نووسینی: گۆران سەباح
ئەم تیۆرە ورد دەبێتەوە لە ئەزموون و پێوەندیی خوێنەر بە دەقێکی ئەدەبی. لە سی و چلەکان لەگەڵ لێشاوی ڕەخنەی نوێ بەدەر کەوت و لە حەفتاکان درەوشایەوە، بەتایبەتی لە ئەمریکا و ئەڵمانیا (لۆیس، ٢٠١٥).
ئەم تیۆریستانە دەستی باڵایان هەیە لەم قوتابخانە ڕەخنەییەدا: نۆرمان هۆلاند، ستێینلی فیش، لویس ڕۆزبلانت، وۆلفگانگ ئایسەر، هانس-ڕۆبەرت جۆس، رۆلان بارت، ئای ئەی ڕیچاردس و دێیڤد بلیچ. تیۆریستی نوێ، لۆیس تایسۆن، زێتر پەرەی پێ داوە.
تیۆرەکە فراوان و گشتگیرە، بەڵام مانای ئەوە نییە هەر کەس بە کەیفی خۆی شتێک لەسەر ڕۆمانێک بنووسێت و پێی وابێت ئەم تیۆرەی جێبەجێ کردووە. نا. داخی گرانم لەنێو کوردان وایە. لێرەوە دوو پێشنیاز دەکەم بۆ ئەوانەی لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا کار دەکەن: ١- یان واز بێنە؛ ٢- یانیش وەرە ئەم تیۆرانە بخوێنەوە، باش هەرسیان بکە، ئەوجە لەسەر دەقی ئەدەبی جێبەجێیان بکە. کاری ڕەخنەیی وا دەبینم بێزم دەبێتەوە.
تیۆرەکە “دەق چییە؟” و “دەق چی دەکات؟” لێک جیا ناکاتەوە. بە پێچەوانەی ڕەخنەگرە نوێیەکان، لێکیان جیا دەکەنەوە و زۆرجاریش لێیان دەبێتە کێشە (لۆیس، ٢٠١٥).
تیۆریستانی وەڵامی خوێنەر دوو باوەڕیان هەیە: ١- نابێت ڕۆڵی خوێنەر لە تێگەیشتنی ئەدەب فەرامۆش بکرێت. ٢- خوێنەر هۆشیارانە و چالاکانە مانا لە دەق هەڵدەهێنجێت (لۆیس، ٢٠١٨).
لە بیرمان نەچێت، هیچ دوو خوێنەرێک هەمان خوێندنەوەیان نییە بۆ دەقێک. بەپێی تیۆرەکە ئەم هۆیەلە کار لە وەڵامی خوێنەر دەکەن لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا: ئاستی ڕۆشنبیری، تەمەن، ئاستی زانیاری، ئەزموون، شوێن، چەشە، کەشوهەوا، کات و پاڵنەر (motive: مۆتیڤ(.
لۆیس تایسۆن (٢٠١٥) دەڵێت: تەنانەت دەکرێت خوێنەرێک دوو خوێندنەوەی جیای هەبێت بۆ هەمان دەق لە دوو کاتی جیاوازدا. ئەوە بەسەر خۆمدا هاتووە. کاتی خۆی یەکێک بووم لە شەیدایانی رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ی بەختیار عەلی، کەچی دوای چەند ساڵێک دووبارە خوێندمەوە، نەمتوانی تەواوی بکەم و فڕێم دا. ئەمڕۆ ڕۆمانێک دەخوێنییەوە زۆرت پێ جوانە، ڕەنگە دوو ساڵی تر بیخوێنییەوە هەمان خوێندنەوەت بۆی نەبێت. بۆ؟ هزر و زانیاری و تێڕوانین و ئەزموونت گۆڕاون.
