چاوپێکەوتن لەگەڵ ئێرینا سالینا؛ بەڵگەفیلمی "خوڕاو"

چاوپێکەوتن لەگەڵ ئێرینا سالینا، سەبارەت بە بەڵگەفیلمی (خوڕاو: لەبەر خۆشەویستی ئاو)

وەرگێڕان: دەوران مەحموود

کورتە: بەڵگەفیلمی خەڵاتبەرەوەی ئێرینا سالینا، لەو چییە دەکۆڵێتەوە کە شارەزایان بە گرنگترین ئاریشەی ڕامیاری و ژینگەیی سەدەی ٢١هەم دەستنیشانی دەکەن: قەیرانەکانی ئاوی جیهان. سالینا هەڵدەستێت بە ئاواکردنی کەیسێک لە دژی تایبەتاندنی1 گەشەسەندووی فەوتانی سەرچاوەی ئاوی سازگاری جیهان بە ئاوڕێکی چاونەترسانە لەسەر ڕامیاریی، پیسکردن، مافەکانی مرۆڤ، و سەرهەڵدانی زاڵدارێتیی یەکێتی بازرگانانی ئاوی جیهان. چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ زانایان و چالاکوانان، ژیرانە پەردە لەسەر قەیرانە کتوپڕ دەرکەوتووەکان لادەبەن، لە هەردوو پێودانگی جیهانیی و مرۆییدا. هەروەها فیلمەکە گەلێک گەندەڵیی حکومیی و ڕێکخراوەیی لە پەنا زەوتکردنی ئاودا دەردەخات، لە میانەی شەنوکەوی پرسیاری، ‘ئەرێ گەلۆ کەس دەتوانێت خاوەندارییەتیی ئاو بکات؟’
کۆمەڵەی نێونەتەوەیی بەڵگەفیلم: دەستپێک، چۆن بوو پێت نایە ناو پیشەی بەڵگەفیلمسازیی؟
ئێرینا سالینا: یەکەم هەنگاوی من لەناو ڕۆژنامەگەریی ڕادیۆدا بوو، پاشان شانۆ، هەنگین فیلم، تا ئەو دەمەی کە نیگارکێشێکی ئەمریکییم ناسی، کە لە گوندێکی دوورەدەستی مەکسیکۆ دەژیا، ژیانی ئەو خەمڵاندمی، هەر بۆیەش بڕیارمدا، بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی ئەو دروست بکەم. (چۆلەکەی تارمایی: ژیان و هونەری جودیت دایم. پاش ئەوە ئەوینم بۆ بەڵگەفیلمسازی دەمترەکی کرد.
ک. ن. ب.: چی هایرازداری کردیت (خوڕاو) ساز بکەیت؟
ئ. س.: کاتێک دەبیت بە باوان، ڕوانینت بۆ دنیا دەگۆڕێت و بەو هۆیەشەوەبوو کە دەستم کرد بەوەی بیربکەمەوە، ئێمە چ جۆرە ئایندەیەک دەژیاین لە پێناو نەوەکانی داهاتوودا. بەرە بەرە دەستم دایە کۆکردنەوەی ژمارەیەک پەڕاو سەبارەت بە ئاو، تاوەکوو هاوڕێیەکم لەبەرگیراوەیەکی (نەتەوەی)ی دایە دەستم؛ سەردێڕەکەی نووسرابوو، کێ خاوەنی ئاوە؟ ئایا ئاو دەبێت بە نەوتی سەدەی ٢١هەم؟ جا گوزەرەکە لێرەوە دەست پێ دەکات.
ک. ن. ب: ئەو ئاڵنگاریی و ئاستەنگییانە چی بوون لە دروستکردنی ئەم فیلمەدا و چۆن بەسەریاندا زاڵبووی؟
