[ ڕووبەڕوو لەگەڵ ئینگمار بێرگمان ]

ولیام وۆلف، ١٩٨٠ 

وەرگێڕان: دلاوەر قەرەداغی

ئینگمار بێرگمان لە کاتێکدا کە دەستێکی ناوەتە سەر شانی هاوژینەکەی و دەستەکەی تریشی بە ئاماژەی بەخێرهێنان ڕادەوەشێنێ، لەودیو حەساری ماڵەکەیەوە لە دوورگەی فۆرۆ ڕاوەستاوە و زەردەخەنەیەک لەسەر لێویەتی. بێرگمان، کەسێک کە حەکایەتی زۆری سەبارەت بە ترس و نیگەرانییەکانی لێ دەگێڕدرێتەوە، کەسێک کە لە فیلمەکانیدا زیاتر لە هەر دەرهێنەرێکی تر خەریکی کۆڵین لە نائومێدی و تەنیاییەکانی بووە، کەسێک کە هیچ لەو کەسە ناچێت کە ئێستا دەیبینم.

بە درێژایی سێ سەعاتی دواتر لەگەڵ ئینگمار بێرگمانە تازە و نەختێ ئارامترەکەدا ڕووبەڕوو دادەنیشین. ئەو لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا زۆر پڕ کارە و لەوەی کە چیدی ناشتوانێ لە گۆڕەپانی فیلمسازییدا ئیش بکا، فرە غەمبارە. بەڵام گۆڕانکاری گەورە لە ژیانی ئەودا لە ساڵی ١٩٧٦ دا ڕووی داوە، ئەویش کاتێک کە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرێتی باج، لە پرۆڤەی شانۆی پادشایەتی ستۆکهۆڵم بانگی دەکەنە دەرەوە و بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باجدان، ڕاپێچی بنکەی پۆلیسی دەکەن و ئەمیش دوابەدوای ئەو بەرکەوتنە، تێک دەشکێ و وڵات جێدێڵێ. ئەو ئێستا نەک هەر چێژ لە سەفەر و ئیشکردن لە دەرەوەی سوێد دەبا، بەڵکو سەرگەرمییەکی نوێ و دڵنشینی بۆ خۆی پەیدا کردووە، ئەویش ڕۆڵی گەورەی خێزانییە کە بەرەنجامی پەیوەندیییە فەرمی و نافەرمییەکانی ساڵانی دوور و نزیکییەتی.

گەرچی هێشتا ئەو خۆی لە قەرەباڵخیی بەدوور دەگرێت، بەڵام قاییل بووە هاوکاری بانگەوازی نێودەوڵەتیی فیلمەکانی نیمچەدوورگەی سکەندیناڤیایی بکا. بێرگمان لە سەفەرەکانی ئەمدواییەیدا بۆ نیوۆرک؛ هەوڵی داوە نەناسراو بمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەفتەی پێشوو بە تەرزێکی فەرمی بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەرایی بەرنامەی “سکاندیناڤیا: فیلمە نوێیەکان” ی مۆزەی هونەرە مۆدێرنەکانی کرد. بەرنامەکە ٣٠ ئۆکتۆبەر دەست پێ دەکا و ژمارەیەکی زۆر لە ئەهلی هونەر و کولتووری وڵاتانی سوێد، دانمارک، نەروێژ، ئایسلاند و فینلاند بەشداری تێدا دەکەن؛ تا پێگەیەکی گونجاو بۆ پیشەسازی فیلمسازی سکەندیناڤیایی لە بازاڕی گەورەی ئەمریکادا مسۆگەر بکەن. وێڕای ئەوە، بێرگمان لە هەوڵی نمایش کردنی جیهانیی فیلمە ئەڵمانییەکەی خۆی “لە ژیانی بووکەشووشەیەکی شانۆی سێبەرەوە” دایە. فیلمێکی تری سەبارەت بە توێکاری پەیوەندییەکی ژنومێردایەتییە کە ئەمجارە بە کوشتن کۆتایی دێت. ئەم فیلمە لە مۆزەی هونەرەکانی مۆدێرن نمایش ناکرێت. بەڵام فیلمی دوکیومێنتاری فۆرۆ (١٩٧٩) کە نوسخەی نوێکراوەی فیلمێکە بێرگمان دە ساڵ لەوەوبەر سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دروستی کردووە، نمایش دەکرێت.

بەدەم ڕێوە بۆ دوورگەی فۆرۆ، شوێنی دیدار لەگەڵ دەرهێنەر، بیرم کردەوە ئاخۆ ئیتر چاوەڕێی چی لەم هونەرمەندە دەکرێت؟ کەسێک کە ڕۆحی مرۆڤی وێناندووە و چەندین جار لە بوونی ژنان و پیاوانی کۆڵیوەتەوە و پەیوەندی نێوانیانی بە شایستەییەوە وێنە کێشاوە و پرسگەلی قووڵی فەلسەفی، کە سەدەگەلێکە زەینی توخمی مرۆڤی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، خستووەتە ڕوو. ئایا هونەرمەندێکی ئاوها دەتوانێ هەمدیسان شاکارگەلێکی وەک مۆری حەوتەم، ڕووناکی زستانە، تووە فەرنگی کێوی، بێدەنگیی، پێرسونا، بەڵاکان، هاوارەکان و چپەکان و دیمەنگەلێک لە هاوسەرگیرییەک، دروست بکاتەوە؟

