و ڕۆشتنی گۆرانیبێژەکان، ئەو شتانەم تێبینی کردبوو. ئەوە شتێکی خراپ نییە دەربارەی پیشەکەت شت فێر ببیت. ئەوە پێشینەیەکی باش و باوەڕپێکراوی پێ بەخشیم.
لە ساڵانی دواتردا، گەیشتمە ئەو ئاستەی ئۆپێرا بنووسم، هەستم بە ئاسودەیی دەکرد دەربارەی هەموو شتەکان.
” ئەو کەسانەی میوزیکەکەی تۆیان قبووڵ نییە، ئەوا بیرکردنەوەکانیان ناگۆڕێت. ئەگەر بەختت هەبێت، تۆ زیاتر لە ئەوان دەژیت.”
زۆر بە زوویی چویتەتە زانکۆی شیکاگۆ، ئەو کاتانەی تەمەنت ١٥ ساڵ بووە، دواتر چوویتەتە قوتابخانەی جولیارد لە نیویۆرک. بەڵام گۆڕانە گەورەکە لەو کاتەوە ڕوویدا کە چوویتە ئەوروپا. تۆ گوتبووت دوو فریشتە لەسەر شانەکانت بوون، کە دوو مامۆستا باشەکەت بوون؛ نادیە بۆڵانگەر و ڕاڤی شەنکار.
من هەموو کات گووتومە یەکیان فێری ڕووبەڕووبەنەوەی ترسی کردم و یەکیان فێری خۆشەویستی کردم. نادیە بۆڵانگەر مامۆستایەکی گەورە و شارەزا بوو لە پاریس. ئەو کەسێکی زۆر توند بوو، بە شێوەیەکی توند میوزیکی باخ و بیتهۆڤن و مۆزات وهەموو ئامڕازەکانی هونەری میوزیکی ڕۆژئاوایی فێرکردم. لە بنەڕەتدا، ئەوە دەربارەی تێگەیشتنی تەکنیکەکان بوو. لە دوای ئەو ڕاڤی شەنکار، مامۆستای میوزیکی کۆنسێرتە هیندییەکان بوو. لە ساڵی ١٩٦٤ چاوم پێی کەوت. بەوشێوەیە لە هەمان کاتدا، دوو باشترین ڕێپیشاندەری دوو کولتووری جیاوازم هەبوو.
نزیکەی ٢٥ ساڵ بووم، ڕاڤیش نزیکەی ٢٠ساڵ لە من گەورەتر بوو. من وەک خوێندکارێک وابووم. بۆ ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو مامەوە. ئێمە یارمەتی یەکمان دەدا، چەند ڕۆژێک بەر لەوەی بمرێت قسەم لەگەڵدا کرد.
قوڵبوونەوەت لە میوزیک و فەلسەفەی هیندیدا وهەوڵدانت بۆ تێپەڕاندنی سنوورە کولتوورییەکان، لە شێوە و کردار و جوانی تۆدا ڕەنگی داوەتەوە …
ئەو کات لە هیندستان، مۆڵەتی مانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕێگەپێدراو بوو، جگە لەوەی دەتتوانی ماوەیەکی کەمیش بمێنیتەوە. بۆیە لە کۆتایی شەستەکانەوە تا ساڵی ٢٠٠١، زۆر جار گەشتم بۆ ئەوێ کردووە. ئەمەش دەرگایەکی بە ڕووی میوزیکی گەردووندا کردەوە. تاوەکوو دواتر لە هونەری میوزیکی ئەوروپادا نغرۆ بووم. لە کێرالا ئاشنا بووم بە “کاساکالی- Kathakali ” کە سەمایەکی کلاسیکی هیندیی شانۆییە و کاریگەری لەسەر ئۆپێراکانی خۆم هەبوو، وەکوو ” .Satyagraha ” لە دوای ئەوەوە، بیستنی هەر شتێک دەربارەی میوزیکی ڕۆژهەڵات ئاسان نەبوو. نەتدەتوانی هیچ تۆمارێک بدۆزیتەوە جگە لە چەند سیدییەکی تایبەت، کە لە لایەن شارەزاکانەوە هەڵگیرابوون. ئەگەر بتویستایە گوێبیستی میوزیکی بالیەکان بیت، دەبوو بچوویتایە بۆ بالی. لە ئێستادا قوورسە بڕوا بەوە بکەیت.
وا هەست دەکەیت ئەو شتەت بەدەست هێنابێت کە لە گەنجیدا هەوڵت داوە لە پێناویدا؟ ئایا ئێستا بیرکردنەوە لە ڕابردوو هیچ شتێکت پێ دەبەخشێت؟
لە زووەوە بڕیاڕم دا، نامەوێت ببمە مامۆستای میوزیک یان کەسێکی ئەکادیمی. هەر بۆیە لە ساڵی ١٩٦٧ کە لە خوێندنەکەم گەڕامەوە لە ئەوروپا، گرووپەکەی خۆم پێکهێنا، کە لە حەوت ژەنیار پێکهاتبوون. ژەنیاری کیبۆرد و چەند ئامێرێکی هەوایی (هەواییە دارینەکان) هەستمکرد هیچ بژاردەیەکم نییە جگە لەوەی کە ببمە کەسێک میوزیک پێشکەش بکات. بە تێپەڕبوونی کات ژەنینی فلوت کەمبۆوە، لەبەر ئەوە تواناکانی خۆم لە ژەنینی کیبۆرددا باشتر کرد. ئامانجی گرووپەکە پێشکەشکردنی ئەو میوزیکە بوو کە من دەمنووسی. پێکەوە لە ماڵەکەی خۆم ڕاهێنانمان دەکرد، ئەو میوزیکەی نوسیبووم، پێکەوە پێشکەشمان دەکرد! ئەوە ڕێکەوتنەکە بوو. (چەند گۆڕانکاریەکمان دەکرد و میوزیکی ترمان پێشکەش دەکرد، کاتێک لە شوێنێکی تر ڕاهێنانمان دەکرد). دەمتوانی هەست بە کاردانەوەی میوانەکان بکەم، ئەو میوانە کەمانەی لە سەرەتادا ئامادە دەبوون. هەندێک جار تەنها ٢٠ کەس یان نزیکەی ئەوەندە دەبوون. دواتر سەرکەوتنی زیاترمان بەدەستهێنا، بەڵام ئەمە زۆر دەمێکەیە، ماوەیەکی زۆر پێش ئەوەی ببینە خاوەنی هیچ پارەیەک. ئەوەش ١٠ بۆ ١٥ ساڵی دیکەی خایاند.
