قەسیدەی (خەدیجە)، منداڵێکی هەڵتۆقیوی ناو کەرنەڤالی بەختیار عەلی

پێشەوا کاکەیی

قەسیدەی «خەدیجە»ـی ماردین ئیبراهیم، بە قەسیدەی «کەرنەڤال» بەتایبەتی و «گوناهـ» و «ئای لەو ڕۆژگارە خۆشانە»ی بەختیار عەلی بەگشتی خۆی ئاوێتە کردووە و بە دەقێکی دیکە خۆی بەرهەم هێناوەتەوە. بۆ نووسەر ئازادە چ وەردەگرێت و چ بە کار دەهێنێت. ئێمە چەند جۆرە دێڕێکمان هەیە کە خوێنەر و لێکۆڵەر دەبێت ئاگادار بێت و تێکەڵیان نەکات. زۆر جار خوێنەر و ڕەخنەگر و شاعیرانیش تێکەڵی دەکەن. یەک دێڕ کە وەردەگرێت و ئاماژەی پێنادات، ئیتر بە دز ناوی دەڕوات، یان دەڵێن فڵانە شاعیرە ئەو شیعرەی لە فڵانە شاعیرە وەرگرتووە، ڕاستییەکەی ئەمانە هیچ شارەزاییەکیان لە میتۆدی دەق و وەرگرتن و کاریگەرییبوون و زۆریتر نییە. وەرگرتنی دەق حەوت ئاستی هەیە، ئەوانیش: (دێڕی سواو، میعر، دێڕی شیعر، پەند، ئیدیۆم، بەکاربراو، بە سوود بینین)ـن بەم شێوەیە؛

۱– دێڕی سواو: ئەم دێڕە پاتبوونەوەی چەند جارەکییە لای نووسەران و موڵکداریێتی نییە، بۆ نموونە: (لەو ڕۆژەی تۆم دیوە، عیشقم لە دڵم چەسپیوە) یان (لەو ڕۆژەوەی تۆم دیوە، نیگام ون بووە) یان (لەو ڕۆژەوەی تۆم دیوە، هەست و هۆشم بڕراوە…) کە ئەم دێڕە سواوە و کاری خۆی ناکات تا لە نیوەدێڕی دووەم یان وێنە شعرییەکەیدا زیندووی دەکاتەوە، بەڵام زۆر جار دەبینین هەر ئەندامێکی سڕە! دێڕێکە نیوەدێڕی دووەمیشی بە خۆیەوە سڕ کردووە و نەیتوانیوە زیندوو بێت یان وەکوو کۆرپەیەک لە دایک بێت. بۆ ئەم جۆرە دێڕە، دوو نموونە دادەڕێژین بێ ئەوەی شیعری کەس لێرە باس بکەین، بەڵکوو ئێستاکە ڕاستەوخۆ ئەو نیوەدێڕەی دووەم دەنووسم، یەکەمیان: (دەچمە بەر ئاوێنەکە) کە نیوەدێڕێکی سواوە، دێڕی دووەم کە بینووسین [لە خۆم ڕادەمێنم… تەماشای خۆم دەکەم…] واتە: [دەچمە بەر ئاوێنەکە لە خۆم ڕادەمێنم] یان [دەچمە بەر ئاوێنەکە تەماشای خۆم دەکەم] ئەمە دێڕێکە کە نیوەدێڕی یەکەمی سواوە، نیوەدێڕی دووەمیشی بە خۆیەوە سڕ کردووە و ناتوانێت نە خۆی بجووڵێنێت و نە ئێمەش ڕاپسکێنێت. تەنیا دێڕەکە قسە دەکات و تەواو، دێڕێکی گوتراو، بێ ئەوەی گوتار بەرهەم بهێنێتەوە. بۆ نموونەی دووەم، (دەچمە بەر ئاوێنە) کە نیوەدێڕی یەکەم سواوە، نیوەدێڕی دووەم بە جووڵەی دەخاتەوە و دەکەوێتە گفتوگۆ و ڕامانەوە، ئا ئەمەیە: «دەبینم خوێنم ژەنگگرتووەکەی داپۆشیوە». واتە: [دەچمە بەر ئاوێنەکە، دەبینم خوێنم ژەنگگرتووەکەی داپۆشیوە!] ئەگەر لەم دوو نموونەیە ورد ببینەوە، دەبینین لە هەردووکیان نیوەدێڕێکی سواو هەیە، بەڵام لە یەکەمیان ئەندامێکی سڕە، بینراوە، بەڵام ناجووڵێت. ناتباتە ناو خۆیەوە. لە دووەمیان، بە جووڵە و بزوێنەرە، بیری لێ دەکرێتەوە بۆچی خوێن و ژەنگگرتوویی هەیە؟ خوێن لە جووڵەدایە و ژەنگگرتووش بێ جووڵە و وەستاوە. ئەم دژیەکە وات لێ دەکات بیری لێ بکەیتەوە.