لە ڕووی جوگرافیاییەوە، بێرگمان هێندەی هەموو فیلمەکانی دوور کەوتووەتەوە و دوور لە شارستانییەت دەژی. دیارە دەبێ بە فڕۆکە لە ستۆکهۆڵمەوە بۆ شاری دێرینی ڤیسبی لە دوورگەی باڵتیکی گۆتلاند بفڕیت. دوای سەفەرێکی پڕ قۆرتی چل دەقیقەیی و دوای سەفەرێکی دەریایی پازدە دەقیقەیی بەنێو سەرزەمینێکی گوماناوی و قاقڕ، تا گەییشتن بە دیوارێک کە نیشانەی (ئاگاداری ئەمنیی) پێوە کراوە. لەپاڵ ئەم چۆرتمانەدا، لەو ڕووەوە کە فۆرۆ بەرامبەر یەکێتی سۆڤێتە و تەنها سەد میلێک لە دوایین بازگەی سنووریی سوێدەوە دوورە، ئەوا وەرگرتنی مۆڵەتی چوونە ژوورەوە بۆ ئەو دوورگەیە لە دوڵەت، شتێکی زۆرەکییە.

– ئایا چەک و چۆڵی مووشەکی و ڕاداریشیان لەم ناوەدا جێگیر کردووە؟

 “مۆڵەتم نییە بیڵێم.” 

بێرگمان ڕوخساری خەڵکانێکی دوودڵ بەخۆوە دەگرێ و پاشان لە گرینگیی ئاسایشی ئەم دوورگە بچووکە دەهەژێ و بە دەنگێکی بەرز دەخەنێ. پاشان بەرەو ئاراستەی کەنار دەریا ڕینوێنیمان دەکات تا دیمەنی پانۆرامایی دەریامان پیشان بدات. 

“یەکەم جار بۆ وێنەگرتنی فیلمی (وەک لە ئاوێنەیەکدا) بۆ ئێرە هاتم و هەستم کرد عاشقی ئەم دوورگەیە بووم. بەڵام کاتێ بڕیارم دا ئەم خانووە ڕۆ بنێم ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی ڕۆنانی بوومەوە. لێرە بۆ هەر ئیشێک دەبێ مۆڵەت وەربگریت. بەڵام ئەمە تەنها خانووەیەکی سادەیە.” 

ئەم خانووبەرەیە ئەو جوانە نییە، بەڵام بە شێوەیەکی شکۆدار گەورەیە، هێند گەورە کە ئەستێرکی فراوانی خانووەکە بە تەواوی لەودیوییەوە حەشاردرابوو. 

“کاتێ کە دەریا هێور دەبێتەوە، هەستیکی سەیر دام دەگرێ، بەڵام لە هیج شتێک ناترسم.”

کتوپڕ نەوای دەنگی خەمگینتر دەبێ. ڕەنگبێ بابەتێکی ئازاردەری بیر کەوتبێتەوە: “بەڵام جارێکیان تا سەر لێواری مەرگ ترسام. پێنج ساڵ لەمەوبەر شەوێکیان ڕووناکیییەکی سەیر بە ئاسمانەوە بوو. هەستم کرد شتێک ڕوو دەدا. بەیانی ڕۆژی دواتر، پۆلیس تەرمی دوو ماسیگریان لە هەمان ئەو شوێنەی دەریادا دۆزینەوە کە لێی نوقم بووبوون.” وای گوت و ئێستا ئیدی دەنگە دڵنشینەکەی کاریگەرییەکی هیپنۆتیکی هەبوو. ڕەوتاری بە دڵسۆزی و نزیکایەتییەکی زووەکی پرشنگی دەدا. پێکەنینە بە قاقا و تاوتاوەکەی نەختێک بە نیشانەی تووڕەیی ڕەنگی دەدایەوە.

“مۆڵەت بفەرموون دوای فراوین دەست بە قسەی جیددی دەکەین.” 

ئینگرید، هاوسەری بێرگمان، کە دە ساڵە لەگەڵ دەرهێنەرە خوڵق حولحولییەکەماندا دەژی، سفرەی خوانێکی تەواوی بۆ ڕاخستبووین. هەرچەند ڕووناکی ڕۆژ بۆ ناو ئاشخانەی مۆدێرن و بە وردی ڕازێنراوەی ماڵەکە پرشنگی دەدا، بەڵام مۆم لەسەر مێزی فراوین داگیرسابوو. بێرگمان زۆر زوو پشکی خۆی لەسەر مێزە پڕ بەرەکەتەکە هەڵگرت، دەفرێک توودڕکی کێوی و شیری ترش. دوای فراوین لە ژوورێکی بچووک و سادەی میوان کە چەند تابلۆیەک و پەیکەرێکی دارینی تێدا بوو، قاوەمان خواردەوە. لەپاڵ ئاگردانی نێو دیوارەکەدا، کوتەدار بە وردەکاییەکی زۆرەوە لەسەر یەک هەڵچنرابوون. بەرامبەر کوورەکە تەلەفزیۆنێکی زەبەلاح، ڕیکۆردەرێکی پەخش و ڕەفەیەک پڕ لە کاسێتی ڤیدیۆ دانرابوون و لە ڕاڕەوەکەوە چکەچکی کاتژمێرێکی کۆنی بەندۆڵدار دەهاتە گوێ.

