نووسینی: ڕێژوان تەها
وەک بزووتنەوەیەک، هونەری دادا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا یەکێک بوو لەبزوتنەوە هونەریی و بە وتەی خۆیان شۆڕشگێڕییەکان. سەرەتا لەلایەن گرووپێک لە مۆدێرنیستە ئاڤانگاردەکانەوە avant-garde (پێشەنگ)، لە پێشەکی یەکەمین جەنگی جیهانیدا بیری لێکرایەوە، بەڵام لە دوای ئەو جەنگە بە تەواوی وەرگیرا و کاری لەناودا کرا. کە سوودیان لە چەند ڕەوت و بزوتنەوەیەکی هونەری وەرگرت کە لە ئەوروپادا هەبوون لەوانە: کوبیيزم و ئێکسپرێشینیيزم Cubism and Expressionism.
زاراوەی دادا Dada: هەندێک ناکۆکی لەسەر سەرچاوەی زاراوەی دادا هەیە، بەڵام زۆرێک لە مێژوونووسانی هونەر دەيگەڕێننەوە بۆ شەوێک لە کابارە ڤۆڵتێر Cabaret Voltaire [یانەیەکی شەوانەی هونەریی بوو.] هونەرمەند ڕیچارد هولسنبێک Richard Huelsenbeck و نووسەر هوگۆ بۆڵ Hugo Ball لە فەرهەنگێکی فەرەنسی-ئەڵمانیدا, بە هەڕەمەکی پەڕەیەکیان هەڵدایەوە و ووشەی ‘دادا’یان هەڵبژارد، کە بە ڕۆمانی بە واتای: بەڵێ-بەڵێ و بە فەرەنسی ئەسپی لەرزین rocking horse یان ئەسپی خولیا hobby horseدێت. ئەوان پێیان خۆش بوو کە وەک وشەیەکی بێمانا دەنگ بداتەوە ، وە بۆ وەسفکردنی ئەو جۆرە هونەرە بێمانایە دایاننا کە ئەوان و هاوچەرخەکانیان وەک: تریستان تزارا Tristan Tzara ، ژان ئارپ Jean Arp و مارسێل یانکۆ Marcel Jancoلەو کاتەدا دروستیان دەکرد.
لە یەکەمین جەنگی جیهانیدا ١٩١٤- ١٩١٨، بێشومار هونەرمەند و نووسەر و رۆشنبیران کە دژایەتی ئەو جەنگەیان دەکرد، پەنایان بۆ وڵاتی سویسرا برد. بە تایبەتی شاری زیوریخ ,zurich کە ناوەند و پەنایەک بوو بۆ خەڵکی دەربەدەر و ئاوارە؛ و لێرەدا بوو کە هوگۆ بۆڵ و ئیمی هێمینگز لە ٥ی شوباتی ١٩١٦دا کابارێ ڤۆڵتێریان دروستکرد بەمەبەستی هونەریی و سیاسیی، کابارە شوێنێکی کۆبوونەوە بوو بۆ هونەرمەندەکانی ئاڤانگاردی توندڕەو. لە نێوان یانەیەکی شەوانە و ناوەندێکی هونەریدا، هونەرمەندان دەیانتوانی کارەکانیان لەوێ لە نێوان شیعر و مۆسیقا و سەمای پێشکەوتوودا نمایش بکەن. هانس (جان) ئارپ، تریستان تزارا، مارسێل یانکۆ و ڕیچارد هولسنبێک, لە بەشداربووانی سەرەتایی کابارە ڤۆڵتێر بوون. لەگەڵ پەرەسەندنی جەنگدا، هونەر و نمایشەکانیان تا دەهات ئەزموونی و ناڕازی و ئەنارکی(ئەنارشیزم) زیاتر دەبوون. پێکەوە لە ژێر هاواری شەڕی دادا ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرانبەر بە بێمانایی و ترسناکییەکانی شەڕ.
بنەمای سەرەکی پشت بزووتنەوەی هونەری دادا وەڵامێک بوو بۆ سەردەمی مۆدێرن. هونەرمەندان لە سەرەتای دەیەکانی سەدەی ڕابردوودا بە کاردانەوەیان لە دژی سەرهەڵدانی کولتووری سەرمایەداری و شەڕ و تێکچوونی هاوکاتی هونەر، دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای هونەرێکی نوێدا، یان “دژە هونەرێک”، وەک ئەوەی مارسێل دوشامپ Marcel Duchamp باسی دەکات. ئەوان دەیانویست بیر لە پێناسەی هونەر بکەنەوە و لەدوی جۆرێکی دیکە له هونەر بوون.
