کاتی ئاوەز تێپەڕی (چیرۆک)

کاتی ئاوەز تێپەڕی (چیرۆک)

جێگر بەختیار

 

١

لەسەر کورسییەکەی دانیشتبوو. سەری بەسەر سینگیدا شۆڕ کردبووەوە. قۆپچەی کراسەکەی کرابووەوە و ژێرکراسە سپییەکەی بەدیار کەوتبوو. لیک لە دەمی و چڵم لە لووتی دەڕژا، لەسەر مووەسپییەکانی سەرسینگی یەکیان دەگرتەوە و بە قەدی مووەکان لینج.

لەو کۆتاییانەدا لەبەر ئازاری قاچی نەیدەتوانی دابنیشێت، دایە خواردنی لەسەر مێزێک لەبەردەمی دانا. بەسیلەی چاوێک سەیرمان دەکرد، دەستی بە نانخواردن نەکرد، تەنانەت سەریشی بەرز نەکردەوە. پیرتر لە جاران دیار بوو، بێھێز نا. دەمارەکانی پشتە دەستی سەوز دەچوونەوە. خۆر لە پەنجەرەوە لە سەر قاچەکانی دەدا و بەسەر پشتی فەرشەکە پەرش.

پاشماوەی خواردنەکانمان کۆکردەوە، جگە لە مێزەکەی بابە، کە ھێشتان دەستی لێنەدرا بوو. دایە شتەکانی کۆدەکردەوە و بە سیلەی چاو سەیرێکی بابەی دەکرد و لە بەر خۆیەوە قسەیەک، کەمن تێی نەدەگەیشتم چییە؟

بابە ھەستایە سەر پێ و بەرەو پەنجەرەکە چوو، دەستی چەپی بە پشتی گرتبوو و سینگی شۆڕ. کە گەیشتە لای پەنجەرەکە سەیرێکی دەرەوەی کرد و سووڕایەوە و بەرەو وێنە خێزانییەکەمان چوو، کە بە دیوارەوە ھەڵواسرابوو. دەمێک تێی ڕاما و سەری سووڕاند و سەیرێکی ئێمەی کرد. وامزانی بەرەو ڕووی من دێ، ھەستامەوە سەر پێ، بەلامدا تێپەڕی و لەدەرگەی ھۆڵەکە چووە دەر. سەیری ژوورەکانی دەکرد و بەناو ماڵەکەدا دەگەڕا، خواردنەکەشی لەسەر مێز سارد. شتێکی دەویست؟ شتێکی ون کردبوو؟

لاسکی بێجامەکەی لەسەر قونی شۆڕ ببووەوە، دەلینگی دەکەوتە بن پێی و ناوە ناوە ساتمەیەکی دەکرد. لەگەڵ سێ خوشکەکەم تەنیا سەیرمان دەکرد و ھیچ تێ نەدەگەیشتین، دایەش لەمە سەرسام تر.

ھاتەوە ژوورەوە لە جێگای خۆی دانیشتەوە، بە بێدەنگی و بێ ئەوەی ھیچ قسەیەک بکات. سەیری دەکردین و سەیرمان دەکرد. لە لۆچی نێوچاوانیم دەڕوانی، سەیری چاوە شینەکانیم دەکرد، کە وەک میرات تەنیا من لەگەڵیم بەش کردبوو، برۆیە پڕە ڕەشەکەی، ھەموو مانگێک بۆیەی دەکاتەوە، سمێڵە ڕەشەکەی وەک خۆیان ڕەونەقیان دەدا.

دایە کلێنسێکی دەستدایە و لیک و چڵمی سڕی. توند دەستی دایەیگوشی و گوتی: “دایە”

٢

ـ “بابە منت بیر دێتەوە؟”

سەیری چاوانی دەکردم، بە نیشانەی نا. سەرم لەسەر دەستەکانی دانا و دەستی ڕاستیم بەرز کردەوە، لەسەر سەرمم دانا.