۲– میعر: دەربڕاوێکە کە تۆ نەتگوتووە و وا هەست دەکەیت تۆ گوتووتە یان هەموو کۆمەڵگە دەتوانێت بیڵێت یان گوتوویەتی. دێڕێکە هێزێکی لاوازی هەیە، جاری وایە کۆی شیعرەکە بە میعر دەڕوات، ئەوە زیاتر لە ئاستی سەرەتایی شاعیردا دەردەکەوێت و درکی پێناکات تا ئەقڵی شیعری گەشە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر جار لە قەسیدەیەکدا دێڕێک میعر خوی تێدەخزێنێت یان لە شیعردا خۆی قیت دەکاتەوە. بۆ نموونە: شیعرەکانی حەمەسەعید حەسەن، زۆرینەیان میعرن، شیعر نیین، بێهێزن. یان (ڕەنج سەنگاوی، نەوژین سۆران و هتد…) ئەمانە میعرێکی بەردەوامن و شیعر نیین. لێرەدا لەسەر میعر قسە ناکەین کامە شیعرە و کامەیان میعرە. لێرەدا باس لە دێڕێک یان نیوەدێڕێک دەکەین کە بە میعرەوە خۆ بە شیعردا دەکات، نائاگاییانە دێتە ناویەوە. شاعیر بە دوای وێنەی شیعریی دەکەوێت، بەڵام لەناو وێنە شیعرییەکەدا ڕەنگی میعری تێدەڕژێت و تێکەڵی دەبێت. بۆ نموونە [دنیا وایە خەدیجە] کە ئەم نیوەدێڕە لە قەسیدەی خەدیجە، نائاگاییانە خۆی تێکخزاندووە بێ ئەوەی شاعیر بیەوێت. بەڵام ئەو نیوەدێڕە بە هۆی نیوەدێڕی دوای خۆیەوە، لاوازییەکەی دەشارێتەوە. چەند جارێکیش پاتی دەکاتەوە، بەڵام هەر جارێک لە نیوەدێڕی دوای خۆی، لاوازییەکەی، ڕۆحی دەداتەوە بەر. وەک ئەم دێڕەیە؛

[دنیا وایە خەدیجە!

یەکەم جار زەردەپەڕت بۆ دەڕازێنێتەوە

تا فریوی تاڵە زیوینەکانی بخۆیت.]

۳– دێڕی شیعر: ئەمە جۆری زۆرە و چەند لایەنێکی دەگرێتەوە؛

یەکەم: دێڕی وەرگیراو؛ کە شاعیر دێڕێک وەردەگرێت و ئاماژەی پێ دەدات و ناوی شیعر و نووسەرەکە دەنووسێت و دێڕەکە دەخاتە ناو کەوانەوە. 

دووەم: تێکەڵکێش؛ کە ئەمەش نموونەی زۆرە، دوو نیوە بەیتی و سێ نیوە بەیتی و… تێکەڵی شیعری خۆی دەکات.

سێیەم: وەرگرتن و دەستکاریکردن و داڕشتنەوە؛ کە ئەمەیان شاعیر دێڕێک یان پارچەیەک لە شیعر وەردەگرێت، دەستکاری دەکات و دایدەڕێژێتەوە، بەڵام شاعیر دەبێت ئاماژەی پێدات.