فۆرمێکی هونەری لای ئەوان جۆرە فۆرمێک بوو کە بە نوکتە و وەرچەرخانی زیرەک پشتگیری دەکرا، بەڵام لە بنچینەدا، دادایستەکان پرسیارێکی زۆر جدییان دەکرد سەبارەت بە ڕۆڵی هونەر لە سەردەمی مۆدێرندا. ئەم پرسیارە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە هونەری دادا – تا ساڵی ١٩١٥، بیرۆکە و ئایدیاڵەکانی لەلایەن هونەرمەندان لە نیویۆرک و پاریس و ئەودیوەوە وەردەگیران و جیهان زیاتر نوقم دەبوو لە دڕندەییەکانی یەکەمین جەنگی جیهانیدا.
یەکێک لە فۆرمەکانی ئایکۆنی کە لە نێوان ئەم گەشەسەندنەدا لە دەربڕینی دادایيزمدا سەریهەڵدا، فۆرمێکی ئامادە بوو، کە فۆرمێکی پەیکەرسازی بوو کە لەلایەن مارسێل دوشامپەوە تەواو بوو. ئەمانە کارگەلێک بوون کە دوشامپ شتە دۆزراوەکان یان دروستکراوەکانی کارگەیی دووبارە بەکارهێنایەوە و بەکاری هونەری دادەنا. بۆ نموونە لە Advance a Broken Arm (١٩٦٤)دا، بریتی بوو لە دانانى خاکەنازی بەفری لە گەلەرییەکدا.
فۆونتەین (1917)، کە دەتوانین بڵێین ناسراوترین کاری دوشامپە، تەوالێتێکی سیرامیکییە[تەوالێتی میزکردن بە پێوە.] دوشامپ بە دەرهێنانی ئەم شتانە لە فەزای کارایی مەبەستداریان و بەرزکردنەوەیان بۆ ئاستی “هونەر”، گاڵتەی بە دامەزراوەی هونەری دەکرد؛ لە هەمان کاتدا داوای لە بینەر کرد کە بە جددی بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن ئێمە هونەر دەکەین و چەند نوێگەرین.
ژان ئارپ Jean Arp – پەیکەرتاشێک کە پێشەنگی دادایزم بوو – لە هونەری کۆلاج collage و له توانای هەڕەمەکی له دروستکردنیدا کۆڵیوەتەوە.
هەروەها مان ڕەی Man Ray یاری بە هونەرەکانی فۆتۆگرافی و ئەیربروش Airbrush دەکرد. جیا لەم کارە هونەرییانە، دادایستەکان لێکۆڵینەوەیان لە هونەرە ئەدەبی و نمایشییەکان دەکرد.
بۆ نموونە هوگۆ بۆڵ ئەو پیاوەی کە لە ساڵی ١٩١٦دا مانیفێستی یەکگرتووی دادایزمی نووسیوە، لێکۆڵینەوەی لە ڕزگارکردنی و ئازادکردنی نووسراو کردووە. بە ئازادکردنی دەق لە سنووردارکردنی ئاسایی لاپەڕەیەکی بڵاوکراوە.
نمونەیەک لە دیارترین کار و بەرهەمەکانی ئەم ڕەوت و ڕێبازە هونەرییە:-
1- کانیاوی مارسێل دوشامپ (١٩١٧) _ Marcel Duchamp’s Fountain
لە ساڵی ١٩١٧ مارسێل دوشامپ تەوالێتێکی پلاستیکی پێشکەش بە کۆمەڵەی هونەرمەندانی سەربەخۆ کرد. زۆربەی کۆمەڵگە ڕەتیکردەوە چونکە پێیانوابوو ناتوانرێت بە بەرهەمێکی هونەری هەژمار بکرێت. ئەم کارە پرسیاری بێشومار و گرنگی وروژاند سەبارەت بەوەی چی شتێک بابەتێک دەکات بە هونەر؟ چی هونەرە؟ چی هونەر نییە؟ و ئەم کارەی بە هێمایەکی سەرەکی لە هونەری سەدەی بیستەمدا دادەنرێت.
