بەشێک لە دیمانەی ئامی ستێکلەری فیلمساز و هەیدن هێرێرای نووسەری ژیاننامەی کالۆ

بەشێک لە دیمانەی ئامی ستێکلەری فیلمساز و هەیدن هێرێرای نووسەری ژیاننامەی کالۆ

لە ئینگلیزییەوە: هەنگوین ڕەفیق

 

ئامی ستێکلەر: ئەم پرسیارە کەمێک فراوانە، بەڵام دەتوانی بە پوختی باسی ئەوە بکەیت، کە چۆن ئەو ڕووداوە بڕیاردەر بوو لە بوونی کالۆ بۆ ئەو کەسەی کە هەبوو؟

هایدن هێرێرا: ئەو نەدەبوو بە نیگارکێش، ئەگەر ئەو ڕووداوە ڕووی نەدایە، دەبوو لە ناو جێگادا بمێنێتەوە. خۆی دەڵێت کە لە ناو جێگا بێزار بوو و پێویستی بە شتێک بوو تاکوو یارمەتی بژێوی خێزانەکەی بدات، بۆیە دەستی کرد بە نیگارکێشان.  نیگارکێشان کارێک بوو کە دەیتوانی لە ماڵەوە بیکات، تا ماوەیەکی زۆر توانای چوونەدەرەوەی نەبوو، تاکوو کارێکی دیکە بکات.

پێش ڕووداوەکە دوو کاری هەبوو؛ هیچیان کاری جیددی نەبوون، بەڵام ڕووداوەکە ئەوی کرد بە نیگارکێش. ئەمەیش تەنها لەبەر ئەوە نا کە کارێکی پراکتیکییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە پێویستی بە شتێک بوو دەستی پێوە بگرێت. بۆیە پێموایە کێشان و دووبارە کێشانەوەی وێنەی خۆی، ڕێگایەک بوو تاکوو شتێک دروست بکات کە دەیتوانی لەسەری بەردەوام بێت و ئارامی بکاتەوە.

ستێکلەر: پێت وایە پۆرترەیتەکانی خۆی، لایەنێکی گرنگی بوونی کالۆیە بە نیگارکێش؟

هێرێرا: پێم وایە بەشێکی پێویستییەک بوو تاکوو خۆی بناسێت و بە جۆرێک هەست بە ڕاستەقینەبوونی بکات، یاخود وەکوو تاکەکەس لەناو دنیای گشتیدا ئەوەندە هەست بە لاوازی نەکات. ئەمە شتێکی بەرجەستەیی بوو، ئەگەر وێنەی خۆت بکێشیت، تۆ بۆ هەمیشە لەوێدا دەمێنیتەوە. لەگەڵ ئەوەیشی ئەو لە مردن نزیکبووەوە و هەستی بە نزیکییەکی ترسناک دەکرد لە مردن. بە جۆرێک لەناو ئەو وێنە جێگیر و بەرجەستەیەی خۆی هەستی بە پارێزراوی دەکرد.

ستێکلەر: پێت وایە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی وەکوو نیگارکێشێک، وەک هاندەرێک لەگەڵیدا مابێتەوە لە دروستکردنی پۆرترەیتەکانی خۆیدا؟ کە هەوڵی ئەوە بدات باڵانسێک دروست بکات، یاخود بیەوێت شتێک بڵێت؟

هێرێرا: بەڵێ، هەر لە سەرەتاوە هەمیشە هەستم بەوە کردووە پۆرترەیتەکانی فریدا کالۆ، ڕێگایەک بوون بۆ ئەوەی خەڵک بە فریداوە ببەسترێن. زۆربەی جار وەکوو دیاری دەیبەخشی بە هاوڕێکانی؛ دەیویست لە بیری کەسەکاندا بمێنێتەوە. سەرنجڕاکێشە کە وێنەی دیێگۆ لەناو بیری خۆیدا و لەسەر ناوچاوانی خۆی دەکێشێت، بەڵام دواتر وێنەکانی خۆی بۆ ئەوە بوون کە لە بیری کەسانی تردا جێی خۆی بکاتەوە.

ئەو نەک تەنها نەیدەویست پشتگوێ بخرێت، بەڵکو دەیویست بایەخێکی زۆریشی پێ بدرێت و خەڵک سەرنجی بدەن. پێم وایە ئەمانە بە هۆی ئەو ڕووداوە و نزیکبوونەوە لە مردن بەهۆی نەخۆشی پۆلیۆوە بوو، هەروەها هەبوونی هەندێک جۆری تەنهایی بوو لە تەمەنی منداڵیدا.

