بۆچی ئەدەبیات بخوێنینەوە؟

بۆچی ئەدەبیات بخوێنینەوە؟

وەرگێڕانی: زریان حەمە

 

لە ناوەندی دۆخی شڵەژاوی سیاسی، فراوانبوونی ڕووباری کولتووری بەرناس و جەماوەریی، لایەنگیری میدیا و زانیاری هەڵە، گەردەلوولی تیۆرە پەروەردەییە مۆدێرنەکان و ئەو سەرهەڵدانە گڕکان ئاسایەی شاشە و تەکنەلۆژیادا، پرسیارێکی جەوهەری دێتە بوون. بۆچی ئەدەبیات بخوێنینەوە؟ بایەخی ئەدەبیات چییە؟

وا چاکترە لە چوارچێوەی کێشە کولتوورییەکاندا لە ئەدەبیات بڕوانین، لەبەر ئەوەی لەناو جەرگە و لە وەڵامیشیدا بۆ جیهانێکی تێکشکاو و پەرێشان، ئەدەبیات هەمیشە بەردەوامیی هەبووە.

بێگومان، لاواندنەوەکەی ۆردسوۆرس لەگەڵ هەر سەردەمێکدا دەگونجێت.

دنیابینینێکی پێشزانانە و دووربینانەیە بۆ ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو:

 

جیهان زۆردارە لەگەڵمان، درەنگ و زوو

بە دەستی دەهێنین و خەرجی دەکەین، هێزمان لەمەدا بەفیڕۆ دەدەین.

کەمە لە سروشتدا ئەوەی کە هی ئێمەیە،

وازمان لە دڵەکانمان هێناوە، چ دەستکەوتێکی چەپەڵە..

 

هەر بەڕاست، ئێمە دەستمان لە دڵەکانمان بەرداوە، بە بچڕاندنی پەیوەندیمان لەگەڵ خودا و سروشت و ئەوانی دی ـ بەڵام ئەدەبیات توانایی ئەوەی هەیە کە چارەیەک بۆ ئەمە بدۆزێتەوە. کەواتە چ جۆرە ئەدەبیاتێک ئەو هێزەی هەیە؟

وەڵامەکە “کتێبە مەزنەکەیە”. ساموێل جۆنسۆن لە کتێبی “پێشەکییەک بۆ شکسپیر”دا دەڵێت ” :تاکە تاقیکردنەوەیەک بۆ بایەخی کارێکی ئەدەبی، درێژی ئەو ماوەیەیە کە بەسەریدا تێپەڕیوە و بەردەوامی کاریگەرییەکەیەتی، پاش ئەو هەموو کاتە”.

لەوەش زیادتر، کتێبێک بە ئاست بەرز و کاریگەر لە قەڵەم دەدرێت، ئەگەر بەر ئەم سێ بنچینەیە بکەوێت:

یەکەم، جیهانییبوونیەتی. کتێبی چاک ساڵەهای ساڵ بۆ خەڵک دەدوێت؛ سروش بە خوێنەرانی دەبەخشێت، کاریگەرییان لەسەر دادەنێت و دەیانگۆڕێت. سەرەڕای ئەوەی زۆر لە کات و شوێنی نووسینیشی دوورکەوتووەتەوە.

دووەم، یەک ئایدیای سەرەکی هەیە و بابەتەکانیشی ئاماژە بۆ ئەو کێشانە دەکەن کەگرنگی هەمیشەییان هەیە.

سێیەم، بە زمانە ورد و سەرنجڕاکێشەکەی دەناسرێتەوە. کتێبی باش هزر دەوڵەمەند دەکات و ڕۆح دەباتە ئاستێکی تر.

ئێستا کە ئاماژەمان بەوە کرد چ جۆرە کتێبێک بخوێنینەوە، با باس لەوە بکەین بۆچی ئەدەبیات بخوێنینەوە؟ لێرەدا شەش خاڵ دەخەینە بەر باس :

 

  1. ئەدەبیاتی باڵاکار لەسەر ئەندێشە دەکات. ئێمەی مرۆڤ حەزمان لە چیرۆکە؛ هەر لەبەر ئەمەشە کە چێژ لە ناسینی کارەکتەرەکان، ژیان له جیهانەکەیاندا و ئەزموونکردنی خۆشی و ناخۆشییەکانیان وەردەگرین. بە دیوە پراکتیکییەکەیشیدا، ئەندێشەی چالاک یاریدەمان دەدات چاکتر ڕاستیی بناسینەوە، بڕیاری دروست بدەین و زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ژیان بکەین. تەنانەت یاریدەمان دەدات کە لۆژیکییانە و ژیرانەیش بیر بکەینەوە و بۆ ژیان بڕوانین.

 

  1. خوێندنەوەی ئەدەبیات، ئێمە لە بواری هەنووکەیی خۆمان دەگوازێتەوە بۆ سەردەم و شوێنی جیاوازتر. بەرکەوتنمان لەگەڵ کارەکتەرەکاندا بەپێی کات و شوێنیان، لە نەزانیی و جەهلمان کەم دەکاتەوە.