چوارەم: وەرگرتن و دەستکاریکردن و پێچەوانەکردنەوە؛ کە ئەمە شاعیر دێڕێک یان پارچەیەک لە شیعر یان تەواوی شیعرەکە وەردەگرێت و دەستکارییەکەی بە پێچەوانەوەیە، بۆ نموونە: (ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە)ی فایەق بێکەس و (ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و نامەوێت شێوەتم بیر کەوێتەوە)ی بەختیار عەلی. کە بەختیار عەلی پێچەوانەی کردووەتەوە، هەروەها منیش ئەم شیعرەم لە بەشی (۱۳) قەسیدەی «منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم»ـدا، پێچەوانەی هەردووکیان کردووەتەوە بە ڕوانگەی تر، من دەڵێم: (ئەی گوڵپەروەر مەفتوونی تۆم….) ڕوانگەی ئەوان لەسەر نیشتمانە، ڕوانگەی من لەسەر سرووشت لەناو نیشتماندایە. زۆر جار شاعیر لە وەرگرتن و داڕشتن و پێچەوانەکردنەوە، دەتوانێت سوود لە دەقی فۆلکلۆریش وەربگرێت.

٤- پەند: لەمەدا شاعیر پەندێک تێکەڵ بە دێڕێکی شیعری دەکات، نموونە لای پیرەمێرد. کە دوا جار هەر خۆیشی پەندی بەرهەم دەهێنایەوە.

٥- ئیدیۆم: زۆر جار شاعیر ئیدیۆمێک تێکەڵ بە دێڕێک یان چەند دێڕێکی شیعری دەکات.

٦- بەکاربراو: ئەمە جیایە لە پەند و ئیدیۆم و میعر و فۆلکۆر، دێڕێکە بەکار براوە، شاعیر بە کاری دەهێنێتەوە. دێڕێکە لە قسەی ڕۆژانەدا بە کاری دەهێنێت و شاعیر دەیخوڵقێنێتەوە. بۆ نموونە: (ئای خوای بێ خوا… ئای ڕۆژگاری ڕەش… ئای لە بەختی من…) شاعیر لە نیوەدێڕی دواتریدا دەیخوڵقێنێتەوە.

۷– بە سوود بینین: ئەمەش شاعیر لە ڕێی شیعرێکەوە سوود وەردەگرێت و شیعرێکی تر دادەڕێژێت، بەڵام دەبێت ئاماژەی پێ بدات. یان لە ڕێی ئاوازێکەوە شیعرەکە دادەڕێژێت. یان لە ڕێی فلیمێکەوە یان گۆرانییەکەوە سروش وەردەگرێت و شیعرەکەی لەسەر دادەڕێژێت.

لێرەوە ئەو سەرنجانەی کە لەبارەی حەوت ئاستەکەی شیعرەوە دواوم، ڕاستییەکەی خوێندنەوە بۆ شیعری کوردی تێکەڵ کراوە لەگەڵ ئەدەبی بەراورد و دەقئاوێزان و دزیی ئەدەبی. لێرەدا لەبارەی ئەدەبی بەراورد و دەقئاوێزانەوە قسە ناکەین، بەڵکوو لەبارەی وەرگرتن و کاریگەریی و خۆدزینەوە لە وەرگرتن و کاریگەرییبوونەوە دەدوێین. ئێمە دوو جۆر لە وەرگرتنمان هەیە؛ وەرگرتنێک ناخودئاگاییانە دێتە ناو دەقەوە و هەستی پێناکەیت، بە هۆی خوێندنەوەی بەردەوام و کاریگەربوون بە خودی دەقەکانەوە، ناڕاستەوخۆ دێتە ناو دەقەوە، نووسەر درکی پێناکات، تا ئەوکاتە توێژەر شی دەکاتەوە و بە دوای ڕیشەکانی ئەو شیعرەدا دەگەڕێت. هۆکاری ئەمەش زۆر جار شیعری شاعیرەکەی لەبەر کردووە، نەک وەک گوتارێک لە شاعیرەکەی ڕوانیبێت و ڕوانگەی ئەوی زانیبێت. بۆ شاعیر ئەوە زۆر گرنکە بۆ ئەوەی داگیر نەکرێت، شیعر زۆر لەبەر نەکات، بەڵکوو بیخوێنێتەوە و لێی ڕامێنێت و بیخاتە ژێر پرسیارەوە، کە شاعیر چۆنی ڕوانیوە و چی بەرهەم هێناوە لە شیعردا، تاکوو ئەو، هەمان ڕوانین و ڕۆچوون و زمانی پەیڤینی نەبێت. هەروەها وەرگرتنێکی دیکە هەیە کە شاعیر بە ئاگاییانەوە وەریدەگرێت، ئەویش بە دوو شێوە وەریدەگرێت؛ شێوەیەک بە شێوەی ئاوێتەسازیی دەق و دەستکاریکردن و نەناسینەوەی، وا لە خوێنەر دەکات نەیناسێتەوە، مەگەر پێشتر خوێنەر و توێژەر شیعری شاعیرانی باش خوێندبێتەوە. شێوەیەکیش هێند کاریگەره بە نووسەرەکە بە جۆرێکی تر دایدەڕژێتەوە و خۆ لە نووسەرەکەش دەدزێتەوە و ئاماژەی پێنادات. کە ئەم شێوەیە دەچێتە خانەی «بە سوود بینین»ـەوە کە لە سەرەوە لە خاڵی حەوتدا باس کراوە، بەڵام نووسەری ئەو دەقە خۆ لە کاریگەرییبوون دەدزێتەوە، ئەمەش هەم دەچێتە وەرگر و هەمیش دزیی ئەدەبییەوە. ئەگەر هاتوو ئاماژەی پێدا، دەچێتە ئاوێتەبوونی دەقەوە.

