بۆ ڕۆحی جه‌لیل فه‌تاح، که تاوه‌کوو کاتی نووسینی ئه‌م چیرۆکه و له ساڵی (١٩٨٧)ه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی شه‌ش مانگێک ده‌بێت به سه‌رباز، ناگه‌ڕێته‌وه و بێسه‌روشوێن ده‌بێت. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و کوردانه‌ی وه‌کوو ئه‌و له جه‌نگی عێراق-ئێران‌دا کوژران، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ده‌فته‌ره به‌رباخه‌ڵه‌که‌ی جه‌لیلدا ناویان تۆمار کرابوو.”
“خوا هه‌ر ئه‌و تاقه به‌شه‌ی پێ دابووین و ئاوا خۆی لێشی ون کردین. به خوا ڕۆڵه گیان شوێن نه‌ما نه‌چین، حه‌ر چی پاره‌وپوڵمان بوو خه‌رجمان کرد، به‌ڵام حیچ و ئه‌وه‌تا خۆمان بۆ ده‌ردیسه‌ری و زووخاوخواردن ماوینۆ. به خوا حاجیی باوکیشی به ده‌رد جه‌لیلۆ گیانی ده‌رچوو. پێمان وت، زۆر له‌گه‌ڵی خه‌ریک بووین که نه‌چێت بۆ عه‌سکه‌ری و بۆخۆی له ماڵا دا‌نیشێت، یان وه‌کوو کوڕ ئه‌و عاله‌مه بچێت بۆ ئه‌و دێهاتانه، به‌ڵام به گوێی نه‌کردین.”
“وێنه‌یه‌کی جه‌لیلت لا ده‌ست ده‌که‌وێت؟”
“ئه‌و تاقه وێنه‌یه‌م لا ماوه، ئه‌وه‌تانێ، لێی بڕوانه، ئه‌وه له‌ویا چایچی بوو!”
شاعیرێکی شۆڕشگێڕ
په‌رده‌ی زۆربه‌ی ماڵه‌کان دادرابوونه‌وه، دیواری حه‌وشه‌کان له گوێسه‌بانه‌کانیان به‌رزتر بوون. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی سوپای ئێران هاتبوونه که‌ناروێ، تۆپخانه‌ی سوپای ئێران تۆپه‌کانیان ده‌گه‌یشتنه سلێمانی. خه‌ڵکی به‌نیاز بوون ژێر یه‌کێک له ژووره‌کانیان هه‌ڵبکه‌نن و بیکه‌ن به ژێرزه‌مین، وه‌ستا و کرێکار له‌ناو شاردا چه‌ندین ژێرزه‌مینیان هه‌ڵکه‌ندبوو، به‌تایبه‌تی له گه‌ڕه‌که‌کانی ژوورووی شار. پێده‌چوو تۆپهاوێژه‌کانی ئێران ته‌نها تاوه‌کوو پێده‌شته‌کانی گۆیژه و ئه‌زمڕ بڕیان بکردایه. له شار ته‌نها گه‌ڕه‌کی خانووه قوڕه‌کان تۆپی به‌ر که‌وتبوو، خه‌ڵکی شار ده‌چوونه سه‌ربان و له‌وێوه لێیان ده‌ڕوانی، کاتێک گولـله‌تۆپه‌کان به‌ر ماڵه‌کان ده‌که‌وتن، ده‌یانگوت: “هیچ نییه دووره، خانووه قوڕه‌کانه!”
له‌و کاته‌دا له‌ناو شاری سلێمانیدا ته‌نها دوو ڕێگای ده‌رچوون هه‌بوو، ئه‌ویش بۆ شاره‌کانی که‌رکووک و ده‌ربه‌ندیخان بوو. کاره‌با و ئاوی شار زوو زوو ده‌بڕان و خه‌ڵکی چرای فانۆس یان مۆمیان داده‌گیرساند.
