مەنسوور جیهانی
ـ فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” لە وڵاتی ئەمەریکا بەدەستهێنا.
فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەکتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” Santa Barbara لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن بینەران و ڕخنەگرانی سینەمایی و هەروەها ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی ئەم ڕووداوە کۆن و گرینگەی سینەمای ئەمەریکا بە ناونیشانی “جێفڕی سی. بارباکۆ” Jeffrey C. Barbakowبەدەستبێنێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” بریتی بوون لە: “کاڕلۆس ئاگیۆلار” Carlos Aguilar، “جۆستین بێتیمێن” Justine Bateman، “دۆپ بۆسۆ” Dupe Bosu، “جۆلی کارمێن” Julie Carmen، “ئانلی ئێلینگسۆن” Annlee Ellingson، “تیم گریرسۆن” Tim Grierson، “بیندریا جولی” Beandrea July، “ئێلیزابێت لو” Elizabeth Lo، “ئێسکات مانتز” Scott Mantz، “خۆزێ نۆڤۆئا” Jose Novoa، “گیل ڕابێرتسۆن” Gil Robertson، “چاڕلز سۆلۆمۆن” Charles Solomon، “ئانجی وانگ” Angie Wang، “ئێستیو زێن” Steve Zahn، “ئانتۆنی زێربە” Anthony Zerbe و “ئانێت زێربە” Annette Zerbe.
سی و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باڕباڕا” SBIFF بە هاوکاری ڕێکخراوەی ناحوکمی “یو.جی.جی” ®UGG، بە بەشداریی ئەستێرە ناودارهکانی سینەمای دنیا و بە نمایشی 200 فیلم لە سینەماکارانی 54 وڵاتی جیهان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی”، بەشی پێشبڕکێی “بەڵگەفیلم”ی کورت و درێژ، بەشی پێشبڕکێی “ئەنیمەیشن”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای سەربەخۆ”، بەشی پێشبڕکێی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، بەشی پێشبڕکێی “سینەمای نۆڕدیک”، بەشی “سێمینارە سینەماییەکان”، بەشی پسپۆڕانەی “ڤۆرکشۆپی فێرکاری” و … لە ڕۆژانی 2 تا 12ی ماڕچی 2022 لە شاری سانتا باڕباڕا لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
“ئەزموون” بەرهەمی کۆمپانیای “میتۆس فیلم”ی بەڕلین و کۆمپانیای “مەستی فیلم”ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی “ئاڕت هوود” ArtHood لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.
لە فیلمی سینەمایی “ئەزموون”دا کۆمەڵێک ئەکتەری بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەندین ئەکتەری گەنجی کوردستان، تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: ئاڤان جەماڵ، ڤانیا سالار، حوسێن حەسەن، شوان عەتووف، هوشیار زێڕۆ نێروەیی، نیگار عەسمان، کاوە قادر، عادڵ عەبدوالڕەحمان و … .
فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆی لە بەشی سەرەکی بیست و حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “ڤیکتۆریا” Victoria لە وڵاتی کەنەدا نمایشکرا و لە لایەن هۆگران، ڕخنەگران و نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی” ئەم ڕووداوە گرینگە سینەماییە بەدەستبێنێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
https://www.facebook.com/SBIFF
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە فهیسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346/