[ تەنیاییم دزراوە ]

نووسینی: شادیار شۆڕش

لە مەرگی خۆم ڕا دەکەم
دەخزێمە نێو زمانەوە
وەک چۆن نوتفەیەک دەزێتە نێو ڕەحمەوە
لەوێدا، بۆ دەنگێکی نەمر دەگەڕێم
دەنگێک، بە یاخیبوونەوە دەمهێنێتە بوون
یاخیبوونێک لە دژی ئەو شوێنپێیانەی کە دەبێت هەڵیانگرمەوە
بە بەرچاوی خۆرەوە گفتم بە دەریا داوە
شەپۆل بم بۆ شوێنپێی سەر لمەکان.
کە جوانی لم بێت
بۆ ڕێگە بدەم جەلادەکان، فریشتەکانی بەهەشت و بکوژانی تاریکیی
بمنووسنەوە، بە مەرەکەبی شکستی خوداکان.
لە یەکەم جێژوانمدا،
کە یەکەم قەترەی خوێنم، ئامێتەی زەردەخەنەی ئەهریمەن بوو
زەردەخەنەیەکی خوێنای بە چاومدا چپاندی
”خەونەکانت لە بزریی جوانییەکانی سەمادا دەتکوژن”
بە کاتی خەونەکانم
پێکەنین وەک بەرازێکی کێوی هەڵم دەدڕێت
تەرمەکەم لە ڕۆخی درێژترین ڕووباری دۆزەخدا گۆڕ دەکرێت
لە گۆڕەکەمەوە، گووڵاڵە سوورە دەڕوێت
ئاشقان بە بۆنی ئەو گوڵاڵەیەدا دەزانن
”ئەشق میوەیەکی کرمۆڵە”
ڕادەمێنم و دەمەوێت لەم حەقیقەتە هەڵبێم
دەزانم گەر تاریکی نەبێت کێ بە میوەی کرمۆڵ ڕازی دەبێت
گەر پادداشتەکانی ئەو خراپەیە نەبێت، کە لەگەڵ خۆمان دەیکەین
ئیدی دەشێت بە چی سەرسام بین.
ئەمەش دوایین حەقیقەتی زمان بوو
بە وەهمەکانم یاخی کردم
یاخییبوونێک کە بە بوونمدا گرماندی
”ئیدی ناتوانی لەگەڵ فریشتەکان هەڵکەیت، هەڵبێ”.
لەودیو سنوورەکانی پێکەنینی مەرگیشەوە، دەمپرسی دەبێ تا کەی هەڵبێم
هیچ پەناگەیەک لەودیو ئەبەدییەتەوە بەدی ناکەم
لە خەونەکانم ڕوونە کە من نامەوێت بژیم
دەزانم بێجگە لە گەڕیدەیەکی نێو حەقیقەت هیچی تر نیم
لەنێو حەقیقەتیشدا لەخۆم تێناگەم
نازانم کێ بوو وەهمەکانمی دزی
بە نەفرەت بێت ئەوەی وتی حەقیقەت ڕاستە!
بەم ئازاری ڕاستییەوە ژان دەمگرێت
لە شوێنێکدا کە بەدەرە لە نەورەسەکانی بەهەشت
لە فڕیوەکانی زمان
لە ناسکی باڵندەکان و شەونمی سەر گوڵەکان.
لەنێو تەنیایی و شکستی ئەم ئازارەدا کە لەدایک نابێت
بۆ جوانیی دەگەڕێم
لەگەڵ نەمریی، لەنێو جەنگەڵستانی دۆزەخدا
بەتەنیشت ئەهریمەنەوە سەمای ژیان دەکەم
لە خۆم یاخی دەبم
درۆ لەگەڵ حەقیقەت دەکەم
بەڕووی ئازادییمدا خەندەی هەرمان دەکەم
ژانی هاتنە دونیای ئازارێکی مردوو گرتوومی و بەرم نادات
دەزانم ئیدی لێرە ناتوانم وشە بئافرێنم
زمان دەدەم بەشانمدا، لە ئاسمانێکی نوێدا
وشەی خراپەکار دەخولقێنم
وشەگەلێک بڕوایان بە فەزیلەت نییە و سەرسامی خراپەکاریین
وشەگەلێکن بڕوایان بەوە نییە کە دەلێت؛ لە سەرەتادا وشە هەموو شت بوو
چونکە لە بنەوەڕا وشەکانم دژی (هەموو شت)ن.

لە پاش وشەوە، لەنێو گێژاوی بووندا، بۆ کەمێک ئاسوودەیی دەگەڕێم
نەورەسەکانی بەهەشت پێیان وتم:
”جگە لە بزەیەکی ساتی نێو حەقیقەتی گریان هیچی تر نیت”
تێگەیشتم: سەماکان ساختە دەکرێن تا ماچی ژیان بکەین
ماچەکانیش مشتێک تەزووی مردوون
لەگەڵ مرۆڤە ڕاستگۆکان
لەگەڵ پێکەنین و شادمانیییەکان
لەگەڵ خودا و جوانییەکان، بەشەڕدێم
تا دواین بزەی دونیا، شەڕ لە دەمارەکانمدا دەگەڕێت
و دەزانم تا ئەو کاتە تەنیاترین دەبم
بەس تەنیاییدیدەکان دەزانن
مرۆڤ میراتگرێکی ناچیزی، جوانییەکانی ئەم هەسارەیەیە
لەو کاتەوەی ئاوێزانی تەنهایییەکانی خۆمم
ڕقم لە گۆرانی و مۆسیقا دەبێتەوە
وەک بێنەوایەکی تەنیاییدیدە، بەرگەی پەرتەوازەیی پێش مەرگ ناگرم
بۆ پارچەکانی تەنیایی شکاوم دەگەڕێم
کێ تەنیایی دزیم؟!

Leave a comment