مۆتیڤی خوێندنەوەی دەق گرنگە. بە چ چاوێک و بۆ چ مەبەستێک دەقەکە دەخوێنییەوە؟ بۆ مەبەستی چێژوەرگرتن؟ بۆ ڕەنگدانەوەی ئەزموونی خۆت؟ بۆ ڕاڤەکردنی توخمەکانی ڕۆمان وەک گرێ، کارەکتەر، کات و شوێن، تەکنیک؟ بۆ ڕاڤەکردنی تێما؟ لیستی مەبەستی خوێندنەوە بێژمارە.
لۆیس تایسۆن (٢٠١٥) ئەم تیۆرە ڕەخنەییە دابەش دەکات بەسەر پێنج بەشدا:
1. تیۆری مامەڵەی وەڵامی خوێنەر (Transactional reader-response theory)
2. کاریگەریی ستایل (Affective stylistics)
3. تیۆری سەبجێکتیڤی وەڵامی خوێنەر (Subjective reader-response theory)
4. تیۆری دەروونیی وەڵامی خوێنەر (Psychological reader-response theory)
5. تیۆری کۆمەڵایەتیی وەڵامی خوێنەر (Social reader-response theory)
وەک دەبینین تیۆرەکە فراوانە و چەندان وردە تیۆری لێ دەبێتەوە. با یەک بە یەک باسیان بکەین و تاقییان بکەینەوە لەسەر ڕۆمانی (فریشتەی دۆزەخ)ی ڕۆماننووس باهۆز مستەفا.
1- تیۆری مامەڵەی وەڵامی خوێنەر
لویس ڕۆزنبلات (Louise Rosenblatt) ئەم لکەی داهێناوە. لویس ئافرەتێکی ئەمریکییە، لە ٢٠٠٥ مرد.
ئەو نە خوێنەر نە دەق ڕەت دەکاتەوە. پێی وایە هۆردووکیان گرنگن بۆ بەرهەمهێنانی مانا. ئەم لکە تیۆرە ڕاڤەی مامەڵەی نێوان دەق و خوێنەر دەکات. چۆن ئەو مامەڵەیە ڕوو دەدات؟ کاتێ ڕۆمانێک دەخوێنیینەوە، پڕۆسەی خوێندنەوەکە جووڵێنەرە، خوێنەر بە شێوەی خۆی وەڵامی دەداتەوە. لە کاتی خوێندنەوەدا، هەستکردن، جووڵانی یادەوەری، وروژاندن و خۆدیتنەوە ڕوودەدەن (لویس، ٢٠٠٥). ئەمانە کاریگەرییان هەیە لە دروستکردنی مانا لای خوێنەرەکە. بێ لەمانە، شتەیلی تریش ڕۆڵ دەگێڕن: خوێندنەوەی دەقی پێشتر، ئاستی ئاگایی و زانیاریی خوێنەر، چەشەی خوێنەر، باری دەروونی و فیزیکیی خوێنەر. بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە، خوێنەر ڕەنگە چەند جارێک پەرەگرافێک، لاپەڕەێک، بەشێک، یان تەواوی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە. لویس ناو لەم پڕۆسەیە دەنێت: پڕۆسەی خۆڕاستکردنەوە. ئەم پڕۆسەیە مانای دەق لای خوێنەر کامل دەکات.
لویس باسی دوو جۆرە خوێندنەوە دەکات: ئیستاتیکی و ڕووکەش (Aesthetic and Efferent). خوێندنەوەی ڕووکەش تەنیا زانیاری و ڕووداو دەگرێتەوە. خوێندنەوەی ئیستاتیکی مانای پشتی زانیاری و ڕووداوەکانە.
بەپێی ئەم لکە تیۆرە، من وەک خوێنەرێک، ڕۆمانی فریشتەی دۆزەخ جووڵاندمی، ورووژاندمی، لە زۆر شوێن هەستم دەکرد خۆم پاڵەوانەکەم (هەڵۆ). کاتێ پاڵەوانەکە تۆڵە دەکاتەوە، بۆ من وای لێهاتبوو: بە دڵمە بە دەستم نییە. خودی ئەو جووڵاندن و هەستکردنە مانا بۆ دەقەکە دروست دەکات. واتە بەبێ کاردانەوەیلی خوێنەر، دەقەکە تەنگەنەفەسە، ناتەواوە، ماویەتی بگا.