لە ڕاستیدا ئەو کەسێکی زۆر تەنها بوو، نیگارەکانی دەرخەری ئەوەن، دابڕان لە نێوان خۆی و هەموو شتێکی دەوروبەری. هەموونیگارەکانی دەربارەی دابڕانە، دوا جار هەبوونی نەخۆشی پۆلیۆ و مانەوە لە ژوورێکدا بۆ ماوەیەکی درێژ، هەستی دابڕانی پێ دەبەخشێت.

ستێکلەر: جێی سەرنجە پیاوێکی هەڵبژارد کە پێویستی بە بایەخپێدانی زۆر لە خۆی زیاتر بوو، بەردەوام و جار لە دوای جاریش فریدای بەجێ دەهێشت.

هێرێرا: ئەوە لە مرۆڤەکاندا باوە، ئەگەر دایک و باوکێکی فەرامۆشکەرت هەبێت، بە دوای پیاوێکی فەرامۆشکەریشدا دەگەڕێیت.

ستێکلەر: پێت وایە لەبەر چی ئەوەندە پەیوەست بوو بە ئەوەوە؟

هێرێرا: بە ڕیڤێرا؟ ئەو هەمیشە دەیگوت کە لەبەر ئەوەیە ئەم مەمکەکانی ڕیڤێرای خۆش دەوێت، ئەویش سمێڵی فریدا. ئەوان حەزیان لەم لایەنانەی یەکتری بوو. ئەو حەزی لەو لایەنە دڕ و بەهێز و ڕاستەقینەیەی فریدا بوو. فریدا ڕاستەقینە، ڕەسەن، گاڵتەچی و بە زەبر بوو، ئەویش حەزی لە لایەنە فێمینینەکەی ڕیڤێرا بوو. بەڵام من پێم وایە لە سەرەتاوە فریدا بەوەوە پەیوەست بوو بوو، چونکە بەناوبانگ بوو، لەگەڵ ئەوەیشدا تەمەنیشی زۆر گەورەتر بوو لە خۆی.

ئەو باوکی زۆر خۆشدەویست، گەورەبوونی تەمەنی ڕیڤیراش ڕەنگە پەیوەندیدار بێت، بەڵام لەگەڵیشیدا بلیمەت و قسەخۆش و شیرین بوو. بۆ هەندێک کەس ڕیڤێرا سێکسیش دەردەکەوت. زیرەکیەکەی ڕۆڵیکی گەورەی هەبوو لەمەدا، پێشی وابوو قسەکردن لەگەڵ ژنان زۆر سەرنجڕاکێشترە وەک لەگەڵ پیاوان، بۆیە ژنانی خۆشدەویست و ئەوانیش بە هەمان شێوە، پێم وابێت ئەمەیش یارمەتیدەر بووە.

 

ستێکلەر: کەی خەڵک وەکوو نیگارکێشێک دەیناسن؟

هێرێرا: کاتێک لە نیوەی دووەمی حەفتاکاندا سەرقاڵی توێژینەوەکە بووم، ئەو زۆر ناسراو نەبوو. لە مەکسیک بە هاوسەرە سەمەرەکەی دیێگۆ ڕیڤێتا و نیگارە سەیرەکانی ناسرابوو، خەڵکیش زۆر حەزیان لێی نەبوو.

سەیر بوون، بە ئێستایشەوە سەیرن، بەڵام ئێمە پێیان ڕاهاتووین.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، پێم وانیە زۆر کەس ناوییان بیستبێت. من نەمبیستبوو تاکوو دوو کەس بە ناوی ماکس کۆزلۆڤ و جۆیس کۆزلۆڤ کەتەلۆگێکیان پێدام و گوتیان: “لە کۆڕە هونەریەکەدا لە بارەی ئەمەوە بنووسە” پێم وابێت ئەوەیش لە نێوان ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٥ بوو. بەهەرحاڵ پێم وایە ناوبانگی فریدا کالۆ لە کۆتایی حەفاتاکاندا دەرکەوت و زۆر پەیوەست بوو بە فێمینیزمەوە؛ بە خەڵکانی چیکاناش لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە حەزیان لە مەکسیکیبوونی و چیرۆکە تراژیدیاکەی بوو. دواتر پێشانگا کرانەوە و وتاری زۆر بڵاوکرانەوە، ئەمە بەردەوام بوو و بەردەوامیش لە زیاد بووندایە، ئێستایش فیلمەکە هەیە کە زیاتریشی ئەکات.