مارک توەین دەڵێت: ” گەشتکردن کوشندەیە بۆ بیرتەسکی و کینه و ڕەگەزپەرستی. ڕوانگە فراوان و باشەکانی مرۆڤ بە چەقبەستنت لە سوچێکی ئەم جیهانە، بۆ تەواوی ژیانت بەدەست نایەت”

لەبەر ئەوەی زۆرێک لە ئێمە توانایی ئەوەمان نییە وەکوو مارک توەین بۆ زۆربەی پارچەکانی جیهان گەشت بکەین، ئەدەبیات ڕێبەرێکی شایستەیە.

 

  • خوێندنەوەی ئەدەبیات تواناییمان پێ دەبەخشێت که جیهان له چاوی ئەوانی ترەوە ببینین. هزر وا ڕادێنێت کە نەرمونیان بێت و لە بۆچوونی ئەوانی دی تێ بگات ـ مرۆڤ دید نەرێنی خۆی وەلا دەنێت و دونیا لە چاوی کەسێکەوە دەبینێت کە لە تەمەنێکی تر و سەردەمێکی تر، پێگە و ڕەگەزێکی ترە.

 

  • کارە نایابەکانی ئەدەبیات ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە پێکهێنانی کۆمەڵگا. بۆ نموونە داستانی گلگامێش ئەو جۆرە گێڕانەوەیەی داهێنا ،کە تێیدا پاڵەوانەکە دەست بە گەشتێکی داستانی دەکات. کە دواتر بەشێوەیەک بەربڵاو  بوو ،کاریگەری گەورەی لەسەر جیهانی ئەدەبیات دانا. نموونەی دیکەی  نووسینی کاریگەر وەک: ئۆدیسای هۆمەر، کۆمێدیای پیرۆزی دانتێ، هاملێتی شەیکسپیر و دۆن کیشۆتی سێرڤانتێس کە بە یەکەمین ڕۆمان دادەندرێت لە ئەدەبیاتی ڕۆژئاواییدا. بەمەش ژانرێکی نوێ هاتە ئاراوە کە لەو کاتەوە بووە بە یەکێک لە ژانرە زاڵ و باوەکانی ئەدەبیات لە جیهانی مۆدێرندا. لە پاش ئەوەیش “خەمەکانی وێرسەری لاو”ی گۆتە بە تەواوی کاریگەر بوو، ئەگەرچی لە ڕوویەکی ئەرێنییشەوە نەبوو؛ هۆندراوە لیریکییەکان  ۆردسۆرس و کۆلەریدج بوو بە دەسپێکێک بۆ سەردەمی ڕۆمانسیزم لە ئەدەبیاتی ئینگلیزیدا. هەروەها “کابینەکەی مامە تۆم” کە لەلایەن هارێت بیچەر ستۆوە نووسراوە، وای لە وڵاتێکی بەش بەش و ناتەبا کرد کە جەنگی ناوخۆ هەڵببژێرن لە بەرانبەر کۆیلایەتیدا.

ڕۆمانی “جەنگەڵەکە”ی ئەپتن سینکلەیر، مەترسییەکانی پیشەسازیی سازکردنی گۆشتی ئاشکرا کرد و بووە هۆی ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی خۆراکدا. لەبەر ئەوە، دەتوانین بڵێین کە کتێب توانای ئەوەی هەیە گۆڕانکاری لە کولتوور و مێژوودا دروست بکات.

 

  • خوێندنەوەی ئەدەبیات تێڕامان و هزری مرۆڤ پەروەردە دەکات؛

ئاسانکاریمان بۆ دەکات وریایانەتر مامەڵە لەگەڵ زمان و وشەکانماندا بکەین. بەرکەوتنمان لەگەڵ ئەم جۆرە نووسینانەدا، بیرێکی فراوان و بە ئاگا و هۆشیار دەخوازێت، تا مرۆڤ بتوانێت زۆرترین زانیاری بەدەست بهێنێت. بەرکەوتەی بەردەواممان لەگەڵ سینتاکس و شێوازی نووسینی ڕوون و ڕەوان و باڵادا، نەک بە تەنها بیر و هۆشمان بەرەو پێش دەبات، بەڵکوو گەشە بە توانای ئاخاوتن و نووسینیشمان دەدات. هەروەها دەست دەکەین بە بینیین و خوێندنەوەی ڕستەی نووسەرە گەورە و بەناوبانگەکانی جیهان؛ دەتوانین لاسایی تەکنیک و وشەکانیان بکەینەوە.

 

  • لە کۆتاییشدا، خوێندنەوەی ئەدەبیات وامان لێ دەکات کە خۆمان بناسین و لە مرۆڤ تێ بگەین، لەبەر ئەوەی کە بابەتی سەرەکی ئەدەبیات، مرۆڤە. لە نێوان پەڕەکانیدا دەربارەی توانایی داهێنەرانە و ئەخلاقییانە، ئاگاییمان و ڕۆحمان فێر دەبین. دەتوانین مرۆڤ بە هەموو بیرکردنەوە و هەست و کردارەکانییەوە، لەوپەڕی شکۆ و لەوپەڕی گەمژایەتییدا ببینین. بە شێوەیەکی دی، ئەدەبیات ئاوێنەیەک بەرانبەر بە سرووشتی مرۆڤ دادەنێت، قوڵایی و ئاڵۆزییەکانی ناخی دەردەخات. لەوەیش زیاتر ئاوێنەیە بۆ سەردەمێکی کولتووری، کە شێوە و خوڕەوشتی کۆمەڵگا ڕوون دەکاتەوە.

 

 

Leave a comment