شیعر: پێشەوا کاکەیی
من نا،
من ئا
ئەوە دەنووسمەوە
کە زەوین و ئاسمان پێم دەبێژن
بە دەفتەری با و
بە قەڵەمی هەور بنووسم.
خۆڵ ببارێ و نەبارێ
دێ و دێ و دـــــــــــــــ ـــــــــــــــــێ! ئێ ئێ؟
کوێراییت دایێ! چاوت نابینێ؟
هەوا پێمان دهڵێ:
ئەی خۆڵ! بارین بەسەر زەوینەوە
ئاسمان چاوی ڕەشکەوپێشکه دهكا.
*
دهمێكه دەیانەوێت زەوین به جێ بێڵین
بێڵە کێ دەچێتە هەسارەی مەریخ
کە ئێرەشیان بە ڕەنگی ئەو کردبێ؟!
٭
لەو هەوایە
هەوا حاڵ گرتوویەتی و زەوین کەللـەی شڵهقاوه،
کاتێک وە ئاگا دێتەوە،
باران و بەفر و تەرزەی بیر چووەتەوە.
ڕەنگە و ڕەنگیش نییە،
سپی، دەبێتە شیعرێکی کۆنی ناو بەفر تا باوی نەمێنێ!
لافاو، دەبێتە پەخشانێک بۆ ساڵنامە و
جووتیارەکان لە کێڵگەی خۆیاندا دەیخوێننەوە.
تەرزە، کەمتر لە جاران جامی تڕۆمبێل دەشکێنێ،
خۆڵ خۆی دێ، خۆی لە جام هەڵدهسوێ،
تا نرخی فڵچە گرانتر نەبێ
مرۆڤ لە کەللەپووتيی خۆی ناگات،
ئەوسا کەللەی بە دیواردا دەکێشێ.
٭
کەس تاقەتی شۆڕشی نەماوە
ئەوەتا شۆڕش لە هەوادا دەکرێ،
شۆڕشی پڕتەقاڵی
ڕەنگی سوور ههڵدەگهڕێ.
*
تەپوتۆز
بنەپێی قڵیشابوو،
حەزی لێ بوو هەر لە بیاباندا بمێنێتەوە،
خۆی پێستی خۆيی دەخوراند و
هەر خۆیشی خۆى بە با دەشۆرد
بێ ئەوەی شارەکان چاویان لێ بێ!
بە زۆر پیلیان ڕاکێشا و
هێنایانە شارەوە،
ئێستايش لە هەر قوژبنێکدا بیەوێ،
نیشتەجێ دەبێ.
مرۆڤیش سەرگەردان خۆی دەکات بە بیاباندا!
دەڵێت وەک هەوا و ئاو چڕیم هەیە،
دادەبارێم و بوونم هەیە.
*
خۆی دەکات بە باغەکاندا
چاوی باغەوان کوێر دەبێ
کە دەبینێ گوڵ ناپشکوێ و لە بار دەچێ!
گوڵەگەنم کۆكه دەیگرێ،
دەڵێ پێویست بە خەونلێکدانەوە ناکات
گەر وا بڕوا
هەموو ساڵێ قاتوقڕی تەنگتان پێ هەڵدەچنێ.
گیا خۆيی بیر دەچێتەوە،
سەر دەکات بە نەخۆشخانەکاندا
تا پشکێكى پێ بدرێ و
پارەکەيشی بۆ گیرفانی پزیشکى سەرمایەدار بچێ!
*
شەوان پەنجەرە بە ڕووی ئاسماندا ناکەینەوە،
بۆتە هەواری خۆڵ!
ئەستێرە چاوی کوێر و
مانگیش لە تەپوتۆزدا خنکاوە.
*
هەموو مانگێک خشتەیەک بڵاو دەکەینەوە،
خشتەی مووچە و
خشتەی بارانبارین و
خشتەی مردن و
خشتەی خواردن و
خشتەی کوشتارى جەنگ و
خشتەی کەشتیناردن بۆ ئاسمان،
ئیدی هەرچی خۆڵیشە
خشتەی خۆی ڕادەگەیهنێ
تا هەموو مانگێک ناوی لە ئاسماندا هەبێ.
مایيسی ٢٠٢٢