ئەوەی پێویستە لەسەر قەسیدەی «خەدیجە»ـی ماردین ئیبراهیم بوەستم، دەربارەی ڕیشەکانی ئەم شیعرە و ئاوێتەسازی ئەم شیعرەیە. بەو بنەمایانەی سەرەوە کە باسم کردووە، لێرەدا چیدی نووسەر لەگەڵماندا نییە و دەقێک لەگەڵماندایە کە خۆی لە قەسیدەی «کەرنەڤال» بەتایبەتی و «گوناهـ» و «ئای لەو ڕۆژگارە خۆشانە»ی بەختیار عەلییدا ئاوێتەسازی کردووە و خۆی داڕشتووەتەوە و دیسانەوە خۆی خوڵقاندووەتەوە. ئەگەر سەرنج بدەین، نووسەری خەدیجە بە ئاگاییانەوە کاری لەم دەقەدا کردووە و ئاگاداری دەقەکانی بەختیار عەلی بووە. ئەم سێ قەسیدەیەی (کەرنەڤال و گوناهـ و ئای لەو ڕۆژگارە خۆشانە)ی بەختیار عەلی پێش قەسیدەکەی ئەو نووسراون. کە ئەم سێ قەسیدەیە: کەرنەڤال، لە ساڵی ١٩٩٠ و گوناهـ، لە ساڵی ١٩٨٧ و ئای لەو ڕۆژگارە خۆشانە، ساڵی ١٩٨٦ نووسراون.

نووسەر هەر سێ قەسیدەکەی باش خوێندووەتەوە، کاری لەسەر کردووە و ئاوێتەسازی تێدا کردووە و لە هەندێک شوێندا دێڕی قەسیدەیەک دەبینین، ئەو دایڕشتووەتەوە و وەڵامی پێ دەداتەوە یان باشتر وایە بڵێین ڕوانگەی خۆی بە جۆرێکی دیکە لەسەر بونیاد ناوەتەوە، بێ ئەوەی خوێنەر درکی پێ کردبێت. دەق دەخوڵقێنێتەوە، بەڵام ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بیڵێم نووسەر ئاماژەی بە هیچ یەکێک لەم خاڵانەی سەرەوە نەداوە. ئەگەر نووسەر ناخودئاگاییانە کاری تێدا کردبێت، لێرەدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆچی ناڕاستەوخۆ ڕیشەکانی دەچێتەوە سەر ئەم سێ قەسیدەیە و ڕەگی قەسیدەی خۆی پێ بونیاد ناوە. لەبەر ئەوە ئاگادارە، بەڵام دەشێت شارەزای ئەم خاڵانە نەبووبێت کە لە ڕوانگەی شیعرەوە بەر باسم داون. دەشکرێت نەیویستبێت ئاماژە بە هیچ یەکێک لەو لایەنانە بکات و پێی وابووبێت لە گرنگی دەقەکە کەم دەکاتەوە. بۆ نووسەر زۆر گرنگە ئەگەر دێڕێکیش بە خودئاگاییانە وەریگرتبێت، ئاماژەی پێبدات کە بە دەستکاری و داڕشتن و پێچەوانەکردنەوە بووبێت یان بە سوود بینین بووبێت یان هەریەکێک لەو خاڵانەی کە ئاماژەم پێداون، چۆن هیچ لە گرنگی دەقەکە کەم ناکاتەوە، بەڵکوو گرنگی نووسەر وەک دەستپاکی و گرنگی بەرهەمهێنانەوەی خودی دەقەکەش دەردەخات. 