ـ “بابە چۆن منت بیرنایەتەوە، کچە بچووکەکەت، ھەموو جار دەستت بەسەرمدا دەھێنا و نێوچاوانت ماچ دەکردم، توند لەباوەشت دەکردم و سەرمت بەسەر سینگت دەنووساند.”

قسەم لەگەڵی دەکرد، قسە دەربارەی خۆشەویستییەکەی، دەربارەی لەئامێزگرتن تا تێکەڵ کێشی ڕۆح.

ناز لەچاوانم دەتکا و دەپاڕامەوە، دەپاڕامەوە بابە نازم پێ بدە و دڵە بچکۆڵەکەم لە جۆلانەی باوەشت بھەژێنە. سەیری دەکردم و تێ نەدەگەیشت، تێ دەگەیشت لەشتانێک کە نوێ بوون لەیادەوەرییە نوێیەکەیدا.

توند باوەشم پێدا کرد، وەک بووکەڵەیەک بوو لە باوەشی کردبم، بێ جووڵە و خوست. جەستەی ساردی خوێنی دەکوڵاندم. چاوەڕێی بووم دەستی بە پرچمدا بهێنێت، نێوچاوانم ماچ بکات، نەیکرد. سێ خوشکەکەم و دایکم سەیریان دەکردم، سەرسام. سەرم لە سینگی دەخشاند و بۆنی عارەقەی بەناو لووتم پەرش.

بابە چەند ڕۆژێکە حاڵی باش نییە، تووشی لەبیرچوونەوە بووە. کەسمان ناناسێتەوە. دایکم بە دایە بانگ دەکات، دایکم بە دایکی خۆی دەزانێت. وەک ئەوەی ئێمە بێگانە بین، خۆی لێمان لادەدات. ھیچ قسەیەکمان لەگەڵ ناکات. زۆرترین وشە لە دەمی بێتە دەر ناوی دایکییەتی، دایکمی پێ بانگ دەکات.  بیری دەچێت میز بکات و بیرمان دەچێت میزی پێ بکەین، تا ئەو کاتەی بێجامەکەی تەڕ دەبێت و بە پرتەوبۆڵەی دایە دەزانین کە بابە خۆی تەڕ کردووە، یانیش بە دوو ڕەنگ بوونی بێجامە خۆڵەمێشییەکەی دەزانین، کە لە خۆی میزتووە.

نەمتوانی پێش بە گریانەکەم بگرم، بابەم بە جێ ھێشت و چوومە ژێر پەیژەی نھۆمی دووەم، ئەژنۆکانمم گرتە باوەش و دەستم بە گریان کرد. دوای کەمێک بینیم دادەم کە خوشکی گەورەمانە لە نھۆمی دووەم ھاتە خوارەوە، لەگەڵ چوونی من بۆ ژێر پەیژەکە ئەویش چووە نھۆمی دووەم. پرچە لوولەکەی ئاوەڵا کردبوو و تەنوورەیەکی کورتی لە بەردا بوو. پوزە ڕووتە سپییەکانی دەدرەوشانەوە، وەک بڵێی تازە پاک کرابنەوە و لە موو داماڵرابن. نینۆکەکانی بە ڕەنگی سوور وەک سووراوە تۆخەکەی سەر لێوی بۆیە کردبوو. تەقە تەقی پێڵاوە پاژنە بەرزکەی لە کوتەکوتی چەکوش دەچوو.

چووە ھۆڵەکە و بەدوایدا چووم کەمێک دوورتر لێی وەستام.

ـ “دایە، دەچمە دەرەوە.”

دایکم بێ ئەوەی ھیچ قسەیەک بکات، تەنیا سەیرێکی لای بابەی کرد. دادەم لە بابە چووە پێشەوە، کەمێک بە بێدەنگی لە دیاری مایەوە.