زانیاری و ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە هێندە ڕوون و خێرا و ڕاستەوخۆن بوار بە خوێنەر نادەن بیر لە ئیستاتیکای دەقەکە بکاتەوە. ڕۆمانەکە، چەشنی فیلمێکی ئاکشن، وا لە خوێنەر دەکات تامەزرۆی ڕووداوی پاشتر بێت، بزانێت چی لێ دێتەوە. ئەمەش وا لە خوێنەر دەکات واز لە ڕۆمانەکە نەهێنێت هەتا تەواوی نەکات.
2- کاریگەریی ستایل
ئەم لکە تیۆرە دەڵێت؛ دەقێکی ئەدەبی لە کاتی خوێندنەوەدا لەدایک دەبێت. تا نەیخوێنییەوە، شتێک نییە وجودی هەبێت. دەقەکە ڕستە بە ڕستە، تەنانەت وشە بە وشە دێتە ڕاڤەکرن تا تێبگەین چۆن ستایل کاریگەریی هەیە لەسەر خوێنەر لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا (لۆیس، ٢٠١٥).
دەق مانای نییە بەبێ خوێنەر، بگرە ماناکەی بەندە بەو ئەنجامانەی خوێنەر پێیان دەگات. بێو باسی بنیادی دەقێک بکەین بەپێی ئەم تیۆرە، دەبێ بگەڕێینەوە سەر ئەو ئەنجامانەی خوێنەر هەڵیهێنجاون لە دوای خوێندنەوەی دەقەکە.
بۆ نموونە، با ڕاڤەیەکی ئەم پەرەگرافە بکەین لە ڕۆمانی (فریشتەی دۆزەخ)دا:
“خاتر مەسیح، خاتر محمد، چی دەوێ دەکەم بۆ تو، بە یەک تەلەفۆن تو دەکەم ساحب هەموو شت، خلاس وەعد لەگەڵ ژن قسە ناکەم هەموو حەیاتم، بەس عەفوو بکە، من گوو خوارد باشە، بەخوا ئەوانە منیان فێر شتی قۆڕکرد.” (لا ٩٥).
نووسەر لە ڕێی ئەم دیالۆگەوە زۆر شتمان پێ دەڵێت. بێ لە دانپیانان بە تاوانەکانیدا، بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە ئەو کەسە کوردییەکەی تەواو نییە. نووسەر پێویست ناکات ئاشکرای بکات، هەر لە شێوەی قسەکردنی، خوێنەر ئاست و باکگراوند و کەسایەتیی کارەکتەرەکەی بۆ ڕوون دەبێتەوە. خوێنەر تا ئەمە نەخوێنێتەوە ناگات بە ماناگەلی پشت پەرەگرافەکە. ئەمەیش کاریگەریی ستایلی نووسەرە، لە ڕێی دیالۆگ زۆر چت بۆ خوێنەر کەشف دەکات.
تیۆری سەبجێکتیڤی وەڵامی خوێنەری
دێیڤد بلیچ (١٩٧٨) دەڵێت: شتێک نییە بە ناوی دەقی ئەدەبی. بەپێی ئەم تیۆرە دەقی ئەدەبی بریتییە لە وەڵامی خوێنەر بۆ دەقەکە. واتە بێ خوێنەر دەقی ئەدەبیمان نییە. ئەو دەقەیشی ڕەخنەگرێک شی دەکاتەوە، وەڵامی خوێنەرە.