لە بێرگمان دەپرسم ئایا وا بیر دەکەنەوە کە هێشتا قسەی لەبارەی فیلمەکانییەوە ماوە یاخود ئیتر گەییوەتە کۆتایی دێڕ. پێچەوانەی چاوەڕوانیم، بێرگمان گرینگی بە بێپەروایی من نادا و پەرۆشانە وەڵام دەداتەوە: “من هەزاران بیرۆکەم لە زەیندا هەیە. کێشەی سەرەکی نەبوونی بیرۆکەی نوێ نییە. من هیشتا پاڵپێوەنەری زۆرم بۆ فیلمسازی هەن. هێشتا قسەی زۆرم بۆ گوتن هەن، ئاخر کەمەندکێشیی بوونی مرۆڤ ڕۆژبەڕۆژ لە مندا زیاتر دەبێ، ڕوخسارەکانی مرۆڤ، ڕەهەندە جیاوازەکانی ڕیالیتی، هەلومەرجەکانی ژیانی مرۆڤ و خودی مرۆڤ؛ کەڵکەڵەی دێرینی منن و هێشتا ئەنگیزەم دەدەنێ.” پاشان، زۆر بە کورتی ئاماژە بەو دوودڵییانە دەکا کە لە دەیەی پێشوودا دزەیان کردووەتە بوونییەوە.

“کێشە ئەوەیە تەمەنم ٦٢ ساڵە، چل ساڵە لەم پیشەیەدا خەریکی ئیشم و ڕۆژ بەڕۆژ لە ڕووی لەشەکییەوە فامی زیاتر سەبارەت بەم کارە دەدۆزمەوە. دەزانیت من ماندوو دەبم، لەبەرئەوەی فیلمسازیی ئیشێکی زەحمەتە. ڕەوەندی ئیشەکەش زەحمەت و زەحمەتتر دەبێ و منیش هەست دەکەم هەلومەرجی لەشەکیم بە ساغڵەمیی پێنج یان دە ساڵی ڕابوردوو نییە، هەڵبەت ئەو لاوازییە هێشتا نەیتوانیوە کار لە چۆنایەتی فیلمسازییم بکات، بەڵام ئەو ئەگەرە بوونی هەیە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕۆژێک بێت کە بە خۆم بڵێم: ئێ، ئیتر تەواو، ناتوانم، ماندوو بووم. تاقەتم نەچووە، بەڵام چیدی ناتوانم دەست بە فیلمێکی نوێ بکەم. بڕیارم داوە چاوەڕێی ڕۆژێکی ئاوها نەکەم، چاوەڕێی ڕۆژێک نەکەم کە کەسێک بێت و پێم بڵێ: ئینگمار، وا باشترە ئەم فیلمە دروست نەکەی، چونکە هەلومەرجی لەشەکیت لە قەرەی نایەت. کەوابوو ڕۆژێک دێت و من بە خۆم دەڵێم: ئینگمار، ئێرە کۆتایی دێڕە. 

“لە دە ساڵی ڕابوردوودا، هەندێ جار لە کاتی فیلمسازییدا لەو بڕیاردانە زۆر نزیک بوومەتەوە. دەزانیت من کێشەی بێخەوییم هەیە و ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە. شەوانە زیاتر لە چوار یان پێنج سەعات زیاتر ناخەوم. سەرەنجام بەیانیان، کاتیک کە ناچارم بۆ ستۆدیۆ بڕۆم، زۆر کفت و شەکەتم. هەربۆیە بەخۆم دەڵێم: ئێ، ئەمە دوایین فیلمم دەبێ. چیدی بڕستم نییە. پاشان فیلمەکە دەگاتە کۆتایی و منیش کەمێک پشوو دەدەم.”

ئایا دەکرێ بێرگمان چاو لە سینەما بپۆشێ؟ 

“ئۆهـ، بەڵێ بێگومان. لەبەرئەوەی هێشتا شانۆم هەیە کە بۆ خۆی دنیایەکی جودایە. ئێوە دەتوانن سەعات دە بێن. چوار یان پێنج کاتژمێر ڕاهێنان بکەن و پاشان بڵێن ئەمڕۆ ڕاهێنانێکی باش نەبوو، بەڵام سبەینێ یان دووشەممە باشتر دەبێ. هەربۆیە حەز دەکەم تا کۆتایی تەمەن لە شانۆدا ئیش بکەم.”

