[ ناساندنێک بۆ فیلمی(midsommar) ]

نووسینی: ژیلوان مەریەما

سینۆپسس: چلەی هاوینە و کۆمەڵێک گەنج بڕیاری گەشتێک دەدەن، بۆ سوید. لەسەر بانگهێشتی یەکێک لەهاوڕێکانیان(پیڵ). بەشداری جەژنێک دەکەن نەوەد ساڵە نەکراوە. نیوەخۆرێک، وەک دەروازەی گوندەکە خۆی نمایش دەکات. لە ناوەڕاستی گوندەکەش سەکۆیەک بە خۆرێکی پڕ نەخشێندراوە.

بەریەککەوتنی مرۆڤی نوێ، لەگەڵ ئایینێکی داخراو، چەقی تێگەشتنە لەفیلمەکە، ئایینێک کە ناوەرۆکی کتێبەکەیان تەنها چەند کەسێک دەیزانن!
لەسەرتاوە ئاهەنگەکە دەبێتەی جێی سەرسامیی بۆ گەشتیاران، دوو لە قوتابییان بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن، ئاهەنگەکە بکەن بە بابەت بۆ توێژینەوەکەیان. لێکۆڵینەوە لە ئایینی کۆمیونەکە، سەرەتا، توێژینەوەکە بە تەنگەژەی ڕێگەدان و ڕێگەنەدان دەست پێ دەکات، بەتایبەت ژووری پەڕتووکی پیرۆز، کەس بۆی نەبوو بچێتە ژوورەوە.

ڕووداوە سەیر و سەمەرەکان، وردە وردە دەستییان پێ دەکرد. سەیرترینیان خۆخستنە خوارەوەبوو لەسەر چیایەک بەهۆی هاتنی پیرییەوە. کۆمیونەکە بەشێوەیەک ڕێکخرابوو کە تەمەنی منداڵیی و هەرزەکاری بەیەکەوە دەژیان 0-18 و گەنجان بە تەنیا 18- 36 و نێوان گەنجی و پیرییش بە تەنیا 36-54 و ئەوانیتر دەبوون بە مامۆستا و ئامۆژگاریکار 54-72، لەکۆتاییدا (هەردەبێ بمری لە تەمەنی 72 ساڵیدا)دیاری کرابوو، گەر نەشمردبان تا ئەو تەمەنە، لە پڕۆسەیەکدا خۆیان دەکوشت، بە خۆخستنەخوار لە چیا، گەر خۆکوشتنەکەش سەرکەوتوو نەبووایە، دەیان کوشتن، کوشتن بە کوتکی دارین.

کۆمیونەکە یەکگرتووبوو، هیچ کەس ڕەخنەگر نەبوو. هەموان لەگەڵ یەک پێکیان هەڵدەدا و ئەگەر کەسێکیش گریابا بە هەمان ئاواز دەگریان.
هەموو سووکایەتییەکی ئیرادی و نائیرادی، بە پیرۆزییەکان، سەرەنجامی کوشتنبوو! کوشتنێک کە بۆنی قوربانیی کردنی مرۆڤی لێ دەهات.

وەک ئەوەی شتێک بشارێتەوە، پیڵ پاساوی بۆ هەموو شتێک هەبوو. لە دوای هەموو ڕووداوێک بەڵێنی ئەوەی دەدا، سبەی جیاوازتر دەبێت!

ڕۆژەکان بەرەو کۆتایی ئاهەنگەکە دەڕۆیشتن و هەروا هاوڕێیان ژمارەیان کەمتر دەبووەوە، سەیرەکەشی لەوەدابوو کە کەس ماڵاوایی لەویتر نەدەکرد.
خەونی ناخۆش و تێکچوونی دەروونی (مای) بەر لە گەشتەکە بەهۆی مردنی دایک و باوک و خوشکەکەیەوە دەستی پێ کردبوو، تەنانەت بەرلەوەش ئەو حەبی هێورکەرەوەی بەکار دەهێنا.

ڕۆژی کۆتایی، دوای یارییەکی کچانە، مای دەبێت بە شاژنی کۆمیونەکە، ئەوەش شتێکی چاوەڕوان نەکراوبوو بۆ مای و پلانێک بوو کە پیڵ دایڕشتبوو. پیڵ لە بانگهێشتی هاوڕێکانی و خزمەتکردنییان لەلایەن کۆمیونەکەوە ئامانجێکی هەبوو، ئامانجی قوربانی دانی خەڵکی بیانی، لەپێناو بەجێگەیاندنی نەریت و فەڕیزەی ئایین!

خەندەی مای و بە غەمگینی دانیشتنی، لەبەردەم ئەو خانووەی کە هاوڕێکانی تێدا سوتێنران و کران بە قوربانیی، کۆتا دیمەنی فیلمەکەیە.

Leave a comment