باشە مانای چییە کاتێک دێیڤد دەڵێت؛ بێ لێکدانەوەی مانای خوێنەر بۆ دەق، شتێک نییە بە ناوی دەقی ئەدەبی؟ بۆ وەڵامی ئەمە، دەبێت بزانین دەقی ئەدەبی لای دێیڤد چییە. لای دێیڤد دوو شت هەن: ئۆبجێکتی ڕاستی و ئۆبجێکتی سیمبولی. وشەی چاپکراو، کاغەز، بەرگ، ڕستە، پەرەگرافی ڕۆمانێک هەمووی ئۆبجێکتی ڕاستین. کاتێک خوێنەر ئەم ئۆبجێکتە ڕاستییە دەخوێنێتەوە، هەستکردن، جووڵانی یادەوەری و بیرهاتنەوەی ئەزموون ڕوو دەدەن، ئەمانە ئۆبجێکتی سیمبولین (دێیڤد، ١٩٧٨). کەواتە ڕەخنەگر بەپێی ئەم سیمبولانە شرۆڤەی ڕۆمانەکە دەکات، نەک بەپێی ئۆبجێکتی ڕاستی. هەر ئەنجامێک خوێنەر پێی بگات، ئەوە دەقی ئەدەبییە، واتە دەقی ئەدەبی وشەی چاپکراو نییە لەسەر کاغەز، ئەوەیە لە مێشکی خوێنەردا دروست دەبێت دوای خوێندنەوە.
فریشتەی دۆزەخ تژییە لە سیمبول. لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا، خوێنەر بەر سیمبولەکان دەکەوێت و هەوڵ دەدات لە زەینی خۆیدا مانایان بۆ پەیدا بکات. سیمبولەکان قووڵ و فرە واتەن. خوێنەر ئازادە لەوەی کام مانا بۆ سیمبولەکە لە زەینی خۆیدا یەکلایی دەکاتەوە. لەبەر هەندێ، ڕەنگە خوێندنەوەی من، تێگەیشتنی من بۆ ڕۆمانەکە لە خوێنەرێکی تر جیاواز بێت. خێزانی شەهید، کچە شەهید، بەرپرسی گەندەڵ و داوێنپیس، پەناهەندەیی، دادگە، تەکسی، ئەمانە چەند سیمبولێکن لەنێو دەقەکە واتەی قووڵیان هەیە وەک ئۆبجێکتی سیمبولی.
3- تیۆری دەروونیی وەڵامی خوێنەر
ڕەخنەگری دەروونشیکاریی، نۆرمان هۆلاند، پێی وایە مۆتیڤ (پاڵنەر)ی خوێنەر کاریگەری ئەوتۆی هەیە لەسەر چۆنێتیی خوێندنەوە. هۆلاند (١٩٧٥) دەڵێت؛ لێکدانەوەکانی خوێنەر بۆ دەقێک خودی خوێنەرەکە ئاشکرا دەکات، نەک دەقەکە. پێی وایە چۆن لایەنی دەروونیمان دەجووڵێ لە ژیانی ڕۆژانەماندا، ئاواش دەجووڵێ کاتێ دەخوێنینەوە. بۆ نموونە، باوکت هەردەم سەرخۆشە و چەندان جار لە دایکتی داوە. لە ژیانتدا ناتەوێ کەس بە هیچ شێوەیەک باسی باوکت بکات، چونکە پێی تێک دەچیت. لایەنی دەروونیت بە هەمان شێوە وەڵامی دەبێت بۆ کارەکتەرێکی نێو ڕۆمانێک کە هەمان سیفەتی باوکتی هەبێت.
خوێندنەوەی دەقێکی ئەدەبی لای خوێنەر بۆ پڕکردنەوەی پێویستی و ئارەزووە دەروونییەکانە (نۆرمان، ١٩٧٥). من دەڵێم؛ بۆ چاککردنەوە و لێکدانەوەی دەروونیی خوێنەرەکەشە. بۆ نموونە، بێو خوێنەرێک قوربانیی دەستی بەرپرسێکی گەندەڵ و داوێنپیس بێت، کاتێ فریشتەی دۆزەخ دەخوێنێتەوە خۆی دەبینێتەوە لە کارەکتەرەکاندا، ئەوانەی لەنێو ڕۆمانەکەدا دەستدرێژی سێکسییان دەکرێتە سەر، یان غەدریان لێ دەکرێت. مرۆڤی بەپێی ئەزموونی دەروونیی خۆی ڕاڤەی شتەکانی دەوروبەری دەکات. هەمان شتە لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانێکدا.