بێرگمان لە میونشین چەندین شانۆنامەی نمایش کردووە و حاڵیحازریش قسەیەک سەبارەت بە ڕۆیشتنی بۆ نیوۆرک و نمایشکردنی شانۆنامەیەکی ئێپسن لەگەڵ لیڤ ئۆلمان دا بەر گوێ دەکەوێت. “پێشنیارێکی کەمەندکێشە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە من لەوێ زۆر ئەکتەری بەرجەستە ناناسم. لەوێ ئەکتەرانی باش زۆرن، بەڵام من کەس ناناسم ئەستێرە بێت. لە میونشن دەتوانم بۆ هەموو ڕۆڵەکان ئەکتەری داهێنەر بدۆزمەوە. وێڕای ئەوەش، کاتی ڕاهێنان لە نیوۆرک زۆر کورتە، نزیکەی چوار هەفتەیە. من لە میونشن پازدە هەفتە ڕاهێنانم لە شانۆنامەی سێ خوشکەکە  دا کرد. هەروەها لێرە، ئەگەر چوار ڕەخنەی خەراپتان لەسەر بنووسرێ، خەڵک گرینگییان پی نادەن و خۆیان بۆ بینینی کارەکەتان دەڕۆن.” 

بارەگای سەرەکی کۆمپانیا فیلمسازییەکەی بێرگمان لە میونشین لە کاردایە؛ جێگەیەک کە بێرگمان تەنها شەش مانگ لە ساڵێکدا لەوێیە. بێرگمان بەهۆی سیاسەتی پەیوەست بە باج، ناتوانێ لە پێنج مانگ زیاتر لە دەرەوەی سوێد بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ئێستا هەست دەکا بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتمان ئامادەیە، تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج بە چەشنێک کاریگەریی خەراپی لەسەر جێهێشت، کە تا سنووری تێکچوونی ئەعسابی بردبوو. بەڵام ماوەیەکی کەم دوای یەکەم دانیشتنی دادگا، دەوڵەت بە شێوەیەکی فەرمی داوای لێبوردنی لێ کرد و لە هەموو تۆمەتەکانی بەخشی.

“ئەو ڕووداوە نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر بوو، ئێستا دۆسییەکە بە تەواوی داخراوە. حکومەت کەوتە هەڵەیەکی گەورەوە. سیستمی بیرۆکراتی ئێمە بە دەگمەن داوای لێبوردن لە کەس دەکا. بەڵام داوای لێبوردنیان لە من کرد. بەهەرحاڵ ئەوەی کە ڕووی دا نزیکەی تا سنووری مەرگ ئازاری دام.

“هەڵبەتە ئەو ڕووداوە بۆ من هاندەر بوو. لەبەرئەوەی بەر لەوە وامدەزانی ئیشکردن لە دەرەوە بۆ من کاری نەکردەیە. بەڵام لەو کاتەدا زۆر ناچار بووم لە وڵات بچمە دەرەوە. بۆ نیوۆرک، لوس ئەنجلس، پاریس، بەرلین، کوپنهاگن، دووجار پاریس و پاشان موینشن ڕۆیشتم و پاشان بۆ لوس ئەمجلس گەڕامەوە. سەفەرێکی کەمەندکێش و سەری بۆ ئەوە کێشا کە چیدی لە سەفەری ئاسمانییش نەترسم. نامەوێ چیتر لەبارەی ئەو بابەتەوە بدوێم. دەزانی حکومەت قوربانییەکی دەویست و منی دەست کەوت. ئێستا هەموو شت کۆتایی هاتووە.”

بەڵام هاوژینەکەی بێرگمان هێشتا بەرامبەر ئەو بابەتە زویرە و هێشتا لەبیری نەکردووە. “کاتێ ئەوەم دێتەوە بیر دڵم دەکوێتەوە تەپوکوت. ئەوانە زۆر خەراپ ڕەوتاریان لەگەڵ بێرگماندا کرد.” و بێرگمانیش بە نەوایەکی تکاکارانە دەڵێ:“ئینگرید بێزەحمەت، تکا دەکەم لەوبارەیەوە قسان مەکە.”

ئەوە شتێکی بڵاوە کە خانمی بێرگمان بێئەندازە وابەستەی بێرگمانە و بە توندی دەیپارێزێ. پێچەوانەی ژنانێک کە لە ژیانی بێرگماندا بوون (هاریت ئاندێشون، بی بی ئاندێشون، لیڤ ئولمان و خودا دەزانێ چەند خانمی تر!) ئەو هیج ئارەزوویەکی بۆ چوونە نێو گۆڕەپانی هونەر نییە. ئەو کە پێشینەی بەڕێوەبردنی لە خێزانە بازرگانییەکەی خۆیدا هەبووە، حاڵیحازر سەرپەرشتی کاروباری پەیوەست بە کۆمپانیا بەرهەمهێنانەکەی بێرگمان دەکا. لە ماڵەکەدا چ هەواڵیش لە کارەکەر و چێشتلێنەر نییە. ئینگرید هەر خۆی هەموو کاروبارەکانی لە ئەستۆ گرتووە. کاتێ بڕیارە بۆ نموونە سی ڕۆژ بۆ سەفەر بڕوات، ئەوا ئازووخە و خۆراکی پێویستی ئەو چەند ڕۆژە بۆ بێرگمان ئاماد دەکا. بێرگمان وەڵامی پەیوەندییە تەلەفونییەکانی ناداتەوە، بەڵکو ئینگرید ئەو بەرپرسیارێتییەی خستووەتە سەر شانی خۆی. وێڕای ئەوەش، ئینگرید بە تەقەلایەکی ماندوویی نەناسانە هەوڵ دەدا دیسان خێزانە گەورەکە لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە و ببێتە هۆکاری نزیکبوونەوەیان لە یەکتر.