کاتێک قەسیدەکەی کەرنەڤال دەخوێنینەوە لە دەلالەتەکانی ئەم قەسیدەیە دەگەین لە کوێوە هاتووە، ئاماژەکانی چین و بۆچی کەرنەڤال! جەنگێکە لە ناوەوەی نووسەردا لەگەڵ دەرەوەیدا کە ناتەبایە بەم ژینگەیە و بۆچی وەها شتەکان بەسەر یەکدا کەوتوون و ئاشوب ژەهراوی کردووین. (لەسەر خودی ئەم قەسیدەیە و دوو قەسیدەکەی تر قووڵ نابمەوە تاکوو خوێندنەوە بۆ خودی قەسیدەکان بکەم، بەڵکوو خوێندنەوەیەکە لە پەیوەندی بە قەسیدەی خەدیجەوە.) ئەگەرچی ئەو هێشتا لەسەر ژەهراویبوون دەدوێت کە خودی ژەهراوکردن و ژەهراویبوون دوو کردەی جیایە. ئەگەر سەرنج بدەین لە سەرەتای کەرنەڤالدا ئاوها هاتووە: 

[چی لە دەستی ئەم خوایانەدا نووسراوە… گرنگ نییە

ڕۆحی ئێمە لە سەرەتای زەماوەندەوە، ژەهراوییە

فریو مەخۆن 

بە بڵێسی ئەم بورجە خاکستەرانە

دەڕۆین بە مژدەی ئەم لالەزارە ئاگرینە]

هەڵبەت نووسەر لە زمانی خەدیجەدا، ئاوڕ بە جۆرێک لەو دەقە دەداتەوە کە ئەم فریوی خواردووە و ئیدی ڕۆحی هەپڕوون بە هەپڕوون بووە و لە ڕێی زمانەوە خەیاڵی لێ سەندراوەتەوە. لە ڕێی ڕوانینەوە، ڕۆچوونی لێ شێواوە. ئەم زەماوەندە ژەهراوییە سوار یەختێک دەکات و کەرنەڤالی خۆی بە جۆرێکی دیکە دەگێڕێتەوە. ئەو، دەست لەسەر برینەکان دادەنێت کە فریوی خواردووە، لە ڕێی بینینەوە ڕۆچوونی پێچەوانە بووەتەوە. 

[تۆش فریوی دنیات خوارد

دنیا وایە خەدیجە!

یەکەم جار پەپووسلێمانەکانت پیشان دەدات

ئینجا ئەبابیلەکان

یەکەم جار مانگ بەتریفەکانییەوە دەنێرێت

ئینجا دووپشکەکان.]

ئەوە لەوە دەگەڕێین کە ئەم پارچەیە لەودیو کەرنەڤالەوە کەرنەڤالێکی دیکە دەگێڕێت، لێ (پەپووسلێمانەکانت) و (ئەبابیلەکان) لە قووڵاییی قەسیدەکانی تری بەختیار عەلیدا بە چەشنێکی دیکە هەیە. ئەم دوو ناوە وەک دوو هاوکێشە خۆی کردووە بە دنیای خەدیجەدا. (مانگ بە تریفەکانیەوە) و (دووپشکەکان) ئەمیش هەروا. لێرەدا مانا و دەلالەتەکانی ئەم ژەهراویبوونەی خەدیجە لەگەڵ کەرنەڤالدا ئەمەیە کە ئیدی دەزانێت ڕاستییەکەی ژەهراوی بووە و دەبێت بگێڕێتەوە و لەم نائومێدییەدا درێژە بە قەسیدەکەی بدات. دەبینین (نێرفانا) بۆتە (خەدیجە).

[بەڵام من، لە ڕۆما، 

ئەو ڕۆژانەی وەک سەگ لە چارەنووسی خۆم هەڵدەهاتم 

تۆم لەیاد بوو

تۆم لەیاد بوو، ئەو کاتانەی کە لە یەختەکاندا 

دەڕشامەوە

لەسەر کۆنکرێتی ساردی بەندەرەکان دەخەوتم و 

تۆم لەیاد بوو.]

