"چەقۆی ماتی زەمەن"

ئاسۆ سەڵاح

شەوە و تەنها ئەو ئەستێرانەی تکانەوە لەمە تێدەگەن؛

زەمەنێکی جێماو لە کوچە قەموورەکاندا

ڕێگایەکی کۆن کە ناچێتەوە سەر ‌هیچکوێ

زارێک کە تەنها لەگەڵ با دەپەیڤێت

دووپێ کە بەسەر زەوییەوە مەییون.

سێبەری مەلێک لەژێر پێستی هەر ئاسمانێکدا

ترس لەم بێدەنگییە تۆقێنەرانە دەگوشێت و دەیانژەنێت

تا بتوانین بێ هۆ بڕۆین و بڕوێین و بزێین

وەک گیایەک کە دەزێ و نازانێت بۆ ڕواوە.

بەفر لە سەروو ئەژنۆوە باریبوو

جگەرەکە ڕۆچوبوو بە ئەژنۆمدا

هەموو شتێک لە جاران تاریکتر بوو

پوتەکانت خرمە خرمیان لە بەفری سەر کۆڵانەکە دەهێنا و

من لە ژوورەکەدا یادەوەریم دەترووکاند و

کەوتمەوە ناو وێنەی خوساوی ئەو شەوەی؛
بۆ یەکەمجار لەژێر پاڵتۆ مێوژیەکەتدا شەرابمان خواردەوە و

قاقاکانمان وەک نەیزەک لە کێوەکانەوە بەردەبوونەوە،

تارمایی ئەو شەوانەی لەبیرمکردن لە لێواری
خەیاڵدانمەوە دزە دەکەنە ساتی ئێستاوە و دەیئاوسێنن

دەڕۆن و دەبنە هەسارەیەکی زڕ و شینەوەبوو لە بنمیچی جێخەوەکەمدا

هەموو ئەو ساتانە دەبنەوە بە خەون و دیسان لە لێواری هیچدا بەردەبنەوە.

پێش ئەوەی یادەوەریم وەهمی ئەو ساڵانەی بیربێتەوە

بە خێرایی هەزاران مەل دەڕۆم

ڕووەو کوێ؟ نازانم!

تەنها ئەوە دەزانم کە ڕۆشتن؛

ڕاپسکانە لە چەقۆی ماتی زەمەن

ڕاوەشاندنی یەکەم شمشێرە بەڕووی مەرگدا

چیتر بەهار لێرەوە ناڕوات و

هیچ پەنجەرەیەک فڕین ناناسێت،

ئەم بیابانە جێدەهێڵم بۆ حەقیقەتی باران

ئەم خەزێنە بێخاوەنە دەسپێرم بە تەنهایی

ڕووەو جەنگێک دەڕۆم کە خەونی منداڵانەمی دزی

ئەی شەو کۆتا ئێسکی خۆت ببارێنە بەسەر ئەم حیکایەتە نەزۆکانەدا

تا چیتر خەون بەدەلاقەیەکی نەبووەوە نەبینین ڕووەو مەحاڵ.

Related Posts

Leave a comment