ئینگرید دەڵێ: “دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەم جار هەموو مناڵەکانمان لە دەوری یەک کۆبوونەوە تا جێژنی شەست ساڵەی بێرگمان بگێڕن. ئەزموونێکی زۆر خۆش بوو. لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو کۆبوونەوە گەرموگوڕە خێزانییە درێژەی هەیە. ئێستا هەموو بە باشی یەکتر دەناسن و چێژ لە دانیشتن و قسەکردن لەگەڵ یەکدیدا دەبەن. ئەم هاوینە هەموان دیسان لە دەوری یەک کۆبوونەوە.”

بێرگمان بە تامەزرۆیی و گەرموگوڕییەکی زۆرەوە سەبارەت بەو هاونشینییە هاوینییە قسان دەکا. چەند ساڵ لەوەوبەر لیڤ ئولمان پێی گوتم، بێرگمان لەگەڵ لین – ی کچیان کێشەی دروستکردنی پەیوەندی هەیە. بەڵام هاوکات پێشبینی کرد “هەرچی کچەکە گەورەتر ببێ، ئەو دووانە زیاتر لە یەکەوە نزیکتر دەبن. لەبەرئەوەی خاڵی هاوبەشیان زۆرە.”

“٨ ی مای منداڵەکەمان لێرە بوو. ئینگرید لە هاوسەرگیرییەکەی پێشووی چوار منداڵی هەیە، ئەوانیش هاتبوون. ئێمە خەڵکێکی زۆر لە هاوڕێی کوڕەکان و هاوڕێی کچەکان ڕوویان تێکردبووین. دیار ئامادەیی لە جەمعی ئەواندا بۆ من ماندووکەرە، هەربۆیە بۆ ستۆدیۆ دەڕۆم. کەمێک دەحەوێمەو و دیسان دەگەڕێمەوە. من حەزم لەو هاونشینییە پر لە هەراوزەنایەیە.”

کەلوپەلەکانی کاری بێرگمان لە هەمان دوورگە، بەڵام لە خانووبەرەیەکی تردایە کە چەند کیلۆمەترێک لە ماڵ دوورە. “من کێڵگەیەکی ١٥٠ ساڵەم کڕیوە. پاشان لەوێ ژوورێکی نمایش، مێزێکی مۆنتاژ و هەرشتێک کە پێویستم بێت، ئامادە کردووە.”

کۆچی بێرگمان بۆ میونشن بێرگمانی ڕووبەڕووی چەندین کێشە کردووەتەوە. لەوانە فیلمسازی بە زوبانێکی تری جگە لە سوێدی. یەکەم ئەزموونی فیلمسازی ئەو لە میونشین ناوی “هێلکەی مار” بوو. “فیلمەکە شکستێکی تەواو بوو. لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێ شکستیش بۆ مرۆڤ کەمەندکێش بێت.” پاشان بێرگمان بۆ نەرویژ ڕۆیشت و “سۆناتای پاییز” ی دروست کرد و لەوێوە بۆ فۆرۆ گەڕایەوە تا دوکیومێنتارییەکەی خۆی سەبارەت بەم دوورگەیە دروست بکا و “ڕاستییەکەی فیلمەکە، دەوا، یان چارەسەرێکی بە پەلە بوو. من گەڕامەوە و برینەکانیشم وردە وردە ساڕێژ دەبوون. ڕەگوڕیشەی من بەم سەرزەمینەدا ڕۆ چووە. ئێرە چاوگی سرووشی منە. ئێرە تاقە جێگەیەکی دونیایە کە هەست دەکەم لە ماڵەوەم. فۆرۆ پێنجسەد کەس حەشیمەتی هەیە. من وتووێژی زۆرم کردووە، قسەکردن لێرە لەگەڵ هاوڕێیاندا، ژیانیان و تەماشاکردنیان کاتێ بە تەقەلا و سەرسەختییەوە کار دەکەن، بۆ من بە توندی کەسەکی و لەبەردڵانە.”