جه‌لیل فه‌تاح ئاغای ته‌مه‌ن شانزده ساڵ که دوو ساڵ بوو وازی له قوتابخانه هێنابوو، له چایخانه‌ی شه‌عب بووبوو به شاگرد که به جه‌له لووس بانگیان ده‌کرد، له‌و ڕۆژانه‌دا به‌رده‌وام گوێی ده‌گرت و له سووچێکی ده‌فته‌رێکی به‌رباخه‌ڵیدا ناو و ژماره‌ی کوژراوه‌کانی ده‌نووسی، هه‌رچ که‌سێک له نه‌خۆشخانه‌وه یان له گه‌ڕه‌که‌کانی سه‌رووی شاره‌وه بۆ چایخانه‌ی شه‌عب بهاتایه، پرسیاری لێ ده‌کرد داخۆ ژماره‌ی کوژراو و برینداره‌کان چه‌نده. کاتێک پرسیاریان لێ ده‌کرد: “ئه‌رێ جه‌له لووس تۆ ئه‌و زانیارییانه‌ت بۆ چییه، خۆ تۆ موختار نیت”، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا ده‌یگوت: “بۆ ئه‌وه‌ی بزانم له‌م جه‌نگی قادسیه‌ی پیرۆزه‌دا چه‌ند کورد ده‌کوژرێن، ده‌ڵێم با ناویان ون نه‌بێت. ئێ کێ ده‌ڵێت دوایی بۆ حوکمی زاتییه‌که‌مان سوودی نابێت!”
دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی پێنجشه‌ممه بوو، خالیده شێری شاعیر هات بۆ چایخانه‌ی شه‌عب و گوتی: “ئه‌مریکا چه‌ک و ته‌یاره‌ی نوێی پێشکه‌وتووی به سه‌ددام حسێن داوه، که‌س خه‌می نه‌بێت و هه‌مووی له ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌کدا سوپای ئێران ده‌که‌نه‌وه به‌ودیو سنووردا، به خوا ئه‌و تارانه‌ت بۆ ته‌خت ده‌کات!”
جه‌لیلی شاگرد به خالیده شێری شاعیری گوت: “ئێ دوای ئه‌وه تۆ ته‌نها دوژمنێکت له‌کۆڵ ده‌بێته‌وه که ته‌نها له دووره‌وه تۆپێکمان پێوه ده‌نێت، ئه‌ی ئه‌و زاڵمه‌ی له‌سه‌ر ورگمانه و ڕۆژانه خوشک و دایکمان ده‌گێت؛ چیی لێ بکه‌ین؟”
خالیده شێری شاعیر له وه‌ڵامدا به جه‌لیلی چایچیی گوت: “ئه‌رێ تۆ خوێڕیی لووسکه‌له بۆ خۆتت لێ کردووین به موحه‌لیلی سیاسی، تۆ چی ده‌زانیت، نه جه‌ریده‌یه‌ک ده‌خوێنیته‌وه و نه گوێ له ڕادیۆیه‌ک ده‌گریت!”
کوڕێکی گه‌نج له سووچێکی چایخانه‌که‌وه ڕووی ده‌می کرده خالیده شێر: “ئێ باشه کاکی شاعیر، له‌وه‌ته‌ی من تۆ ده‌بینم دایم جه‌ریده‌ی سه‌وره‌ت به ده‌سته‌وه‌یه، ده‌بێت تۆ ئه‌م هه‌واڵه ڕاستانه له‌کوێوه بێنیت!”
جه‌لیل چایه‌کی له‌سه‌ر ته‌پڵه‌که‌که‌ی به‌رده‌می خالید دانا و پێی گوت: “کاکه خالید، ئه‌گه‌ر تۆ ئه‌و قسه‌یه‌ت ڕاست بێت، ئه‌وا چایی مانگێکت له‌لای من به‌لاش بێت!”
“جه‌لیل، تۆ منداڵێکی لووسکه‌له‌ی شاگردیت، پاره‌ت له‌کوێ بوو تاوه‌کوو پاره‌ی چایی مانگێکی من به‌لاش بێت! هه‌تیو، من له خۆمه‌وه قسه ناکه‌م!”
