ڕۆڵان بارت
وەرگێڕان : حەمەی مەلا
سالۆ، فاشیستەکان دڵخۆش ناکات. لە لایەکی دیکەشەوە، لەو ڕووەوە کە ساد بۆ بەشێک/هەندێک لە ئێمە بووەتە میراتێکی بایەخدار، زۆرێکی دیکە هاوار دەکەن کە: ساد پەیوەندی بە فاشیزمەوە نییە! لەم نێوانەدا کۆمەڵێک ماونەتەوە؛ کە نە فاشیستن و نە لایەنگری سادییەتن، ئەمانە بڕوایەکی دروست و پتەویان هەیە بەوەی کە ساد بە ماندووکەر دەزانن. هەر لەبەر هەمان هۆکار، ئەو فیلمەی کە پازۆلینی بەرهەمی هێناوە هیچ کام لەو دوو بەرەیە ڕازی ناکات (نە فاشیستەکان و نە لایەنگرانی ساد). لەگەڵ ئەوەشدا، تەواو ڕوونە کە ئەم فیلمە ئامانجەکەی پێکاوە، بەڵام کام ئامانج؟
لە سالۆدا، دەق لەمس دەکرێت و خاڵی کاریگەر پابەندییە بە دەقەوە، پازۆلینی لەسەر بنەمای دەق تەصویری دیمەنەکانی کردووە، بەو جۆرەی کە ساد وەسفی کردووە (ناڵێم “نوسیویەتی”). هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەم دیمەنانە جوانیی غەمگین و بەستوون و نەریتی پەڕەی ئینسایکلۆپیدیایی بەخۆوە دەگرن. ناچارکردنی کەسێک بە خواردنی پیسایی؟ چاو هەڵکۆڵین؟ دەرزی خستنە ناو خواردنەوە؟ هەموو ئەمانە دەبینرێت: قاپ، پیسایی، دەستە دەرزی، خواردن. وەک دەوترێت، فیلمەکە هیچ نییە تێیدا نەبێت. سەرئەنجام ئەمە جیهانی پازۆلینی نییە کە بەو دیقەت و وردییەوە ڕووت کراوەتەوە، بەڵکو نیگای ئێمەیە کە ڕووت دەبێتەوە: نیگای ئێمە بە تەواوی ڕووت بووەتەوە، ئەمەش کاریگەری دەقە. لە فیلمەکەی پازۆلینیدا، سیمبولیزم بوونی نییە (کە بە بڕوای من ئەمە بە تەواوی بە ویستی خۆی و بە ئەنقەست کراوە): لە لایەک پێوانەکردن و شوبهاندنی دزێوی (فاشیزم و سادیزم) و لە لایەکی دیکەوە دەق، دەقێکی تا دواڕادە دەقیق، پێداگر، ئاشکرا، مشتوماڵ دراو وەک تابلۆیەکی سەرەتایی: پێوانەکردن و دەق، بەڵام بەبێ هیچ جۆرە سیمبولێک، خوازەیەک، تەفسیرێک، یان تیۆریما “گریمانە و سەلماندن”ێک، (لێرەدا مەبەست لە وشەی تیۆریما، کە زارەوەیەکی بیرکاریانە و لۆژیکییە، ڕەنگە کینایە بێت لە زۆر لەخۆکردن و تەفەننوون و زاراوەی گەورە!).
سەرەڕای ئەمانەش، ئەم دەقە کاریگەرییەکی سەیر و کونجکۆڵانە و چاوەڕواننەکراوی هەیە. دەکرێت پێتوابێت کە دەقەکە لە خزمەتی حەقیقەتدایە، لە خزمەتی واقیعدا، بەڵام بە هیچ جۆرێک وا نییە: دەقەکە ئۆبێکتەکانی ناو ئاگایی ئێمە دەشێوێنێت، کە دەکرێت لەسەر بنەمای ئەوانە گریمانە بکەین. پازۆلینی لەگەڵ وەفادارییەکەیدا بۆ دەقی دیمەنە سادییەکانی فیلمەکە، دەگات بە دەستکاریکردن و شێواندنی ئۆبێکتی-فاشیزم و ئۆبێکتی-ساد (فاشیزم و ساد وەک ئۆبێکت): ئەمەش بەڵگەیەکی باشە کە سیاسییەکان و لایەنگرانی ساد هاواریان لێبەرزبووەتەوە و فیلمەکەی ڕەت دەکەنەوە.
لایەنگرانی ساد (خوێنەرانی سەرسام بە نووسینەکانی ئەو) هەرگیز لە فیلمەکەی پازۆلینیدا ساد نادۆزنەوە. بەڵگەی ئەمەش شتێکی گشتیی و دیارە: بە هیچ جۆرێک ناتوانرێت ساد بنوێنرێتەوە. ڕێک وەک ئەوەی کە ساد هیچ پۆترەیتێکی نییە (جگە لە وێنەیەکی خەیاڵی)، خستنە ڕووی هیچ تەصویرێکیش لە جیهانی ساد مومکین نییە: خستنەڕووی تەصویرێک لە جیهانی ساد، بەهۆی بڕیاری پێداگرانەی خودی سادی نووسەرەوە، بە شێوەیەکی تەواوەتی لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی نووسیندا فەرامۆشکراوە. ئەگەر وایش بێت، بێگومان ڕێکەوتنێکی نایاب لە نێوان نووسین و فەنتازیادا هەیە: هەردووکیان پچڕاو و ناکامڵن؛ فەنتازیا خەون نییە. ئەگەرچی ناڕاستیش هەبێت یان نا، پەیڕەوی لە یەکێتی داستان ناکات؛ هەروەها نووسین نیگارکێشانیش نییە، شوێن پێرفێکتی ئۆبێکتەکەی ناکەوێت: فەنتازیا تەنیا دەتوانرێت لە فۆڕمی دەقدا بنووسرێت نەک بە شێوازێکی وەصفییانە. هەر لەبەر ئەوەیە کە هەرگیز ناتوانرێت لە چوارچێوەی سینەمادا جێگەی ساد بکرێتەوە، دوای ئەوەش لە گۆشەنیگای سادییەتەوە (لە گۆشەنیگای دەقێکی سادییانەوە)، پازۆلینی تەنیا دەیتوانی دوچاری هەڵەیەک ببێت-کارێک کە سەرسەختانە ئەنجامیدا (بۆ پەیڕەوی کردن لە دەق دەبێت سەرسەخت بیت).