ئ. س.: پێموابوو گەورەترین ئاڵنگاریی ئارام گرتنبوو. دروسکردنی ئەم فیلمە نزیکەی پێنج ساڵی خایەند. لەگەڵ تیمێکی گچکەدا دەچووینە گەشتێک، چیرۆکەکان هەر خۆیان سەریان دەردەکرد، پەرۆشیی کۆمەڵەکە باڵای دەکرد، تاوەکوو پەیمان بەوە برد پارەمان بەشی ئەوە پێنەماوە بەردەوام بین و مانگەومانگ تێپەڕدەچوون بۆ ئەوەی بتوانین گەشت بکەینەوە. لە خاڵێکدا پارەکە ئەوەندە ترسانمدی کە خەریکبوو ناچار بم، بە تەنیا مل لێبنێم و هەر خۆم چارەی دەنگ و کامێرا بکەم. بە سەرێکی تریشدا، ئەوەی ناتکوژێت بەهێزترت دەکات. گەلێک شت فێربووم لەو دەماژۆیەدا و زۆر خەڵکی ناوازەم ناسین کە هانیان دام و هایرازیان پێدام کە بیدەمە دو.
ک. ن. ب.: بەڕێزت بیناییت چۆناهی گۆڕانکاریی بەسەردا هات بەسەر دەماژۆی خولەکانی پێش-بەرهەمهێنان، بەرهەمهێنان و پاش-بەرهەمهێناندا؟
ئ. س.: ڕاستییت دەوێت، سەرەتا هەر نەمدەزانی بە تەمای چیم و بەرەو کوێ دەڕۆم بۆ ئەو فیلمە. مژارێکی ئێجگار گەورە بوو. بەدواداچوونی زۆرم دەکرد، هەتا لەگەڵی دەڕۆیشتم پتر و پتر هۆشیارتر دەبوومەوە لەمەڕ ئاریشەکان. هەندێک چیرۆک پەلکێشی چیرۆکی دیکەیان دەکردم. پاش چەندین ساڵ، ئەو هەموو گەشت و گەڕانە، ئەو خەڵکانەی ڕووبەڕوویان دەبوومەوە لە میانەی ڕێگا و چیرۆکاندا، فووتەیج و زانیارییەکە لکێندرابوون بە سەدان شریتەوە لە ژوورێکی ئیدتدا. لەو بارەدا هەستم کرد دەبێت بەردەوامیی بەو دەماژۆیە بدەم، ئیدتەرەکە هەر بە ڕاستیی دەبوو گشتی هەڵبچنێت و لە مژارەکە تێبگات، بەڵام سوپاس، ئیدتەرەکەمان گەلێک ئارامگر و تێگەیشتوو بوو. ئیدتکردنی فیلمەکە ئاڵنگاریی بوو-نەک ئیدتکردنە خۆی، بەڵکوو دەرهێنانی چیرۆک و فووتەیج. دەبوو دەستبەرداری هەندێک لە بیرۆکە بنچینەییەکانم ببم، تاوەکوو فووتەیجەکە بگۆڕم بۆ بەڵگەفیلم. هەردەم دەمویست، کە کەمێک پتر هۆزانیی و گیانەکیی بێت، بەڵام دەبوو هەندێک قوربانیی بدەین، تاوەکوو ڕوانەر سەرنجی هەر لە سەر فیلمەکە بمێنێتەوە. ئەم فیلمە، زیاد لە هەر شتێک کە تا ئێستا ئەنجامم دابێت یان ئەنجامی بدەم، هەست ڕێبەریی کردم؛ کە شتێکە زۆر لە خۆم گەورەتر. ئەو هەستەم بۆ دروست بوو کە دەبێت بگوترێت و منیش سروش پێدراوەکە بووم.
ک. ن. ب.: وەک چۆن (خوڕاو)ت نمایش کرد—چ لە گەڕی میهرگانەکەدا، یان لە ژوورەکانی نمایش، یانیش لە ژوورەکانی تی ڤی-بەردەنگان چۆن کاردانەوەیەکیان هەبوو بۆ فیلمەکە؟ چی لە هەمووی زیاتر تۆی ئەنگاوت یان چاوەڕواننەکراو بوو بۆت سەبارەت بە کاردانەوەکانیان؟