ستێکلەر: سەرەتای چلەکان لە خاڵیکی ژیانیدا، کە سەرنجی جولیان لێڤی ڕادەکێشێت. دواتر دەبرێتە پاریس و خەڵکی وەکوو ئێدوارد ج. ڕۆبینسن، دەست دەکەن بە کڕینی کارەکانی.

هێرێرا: ئێدوارد کارەکانی کڕی، لەبەر ئەوەی ڕیڤێرا ئەوی بردە ستۆدیۆکەی فریدا، ڕیڤێتاش زۆر پشتگیری کارەکانی فریدای دەکرد. هەمیشە هەوڵی دەدا خەڵک بیانبینێت و فریداش کار بکات، چونکە ئەو زۆر بە ڕێکوپێکی کاری نەدەکرد.

بەڵام زیاتر هاوڕێکانی بوون، یان ئەو کەسانەی ڕیڤێتا دەهێنان، فریدا هەمیشە سوپرایز دەبوو ئەگەر کەسێک حەزی لە کارەکانی ببوایە.

بیر لە ڕۆبینسن دەکەمەوە، فریدا دەیگوت:” ئەبێت عاشقم بوو بێت، ئەو کارەکانمی کڕی، دەبێت عاشقم بوو بێت.” لە گەلەری جولیان لێڤی لە نیۆرک پێشانگایەکی هەبوو، بەڵام ئەوەیش بە هۆی ڕێکخستنەکانی ئەندرێ برێتنەوە بوو، جولیان لێڤی گەلەرییەکی زۆر سوریاڵی بوو، بۆیە برێتن پەیوەندی پێوە کرد. هەروەها پێشانگایەکی لە پاریسیش بۆ کردەوە، کە بە شێوەیەکی گشتی بەشێک بوو لە پێشانگایەکی زۆر گەورەتری مەکسیسکی. دواتر هەموو کارەکانی کە لە جولیان لێڤی نمایشکرا، لەگەڵ خۆی گواستییەوە بۆ پاریس.

ئەو بەشداری هەردوو پێشانگاکەی کرد. ئەمە ساڵی ١٩٣٩ بوو. کاتێکی باش نەبوو تا لە ئەوروپا پێشانگا بکەیتەوە. جەنگ خەریکبوو دەستی پێ دەکرد، بۆیە ئەو پێشانگایە ئەوەندە بایەخی پێ نەدرا. مەبەستم؛ ئەو پێی بەناوبانگ نەبوو، ئەوەندەیش نیگاری نەفرۆشت. دواتریش هیچ پیشانگایەکی لە مەکسیک بۆ نەکرایەوە، هەتا ساڵێک پێش مردنی. کاتێک کە باری تەندروستی ئەوەندە خراپ بوو بوو، هاوڕێکەی، لۆلا ئەلڤارێز براڤۆ گوتی: “ئەم ژنە پێشانگایەکی دەوێت، هەتاکوو توانای ئەوەی هەیە کە ئاگاداری پێشانگاکە بێت” بۆیە ئەوە لە ساڵی ١٩٥٣ دا کرا. فریداش زۆری پێ خۆش بوو، بۆ ئەو گرنگ بوو لە مەکسیک پێشانگا بکاتەوە.

ستێکلەر: پێت وایە ئەو نیگارکێشێکی ڕاستەقینەیە؟

هێرێرا: بەڵێ پێم وایە، هەندێک جار لە کاتی نووسینی کتێبەکە بیرم لێ دەکردەوە، ئەو کتێبەم نەنووسی لەبەر ئەوەی پێم وابێت ئەو نیگارکێشێکی مەزنە، بەڵکوو پێم وابوو ئەو سەرنجڕاکێشە. هەروەها مەشقکردنەکەی من لە مۆدێرنیزمی ئەوروپیدا بوو، ئەمیش زۆر دوور بوو لە مۆدێرنیزمی ئەوروپی، لە ماتیس و پیکاسۆ. وا ڕاهێندرابووم ئەم جۆرە شتانە ئەوانەن کە جواننوە فریدا کالۆ لە سەرەتادا بۆ من جوان نەبوو، بەڵام ڕای دەکێشام بە لای خۆیدا. بە درێژایی ساڵەکان کە لە ناو مۆزەخانەی مۆدێرن ئاڕت دا دەگەڕام و هەندێک کاری فریدا هەڵدەواسران، لە نێوان سوریالیزم و وێنە مەکسیکییەکان، دواتر کاری فریدا لە پێشانگایەکی سوریالی دەبینین لە مێت. ئەو لە زۆربەی ئەوانی تر باشتر بوو، مەبەستم هەموو سوریاڵیەکانی دیکە نییە، بەڵام کارەکانی ئەم زۆر سەخت بوون.