پڕۆسەی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی دەق لای نۆرمان سێ قۆناغە: مۆدی بەرگری، مۆدی خەیاڵ و مۆدی گۆڕان. با بێین ئەم سێ قۆناغە لەسەر ڕۆمانی فریشتەی دۆزەخدا تاقی بکەینەوە. پنتێکی سەرەکیی ڕۆمانەکە دادوەریییە. ئەوەی دەستدرێژی دەکاتە سەر ئافرەتێک، هێندە نابات، هەقی خۆی وەردەگرێتەوە. دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، خوێنەر تێر دەبێت لە دادوەری. خەنی دەبێت لە خۆشییان، وا دەزانێت کوردستان بووەتە دەوڵەت. مەست دەبێت بە لێهاتوویی و دادگەی پاڵەوانەکە، چۆن لە تاوانبارەکان وەژوور دەکەوێت و سزایان دەدات.
سیستمی دادوەری لە کوردستان کێشەی هەیە. کە خوێنەر ئەزموونی تۆڵەی پاڵەوانی نێو فریشتەی دۆزەخ دەکات، یەکسەر بەرگری لێ دەکات. دواتر خوێنەر خەیاڵی دەڕوات لەگەڵ ڕووداوەکان، وەک پێشتر باسم کرد، ئەم ڕۆمانە ڕووداو تێید زاڵە و خوێنەر لەگەڵ خۆی دەبات. دوای ئەمانە، دێ بە دوای گۆڕاندا دەگەڕێت لە ناخی کارەکتەرەکان و فەزای دوای تۆڵەکردنەوە. دەکرێ دوای ئەم ئەزموونەیلە، خوێنەر ئەم پرسیارە بکات، “بێو سیستمێک هەبێ لە کوردستان، بەم شێوەیە گەندەڵکاران و تاوانبار بنبڕ بکات، چەند پێش دەکەوین؟”
4- تیۆری کۆمەڵایەتیی وەڵامی خوێنەر
ستێینلی فیش (Stanley Fish) دەڵێ خوێندنەوەی خوێنەر بۆ دەق سەرچاوە ناگرێت لە خودی خوێنەر، بەڵکوو لەنێو ئەو کۆمەڵگەیە، ئەو ژینگەیە لێی دەژی. ئەو شتانەی وەریدەگرین لە ماڵەوە، لە برادەران، لە بازاڕ، لە میوانداری، لە قوتابخانە، زانکۆ، پەیمانگە، شوێنی کار، هتد، ئەمانە ڕۆڵیان هەیە لە پڕۆسەی خوێندنەوەی دەق. کۆمەڵ بڕیار دەدات نەک تاک (فیش، ١٩٦٧). کەواتە ئەمە پێچەوانەی تیۆری وەڵامی خوێنەری سەبجێکتیڤە کە تاک ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە پڕۆسەی خوێندنەوەدا.