ـ “بابە دەچمە دەرەوە، ئەمڕۆ خولی مۆسیقا دەکرێتەوە، ئەھا بیرتە؟ گوتت، کە بەشدار ببم، بە بیرت نایەتەوە؟ چەند ھاوڕێیەکی زانکۆشم بەشدارن.”

دادەم بێ ئەوەی چاوەڕی بکات، کە بابەم قسەیەک بکات، یان سەری بە ئاماژەی ڕازیبوون بجووڵێنێت، جانتاکەی کردە شانی و لە ماڵ چووە دەر. دایەش دەستی دایە گیسک و دەستی بە پاکردنەوەی نێو ماڵ کرد. من و خوشکەکانیشم چووینە ژوورەکەی خۆمان لە نھۆمی سەرەوە. دەرگاکەمان لەدوای خۆمان دانەخست، ھەریەکەمان بە شتێکەوە خۆمان خەریک کرد. دوو خوشکەکەی ترم لەسەر کەوەنتەرەکە جانتا بچووکەکەیان ھێنایە خوارەوە، کە ھەندێک بۆیە و سووراو و مەسکارەی تێدا بوو لە بەرانبەر ئاوێنەکە خۆیانیان پێ دەڕازاندەوە. منیش دەفتەری وێنەکێشانم ھێنایە دەر و دەستم بە وێنە کێشان کرد. چەند ڕۆژێک پێشتر لە مۆبایلەکەی دادەم وێنەیەکم دۆزیبووەوە دەمویست بیکێشمەوە. وێنەکەم خستبووە ناو ئایپادەکەم، وێنەی پیاوێکی لاوازی سەرسپییە، کە بە پشتدا کەوتووە و گیتارێکی زەردی تۆخی بە دەستەوەیە. کراسێکی ڕەشی درێژی بێ قۆڵی لەبەرە. ماسوولکە لاوازەکانی قۆڵ و قاچی بە دەرەوەن. پێی ڕاستی لەسەر پێی چەپی داناوە، پێپەتی.

٣

بۆنی خواردن ئەو ناوەی پڕکردبوو. سەری مەنجەڵەکەم ھەڵدایەوە.

ـ “وەی گیان دۆڵمە. دایە زۆری ماوە پێ بگات؟”

دایە زەردەخەنەیەک کەوتە سەر لێوی و گوتی: “تا بابت دەگۆڕم، ئەویش حازر دەبێت.”

ـ “منیش دێم یارمەتیت دەدەم.”

دایە چوو دەستێک جلی ھێنا و گەڕایەوە، منیش دەستی بابەم گرت و بەرزم کردەوە کراسەکەی بەریم داکەند. ژێرکراسە سپییەکەی چڵکی گرتبوو. سەیری جەستەی ڕووتیم دەکرد، لۆچەکانی سکی، مەمکە شۆڕ و بە موو دەورە دراوەکەی، یەکەمجار بوو بەو شێوەیە بیبینم. پەنجەم بەر سکی دەکەوت و بابە ختوکەی دەھاتێ، زەردەخەنەیەکی وشکی دەکەوتە سەر لێوان و خۆی لێم لادەدا. دایە لووت و دەمی بابەی سڕی و جلێکی پاکی لەبەر کرد.

بە دەست ئەو چەند تاڵە مووەی سەری داھێنا. یەخەی کراسەکەی ڕێکخست و بە پەنجەکانی دەزووە زیادەکەی سەر قۆڵی ڕاکێشا و پساندی. دەستی بابەم گرت و بردم لەسەر کورسییەکەیم دانیشاند، مێزە بچووکەکەشم بردە بەر دەمی.

لەگەڵ دایە سفرەکەمان ڕاخست و قاپەکانمان دانا، خوشکەکانم لە نھۆمی سەرەوە خەریکی گۆرانی گوتن و مۆسیقا لێدان بوون. مۆسیقاکە ھیچ ئاوازێک نەبوو، تەنیا تینگە تین بوو گۆرانییان لەگەڵ دەگوتەوە. دادەم ھێشتا فێری مۆسیقا نەبووە، چەند ڕۆژێکە دەچێتە خولی مۆسیقا و گیتارێکی کڕیوە. دایە چەند جارێک بانگی کردن گوێیان لێی نەبوو. چوومە سەرەوە بانگم کردن.

