پێش چەند ڕۆژێک سەردانی گۆڕستانم کرد

شیعر: مەیسەم عەبدولجبار

وەرگێڕانی: ئەژین باجەڵان

پێش چەند ڕۆژێک زەنگم بۆ باوکم لێدا 

جیاواز لە هەموو جارێک فۆنەکەی داخرابوو!

بیرمهاتەوە، پێش چەند ساڵێک

خەوێکی قووڵی لێ کەوت و ژیانی خۆی داخست.

پێش چەند ڕۆژێک سەردانی گۆڕستانم کرد 

باوکم وەکو هەموو جارێک، بە بێدەنگی دانیشتبوو جگەرەی دەکێشا

دایکیشم بەهێمنی ژنە کۆنەکان خەریکی چا لێنانبوو، 

نزیکی هەردووکیان گۆڕێکی تازە هەڵکەنرابوو، هیچ ناوێکی لەسەر نەبوو

(وا دەچێت هی تۆ بێت) گوێم لە فریشتەکان بوو دەیانچپاند

خەریکی داگرتنی تەرمێکی نوێ بوون بۆ گۆڕێکی بەکارهاتوو! 

گوێم پێیان نەدا.

گۆڕەکەم، وەکو چۆن خەیاڵم دەکرد، ئەفسووناوی نەبوو

بە دەنگی شاعیرەکان نە ڕازانرابوویەوە

هەروەها کێلێکی لەسەر نەبوو ناوی من هەڵگرێت و

لەسەری بنووسرێت: لێرە فڵانە شاعیر نێژراوە! 

ئەمانە هیچیان گرنگ نین،

ئەوانەی دێن بۆ قەبرستان 

بەزۆری بەخێرایی دێنە ژوورەوە 

ئەملا و ئەولا دەکەن نەوەکو مردن بەرەوە چاڵێکی قووڵیان ڕابکێشێت

زۆرجار خەڵک بە ترس و لەرزەوە دەچنە گۆڕستان

کە دێنە دەرەوەش وەکو وا بێت لە دۆزەخ هاتبێتنە دەرەوە

بێ ئەوەی بۆ دواوە ئاوڕ بدەنەوە دەڕۆن

لەوەبچێت هەزاران هاوار لە دواوەیان هەبێت بە زاری کراوەوە

دەترسن ئەو هاوارەیان بەربکەوێت 

ناگەڕێنەوە.

Leave a comment