[ چەند سەرنجێک دەربارەی فێستیڤاڵی کان ]

نووسینی: ڕەنج مستەفا

سانسۆر لە پێناسە گشتییەکەیدا، بریتییە لە سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین لە لایەن دەوڵەتێک یان دەسەڵاتێکی ئایینی یان کۆمەڵایەتی خێڵەکییەوە، کە زۆر جار پاش بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە یان پێش بڵاوکردنەوەی ڕوودەدات وەک ئەوەی کە پێش بەشداری کردنی لە کان بەرانبەر فیلمی “جاڵجاڵۆکەی پیرۆز کرا”
دیارە مێژووی هونەر بەگشتی و تا دەگاتە هاتنە ئارای سینەما، جۆرێک پێک پەیوەستی دانەبڕاویان لەگەڵ مێژووی سانسۆردا هەیە، تا ئەوەی لەترۆپکدا دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی سییەکان لای ستالین کە هەرشتێک لە دەرەوەی سیستمی سیاسی ئەوبوایە دەکرایە دەرەوە و لە ئێستاشدا سانسۆر لە نوێترین فۆڕمیدا بریتییە لە لیژنەیەک کە بڕیار دەدەن فیلمەکە دروست بکرێت یاخود نا، واتە بەر لەوەی بەرهەمە هونەرییەکە لە دایک ببێت، سەرکوت دەکرێت و ڕێگریی دەکرێت لە بەرهەمهێنانی.
وڵاتی فەڕەنسا کە خاوەندارێتی فێستیڤاڵی کان دەکات، دەتوانین بڵێین سەبارەت بە پرسی ئازادی تەواو سوود لەو کولتوورە وەردەگرێت کە فەیلەسووفەکانی لە سەدەکانی ڕابردوودا بانگەشەیان بۆ دەکرد و هێشتا پابەندن بەو وتە بەناوبانگەی ڤۆڵتێرەوە کە دەیگوت: من لەگەڵ قسەکانی تۆدا نیم، بەڵام تا مردن خەبات دەکەم بۆ ئەوەی مافی ئەوەت هەبێت بیڵێیت.
ئەمساڵ فەڕەنسا لە نوێترین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کاندا توانی جارێکی تر نوێنەرایەتی ئەم بۆچوونە بکاتەوە بە هێنانە پێشەوەی فیلمێکی دەرهێنەری ئێرانی “عەلی عەباس” کە لە نیشتیمانی خۆیدا ڕێگەیان پێنەدابوو بەرهەم بهێنرێت.
دەربارەی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵی کان:
شوێنی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە چەند ناوێک بکەین کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو وەک لیژنەی دادوەری ڤیستیڤاڵەکە.

Vincent Lindon
وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەران خاوەن ناوبانگێکی گرنگە لە فەرەنسادا، تەنانەت زۆربەی ڕۆژنامە بەناوبانگە فەرەنسییەکان ئەو وتارەیان بڵاوکردەوە ئەمساڵ پێشکەشی کرد لە فێستیڤاڵەکەدا وەک یەکێک لە گرنگترین و پێویستیترین و سەرنجڕاکێشترین ڕووداوەکانی نێو فێستیڤاڵەکە. ئەم ئەکتەرە بەناوبانگەی فەرەنسا ساڵی ٢٠٠٩ لە فیلمێکدا ڕۆڵ دەگێڕێت بەناوی weelcomme لە شاری کالێ، لە باکوری فەڕەنسا، فیلمەکە باس لە گەنجێکی کۆچەری کوردی بێ پاسپۆرت دەکات کە بە نیازە بچێتە ئینگلتەرا بۆ دۆزینەوەی خۆشەویستەکەی بە ناوی مینا. بۆیە بڕیاردەدات خولی مەلەکردن وەربگرێت بۆ ئەوەی سنوورە ئاوییەکانی نێوان فەڕەنسا و ئینگلتەڕا تێبپەڕێنێت دەچێتە مەلەوانگەی شارەوانی، لەوێ چاوی بە سیمۆن دەکەوێت کە پێشتر پاڵەوانی مەلەوانی فەرەنسا بووە و لە کۆمەڵەیەکدا کار دەکات بۆ یارمەتیدانی کۆچبەرانی بێ پاسپۆرت.