لە ڕوانگەی سیاسیشەوە، ساد لە هەڵەدا بوو. فاشیزم ئێجگار جدییە و مەترسییەکی ئازاردەرە کە ناتوانرێت بە پێوانەکردن و شوبهاندنێکی سادە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، سەروەرانی فاشیست “بە سادەیی” شوێنی شەهوەتبازان دەگرنەوە. فاشیزم ئۆبێکتێکی ناچارکەرە: وامان لێدەکات بە شێوەیەکی ورد و شیکاریی و فەلسەفیانە بیری لێ بکەینەوە. کۆتا کار کە هونەر دەتوانێت لەگەڵیدا بیکات، ئەگەر سەروکاری لەگەڵیدا هەبێت، کردنی فاشیزمە بە شیاوی بڕواپێکردن، نیشاندانی ئەوەی کە فاشیزم چۆن ڕوودەدات، نەک نیشاندانی ئەوەی چی لەو دەچێت؛ بە کورتی من هیچ ڕێگایەک بۆ بەرخوردکردن لەگەڵ فاشیزمدا لە ڕێگای برێخت بە باشتر نازانم. بە دەربڕینێکی باشتر: بەرپرسیارێتی وا دەخوازێت کە فاشیزم وەک لادان بناسێنین؛ چ کەسێک بەوەی کە لە بەرانبەر چێژگەرایان و شەهوەتبازانی سالۆدا بڵێت: “من بە ڕاستی ئەمانەم پێ خۆش نییە، من فاشیست نیم چونکە حەزم لە پیسایی”گوو” نییە”، ئاسودە نابێت؟
بە کورتی پازۆلینی کارێک کە نەدەبوو بیکات دووجار کردی. لە ڕووی نرخ و بەهاوە، فیلمەکەی ئەو هەر دوو بەرەی (فاشیستەکان و لایەنگرانی ساد) لەدەست دەدات، چونکە دواجار هەم ئەوەی کە فەنتازیا و خەیاڵی فاشیزمی لەسەردایە، خراپە. هەم ئەوەی کە فیگەری سادیش وێنە دەگرێت خراپە.
دوای هەموو ئەوەی وتمان چی؟ ئەگەر سەرباری هەموو ئەوانەی وتمان، لە ئاستی هەست و سۆزدا، بڕێکی ساد لە فاشیزمدا هەبێت (شتێکی لە مۆدکەوتوو)، یان تەنانەت خراپتر، بڕێکی فاشیزم لە ساددا هەبێت چی؟ بڕێکی فاشیزم بە مانای فاشیزم نییە. “سیستەمی فاشیزم” مان هەیە و “جەوهەری فاشیزم”. بە هەمان ئەو ڕادەیەی کە سیستەمێک پێویستی بە هەڵوەشاندن و شیکارییە، جیاکردنەوە و جیاکارییەکی شیاویش کە دەبێت ئێمە لە بەرکەوتنمان لەگەڵ هەر جۆرە سەرکوتێکی وەک فاشیزمدا ئاگادار بکاتەوە، زەرورییە، چونکە جەوهەری فاشیزم دەتوانێت لە هەموو شوێنێکدا بڵاو ببێتەوە؛ بۆیە لە ڕاستیدا جەوهەری فاشیزم تەنیا یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە لەودا بە ڕێکەوت “عەقڵ”ی سیاسی ڕەنگی غەریزەی مەرگ دەگرێت، کە بە وتەی فرۆید شیاوی بینین نییە لە ڕێگای فەنتازماگۆریاوە نەبێت. سالۆ لەگەڵ دەستکردنی بە پێوانەکردنی سیاسی، کە لێرەدا کاریگەرییەکی بێ چەندوچوونی هەیە، ئەم جەوهەرە دەجوڵێنێت.
فیلمەکەی پازۆلینی کە شکستێکە لە نواندنەوەدا (هەم لە نواندنەوەی ساد و هەم لە نواندنەوەی سیستەمی فاشیستیدا)، لەبەر ئەوەی وەک مەعریفەیەکی ناڕوون و خراپ بەکار هێنراوە لە دەروونی تاک بە تاکی ئێمەدا بەهای هەیە، مەعریفەیەک کە تەواو ئازاردەرە: هەمووان ئازار دەدات، چونکە سادەیی خودی پازۆلینی، دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ئەوەدا کەسێک لە ڕێگای نۆرم و ڕێساوە دەستی بگاتە ڕۆشنایی. هەر بۆیە تیاماوم لەوەی ئایا دوای ئەم هەموو هەڵە جۆراوجۆرانە، سالۆی پازۆلینی، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو لایەنەکانی، بۆخۆی ئۆبێکتێکی سادیی نییە؟ تەواو لەدەست دەرچوو و لەوەی ڕزگار بکرێت: لە ڕاستیدا وا دەردەکەوێت کە هیچ کەسێک توانای ڕزگارکردنی ئەم فیلمەی نییە.