لەم وێنە شیعرییەدا، ئەوەی وەک خۆی بوونی هەیە، (لە یەختەکاندا دەڕشامەوە)، ئەوەی دیکە لە کۆی شیعرەکانی بەختیاردا بوونی هەیە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەمانە دەربڕاون: (تۆم لە یاد بوو/ ئەو کاتانەی لە یەختەکاندا/ لەسەر کۆنکرێتی ساردی بەندەرەکان دەخەوتم) هەروەها (وەک سەگ لە چارەنووسی خۆم هەڵدەهاتم) بە شێوە (لە چارەنووسی خۆم هەڵدەهاتم) هەیە و لێرەدا سەگ خۆی تێخزاندووە. ئەم دێڕانە دەربڕاون، بەڵام نووسەر توانیویەتی دەربڕاوەکان بشیعرێنێتەوە بە هۆی هەوا/ ڕێتمەکەیەوە لەسەر فۆرمی قەسیدەکە خۆی خوڵقاندووەتەوە. بۆیە لێرەدا وشە و دەستەواژەکان موڵکی کەس و هیچ شاعیرێک نییە، بەڵام توێژەر ئەو خاوەنداریێتییەی هەیە کە چۆن لە دەقەکان بڕوانێت و ڕیشەکانی ئەو شیعرە چۆن بدۆزێتەوە و چۆن ڕەگی شیعرەکەی دیکە کە خۆی داکوتاوە، دەری بخات. هەموو شیعرێک گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووەکەی، خودئاگاییانە و ناخودئاگاییانە، ڕیشەیەکی هەیە کە ڕیشاڵەکانی هێند بە باریکی هاتوون، ئەستەمە هەموو کات ببیندرێت و بدۆزرێتەوە. نە شاعیر خۆی دەزانێت و نە خوێنەریش، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە خوێندنەوەیەک و بیرکردنەوەیەک لە پێش نووسینی دەقەکە بوونی هەبووە. هیچ شیعرێک لە خۆڕا خۆ ناکات بە ماڵدا، ئەگەر سەرەتا بیری نەکردبێتەوە دەرگا لە کوێیە، بەڵام کاتێک بیر ناکەیتەوە کە دەرگا لە کوێیە، ڕاستییەکەی خۆی کردووە بە دەرگادا و چووەتە ناو ماڵەکەی زمانەوە. ئیدی لەوێوە پەرشوبڵاوی زمان نادۆزیتەوە و ناتوانیت پاکی بکەیتەوە کە وشە و دەستەواژەکان چۆن هاتوون یان دەربڕاوەکان چۆن نائاگاییانە خۆیان کردووە بە ئاگاییدا. یان دێڕە سواوەکان چۆن دەبزوێنەوە و بە جووڵە دەکەونەوە بە مانایەکی دیکە.  

نووسەر خودئاگاییانە بێت یان ناخودئاگاییانە بێت، ئەگەرچی پێش لەدایکبوونی خەدیجە ئەم سێ قەسیدەیەی بەختیار نووسراوە. قەسیدەکانی پڕ ڕەگن، لە خەدیجەدا، هەر ڕەگێکی ئەم قەسیدانەی هێناوە و کردوویەتییە ڕیشاڵ و ڕەگێکی دیکەی لە شیعردا پێ بونیاد ناوەتەوە. کە نووسەر لە ڕێی خەدیجەوە، گفتوگۆکە و پێچەوانەکانی و دەستەواژەکان هەڵگەڕێنێتەوە یان دەستکاری بکات. هەموو ئەو دەستەواژانە لێرەدا دەستنیشان ناکرێت، بەڵام خوێنەر دەتوانێت هەر سێ قەسیدەکەی بەختیار عەلی لەگەڵ قەسیدەی خەدیجەدا بخوێنێتەوە، ڕیشاڵ و ڕەگی شیعرەکان بدۆزێتەوە. ئەگەر سەرنج بدەین لەم پارچەیەی کەرنەڤال؛