ئ. س.: یەکەم نمایشی (خوڕاو) لە میهرگانی فیلمی سەندانس بەئەنجامگەیەندرا و کاردانەوەی بەردەنگان شپرزەیی بەسەردا زاڵ بوو. هەندێک خەڵکی گەلێک هەستناک بووبوون، ئامێزیان لێدەدام، سوپاسیان دەکردم و بەڵێنیان دەدامێ کە ئاوی دەبە نەخۆنەوە. ئەوانی دیکە سەراسیمە بووبوون بەو زانیارییانەی کە فیلمەکە دەیبەخشینەوە، زیاتریان دەویست. بەشێکی گرنگی فیلمەکە ئەوەیە کاردانەوەی بەردەنگان چ ئەرێنیی بووبن یان نەرێنیی؛ فیلمەکە ئەوانی دەوروژاند تا کاردانەوەیان هەبێت لە هەمبەر ئەوەی کە تەماشایان کرد، بەڵام بە لایەکی دیکەدا، مایەی تێگەیشتنە کاردانەوەیەکی وەها شپرزەت هەبێت، بە ڕەچاوکردنی ئەو هەیان (فاکت)ەی کە هەر مرۆڤێک ٧٠ لە سەدی لە ئاوە و ژیانمان بەندە بەوەوە. یەکێکی دیکە لە کاردانەوە چاوەڕواننەکراوەکان کە ڕوویدا لە کاتی پرسیار و وەڵامەکان لە پاش یەکێک لە نمایشەکانمان، کاتێک پیاوێکی کەشخەی قات-لەبەر هەستایە سەرپێ و دەستی بەرز کردەوە و گوتی: من زیاتر لە ١٠ ساڵ کارم کردووە لە نیویۆرک وەک بەڕێوبەری یەکێک لەو دوو کۆمپانیایانەی لە فیلمەکەتدا ئاماژەت پێداون. وچانی پێدا، ئیتر ئێمەش گشتمان تەنگاو بووین بەوەی کە دواتر دەبێت چی بڵێت. بەردەوامی پێدا، سوپاس بۆ دروستکردنی ئەم فیلمە چونکە ڕاستە؛ ئەوان گوێ نادەن بەوەی کە ئاو بە خەڵک بدەن. هەموو ئەوەی بە لایانەوە گرنگە نرخی پشکەکانیان و خواردنی گۆشتی برژاوە لە خوانی ئێوارەیاندا لەگەڵ بەرپرسە سەرمایەدارە گەندەڵەکانی نیویۆرکدا.
ک. ن. ب: چ بەڵگەفیلم یان بەڵگەفیلمسازێک وەک هایرازبەخش خزمەتیان بە تۆ کرد؟
ئ. س.: گەلێک بەڵگەفیلم هەن لە چەشنی جودا و شێوازی جودادا کە من حەزم لێیانە. لە ترۆپکی بیرمدا، شۆوهـ، هی کلاودێ لانزمان، فیلمێکی زۆر جەرگئێشێنە. شێوازە هۆزانییەکەی ئاگنێس ڤاردام خۆشدەوێت، بە تایبەتی لە (خاوێنکەران و من)دا و لەم دواییانەدا تەماشای فیلمێکم کرد، کە ڕانانی چاکی بەخۆوە نەدیبوو، بەڵام فیلمێک بوو بەڕاستیی بە دڵم بوو، بە ناونیشانی (س بۆ ساختەیە)2، هی ئۆرسن وێڵز. گەلێک زیاتری دیکە هەن.

ـ ڕاگوێستن بۆ کەرتی تایبەت لە لایەن حکومەتەوە.
2ـ F Is for Fake ئەمە ناوی فیلمەکەیە بە زمانی ئینگلیزی، بەڵام تاوەکوو بۆن و بەرامەی نەڕوات، کردوومە بە (س بۆ ساختەیە)، بە ڕووخسەتی ئۆرسن وێڵز.

Leave a comment