Ladjy Ly
لەدایکبووی مالی یە، ساڵی ٢٠١٩ توانی بەشداری فێستیڤاڵی کان بکات بە فیلمە بەناوبانگەگەی بەناوی Les Misérables، فیلمەکە توانی ببێتە براوەی خەڵاتی لیژنەی دادوەران کە بە یەکێک لە خەڵاتە گرنگەکانی فێستیڤاڵەکە دادەنرێت. لە فیلمەکەیدا کار لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەوکاتی فەڕەنسا دەکات کە بە ژیلێت ژوون ناسراون. فیلمەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێت لە فەڕەنسادا و ڕەخنەگران ستایشی دەکەن تەنانەت ڕۆژنامەی بەناوبانگ کاییە دوو سینەما بەرگی ژمارە ٧٦٠ تەرخان دەکات بۆ فیلمەکە.

دەربارەی “جاڵجاڵۆکەی پیرۆز”
عەلی عباس دەرهێنەری فیلمەکە، لە دایکبووی وڵاتی ئێرانە ، ساڵی ٢٠٠٢ لە وڵاتی سوێد نیشتەجێ دەبێت و تەلارسازی دەخوێنێت، دواتر دەچێتە وڵاتی دانیمارک و بەشی فیلمسازی دەخوێنێت، فیلمی Border دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ناساندنی ئەم دەرهێنەرە بە دنیای سینەمای ئەمڕۆ، فیلمەکە باس لە دوو کەسایەتی دەکات کە جیاوازن لەگەڵ ئەو ژینگە مرۆییەی تیایدا دەژین.
تینا، سیمایەکی جیاواز و هەستێکی بۆنکردنی ناوازەی هەیە کە یارمەتییەکی زۆری دەدات لە کارەکەیدا وەک ئەفسەری گومرگ. تەنانەت هەست بە هەستەکانی وەک شەرمەزاری، تاوانباری دەکات. ڕۆژێک پیاوێکی بەقەد ئەو نامۆ و گوماناوی بە ناوی ڤۆرێ لە گومرگەکە بەلایدا تێدەپەڕێت. ئەو دەزانێت کە ڤۆرێ نهێنییەک دەشارێتەوە، بەڵام تەنانەت هێزە تایبەتەکانیشی ڕێگەی پێنادەن نهێنییەکەی پێشبینی بکات.
ئەمساڵ عەلی عباس دەبێتە دەرهێنەری فیلمی جاڵجاڵۆکەی پیرۆز، لە هەنگاوە سەرەتاییەکانیدا دەیەوێت فیلمەکە لە وڵاتی ئێران کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجام بدات، سیناریۆکەی دەنێرێت و چاوەڕێی وەڵامی دەبێت، پاش ماوەیەک نە بە بەڵێ نە بە نەخێر هیچ وەڵامێک وەرناگرێت، دووبارە داواکاری پێشکەش دەکاتەوە، حکوومەتی ئێران لە وەڵامدا پێی دەڵێن؛ وەرە و چایەکمان لەگەڵدا بخۆرەوە. دوای ئەمە عەلی عەباس بڕیاری وێنەگرتنی فیلمەکەی دەدات لە وڵاتی ئەردەن و لەو بارەیەوە دەڵێت: دەمەوێت فیلمەکەم بە شێوازی خۆم دروست بکەم.
بۆیە فیلمەکەی دروست دەکات و دواتر فیلمەکەی دەبێتە یەکێک لە بەشداربووانی فێستیڤاڵی جیهانیی کان و پاش بەشداریپێکردنی لە فێستیڤاڵی کان ڕاستەوخۆ وەزیری ڕۆشنبیریی ئێران محەمەد مەهدی ئیسماعیلی لە لێدوانێکیدا دەڵێت؛ ئێمە بە فەرمی ناڕەزایەتیمان گەیاندووەتە حکوومەتی فەڕەنسا، هەڵبژاردنی ئەم فیلمە بە تەواوی سیاسییە و ئامانج لێی نیشاندانی وێنەیەکی خراپی ئێرانە.
هەر پاش ئەم لێدوانە، دەزگای سینەمای ئێران، دەربارەی فیلمەکە و دەرهێنەرەکەی دەڵێت؛ وێنەیەکی شێواوی کۆمەڵگەی ئێران نیشان دەدات و سووکایەتی بە بیروباوەڕی شیعەکان دەکات، فیلمەکە خاوەنی هەمان ئەو ڕێچکەیەیە کە سەلمان ڕوشدی نووسەری ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەکان پیادەی کردووە.

Leave a comment