ـ “دادە وەرنە خوارەوە نان حازرە، دایە دۆڵمەی لێناوە.”

بە سەرسامی سەیریان دەکردم. دادەم گیتارەکەی فڕێدایە سەر چاوارپاکە و لەگەڵ خوشکەکانم ھاتنە خوارەوە، بڕوایان نەدەکرد تا بە چاوی خۆیان بینیان. لەبەردەم مێزەکەی بابە قاپێک دۆڵمە دانراوە. خوشکەکەم لە خۆشیان ھەلھەلەیەکی لێدا، ھەموومان کەوتینە پێکەنین.

دایکم ڕووی لەبابە کرد، گوتی: “پیاوەکە بیخۆ، ھەموو جارێ زۆرت حەز لێ بوو بۆم لێ دەنایت.”

بابە بێ ئەوەی ھیچ بڵێت دەستی بە خواردن کرد، پارووی گەورەی دروست دەکرد، بەر لەوەی پارووەکە بۆ دەمی ببات ھەڵدەوەشاوە و نیوەی دەڕژا. ئێمەش لەنێو خۆمان شەڕی بەدەست ھێنانی گەڵامێو و سڵقی زیاترمان دەکرد، تا زۆرترمان بەرکەوێت.

٤

دایە تازە لە بازاڕ گەڕابوویەوە. چوو بوو مووچەی کارکەناری بابە وەربگرێت، دواتر سەرێکی بازاڕی دابوو. دیاری بۆ ھەموومان ھێنا بوو.

ـ “پیاوەکە خەریکبوو مووچەکەتم نەدەنێ، باش بوو ئەو ھاوڕێیەت لەوێ بوو، ناسیمییەوە، دامیانێ. لەسەر ڕێگای خۆشم دیاریم بۆ منداڵەکان کڕی، وەک ھەموو جارێکی تۆ.”

فەرھەنگێکی ئینگلیزی ـ کوردی بۆ من ھێناوە، دەزانێت حەز دەکەم فێرە زمانی ئینگلیزی ببم. لەگەڵ قەڵەم ڕەنگ، تەنیا بۆ خۆی ھیچ شتێکی نەکڕیوە.

پارەی خولی مۆسیقای دایە دادەم و ھەندێک پارەی تریش بۆ ڕۆژانەی خۆی. سەیری دایەم دەکرد و سەیری وێنە خێزانییەکەمانم دەکرد، کە بە دیواری ھۆڵەکەدا ھەڵواسراوە. دایە لەناو وێنەکە سەرتاپا جلێکی ڕەشی لەبەرە، لەچکێکی توندی بەستووە. ئێستا کابۆیەکی شین و کراسێکی زەردی لەبەرە، پرچە زەردە تازە بۆیەکراوەکەی بەرداوەتە سەر شانی. گەنجتر لە جاران دەردەکەوێت.

ـ “کچینە شەو خۆتان حازر بکەن دەچینە پیاسە.”

ـ “ئەی بابە؟”

ـ “لەگەڵ خۆمان دەیبەین.”

دایە پێی گوتبووین لە دەرەوە نان دەخۆین. ھەر سەر لە ئێوارە ئێمە ئامادەبووین، دایەش دەستە جلێکی پاک و جوانی لەبەر بابە کرد، ھاوکاریم کرد تا پشدێنەکەی بۆ بەست. پێڵاوەکانیشی بۆ بۆیە کردبوو.