بێرگمان نووسینی فیلمنامەی پرۆژەی دواتری خۆی تەواو کردووە. حەز ناکا لە بارەیەوە بدوێ، بەڵام یەکێک لە هاوڕێکانی کە فیلمنامەکەی خوێندووەتەوە پێی گوتم کە ئەو کارەش لەسەر ئەزموونەکانی منداڵیی خۆی ڕۆ نراوە. فیلمەکە ناوی فانی و ئەلیکساندەرە. کارێکە کە بڕیارە هەم بە فێرژنێکی تەلەفزیۆنی و هەم بە فیلمێکی سینەمایی بەرهەم بهێنرێت، بودجەیەکی حەوت ملیۆن دۆلاریی هەیە و ماکس ڤون سیدو، لیڤ ئولمان و ئێرلاند یوسپسون ڕۆڵی تێدا دەبینن. ئەگەرچی چیرۆکەکە لە ساڵی ١٩١٠ دا ڕوو دەدا، بەڵام لێکچوونەکان دیارن. ماکس ڤون سیدو ڕۆڵی ‌قەشەیەکی کەللـەڕەق دەبینێ. قەشەیەک کە بە دڵنیاییەوە دیسان  لەسەر کەسێتی خۆسەپێنی باوکی بێرگمان نەخشەسازی کراوە. ئەو منداڵەکانی خۆی لە کەنتۆری جلکدا حەپس دەکا، ڕێک هەمان شت کە باوکی بێرگمان لەگەڵ کوڕەکەیدا کردوویەتی. بەڵام ئەمجارە کۆتایی ڕووداوەکە زۆر سەرسووڕهێنە. کیژۆڵەیەکی کەمتەمەن چیڕۆکەکەی خۆی لەسەر تەختەخەو ئاگر تێ بەرد دەدا و ڕووەو کوڕی فیلمەکە دەڕوات و ئەو دووانە هاوکات لە ئاگرەکەدا دەسووتێن و دەمرن. بێرگمان زۆرجار سەبارەت بە برینەکانی تافی منداڵیی خۆی دەدوێ: “بەڵام ئەو کێشانە کاریگەری وێرانکەریان لەسەرم نەبوون. لانی کەم ئەو وەهمەم هەیە کە لە شوێنی ئیشدا هیچ کاریگەرییەکی دەرەنجامی تووڕەیی ئەو سەردەمەم پێوە دیار نییە.”

بێرگمان لە ماڵەوە ڕای کرد و چوار ساڵ لە دایک و باوکی دوور بوو. دواجار بە فامێکی باشتر لێیان تێگەییشت. تەنانەت لەمیانی زەبرە دەروونییەکانیشیدا لایەنی ئەرێنی دۆزینەوە. بۆ نموونە کاتناسی. “من لە تافی منداڵییدا خەونبینێکی پیشەیی بووم. زەمەن لای من بوونی دەرەکی نەبوو. بەڵام باوکم گرینگییەکی زۆری بەو بابەتە دەدا. هەربۆیە منی بە سەختگیریی پەروەردە کرد. کاتێ بۆ قوتابخانە دەچووم، بەزۆریی یەک یان دوو سەعات درەنگتر بۆ ماڵەوە دەگەڕامەوە، کە دیارە ئەوە ئاکامێکی زۆر باشی بۆم نەبوو. حەڵیحازر ڕقم لەوەیە کاتی خەڵکانی تر بدزم. چونکە ڕقم لەوەیە خەڵکانی تریش کاتم بدزن. ئەگەر بڕیار بێت سەعات دە کەسێک ببینم، ئەوا پێنج دەقیقە زووتر بۆ شوێنی دیدارەکە دەڕۆم. هەربۆیە لەم ڕووەوە سوپاسگوزاری باوکمم.”

کاتێ قسان لەگەڵ بێرگماندا دەکەیت بە هاسانی سەرنج دەدەیت کە ئەو چۆناوچۆنی توانیویەتی ئەو نواندنە پرشنگدارانە لە ئەکتەرەکانی دەربهێنێ. هاریت ئەندێشون دەڵێ: “کاتێ دەست دەنێتە سەر شانتان، ئاگاداری خۆتان بن.” ڕاستەوخۆ تەماشاتان دەکا و بە ڕەوتاری گەرموگوڕ و میهرەبانی تێت دەگەیەنێ کە چۆن بە زمانلووسی ئەکتەرەکان ناچار دەکا ئەو کارە ئەنجام بدەن کە ئەم خۆی لە زەینیدایە. ڕاستەوخۆ نیشانە لە هەستیارترین خاڵ دەگرێتەوە و هەوڵ دەدا هەر لە سەرەتاوە متمانەتان بۆ لای خۆی کێش بکا. گیونێل لیندبلوم یەکێ لە ئەکتەرە ژنەکانی فیلمەکانی بێرگمان – کەسێک کە ئێستا فیلمەکانی خۆی دەردەهێنێ- پێی وایە دەزانێ بۆچی بێرگمان لە دەرهێنانی ئەکتەرانی ژندا سەرکەوتووە: “تەنها لەبەرئەوەیە کە ئەو ژنانی خۆش دەوێن و چێژ لە فێربوونی شتی زیاتر لەبارەیانەوە دەبات.”

– بێرگمان چۆن شێوەی کاری خۆی ڕاڤە دەکات؟

“هەموو شت پەیوەندی بەوەوە هەیە کە تۆ فیلمێک دەردەهێنیت یان نمایشێک دەخەیتە سەر شانۆ. لە شانۆدا دەتوانیت ئیشەکە ڕاوەستێنیت، لەگەڵ ئەکتەردا دابنیشیت و لەبارەی بابەتێکەوە وتووێژ بکەیت. بەڵام فیلم جۆرێک کاری بەرهەمهێنانە لە کارگەدا. ناچاریت هەر ڕۆژێک سێ دەقیقە لە فیلمەکە دروست بکەیت. دەبێ هەموو شت، هەموو وردەکارییەکان بە تەواوی ئامادە کرابن. هەموو ستافەکە، نەک تەنها ئەکتەران، بەڵکو دەبێ هەموو هاوکارەکانی من بزانن دەبێ لە هەر ساتەوەختێکی تایبەتییدا چی ئەنجام بدەن. تەنها لە هەلومەرجێکی ئاوهادایە دەتوانیت بە سەرکەوتنەوە بەرەو پێش بڕۆیت.