کاتێک خوێنەر دەچێتە نێو پڕۆسەی خوێندنەوە، کۆمەڵێک شت لەگەڵ خۆیدا دەبات کە پێوەندییان بە خودی خۆی نا، بە دەوروبەرەکەیەوە هەیە. ئەو شتانە یارمەتی دەدەن لە تێگەیین لە ڕۆمانەکە. بۆ نموونە، خوێنەرێک دێ ڕۆمانی فریشتەی دۆزەخ دەخوێنێتەوە. لێکدانەوە و ڕاڤە و تێگەییشتنی لە ڕۆمانەکە دەوەستێتە سەر ئەوەی چی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە پڕۆسەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە. بێو خوێنەر تاوانی هاوشێوەی نێو ڕۆمانەکەی بیستبێت، یان بەسەر خۆیدا هاتبێت، باشتر لە ڕۆمانەکە تێدەگات و لێکدانەوەی قووڵتری بۆ دەبێت. بێو خوێنەرەکە لەسەر ئەو جۆرە بابەتانە چتی دیکەی خوێندبێتەوە، تێڕامانی لە ڕۆمانەکە قووڵتر دەبێت. کەواتە، خوێنەر دەتوانێت زۆر کۆدی نێو ئەم ڕۆمانە کەشف بکات بەپێی ئەو باکگراوندە مەعریفییەی لە هەناوی کۆمەڵگەوە کەڵەکەی کردووە. یەکێک لەو چتانەی زۆر سەرنجی من ڕادەکێشێت لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە پاڵەوانەکە شوفێری تەکسییە. شوفێرێکی تەکسی دێ هەقی داماو و غەدرلێکراوان وەردەگرێتەوە، کاری دادگە دەکات. ئەمەش پێچەوانەی ئەو وێنەیە کە کۆمەڵگە بەگشتی هەیەتی لەسەر شوفێری تەکسی. کۆمەڵگەی کوردی بە چاوێکی تر تەماشای شوفێری تەکسی دەکات، نەک وەک پاڵەوان.
بەپێی کارەکانی لۆیس تایسۆن (٢٠١٨) لەسەر تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر، دەکرێ ڕەخنەگر ئەم پرسیارانە بکات بۆ ڕانان و ڕاڤەکردنی دەقێک. ئەمانە هەندێ پرسیارن، ڕەخنەگر ئازادە و دەتوانێت دەیان پرسیاری لەم جۆرە بکات:
1. چۆن مامەڵەی نێوان دەق و خوێنەر مانا بەرهەم دێنێت؟ چۆن ناتەواویی دەق دەبێتە سەرچاوەی ڕاڤەکرن؟ (بۆ نموونە، چ ڕووداوێک، کارەکتەرێک، وەسفێک، هتد، حەقی خۆی پێ نەدراوە لە دەقەکەدا؟).
2. ڕاڤەی ڕستە بە ڕستە چیمان پێ دەڵێت لەبارەی ئەزموونی خوێندنەوەی دەق؟ جیاوازیی ڕاڤەی “دەق چی لە خوێنەر دەکات؟” و “دەق چی دەڵێت؟” چییە؟
3. تێمای شوناس چۆن دروست دەبێت لە پڕۆسەی خوێندنەوەی دەقێکدا؟
4. خوێندنەوەی خوێنەر بۆ دەقێک چییە، یان، خوێندنەوەی خوێنەر چیمان پێ دەڵێت لەسەر دەقێک؟
تکا لە ڕەخنەگرانی تر دەکەم، بێن یەکێ لەو پرسیارانە هەڵبژێرن و لەنێو فریشتەی دۆزەخدا وەڵامی بۆ بدۆزنەوە. ئاساییە، پرسیاری تریش بکەن، بێو لە هەناوی ئەم تیۆرەوە سەرچاوەی گرتبێت.
سەرچاوەکان
باهۆز مستەفا (٢٠٢١). فریشتەی دۆزەخ. هەولێر:کولتوور
Bleich, David. Subjective Criticism. Baltimore, MD: The John Hopkins University Press, 1978.
Fish, Stanley. Surprised by Sin: The Reader in Paradise Lost. New York:St. Martin’s, 1967.
Holland, Norman. Five readers reading. New Haven, CT: Yale, 1975.
Lois Tyson. Critical Theory today. New York: Rouledge, 2015, 2018.
Rosenblatt, Louise. Making Meaning with Texts: Selected Essays. Portsmouth, NH: Heinemann, 2005.