 

نانی ئێوارەمان لە دەرەوە خوارد، دواتر چووینە شاری یاری، بابەشمان لەگەڵ خۆمان بردە ھەر جێیەک کە چووین. لەگەڵ خوشکەکانم یارییە جۆراوجۆرەکانمان تاقی کردەوە. دادەم، بابەی برد تا بەیەکەوە ھەندێک یاری تاقی بکەنەوە. خوشکەکەی ترم کە دوو ساڵ لە دادەم بچووکترە و بیست و سێ ساڵە، بە مۆبایلە نوێیەکەی وێنەی بابە و دادەم و ھەرشتێک کە دەیبینی دەگرت. جار جار کە بابە سەیری دەکرد ھەوڵی دەدا بیشارێتەوە، بەڵام دواتر ئاسایی کاری پێ دەکرد. بابەمان زوو زوو ون دەکرد و دەبوو بەدوایدا بگەڕێین تا دەماندۆزییەوە. دواجار کە ونمان کرد لە ڕیزی ئەو منداڵانە دۆزیمانەوە کە یاری خشخشۆکەیان دەکرد، پێ دەچوو چەند جارێک دووبارەی کردبێتەوە. ویستم بچم دەستی بگرم و بیھێنمەوە، دادەم دەستی گرتم. مۆبایلەکەی لە گیرفانی پشتەوەی پانتۆڵەکەی دەرھێنا و ڤیدیۆی بابەی گرت کاتێک وەک منداڵەکان خشۆکانێی دەکرد. ئەو پیاو و ژنانەی ھاتبوون سەیری یاری کردنی منداڵەکانیان بکەن، پێدەکەنین.

 

٥

«نامەوێ خەونی پەمبە ببینم

بەچاویلکەیەکی ڕەش ڕەش دەخەوم»*

ب

ـ “کچێ ئافرەت، ئەو دێڵەقۆڕانە ڕۆژێک سەرم شۆڕ دەکەن.”

بابە بەسەر دایکمدا ھاواری دەکرد، ھاوار بەناو گوێمان دا، خشششش.

دادەشم چوارمشقی دانیشتبوو دەگریا. تازە پێی ناوەتە تەمەنی بیست و پێنج ساڵی. گەندە مووەکانی ڕووخساری لادەدات، سینگە شۆڕەکەی، بە ئیسفەنج بەرزززز.

بە بابەی گوتبوو دەیەوێت بەشداری بکات لە خولێکی مۆسیقا.

سەیری دادەم دەکرد وەک چۆلەکە دەلەرزی، شوێنی چوارپەنجەی لەسەر ڕووخساری، سوووووور. بابە لەسەر سەری وەستابوو. چەند خولەکێک بوو زللەیەک بە ڕوومەتی کەوتبوو. ئەگەر ڕوومەتی دادە ژێ بایە ھێشتا دەلەرییەوە، تینگگگگگگگگگگ. بە ددانی توند گازی لە لێوی خوارەوەی دەگرت و ھەنسکی قوت دەدایەوە. سەری پەنجەکانی توند لە ڕانی گیر دەکرد، من بام ڕانەکانمم دەڕووشاند.

ـ “کچی سەگ، ھەر لەو بەرەڵایەمان کەمە، ھەموو خەتای تۆیە فێری ئەوشتە قۆڕانەیان دەکەیت. ڕۆژ ھەتا ئێوارە تەماشای ئەلقەی تورکی بکەن، ھەر ئەوەیان لێ دەردەچێت. دەچێتە خولی مۆسیقا، حەی حەی جا چ دەڵێیت منیش  ببمە دمبکچی یان چاوەش و فڕقەکی دابنێین؟”

ھەر تفی ڕوو دەکرد، بەجووندان و ھاوار کردن دەھات و دەچوو. کۆنتڕۆڵی تیڤییەکەی دەست دایە و کردییە کەناڵی ھەواڵەکان و گوێچکەکانی ھەڵخست، ئێمەش بێدەنگ.

ا

ـ “دیسان چیت لێناوە؟”

ـ “پیاوەکە شتێکی ترم بۆ تۆ لێناوە.”