“بە بڕوای من دۆزینەوەی ئەتمۆسفێرێکی ئارام، هاوتەریب بە بێدەنگی و هێوریی لە ستۆدیۆدا گرینگیی زۆری هەیە. فیلمسازی کارێکی زۆر زەحمەتە و ئەو زەحمەتییە بۆ ئەکتەران زیاترە، لەبەرئەوەی ئەوان هەمیشە لەبەردەم چاوی قەزاوەتگەرانەی دەرهێنەر و پاشان بینەراندان. من بەرپرسیاری دۆزینەوەی ئەو ژینگە ئارام و ئاسایشەم.”

بە بێرگمان دەڵێم: ئینگرید بێرگمان سەری سووڕ ماوە لەوەی کە ئێوە بۆ گەییشتن بە هەستی دیمەنەکە پێتان گوتووە بیر لە شتگەلێک بکاتەوە کە هیچ ڕایەڵی بەم دیمەنەوە نییە، بێرگمان بە بزەیەکی بەسۆ قسەکە دەسەلمێنێ و دەڵێ: “کاتێ ڕەوشی جێمەبەستی ئێوە تەواو هەستەکیی بێت، ئەوا قسەی لۆژیکیی هیچ مانایەکی نییە. ئەم قسانە دەبێ بەر لە وێنەگرتن بکرێن و لە هەمان جێگەدا کۆتاییان بێت، لەبەرئەوەی کاتێ لەمیانەی ڕەوتێکی هەستەکییت تەنها دەبێ لەسەر بنەمای هەستتان قسە بکەیت. بۆ نموونە بە ئەکتەر دەڵێیت: “تۆ هەست بە قورسایی دەکەیت ڕێک وەک بەردێک” و ئەویش بە وردی سەرنج دەدا کە چۆن ئەو فەرمانە بۆ لەشی خۆی بگوێزێتەوە. پاشان کاتێ دیالۆگیشی دێتە سەر، ئەوسا بە ئاسانی دەتوانێت داواکەتان بنوێنێ. لە سەرەتای کاردا ئینگرید زۆر تووڕە بوو، لەبەرئەوەی کاتێ وێنەمان دەگرت من تەماشایم نەدەکرد. لێی دەپرسیم: “بۆچی تەماشام ناکەی؟” پێم دەگوت: “من دەنگت دەبیستم. ئەگەر دەنگت ڕاست بێت، ئیدی دەزانم ڕواڵەتیشت ڕاستە.”

هولیود هەمیشە لەبەرچاوی دەرهێنەرانی دەرەوە ئیغواکەر بووە. ئێستا کە بێرگمان چیدی لە سەفەرکردن ناترسێ، ئایا دەکرێ پێ بنێتە سەر سەرزەمینی خەونەکان؟

“من ستایشی شێوازی فیلمسازی ئەمریکا دەکەم. ئیشی ئەوان زۆر کاریگەر و سرووشبەخشە. من وانەی زۆر لە دەرهێنەرانی ئەمریکاییەوە فێربووم. لە دەیەی سیدا، من سینەمام لە ڕێی فیلمی ئەمریکاییەوە ناسی. ڕۆژانە دوو یان سێ فیلمم دەبینین. دیارە لەبەرئەوەی پارەم پێ نەبوو، ناچاربووم خۆم بکەمە برادەری فیلم ئیشپێکەرەکانی سینەما. من لە فیلمەکانی بیللی ویلدەر، ئێرنست لوبیچ و جۆرج کیوکورەوە شتی زۆر فێربووم. ڕۆیشتن بۆ ئەمریکا، ژیان لەوێ و دروستکردنی فیلم لەگەڵ ئەکتەرانی ئەمریکایی لە ستۆدیۆی ئەمریکاییدا ئەزموونیکی زۆر هەژێنەر و سەرنجڕاکێشە. بەڵام تەنها یەک ئەزموونە. ئەوەندە و تەواو. ئیشێکی زەحمەتە، وەک ئەوە وایە بۆ ژاپۆن بڕۆیت و بتەوێت فیلمێکی سامورایی دروست بکەیت. ڕێک بە هەمان شێوەیە ئەگەر دەرهێنەرێکی ئەمریکایی بیەوێت بە شێوازی ئەوروپاییەکان فیلم دروست بکات – وەک ودی ئالن لە فیلمی خۆمانەکان دا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە. من زۆر حەزم لەو فیلمەیە. بەڵام ڕەخنەگران پەسەندیان نەدا.” 