چه‌ند که‌سێک له ده‌وری خالیده شێری شاعیر کۆ بوونه‌وه و قسه‌ی بۆ ده‌کردن، ناوی جۆری ته‌یاره و سارووخه‌کانی پێ ده‌گوتن، خه‌ڵکه‌که له‌ناو چایخانه‌که‌دا خه‌ریک بوو بیکه‌ن به گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ. دوای ئه‌وه‌ی قسه‌وباسی ته‌یاره و سارووخه نوێکان ته‌واو بوو، یه‌کێک داوای له خالیده شێری شاعیر کرد: “توو خوا مامۆستا بۆچی شیعرێکمان بۆ ناخوێنیته‌وه!” یه‌کێکی تر گوتی: “شیعرێکی قه‌ومی! توو سه‌ری خۆت مامۆستا، شیعرێکی قه‌ومیی زۆر به‌قوه‌تمان بۆ بخوێنه‌ره‌وه!”
ئه‌ویش خۆی کۆ کرده‌وه و ده‌ستێکی به قژیدا هێنا و پارچه کاغه‌زێکی له گیرفانی چاکه‌ته ڕه‌ساسییه‌که‌ی ده‌رهێنا. پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست بکات به خوێندنه‌وه‌ی، له خه‌ڵکه‌که‌ی ڕوانی و پێی گوتن: “ئه‌وه به‌و موناسه‌باته‌وه و له‌به‌ر خاتری چاوی جوانی ئێوه، ئه‌گینا دامنابوو له ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ بڵاو بێته‌وه، چونکه ئه‌م شیعره‌م تازه نووسیوه و هه‌موو جێیه‌ک شوێنی شیعر خوێندنه‌وه نییه!”
کاتێک ناونیشانی شیعره‌که‌ی گوت، جه‌لیل به‌ده‌م چای تێکردنه‌وه گوتی: “ئاخ کێرم، ده جار گوێم لێی بووه!”
خالیده شێر پارچه کاغه‌زه‌که‌ی قه‌د کرد و خستییه‌وه گیرفانی، پاشان به‌بێزارییه‌وه هه‌ستایه سه‌ر پێ و پێش ئه‌وه‌ی بڕوات؛ له جه‌لیلی چایچیی ڕوانی و گوتی: “من ناپیاوم دێمه ئه‌م چایخانه‌یه، تاوه‌کوو هه‌تیوه لووسکه‌له‌ی شار ده‌مدرێژیم به‌رامبه‌ر بکه‌ن! دیاره خه‌تای خۆمه و وا بزانم ئێره جێگای موسه‌قه‌فین نییه!”
“کوڕه بڕۆ، تۆ جه‌ریده‌یه‌کی کۆن ده‌خه‌یته بنباڵت و ڕۆژی ده چای به قه‌رز لێره و له‌وێ ده‌خۆیته‌وه، ساڵی چوار دێڕ شیعری حیز ده‌نووسیت و خۆتت لێ کردووین به شاعیر!”
کاتێک جه‌لیل ئه‌مه‌ی گوت، هه‌موو خه‌ڵکه‌که بێده‌نگ لێیان ده‌ڕوانی. یه‌کێک له‌وانه‌ی له‌لای خالیده شێری شاعیره‌وه دانیشتبوو، هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵی هه‌ڵکێشا و گوتی: “ئێمه ئه‌گه‌ر قیمه‌تی ئه‌هلی ئه‌ده‌بمان لا ده‌بوو، حاڵمان نه‌ده‌گه‌یشت به‌و حاڵه!”
دوای ئه‌وه‌ی خالیده شێر چایخانه‌که‌ی به جێ هێشت، جه‌لیل هاتبوو له‌ناوه‌ڕاستی خه‌ڵکه‌که‌دا ڕاوه‌ستابوو، ده‌ستی به په‌ڕۆکه‌ی به‌ر ورگی وشک کرده‌وه، بێده‌نگیی ناو چایخانه‌که‌ی شکاند و به ده‌نگی به‌رز گوتی: “ئه‌رێ خه‌ڵکینه، بۆ ئێوه پێتان وایه خالیده شێر شاعیره؟!”