ـ “بۆنی ناخۆشە، کە دەیبینم، ھێڵنجم دێ تێ. دۆڵمەی لێناوە، ڕۆژێک دۆڵمە، ڕۆژێک نازانم چی و چی، وەرە مەمرە، نیو سەعات لەلای قەساب ڕابوەستە و نەرمکی بکڕە، ئەویش لەناو دۆڵمەی بکات. دۆڵمە چ دۆڵمە، جەمەکی بخۆ و ڕۆژەکی غازاتی بەتاڵ کە. یان ئەو قیمە نازدارەی بکەیتە تووشمە و کفتە.”

ـ “ئێ پیاوەکە خۆ تۆ نایخۆیت.”

ـ “بۆنی پیسە بۆن.”

بابە چوو بوو مووچە وەربگرێت، لە نۆبەتی وەرگرتنی مووچەکەی تەواو بێزار بووبوو. ھەر کە ھاتەوە تووڕە دیار بوو. سەرەتا شەقێکی لە مەنجەڵی دۆڵمەکە دا. نیوەی ڕژایە سەر فەڕشەکە، ئێمە بەشی سەرەوەمان کۆکردەوە و لە قاپەکانی خۆمان کرد. دایەش پاشماوەکەی لە تەنەکەی خۆڵەکە کرد. بەدەم ھەنسک و گریانەوە برنج و فاسۆلیای لەبەردەم بابە دانا. بابە زۆر حەزی لە برنج و شلەیە، جگە لە برنج و شلە ھیچی تر ناخوات. بەدەم بۆڵە بۆڵ و قسەوە نانەکەی دەخوارد.

ـ “پیاوەکە ھەندێک پارەم بدێ، ئەو کچانە دەبەمە دەرێ.”

ـ “ئا ئا بیانەبە دەرێ، یەکجاری بەڕەڵایان بکە.”

ـ “بە خۆشت دەڵێی پیاو، دایمەن ئەو کچانە دەچەوسێنیتەوە، ھەتا ئێستا دەستت بەسەریاندا نەھێناوە، دوو قسەی خۆشت بۆ نەکردوونە.”

ـ “دەی لەمنیان ھاندە ڕقیان لێم بێتەوە.”

قاپی شلەکەی بە دایەدا کرد، بە سینگ و سکیدا ڕژا، بەخێرایی ڕایکردە سەر دەستشۆرەکە و ئاوی ساردی بەسکیدا کرد.

ـ “خوا لە کۆڵ ئێمەت کاتەوە.”

سەرم شۆڕ کردبوو و پارووم بە گریانەوە قوت دەدا. کەمێک سەرم بەرز کردەوە و سەیری خوشکەکانم کرد، وەکوو من پاروویان بە گریانەوە قوت دەدا. پاروو بە گریانەوە سوێێێێێێێێر. پارووو بە گریانەوە تەڕڕڕڕڕ.

ب  

دادەم بوو بە دەنگە لەرزیووەکەی بە خوشکەکانمی گوت:

ـ “خێراکەن ئەو سووراو و سپیاوە بشارنەوە، بابە بیبینێت دەمان کوژێت.”

ھەر زوو جانتا بچووکەکەیان، کە بۆیەی دەست، مەسکارە، سووراو و سپیاوی تێدا بوو، خستە سەرکەنتۆرەکە. منیش دەفتەری وێنەکەم و قەڵەم ڕەنگەکانم لەژێر فەڕشەکە شاردەوە.

بابە ھەتا دێ بەتەمەنتر دەبێت، بیست و حەوت ساڵ لە دایە گەورەترە. دایە بە پێچەوانەی بابە گەنجتر دیارە، گەرچی وەک بابە پرچی خۆی ڕەش ناکاتەوە، بەڵام تاڵە سپییەکانی پرچی کەمن.

بابە بەھانکە ھانک ھاتە نھۆمی سەرەوە، ئەو ماوەیە تا دەگاتە لامان، ماندووووو.