2- چەرخی پاسکیلەکەی مارسێل دوشامپ (١٩١٣) _ Marcel Duchamp’s Bicycle Wheel
مارسێل دوشامپ سەبارەت بە کارە دیارەکەی بەناوی Bicycle Wheel دەڵێت: “لە ساڵی 1913 بیرۆکەی ئەوەم هەبوو کە تایەی پاسکیلێک بە کورسی چێشتخانەیەکەوە ببەستمەوە و سەیری سوڕانەوەی بکەم”. ئەم کارە یەکەم کاری هونەری دوشامپە.
3- کەمانچەی – ئینگرێسی مان ڕەی (١٩٢٤) _ Man Ray’s Ingres’s Violinوێنەیەکی ڕەش و سپییە کە لەلایەن هونەرمەندی ئەمریکی مان ڕەی دروستکراوە، یەکێکە لە وێنە ناسراوەکانی وێنەگرتنی سوریالیستی. وێنەکە بۆ یەکەمجار لە گۆڤاری سوریالیست لە مانگی حوزەیرانی ١٩٢٤ بڵاوکرایەوە. ئافرەتێک بە پشتا دانیشتووە و تا خوار کەمەری ڕووتە، لەسەر پشتی دوو پیتی f بەپێچەوانەی یەکترەوە کێشراوە؛ تا لە ئامێری ڤایۆلین بچێت.
4- شیعری دەنگی هوگۆ بۆڵ – کاروانێ (١٩١٦) _ Hugo Ball’s Sound Poem Karawane
دامەزرێنەری کابارە ڤۆڵتێر و نووسەری یەکەم مانیفێستی دادایست لە ساڵی ١٩١٦، زۆربەی کارەکانی لە ژانری شیعری دەنگیدا بووە. هەمان ساڵ کە یەکەم مانیفێستی دادایستی بڵاوکردەوە، باڵ شیعری دەنگی کاروانێی پێشکەش کرد، کە ئەمەی خوارەوە بوو:
jolifanto bambla o falli bambla
großiga m’pfa habla horem
تەواوی شیعرەکە هەمان شت بوو. هەرچەندە دەتوانرێت شیعرەکە لەگەڵ قسەی هەڕەمەکی و شێتانە تێکەڵ بکرێت، بەڵام بیرۆکەکە ئەوە بوو کە دەنگ و دەنگدانەوەکانی مرۆڤ بهێننە پێشەوە بە لابردنی هەموو شتێکی تر.
5- سەری میکانیکی ڕائول هاوسمان (ڕۆحی سەردەمی ئێمە) (١٩٢٠) _ Raoul Hausmann’s Mechanical Head The Spirit of our Time
ڕائول هاوسمان پێیوابوو کۆمەڵگەی ئەڵمانیا ڕۆحی مرۆیی لەدەستداوە، پێدەچێت لە ئەنجامی بارودۆخی ئەو وڵاتە بێت لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانی، وڵاتەکە دوای دۆڕاندنی جەنگەکە وێران بوو. زۆرێک لە ئەڵمانییەکان لە جەنگەکەدا گیانیان لەدەستدا و زۆرێک پەککەوتە یان بریندار بوون. لەبەر ئەوەی زۆربەی شەڕەکان لە ئەڵمانیا ڕوویدا، زۆربەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە بە چاوی خۆیان مردنیان بینیبوو. جەنگ ڕۆح و عەقڵی لە گەلی ئەڵمانیا سەندبۆوە. ئەم بەرهەمە ڕەخنەیەک بوو لەو کۆمەڵگایەی کە بە دڵەوە بەرەو شەڕ ڕۆشت بەڵام بە دڵشکاوی گەڕایەوە. هاوسمان خەریکی وێناکردنی ئەم دۆخە خەمۆکە بوو.
ئەم کارە هونەرییە، میتافۆرێکە بۆ کۆمەڵگایەک کە شتە عەقڵی و شتە تایبەتەکانی لەدەست دەدات. ناتوانێت هەست دەرببڕێت یان وەک تاک بیر بکاتەوە. هاوسمان ویستویهتی هانی وڵات بدات بۆ بیركردنهوهی ئازادانه و خۆڕزگارکردن له كۆت و بهندی جیهانی ماددە.
سەرچاوە:-
– www.masterclass.com _ Dadaism Guide: Understanding the Elements of Dada Art.
– magazine.artland.com _ What is Dadaism, Dada Art, or a Dadaist?
– www.thoughtco.com _ What Is Dada Ar