بێرگمان کۆکراوەیەکی ٥٠٠ فیلمیی هەیە. “من زیاتر زەینم لەسەر فیلمی بێدەنگ و یەکەمین فیلمە ئاخێوەرەکانە، چونکە دەتوانم ئەوانی تر لە کۆمپانیا وەربگرم. لە هاویندا نزیکەی هەموو شەوێک “لە تەویلەکە!” فیلمێک دەبینم. کاتێ منداڵەکان لێرە بوون، پێکەوە نزیکەی ٤٠ فیلممان بینی. هەموو شەوێک تەماشای فیلممان دەکرد، پاشان دادەنیشتین و لەبارەیەوە قسەمان دەکرد. دانیشتنی زۆر سەرنجڕاکێش و دڵگیر بوون. من حەزم لە فیلم تەماشاکردنە. دەرهێنەری زۆر ناناسم ئەوەندەی من پەیوەندییان لەگەڵ بینینی فیلمدا هەبێ. ئەو پەیوەندییە ڕەگی لە منداڵیمدایە. فیللینی و من ڕایەڵێکی هاوبەشمان هەیە. ئەویش تەماشاکردنی فیلم لە نمایشکردنی بۆ خەڵکی تری پێ خۆشترە. هەرگیز تا فیلمەکە تەواو نەبووە لە هۆڵەکە نەهاتوومەتە دەرەوە. ڕەنگە یەک دوو جار ئەوەم کردبێ.”

  • ئایا دەکرێ ئەو لە فیلمسازییدا بەرەو ئەملاولای نوێ بڕوات؟ ڕووەو ڕەوتێک یان بونیادێکی نوێی هونەریی؟

“من حەز دەکەم جارێک لە جاران فیلمێکی ١٢٠ دەقیقەیی دروست بکەم، تەنها نمایەکی کلوزئاپ. وا بزانم ئەم کارە مەحاڵ بێت، بەڵام شەیداییم. نازانم ئاخۆ دەتوانم ئەکتەری گونجاو و شێوازی گونجاو بۆ دروستکردنی بدۆزمەوە. دەزانیت ئەوە دەبێتە باشترین ئەزمووی ژیانم. لە جێگەیەک دادەنیشیت و لە کامێرایەکەوە تەنها لە ڕوخساری یەک مرۆڤ دەنۆڕیت. من، چاوچڵێسم. تەماشاکردنی ڕوخساری مرۆڤێک، بینینی ئاڵوگۆڕی ڕەنگی ڕوخسار، ڕەوشی چاوەکان، لێو و ماسوولکەی لەشی لە چاوی منەوە درامایەکی تەواوە. سڤێن نیکڤسیت و من ئەزموونی زۆرمان لە ڕووناکیسازی گرتەی نزیکی ڕوخساری مرۆڤدا هەیە. ڕەنگبێ ئەگەر ئەو فیلمە خەونینەیەم دروست بکەم، ئەوا ڕەش و سپیم لە ڕەنگاوڕەنگ پی باشترە. لەبەرئەوەی ڕەنگ هەرگیز ڕەسەن و ڕاستەقینە نییە. ڕەنگە سەیر بێت، بەڵام ڕەش و سپی ڕەسەنترن. چونکە بە وێنەیەکی ڕەش و سپی، خەیاڵتان جیلوەیەکی ڕاستەقینە و ڕەسەن لە خۆ دەگرێ.

“لە ژیانی بووکەڵەیەکی شانۆی سێبەرەوە م بە ڕەش و سپی دروست کرد. یەکەمین فیلمی ڕەش و سپی لە دە ساڵی ڕابوردوودا. ئێمە بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ دەستمان پێ کرد، پاشان وێنە ڕەش و سپی دەبێ و لە کۆتاییشدا دووبارە دوو سێ دەقیقەیەک ڕەنگاوڕەنگ دەبێت. ڕەنگە هەڵە بم، بەڵام لە لای من سەرنجڕاکێشترین ڕەگەزی وێنەگرتن وێنەی ڕوخساری مرۆڤە. ئەدی وا نییە؟ تۆ دەتوانیت بە کامێرا بۆ ناو لەشی کەنگەرێک بڕۆی، بەڵام ڕوخساری مرۆڤ سەرنجڕاکێشییەکی زیاتری هەیە.”

بێرگمان مۆڵەت نادات فۆتۆگرافەرێکی پیشەیی بۆ دوورگەکە بێت و وێنەی ڕوخساری بگرێ. بەڵام کاتێ داوام لە خۆی و هاوژینەکەی کرد بەرامبەر من، واتە فۆتۆگرافەرێکی ئەماتۆر دانیشن وێنەیان بگرم، بە خۆشحاڵییەوە قاییل بوون. کاتێک کە بە لینزی کامێراکەوە خەریک بووم، دەڵێم ئای خۆزیا سڤێن نیکڤیست لێرە دەبوو.

بێرگمان پێدەکەنێ. “ئۆهۆ نا. ئەو فۆتۆگرافەرێکی زۆر خەراپە. تۆ تا فۆتۆ کەسەکییەکانی نەبینیت قەت ناتوانیت مەزەندە بکەیت کە ئەو چ فۆتۆگرافەرێکی خەراپە.”

                                      ********

سەرچاوە:

                  گفتوگو با برگمان، رافائل شارگل، ترجمە آرمان صالحی، چاپ اول ١٣٩٤. 

    * شانۆنامە بەنێوبانگەکەی چیخۆف، کە ساڵی ١٩٠٠ نووسراوە و ساڵی ١٩٠١ نمایش کراوە. (وەرگێڕ)

Leave a comment