ـ “ئەوە خەریکی چین؟”

دادەم وەڵامی دایەوە:

ـ “ھیچ… ”

چاوێکی بە ژوورەکەدا گێڕا، منیش نیگام بە باڵا بەرزەکەیدا ھەڵگەڕاند. لە دادەم نزیک بووەوە و پرچە لوولەکەی توند گرت و سەری بۆ لای خۆی ڕاکێشا. لووتی لە سینگ و گەردەنی نزیک کردەوە و بۆنێکی کرد.

ـ “بەڕەڵا کە دەچیتە زانکۆ بۆن و بەرامەی لە خۆت دەدەیت، ھەتا کوڕ بە دوات کەون ھا؟”

دادەم فرمێسک لە چاوانی دەتکا، ھیچی نەدەگوت.

ـ “خێرا ئەو جلانەم بدێ.”

جلە ئوتوو کراوەکانی لە دادەم وەرگرت و چووە دەر. دادەم لەسەر دەرگا سەیری کرد تا گەیشتە پلیکانەی خوارەوە.

ـ “تەواو ڕۆیشت.”

فرمێسکەکانی سڕی و جانتای ماکیاژەکەی دەرھێنا.

منیش دەفتەر وێنەکەم ھێنایە دەرەوە.

٦

دکتۆر پشکنینی بۆ بابە کرد، تیشکمان بۆ سەری گرتبوو، پشکنینی خوێن و میزمان بۆی کرد. بابە ھیچ قسەیەکی نەدەکرد، ئەوەی لەدەمی دەبیسترا تەنیا بانگکردنی دایکی بوو. دایکی کە دە ساڵێک دەبوو مرد بوو. لەو کۆتاییانە زۆر سەردانی گۆڕەکەی دەکرد. ھەندێک جار وێنەکانی دەردەھێنا و سەیری دەکرد، دەگریا. ھەڵسوکەوتیشی کەمێک گۆڕا بوو، ھەندێک جار بیری دەچوو چی دەکات، یان شۆڕ دەبووەوە ناو خەیاڵی قووڵ.

دکتۆرەکە بە دایکمی گوت کە بابە توشی لەبیرچونەوە بووە. منداڵەکانی ناناسێت، تەنانەت تۆش کە ھاوسەری ئەوی ناتناسێتەوە. گەڕاوەتەوە تەمەنی منداڵی، دوای ئەوە ھیچ یادەوەرییەکی نییە. گرێییەک لەسەریدایە. تا دێ گەورەتر دەبێت، ئەگەر دەری بهێنن ڕەنگە یادەوەری بۆ بگەڕێتەوە، یانیش ڕەنگە یادەوەری بۆ نەگەڕێتەوە، بەڵام دەژییت. گەر دەری نەھێنن وردە وردە بەرەو مەرگی دەبات. نەمان دەزانی دڵخۆش ببین یان خەمیین؟

ـ “خاتوون دەتانەوێت ئەو گرێیە دەربهێنن؟”

ـ “دکتۆر دەبێت بیری لێبکەینەوە، سەردانت دەکەینەوە.”

دایە ھەستایە سەر پێ و دەستی گرتم، عەباکەی لە خۆی ئاڵاند و فایلەکانی بابەی لەسەر مێزی دکتۆر ھەڵگرت. بابە کە تا ئەوکات لەسەر کورسییەک بە بێدەنگی دانیشتبوو، بەهاوکاری دایە هەستایە سەر پێ و ڕووە و دەرەوە ھەنگاومان نا. لەبەر دەرگا، دایە سەیرێکی پشکنینەکانی بابەی کرد، فرمێسک لە چاوان کە دەتکان مرەکەبی سەر کاغەزەکەی دەبرد. پشکنین و تیشکەکانی بابەی دڕاند و خستییە تەنەکەی خۆڵەکەوە.

 

*دێڕێکە لە شیعرێکی عەباس عەبدوڵڵا یوسف

Related Posts

Leave a comment