بەرهەمی (Einstein on the Beach) لە ساڵی ١٩٧٦ سەرکەوتنێکی گەورە بوو، هێشتا پێویستی دەکرد کاری شۆفێری تەکسی بکەیت و وەک وەستای بۆری کار بکەیت.
بەڵێ، لە دوای ئەو بەرهەمە گەڕامەوە بۆ کاری شۆفێری تەکسی لە نیویۆرک. گوێم بەوە نەدەدا، ئەوە کارێکی خۆش بوو. هۆکارێکم بۆ ئەوە نەبوو. هەموو ئەو کارانەی پەیوەندی بە بوارەکەوە هەبووە کردوومن، وە کاری بلیت فرۆشتنیشم کردووە. چێژم لێ وەردەگرت. من لە نێو کاری میوزیکدا گەورە بووم، دڵخۆش بووم بەو کارە. بەڵام کات و کارکردنی زۆری ویست. لە ١٩٧٩ کە یەکەم کۆنسێرتمان لە هۆڵی کارنێیج بوو، پێویست بوو خۆمان پارە بدەین و بلیتەکان بفرۆشین! لە کۆتاییدا کۆمپانیایەکی بڵاوکردنەوەم دامەزراند و کەسانی تر ئەو کارەم بۆ دەکەن. من ئەو کارە بۆ ئەوان ناکەم!
ئایا ئەو دابەشکارییە کۆنەی لە نێوان شێوازی میوزیکەکاندا کرابوو، کە بە شێوەیەکی سەرسامکەر بووە سەرچاوەی مشتومڕ لە دەیەی سەدەی ٢٠ دا، لە ئێستادا کۆتایی هاتووە؟ ئایا لە ئێستادا خەڵک ڕازیە لەو شێوازەی هەڵت بژاردووە دەربارەی هارمۆنی ئاواز و میلۆدیی و دووبارەبوونەوەی ئاوازەکان؟
نا نا نا نەخێر. ئەو دابەشکاریە هەرگیز کۆتایی نایەت، ئەو کەسانە مردوون! ئەو کەسانەی تۆیان قبووڵ نییە و بیرکردنەوەکانیان ناگۆڕێت. ئەگەر بەختت هەبێت زیاتر لەوان دەژیت. ئێستا ئەوان هەموویان مردوون، کەسانی بە تەمەن بوون. ئەم ململانێیە نە کۆتایی دێت و نە لێی دەبردرێتەوە. تەنها سوپا ڕۆشت، دەتوانم چیت پێ بڵێم؟ ئەوە ڕاستییەکە نییە؟ ئەوە بایەلۆجییە و شتێکی لەوە زیاتر نییە، ئەوانە ڕۆشتوون و… ئێمەش لە ژەنینی میوزیک بەردەوامین.
- ئۆپێراکەی فیڵیپ گڵاس ”The Trial” لە ٢٤-٢٨ ی کانوونی دووەم لە شانۆ ڕۆیاڵی گڵاسگۆو، وە لە ٣-٤ی شوبات لە شانۆ کینگی ئێدینبرا، ئامادەییان دەبێت.
- فیڵیپ گڵاس لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا، لە ماوەی ٢٧-٢٩ کانوونی دووەم لە باربیکانی شاری لەندەن، یەکەم نمایشی بە ناوی “Concerto for Two Pianos” لە بەریتانیا پێشکەش دەکات. (ئەمە بەشێک دەبێت لە پڕۆگرامی Total Immersionی ئۆرکێسترا سەمفۆنی بی بی سی لە ٢٨ی مانگ) وە گڵاس میوزیکی فیلمی “Visitors” پێشکەش دەکات. (لە ٢٩ی مانگ)
- کەناڵی ڕادیۆ ٣ی بی بی سی، لە ٢٩ ی کانونی دووەم پەخشی نمایشی هەموو شەوەکەی گڵاس دەگوازێتەوە، لە کاتژمێر ١ی شەو تا ٧ی بەیانی، تەواوی نمایشەکەی دەگوازرێتەوە کە میوزیکەکەی ١٢ بەشە.
*مینیماڵیزم : شێوازێکی میوزیکە لە سەدەی ٢٠-ساڵانی ١٩٦٠ ەکانەوە لە ئەمریکا سەری هەڵدا. جیاواز لە میوزیکی کلاسیکی، ئەم شێوازە سادەتر بوو لە چاو ئەو تەکنیکە ئاڵۆزانەی پێشووتر. هەروەها پێشی دەگوترێت هونەری دووبارە کردنەوە.
*مینیماڵست : بەو کەسانە دەوترێت کە میوزیکی مینیماڵیزم پێشکەش دەکەن. زۆرینەی ئاوازدانەرەکانیش حەز بەم وشەیە ناکەن، چونکە بە زۆر سادەکردن، یاخود کەمکردنەوە لێکی دەدەنەوە.