[ئەی منداڵان مەڕۆن بۆ ئەم تەروادەی خەیاڵە

مەچن بۆ ئەو شارانەی باوکە خراپەکارەکان لە ئاوێنەدا درووستیان کرد،

مەڕۆن عاشوورای ئومێدە، بۆ ئەم کەربەلای سەرابە

قیبلەنماکانتان لە تەپوتۆزی ئەم شاری تەنهاییەدا ڕێنابات

تەتەرەکانتان لە بەر دەرگای ئەم دەریایەدا کوێر دەبن

ئەم خاکە تینووی ئێسکە زێڕینەکانە]

لە کەرنەڤالدا، نووسەر ئاگادارمان دەکاتەوە کە نەڕۆین بۆ ئەو کەرنەڤالە کە باوکەکان دابەش بوون بەسەر یاد و شوێن و ڕووداودا، بەسەر عاشوورا و کەربەلادا. تەپوتۆزی گرتووە ئەو مێژووە و لە مێژە یاری بە دڵمان دەکرێت کە دڵمان وەک قیبلەنما ڕوو پێ لە باوکەکان دەکرێت. هەرچی لە قەسیدەی خەدیجەدا هەیە، بە پێچەوانەی کەرنەڤال قەسیدەکەی لێک کشاندووە بۆ خەدیجە تا دەربڕاوەکان نەناسرێنەوە، ئەگەر سەرنج بدەین، لەو پارچەیەی خوارەوە، کۆی تێمای دەربڕاوەکان لەم پارچە قەسیدەی کەرنەڤالدا هەڵتۆقیوە و بە شوێن خۆیدا ڕۆیشتووە و خۆی پێ دوواندووەتەوە؛

[لە دەشتی کەنعانیش نەبێت، ڕۆژێک گورگێک هەر دەمانخوات

عاشووراش نەبێت، هەر شیوەن زۆرە بیکەین

قسەی ڕەقی خزمانم لە دڵ ناگرم

وەک گەدایەکی دەرکراو، دێمە بەر دەرگاکەتان

گوێم لە بوڵەبۆڵی دراوسێ کەڕ دەکەم

لەگەڵ پەڕەسێلکەکاندا دێمەوە حەوشەکەتان

چش لەو سووکایەتییەی پێم دەکرێت

وەک پشیلە دێمەوە بەر پەنچەرەتان

ئەو ڕۆژەی خەدیجە بە بەلەمێکی شین هەڵات

مانگ دەفێکی دڕاو بوو، بە ئاسماندا خلۆر دەبووەوە

زەوی مزراحێکی ماندوو بوو، لە فەزادا دەخولایەوە

خەدیجە بە کالیسکەیەکی شین بەناو 

هەورە پەرێشانەکاندا

ڕۆیشت

بەجێی هێشت ئەم هەموو حوسەینە

ئەم هەموو کەربەلایە

ئەم هەموو مەسیحە

ئەم هەموو جەلجەتایە.]

ئەگەر لەو قەسیدەیە ورد ببینەوە، دەبینین کە (ئەم هەموو حوسەینە/ ئەم هەموو کەربەلایە/ ئەم هەموو مەسیحە/ ئەم هەموو جەلجەتایە) هەمان باوکەکانن کە لێرەدا باوکەکان بە ناوی خۆیانەوە دەدوێن و فراونتر لە باوکە نادیارەکانی کەرنەڤالدا خۆیان دەرخستووە. کۆی دەقەکە لەسەر عاشوورا و کەربەلا بە ڕووداو و کارەکتەر و گێڕانەوە دەورە دراوە. زمانێکە لە زمانێکی دیکەوە خۆی دەرهێناوە و خۆی دوواندووەتەوە.  لێرەدا چوار نیوەدێڕ لە خەدیجەدا هاتووە، کە جگە لەوەی دەربڕاون، ئەو هێزەی پێنەخشیونەتەوە تا لە دەربڕاو ڕزگاریان بکات؛

[ئەو هەموو بێڕەحمییە، ئەو هەموو جەفایە، ئەو هەموو یەزیدە، ئەو هەموو یەهوودایە؟]

تەنیا لە پێش ئەمەوە دەڵێت: [توو خوا چاکم نەکرد بە جێم هێشت]، لە کاتێکدا لە کەرنەڤالدا پێمان دەڵێت مەڕۆن، ئەو پێی وایە پێش کەرنەڤال خەدیجە ئەو هەموانەی ئاگادار کردووەتەوە. ئەو، دەبوایە هەر نیوەدێڕێک بە نیوەدێڕێکی دیکەی دوای خۆی بیخوڵقاندبایەوە. پرسیاری کردووە و توانای وەڵامی نەبووە. لە کۆتایی قەسیدەی خەدیجەدا، (شەرت بێ) دەهێنێتەوە ناو خوانەوە، تا پشت لە هەموو ئەو شتانە بکات کە لە کەرنەڤالدا پێی گوتووین نەچین بۆ کەرنەڤال! 