ئەمەیش ڕاستە کاتێک لە مۆزەخانەی مۆدێرن ئاڕت دەیانبینیت. ” سێلف-پۆرترەیت بە قژی بڕاوەوە” ئەمە دەبینیت، هەنگاوێک دەچیتە دواوە و دەڵێیت: “ئەم وێنەیە زۆر سەختە.”

بەڵێ، پێم وایە ئەو زۆر باشە، هەر ئەوەی توانای ئەوەی کە بەو شێوە وردە بچیتە ناخی خۆتەوە و بتوانیت وێنەی دروستبکەیت و دواتریش کاریگەری لەسەر خەڵک دروست بکات، لێزانینی دەوێت.

ستێکلەر: چ شتێک لە بارەی میراتییە هونەریەکەی دەڵێیت؟

هێرێرا: بۆ نیگارکێشانی تر، ئەوەیە کە نیشانی دان کە بتوانن کەسی بن و تایبەت بن بە خۆیان، زۆر بە ڕاشکاوی مامەڵە لەگەڵ جەستەدا بکەن، فانتاسی بە شێوەیەک بەکاربهێنن کە لە ناو خۆیدا خۆی بچەسپێنێت. بە ڕای من ئەمە میراتی ئەوە بۆ نیگارکێشانی تر، ئەی بۆ هەموو دنیا چییە؟ بیرت لێ کردۆتەوە؟

ستێکلەر: زۆر لەوە گەورەترە، واتە، ئەو لێرەیە.

هێرێرا: میراتی فریدا، نەک بۆ نیگارکێشان بە تەنها، بەڵکوو بۆ هەموو خەڵک وەک ئەوەی کە پێی دەناسرێت، زۆر بە توانا بووە و چیرۆکەکەیشی سەرسوڕهێنەرە. هەندێک جار خەڵک دێن بۆ لام و باسی فریدایان بۆ دەکەم. دەڵێن کە یارمەتی داون، بە تایبەتی نیگارکێشەکان لێوەی فێربوون کە دەتوانن لە نەهامەتیدا بن و کار بکەن، توشی کارەسات ببن و هەر بەردەوام بن، شتێک بەرهەم بهێنن کە وا لە ژیانیان دەکات شایەنی بەردەوامی بێت.

ستێکلەر: ئەوە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی لە ئێستادا سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێت، بەڵام بۆ ئەمە بووە بە جۆرێک لە مارکێتینگ؟ ئەمە لە کوێوە هاتووە؟

هێرێرا: ئەمە شتێکی سەرەتایی و فێتیشییە، ئەوەی کە بچیتە کۆگاکانی مۆزەخانە و ئەم جۆرە گوارە و دەمامکە بدۆزیتەوە، تەنانەت پەردەی سەر جێگە، زۆر حەزم لەمەیان بوو. من گوێ بەمە نادەم، ڕاستە حەزم لە بیرۆکەی بە بازرگانیکردن نییە، بەڵام خەڵک حەز دەکەن خاوەنی شتێک بن. وەکوو ئەوەیە بچیت بۆ دیدارێکی ئاینیی، ئەگەری زۆرە وێنەیەکی بچووکی مەریەمی پاکیزە بکڕیت.

فریدا بووە بە فریدای پیرۆز، خەڵکیش دەیانەوێت پارچەیەکی بچووکیان لەمە هەبێت، بۆیە شتێکی بچووکی بەرجەستەیان دەوێت کە وێنەی ئەوی تێدا ببینن. زۆر سەرەتاییە، ئەگەر بازرگانی بێت پێم وانییە ئەوەندە گرنگ بێت. پێم وایە فریدا حەزی لەوە دەبوو و خۆشی لێ دەبینی. پێم وایە شتەکانی فریدا پێکەنیناوین، بلوسەکان و تیشێرتەکان و ئەمانە و ئەوانە. پێم وایە لە ناو گۆڕەکەیدا ئاوڕ دەداتەوە و بەمانە پێ دەکەنێت، لەبەر ئەوەی دەیویست بمێنێتەوە، ئەمانەیش بەشێکن لەوە. ڕەنگە پێت وابێت بەم شتانە دەتۆقێت، بەڵام ڕەنگە واش نەبێت.

 

 

 

 

 

 

 

Leave a comment