[شەرت بێت لەتاوت پشت بکەمە بەلەمەکان

پشت بکەمە ماسیگران و تۆڕەکانیان

باجگران و مۆرەکانیان

قەشەکان و کتێبەکانیان

تاوانکاران و گوناهەکانی ناو دڵيان

دەموچاوم بخەمە دەستمەوە و بڵێم

توو خـــوا دنیــــا چيـیە؟

منداڵێک بم، مشكەکانی ماڵەکەت ڕاوبنێم

خۆشترە 

لەوەی ئیمپڕاتۆرێک بم

پشیلەیەک بم لە موبەقەکەتدا بخەوم

خۆشترە 

لەوەی کە حاکمی شارێک بم.]

هەموو ئەمانە لە کەرنەڤال و قەسیدەی گوناهدا خۆیان دەربڕیوە. لێرەشدا منداڵەکە هاتووەتەوە ناو قەسیدەکەی خەدیجەوە. ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم دوو نیوەدێڕە دەربڕاوە و هێزێکی وای پێنەبەخشیوە نە لە پێش خۆی و نە لە دوای خۆیشیەوە، بەڵام هەوایەک هەیە کە هەست بە لاوازییەکەی ناکرێت، بەڵام بەهێز نییە، ئەمیش؛

[لە ترسی فڕۆکەکان خۆی دەشاردەوە

ژیژکێکمان هەبوو 

بەگەنجی قاڕوونمان نەدەدا]

هەر خوێنەرێکی شیعری لێی ورد ببێتەوە، دەزانێت ئەمە دوو دەربڕاو و دوو دەستەواژەن، دەبوایە لەناو دوو کەوانەوەدا بوایەن. (تۆپێکمان هەبوو بە گەنجی قاڕوونمان نەدەدا/ پێڵاوێکمان هەبوو بە گەنجی قاڕوونمان نەدەدا…) ئەگەر لێی ورد ببینەوە، تەنیا پێڵاو و تۆپ بووەتە ژیژک! 

ئەوەی دەمەوێت لە دەرەنجامدا بیخەمە ڕوو، ئەمەیە: کە نووسەر کۆی خەدیجە لە ڕەگەکانی قەسیدەی بەختیار عەلی دەرهێناوە و بەتایبەت کەرنەڤال! لێ، ئەو ڕیشاڵەکانی کشاندوون و ڕەگێکی دیکەی لەناو شیعری خۆیدا پێ بونیاد ناوەتەوە. زۆرێك لە دەستەواژە و دەربڕاوەکان دەبوایە ئاماژەی پێدابایە کە دەربڕاون و دەستکاریکراون! و لەناو دوو کەوانەی خستبوایە. هەروەها لە کۆی ئەم قەسیدەیەدا، گوترابا ئەم قەسیدەیە بە سوود بینین و وەرگرتن لە قەسیدەکانی بەختیاردا لە دایک بووە و کەوتووەتە سەرپێ و ڕۆێشتووە و بە زمانی خۆی دواوەتەوە. بە مانایەکی دیکە، بە پێی ئەو خاڵانەی بەر باسمان دا، کاریگەریی قەسیدەی (کەرنەڤال و گوناهـ و ئای لەو ڕۆژگارە خۆشانە)ی بەختیار عەلی بەسەرەوەیە و ئاماژەی پێ نەدراوە. 

٥ـی ٥ـی ٢٠٢٢؛ قەڵادزێ

سەرچاوەکان:

١ـ ماردین ئیبراهیم، تۆ مەچۆ بۆ شەڕ، قەسیدەی خەدیجە، چ٢، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە، ٢٠١٥.

٢ـ بەختیاری عەلی: تا ماتەمی گوڵ… تا خوێنی فریشتە، قەسیدەی کەرنەڤال، چ. ٤، چاپخانەی کارۆ، ٢٠١٩.

Leave a comment